بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

وەڵامی ئەو درۆ و بوختانانەی کە خزمەتیان کردۆتە ئامانجی خۆیان!

بەشی یەکەم

 

 

لە وتارێکی نوێی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەندا، کە لە بەشی گۆزەی شکاوی ماڵپەڕی ‘Herkul.org’ بڵاوکراوەتەوە، وەڵامی هەندێک لەو درۆ و بوختان و سوکایەتیانە دەداتەوە کە بزاڤی خزمەتیان  بە ئامانج گرتووە.

 

 

 

 

پرسیار: بزاڤێک کەوا لە یەکەم ڕۆژی دروست بوونیەوە هەتا ئێستا لەسەر ڕیگای خۆشەویستی، لێبوردەیی، فیداکاری و خۆتەرخانکردن بەردەوامە؛ هۆکار چیە کەوا لە ڕێگەی تۆمەت، بوختان و تەنانەت سوکایەتی بەردەوامەوە بە ئامانج دەگیرێت؟

پێویستە لە بەرامبەر ئەم جۆرە هەوڵانەدا چی بکرێت؟

وەڵام:

پێش هەموو شتێک بە پێویستی دەزانم لەسەر بابەتێک بدوێم، کە زۆر جار بە بۆنەی جیاوازەوە لەسەری وەستاوین. ئەم بزاڤە کەوا لە هەر چواردەوری دونیا خزمەتی پەروەردەیی، کەلتوری، خێرخوازی ئەنجام دەدات، ئینجا ئیتر لە ژێر هەر ناوێکت کۆیبکەیتەوە بە چەشنی بزاڤ، جەماعەت یان کۆمەڵ؛ بەستنەوەی بەلایەنێکی دیاریکراو یاخود کەسێکی دیاریکراو و پێکهاتەیەکی هەڕەمی کە لە ناوەندێکەوە بەڕێوەی ببات، بێ هیچ گومانێک کارێکی دروست نیە.

 

ئەم جۆرە تێڕوانین و لێکدانەوانە بە هۆی نەزانینی چیەتی بابەتەکەوە هاتونەتە کایەوە.

 

چونکە ئەم بزاڤە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک دڵی خۆ فیداکار لە چواردەوری بیرۆکەیەکی باڵا پێکهاتووە، کە لە دژی گرنگترین دوژمنەکانی مرۆڤایەتی “نەخوێندەواری، هەژاری، دووبەرەکی و ناکۆکی” بەرەنگاربوونەوەیەکی جددی ئەنجام دەدەن و، لە هەمان کاتدا ڕێگەی ئەوەی مرۆڤەکان وەک مرۆڤ بژین پشانی هەموو لایەک دەدەن و تەواوی ئەم چالاکیانەشیان پەسنکراو، ستایشکراو و قبوڵ کراوە.

 

“یەکێکی هەست و هزرەکان”

 

وەک چۆن هەندێک عیبادەت، چەشنی نوێژی هەینی، تەوافی کەعبە، وەستان لە کێوی عەرەفە، تەواوی ئەو مرۆڤانەی خاوەنی هەمان ئامانج  و هەست و  بیرۆکەی باڵان، لە مزگەوت، عەرەفات و مەتاف کۆدەکاتەوە، ئەو فاکتەرەی دڵخوازانی خزمەتیشی لە چواردەوری هەمان چالاکی و پرۆژە کۆکردۆتەوە، بریتیە لە یەکگرتووی هەست و هزرەکانیان.

 

کۆمەڵێک ڕۆحی خۆبەخش کە ناخیان پڕە لە خزمەت کردن بە مرۆڤایەتی و هەمیشە بە خەیاڵی ئەوەی داهاتوویەکی جوان بۆ مرۆڤایەی دروست بکەن هەڵدەستن و دادەنیشن، لە هەر شوێنێکدا بچوکترین پێکهاتە ببینن کەوا لە چوارچێوەی ئەو خزمەتانەدا بێت کەوا بیری لێدەکەنەوە و خەیاڵی پێوە دەبینن، دەستبەجێ بیر لەوە دەکەنەوە کە پێویستە لەو پێکهاتەیەدا جێگەیەک بۆ خۆیان بگرن و هەوڵی یارمەتیدانی خزمەتەکان دەدەن.

بە تایبەت ئەوانەی هەر لە سەرەتاوە لەم کاروانەدا بوون و بە بێ هیچ چاوەڕوانیەک ژیانی خۆیان وەقفی خزمەت کردووە؛ ڕاستگۆیی، متمانە، هیوا و عەشق و شەوقی ئەوان زۆر کەسی بۆ ناو ئەم کارە ڕاکێشاوە.

 

واتە ئەو خزمەتانەی هەتا ئەمڕۆ هێنراونەتە مەیدان و، بە جێگەیاندنی ئەم کارانەی لەلایەن کۆمەڵێک دڵخواز کە خاوەنی کۆمەڵێکی سیفاتی ئاکاری بەرز و ئەنجامدانیشیان بە بێ هیچ چاوەڕوانیەک، بۆتە سەرچاوە و ڕێفەرانس بۆ زۆر کەسی تر و لە بابەتی بەشداری کردنی ئەوانیشدا، بۆتە هۆکارێکی پاڵنەر و دڵخۆشکەر.

 

“ئەگەرچی لە ڕێگەی ٥ تا ١٠ کەسیشەوە دەستی پێکردبێت…”

 

هەربۆیە قبوڵکردنی چالاکیەکانی خزمەت تەنانەت لەلایەن کەلتور، نەتەوە و خاوەنانی دینە جیاوازەکانیشەوە و پاڵپشتی کردنیان بۆی، ئەوە پشان دەدات کە بابەتەکە تا چ ڕادەیەک بەرفراوانی بە خۆیەوە بینیوە.

 

ئەگەرچی لە سەرەتای ئەم کارەوە بە ٥ تا ١٠ کەسیش دەستی پێکردبێت، کۆمەڵانێکی زۆر لە مرۆڤەکان، کاتێک لە شوێنی خۆیانەوە ڕاستی و بە کەڵکی کارەکانیان بینی، پرۆژەی خزمەتی هاوشێوەیان هێنایە کایەوە.

بە دەربڕینێکی جیاوازتر؛ زۆرێک لەو مرۆڤانەی کە خاوەنی دونیابینی و فەلسەفەیەکی جیاوازی ژیان بوون، لە چوارچێوەی ماقولیەتە خزمەتیەکان کۆبوونەوە. هەندێک لەم مرۆڤانە ڕاستەوخۆ لە چالاکیە پەروەردەیی، کەلتور و دیالۆگیەکاندا ئەرک و بەرپرسیارێتیان وەرگرت و، هەندێکیشیان دەستیان کرد بەوەی پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی کارەکان بکەن.

 

ئەگەر ئەم کارانە لە ڕوانگەی داخوازی بەها مرۆییە گەردونیەکان و هەلومەرجی ئەو سەردەمەی لەمڕۆدا تێیدا دەژین، ڕاست و لۆجیکیانە نەبوایە؛ ئەوا نەیدەتوانی ژمارەیەکی زۆری مرۆڤەکان کە خۆی لە ملیۆنان کەس دەدات، بخاتە جوڵە. لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە هەتا ئەفەریقا، لە ناوەڕاستی ئاسیاوە هەتا وڵاتانی ئەوروپا، نەدەتوانرا هێندە خوێندنگە بکرێتەوە.

 

“الله کاری گەورە بە مرۆڤە لاوازەکان ئەنجام دەدات”

 

هەروەها ئەگەر پیاوانی کاریش ئەوەی لە دەستیاندا بوو بۆ یارمەتی و پاڵپشتی خوێندکارەکان خەرجیان نەدەکرد. نەدەتوانرا پردەکانی دیالۆگ لە وڵاتە جیاواز و خاوەن کەلتورە جیاوازەکان دروست بکرێت. بۆ ئەوەی کارێکی وەهاش مومکین بێت، پێویست بەوە دەکات  ئەو کارانەی ئەنجام دەدرێن، بە ڕێسا سەرەکیەکانی ئاین و ئەقڵی ئێوە و ئەو بەهایانەی ئێوە خاوەنیان، تێپەڕ بووبێتن.

 

جگە لەوە کەسانی تر چۆنی بیر لە بابەتەکە دەکەنەوە با بیری لێبکەنەوە، سەبارەت بەو چالاکیانەی لەمڕۆدا لەسەر ئاستێکی بەرفراوان بە شێوازێکی سەرکەوتوو ئەنجام دەدرێت ، ئەو هۆکار و فاکتەرە گرنگەی ئێمە لە پشتیانەوە بەدی دەکەین، بریتیە لە یارمەتی و چاودێری خودایی.

الله زۆر جار لە ڕێگەی ئەنجامدانی کاری زۆر گەورە بە مرۆڤی زۆر بچوک و لاواز، گەورەیی خۆی دەخاتە ڕوو!

کاتێک سەیری کارەکانی ئێمەش دەکەیت، بە ئاشکرا ئەم ڕاستیە بەدی دەکەیت. بەڵام لەوە دەچێت ئەمە بۆ هەموو کەسێک تێڕوانینێکی بابەتیانە نەبێت.

کەسانێک کەوا بەرەو وڵاتێکی تر دەڕۆن و هیچ زانیار و ئەزمونێکی جددی وەهاشی نیە سەبارەت بەو کارانەی کە دەبێت لەو وڵاتە ئەنجامی بدات، مرۆڤگەلێکی زۆر گەنج کە تازە زانکۆیان تەواو کردووە، کردنەوەی زانکۆ لەو وڵاتانەی بۆی ڕۆشتن و، پەسنکردن و قبوڵکردنیان لەلایەن خەڵکی ئەو وڵاتانەوە، شتێکە تەنیا لە ڕوانگەی یارمەتی و چاودێری خوداوە، دەتوانیت لێکدانەوەی بۆ بکەیت.

 

“هەندێک خەیاڵی جەمسەرە جیاوازەکانی هێز و دەسەڵات دەکەن”

هەندێک لەبەر ئەوەی تەنیا لە گەورەیی کارەکان دەڕوانن و گەورەیی خودا لە پشت کارەکانەوە نابینن، دەکەونە ناو لێکدانەوەی هەڵەوە و لە خۆیانەوە خەیاڵیان بۆ لای جەمسەرە جیاوازەکانی هێز و دەسەڵات دەچێت.

بە گوێرەی لێکدانەوەی چەوتی ئەم جۆرە کەسانە بێت، پرۆژەی وەها گەورە، تەنیا دەبێت لە ڕێگەی کۆمەڵێک ئەقڵی بلیمەتی وەک ناپلیۆن یاخود سێزارەوە ئەنجام بدرێت، یان لەلایەن ناوەندە هزریە گەورەکانەوە پاڵپشتی بکرێت.

کەسانێکیش لە ڕێگەی پرسیارگەلێکی وەک ” ئاوی ئەم ئاشە لە کوێوە دێت؟” ئاماژە بۆ جەمسەرە جیاوازەکانی هێز و دەسەڵات لە دونیادا دەکات و دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە هزر و بیروڕاکان ئاوەژو بکاتەوە.

ئەمانە لەبەر ئەوەی نازانن کەوا چاودێر خودا و فیداکاری مرۆڤەکان چەندە سەرچاوەیەکی گەورەی هێزە، بە گومانەوە سەیری ئەم کارە جوانانە دەکەن و، تەنانەت لەمەش بەولاترەوە، پەنا بۆ هەندێک هێرش و هەوڵی لەکەدارکردن دەبەن.

لە حاڵێکدا ئێمە تەواوی ئەم کارانە دەگێڕینەوە بۆ چاودێری و ئاڕاستەکردنی الله و، پاشان بۆ هەوڵ و کۆششی ئەو دڵە ڕاستگۆیانە کە ئەم کارانە بە ماقوڵ دەبینن و دڵیان پێیداوە. ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە هەتا ئەو کاتەی لە الله نزیک بین و بە ئاڕاستەی ڕەزامەندی ئەودا هەنگاو هەڵبگرین، ئەو لەم ڕێگەیەی لەسەری هەنگاو هەڵدەگرین، بە تەنیا جێناهێڵێت.

 

“ناکرێت لە ڕێگەی وەهم و ئەگەرەکانەوە حوکم بسەپێنیت”

 

ئەوانەی لە دژی کار و چالاکیەکانی بزاڤی خزمەت دەوەستنەوە، یەکێک لەو خاڵانەی تێیدا بە هەڵەدا چوون ئەوەیە، لە ڕێگەی وەهم و ئەگەرەکانەوە مامەڵە لەگەڵ بزاڤەکەدا دەکەن و، مرۆڤەکانی ناو خزمەت بە کەسانی تر یاخود بە خۆیان بەراورد دەکەن.

هەندێک  لە مرۆڤەکان، لەبەر ئەوەی خۆیان لە کاتی پەیداکردنی هێز و دەسەڵاتدا، لەلایەک هەوڵی بەهێزترکردنی لایەنی ماددی و پێگەی خۆیان دەدەن و، پاشان ئەم هێزە و دەسەڵاتەش بۆ پلیشاندنەوە و سەرکەوتکردنی کەسانی جیاواز لە بیروڕای خۆیان بەکار دەهێنن، پێیان وایە کەسانێکی تریش هەمان کار ئەنجام دەدەن.

 

ئەو جۆرە کەسانە لەبەر ئەوەی سەردەمانێک هەتا مولولەکانی خوێنی ئەم گەلە دزەیان کرد و پاشان بە ناوی بەڕێوەبردنی ئەو مرۆڤانەی لە خۆیان ناچن، هەندێک سیستەمی خۆ سەپێنییان بونیاد نا، ئێستا خزمەتیش بە تەواوی لە ڕوانگەی هەست و هزرەکانی خۆیان لێکدەدەنەوە و، سەبارەت بە مرۆڤەکانی خزمەت کەوا باوەشیان بۆ هەموو کەسیک کردۆتەوە، بە دوای هەندێک پیلانی شاراوە و ئەجێندادا دەگەڕێن.

کەسانێک کەوا لە ڕێگەی چەتەییەوە هەندێک ئیمکانیان بەدەستهێناوە، ئەگەرچی لە کەمینەیەکی بچوکیش پێکهاتبێتن، وتار و هەڵسوکەوتەکانی ئەم جۆرە کەسانە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کۆمەڵانێکی زۆری خەڵک دابنێت و هزریان لێڵ بکات.

 

” پێش ٤٠ تا ٥٠ ساڵ بەر لە ئێستاش لە مینبەری مزگەوتەکانەوە ئاماژەم پێدا”

 

بۆ نمونە کەسانێک کەوا حەز ناکەن کەسانێکی جیاواز لە بیرکردنەوەی خۆیان لە پێگە گرنگەکانی دەوڵەتدا بوونیان هەبێت و، بە شێوەیەکی جددی بەرامبەر بوونیان ناڕەحەتە و حەز بە سەرکەوتنیان ناکات، هەمیشە باس لەوە دەکەن کە کەسانێکی سەر بە خزمەت دزەیان کردۆتە ناو دام و دەزگاکانی دەوڵەتەوە و لە ناویدا ستافێکیان بۆ خۆیان دروست کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە هەموو هاوڵاتیەکی ئەم وڵاتە، لە پاش ئەوەی توانست و گونجاوی پشاندا، مافی ئەوەی هەیە کە خوازیاری کارکردن بوو لە هەر دامودەزگایەکی دەوڵەت بێت، بتوانێت کاری خۆی بکات. بە پێچەوانەوەی ئەمەوە، ڕێگەگرتن لە کەسانێکی جیاواز لە خۆت بە جیاکاری ناو دەبرێت. ئەمە لە کاتێکدا بەر لە ٤٠ تا ٥٠ ساڵ لەسەر مینبەری مزگەوتەکانەوە ئاماژەم بەمەدا.

لەسەر مینبەرەکانەوە وتم:” بۆچی مرۆڤە دیندارەکانی ئەم وڵاتە، منداڵەکانیان تەنیا بۆ کۆرسەکانی قورئان خوێندن، خوێندنگەی زانستە شەرعیەکان و پێگەیاندنی ئیمام – وتاربێژ دەنێرن؟ ئەم وڵاتە تەنیا ئەم خوێندنگانەی هەیە؟ بۆ منداڵەکانتان نانێرن تا ببنە پزیشک و ئەندازیار؟  یاخود بۆچی نایانێرن کەوا زانستەکانی فیزیا، کیمیا و زانستە ئەرێنیەکانی تر فێر ببن؟ بۆچی منداڵەکانتان نانێرن بۆ ئەو بەشانەی خوێندن هەتا ببنە، فەرمانبەری میری، دادگا، کارمەندی هێزەکانی پۆلیس و سوپا. ئەمە وڵاتی هەموومانە، ئەم خوێندنگانەش خوێندنگەی ئێمەیە، هەربۆیە مرۆڤەکانی ئەم وڵاتە، دەتوانن منداڵەکانیان بۆ هەر بوارێک بنێرن کەوا بۆ خزمەتی ئەم وڵاتە بە کەڵکی دەزانن “.

 

من ئەم جۆرە بیروڕایانەی خۆمم بە ڕاشکاوانە لەسەر مینبەری مزگەوتەکان وتووە، گەر ئەمڕۆش لەسەر مینبەرەکان بوومایە، هەمان قسەم دەکردەوە. لەگەڵ ئەمەشدا کەسانێک هێشتا باس لە دزەکردن بۆ ناو دامودەزگاکان دەکەن. لە کاتێکدا “دزەکردن” بۆ کەسێکی بیانی بەکاردێت کە بە دزیەوە خۆی بکات بە ناو پێکهاتەیەکدا. گەر کەسانێکی جیاواز لە گەلێکی جیاوز بە دزیەوە خۆیان بخزێننە ناو پێکهاتەیەکەوە هەتا خۆیان بکەن بە فەرمانڕەوای چارەنوس و  قەدەری گەلێک، ئەوا بەمە دەوترێت دزەکردن.

هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە دزە ناکەنە ناو خوێندنگەکانی ئەم وڵاتەوە و، ئەمە مافی خۆیانە. ڕۆڵەیەکی پاک و پوختی ئەم وڵاتە، دەتوانێت لە هەموو دامودەزگا هەستیارەکانی ئەم وڵاتەدا بوونی هەبێت و سەبارەت بە داهاتووی وڵاتەکەی خاوەنی قسە بێت، پێویستە بەم شێوەیەش بێت. ئەوەی بانگەشەی پێچەوانەی ئەمە بکات، ئەوە نیشانەی کۆڵەواریە لە هزر و بیرکردنەوەدا.

لەلایەکی ترەوە، فڕێدانی هەندێک وەهم و گومان سەبارەت بە داهاتووی ئەم جۆرە کەسانە، هەتا بڵێی کارێکی ناڕەوایە. دڵخوازانی خزمەت ئەمڕۆ هەرچۆنێک هەڵسوکەوت بکەن – پشتیوان بە خودا – لە داهاتووشدا بە هەمان شێوە هەڵسوکەوت دەکەن و پارێزگاری لە ڕێچکەی خۆیان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە دەستوری سەرەکی ئەوان ئەوەیە هەموو مرۆڤایەتیان خۆش بوێت و بە سۆز و بەزەییەوە لێیان نزیک ببنەوە، باوەشیان بۆ هەموو لایەک بکەنەوە و تەنانەت بەرامبەر دوژمنی گیانی بە گیانیان، لە مرۆڤایەتی و نەرمونیانی خۆیان دوور نەکەونەوە.

خۆ گەر باسی ئەجێندایەکی پشت کارەکانی ئەوان بکرێت، ئەوا پێویستە ئەوە بزانرێت کەوا لە ئەجێندای ئەواندا ناو و شۆهرەت، پۆست  و پلە و پایە و سەڵتەنەتی دونیایی بوونی نیە. ئەوان تەنیا داواکاری ڕەزامەندی خودایین. ئەوان لە بەرامبەر تەواوی تێبینیەکانی بەرژوەندی خودی خۆیان، بە توندی کێلونیان لە پشتی تەواوی دەرگاکان داوە.

واز لە بەرژەوەندی و پێگە دونیایەکان بهێنن، تەنانەت ئەوان بەستنەوە ئەو خزمەتانەی ئەنجامی دەدەن،  بە بەرژەوەندیە ئاخیرەتیەکانەوە بە ڕاست نازانن و پێویستیشە بە ڕاستی نەزانن.

بۆ نمونە مرۆڤێک کە لەبەر ڕەزامەندی خودا ڕێگەی خزمەتی گرتووە، پێدەچێت لەو ڕێگایەدا توشی هەندێک ناڕەحەتی، چاودێری، لێپرسینەوە، هەڕەشە و ڕاگواستن ببێت، یاخود بخرێتە زیندانەوە و ناچار بە جێهێشتنی نێشتیمانی بکرێت.

 

گەر ئەم کەسە  بڵێت ” لە بەرامبەر ئەم شتانەدا داواکاری بەهەشتم”، ئەوا خۆی کردۆتە داواکاری شتێکی هەرزان بەها، چونکە هەتا ڕەزامەندی خودا وەستابێت، خۆت ناکەیتە داواکاری شتێکی لە خوارتر. بەڵێ دەشێت مرۆڤێک لە نزاکانیدا داوای چوونە بەهەشت و دوورکەوتنەوە لە ئاگری دۆزەخ بکات.

بەڵام گەر تەواوی کارەکانی بەمانەوە ببەستێتەوە،  ئەمە وەک ئامانجی خەیاڵی خۆی لێبکات، لە کاتێکدا شتی گەورەتر هەبێت، ئیدی ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە خۆت کردۆتەوە داواکاری شتانێکی بچوکتر لە ڕەزامەندی خودا.

 

دەی مادام بەهەشتیش لە بەرامبەر ئەو کارە جوان و چاکانەی لە پێناو ڕەزامەندی خودادا ئەنجامی دەدەن؛ بچوکە لە بەرچاویان، ئیدی بەرژەوەندی و سەڵتەنەتە دونیایەکان هەر هیچ نرخ و بەهایەکی نابێت.

 

هەربۆیە گەر ئێمە ڕەزامەندی خودا و پێکەوە بوون لەگەڵ سەردارمان لە ڕۆژی دوایدا لەبەرچاو گرتبێت، ئیدی ناتوانین ئەو خزمەتانەی لەم پێناوەدا ئەنجامی دەدەین، وەک ئامرازێک لە بۆ بەدەستهێنانی پۆست و ئیمکانیەتی دونیایی بەکاربهێنین. بە هەمان شێوە ئامانجگەلێکی وەک بوونە پەڕلەمانتار، وەزیر، سەرۆکوەزیران، یاخود کەسانێک کەوا بە پەنجە ئاماژەیان بۆ بکرێت، لە ئێمە دوورن.

 

بە نیسبەت ئێمەوە داواکردنی شتانێکی لەم جۆرە، بە کەوتنەوە خوارەوە لەو پێگەیەی تێیداین دەبینین. نادروستی ئەم جۆرە داواکاریانە چەشنی کەسێکە کەوا لە حەرەمی سوڵتان قبوڵکرابێت و بتوانێت داوای هەموو شتێک بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا وەک کەسێک مامەڵە بکات کەوا لە ڕاڕەوی حەرەمی سوڵتان زیاتر نەچووبێتە ژوورەوە.

لە ڕاستیدا ئەو فیداکاری و خۆبەخشیە سەروئاساییە هاوسۆزانی خزمەت لە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانیاندا لە تورکیا و وڵاتانی تری دونیا ئەنجامی دەدەن، لەلایەن زۆر کەسەوە بینراوە. بە تایبەت ئەو مرۆڤانەی لە نزیکەوە پەیوەندیان لەگەڵیاندا هەیە، نادیدەگرتن و نەزانینی ئەم فیداکاریانەیان مومکین نیە.

 

هەربۆیە زۆرێک لەو مرۆڤە گەنجانەی  تازە زانکۆیان تەواو کردووە، ئامادەیی ئەوەیان تێدا بووە  بڕۆن بۆ وڵاتگەلێکی وەها  کە تەنانەت ناویشی نازانن و لەسەر نەخشەش ناتوانن شوێنەکەی بدۆزنەوە و، لە بەرامبەر ئەم کارەشیاندا موچەیەکیان وەرگرتووە کە هێندەی ئەو دەرماڵەیەی بە خوێندکاران دەدرێت و هەندێک جاریش ئەمەشیان دەست نەکەوتووە. هەروەها لە کاتی دروست کردن و بونیادنانی خوێندنگە و زانکۆکانی ئەو وڵاتە، چەشنی کرێکارێک کاریان کردووە، زۆر کەسی دەرەوەی خزمەتیش ئاماژەیان بەم تایبەتمەندیەیان کردووە.

ئەم فیداکاری و خۆبەخشیەی ئەوانیش شتێک نیە کەوا تایبەتمەند بێت بەم تەمەنە گەنجەی ئەوان و، کەسانێکیش کەوا لە تەمەنی ئەوانەوە دەستیان پێکردووە و ئێستا تەمەنیان لە پەنجا  و شەستەکان لایداوە، هێشتا لەسەر ئەم فیداکاریەیان بەردەوامن.

تەواوی ئەم فیداکاریەشی ئەنجامیی دەدەن، مومکین نیە لە بۆ پلە و پایەیەکی دونیایی، یاخود بۆ خوشتر گوزەراندنی ئەو تەمەنە کورتەی لە بەردەمیاندا ماوە، ئەنجامی بدەن. چونکە بۆ بەدەستهێنانی کەمێک لە بەرژەوەندی دونیایی، پێویست بەو هەموو ناسۆری و ناڕەحەتی و خۆ بێ بەشکردنە ناکات.

 

کێ هەیە لە پێناو ئەوەی ٥ تا ١٠ ساڵی ژیانی بە خۆشی بباتە سەر، تەواوی ژیانی بە هەدەر بدات! هەربۆیە کەواتە ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەن لە پێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودا و خۆشبەختی ئەو دونیایە. واتە دڵە خۆبەخشەکان لە ڕێگەی دەستدرێژکردنیان بۆ کەسانی تر و، لە پێناو ئەوەی لە گەرداوی نەزانین و هەژاری و دوبەرەکی و ناکۆکی دەریان بهێنن، ئاواتەخوازی ڕزگارکردنی خۆیانن.

گەرچی ئەمەی باسمان کرد لە بۆ کەسانێک کە لە زەمینەیەکی کەلتوری جیاواز گەورە بووبێت و ئاگای لە دونیای هزری ئێوەش نەبێت، تێگەشتنیان لە بۆ ئەم بابەتانە، مومکین نیە.

ئەوان هەتا لەگەڵ ئێوە هەڵنەستن و دانەنیشن، هەتا تایبەتمەندیەکانی ئەو ڕێگایەی لەسەری دەڕۆن نەزانن، لە واتای ئەو کارە فیداکاریانەی ئەنجامی دەدەن، تێناگەن. چونکە ئەوان هەتا ئێستا هەر کارێکی خۆبەخشانەیان ئەنجام دابێت، بە هۆی بیرکردنەوەیان لە سوود و بەرژەوەندیەکی خۆیانەوە ئەنجامیانداوە.

مرۆڤگەلێک کەوا بە دوای دونیاوە ڕادەکەن و تەواوی تەمەنیان لەو پێناوە بە هەدەر دەدەن، تێگەشتنیان لە بۆ کاری پڕ خزمەتی ئەو مرۆڤانەی بە ڕۆحێکی زۆر جددی خۆبەخشانەوە ئەنجامی دەدەن، مومکین نیە.

چونکە ئەوان نە بیریان لە شتێکی وەها کردۆتەوە، نە بینیویانە، نە بیستوویانە، نە ژیانێکی وەها ژیاون.

 

” گوزارشت کردن لە خۆمان بە شێوەیەکی دروست”

 

ئەم قسانەشم لەبەر ئەوە نیە عوزرخوایی بۆ  گومان و پارانۆیاکانی ئەوان بهێنمەوە و لەسەر حەقیان دابنێم. بە پێچەوانەوە؛ بۆ ئەوە گوزارشتیان لێدەکەم کە ڕووداوەکان بەم شێوەیە بخوێنینەوە و هەرهەنگاوێک هەڵدەگرین، بە گوێرەی ئەم تێڕوانینە هەڵیبگرین.

لە ڕاستیدا گەر ئەوان هەر لەم شتانەش تێنەگەن، ئێمە هەر بەردەوام دەبین لەوەی باسی ئەمانەیان بۆ بکەین. گەر تەنانەت ئەوان خۆشیان لە ئێمە بە دوور بگرن، دەبێت ئێمە هەوڵی نزیک بوونەوە لەوان بدەین. چەشنی سەردارمان،  جارێک و دووجار و سێ جار وەک پێویست نەبینین و، بۆ جاری چوارەم و پێنجەم و… هەوڵی تێگەیاندنی بدەین.

وەک ئێوەش باش دەزانن، سەردارمان پێدەچێت پەنجا یاخود سەد جار چووبێتە لای ئەو کەسەی ناوی عەمری کوڕی هیشامە، کە بە ئەبوجەهل ناسراوە. لە ڕاستیدا ئەبو جەهل وەک کەسایەتیەک زۆر دوور بوو لەوەی ببێتە کەسێکی ئیماندار. چونکە ئەو بە تەواوی لە ناو کوفر و گومڕایدا ڕۆچوو بوو. هەتا بڵێیت کەسێکی عیناد بوو. خۆی لە هەموو مرۆڤەکانی تر بە گەورەتر دەزانی و لە سەرەوە سەیری هەموویانی دەکرد.

وەک سەرداری بنەماڵەی بەنی مەحزوم، خەوی بەوەوە دەبینی کە ڕۆژێک ببێتە سەرداری خەڵکی مەککە. پەیدابوونی مرۆڤێک، ڕێک لەو کاتەدا کە بتوانێت لە ڕووی ماددی و مەعنەویەوە ببێتە سەرداری خەڵکی مەککە، شتێک نەبوو بە ئەبوجەهل هەرس بکرێت. لە ڕاستیشدا سەردارمان ئەم ڕاستیەی زۆر بە باشی دەزانی. چونکە ئەو خاوەنی وردبینیەکی زۆر گەورە بوو. بەڵام هەرچیەک بێت گوێی بەم ڕاستیە نەدەدا و بەردەوام بوو لە تێگەیاندنی ئەو. چونکە تێگەیاندن ئەرکی ئەو بوو، قبوڵ پێ کردنی کاری خودا بوو.

هەربۆیە پێویستە ئەوەی ئەنجامی دەدەین بە ناوی تێگەیاندنی هەست و هزرەکانمانەوە، وەک پێویست نەیبینین، دوبارە و سێبارە بەردەوام بین لە گەیاندنیان.  لەم نزیکانەدا کەسێک هاتە لام و وتی” هێشتا زۆرن ئەو کەسانەی لە چین و توێژە جیاوازەکان،  کە بزاڤەکە و ڕۆح و واتاکانیان وەک خۆی نەناسیوە”.

کەواتە لەم بابەتەدا هەتا ئێستا زۆر خاوە خاومان کردووە. بە شێوەیەکی دروست خۆمان لە مرۆڤەکانی تر نەگەیاندووە، ئیدی لە ڕێگەی قسە و حاڵمانەوە بێت،  بە شێوەیەکی دروست بوونی خۆمان لەوان نەگەیاندووە. هەلی ئەوەمان بۆ مرۆڤەکان نەڕەخساندووە کەوا لە نزیکەوە بمانناسن. گەرچی ئەو خزمەتانەی ئەنجام دەدرێت بە شێوەیەکی ستونی بەرز بوونەتەوە،  بەڵام ئەوان هەر لەسەر ڕووی تەختایی بینیویانن.

هەربۆیە پێویستە لەم بابەتەدا تەمبەڵی نەکەین و بارگرانانە هەڵسوکەوت نەکەین. گەر پێویست بکات چەشنی ساڵانی نەوەدەکان، یەکە یەکە بچینە لای تاکەکان و دیالۆگیان لەگەڵدا دروست بکەین.

 

گەر لەسەر ئەو ڕێگایەی دەڕۆین خوازیاری ڕووبەڕوو بوونەوەی کێشە نەبین، بە ڕادەی بەرز بوونەوە و فراوان بوونیشمان، پێویستە پەیوەندی لەگەڵ چواردەوردا دروست بکەین.

گەر خوازیاری ئەوە نین کە چەشنی بازنەی یەک لە دوا یەک بەردەممان نەگیرێت لەلایەن کەسانێکەوە، کە لە مێژەوە خۆیان وابەستەی دوژمنایەتی سەرسەختانە و حەسودی و ناحەزی کردووە، یاخود کەسانێک کەوا پەروەردەیەکی ئیسلامیانەیان وەرنەگرتووە، ئەوا پێویستە بەردەوام هەنگاوی نوێ نوێ بە ئاڕاستەی ڕەواندنەوەی دوژمنایەتیان و، دروستکردنی پەیوەندی و زیادکردنی ژمارەی ئەوانەی خۆشیان دەوێن و دۆستایەتیان هەیە، هەڵبنێین.

 

**

ئایا خوازیاری ئەوە نین کە کەسانێکی تریش لە جوانیەکانی ئێوە ئاگادار ببن و ڕۆژێک بێت ئەوانیش ببنە هاوڕێگەی ئێوە؟ خوازیاری ئەوە نین کە لە جیاتی خۆتان، ئەوانیش بەرگریتان لێبکەن؟

 

هەربۆیە گەر کەسانێکیش بە هۆی جیاوازی بیروڕا و کەلتورەوە بە هەڵە ئێوەی ناسیبێت و بەردەوام بێت لەوەی بە ناحەق تۆمەتبارتان بکات، ئەرکی سەرشانی ئێوەیە پێچەسپاوانە سوور ببن لەسەر ئەوەی؛ بێ چاوەڕوانی، دەستبەرداری، ئیخلاس و ڕاسگۆیی، خۆشەویستی و لێبوردەیی خۆتان، لە هەموو لایەک بگەیەنن.

 

لە پاڵ ئەم باسکردنەشدا لە بۆ ئەوەی باشتر ئێوە بناسن، یاخود ئەوە ببینن کەوا بە ناوی هەموو مرۆڤایەتیەوە خاوەنی چ جۆرە هەستێکن، پێویست بەوە دەکات ماوەیەکی دوور و درێژ لەگەڵ ئەواندا هەستن و دانیشن. دەبێت ئەوە بە باشی بزانن، کەوا هەتا ئەو کاتەی بە دروستی خۆتان لە مرۆڤەکان دەگەیەنن، گومان و دوودڵیەکانی ئەوان سەبارەت بە ئێوە بەردەوام دەبێت.

 

“باوەشتان بۆ هەموو لایەک بکەنەوە”

 

گەر بتانەوێت مرۆڤەکان بە پێی خۆیان بێن بۆ لاتان، ئەوا وەک داخوازێکی ئەخلاقی ئیلاهی، پێویستە ئێوە بە ڕاکردن بەرەو پیریان بڕۆن. گەر بتانەوێت باوەشتان بۆ بکەنەوە، ئەوا لە پێشدا ئێوە باوەشیان بۆ بگرنەوە. گەر بتانەوێت بە زەردەخەنەوە بەرەو ڕووتان پێبکەنن، ئەوا لە پێشدا ئێوە بە دەموچاوێکی جوان و پڕ زەردەخەنەوە بەرەو ڕوویان بڕۆن.

دڵتان بۆ هەموو لایەک بکەنەوە هەتا هەزاران دڵ بەرووی ئێوەدا بکرێتەوە. هەموو دڵەکان فەتح بکەن هەتا لە هیچ لایەک توشی کاردانەوە نەبن. لە نزیکی هەموو کەسێکەوە بوەستن هەتا مرۆڤەکانیش لە ئێوە نزیک ببنەوە!..

لە پاڵ تەواوی ئەمانەی سەرەوەدا، گەر خوازیاری ئەوە ببن کە کەسانێکی تر بە شێوەیەکی ڕاست و باش ئێوە بناسێت، پێویستە تا دوا ڕادە بە ڕووی هەموو کەسێکدا کراوە و شەفاف ببن. پێویستە هەمیشە هەستە ڕاستگۆکانی ناو ناخمان لە دەرەوەش دەربخەین. بەڵام کاتێک ئەم کارەشمان ئەنجامدا، پێویستە ئاستی تێگەشتنی مرۆڤەکانیش لەبەرچاو بگرین و لە شێوازدا هەڵە نەکەین.

” هەموو کارێکتان دەبێت بە گوێرەی یاسا و ڕێساکان بێت”

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەبێت ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەن، بە گوێرەی یاسا و ڕێساکانی ئەو وڵاتە بێت کە تێیدا دەژین. تەنانەت هەنگاوێک کەوا بە ناوی خزمەتەوە هەڵیدەگرن، دەبێت لە پێشتردا چاوتان بە کاربەدەستانی ئەو شوێنە کەوتبێت و مۆڵەتتان لێ وەرگرتبێتن.

هەروەها بانگهێشتیان بکەن بۆ ئەو پرۆگرامانەی ئەنجامی دەدەن. بۆ ئەوەی لە نزیکەوە هەمووان بمانناسن، پێویستە مەجلیسەکانمان بە ڕووی هەموو لایەکدا کراوە بێت. پێویستە ئەوە پشانی هەموو لایەک بدەن، کە ئێوە مرۆڤی سەلار و جێگە متمانەن و لە ئێوەوە زیان بە کەس ناگات.

 

هەربۆیە پێویستە لە هەموو ڕەفتار و کردارێکدا، خۆمان بە دوور بگرین لەوەی کەسانیتر نیگەران و ناڕەحەت بکەین. هەڵسوکەوتەکانمان بە شێوەیەک بێت کە لەلایەن کەسانی ترەوە لێکدانەوەی هەڵەی بۆ نەکرێت و ئەو هەستەیان لەلا دروست نەکات کەوا شتێکیان لێ دەشاریتەوە.

دەبێت ئەوەش لە بیر نەکەن کە هەر هەڵەیەک لەم بابەتانەدا ئەنجامی دەدەن، تەنیا زیان بە تەواوی ئەو کەسانە ناگەیەنێت کەوا لەسەر هەمان ڕێچکەی ئێوە و، لە چواردەوری هەموو دونیا خزمەت ئەنجام دەدەن، بەڵکو لە هەمان کاتدا زیان بە دۆستانی نزیک لە خۆتان دەگەیەنن و کاری ئەو کەسانەش سەختتر دەکەن، کەوا لە دوای خۆتان دێن.

 

” لە سەرەتادا توشی هەندێک باری سەخت دەبن”

بێگومان بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە تەواوی ئەم بوارانەدا هەر لە پڕێکدا نایەتە دی. لە سەرەتادا بە شێوەیەکی زۆر جددی توشی هەندێک باری سەخت دەبن. هەتا ئەو کاتەی بە شێوەیەکی دروست خۆتان لە کەسانی بەرامبەر دەگەیەنن، هەر بە گومانەوە سەیرتان دەکەن.

بەڵام کاتێک دوێنراوەکەتان ساڵانێکی دوور و درێژ ئێوەیان خستە ژێر تاقیکردنەوە و ئەوەی بینی کە ئێوە مرۆڤگەلێکی جێگە متمانەن، ئەمجارەیان ئەوان دەست بە باسی ئێوە بۆ کەسانی تر دەکەن.

 

دەڵێن” دەتوانن متمانە بەم مرۆڤانە بکەن، لەم مرۆڤانەوە هیچ زیانێک بە ئێوە ناگات”. گەر کەسانی تر باسی ئێوەیان بۆ خەڵکی تر کرد و بەرگریان لێکردن، ئەمە لە باسکردنی خۆتان بۆ خودی خۆتان، کاریگەری زیاتر دەبێت.

گەرچی هەموو سەردەمێک کۆمەڵێک ئەبوجەهل، شەیبە، عوتبە بوونیان دەبێت، بەڵام دەنگ و هەناسە و هەیەجانی ویژدانی گشتی، هەناسەی ئەوان دەبڕێت.

بۆ بەدەسهێنانی ئەنجامێکی لەو شێوەیەش، مرۆڤ بەرگەی هەرچیەک بگرێت لە شوێنی خۆیدایە. چونکە ئەو ناڕەحەتی و ئازارانەی ئەمڕۆ بەرگەی دەگرن، سبەینێ خۆشحاڵتان دەکات. دەبێت ئەوە لە بیر نەکەن کەوا ئێوە سەرمایەی خۆتان لە مرۆڤەکاندا دەخەنە گەڕ. گەڕانەوەی هەر سەرمایەیەکیش کەوا لە مرۆڤەکاندا خرابێتە گەڕ، لایەنی کەم؛ چارەکە سەدەیەک یاخود نیو سەدەی پێدەچێت.

 

ئەم وتارە بەردەوام دەبێت…

  

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

178 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە