هەواڵوتاری هەفتانەی م.فەحوڵڵا گولەن

هاوبەشێتی مەعنەوی و وەڵامدانەوەی ئیلاهی

 

 

ڕۆژێک دێت دەبینن شنەبای لوتفە ئیلاهیەکان بە شێوەیەکی جیاوازی وەها هەڵدەکات؛ لە پڕێکدا دەبینن سارای وشک و برنگ، زەمینگەلێک کەوا قڵیش قڵیش بووە، زەوییەک کەوا هێزی هەناوی لە دەستداوە، درەختگەلێک کەوا دوانە ئۆکسیدی کاربۆنیان لێ بڕاوە، بە نەشوەی بەهار کە لەسەر مەقامی سەبا دەخوێنێت، چەشنی ڕۆژی حەشر و نەشر زیندوو دەبنەوە…

وەک لە پەیامی حەشر و ئایەتول کوبراشدا هاتووە، هەمیشە زیندوو بوونەوەی بەهاری ئەم دونیای وەک نمونەیەک لەسەر زیندوو بوونەوەی پاش مەرگی ئەو دونیا هێناوەتەوە و زۆر پێداگری لەسەر ئەو بابەتە دەکات.

دەسەڵاتی خودا بەسەر هەموو شتێکدا کشاوە، لە کاتێکدا کە هیچ چاوەڕوانکراو نیە، لە ساتێکی وەها کە هەموو لایەک زستان و بەفر دایپۆشیوە، هەموو لایەک زوقمە و بەفر چلورەی بەستووە، ئیدی هەریەک لەلایەک هەڵدەخلیسکێت و لەلایەک سەرسم دەدات و دەکەوێت…

بەڵام لە پڕێکدا دەبینیت نەوبەهارێک چەشنی شنەبایەکی شیرینی کەنار دەریا، هەموو لایەکی داپۆشیوە.

ئیدی ئەوەی ئێوە بە بەفر و زوقم و زستان ناوی دەبەن، تەنانەت گەر چەشنی شاخەبەفرینەکانی ناو دەریاش بن، یەکە بە یەکە دەتوێنەوە، چەشنی تاڤگەیان لێدێت و پاشا دەست دەکەن بەوەی بەرەو دەریاکان ملی ڕێگە بگرن…

هەتا ئێستا چەندین جار ئەم جۆرە شتانە ڕوویانداوە، گەر جارێک ئەمە ڕوویدابێت، ئەوا واتای ئەوەی هەیە کە دەشێت هەموو کاتێک دووبارە ببێتەوە.

ئەوەی ئێستا هەیە، باشترین بەڵگە و ڕێفەرانسە بۆ ئەوانەی لە داهاتوودا ڕوو دەدەن.

الله بە گەورەیی خۆی، لە ڕێگەی ئێوە و بە تایبەتریش لە ڕێگەی پێشڕەوەکەی پێش ئێوە کە وتەبێژی سەدەیە و جێگەی بەهەشت بێت، سەردەمانێک لە بیابان و ساراگەلێکی وشک و برنگدا هەوای بەهاری پێ هەڵنەکردن؟!

 

پاشان ئێوە و هاوڕێکانتان و کەسانێکی گەورەتر لە ئێوە، لە ڕێگەی کرانەوە بە چواردەوری دونیادا، تۆوتان بە چواردەوری هەموو دونیادا نەپرژاند؟!

ئەوانیش لە زۆرێک لە شوێنەکان سەرچڵیان دەرنەکرد؟! ئەو نێو نەمامانەی چێنران، لە پاشان چەشنی سنەوبەریان لێنەهات؟!

ئیدی بۆ لەمەو دواش لەبەر چی هەمان شت ڕوو نەداتەوە؟

هەربۆیە توش بوون بە هیوابڕوای، وەک گوزارشت لە بێ ڕێزی بەرامبەر ئەو دێت.

کەوتنە ناو بێ هیواییەوە، لە ڕاستی چەشنی پرتە و بۆڵەی گومان و دوو دڵیە بەرامبەر هێز و دەسەڵاتی خودا.

 

وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ

 

کاتێک وشەی ” شَيْءٍ” دەخرێتە پاڵ وشەی “کل” لە نێو کۆی ڕستەکەدا کە وەک تەواکەر و تەواوکراوی یەکتر هاتوون، بەو واتایەدا دێت کە هیچ شتێک و هیچ تاکێک بوونی نیە، کە هێز و دەسەڵاتی الله نەیگرێتەوە.

هەر هەموو تاکێک، قورئانی کەریم وەها دەفەرموێت و لە چەندین شوێنیشدا ئەمەی دووبارە کردۆتەوە.

لە ڕوی وردەکاری و ورکردنەوەوە(تصریف) پێمان دەڵێت : دەی باوەڕ بەمە بهێنن.

دەڵێت پشتی پێ ببەستن، متمانەتان پێی هەبێت، زیاتر لەوەی متمانە و  باوەڕتان بە خۆتان هەیە، متمانەتان بەوە هەبێت کە الله هەموو شتێک ئەنجام دەدات و پشتی پێ ببەستن.

 

ئەوەی حەقی تۆیە ڕوو دەدات

بۆشە خەم و خۆ مشەوەش کردن

ئەو هەرچی بوێت دەیڕێسێت

با بزانین مەولا چی دەکات

هەرچی بکات جوان دەیکات

کاتێک حەقیش بەدەرکەوت هەموو کارێک ئاسان دەکات

دەیئەفرێنی هۆکارەکەیی و لە لەحزەیەکدا پێت ئیحسان دەکات

***

ئەمانە شتانێکن خۆشتان دەیزانن، کاتێک حەقیش بەدەرکەوت هەموو کارێک ئاسان دەکات،

بۆت ئاسان دەکات، دەیئەفرێنی هۆکارەکەیی و لە لەحزەیەکدا پێت ئیحسان دەکات، ئەمانە شتانێکن کەوا ئێوە دەیزانن، منیش هەمیشە دووبارەی دەکەمەوە و گەر ئەمەش بووبێتە هۆکاری سەرئێشە، داوای لێبوردن دەکەم. داوای لێخۆشبوونیش لە خودا دەکەم.

 

***

گەر هەر چواردەوری دونیاش تاریک بێت

 هەر بە شوێن تیشکەوەین

لە دەستماندا مەشخەڵ هەیە و لە چین و ماچینین

 

 

دەبێت ئامانجمان بەرزکردنەوەی “کلمة الله” بێت و الله لە هەر چواردەوری دونیا بزانرێت و خۆش بویسترێت و ڕێزی لێبگیردرێت…

ناوی جەلی حەزرەتی پەیامبەری خاوەن شکۆ، چەشنی شەکانەوەی ئاڵا ، لەسەر هەموو لوتکە و منارە و قولە و سەری درەختێک، هەر شەکانەوەی بێت… حەقیقەتی “محمد رسول الله” با هەر شەکانەوەی بێت…

گەر ئێوە لەم بابەتەدا هیممەت و کۆششی خۆتان بەوەوە ببەستنەوە، جەنابی حەقیش بە شێوەیەکی وەها وەڵامتان دەداتەوە هەر مەپرسە!…

حَبِّبُوا اللهَ إِلَى عِبَادِهِ يُحْبِبْكُمُ اللهُ

خودا لەلای بەندەکانی خۆشەویست بکەن هەتا خوداش ئێوەی خۆش بوێت!

مەگەر ناتانەوێت لەلای خودا خۆشەویست ببن؟!

ئەمە وەڵامدانەوەی ئیلاهیە… خۆشەویستی ئێوە هەندێک جار لەسەر شێوازی عەشق و خرۆشانە، هەندێک جاریش لەسەر شێوازێکە کەوا توشی ناسۆریتان دەکات، چەشنی ئەوەی لەیلا توشی مەجنونی کرد، چەشنی ئەو ناسۆریەی شیرین توشی فەرهادی کرد، چەشنی ئەوەی ئەزرا توشی وامقی کرد، دەشێت بەم شێوەیە بێت، لەوە دەچێت هەندێک جاریش وەک لایەنی لاوازی ئێوەی لێبێت، بەڵام دەبێت تەواوی ئەم گوزارشتانە لە چوارچێوەی چەمکی وەڵامدانەوە(مقابلة) وەربگیردرێن کە لە قورئان و سونەتی سەحیحدا ئاماژەی پێکراوە، الله لە بەرامبەر ئەو خۆشەویستیەی ئێوە بە خۆشەویستیەوە وەڵامی(مقابلة) دەداتەوە.

ئەو چۆن لوتف و بەخششێک بە ئێوە دەدات؟

ئێوە هەندێک جار یەک دەدەن و لە بەرامبەریدا ١٠ وەردەگرن، یاخود ٢٠ وەردەگرن، لە بەرامبەر ئەو خۆشەویستیەی ئێوە هەتانە، بۆ نمونە ئەو ساتەی دەفەرموێت ” من لە ئێوە ڕازیم”، هەتا مۆخی ناو ئێسقانەکانتان هەست بە چێژی ئەمە دەکەن و لە هۆش خۆتان دەچن.

دەڵێیت : وەڵڵاهی شتێک لەمە خۆشتر بوونی نیە، ئەمە بە شنەبایەکی وەها دەدات بە گوێتاندا، بە شێوەیەکی وەها ڕۆحەکان دەگرێتە خۆی، ئاگاتان لە خۆتان نامێنێت و دەبورێنەوە.

ئیدی لە دوای خۆتان دونیایەک هەبووە و بەجێتان هێشتووە، یاخود خانو ماڵێکتان هەبوو وەک ئەمانەی پەنسیلڤانیا کە  باخ و باخچەی هەیە، یاخود هەوایەکی پاک و سازگاری هەبوو، لەو کاتەدا لەبیرتان دەچێتەوە و دەڵێن: تۆ بڵێیت شتی وەهامان هەبووبێت؟

ئیدی لەبیری دەکەن تەواوی ئەو جوانیانەی لە ڕابردوودایە، هەموویان لەبەرچاوتان دەسڕێنەوە و دەڕۆن،  هەروەها ئەو ساتەی جوانی ئەو دەبینن کە زۆر لەسەرو جوانیەکانی تەواوی گەردونە و، وەک درەوشانەوەی دەرکەوتی جوانی خۆی بەسەر گەردوندا پرژاندویەتی و پەرش و بڵاوی کردۆتەوە، ئەو جوانیەی کە لە ڕوونکردنەوەیەکی سەردارماندا هاتووە، چەشنی ئەوەی سەیری مانگی چواردە بکەن لە ئاسماندا، کاتێک ئەمە دەبینن، ئاگاتان لە خۆتان نامێنێت و دەبورێنەوە.

دەڵێن: مەگەر دونیا هەر ئەمەیە و ئێمە  بە دوای دونیاگەلێکی پوچەوە  خەریکی ڕاکە ڕاک بووین. مەگەر دونیا هەر ئەمەیە و ئێمە  بە دوای دونیاگەلێکی پوچەوە  خەریکی ڕاکە ڕاک بووین.

 

گەرچی ئێوە خەریکی ڕاکە ڕاک نەبوون بە دوای دونیاگەلێکی پوچەوە، گەر کاری بازرگانیتان کردبێت لە بازنەیەکی شەرعیدا ئەنجامتانداوە، کەس ناتوانێت قسەیەک بەرامبەر ئەو قازانجە بکات کە لەو بازنەیەدا بەدەستان هێناوە.

حەزرەتی عوسمانیش لە بازنەیەکی شەرعیدا سامانی بەدەست هێناوە و زۆر دەوڵەمەند بووە، بەڵام بە شێوەیەک بوو، هەموو ساتێک ئەو سامانە لە ژێر پێکانیدا بوو، کاتێک پێیان دەوت بیبەخشە، لە وەڵامدا دەیوت: وای خودایە بۆ هەتا ئێستا داواتان نەکردوە هەتا بیبەخشم.

عەبدوڕەحمانی کوڕی عەوف، بە کاری حەماڵی دەستی پێکرد، بەڵام دواتر بووە یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی مەدینە. هەروەها یەکێکە لە ١٠ کەسە موژدە پێدراوەکە.

یەکێکە لەو موهاجیرانەی لە مەککەوە کۆچی کرد بۆ مەدینە، ئەویش وەک زۆرێک لە ئێوە موهاجیر بوو.

بەڵام لەبەرامبەر ڕوونکردنەوەیەکی پەیامبەری خودادا کە دەفەرموێت: عەبدوڕەحمان بە هۆی سامانەکەیەوە لە دوای کەسانێکی ترەوە دەچێتە بەهەشتەوە؛ ئیدی لەگەڵ بیستنی ئەم قسەیەدا هەرچیەک لە دەستیدا بوو، یەکسەر هەمووی تەخشان  و پەخشان کرد.

ئەو سامانەکەی لەم دونیا تەخشان و پەخشن کرد و چەشنی تۆوێک لە هەناوی خاکدا چێنران.

مَثَلُ الَّذِينَ يُنْفِقُونَ أَمْوَالَهُمْ فِي سَبِيلِ اللهِ كَمَثَلِ حَبَّةٍ أَنْبَتَتْ سَبْعَ سَنَابِلَ

تۆوێکتان چاندووە، ٧ گوڵە گەنمی لێ دەرهاتووە، فِي كُلِّ سُنْبُلَةٍ مِئَةُ حَبَّةٍ، لە هەر گوڵە گەنمێکیشدا سەد دانە گەنم هەیە، ئێستا یەک دانە بوو بە ٧٠٠ ؟!

ئەمە لوتفی خودایە، جەنابی حەق لێرەدا وەک دەربڕینی ژمارەیەکی زۆر گوزارشت لەمە دەکات، الله بە گورەیی خۆی دەتوانێت لە بری دەنکە گەنمێک یەک ملیۆنیش ببەخشێت.

 

ئەو شتانەی ئێوە دەیهێننە کایەیەوە، یاخود ئەوەی بوونەوەرگەلێکی وردیلە چەشةی قیتمیر دەیهێنێتە کایەوە ، پەیوەندی ڕاستەوانەی لەگەڵ باڵا و تەوانای ئیدراکی خۆیاندا هەیە…

بەڵام زاتی ئیلاهی کە بە زانستی خۆی ئابڵۆقەی هەموو شتێکی داوە، بە هەموو سیفاتەکانیەوە چواردەوری هەموو شتێکی گرتووە،   بە زانستی، بە ئیرادەی، بە قودرەتی، بە رەئفەت و شەفقەتی، بە عطوفەت و ڕەحمانیەت و ڕەحیمیەت و حەنانیەت و مەنانیەتیەوە، هەربۆیە ئێوە تۆوێک دەچێنن، ئەو بە ملیۆنان وەڵام دەداتەوە…

بەڵام بە شتی وەها وەڵام دەداتەوە، بە هەریەکێکیان جارێکی تر سەرتان سوڕ دەمێنێت و جارێکی تر سەرتان سوڕ دەمێنێت.

لەگەڵ هەموو سەر سوڕمانێکیشدا سەرمەست دەبن و لە هۆش خۆتان دەچن؛ چەشنی سەخۆشێک.

کاتێک ئەو جوانیە ئەبەدیانەی ئەوێ دەبینن، ئید دەڵێن: کورە جوانی هەر بەمە دەوترێت. دەڵێن : ئێمە بیستمان و چەشەمان کرد و مەست و سەرمەست بووین و لە هۆش خۆمان چووین.

پێموایە مرۆڤ دەبێت خوازیاری ئەمە بێت. دەبێت خوازیاری شتانێک نەبێت کە نرخیان لە خوار خۆیەوەیەتی!

ئیمامی ئاڵڤاریش دەڵێت:

دولبەرێکی گوڵرەنگم دەوێت کە ڕۆحی سوری هەبێت

فاتیحی خەیبەرم دەوێت کە وا قەنبەری لەگەڵ بێت

سەر و سینەی نورانیم دەوێت کەوا جیمی جەمالی حوڕ بێت

چەشنی خۆر سەربەرز بێت و، دولبەرێکی بەو شێوەیەم دەوێت!

پێویستە داواکاری شتێکی وەها بێت، کەوا لەگەڵ چۆنیەتی خەلقی مرۆڤ و توێشوی کامڵ و “احسن تقویم” بوونی مرۆڤ، گونجاو بێت.

 

بیر لە پیاوێک بکەنەوە کە وەک پاشایەک بێت، یاخود سەرۆکی وڵاتێک، ڕۆشتوە تەنەکەی خۆڵەکان دەگەڕێت و دەڵێت بە تەمام لە ناو ئەم تەنەکە خۆڵانە شتێک بدۆزمەوە.

چەند کارێکی نەگونجاو دەبێت؟

چونکە ئەم کارە لە قەد و باڵای ئەو کەسە ناوەشێتەوە.

لەوێدا سوکایەتی بە خۆی دەکات.

لە بەرامبەر خۆی بێ ڕێزی دەکات.

ئەی چی کارێک لەگەڵ کەسێکی وەها دەگونجێت؟!

 

 بە ڕای من پێویستە بڕواتە بازاڕی زێڕەنگەران و ئاڵتون و زیو، زیو و ئاڵتون لەسەر یەک بکڕێت.

بازن و گوارە و ملوانکە بکرێت. گەر جائیز بێت ئەم کارە دەکات.

ئەوە بابەتێکی جیاوازە.

هەربۆیە پێویستە خوازیاری شتێک بێت کە لەگەڵ قەد و باڵای خۆی یەک بێتەوە.

 

مرۆڤ بە دوای هەرچیەکەوە بێت، لە هەمان کاتدا دەرخەری نرخ و  بەرزی قەد و باڵای خۆشیەتی…

نرخی ئەو شتەی داوای دەکرێت، لە هەمان کاتدا گوزارشت و ئاماژە و نیشانەی نرخی داواکارەکەیەتی…

خوازیاری هەرچیەک بووبێتن، لە هەمان کاتدا نرخ و بەرزی  قەد و باڵای خۆشتان پشانداوە.

مرۆڤ بوونەوەرێکی وەها بەنرخە، گەر جگە لە ڕەزامەندی خودا و خۆشەویستی پێغەمبەر دڵی بە هەر شتێکی تر دا، ئەوا نرخی خۆی لە دەستداوە و، بێ ڕێزی بەرامبەر بە خۆی کردووە.

 

ئێوە سەیرێکی خۆتان بکەن، بەرامبەر کوێی خۆتان ناڕەزایەتیتان هەیە؟ بۆ نمونە بە کوێتان دەڵێن پێویستی دەکرد لێرە نەبووایە و لەوێدا بووایە، ئێوە ئەمە لە شارەزیەکی قوڕگ و گوێ و لوت ببیستن. با بە شێوەیەکی بیرکاریانە شیکاری ئەو بابەتەتان بۆ بکات.

ئەوەی پێی دەڵێن لوت، یاخود ئەوەی بە لەوزەتێن ناوی دەبرێت، گەر لێت پرسی ئەوا پێت  دەڵێت فڵان و فیسار کاریان هەیە. پاشان دەڵێت بە گوێرەی حسابی ئەگەرەکان، دروستبوونی ئەمانە بەم شێوە بێ کەموکورتیە، لە یەک ترلیۆندا یەک ئەگەری هەیە.

سەیری گوێ بکەیت بەم شێوەیەیە و سەیری چاویش بکەیت هەمان شت دەبینیت، دەمیشی وەربگریت هەر هەمان شتە، پاشان ئەو شتانەی بە چاو دەیبینن و پەیوەندیەکانیان بە یەکەوە، یاخود ئەوەی لە ڕێگەی تامکردنەوە دەیچەژن، پەیوەندی زمان و دەم لەگەڵ ئەو شتانەی تامیان دەکات، ئەمانە هەموویان هێندە لە شوێنی خۆیاندا دانراون، بە گوێرەی حسابی ئەگەرەکان، لە ترلیۆن یاخود کاترلیۆنێکدا ئەگەری دروستبوونی خۆسەرانەی ئەم شتانە هەیە.

ئەو بەم شێوە جوان و کامڵە ئێوە ئەفراندووە، ناتوانن هیچ کەموکوڕیەک لە خۆتاندا ببینن، یاخود لەمەی ئێستا کامڵتر نەدەبوون.

 مادام لەمە کامڵتر بوونی نیە، مرۆڤ لە پاڵ ئەو توێشو و پێکهاتە ئەنەتۆمیەی جەنای حەق پێی بەخشیوە، گەر لایەنی ئەنەتۆمی مەعنەویش بدۆزیتەوە و پێشی بخات، واتە کاتێک لە ژیانی ئاژەڵی دەردەچێت و جسمانیەت بەجێدەهێڵێت، کاتێک بەرەو پلەکانی ژیانی دڵ و ڕۆح بەرز دەبێتەوە، ئیدی وەک تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی لێدێت کە جوبرەئیل پێی فەرموو:

بڕۆ ئەمشەو دار و تۆپیش هەر بە دەستی خۆتەوەیە، من گەر یەک هەنگاوی تر هەڵبگرم دەسوتێم …

تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیش چەشنی ئێمە لە دایکێک و دڵۆپێک ئاو هاتبووە دونیاوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بە قەد باڵای خۆی هەڵسەنگاندنی کرد، لەبەر ئەوەی زۆر بە باشی ئەو شتانەی دیاری کرد کە دەبوویە خوازیاری، لەبەر ئەوەی بە باشی ئەو شتانەی نیشانە کرد کە دەبوویە داواکاری، پێشێ جوبرەئیل و تەواوی پێغەمبەرە گەورەکانی دایەوە.

کەواتە خودا مرۆڤی بەم جۆرە تێشوەوە ئەفراندووە، پێویستە حەقی ئەو توێشووە بدەین.

بەڵێ مرۆڤ بە شێوەیەک نەئەفرێندراوە کەوا لە تەنەکەی خۆڵەکاندا بە دوای خۆڵ و خاشاکدا بگەڕێت!

 

مرۆڤ بە چییەتیەکی وەها ئەفرێندراوە کەوا یاری بە ئاڵتون، زیو، زومرود و زەبەرجەد و یاقوت بکات و  هەراجیان بکات و لە هەمان کاتدا توانی کڕینی هەمووشیانی هەبێت.

ئەمەش چۆنی ئەنجام دەدرێت؟

 

 تەنیا ئەو کاتەی دڵمان بە الله بەخشی و بەوەوە وابەستە بووین.

 

ئەمەش لەلایەک وابەستەی ئەوەیە کە گوێڕایەڵی نەفسی فەرمانکەر بە خراپە نەبین و لە هەمان کاتدا وابەستەی ئەوەیە لە بەرامبەر زاتی ئولوهیەتی ئەودا بەندایەتی و عبودیەتێک ئەنجام بدەین کە شایستەی ئەو بێت. 

 

 

وەک پێش کەمێکیش باسم کرد، مرۆڤ وەک چۆن ئەنەتۆمی ماددی هەیە، لە هەمان کاتدا ئەنەتۆمی مەعنەوی هەیە، گەرچی دەستەواژەی ” ئەنەتۆمی مەعنەوی” لەلایەن پزیشکەکانەوە بەکارنایەت.

بەڵام مرۆڤ ئەنەتۆمی مەعنەویشی هەیە کە بریتیە لە دڵ، ڕۆح، ویژدان، هەست، ئیحساس، شعور، ئیدراک، ئەمانە پێکهاتەی ناوەکی مرۆڤن.

ئەم پێکهاتەیە هێندە کامڵ و بێ نوقسانیە، گەر مرۆڤ بە گوێرەی ئەم کامڵیەتە کە جەنابی حەق بە مرۆڤی بەخشیوە، نرخی خۆی بزانێت، ئەوا چیدی – بمبەخشن – لە تەنەکەکانی خۆڵدا خەریکی گەڕان نابێت و بە دوای شتێکدا دەگەڕێت کە شایەنی بە دوادا گەڕان بێت!

هەربۆیە دڵی دەدا بەوە کە پێویستە دڵی پێبدات. دڵی دەدات بە زاتی ئولوهیەت. ئیدی هێندە هۆکار هەیە هەتا ئەو زاتەت خۆش بوێت مەپرسە.

من بەو گوزارشت لێکردنە کۆڵەوارەی خۆم ئاماژەم بە ئەنەتۆمی مرۆڤ  کرد، مرۆڤ پێڕستی گەردونە، گەر ئێوە لەم پێڕستەدا بە ڕاستی خۆتان بخوێننەوە، تەواوی گەردونیش وەک مرۆڤێکی گەورە و پێگەشتوو وەهایە، حەزرەتی پیریش بەم شێوەیە گوزارشتی لێکردووە:

 

 

 هەروەک گەردون مرۆڤێکی گەورەیە  مرۆڤیش گەردونێکی بچوکە، کاتێک نەفسی خۆتان خستە ژێر بیرکردنەوە و قاڵ بوونەوە و قوڵ بوونەوە و یادکردنەوەیەکی ڕاست و ڕەوان و پێکەرانەوە، ئیدی هەڵە لە خوێندنەوەی کتێبی گەورەی گەردوندا مومکین نیە.

 

کاتێک بە ناو دێڕ و پەرەگراف و لاپەڕەکانی ئەو کتێبە گەورەیەدا دەسوڕێنەوە، سەرتان سوڕ دەمێنێت، لەم درەختەوە بۆ ئەو درەخت ڕادەکەیت و ماچیان دەکەیت و دەڵێیت:

ئەمەش لە پێنوسی ئەوەوە دەرچووە؛ خۆت بە زەویدا دەدەیت و گوڵەگەنمەکان ماچ دەکەیت،دەڵێیت ئەمیش لەوەوە هاتووە، دواتر باوەش بە مێرولەکاندا دەکەیت، باوەش بە حەشەرە و زیندەوەرەکاندا دەکەیت،  هەمووی بە گوێرەی پرۆگرامی زانستی ئەوە و لە قەڵەمی قەدەر و قودرەتی ئەوەوە دەرچوە…

ئیدی هێندە شت هەیە کە ئەوت لەلا خۆشەویست بکەن، کاتێک هەموو ئەمانە ڕیز دەبن و بە ڕاستی دەخوێنرێنەوە، گەر ئەو دەنگانەی لەوانەوە دێت بە ڕاستی بیستران، کاتێک بابەتەکە تێکەڵ نەکرا بە پریشکە شەیتانیەکان، گەر ئەو ئاماژە ڕاستانەت بە عەیار و ئەندازەگیری خۆیاندا برد، بێ ئەوەی بهێڵیت پریشکە شەیتانیەکانیان تێکەڵ ببێت، پێم وایە گەر بە دیقەتەوە ئەمەت ئەنجامدا، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، خۆشەویستی الله دێتە دڵتەوە.

هەربۆیە ئەو زاتەشت خۆش دەوێت کە ئەوی پێناساندویت…

 

اَللَّهُمَّ حَبِّبْ إِلَيْنَا الْإِيمَانَ وَزَيِّنْهُ فِي قُلُوبِنَا، وَكَرِّهْ إِلَيْنَا الْكُفْرَ وَالْفُسُوقَ وَالْعِصْيَانَ، وَاجْعَلْنَا مِنَ الرَّاشِدِينَ

ئەمە نزایەکی سەردارمانە کەوا لە قورئانەوە وەرگیراوە.

 

قورئانی کەریم لە پەسنی هاوەڵاندا دەفەرموێت:

وَاعْلَمُوا أَنَّ فِيكُمْ رَسُولَ اللهِ لَوْ يُطِيعُكُمْ فِي كَثِيرٍ مِنَ الأَمْرِ لَعَنِتُّمْ وَلَكِنَّ اللهَ حَبَّبَ إِلَيْكُمُ اْلإِيمَانَ وَزَيَّنَهُ فِي قُلُوبِكُمْ وَكَرَّهَ إِلَيْكُمُ الْكُفْرَ وَالْفُسُوقَ وَالْعِصْيَانَ أُولَئِكَ هُمُ الرَّاشِدُونَ…

بەم ئایەتە پەسنی ئەو باڵا بەرزانە دەکات، ئەمە نزایەکی سەردارمانە، کاتێک ئەم ئایەتە دەبیستیت، پێموایە ویژدانی ئێوەش دەڵێت مادام ئەو نزایەکی وەهای کردووە، کەواتە دەبێت منیش هەمان نزا بکەم.

 

خودایە ئیمانم لەلا خۆشەویست بکە، اَللَّهُمَّ حَبِّبْ إِلَيْنَا الْإِيمَانَ وَزَيِّنْهُ فِي قُلُوبِنَا

خودایە ئیمان لە دڵەکانماندا بە شێوەیەکی وەها بڕازێنەوە و بینەخشێنە کە لەگەڵ هەر سەیرکردنێکماندا سەرمان پێی بسوڕمێت.

تەواوی ئەو شتانەی ئیمان گوزارشتی لێدەکات بۆ ئێمە، ئەو شتانەی شیکاری بۆ دەکات، لە سایەی ئەو ئیمان و مەعریفەتەوە، لە سایەی ئەو خۆشەویستی(محبة) و چێژە ڕۆحانیەوە، شتانێکی وەها لەبەردەمماندا هەڵدەڕێژرێن، بە شێوەیەک لە شێوەکان کاتێک سەیری ئەو پێشانگەیەت کرد، سەرت سوڕ دەمێنێت.

 

هەربۆیە دەڵێین اَللَّهُمَّ حَبِّبْ إِلَيْنَا الْإِيمَانَ وَزَيِّنْهُ فِي قُلُوبِنَا

 

پێچەوانەی ئەم نزایەش هەیە وَكَرِّهْ إِلَيْنَا الْكُفْرَ وَالْفُسُوقَ وَالْعِصْيَانَ، وَاجْعَلْنَا مِنَ الرَّاشِدِينَ

 

ئەمانە ڤایرۆسی بکوژی ئیمانن، کێچن، هەروەها کوفریشمان بە شیوەیەکی قێزەون پێ پشان بدە، واتە لە ناخماندا بەرامبەر کوفر قێز و بێز دروست بکە.

یاخود هەرچیەک کەوا دەمانبات بەرەو کوفر، وَكَرِّهْ إِلَيْنَا الْكُفْرَ وَالْفُسُوقَ ، دەرچوون لەو چوارچێوەیەی الله وەک ئەندازەیەک لە بۆ ئێمەی داناوە بە “فسق” ناو دەبرێت، لە بناغەشدا مادام خودا ئێمەی بە شایستەی “احسن تقویم” دروست کردووە، چوارچێوەکەی ئاشکرا و دیارە.

کاتێک دەچیتە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە، ئیدی لە پێگەی خۆت دەکەویتە خوارەوە.

هەروەها وشەی “فسق” لە بەرامبەر مشک و زیندەوەرە زیانبەخشەکانی ناو ماڵیش بەکاردەهێنرێت کە لە کونی دیوارەکانەوە دێنە دەرەوە، هەربۆیە پێیان دەوترێت ” فَوَاسِقُ الْبُيُوتِ”، واتە ئەو فاسقانەی لە کون و درزی دیواری ماڵەکانەوە دێنە دەرەوە.

هەرکەسێک لە شیرازەی دیاریکراوی خۆی دەربچێت، بە کەسێکی فاسق ناو دەبرێت.

خودایە ئەو جۆرە کارانەشمان بە ناشرین پشان بدە،  وَكَرِّهْ إِلَيْنَا الْكُفْرَ وَالْفُسُوقَ وَالْعِصْيَانَ

عصیانیش بریتیە لە سەرکەشی بەرامبەر خودا؛ ئەمەش بریتیە لە  هەموو کارێکی ناڕەوا، گوناح، درۆ، بوختان، ساختەکاری، پاشقول گرتن لە کەسێکی تر، هەڵگرتنی نەفرەت و کینە بەرامبەر کەسێکی تر، ئەنجامدانی خراپە بە هۆی حەسودیەوە، ئەنجامدانی کارگەلێکی وەها کە کوفریش پێت ئەنجام نادات.

پەنا بە خودا…

والعصیان، خودایە ئەمانە قێزەون بکە لەلامان.

وَالْعِصْيَانَ، خودایە ئەمانەمان لەلا بە قێزەونی پشان بدە، وَاجْعَلْنَا مِنَ الرَّاشِدِينَ، بمانگێڕە بەوانەی گەشتون بە پێگەشتن.

ڕشد لە زمانی عەرەبیدا بە کەسێک دەڵێن کە بتوانێت دەستی ڕاست و چەپی خۆی لە یەک جودا بکاتەوە، ئیدی پێش و دوای دەستی خۆی دەزانێت و دەزانێت چی چیە، جوان و ناشرین لە یەک جودا دەکاتەوە.

 کاتێک شتی جیاواز دێتە کایەیەوە، دەزانێت چیەتی هەریەکەیان چۆنیە.

هەربۆیە خودایە لەو جۆرە کەسانەمان بگێڕە. ئەوەش بریتیە لە توانای جیاکردنەوەی باشە لە خراپە.

خۆ گەر بە گوێرەی گوزارشتی زانایانی ئصولی دین دەریببڕین:

سەرفرازمان بکە بە ئەقڵێکی جوان(حسن العقل).

واتە  فەرسەخ فەرسەخ دورمان بخەوە لە هەموو ئەقڵێکی بڵح و ناشرین(قبح العقل).

بەڵێ، مرۆڤ گەر دڵی بەو زاتەی کە پێویستە دڵی پێبدات، پێموایە ئیدی جگە لەو پشت لە هەموو شتێک دەکات، ئیدی هەموو شتێک دەخاتە ژێر پێکانیەوە، گەرچی وشەی سەما گونجاو نیە، بەڵام دەڵێم:  هەموو شتێک دەخاتە ژێر پێکانی و سەمایان لەسەر دەکات. ئەمە لە ڕوویەکەوە بە فەزیلەت ناو دەبرێت؛ واتە ژێر پێخستن و سەما و هەڵپەڕکێ لەسەر ئارەزووە دونیایەکان.

**

کەسی دڵسۆز و بە ئیخلاس، ئەو کەسەیە لە کاتی ئەنجامدانی کاری چاکەدا حەز بە پەسنی مرۆڤەکان ناکات، هەرکەسێک پەسنی بکات بە جوێندانی دەزانێت…

 

**

دەڵێن ئەمە وتەیەکی حەزرەتی عیسایە، حەزرەتی پیریش یەکێکە لەوانەی لەسەر ئەو ڕێگایەیە.

وەک وتوویەتی:

من منم بە دڵ نیە، ئەوەی منیشی بە دڵ بێت، بەدڵم نیە.

 

گەر کاری چاکەت کرد و بوویتە هۆکاری کاری چاکە،  ئەوا لە جیاتی ئەوەی تێبینی ”  بوویتە جێدەرکەوتی چاکە “ت لەلا دروست ببێت، پێویستە تێبینی  “بوویتە ڕاڕەوی کاری چاکە”ت لەلا دروست ببێت، بۆ نمونە مرۆڤ کاتێک لەبەردەم خۆردا دەوەستێت، ئەو شەبەنگانەی لە خۆرەوە دێن دەیداتەوە، هەربۆیە تیشکی شەبەنگەکە بۆ خۆرەکە دەگەڕێتەوە.

گەر وانیە؛ ئەوا بڕۆرەوە تونێلە تاریکەکانی خۆت، بزانە هیچ شوێنەواری ئەو تیشکە دەمێنێت!؟

ئەمەی بە خۆی وتووە.

فەخر و شانازی بەوەوە مەکە کەوا خزمەتی دینت کردووە.

لە حەدیسی شەریفدا هاتووە:

اِنَّ اللّهَ لَيُؤَيِّدُ هذَا الدِّينَ بِالرَّجُلِ الْفَاجِر

واتە خودا هەندێک جار بە دەستی پیاوێکی خراپەکاریش پشتگیری ئەم دینە دەکات.

 

لەبەر ئەوەی تۆش کەسێکی پاڵفتەکراو نیت لەلایەن خوداوە، پێویستە خۆت بەو پیاوە خراپەکارە ببینیت، وتەبێژی سەدە وا دەڵێت.

ئەو مرۆڤە گەورەیە…

وابزانم هەتا سەرەوە بڕۆین، ئەم حاڵەتە ڕۆحیە لە خەلیفە ڕاشیدەکانیشدا بەدی دەکەین.

لە بابەتی “ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆتدا” گەر ئەو بابەتەتان خوێندبێتەوە دەیزانن.

هەتا زیاتر بچنە سەرەوە، ئەم جۆرە هەستە زیاتر چڕ دەبێتەوە.

 بە شێوەیەکی وەها چڕ دەبێتەوە، کە ئیتر مرۆڤ لە ژیریدا دەپلیشێتەوە. هەربۆیە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، بە شێوەیەک کەوا سەرنجی دایکە عائیشەمانی ڕاکێشاوە فەرمویەتی: يَا مُقَلِّبَ الْقُلُوبِ ثَبِّتْ قَلْبِي عَلَى دِينِكَ، يَا مُصَرِّفَ الْقُلُوبِ صَرِّفْ قُلُوبَنَا إِلَى طَاعَتِكَ…

ئەی ئەو خودایەی کە دڵەکان هەڵاوەگێڕ دەکەیت، دڵمان لەسەر دینەکەت جێگیر بکە.

تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی وا دەڵێت، ئەو مرۆڤەی کە “بوون” لەبەر خاتری ڕووی سوری ئەو هێنراوەتە بوون، هەندێک تێبینی لە ڕووی ئەودا وەک بێ ڕێزی وەهایە، بەڵام ئەو وەک گوزارشت لە ڕێزی خۆی بەرامبەر پەروەردگار ئەمەی وتووە، هەروەها لە ڕێگەی وتنی ئەمەوە ئاماژە بە گرنگی ئەو بابەتە دەکات، هەروەها وانەیەک دەدات بەو مرۆڤانەی کە لە دوای خۆیەوە دێن.

واتە دەفەرموێت بڵێن:

يَا مُقَلِّبَ الْقُلُوبِ ثَبِّتْ قَلْبِي عَلَى دِينِكَ

 

ئەی ئەو خودایەی کە دڵەکان هەڵاوەگێڕ دەکەیت، دڵمان لەسەر دینەکەت جێگیر بکە.

 

کاتێک دایکە عائیشەمان بە سەر سوڕمانەوە هۆکاری ئەم نزایەی سەردارمان دەپرسێت، سەردارمان لە وەڵامدا دەفەرموێت:

اَلْقَلْبُ بَيْنَ إِصْبَعَيْنِ مِنْ أَصَابِعِ الرَّحْمَنِ، يُقَلِّبُ كَيْفَ يَشَاءُ

واتە دڵ لە نێوان دوو پەنجەی ڕەحماندایە، ئەمانە دەربڕینن لەسەر شێوازی لێکچواندن، وەک لەوێشدا ئاماژەم پێداوە، واتە لە مرۆڤدا دەست چی کارێکی هەیە، چاو ، گوێ، دەم چی کارێکیان هەیە، لە زاتی ئولوهیەتیشدا بە بێ چەند و چۆن، لە چوارچێوەی پاکوبێگەردی و پیرۆزیدا، چەند سیفاتێکی بەرزی بێگەردی پیرۆزی ئیلاهی هەیە، کە ئەو کارانە ئەنجام دەدات.

پێویستە بەم شێوەیە لە بابەتەکە بڕوانین، ئەوەی ئێوە لە بازنەیەکی بەرتەسکدایە، لە سێبەری ئەودایە، ئیدی ئەو کارانە لە ڕێگەی کام ئەندامەوە ئەنجام بدەن، تەنیا شتانێکن کە گوزارشت لە بناغەی ئەسڵی ئەو کارانە دەکەن لەلای زاتی ئیلاهی.

هەر بۆیە بەم شێوەیەش فەرمویەتی:

اَلْقَلْبُ بَيْنَ إِصْبَعَيْنِ مِنْ أَصَابِعِ الرَّحْمَنِ، يُقَلِّبُ كَيْفَ يَشَاءُ

دڵ لە نێوان دوو پەنجەی ڕەحماندایە و بۆ هەر لایەک بیەوێت دەیسوڕێنێت و هەڵاوەگێڕی دەکات.

هەربۆیە پێویستە جارێکی تریش بڵێین:

يَا مُقَلِّبَ الْقُلُوبِ، ثَبِّتْ قُلُوبَنَا عَلَى دِينِكَ

 

 ئەی ئەو خودایەی کە دڵەکان هەڵاوەگێڕ دەکەیت، باشترینی براکانم، دۆستەکانم، لایەنگران،   ئەوانەی خۆشیان دەوێین، ئەوانەی لە چواردەوری دونیا ئامادەن و ئەوانەی لە داهاتوودا دێن، ئەوانەی ئامادەی کارن و مەیلیان هەیە، ئەوانەی خۆشەویستیان لە دڵدا هەیە، دڵی هەر هەموویان لەسەر دینەکەت جێگیر بکە.

ڕووی هەر هەموویان بەرەو کاری چاکە وەربگێڕە.

حەزرەتی پیریش دەفەرموێت:

نزایەکی پڕ ئیخلاسی کۆمەڵێک کەس، سەرفرازی گشتی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

پێموایە هەموو کەس لە ڕێگەی دروستکردنی کۆرسی ئەم بابەتەوە، گەر بەم شێوەیە دەنگی هەڵببڕێت، الله بە گەورەیی خۆی ئەو نزایەیان قبوڵ دەکات، چەشنی بەردەکانی ناو گومەزە، کە سەریان بە یەکەوە ناوە، پێویستە پاڵپشتی نزاکانی یەکتر بین، ئەم کارە چیە؟

بەمە دەڵێن” هاوبەشێتی لە کاروباری ئاخیرەتیدا”. جگە لە ئوستاد ئەم دەربڕینەم لەلای کەسی تر نەبینیوە. وتەبێژی سەدە ئەمە دەڵێت، لەبەر ئەوەی ئەمە ڕەچەتەی دەردەکانمە، خودا ئەمەی خستۆتە سەر زاری وتەبێژی سەدە.

ڕەچەتەکە بە گوێرەی ئەم سەدەیەیە.

دەفەرموێت پێویستە هاوبەشێتی لە کاروباری ئاخیرەتیدا بکەین. بۆ نمونە من دەمەوێت هەموو ڕۆژێک قورئانی کەریم خەتم بکەم، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، بۆ نمونە ئیمامی ئەبو حەنیفە، لە دوو ڕکاتدا هەموو قورئانی خەتم دەکرد، ئیدی نازانم هەموو کاتێک ئەمەی دەکرد یاخود نا.

مرۆڤگەلێکی وەها لە سایەی سەیرکردنی سەرداری ڕۆحی مرۆڤایەتیەوە پێگەشتون مەپرسە، گەر شافعیش بهێنیت و بیخەیتە هەمان تای تەرازوەوە، دەڵێیت وای خودایە ئەمانە چەند لە یەک دەچن.

دەڵێیت ئەم ئەوە یاخود بە پێچەوانەوە؟!

گەر ئیمامی مالیک یاخود ئەحمەدی کوڕی حەنبەل وەربگریت، یەحیای کوڕی مەعین، بوخاری، موسلیم، ئەبو داودی سجیستانی و نەسائی وەربگریت، دەڵێیت وای خودایە چەندە لەیەک دەچن، الله هەموویانی چەشنی یەک دروست کردووە.

لە ڕوی پێکهاتەی مەعنەویانەوە، لە ڕووی فراوانی ڕۆحیانەوە، لە ڕووی قوڵایی ناخیانەوە، لە ڕوی ژیانی دڵ و ڕۆحیانەوە، لە ڕووی لە لوتکەدا بوونی تەواوی ئەم لایەنانەیان، هەموویان لە یەک دەچن.

**

هەروەها لە شوێنێکی تردا دەفەرموێت:

چۆن سەدەقە بەڵا و موسیبەت دەگێڕێتەوە، نزای پڕ ئیسخلاسی کۆمەڵێک کەس، سەرفرازی گشتی بە دوای خۆیدا ڕادەکێشێت.

مادام ئەمە ڕەچەتەی ئەم کارەیە، ئەوەی لەسەر شانمانە ئەوەیە ئەم ڕەچەتەیە بەکاربهێنین، نزایەکی پڕ ئیسخلاس بکەین، هەتا  خودا سەرکەوتن و سەرفرازی گشتی و گەشتن بە ڕزگاریمان پێ ببەخشێت.

بۆ نمونە دەمانەوێت قورئانی کەریم خەتم بکەین. خۆزگە توانای ئەوەم دەبوو لە شەوێکدا خەتمی هەموو قورئان بکەم، لەوە دەچێت لەم بابەتانەدا فراوانبوونی کاتیش ڕوو بدات، کەسێک دەناسم کە باوەڕم بە قسەکانی هەیە، وتی :

لەبەردەممدا کاتژمێرێک هەبوو، تەواوی ئەو نوێژانەی لە ڕابردوودا ئەنجامم دابوو، قەزام دەکردەوە، ئەو ڕۆژەش نیەتم هێنا کەوا ٤٠ ڕکات بگێڕمەوە، کاتێک ٤٠ ڕکاتەکەم تەواو کرد و سەیری کاتژمێرەکەم کرد، بینیم تەنیا ٥ خولەک تێپەڕیوە؛ ئەمە بریتیە لە فراوانبوونی کات.

 

گەرچی ئەم شتانە ناچنە ئەقڵی ئێمەوە، بەڵام کات و شوێن، شتانێکی ڕێژەیین، لەو شتە بەرتەسکانەدا خودا فراوانیەکی وەهات پێدەبەخشێت، ئیدی لەوێدا سەرت سوڕ دەمێنێت.

ئیدی دڵ وابەستەی سوڵتانێکی وەها نەبن، دڵ وابەستەی کێ دەبن؟

مادام خۆمان ناتوانین کارێکی وەها بە تەنیا بکەین، ئەوا کارەکە لە نیوان خۆماندا دابەش دەکەین و دەڵێین:

براکەم تۆ جوزئێک بخوێنە، تۆش جوزئێک و فڵانیش جوزئێکی تر، ڕۆژی عەلی بخوێنێت، ڕۆژێک وەلی و ڕۆژێک ئەبوبەکر…

بەم شێوەیە دەتوانیت لە یەک ڕۆژدا قورئانی کەریم خەتم بکەیت، ئیدی هەمووتان وەک ئەوەی هەر ٣٠ جوزئەکەتان خوێندبێت، پاداشت وەردەگرن.

بەمە دەوترێت” هاوبەشێتی لە کاروباری ئاخیرەتیدا”.

بۆ نمونە دەتوانن شتانێکی تریش بەم شێوەیە بخوێننەوە، گەرچی هیچ شتێک ناگات بە قورئان چونکە ئەو کەلامی ئیلاهیە، بەڵام شتانێک هەن کەوا لەوەوە دڵۆپەیان کردووە. ئیدی لە سەردارمانەوە هەتا دەگاتە خەلیفە ڕاشیدەکان

 

 

لە هاوەڵانەوە بیگرە هەتا دەگاتە وەلیە گەورەکان، هەتا ئەبداڵ و ئەوتاد و قوتب و غەوسەکان، هەتا دەگاتە ئەوانەی لە پاش مەرگیان هەڵسوکەوتیان هەر ماوە، ئیدی لە غەوسی گەیلانیەوە هەتا دەگاتە ئەبول حەسەن ئەلحەرەقانی، عاقیلی مەنبیجی، شەیخی حارانی، بە ڕای هەندێکیش مەعروفی کەرخی. ناوی حەزرەتی خاوەن شکۆ وتەبێژی سەدەم لە بیرچوو، ئەمەش بگێڕنەوە بۆ بێ ئیدراکی قیتمیر.

ئەمانە لە پاش مەرگیشیان هەڵسوکەوتیان هەر بەردەوامە و  ئەمانە لە سەرچاوەوە وەریان گرتووە و بە گوێرەی قورئان بابەتەکانیان بە فلتەردا بردووە.

هەرچیەکیان وتووە لەسەر ڕێچکەی قورئان وتوویانە. شاهی گەیلانی و محمد بەهائونەقشیبەندیش هەروای کردووە.

سەیری ویرد و زیکرە قودسیەکانی شاهی گەیلانی بکەن. ویردەکانی شاهی گەیلانیان لەسەر شێوازی کتێب بڵاو کردۆتەوە، لە “قلوب الضارعة” تەنیا چەند ویردێکی تێدایە.

تەواوی ویردەکانی لە چوارچێوەی نامیلکەیەکدا کۆکراوەتەوە کە ئەستوریەکەی هێندەی پەنجەیەک دەبێت.

هەروەها سەیری حەسەن شازەلی بکەن، سەیری زەینول عابدین، ئیسماعیل حەلوەتی، موستەفا بەکری صدیقی، ئەمانە بابەتەکانیان بە پاڵاوگەی قورئاندا تێپەڕاندوە و وتوویانە: ئامان شتێک نەبن کەوا دژی قورئان و ئەو ڕێسا و بناغە سەرەکیانە نەبن کەوا سەردارمان دایناوە”. بە گوێرەی ئەمە ئەو شتانەیان بە خودا وتووە کە ویستوویانە بیڵێن.

کاتێک وشەکانیان هەڵبژاردووە، بە گوێرەی ڕێفەرانسی قورئان وشەکانیان هەڵبژاردووە.

هیچ کەسێکیش ناتوانێت هاوشێوە سەردارمان زیکر و ویرد بڵێتەوە، هەربۆیە  لەسەر شێوازی ئەو زیکر و ویردەکانیان ئەنجامداوە.

 

هەربۆیە ئەوان سێبەری ئەسڵەکەن، “مجموعة الاحزاب”…

خودا لە حەزرەتی گیوموشخانە ڕازی بێت، لەسەر شێوازی ٣ بەرگ دایناوە…

پاشان حەزرەتی پیری موغان، شەمعی تابان، ڕۆشنکەرەوەی هیممەت، ئەو ٣ بەرگە لە ١٥ ڕۆژدا خەتم دەکات. گەرچی ئەمە ئەقڵی من نایبڕێت، بەڵام ئەمەیە فراوانبوونی کات.

هەستاوە بە نوسینی ئەو هەموو پەیامە، ١٣٠ پارچە پەیامی نوسیوە، هەروەها هەر ١٥ ڕۆژ جارێک ئەو کتێبە ٣ بەرگیە دەخوێنێتەوە.

 

پاشان هەندێک شوێنی ڕاست دەکاتەوە، زۆرێک لە شوێنەکانی ڕاست کردۆتەوە، پاشان هەندێک لە هاوڕێکانی ئێوەش هەندێک شوێنی تری ڕاست دەکەنەوە و هەندێک ویردی لێ وەردەگرن.

“القلوب الضارعة” بە واتای ئەو دڵەی دەناڵێنێت و کروزەی دێت بە چەشنی نەی دەناڵێنێت و دڵەکانیش لەگەڵی دەناڵێنن، بەم شێوەیە کۆمەڵێک ویرد و نزای هێناوەتە مەیدان.

لەبەرچی باسی تەواوی ئەم بابەتانەم کرد، لە پشتی ئەم چەنەبازیەمەوە، قافیەیەکی بەم شێوەیە هەیە:

مومکین نیە بتوانین لە ڕۆژێکدا تەواوی ئەم کتێبە بخوێنینەوە، چونکە نزیکەی ٧٠٠ لاپەڕەیە.

گەر ٢٤ کاتژمێر دانێن بۆ خوێندنەوەی هێشتا تەواو نابێت، چونکە زۆر جار تاقیکراوەتەوە، کاتێک ١٠ لاپەڕە دەخوێنیتەوە، ٣٠ تا ٤٠ خولەکی پێدەچێت. گەر هەموو وشەیەکی بە بیرکردنەوەوە بخوێنیتەوە، یەک کاتژمێری پێدەچێت. گەر بە تەواوی بیر لە هەموو وشەیەکی بکەیتەوە لە کاتی خوێندنەوەدا، گەر بەو هەستەی لەبەردەم خودادا وەستاویت و بە شعوری ئیحسانەوە بیخوێنیتەوە، یەک کاتژمێر دەخایەنێت. ئیدی خۆتان حسابی بکەن کە چەند کاتژمێری پێدەچێت. بەڵام لەم بابەتەدا شێوازێکی ئاسان هەیە، هاوبەشێکی لە کاروباری ئاخیرەتیدا، ١٠ لاپەڕەی عەلی، ١٠ لاپەڕە وەلی و ١٠ لاپەڕەش بۆ فڵان کەس و ١٠ لاپەڕەی تریش بۆ فیسار کەس…

بەم شێوەیە دەتوانن کتێبێکی گەورە لە نێوان خۆتاندا بەش بکەن، بەم شێوەیە دەتوانن هەموو ڕۆژێک ئەو کتێبە تەواو بکەن، ئیدی تەواوی ئەو ویرد و زیکرانەی لە دەفتەری ویرد و زیکرەکانی مرۆڤدا دەنوسرێت بە هۆی خوێندنەوەی تەواوی ئەو کتێبەوە، هەر هەمووی هەڵدەڕێژرێتە ناو دەفتەری ویرد و زیکرەکانیەوە.

بە لێزمە و شەستە چەشنی نەی دەڕژێتە ناوی، مادام ڕێگەی قازانجی بەم شێوەیە هەیە، لەبەرچی خۆمان مەحکوم بە مەودایەکی بەرتەسک بکەین.

با خۆمان مەحکوم نەکەین؛ بە بەرتەسکی شوێن و خۆمان. با بە گوێرەی فراوانی ڕۆحمان باڵەکانمان بکەینەوە و چەشنی قومریەک لە شەقەی باڵ بدەین و بەرەو بەرایی ئاسمان هەڵبفڕین. بەرەو ئاسۆی دورتر و دورتر و دورتر هەڵبفڕین، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا.

 گەر بەو ڕادەیە خەریکی پاڕانەوە و کڕوزانەوە بین لە بەرامبەر جەنابی حەقدا، ئیدی وەک ئەوە وەهایە خوێمان بەسەر ئەو ڕێگایەدا ڕشتبێت کە براکانی ترمان بەسەریدا دەڕۆن هەتا هەڵنەخلیسکێن، وەک دەزانن ئەمڕۆ ڕێگاکان زۆر بەستویەتی…

 

هەربۆیە پێویستە لەگەڵ براکانماندا یەک دەم بین و نزاکانمان چەشنی کۆرس لێبکەین، ئەو زاتەی سەرپەرشتی ئەم سەمفۆنیەی دەکرد هات و ڕۆشتووە،  دەتوانن وەها بیری لێبکەنەوە کە ئێستاش لە بەردەمتانە و بە مەقامێکی دیاریکراو دەیڵێتەوە.

دەتوانن سەیری شێوازی خوێندنەوەی بەدیعوزەمان بکەن؛ ئیدی لەسەر شێوازی سەبا، عوشاق، راست، حوزام، سێگا، حیجاز وتوویەتی، ئێوەش بە هەمان شێوە، لەسەر شێوازی کۆرس، هەمان شت پێشکەش بە خودا بکەنەوە.

 

 

 

ئەمە چەشنی ئەوەیە خوێ بەسەر ئەو ڕێڕەوەدا بڕێژیت کە لەگەڵ براکانتاندا بە هاوبەشی لەسەری دەرۆن.

جا خوێ چیە؟ لەوە دەچێت ئەویش ببێتە هۆی هەڵخلیسکان، ڕاستتر وەهایە بڵێین وەک ئەوەیە شتێک بەسەر ڕێگاکەدا بڕێژین کە تەواوی بەفرەکان بتوێنێتەوە. ئیدی هەرچیەک بەفر لە بەفرێتی خۆی بخات، ئیدی زنجیر بە پێکانتانەوە دەبەست یاخود هەر شتێک کە هەنگاوەکانتان لە شوێنی خۆی جێگیر بکات، ئەمەش ببەستنەوە بە تێبینیەکەی کەمێک پێش ئێستاوە: يَا مُقَلِّبَ الْقُلُوبِ، ثَبِّتْ قُلُوبَنَا عَلَى دِينِكَ…

بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا.

ئێستا بەم دەستورەی هاوبەشێتی لە کاروباری ئاخیرەتیدا، دەتوانن یەکەکان بکەن بە هەزار و ملیۆنان، ئەمانەش شتانێکن کەوا لە حەنانیەت، مەنانیەت، ڕەحمانیەت، ڕەحیمیەتی ئەو چاوەڕوان دەکرێت. ئێمەش چاوەڕێی دەکەین. سەرمان لەسەر ڕێگەی ڕەحمانیەت و ڕەحیمیەتی ئەودایە.

دەناڵێنین و سەرمان بە دەسکی دەرگای ئەوەوە ناوە، بە کزانەوەی دڵمانەوە لە دەسکی ئەو دەرگایە دەدەین. بە توزانەوەی دڵمانەوە لەو دەرگایە دەدەین. یاخود بە هەستی ئیحسانەوە دەستی لێ دەدەین، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، ئەم گێژەڵوکە و تۆفانە کاتیانە، یەک یەک دێن و دەڕۆن، ئەو قاچانەی ئێستا لەسەر سەرەکان وەستاون، یەکە بە یەکە دەکەونە سەر زەمین. تیشکەکان دێن و تاریکیەکان دەڕەوێننەوە بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا…

” دەنگی ئاهەنگی سازی تیشکەکان لە ئاسۆ، هاڕەی لە تاریکی هەڵساندووە، لە هەموو لایەکیش دەنگی زوڵاڵی نورانی دەبیسترێت” خودا ئەو ڕۆژانەمان پشان دەدات!

با بەم نزایەش کۆتایی پێبهێنین:

يَا حَيُّ يَا قَيُّومُ بِرَحْمَتِكَ نَسْتَغِيثُ، أَصْلِحْ لَنَا شَأْنَنَا، وَلاَ تَكِلْنَا إِلَى أَنْفُسِنَا طَرَفَةَ عَيْنٍ، وَلاَ أَقَلَّ مِنْ ذَلِكَ، وَلاَ إِلَى أَحَدٍ مِنْ خَلْقِكَ…

ئەی ئەو الله یەی “حی” و “قیوم”یت، بِرَحْمَتِكَ نَسْتَغِيثُ ،سواڵ لە ڕەحمەتی تۆ دەکەین، دەستمان کردۆتەوە و سەرمان لە دەرگای تۆ داناوە، داوای هەرچیەک بکەین هەر لە تۆی داوا دەکەین، بِرَحْمَتِكَ نَسْتَغِيثُ، وَلاَ تَكِلْنَا إِلَى أَنْفُسِنَا طَرَفَةَ عَيْنٍ، هێندەی چاوتروکاندنێک ئێمە لەگەڵ خۆمان و نەفسمان بە تەنیا جێمەهێڵە!

تەنانەت لە ساتێکی کەمتریش لە چاوتروکانێک،   بە تەنیا لەگەڵ نەفسی خۆمان بەجێمان مەهێڵە، لە ڕیوایەتێکی لاوازیشدا هاتووە: بە تەنیا بۆ هیچ کەسێکش بەجێمان مەهێڵە!

الله لە حەقی زاڵمان بێت مەزلومانیش بە چاودێری و بەخشندەیی و لوتفی خۆی سەرفراز بکات.

طُوبَى لِمَنْ عَرَفَ حَدَّهُ، وَلَمْ يَتَجَاوَزْ طَوْرَهُ

 خۆشبەختی بۆ ئەوەی سنوری خۆی دەزانێت و پێ بە قەد بەڕەی خۆی ڕادەکێشێت.

 

 

 

       

 

 

 

137 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە