ڤیدیۆی بزاڤی خزمەتگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

هێزی ئارامگری

هێزی ئارامگری

کەسانێک هەن هەر ٥ نوێژەکەیان بە جوانی و ڕێکی ئەنجام دەدەن، هەیە بێجگە ٥ نوێژەکە، ٥ تریشی زیاد دەکات و بەرگەی ئەوانیش دەگرێت، تەنانەت لەو شەوە کورتانەشدا، شەوێکی نیە شەو نوێژی تێدا ئەنجام نەدات.

لە شەوە تاریکەکاندا، لە ناو ئەو تاریکیەدا بە دوای ڕوناکیدا دەگەرێت. بە دوای ڕۆشناییدا دەگەڕێت، بە دوای داگیرسێنەری ڕوناکیەکاندا دەگەڕێت، بە دوای الله دەگەڕێت.

بەڵام کەسانێک هەیە تەنانەت یەکجاریش لە ژیانیاندا ئەمەیان ئەنجام نەداوە، الله بە نسیبی ئەوانیشی بکات، تاریکیەکان، بەو ڕوناکیانەی لە تاریکی شەودا دەردەکەون ڕۆشن دەبنەوە، هەتا ئەو کاتەی دەگەن بە ژیانی بەرزەخ و ناو گۆڕ و ڕۆژی لێپرسینەوە، پێویستە شەوەکانتان بە نوێژەکانتان رۆشن بکەنەوە.

 

 هەندێک بەرگەی کەمێک دەگرێت، هەندێک بەرگەی زیاتر، هەموو کەسێک توانایەکی خۆگرتنی هەیە، هەموو کەسێک بە ڕادەی ئیمانی بە خودا، ئیرادەی خۆی پشان دەدات.

هەر لەبەر ئەوەشە خودا فەرمان بە سەردارمان دەکات کەوا ئارام بگرێت، گەرچی سوڵتانی وتەکان، حەزرەتی ئەیوب بە قارەمانی ئارامگری ناو دەبات، بەڵام گەر لە سەرو حەزرەتی ئەیوبەوە شتێک هەبێت بە کەسێکی ئارامگر بوترێت، ئەوە پێویستە بە نوێنەری ئارامگری ناوی ببەین، ئەو کەسەی بە تەواوی واتای باڵای خۆیەوە نوێنەرایەتی ئارامگری کردووە، حەزرەتی موستەفا محمد و احمد و محمودە،  هەر بۆیە خودا پێی دەفەرموێت:

وَاصْبِرْ وَمَا صَبْرُكَ إِلَّا بِاللَّهِ

سەبر بگرە و دان بە خۆتدا بگرە خۆشەویستم، خۆشەویستم خۆڕاگربە، وەک چۆن شاعیری بەناوبانگی ئێمەش دەڵێت:

فەرهاد بوەشێنە پاچت، زۆری ڕۆشت و کەمت ماوە…

تۆ دان بە خۆتدا بگرە کەمێکی ماوە بگەیت، فَاصْبِرْ إِنَّ وَعْدَ اللَّهِ حَقٌّ، ئارامبگرە بەڵێنی خودا حەق و ڕاستیە،

 وَاسْتَغْفِرْ لِذَنبِكَ وَسَبِّحْ بِحَمْدِ رَبِّكَ بِالْعَشِيِّ وَالْإِبْكَارِ…

وَسَبِّحْ بِحَمْدِ رَبِّكَ

حەمد و سەنا لەگەڵ حەمد و تەسبیحی خودا، زۆر یادی خودا بکەوە، داوای لێخۆشبوون بکە لە گوناحەکانت، بۆ ئەوەی خوداش یادی تۆ بکاتەوە ڕووی تێبکە، ئێوارە و بەیانیانی هەموو ڕۆژێک بە دەربڕینی تەسبیح و بێخەوشی بۆ خودا بڕازێنەوە، ئەمە  بە سەردارمان دەفەرموێت، دەفەرموێت ئارامبگرە و ئەم شتانە ئەنجام بدە، واتە عیبادەت و تاعەت بکە، ئارامبگرە و یادی خودا با ویردی سەر زارت بێت.

 

ئارامگرە لە بەرامبەر ئەو شتانەی لەلایەن ئەهلی دونیاوە ڕووبەڕووت دەکرێنەوە و دان بە خۆتدا بگرە، ئارامگرە و لە بەرامبەر موسیبەتەکاندا خۆڕاگربە، بەڵام وەک لەو ئایەتەی کردوومانە بە نەخشی سەر دیوارەکان:

يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اسْتَعِينُوا بِالصَّبْرِ وَالصَّلَاةِ ۚ إِنَّ اللَّهَ مَعَ الصَّابِرِينَ

دەفەرموێت لە بەرامبەر هەموو دەردەکاندا، پەنا بۆ نوێژ ببەن و دان بە خۆتاندا بگرن، هەروەها دەفەرموێت:

فَاصْبِرْ إِنَّ وَعْدَ اللَّهِ حَقٌّ ۚ فَإِمَّا نُرِيَنَّكَ بَعْضَ الَّذِي نَعِدُهُمْ أَوْ نَتَوَفَّيَنَّكَ فَإِلَيْنَا يُرْجَعُونَ

ئایەتی زۆر هاوشێوە هەیە لەوە دەچێت هەندێکیانم تێکەڵ کردبێت، ئارامبگرە بەڵێنی خودا حەق و ڕاستیە، خودا هەندێک لەو شتانەی بەڵێنی پێدابوویت پشانت دەدات،  یاخود وەفات دەکەیت و گیانت دەکێشین و لەم دونیایە دەتبەینەوە، فَاصْبِرْ لِحُكْمِ رَبِّكَ وَلَا تَكُن كَصَاحِبِ الْحُوتِ إِذْ نَادَىٰ وَهُوَ مَكْظُومٌ…

دەفەرموێت ئارامگربە، وەک پێغەمبەری ناو سکی حوتەکە مەکە، وەک یونسی کوڕی مەتتا مەکە، لە شوێنێکدا کە دەبوو پارێزگاری لە هێڵی خۆی بکات، بەجێیهێشت و ڕۆشت، خوداش ڕەخنەی لێدەگرێت.

گەر ئێمە شتێکی وەهامان بکردایە کێشەی تێدا نەبوو، بەڵام چونکە ئەو پیغەمبەرێکی نزیک لە خودا بوو، بەو هۆیەوە خودا ڕەخنەی لێگرت، توشی گلان بوو، دەفەرموێت وەک ئەو مەکە، خودا بەم ڕادەیە بە سەردارمان دەفەرموێت ئارامگربە، خۆ لە ڕاستیشدا ئارامگری بە ڕادەی ئیمانی هەرکەسێکە بە خودا.

 

لەوە دەچێت بە دڵی سەردارماندا هاتبێت کەوا خودا کەی ئەم کارەی خۆی بە پایان دەگەیەنیت؟

کەی نوری خۆی بڵاو دەکاتەوە، ئەگەر هەیە خودا لەم کاتەدا پێی فەرموو بێت :

خۆشەویستم ئارامبگرە، ئارامبگرە خودا لەگەڵ تۆیە، ئارامگریتان لە شوێنی خۆتان، دەتانگەیەنێت بە پلەی “لەگەڵ خودا بوون”.

بەوی فەرموو : ان الله مع الصابرین

الله ئێوە دەخاتە ناو یەدەکی خۆیی و لەگەڵ خۆی دەتانسوڕێنێتەوە و هاتوچۆتان پێ دەکات. خودا وەک چۆن یەدەکی خۆی زایە ناکات، ئێوەش زایە ناکات و فەرامۆشتان ناکات، ئیدی با ئاسمان هەر بەڵای لێبارێت و زەویش موسیبەتی لێهەڵبقوڵیت…

 

یاخود ١٠ قاتی ئێستا پەرستش و عیبادەتەکان لەسەرتان سەخت ببێت، یاخود هێندەی شاخ و داخەکان گوناح و سەرکەشی لەبەردەمتاندا هەڵڕێژرێت، یاخود دونیا بە هەموو باق و بریقیەوە لەبەردەمتاندا خۆی قوت بکاتەوە، یاخود هەر خەریکی ڕەنجکێشان و دەردەسەری بن، بەڵام هیچ کاریگەریەکی نەبینن، بەڵام الله لە یەدەکی “لەگەڵ بوونی خۆی” ئێوە هەڵدەگرێت و هەمیشە دەتانگێڕێت.

ئەمە وەک لێکچواندنی لێنەیەت، وەک چۆن دایکێکی بەسۆز و بە ڕەحم منداڵەکانی لە دەستی دانانێت هیچ کاتێک، تەنانەت لە مەترسیدارترین کاتەکانیشدا، لەو شوێنانەشی کە ناتوانیت بە هیچ شێوەیەک پێیدا بڕۆیت، چۆن منداڵەکانی لە خۆی دەگرێت و نایەڵێت هیچ زیانێکیان پێبگات، خوداش بەو شێوەیە ئاگای لە ئێوە دەبێت و هەر شوێنێکی زۆر مەترسیدار کە پێیدا دەڕۆن، پارێزگاری لە ئێوە دەکات و بێ ئەوەی زیانتان پێبگات لەگەڵ خۆی دەتانگیڕێ، گەر ئەم دەربڕینەم نەشیاوە خودا لێم خۆش بێت، ان الله مع الصابرین…

هەروەها هەندێکیشتان دەبنە جێگای خۆشەویستی خودا و لەگەڵ خۆشەویستانی خۆی هەڵتان دەگرێت و دەتانپارێزێت.

ان الله یحب الصابرین…

ئەمە لە شوێنێکدا وا دەفەرموێت، وَكَأَيِّن مِّن نَّبِيٍّ قَاتَلَ مَعَهُ رِبِّيُّونَ كَثِيرٌ فَمَا وَهَنُوا لِمَا أَصَابَهُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَمَا ضَعُفُوا وَمَا اسْتَكَانُوا ۗ وَاللَّهُ يُحِبُّ الصَّابِرِينَ

زۆر ڕوهبان و خۆبەخش بە خودا هەبوو، کەسانێک کە دڵوابەستەی حەق و حەقیقەتن، کەسانێک کە خۆیان بۆ خزمەتکردن تەرخان کردووە، قاتل معه، زۆر پێغەمبەر هەبوو، لەگەڵ ئەواندا، ئەم جۆرە کەسانە کە بە “ربیون” ناویان دەبەین، مرۆڤەکانی ڕۆح یاخود روهبانەکان،  فَمَا وَهَنُوا لِمَا أَصَابَهُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ

 

بە هۆی ئەو شتانەی بەسەریان هات توشی لاوازی و دەستەوسانی نەبوون، توشی سارد بوونەوە نەبوون، فَمَا وَهَنُوا لِمَا أَصَابَهُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ

لەسەر ڕێگای خودا توشی هەزار نشێوی و هەوراز بوون، دەستیان دایە یەخەی یەکتری، شەڕیان کرد، بەڵام بە هۆی ئەو شتانەی بەسەریان هات توشی ساردبوونەوە و خاوبوونەوە نەبوون.

وَمَا ضَعُفُوا

توشی لاوازیش نەبوون، وەک لاوازیش خۆیان پشان نەدا، وَمَا اسْتَكَانُوا…

لەبەردەم ڕووداوەکان و دوژمنەکانیان و هەوراز و نشێوەکان، ملیان کەچنەکرد و پشتیان نەشکا، تەسلیم نەبوون، وَمَا ضَعُفُوا وَمَا اسْتَكَانُوا…

دواتر وەک سەرئەنجامی ئەمە:

 

وَاللَّهُ يُحِبُّ الصَّابِرِينَ…

خودا کەسانێکی لەم جۆرە کە ئارامگر و دان بە خۆدا گرن خۆش دەوێت…

ئەمانە دەبنە خۆشەویستی خودا، لە ژێر قەڵغانی خودادا کۆ دەبنەوە، کەواتە لەم بابەتەدا ئەوەی لوتکەی لە هەمووان گرتووە، خۆشەویستی خودا، محمد رسول الله یە…

کەواتە ئەوانەی لەم ڕێگایەدا دان بە خۆیاندا دەگرن و سەبر دەگرن، دەگەن بە خۆشەویستی خودا، وَاللَّهُ يُحِبُّ الصَّابِرِينَ…

بە گوێرەی فەرمانی بێ خەوشی خودا، ئەوانیش دەچنە ڕیزی خۆشەویستەکانی خودا، الله لەو کەسانەمان بگێڕێت کە خستوونیەتە ڕیزی ئەوانەی لەگەڵی خۆیدان.

الله لە خۆشەویستانی خۆیمان بگێڕێت، لەوەش گرنگتر، لەو کەسانەمان بگێڕێت کە لە کاتی پێویستیدا ئارامگردەبن لەسەر شتانێک کە پێویستە ئارامگربن لەسەری.

مرۆڤ لە ڕێگەی ئارامگریەوە دەگات بە کەماڵ و کامڵێتی، مرۆڤە کامڵەکان بەرگەی ئەم تایبەتمەندیانە دەگرن، بەرگە گرتنی ئەم تایبەتمەندیانە سیفاتی مرۆڤە کامڵەکانە، کامڵ بوونیش بۆ ئەوەیە مرۆڤێکی بێ کەموکوڕیمان لێ دروست بێت کە ئامانجیش لە عیبادەت و تاعەتی خودا هەر ئەوەیە…

ئامانج لە عیبادەت دروستکردنی مرۆڤی کامڵە، بۆ ئەوەی بشبین بە مرۆڤێکی کامڵ، پێویستە دان بە خۆماندا بگرین و  ئارامگربین، ئەوانەی لە بەرامبەر ڕووداوەکاندا ئارامگردەبن و عاجزی نانوێنن، ئەوانە مرۆڤە کامڵەکانن.

 

 

 

 

 

160 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە