بیروڕاجیهانی

زیندانیش دوو بڕگەیە و دایکیش…

بەخامەی: فاتیمە بەتول مێریچ

 

 

من و هەموومان بە سەردەمێکدا تێپەڕ دەبین کە تێیدا ژیان لە ڕێگەی هێڵێکی بومەلەرزەوە تێکشکاوە و بازنەکانی ئازادی هەتا دوا سنوری خۆیان بەرتەسک کراونەتەوە. چونکە بە تەنها نین. ئەمە ڕۆژگارێکی مێژووییە کە ناڕەحەتییەکان تێیدا وەک لێزمەی باران دەبارێن و سەقفێک نییە لە ژێریدا خۆت بپارێزیت و چەترێک نەماوە بچیتە ژێری بۆ ئەوەی بە بێ تەڕبوون بتوانیت بە پێوە خۆت ڕابگریت. هەموو ڕۆژێک هەواڵی نوێمان پێ دەگات. هەواڵی زۆر دڵتەزێن. زۆر بە دەگمەن هەواڵی دڵخۆشکەریشمان پێ دەگات. لەبەر ئەوە پێویستە هەواڵە دڵخۆشکەرەکان زیاد بکەین، مادەم وایە منیش دەتوانم بچم بۆ سەردانی خاتوونێکی مامۆستا کە لەگەڵ کۆرپە ساواکەی لە مەدرەسەی یوسفییەدا میوانن.

دەتوانم لەگەڵ خۆشییەکانی ئەودا هاوبەش بم و ئێوەش هاوبەش بکەم.

ئەوەی شتێکی نامۆیە ئەوەیە کە لەم جوگرافیایەدا لە کاتی دەربڕینی خۆشی ئازادبوونی کەسێکدا، تەنانەت وتنی “بەخێر بێیتەوە” و “سەلامەت بیت” دەکرێت بە تۆمەتێکی “هەڵبەستراو” کە لە دەستوردا باسی لێوە نەکراوە تۆمەتبار بکرێیت.

کاتێک دەتەوێت بچیت بۆ سەردانی ماڵێک بە بۆنەی ئازادبوونی کەسێک لە زیندان بە هەزار مەترسی و نیگەرانییەوە دەچیت، ئەوکات کە دەگەیت ئەو ماڵە وەک بەهەشتی لێدێت بۆت. زیاد لەوەش ئەگەر ئەو ماڵە سێ منداڵی بچوکی تێدا بێت. ئەگەر ئەو ماڵە گۆشەیەک نەبێت لە بەهەشت چییە؟

لەگەڵ چوونە ژوورەوەدا هەستێکی وام لا درووستبوو کە پێشتر یەکتری دەناسین. کاتێک تەماشای ڕووخسارە دەم بە خەندەکەییت دەکرد وات دەزانی کە ئەو دایکە نییە کە بێتاوان خرابووە کونجی زیندانەوە، بەڵکو کەسێکی دیکەیە. مێزێکی خاکڕەساییانە هەبوو کە چەند جۆرێک میوە و شیرینی و خواردنی دیکەی لەسەر دانرابوو. چەند قەنەفەیەک و کتێبخانەیەک و هەندێک یاری منداڵانی پەرش و بڵاو هەبوون. ماڵێکی پاک و تەمیز بوو کە دەدرەوشایەوە. یەکسەر کەمال کە منداڵی ناوەنجی ئەو ماڵە بوو هاتە لام. ناوەکەی پڕ بە پێستی بوو. تەمەنی تەنها ٩ ساڵ بوو، بە چاوە ڕەشەکانی و قژە ڕەشەکەیەوە چەند جوان و بێتاوان دەردەکەوت. هەر لە خولەکەکانی سەرەتاوە سەمیمیەت و ڕاستگۆییەکی زۆر جوان لە نێوانماندا درووستبوو. کاتێک من چاکەی خۆمم هەڵگرت و چوومە سەر مێزەکە بۆ گوێگرتن لە دایکی، لەسەر ئەو شیرینییەی کە ئێمە بردبوومان بە سۆسێکی تایبەت ڕووخسارێکی دەم بە پێکەنینی کێشابوو. وتی ئەمەم بۆ ئێوە کردووە و دواتر ئاوڕی دایەوە و ڕۆشت.

من چۆن دەمتوانی ئەو شیرینییە بخۆم؟ تەماشای هەستیاری ئەو پیاوە بچوکە بکەن لە کاتێکدا دوای ٩ مانگ بە دایکی شاد دەبێتەوە، بۆ ماوەی ١٤ مانگی دیکە لە باوکی دادەبڕێت. چۆن دەتوانین گوزارشت لەو جوانی و بیروبۆچوونی و مرۆڤایەتییەی بکەین کە دەبێتە وانەیەک بۆ گەورەکان؟

منداڵەکانمان ناردە ژوورەکانیان و دەستمان بە قسەکردن کرد. بە لای منەوە خاتوو نور وەک کەسێک وابوو کە لە نیشتیمانێکی زۆر دوور و لە جیهانێکی زۆر جیاوازەوە هاتبێت. لە خولێکی فێربوونی قورئانی پیرۆزدا کە بە مۆڵەتی حکومەت کراوەتەوە، مامۆستای قورئانی پیرۆزە کە لە لایەن حکومەتە دانراوە. لە تەمەنی سی ساڵاندایە. هەم لانە و هەم دایکە بۆ سێ منداڵەکەی.

با لە زاری خۆیەوە گوێمان لە شتەکانی دواتر بێت.

بێئاگا لە هەموو شتێک و هێشتا ئەو خولەی کارم تێدا دەکرد دانەخرابوو لە ماڵەکەی خۆمدا دەستگیر کرام. هیچ کات بیرم ناچێتەوە. مانگی ئەیلول بوو، ڕۆژی سێشەمە بوو. بەئاگا هاتبوومەوە. خەریک بووم شیرم دەدا بە منداڵە بچووکەکەم کە ناوی ئایشە مەلەکە. سەرم سوڕما کاتێک لەو بەیانییە زووەدا زەنگی ماڵەکەم لێیدا. کاتێک پۆلیسەکانم بینی زۆر ترسام. ماڵەکەمیان پشکنی و تەنانەت بە بێ ئەوەی ڕێگەم پێ بدرێت قسەیەک لەگەڵ هاوسەرەکەم و منداڵەکانم بکەم خرامە ناو ئوتومبێلی پۆلیسەوە و بەرەو بنکەی پۆلیس بەڕێ کرام. کاتێک لە بنکەی پۆلیس دەستبەسەربووم دوو مامۆستای هاوڕێم بینی کە ئەوانیش دەستگیر کرابوون. پێکەوە سێ ژن بووین لە بەشی ڕاگیراوان. ئەوکات لە یەکترییەوە زانیمان کە لەسەر سکاڵای خوێندکارێک دەستگیر کراوین کە ئێمە هەوڵمان دەدا زانستی فێر بکەین. من هەموو بیر و هۆشم لە لایەن منداڵە ساواکەم بوو. بەردەوام خەیاڵم لای ئەوە بوو کە ئێستا چی دەکات، بێ من چۆن خەوی لێدەکەوێت، چۆن بەئاگا دێتەوە و چی دەخوات و چی دەخواتەوە؟

 

کۆرپەکەمیان هێنایە زیندان بۆ ئەوەی شیری پێ بدەم

دوای چەند کاتژمێرێک هاوسەرەکەم کۆرپەکەمانی هێنایە بنکەی پۆلیس بۆ ئەوەی شیری پێ بدەم. من لە زیندانەوە هاوار و ناڵەی کۆرپەکەمم بیست. کارمەندێکی بنکەی پۆلیس منداڵەکەی لە باوکی وەرگرت بۆ ئەوەی بۆم بهێنێت. سەرەتا گریانەکەی و دواتر خۆی دەهاتە پێشەوە. منیش بە بێچارەیی خۆمەوە چاوەڕوانم دەکرد.

لە کۆتاییدا کارمەندەکە بە هەڵوێستی ساردی خۆیەوە منی بەرەو بەشێکی دیکە بەڕێ کرد بۆ ئەوەی شیر بدەم بە کۆرپەکەم. لە کاتی شیردان بە کۆرپەکەمدا زوو زوو دەیوت “ئەمە کەی تێر دەبێت، دەی خێرا بکە”، ئەو قسانە بەردەوام وەک ناڵینێک لە گوێمدا دەزرنگایەوە. منداڵەکەم ئارام بووەوە و منیش بە بۆنە خۆشەکەی ئیسراحەتم کرد. کەمێک دواتر منداڵەکەم تێر دەبوو، قورسترین ساتەکانی ژیانم دوای ئەوە دەستی پیدەکرد. کۆرپەکەم نەیدەویست لە باوەشی دایکی جیاببێتەوە کە زۆر تامەزرۆبوو بۆی. چونکە تەنانەت ئەو کاتانەش کە لە ماڵەوە بووین هیچ کات لێم جیا نەدەبووەوە. پێکەوە خواردنمان ئامادە دەکرد و ماڵمان پاک دەکردەوە و کۆمان دەکردەوە، تەنها لە کاتی نووستندا لێک جیادەبووینەوە. ئەو پارچەیەک بوو لە جگەری من. ئێستا دیسان بە هاوار و ناڵینەکانی زریانێکی درووست دەکرد لە ڕۆحی مندا. هەستێکی وام هەبوو کە گیانم لە لاشەم جیا دەبێتەوە و وەک ئەوەی جگەرم بتوێتەوە تەنگەنەفەس ببووم لەو کاتەدا. ئەو هەستە پێناسەی نییە لە زمانەکاندا. ئەگەر ئەو دیمەنەم لە خەودا ببینیایە بە هاوارەوە ڕادەپەڕیم، بەڵام لە ناکاو ئارامییەک بەسەرمدا داباری. وەک ئەوەی کەسێک دەست بهێنێت بە پشتمدا. گریام. زۆر گریام. لەگەڵ هاوڕێکانم لە زیندان پێکەوە گریاین. هەر یەکێکمان کەسانێک چاوەڕێی بوون.

چوار ڕۆژ تێپەڕی، وەک چوار ساڵ چوار سەدە وابوو لە لای ئێمە، ڕۆژانی ناو زیندانی بنکەی پۆلیس تەواو بوو بۆ ئێمە. درەنگانی شەوی هەینییەک بوو پێش کاتژمێر ١٢:٣٠ ی شەو براینە بەردەم داواکاری گشتی و دواتر بەرەو دادگا بەڕێ کراین. ئێمە چوار کەس بووین کە لە چوارچێوەی هەمان دۆسییەدا لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ دەکرا. سییانمان ژن بووین و یەک پیاویشی تێدا بوو. دادوەرکە گومانلێکراوە پیاوەکەی ئازاد کرد و بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ئێمە دەرکرد و بەو هۆیەوە بەرەو گرتووخانە بەڕێ کراین. کاتژمێر ١ی شەو لایدابوو. هیچ کات ئەو ساتانەم لە یاد ناچێت کە من لە مێشکی خۆمدا خەیاڵی ئەوەم دەکرد کە ئازاد دەکرێم و دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە و باوەش دەکەم بە سێ منداڵەکەمدا دەنووم، بەڵام بڕیاری زیندانی کردنمانی پێ ڕاگەیاندین. لە ڕاڕەوە بەتاڵەکانی دادگادا هەر ڕاست و چەپم دەکرد. نە لەسەر زەوی و نە لە ئاسمان جێگەم دەبووەوە. وەک ئەوەی بەردێکی قورس لەسەر سنگم دانرابێت. لە حاڵێکدا بووم نەمدەزانی چی بکەم، هەتا ئەو ڕادەیەی بیرم لەوە دەکردەوە شوێنێکی بەرز بدۆزمەوە و خۆمی لێوە فڕێ بدەمە خوارەوە.

ئەی پەروەردگار ئێستا من دەبەنە گرتووخانە! ئەی منداڵەکانم؟ ئەی هاوسەرەکەم؟ ئەوان بێ من چییان دەکرد؟ کەمالم ئەمساڵ دەستی بە خوێندن کردبوو. خوشکە گەورەکەشی پێویستی بە من هەبوو. کۆرپە ساواکەشم. چی دەبوو خودایە، ئەگەر هەموو ئەو شتانە خەونێکی ناخۆش بوونایە؟ کاتێک بە ئاگا دەهاتم بە دەنگی منداڵەکانم بە ئاگا بهاتمایە.

لەو درەنگانی شەوەدا کاتێک لە دادگاوە بەرەو گرتووخانە بەڕێ دەکراین ماڵئاواییم لە منداڵەکانم کرد. من لەو شوێنەدا بۆم دەرکەوت کە مرۆڤ چۆن خوێن ناخی مرۆڤ دەگرێت و ناخی پارچە پارچە دەبێت. ئەوان دەگریان و منیش دەگریام. بە درێژایی ئەو ماوەیەی گەیشتینە گرتووخانەکە من هەر دەگریام. وە لە دوای ئەوەوە جارێکی تر نەمتوانی بگریم. تەنانەت هەتا ئێستاش ناتوانم بگریم.

نزیکی بەرەبەیان گەشتینە گرتووخانەکە. کارمەندەکانی گرتووخانەکە بە ڕووخسارێکی وەک ئەوەی بڵێن ئێوە لە کوێوە پەیدا بوون تەماشایان دەکرد و نزیکەی سێ کاتژمێر ڕێکارەکانیان جێبەجێ دەکرد. هەموو جلوبەرگەکانمان و کەلوپەلەکانمان یەک یەک بە ناو ئامێری X-ray دا تێدەپەڕی. زۆر بە وردی هەموومانیان پشکنی. پەنجەمۆریان لێ وەرگرتین. ئەوەی کارەکانی تەواو دەبوو، دەبرایە قاوشە کاتییەکان. من کۆتا کەس بووم کە مابوومەوە. لە کۆتاییدا منیش برامە قاوشەکان. کاتێک چوومە ژوورەوە بە ڕادەیەکی زۆر لەرزیم. لە دەرەوە کەمێک کەشوهەوا باشتربوو، بەڵام ناو قاوشەکە وەک سەهۆڵ وابوو. تەلەڤیزیۆن و سەلاجە و ڕادیۆ و پێخەف و ئەو شتانە نەبوو. تەنانەت کەوچک و چەتاڵیشی لێ نەبوو. من لەوێ فێربووم کە تەنانەت کەوچکێکیش لە شوێنی خۆیدا چەند گرنگە. سێ هاوڕێ بووین. دەرگاکە کرایەوە. ئێمە خرۆشاین. سێ پێخەفیان هەڵدایە ژوورەوە. پێخەفەکان بە جۆرێک پیسبوون کە هەموو جۆرە پیسییەکیان لەسەر بوو. چیتر ڕەنگیان سپی نەمابوو، بەڵکو ڕەنگیان ببووە خۆڵەمێشی. لەبەر ئەوەی هێشتا کەلوپەلەکانمان پێ نەدرابوو، دوو پێخەفمان بە یەکەوە نووساند و سێ کەس ئەو شەوە ڕۆژمان لەسەر کردەوە. خەومان لێ نەکەوت، دڵنەوایی یەکمان دەدایەوە. لە خودا دەپاڕاینەوە.

هێشتا ٢٤ کاتژمێر تێنەپەڕی بوو، ئێمەیان بردە قاوشە سەرەکییەکان. براینە قاوشێکی زۆر سارد و زۆر شێدار کە سەقفێکی بەرزی هەبوو لەگەڵ ساڵۆنێکی بچوکدا. هەوڵمان دەدا لەگەڵ دۆخەکەدا ڕابێین. لە یەکێک لە دۆڵابە ئاسنەکاندا قتویەک شیرم دۆزییەوە کە بە نیوەی بەجێهێڵرابوو. دواتر گوێم لە هەندێک دەنگ دەبوو. بەردەوام دەنگی منداڵ دەهاتە گوێم. لە شوێنێکدا کە تەنانەت دەنگی باڵندەیەک و خشەی گەڵایەک نابیستی، نازانم ئەو دەنگە لە کوێوە دەهات؟

 

کاتێک بیرم لە منداڵەکەم دەکردەوە سنگم پڕ دەبوو لە شیر

لە ناو قاوشەکەدا هەر ئەملاولام دەکرد بۆ ئەوەی بگەم بە سەرچاوەی ئەو دەنگە. دواتر شانەی گەرمکەرەکە بە مێشکمدا هات. چوومە سەر ئەوە و تەماشام کرد قاوشی دیکە لە تەنیشتمانەوە هەیە. لە ناوەڕاستیشدا هەندێک منداڵ ڕایان دەکرد. کە ئەو دیمەنەم بینی زۆر دڵم خۆشبوو. بۆم دەرکەوت کە منداڵەکانیش دەکرێت بهێندرێنە زیندان بۆ لای دایکیان. ئەو زانیارییە منی دڵخۆش کرد. بۆ یەکەمجار خەیاڵم دەکرد کە کۆرپە ساواکەم لە زیندان لەگەڵمدایە و بەوە دڵخۆش دەبووم. لەو کاتەدا هەستم دەکرد دڵۆپ دڵۆپ شیر دەچێتە ناو سنگمەوە. دەچوومە تەوالێک بۆ ئەوەی تاکە ڕزقی کۆرپە ساواکەم کە ئەو شیرە بوو بڕێژم.

بەردەوام دەبێت…

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/zindan-da-iki-hece-anne-de/

116 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە