بیروڕاهەواڵ

ئیسلام بەم شێوەیە نیە!

 

لە ساڵی ٢٠٠٤، لە زانکۆی نۆرزهامتۆنی شاری ئالێنتاونی سەر بە ویلایەتی پەنسیلڤانیا، وانەیەک بە ناوی مێژووی ئاینەکان هەبوو. پرۆفیسۆر هارۆلد وەیس کە مامۆستای وانەکە بوو، لە کاتی وتنەوەی وانەکاندا، لە ڕێگەی پشاندانی ڤیدیۆشەوە زیاتر مەبەستی خۆی ڕوون دەکردەوە.

بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ئیسلام پشانی دەدا، بریتی بوو لە ڤیدیۆی موسوڵمانەکانی هندستان، کە ژیانێکی سەرەتایی و سادەیان هەبوو. لە ڤیدیۆکەدا کەسانێکی پێ پەتی دەردەکەوتن، کە زیاد لە سنوری خۆی، ڕێزیان بەرامبەر کۆمەڵێک کەس پشان دەدا، کە بە شێخ ناویان دەبردن.

هەندێک لە مرۆڤەکان، بەردیان دەخستە سەر زەوی و سوجدەیان دەبرد و پاشان بەردەکانیان ماچ دەکرد. هەروەها لە کۆمەڵێک دیمەنی تردا، کۆمەڵێک ژنی پشان دەدات، کەوا جلی درێژ و چڵکن و کۆنیان لەبەردا بوو. واتە دیمەنەکان ئەوەیان پشان دەدا کەوا ئاینی ئیسلام چەندە ناشرین و سەرەتاییە.

خوێندکارە یەهودی و مەسیحیەکانیش، لە بەرامبەر دیمەنەکاندا بە قاقا پێدەکەنین. پاش ١٥ خولەک لە تێپەڕینی وانەکە، خوێندکارێکی تورک لە پۆلەکەدا دەستی بە گریان کرد. هەموو پۆلەکە لەو کاتەدا بێدەنگ بوون و، مامۆستاکەش ڤیدیۆکەی ڕاگرت. لە ڕاستیدا خوێندکارەکە دەیویست بچێتە دەرەوە، بەڵام مامۆستاکە هاتە لایی و پرسیاری ئەوەی لێکرد کە چی ڕوویداوە؟

ئەویش بە گریانەوە وتی” ئیسلام بەم شێوەیە نیە”.

پڕۆفیسۆرەکە لە وەڵامدا دەڵێت” من لە ٤ زانکۆ وانە دەڵێمەوە، سەیری کتێبخانەی هەر چوار زانکۆکەشم کردووە، ئەم ڤیدیۆیەش تازەترین ڤیدیۆیە کەوا لەسەر ئیسلام دروست کراوە”.

خوێندکارە تورکەکە لە وەڵامدا دەڵێت” ئەم ڤیدیۆیەی پشانی دەدەن، تایبەتمەندە بە ژیانی هەزار یان دوو هەزار کەسی ئەو ناوچەیە و تایبەتمەندە بە شێوە ژیانی ئەو ناوچەیەوە. ئەمە هیچ پەیوەندیەکی بە شێوە ژیانی موسوڵمان لەمڕۆدا نیە، ئیسلامی ڕاستەقینە بەم شێوەیە نیە، تەنانەت من کە موسوڵمانم، لەم دیمەنانەی پشانتاندا، زۆر ترسام”.

پڕۆفیسۆرەکە ڤیدیۆکەی کوژاندەوە و وتی:

باشە تۆ بۆمان باس بکە، ڕۆژانە بۆ ٥ جار نوێژ دەکەن و لەبەرچی بەرد دەپەرستن؟

خوێندکارەکەش لە وەڵامدا پێی دەڵێت کەوا لە ئیسلامدا شتێک بە ناوی پەرستنی بەردەوە نیە و، ئەمە دابونەریتێکی سەردەمی جەهالەتی عەرەب بووە و لەلایەن ئیسلامەوە هەڵگیراوە. پاشان خوێندکارەکە سەبارەت بە هۆکاری نوێژ و ئەنجامدانی قوربانیش وەڵامی پرسیارەکانی پرۆفیسۆرەکە دەداتەوە.

ئەو خوێندکارەی ئەم  ڕووداوەی بەسەرهات، خوێندکارێکی دەرچووی زانستە شەرعیەکانی زانکۆی ئیزمیرە و ساڵانێکی دوور و درێژ خوێندکاری مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن بووە؛  ناوی عوسمان شیمشەکە.

 

شیمشەک؛ لە دوای تەواو بوونی وانەکە، سەیری کتێبخانەی هەر ٣ زانکۆکەی تر دەکات کەوا پڕۆفیسۆرەکە وانەیان لێ دەڵێتەوە، ئەوەی بەدی دەکات کە هەر بە ڕاستیش ئەوە تازەترین ڤیدیۆی ناو کتێبخانەکان بووە. لەگەڵ ئەمەشدا ژمارەی ڤیدیۆکان ٣ یان ٤ ڤیدیۆ زیاتری تێنەدەپەڕاند.

باشە گەر خۆیان سەیری حاڵی دونیای موسوڵمانانیان بکردایە و لێکۆڵینەوەیان بکردایە، ئایا ڕاستیەکەیان بۆ دەرنەدەکەوت؟

 

بە داخەوە نەخێر! چونکە ئیسلام لە جیهانی موسوڵماناندا هەر بە ناو ماوە. ئەوەی جارێک بیبات بۆ دەمی دەڵێت” وای خودایە، خودا بەو ڕۆژەمان نەگەیەنێت کە تامی ئەمە بکەینەوە”، بەم ڕادەیە لەلایەن کۆمەڵانێکەوە قێزەون کراوە. ئەو سیما جوانەی، لە ڕێگەی تێپرژاندنی قوڕ و چڵپاوەوە، لەکەدار کراوە. بە قوربانی هەواو ئارەزوی هەندێک کراوە. سەڵتەنەتی دونیایی وەک بتێکی لێکراوە و، وەک ئامانجێکی بەرز و باڵا خراوەتە بەردەمی مرۆڤەکان. ئاخیرەت فەرامۆش کراوە، خۆشەویستی خوا و پێغەمبەر – حاشا – بۆ پشتی دەرگاکان فڕێدراون.

 

لە دوای ئەوە ڕۆژەوە هەتا ئێستا، هیچ شتێک لە حاڵی ئیسلام نەگۆڕاوە. تەنانەت زوڵمکردن، بە شێوەیەکی تۆقێنەرتر ئەنجام دەدرێت. گەر سەیرێکی عێراق، سوریان، ئەفغانستان، ئێران، سۆمال، یەمەن، سودان ئەمە بە ئاشکرا دەبینرێت. کەم نین ژمارەی ئەو موسوڵمانانەی لەم وڵاتانەوە هەڵدێن و، لە پێناو ئەوەی ژیانێکی ئاسودانە ببەنە سەر، ژیانیان دەخەنە لەپی دەستیانەوە و هانا بۆ وڵاتانی دەرەوە دەبەن. کەم نین ئەوانەی لەم ڕێگایانە گیانیان لە دەستداوە و مردوون.

 

ناوچەی ئەنەدۆڵو کە تا ماوەیەک بەر لە ئێستا وەک شوێنێکی جێگەی هیوا سەیری دەکرا، لە هەموو شوێنێک تاریکترە.

وەک عاکیفیش دەڵێت:

موسوڵمانێتی تۆ لە کوێیت! مرۆڤایەتیش دەستی لە ئێمە شت

گەر مەبەستمان فریودانی خەڵکە، ئەوە کەس فریوی نەخواردووە، بێ هودە

 

زۆر موسوڵمانی ڕاستەقینەم بینی! بەڵام هەموویان لە گۆڕدان

نازانم موسوڵمانێتی چیە! بەڵام وابزانم لە ئاسمانە!

 

ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن موسوڵمان، هەست بەو ڕووداوانە ناکات، کە کەسایەتی موسوڵمان دەکرمێنن و لە بێخەوە ڕەگی واتاکانی دەردەکێشێت و دینامیکەکانی ڕۆحی لەناو دەبات.

بەسیرەتی چاوی کۆمەڵگا بە تەواوی کول و کوێر بووە. شێوازێک لە پارێزکاری ناو بۆش پەیدا بووە و، زۆر کەس چەشنی سایکۆلۆژی تاکی ناو مێگەل کە چاولێکەریانە کار دەکات، لە ڕواڵەتدا خۆی وەک دیندار پشان دەدات.

بابەتی ئەوەی مرۆڤەکان لە وڵاتی ئێمە بەرەو دەیزم و ئەتەیزم ڕۆشتوون؛ ڕاستیە. ئێستا بزاڤی خزمەتیش لە کۆمەڵگادا نەماوە، کە وەک جاری جاران چەشنی مقەست قۆڵەکانی دەکردەوە و بە گەنجەکانی دەوت” بوەستن، ئەم کۆڵانە ئەوسەری گیراوە و دەرناچێت”.

 

لە ڕاستیشدا؛ کەسانێک کەوا هیچ کاتێک لە ژیانیاندا چەقۆیەکیان بە دەستیانەوە نەگرتبێت، نەکەوتبێتنە ناو تاوانێکەوە، کارێکی ئابڕوبەرانەیان ئەنجام نەدابێت، بە ناوی وڵاتی خۆیان و داهاتووی هەموو نەوەکانی مرۆڤایەتیەوە بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاوبووبێتنەوە و، لە هەر چواردەوری دونیا دەیان هەزار خۆشەویستیان هەبێت و، لە هەمان کاتدا ڕابەری ئەم خزمەتە کە لە هەموو ژیانیدا یەک لەکەی بەسەرەوە نیە، لەگەڵ هاوسۆزەکانیدا بە شێوەیەک تۆمەتبار دەکرێن کەوا لە مێژوودا وێنەی کەمبینراوە و، بە درۆ و بوختانگەلێک کە شەیتانیش لە بەردەمیاندا شەرم دەکات، ئەم مرۆڤە پاک و ڕاستگۆیانەیان لە وڵاتی خۆیان دەرپەڕێندران، خرانە زیندان و لە ئاوی دەریاچەی مەریچ خنکان.

 

خوای گەورە بە جەبری لوتفی خۆی، هاوسۆزانی خزمەتی بە وڵاتانی دونیادا بڵاو کردەوە. لە پشتی سیمای قێزەونی ئەو بەڵا و موسیبەتانەشەوە، دەموچاوی جوانی پڕ ڕەحمەت  و حیکمەتی کارەکانی ئەو بەدەرکەوت.

لە ڕاستیشدا مرۆڤایەتی ئاتاجی خزمەتێکی لەو شێوەیە بوو، کە کۆمەڵێک کەسی خۆبەخش، لە ئیسلامێکی میانەڕەوانەدا ئەسڵی خۆیان بدۆزنەوە و، خۆیان بۆ پەروەردەیەکی مرۆڤانەی کەسانی تر تەرخان بکەن، هەوڵی پێشخستنی دیالۆگ بدەن لە نێوان کەلتور و ئاینەکاندا، بۆ یارمەتیدانی مرۆڤە لێقەوماوەکانی چواردەوری دونیا ڕابکەن و، لەسەر تەواوی ڕووی زەوی هەوڵی سەقامگیری و ئاشتی بدەن.

 

ئەمڕۆ باشتر لەوە تێدەگەین کە ئەو زوڵمەی بەرامبەرمان ئەنجامدرا، لە ڕاستیدا بووە هۆی ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر بە ڕووی جیهاندا بکرێینەوە. بووە هۆی ئەوەی دونیا خزمەت ببیستن و بیناسن؛ لایەنی کەم بووە هۆی ئەوەی بڵێن ” لە دونیادا شتانێک هەیە کەوا هیوا بەخشن”. ئێستا پێویستمان بەوە هەیە کۆمەڵێک مرۆڤ بە ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان، وەڵامی ئەو پرسیارەی دکتۆر هارۆلد وێس بدەنەوە کە پرسی ” گەر ئیسلام ئەمە نیە، ئەی چیە؟!”.

 

ئێستا لەبەردەمی هاوسۆزانی خزمەتدا، دونیایەک هەیە کەوا لە هەموو لایەکەوە بزمارەکانی دەرهاتووە و شکان لە دوای شکانی توش بووە. لە هەر شوێنێکدا کەوا مرۆڤەکان بوونیان هەبێت، تەنانەت گەر ژمارەشیان کەم بێت، پێویست بە ئامادەیی چەند ئیماندارێکی ڕاستەقینە هەیە. مرۆڤی ڕواڵەتی نا کەوا هەر بە وێنە مرۆڤ بێت و، کۆیلەی ئازاد نەبووی تەقلید و چاولێکەری بێت. واتە پیویست بە کۆمەڵێک دڵ هەیە، کەوا هەموو شتێکی هەزم کردبێت و بووبێت بە بەشێک لە ناخی و لە کردارەکانیدا ڕەنگدانەوەی هەبێت.

سەردارمان لە حەدیسێکی شەریفدا سەبارەت بە کەسێک دەڵێت” گەر لە دڵتدا هەستی ڕێز و خەشیەت بەرامبەر الله بوونی هەبووایە، ئەوا لە کردارەکانیشتدا ڕەنگی دەدایەوە”.

 

واتە  لە جوڵەکانی دەست و قاچ، تۆنی دەنگ و جەختکردنەوەکانی، بیلبیلەی چاو، گرژی و چرچ و لۆچەکانی دەموچاو، زەردەخەنەکانی، هەستان و دانیشتنی، ڕەنگدانەوەی دەبوو.

لە ڕێگەی دەرخستنی ئەو حاڵ و چۆنیەتەوە، لە هەر شوێنێکی دونیا کەوا پێویست بە نمونەیەکی وەها بکات کەوا بخرێتە بەردەم مرۆڤایەتی، ئەوا پێویستە لەم جۆرە موسوڵمانە ڕاستگۆیانە بوونیان هەبێت.

گەر لە هەموو پێگەکانی ژیانی مرۆڤەکاندا کۆمەڵێک موسوڵمانی ڕاستگۆی لەم شێوەیە بوونیان هەبێت، ئیدی هەموو کەس لەوە تێدەگەن موسوڵمانێتی وەک ئەوە نیە کە داعش، بۆکۆ حرەام، مورابیتین، یاخود هەر گروپێکی تری ڕادیکاڵی پشانی دەدەن. ئیدی دەڵێن “ئەمە موسوڵمانێتیەکی ترە!”، ئیدی ئەو گروپانە بە تەنیا نوێنەری ئیسلامیەتی نازانن. دونیاش بە شێوەیەکی زۆر جددی ئاتاجی بینینی شتێکی لەم شێوەیەیە.

شەیدایانی خزمەت و هەزاران کەس کەوا لە فەلسەفەی خزمەتەوە ئیلهامیان وەرگرتووە، لەمڕۆدا خەریکە لە زۆر شوێنی دونیا، خزمەت وەک “دەنگی ئیسلامی ڕاستەقینە” قبوڵ بکرێت.

ڕێنیشاندەری مەزنی پێشەوەی ئەم کارە لە یەکێک لە قسەکانیدا دەڵێت” گەشتنی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە یەکگرتووی لە  دۆزینەوەی بابەتی ڕاستەقینەی ئیمان و ئاوێتە بوونیان، یەکێکە لە گەورەترین ئامانج و ئاواتەکانی ژیانم. ڕێک لەو کاتەی خەریکە دەچمە بەهەشتەوە، گەر بێن و پێمبڵێن ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا یەکیان گرتووە و، لە ڕێگەی پارێزگاری لە بەهاکانی خۆیانەوە، بە ڕێزەوە هەردوو جیهانەکە یەکیان گرتووە، ئەوا ئەمە بە خۆشترین موژدەی ناو ژیانم ئەژمار دەکەم. سەدەی ٢٠؛ سەدەی ئەو کەسانەیە کە نکوڵیان لە خۆیشیان کرد. مرۆڤایەتی کرایە قوربانی دروشمە بریقەدارەکان. سەدەی ٢١ یش دەبێتە سەدەی باوەڕێک و باوەڕدارەکان. ئەم سەد ساڵەی لەبەردەمماندایە، دەبێتە سەدەی ئیمان و بەها ئەخلاقیەکان، بۆ هەموو کەسە باوەڕدارەکانی سەرتاسەری دونیا، دەبێتە سەدەی ئەنجامدانی ڕۆنەسانس و دیسان زیندوو دەبنەوە”.

گەرچی گەر لە ڕوانگەی مێژوەوە سەیری بابەتەکان بکەین و هەندێک شتی چەوتیش بەدی بکەین، بەڵام هەموو کەس لەوەدا هاوڕایە کە مرۆڤایەتی سەرلەنوێ بەرەو بەهارێک دەڕوات و داهاتووی ڕۆشن دەبێت. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کەوا هاتنە کایەی “پێکهاتە” یەکی لەو شێوەیە، پێویستی بە عەزم و ئیرادە و کۆششێکی باڵا هەیە. ئەمە لە سایەی کۆششی مرۆڤگەلێکی وەفاکار و خۆڕاگرەوە دێتە کایەوە، کە لە هەموو هەستان و دانیشتنێکیاندا بە خولیای داهاتوەوە بژین و، بە هیوای ئەوەی ڕۆژێک دەگەنە ڕێگایەکی تەخت و بەرین، هەمیشە لە خۆ ڕاپسکاندن و عەوداڵیدان.

ئێستا لەم سەردەمە تۆقێنەرەدا، کە دوژمنە تۆقێنەرەکان، فشارە توندوتیژەکان، بیدعە و گومڕایی بە تەواوی هێزیان هێرش دەهێنن؛  سەرەڕای ئەوەی خزمەتی ئیمان و قورئان کە هەتا بڵێیت ئەرکێکی قورس، گەورە، پیرۆزە و پەیوەندی بە هەموو مرۆڤایەتیەوە هەیە، وەک ئیحسانێکی ئیلاهی خراوەتە سەرشانی مرۆڤەکانی خزمەت کەوا بە ژمارە کەم، لاواز، هەژار و بێدەسەڵاتن.

ئوستاد بەدیعوزەمانیش دەڵێت” ئەرکی نۆژەنکردنەوەی قەڵایەکمان لەسەرشانە کەوا لە مێژە کوناودەر بووە”.

 

سەدەگەلێکە کەوا شوراکانی ڕووخاوە و دیوارەکانی هەڵوەشاوە و بەردەکانی بە ڕاست و چەپدا پەرشوبڵاو بۆتەوە، دەرگاکانی شکاوە، لە چەندلاوە کوناودەر بووە. قەڵای ئیسلام هیچ لایەکی نەماوە نەڕوخێت و هەڵنەوەشێت و هەربۆیە ئەرکی نۆژەنکردنەوە و ناساندنی بە ڕووە ڕاستەقینەکەی، ئەرکی سەرشانە…

 

بە کورتی؛ لە هەر شوێنێک کەوا پێویست بە چارەسەری کێشەکانی مرۆڤایەتی هەبێت، لە هەر شوێنێک کەوا پێویست بە باسکردنی حەق و حەقیقەت هەبێت، پێویستە مرۆڤەکانی خزمەت بەو ڕۆحیەتە هیوابەخشە و زیندووکەرەوەیەی ئەوەوە(سەلات و سەلامی خودای لەسەر بێت) بوونیان هەبێت. پێویستە دونیای دەوڵەمەندی خۆیان بۆ ئەوان بگوازنەوە و هەوڵی سوود وەرگرتن لە  دەوڵەمەندی دونیای ئەوانیش بدەن.

پێویستە ئەمەش بە شێوەیەک ئەنجام بدرێت کە مرۆڤەکان نەخاتە ناو دوودڵی و سەرسوڕمان و توشی دەستەوسانیان نەکات. ئەو ڕێگایەی لەسەری دەڕۆن بە ناوی هەموو مرۆڤایەتیەوە سەرئەنجامی جوانی دەبێت و ئەمەش جێگەی باوەڕی زۆر کەسە؛ لەگەڵ ئەمەشدا پێویستە لە هەموو وێستگەیەکی ڕێگاکە بۆ ساتێک بوەستن و چاوێک بە کارەکاندا بخشێننەوە کەوا ئایا بە گوێرەی پێودانگە گشتیەکان و بەها گەردونیەکانە یاخود نا، گەر هەڵەیەک بەدی نەکرا، ئەوا پێویستە بەوپەڕی هەوڵ و کۆششی خۆمانەوە لەسەر ئەو ڕێگایە بەردەوام ببین.

 

لە هەر شوێنێکی دونیا کەوا تۆوی لێبچێندرێت و چاوەڕێی بەرگرتنی میوەی لێبکرێت، پێویست بە مرۆڤە ڕاستگۆ و کۆششمەندەکانی خزمەت هەیە کەوا بە دڵ و گیان ڕووی ڕاستەقینەی ئیسلام پشان بدەن. ئەگەرنا کەسانێکی وەک پڕۆفیسۆر هارۆڵدیش، لایەنی خۆشەویستی و لێبوردەیی مەدەنیەتی ئێمەش دەبێت بە ژێر هەڵە پشاندانی کەسانێکی تر و بە هەمان شێوە خوێندنەوەی بۆ دەکەن…

118 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە