بیروڕاهەواڵ

دوا گەشتی م.سەعید نورسی و کۆچی دوایی…

لە دەمی ئابرا بایرام یوکسەلەوە کە هەتا دوا ساتی ژیانی لەگەڵ گەشتی مامۆستا سەعید نورسی بووە، باسی دوا گەشتی مامۆستا و کۆچی دواییەکەی دەکەین:

“… ئێمە لەگەڵ ئابرا تاهیردا ڕێکەوتبووین. وتمان کە ئێمە ڕۆشتین دەرگاکە لە پۆلیسەکان مەکەرەوە و بخەوە. چونکە گەر دەرگا لە پۆلیسەکان بکاتەوە ئەوا یەکسەر دەیخەنە ژێر لێپرسینەوە و بۆیان دەردەکەوێت کە بەرەو کوێ رۆشتووین.

ئابرا تاهیریش دەرگایان لێناکاتەوە و پۆلیسەکانیش دەچنە لای خاوەن ماڵەکەوە و دەپرسن کەوا مامۆستا بۆ کوێ ڕۆشتووە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: من چوزانم خۆ پاسەوان نیم، ئێوە چاودێری دەکەن کە بۆ کوێ دەڕوات، گەر ئێوە نەزانن ئەوا من لە کوێ بزانم…

کە لە گەراج دەرچووین باران دەباری، زۆریش لە پارێزگاری کۆنیا دەترساین، چونکە بەردەوام لە ڕۆژنامەکان پڕوپاگەندەی بڵاو دەکردەوە و دەیوت” دەبێت ڕەگی نورچیەکان لە بێخەوە دەربکێشین”.

 

(ئەم قسانە چەند هاوشێوەی قسەکانی ئەمڕۆیە؟! زۆر بوون ئەوانەی هەوڵی دەرکێشانی ڕەگی خزمەتیاندا لە بێخەوە، بەڵام بابەتێک کەوا خودای لە پشتبێت و مۆڵەتی دابێت، گەر هەموو شەیتانەکانی دونیا کۆ ببنەوە بۆ لەناوبردنی، گەر مۆڵەتی خودای لەسەر نەبێت ناتوانن بەری پێ بگرن. ئەوە مۆمێکە خودا هەڵیگیرساندووە، بە فوی دەم ناکوژێتەوە. سەیرکەن ئێستا کێ تاجی سەرە و کێ بە لەعنەتەوە یاد دەکرێتەوە).

دیسان دەگەڕێینەوە لای ئابرا بایرام یوکسەل:

لە ترسی پارێزگاری کۆنیا، بە مەبەستی دەفعی بەڵا، تەواوی ئەو ڕێگایە ئایەتول کورسیمان خوێند. کاتێک گەشتینە ئێغردیر، بارانەکە بە خوڕتر دەباری. کاتێک بە بەردەم بنکەی پۆلیسدا ڕۆشتین، بە هۆی توندی بارانەکەوە چووبوونە ژوورەوە و ئێمەیان نەبینی.

کاتێک گەشتینە شەرقیکەرائاغاچ تابلۆی ئۆتۆمبیلەکەمان لە قوڕ هەڵکێشا و کەس نەیبینین. کاتێک لەو ناوچەیە تێپەڕین، ئوستاد حاڵی کەمێک باشتر بوو. لە ئۆتۆمبیلەکە هاتە خوارەوە و دەستنوێژی تازە کردەوە و گەڕایەوە. پاش چەند کیلۆمەترێک، کانیەکی لێبوو کە بەردێکی گەورەی لە پەنادا دانرابوو، لەوێدا نوێژێکی ئەنجامدا. پێش ئەوەی بگەینە کۆنیا زیکر و ویردەکانی تەواو کرد و حاڵی زۆر باش بوو. کاتێک گەشتینە باخەکانی مەرام، ئوستاد دیسان حاڵی تێکچوەوە. هیچ قسەیەکی بۆ نەدەکرا، کە گەشتینە کۆنیا، لای بەقاڵێک هەندێک پەنیر و زەیتونمان کڕی. بە تەمابووین لە کاتی بەربانگدا بیخۆین و ئوستاد خۆی پارەکەی دا.

دواتر لە بەربانگ وتی” کوڕەکانم من زۆر نەخۆشم، ئێوە لە جیاتی من بیخۆن”.

بە پشتیوانی خودا لە کۆنیا کەس چاوی پێمان نەکەوت و لە نزیک مزگەوتی مەولاناوە، دیسان ڕێگەی ئەدەنەمان گرتە بەر. کەرەپنارمان تێپەڕاند و پێش ئەوەی بگەینە ئێرئێغلی، ئوستاد سەری هێنایە پێشی ئۆتۆمبیلەکە و بە گوێی من و ئابرا زوبەیردا وتی:

ڕۆڵەکانم ئێوە هیچ خەمتان نەبێت، پەیامەکانی نور، پشتی بێ دین و ماسۆنەکانی شکاندووە. پەیامەکانی نور هەردەم سەرکەوتوو دەبن و ئێوە هیچ خەمتان نەبێت”، ئەمەشی چەند جارێک دوبارەکردەوە. هەندێک شتی تریشی وت، بەڵام زۆر بە ناڕەحەت دەمانتوانی لە قسەکانی تێبگەین.

دواتر وتی” ئەمانە لە من تێنەگەشتن، ئەمانە لە من تێنەگەشتن، ئەمانە لە من تێنەگەشتن، ئەمانە ویستیان من تێکەڵی سیاسەت بکەن”.

پێش ئەوەی بگەینە ئێرەلی، نوێژی عەسرمان کرد. بەڵام ئوستاد لەناو ئۆتۆمبیلەکەدا نوێژەکەی کرد.  نوێژی ئێوارەش گەشتینە ئولوکشلا، ئوستاد وتی:

لێرە دەتوانین کەمێک نان بخۆین؟!

 

 

چووینە چێشتخانەیەک و کەمێک پڵاومان کڕی، ویستمان خواردنێک لە پڵاوەکە بۆ مامۆستا دروست بکەین. لە دوای ئۆتۆمبیلەکەماندا سێپایەک و غازێکمان پێبوو، بەڵام قاچێکی شکاو و زستانێکی زۆر ساردیش بوو. کاتێک گەشتینە ناوچەی پۆزانتی، کارمەندێکی هێڵی شەمەندەفەرمان بینی کە سۆبایەکی داگیرساندبوو، چوومە لایی و پێموت: تکات لێدەکەم نەخۆشمان لەگەڵدایە، پارەکەی چەندە دەیدەم، بەس با ئەو خواردنەی پێمانە گەرمی بکەینەوە. ئەویش فەرمووی لێکردین.

ئابرا زوبەیر و مامۆستا لەناو ئۆتۆمبیلەکە مانەوە، من و حوسنی برام ئاوی خواردنەکەمان چۆڕاند و کەمێک ڕۆنە کەرەمان پێبوو، بە کەوچێکی چا تێمان کرد و کەمێک هێلکە و ماستیشمان تێکەڵ کرد. بەڵام مامۆستا کەوچکێکی لێخوارد و وازی لێهێنا، لە قوڕگی نەدەچووە خوارەوە. شەو گەشتینە ئەدەنە و پاشان گەشتینە جەیهان. لەو زەمانەدا ڕێگا بە ناوەڕاستی جەیهاندا تێدەپەڕی، ئێمەش لە قەراغ جەیهان نوێژی خەوتنانمان ئەنجامدا.

حوسنو یەک کاتژمێر خەوت، چونکە بەردەوام ئۆتۆمبیلی لێدەخوڕی، پارشێو گەشتینە عوسمانیە، لە بەنزیخانەیەکیش بەنزینمان تێکرد. پاشان پارشێومان کرد. ئوستاد دیسان هیچی نەخوارد. نوێژی بەیانیمان لەسەر کانیاوێک ئەنجامدا و ئوستاد دیسان لەناو ئۆتۆمبیەلەکدا نوێژی کرد. هەتا ئەو کاتە بە شاخی گاور ناویان دەبرد، بەڵام دواتر بە هۆی نوێژەکەی ئوستادەوە، ناویان گۆڕی بە شاخی نور.

سەرلەبەیانی کاتژمێر ٧:٣٠ گەشتینە غازیعەنتەب. لە چێشتخانەیەک شۆربامان کڕی و پاشان پرسیاری ڕێگاکەم لێکردن. لە غازیعەنتەب هیچ پشوویەکمان نەدا، لەبەر ئەوەی بەفرێکی زۆر باری بوو، ڕێگاکان پڕ قوڕ و چڵپاو بوون و تێکچوو بوون. زۆربەی ئۆتۆمبیلەکان لە ڕێگا چەقیبوون یاخود کوژابوونەوە. بەڵام ئێمە نە ئۆتۆمبیلەکەمان تێکچوو، نە تایەمان تەقی. بە چەشنی ڕەشەبا بە ڕێگادا دەڕۆشتین. لەبەر ئەوەی کاکە زوبەیر و کاک حوسنی زۆر لە ئورفا ژیابوون، ڕێگاکەیان باش دەزانی. کاتێک گەشتینە ئورفا کاتژمێر ١١ ی پێش نیوەڕۆ بوو.

یەکسەر چووینە مزگەوتی کادیئۆغلو، چونکە لەوێ ئابرا عەبدوڵا یەغینی لێبوو. لە نزیک مزگەوتەکە وەستاین و ئابرا زوبەیریشمان ڕۆشت بۆ بانگکردنی ئابرا عەبدوڵا.

 

ئوستاد وتی” با بڕۆین کاتی چاوەڕێ کردنم نیە”

ئیدی نازانم ئوستاد بە چی حیکمەتێک بوو، حەزی نەدەکرد لەوێ چاوەڕێ بکات.

گەشتینە هۆتێلی ئیپەک پالاس، ژمارەیەکی زۆری خەڵک هاتن بە دەممانەوە، زۆریان ئوستادیان نەدەناسی، چووینە ژێر شانەکانی ئوستاد و لەو جێگایەی دەبوو بخەوێت ڕامانکشاند، ژوری ژمارە ٢٧ بوو.

لەبەر ئەوەی مانگی ڕەمەزان بوو، خەڵکی ئورفا خەریکی خەتمی قورئان بوون. خەڵک بیستیان ئوستاد لە هۆتێلی ئیپەک پالاسە، هەموویان بە لێشاو بەرەو هۆتێلەکە دەهاتن.

زۆرێک لە خەڵکەکە وتیان:

لەبەر چی هەواڵی هاتنی ئوستادتان بە ئێمەش نەدا، ئەگەرنا دەهاتینە غازیعەنتەب و پێشوازیمان لێدەکرد.

سەردانێکی زۆری خەڵک دەستی پێکرد، ئابرا زوبەیر بە سەرە خەڵکی دەکردە ژوورەوە. منیش دەستی ئوستادم گرتبوو، ئەوان هەوڵی ماچکردنی دەستیان دەدا و ئوستادیش سەری ماچ دەکردن، حەزیان نەدەکرد لە خزمەتی بڕۆن، ناچار من پێمدەوتن کەوا بڕۆن، هەتا یەکێکی تریش بێت. بەڵام خەڵکەکە دەیانوت ئەوە نیە ئوستاد خۆی دەستی گرتووین و ناهێڵت بڕۆین، بەڕاستیش ئەوە شتێک بوو کە پێشتر لە ئوستادمان نەدیبوو.

نە لە ئیسپارتە و نە لە ئەمیرداغ، لە کاتی نەخۆشیدا چاوی بە کەس نەدەکەوت. کاتێک لە ئیسپارتە نەخۆش کەوت، وتمان ئوستاد بە فڵان ئابرا بڵێین هەتا بێت بۆ لات؟

لە وەڵامدا وتی : نەخێر، با کەس جگە ئێوە نەزانێت.

بەڵام لە ئورفا بە پێچەوانەوە بوو، حەزی دەکرد چاوی بە هەموویان بکەوێت. ئێمەش نەماندەزانی هۆکارەکەی چیە، هەربۆیە هەموو خەڵکی ئورفا سەردانیان کرد. سەرباز، کاسپکار  و هەموو خەڵک هاتنە سەردانی و چاویان پێی کەوت. ئوستاد هەم بەرگەی ئەو هەموو خەڵکەی گرت و هیچ خەوی لێنەکەوت. ئێمەش نەخەوتین، حوسنوی براشمان وتی: با ئۆتۆمبیلەکە ببەمە شوێنێکی باش و منیش لەلای ئوستاد مامەوە. ئێمە بەسەرە لەگەڵ ئابرا زویبەیردا ئاگامان لە ئوستاد بوو، لە کاتی چاودێردا نەدەخەوتین. دواتر دوو پۆلیس هاتنە هۆتێلەکە و پرسیان کەوا شۆفێرەکە لە کوێیە؟ وتیان پێویستە بە زووترین کات بڕۆین بۆ شاری ئیسپارتە و ئورفا جێبهێڵین. ئێمەش وتمان ئوستاد نەخۆشە و ئێستا ناتوانین بڕۆین.

پاشان ١٠ تا ١١ پۆلیسی تر هاتن و هەمان شتیان دووبارە کردەوە، ئێمەش وتمان با بە ئوستاد بڵێین، کاتێک باسی وەزعەکەمان بۆ کرد، پۆلیسەکانی بانگ کردە ژوورەوە.

پۆلیسەکان هاتنە ژوورەوە و وتیان:

فەرمانی وەزیری ناوخۆیە، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئیسپارتە.

ئوستادیش وتی:

زۆر سەیرە، من بۆ مردن هاتومەتە ئەم شارە، لەوە دەچێت بمرم. ئێوە حاڵی من دەبینن، بەرگریم لێبکەن”.

پۆلیسەکان وتیان” ئێمە تەنیا فەرمانبەرداری سەروی خۆمانین، هیچمان لە دەست نایەت”.

حوسنوی براشمان ئۆتۆمبیلەکەی هێنایە بەردەم هۆتێلەکە، محمود ئەفەندی خاوەنی هۆتێلەکەش پاڵی بە پۆلیسەکانەوە نا و وتی: ئێوە بە چی حەقێک میوانی هۆتێلەکەی من دەکەنە دەرەوە.

 

لەم نێوەندەدا خەڵکیش بە بیستنی هەواڵی دوور خستنەوەی مامۆستا خرۆشان. کاتێک بە خەڵکەکەمان وت دەیانەوێت بە زۆر ئوستاد ڕەوانەی ئیسپارتە بکەن، زیاتر جۆش و خرۆشانیان تێکەوت.

خەڵک بە توڕەییەوە هاواریان کرد:

چۆن دەبێت میوانێکی ئاوەها قەدرگران لە کاتی سەرەمەرگدا هەڵبستێنن و بینێرن بۆ شوێنێکی تر. وەزعەکە زۆر ئاڵۆزا و ئیدی پۆلیس نەیدەتوانی بێتە ناو هۆتێلەکەوە.

دواتر پۆلیسەکان هاتن و تکایان کرد کە شۆفێرەکە بێت و ئۆتۆمبیلەکە لەبەردەمی هۆتێلەکە لا ببات، کاتێک شۆفێرەکەمان ئۆتۆمبیلەکەی دوور خستەوە، بارودۆخەکە هێور بوویەوە، خەڵکیش دەستیان کردەوە بە سەردانی مامۆستا. ئیدی هەموو چینەکانی خەڵک، لە سەرباز و ئەندامانی پارتە سیاسیەکان و کاسپکار و هەموو چین و توێژەکانی خەڵک دەهاتن و دەیانوت” دەمانەوێت ئوستاد ببینین، دەمانەوێت ئوستاد ببینین”.

پاشان پزیشکێک لە ئاسایشەوە هات هەتا پشکنین بۆ مامۆستا بکات، بەڵام پێش ئەوەی پشکنینەکەی ئەنجام بدات ناردیانەوە، چونکە دەیانزانی گەر پزیشکەکە بیبینێت، ڕاپۆرتیان سەبارەت بە باشی تەندروستی مامۆستا پێنادات. بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێکی پزیشکی لەو شێوەیەشی پێنەدرێت، پزیشکەکەیان ناردەوە.

فەرماندەی هێزەکانی ئاسایش هات و تکای لێکردین کە بڕۆین، هەروەها داوای کرد کە خۆیشی چاوی بە ئوستاد بکەوێت و پاشان وتی:

ئوستاد زۆر سەر ئێشەیە، پێی بڵێن لە سەرەوە فەرمان هاتووە کە ئێرە بەجێبهێڵێت. خۆ گەر بە ئۆتۆمبیلەکەی خۆی نەڕوات، ئەوا بە ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن دەیگوازینەوە.

ئێمەش وتمان” نەخۆشیەکەی ئوستاد زۆر توندی کردووە. بەرگەی ئەوە ناگرێت ٢٤ کاتژمێری تریش بە ئۆتۆمبیل گەشت بکات. ئێمە ناتوانین هیچ لە ئوستاد بکەین، ئەو بە تەواوی پەکی کەوتووە”.

ئەویش وتی:

” لەوێوە هەتا ئێرە چۆن هاتووە هەرواش دەبێت بگەڕێتەوە، لە سەرەوە فەرمان هاتووە و دەبێت هەر ئێستا لە ئورفا دەربچن”.

 

ئێمەش لە وەڵامدا وتمان” ئێمە ناتوانین زۆری لێبکەین بۆ کارێک. ئێوە خۆتان وەرن و پێی بڵێن، گەر ئەو پێمان بڵێت با بڕۆین ئێمەش بە قسەی دەکەین. ناشتوانین فەرمانەکەی ئێوەی پێڕابگەیەنین”.

پۆلیسەکان و فەرماندەکەیان دەستیان کرد بە قیڕاندن و وتیان” واتای چیە ئێوە ناتوانن هیچی پێبڵێن، ناتوانن بچوکترین شتیشی پێبڵێن؟!”

“بەڵێ گەورەم ناتوانین، ئوستاد هەرچی بڵێت وەک خۆی وشە بە وشە پەیرەوی لێدەکەین”.

“ئێمەش گوێ لەسەروی خۆمان دەگرین، دەبێت لە ماوەی ٢ کاتژمێردا ئێرە چۆل بکەن و بگەڕێنەوە بۆ ئیسپارتە”.

لەم ساتانەدا هەواڵی هەوڵی دەرکردنی ئوستاد لە ئورفا، لە ناو خەڵکدا بە خێرایی بڵاو بوویەوە.

مەهمەت هەتیپئۆغلو کە سەرۆکی پارتی دیموکرات بوو لە ئورفا، دەچێتە بنکەی پۆلیس و بە توندی لە بەڕێوەبەری بنکەکە توڕە دەبێت.

هەتیپئۆغلو پێیان دەڵێت:

” گەر ئوستاد لەم شارە دەربکەن ئەوا من لە دژتان دەوەستمەوە، وەک ناتوانن دەست بۆ تاڵە موویەکی ببەن، لە هەمان کاتدا ناتوانن یەک هەنگاو بیجوڵێنن، ئەو میوانی ئێمەیە”.

“گەورەم لەسەرەوە فەرمان هاتووە، دەبێت بە زوترین کات ئێرە جێبهێڵێت”.

“ئاخر چۆن دەبێت بگەڕێتەوە، هێندە  نەخۆشە ناتوانێت لە شوێنی خۆی بجوڵێت. کەسێکی زۆر بەڕێزە، وەک میوان هاتووە بۆ ئێرە، میوان میوانی خوایە، پێویست  بەم شێوەیە لە سەرکوت کردن ناکات”.

بەڕێوەبەری پۆلیس دیسان قسەکەی دووبارە دەکاتەوە  و دەڵێت” گەورەم لە ئەنقەرەوە فەرمانێکی قەتعی هاتووە، دەبێت هەرچی زووە ئێرە بەجێبهێڵێت”.

هەتیبئۆغلوش لەم کاتەدا توڕە دەبێت و دەمانچەکەی لەسەر مێزەکە دادەنێت.

هەروەها نزیکەی ٥ تا ٦ هەزار کەس لەبەردەمی هۆتێلەکەی مامۆستا کۆبوونەوە و ئێمەش بە پەلە ڕامان کردە نەخۆشخانە هەتا پزیشک ڕاپۆرتێکمان پێبدات کەوا ئوستاد ناتوانێت بە ئۆتۆمبیل گەشت بکات.

پزیشکی نەخۆشخانەش کاتێک هاتە لای ئوستاد بە پۆلیسەکانی وت” ئێوە بە چی غیرەتێکەوە دەتانەوێت ئوستاد ببەن، بەم حاڵەوە ناتوانێت بۆ هیچ شوێنێک بڕوات، تایەکی ٤٠ پلەیە. ئێوە بەیانی کاتژمێر ٩ وەرنە نەخۆشخانە هەتا ڕاپۆرتێکتان پێبدەین،  چونکە ئەم زاتە بەم حاڵەیەوە ناتوانێت بۆ هیچ شوێنێک بڕوات”.

 

ئێوارە هەرچیەکم کرد نەمدەتوانی خۆم بە پێوە ڕابگرم. منیش باسی حاڵی خۆمم بۆ ئابرا زوبەیر کرد و ئەویش وتی: برام تۆ بڕۆ بخەوە.

وابزانم دوو کاتژمێر خەوتم، ئابرا زوبەیر هەڵیساندم و وتی: یەک هەفتەیە بە باشی نەخەوتووم، با منیش تۆزێک بخەوم.

منیش وتم وەرە تۆش بخەوە و من چاودێری مامۆستا دەکەم. لەگەڵ ئابرا حوسنو پێکەوە بووین و ئابرا زوبەیر خەوی لێکەوت.

ئابرا حوسنوش وتی: خەریکە دەکەوم بە زەویدا، چیدی هێزم نەماوە.

منیش وتم: تۆش بڕۆ، من ئێستا باشم.

من بە تەنیا لەگەڵ ئوستاد مامەوە، دەرگاکەمان بە کلیل داخستبوو. ئوستاد سەر لە بەیانی لەبەر ئەوەی تای هەبوو، داوای سەهۆڵی کرد، ئێمە بە دوای سەهۆڵدا گەڕاین و نەماندۆزیەوە، دواتر هەندێک لە هاوڕێکانمان لە شوێنێک پەیدایان کرد و هێنایان.

وتمان ئوستاد سەهۆڵمان پەیدا کرد، بەڵام نەیویست. وتمان با چات بۆ بهێنین، بە ئیشارەت پێی وتین کەوا ئەویشی ناوێت. لێوە موبارەکەکانی ئوستاد وشک دەبوویەوە، منیش بەردەوام بە دەسڕێکی تەڕ دەمسڕی، هەتا ئەو کاتە تای بەو شێوەیەی لێنەهاتبوو.

کاتژمێر دوو نیوی شەو بوو، من ئوستادم داپۆشی و ئەویش خەوی لێکەوتبوو. بۆ ئەوەی ئوستاد ناڕەحەت نەبێت، دەستڕێکم خستە بەردەم تیشکی چراکە هەتا تیشکەکەی کەمتر ببێتەوە.

ئوستاد ماوەیەک ملی گرتم، منیش دەستیم بۆ دەشێلا، لەو کاتەدا دەستی خستە سەر سنگی و خەوی لێکەوت. منیش لەبەر ئەوەی ئوستاد خەوی لێکەوت، سۆباکەم هەڵکرد، دواتر چوومە لای خواری قاچەکانی مامۆستا و چاوەڕێی ئەوەم دەکرد لە خەو بە ئاگا بێتەوە. بە خۆمم وت ئێستا براکانی تریشمان دێن و پێکەوە پارشێو دەکەین.

ئاخر نەمدەزانی ئوستاد کۆچی بەرەو عالەمی ئەبەدی کردووە. چاوی بە ڕووی ئەم دونیا فانیەدا داخستووە. قەت شتێکی وەهام بەسەر نەهاتبوو چۆن بزانم، وەفاتی مامۆستام وەک خەو لێکەوتنی هاتە پێش چاو…

 

***

هەریەک لە ئابرا زوبەیر و حوسنو هاتن و وتیان: “بایرام ئێمە خەومان لێکەوتبوو، منیش وتم ئێوە وەرن با نوێژەکەم بکەم و چوومە ئەو ژوورەی کە ئەوانی لێخەوتبوون. ویستم کەمێک بخەوم، بەڵام هەریەک لە ئابرا زوبەیر و حوسنو هاتن و وتیان:

بایرام ئوستاد هیچ دەنگێکی لێوە نایەت”.

منیش وتم: وازی لێبهێنن خەوتووە، مەهێڵن سەرمای بێت”.

دواتر دیسان هاتنەوە و پێکەوە ڕۆشتینە لای سەری ئوستاد، سەیرمان کرد ئوستاد هیچ دەنگێکی لێوە نایەت و لاشەشی زۆر گەرم بوو. لەو کاتەدا زۆر شڵەژاین.

ئابرا زوبەیر وتی:

ئوستاد زۆر جار وای لێدێت و پاشان چاک دەبێتەوە. بەڵام من زۆر خەمم دەخوارد لەو کاتەدا. کەسمان شتی وەهای بەسەر نەهاتبوو. پاشان ئابرا زوبەیر وتی:

لە ئورفا ئیمامێکی خەڵکی ئێلازیغی لێیە ناوی عومەر ئەفەندیە. با هەواڵ بنێرین بێت بۆ ئێرە، چونکە ئەو شارەزایە. کاتێک هات وتی:

ئێمە هەموومان لای خوداوە هاتووین و لە کاتی خۆیدا بۆ لای ئەو دەگەڕێینەوە، براکانم ئوستاد وەفاتی کردووە”.

ئێمە بە هیچ شێوەیەک باوەڕمان بە وەفاتی ئوستاد نەدەکرد. چونکە لە ساڵی ١٩٤٩ لە زیندانی ئافیۆن ژەهرانخواردیان کرد، زمانی سوور بوویەوە و ئێمەش بەردەوام دەگریاین. ئابرا زوبەیر و جەیلانیش پێکەوە بووین. لەو کاتەدا ئابرا ئەحمەد فەیزیشمان لەگەڵدا بوو کە پێی وتین:

کورە ئێوە بۆ دەگرین، ئوستاد تەمەنی زۆر درێژە.

 

لەو کاتەدا قسەکەی ئەحمەد فەیزیم بە بیر هاتەوە و وتم: تۆ بڵێیت تەمەنی ئوستاد هەر درێژتر بێت لەوەی ئێمە چاوەڕێمان دەکرد، بەم شێوەیە دڵنەوایی خۆمم دەکردەوە و ئەمەشم بە کەس نەدەوت.

 

ئابرا زوبەیر و حوسنو لەلای ئوستاد ڕۆشتن و بە تەلەگراف هەواڵی وەفاتیان بۆ شوێنە جیاوازەکان دەنارد.

بەیانی خەڵک دیسان دەستیان کردەوە بە سەردانی ئوستاد و منیش لە پەنجەرەکەوە پێم وتن کەوا ئوستاد خەوتووە. ئوستادمان بە سەرچەفێک داپۆشیبوو، پاش کەمێک خاوەنی هۆتێلەکە هات و هەر کە لە سوچێێکی دەرگاکەوە بینی، یەکسەر تێگەشت. وتی ئەی هاوار ئوستاد وەفاتی کردوە، پاشان دەستی کرد بەوەی لە خۆی بدات.

کاتێک پۆلیسەکان چاویان بە خاوەنی هۆتێلەکە دەکەوێت، لێی دەپرسن کەوا لەبەرچی شڵەژاوە؟

ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت” ئوستاد بەدیعوزەمان وەفاتی کردووە”.

پاشان تەواوی هێزەکانی جەندەرمە کە بە مەبەستی گواستنەوەی ئوستاد بۆ شاری ئیسپارتە هاتبوون، بەردەمی هۆتێلەکەیان چۆڵ کرد، بەڕێوەبەری پۆلیسیش بۆ زانینی ڕاستی هەواڵەکە، پزیشکێکی ڕەوانەی هۆتێلەکە کرد.

کاتێک پزیشکەکە هات و سەیری کرد سەری سوڕما، وتی: بەڵێ ئوستاد وەفاتی کردووە، بەڵام تایەکی زۆر بەرزی هەیە. پاشان داوای ئاوێنەیەکی لێکردین، ئێمە کە بۆمان هێنا و خستە بەردەمی ئوستاد، بە هۆی ئەوەی هیچ هەناسەیەکی نەدەدا، لە وەفاتەکەی دڵنیا بوویەوە.

بەڵام پزیشکەکە وتی من جارێک لێرە دەمێنمەوە و بۆ هیچ شوێنێکی مەبەن، هەتا باش دڵنیا نەبم راپۆرتەکەم نانوسم. لە ڕاستیدا ئێمەش حەزمان نەدەکرد بۆ هیچ شوێنێکی ببەین.

پاشان دادوەرێک هات بە مەبەستی پشکنین و، کەوا و مێزەر و بەرماڵەکەی ئوستادی تۆمار کرد و فەرمانی کرد کە بیدەین بە براکەی.

دواتر هەزاران کەسی خەڵکی ئورفا، بە بیستنی هەواڵەکە لەبەردەم هۆتێلەکە کۆبوونەوە. هەموو دەستەکان لەسەر تەلەفۆن و تەلەگرافەکان بوون و هەواڵی وەفاتی ئوستادیان بڵاو دەکردەوە. مەهمەت هەتیبئۆغلو لەگەڵ کەسانی ناوداری ئورفا، بڕیاری ئەوەیاندا کە لە مەرقەدێکی گەورەی ئورفا(دەرگاه) ئوستاد بشۆن و هەر لەوێش بە خاکی بسپێرین.

لە پاش نوێژی نیوەڕۆ، تەرمی موبارەکی ئوستادمان لە هۆتێلەوە گواستەوە بۆ مەرقەدی گەورەی ئورفا و بە هۆی قەرەباڵغیەوە، بە دوو کاتژمێر گەشتینە شوێنی مەبەست.  هەموو خەڵکی ئورفا دوکانەکانیان داخست و بۆ مەراسیمی بە خاک سپاردنی ئوستاد هاتن. کاتێک جەنازەی ئوستاد هەستا، من و حوسنوی برام بووراینەوە…

خەڵکی ئورفاش باسیان لەوە دەکرد، کە هەرگیز لە ئورفادا قەرەباڵغی وەها بەدی نەکراوە.

کاتێک گەشتینە مەرقەدەکە، لەبەر قەرەباڵغی زۆر بە نارەحەت توانیمان بچینە ناوەوە. لەبەر ئێمە خەڵکەکە کەناریان گرت و شوێنیان بۆ کردینەوە، لە ژوورەوە ئوستادمان شۆری و تەرمی مامۆستا لەلایەن مەلا عەبدولحەمید ئەفەندیەوە شۆردرا.

مەلا عەبدولحەمید کە زانایەکی بەناوبانگی ئەو کاتەی شاری ئورفایە بەم شێوەیە باسی یادەوەریەکی خۆی دەکات:

” لە مزگەوتی کادیئۆغلو لە “اعتکاف” دا بووم، ئوستاد هاتە خەوم و پێی وتم: من دەمرم و دەبێت تۆ بێیت بمشۆیت. منیش وتم ئوستاد ئاخر من لە ئیعتیکافدام و چۆن دەبێت ئێرە بەجێبهێڵم. خۆت دەزانی لە دیندا جائیز نیە کەوا شوێنی ئیعتیکاف بەجێبهێڵیت. ئەویش لە وەڵامدا وتی: لە کتێبی “ملتقی الابحر” ڕێگە بە کارێکی لەو شێوەیە دراوە و دەتوانیت سەیری لاپەڕەی فڵان بکەیت. کاتێک سەیرم کرد، بە ڕاستیش ئەوەم بینی کە ڕێگە بە کارێکی لەو شێوەیە دراوە. منیش لە ئیعتیکاف هاتمە دەرەوە و شەرەفی شۆردنی تەرمەکەیم بە نسیب بوو”.

مەلا عەبدولحەمید ئەفەندی لەسەر مەزهەبی شافیعی بوو، هەریەک لە خزمەتکارەکانی مامۆستا، من و زوبەیر و حوسنوش یارمەتیماندا، لەوێشەوە چووینە مزگەوتی گەورەی ئورفا هەتا خەتمی لەسەر بکەین، پێکەوە جەنازەکەمان برد.

تەرمی مامۆستا ئەو شەوە لە مزگەوت مایەوە، خەڵکانێکی زۆر لە دیاربەکر، ئێلازیغ، عەنتەب و ئەدەنەوە هاتن و هەتا بەیانی خەتمیان لەسەر کرد. سەرەتا بڕیاربوو ڕۆژی هەینی تەرمەکەی بە خاک بسپێرین، بەڵام بە هۆی قەرەباڵغیەوە پاشگەز بووینەوە. پاشان هەواڵی ئەوەمان پێگەشت کە پەڕلەمانتارەکانی ئیسپارتە داوایان کردووە کەوا تەرمی مامۆستا لە ئیسپارتە بنێژرێت. خەڵکی ئورفاش وتیان: ئێمە ڕازی نابین  بەوەی تەرمی ئوستاد لێرە بڕواتە دەرەوە.

سات لە دوای سات لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوەی تورکیا خەڵک دەهاتن بۆ بەشداری لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی تەرمی مامۆستا و شەرەفەدین ئەتاک پارێزگاری ئورفاش بانگی کردین و وتی”

تکاتان لێدەکەم کەوا تەرمی مامۆستا بنێژن، بڕیاربوو ڕۆژی هەینی ئەم کارە بکەن، ئێستا لە ناوخۆی وڵات و دەرەوە خەڵکانێکی زۆر دێن بۆ ئێرە، هەربۆیە تکاتان لێدەکەم لە دوای نوێژی عەسر بە خاکی بسپێرین”.

 

ئیدی لە پڕێکدا لە بڵندگۆکانی شارەوانیەوە ئەم بڕیارەیان بڵاو کردەوە.

هەرچەندە پێش ڕۆژێک بە خەڵکمان وتبوو کەوا ڕۆژی هەینی لە دوای نوێژی عەسر بە خاکی دەسپێرین، بەڵام دواتر لە بڵندگۆکانەوە ئەوەیان بڵاو کردەوە کە دوای نوێژی عەسری ڕۆژی پێنج شەممە بە خاک دەسپێردرێت. ڕۆژی پێنج شەممە لە دوای نوێژی عەسر، پارێزگاری ئورفا و سەرۆکی شارەوانیش بەشداریان لە نوێژی جەنازەی مامۆستا کرد.

لە کاتی بە خاک سپاردنی ئوستاد، خەڵک قەرەباڵغیەکی زۆریان دروست کرد. تەنانەت پارێزگاری ئورفا خەریک بوو ببێت بە ژێر دەست و قاچی خەڵکەوە. خەڵک زۆر بە ناڕەحەت جەنازەی مامۆستایان لە دەستی یەکتر بۆ وەردەگیرا هەتا بیخەنە ناو گۆڕەکەیەوە.

بە هۆی زۆری قەرەباڵغی خەڵکەوە، هێزە ئەمنیەکان داوایان لە سوپا کرد کە بە تانک چواردەوری ئورفا بگرن…

تێبینی: ئابرا واتە ئاغابرا، لە جێی (Abi) زمانی تورکی بەکار هاتووە.

 

 

863 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە