بیروڕاهەواڵ

سلیڤری، ئاسمان، شۆڕەبی…

 

سیلا تورکئۆنە کچی مومتەزەر تورکئۆنەی نوسەری پێشووی ڕۆژنامەی زەمان کە لە ماوەی ڕابردوودا سزای ١٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا درا بە هۆی نوسینەکانیەوە، باسی لە دوا چاوپێکەوتنی خۆیی و باوکی دەکات.

کچەکەی تورکئۆنە لە نوسینێکدا لە ژێر ناوی ” سلیڤری، ئاسمان، شۆڕەبی، چەند شتێک لەسەر ئێمە” باسی لە دوا دیداری خۆیی و باوکی کرد.

نوسینەکەی سیلا بەمشێوەیەیە:

  • ئێستا دەمانبەنە یاریگای چیمەنەکە
  • بۆ دەهێڵن دوو گۆڵی بکەن؟
  • نەخێر، بەڵام جگە ئەو شوێنە لە هیچ شوێنێکی ترەوە ناتوانین ئاسمان ببینین

 

ئەمە ئەو دیالۆگەیە کە هەفتەی ڕابردوو لە نێوان من و باوکمدا ڕوویدا. ٧٠٠ ڕۆژی ڕێک چاوی بە ئاسمان نەکەوتووە و دوا جار کە چاوی بە ئاسمان کەوتووە زۆر دڵی پێکراوەتەوە.

کاتێک باسی زیندانیکردنی خۆی دەکرد لە ساڵی ١٩٨٠ – لەو کاتەشدا کودەتای سەربازی ڕوویداوە- هەمیشە باسی لە دارێکی شۆڕەبی دەکرد کە لە ئۆتۆمبیلە سەربازیەکەوە سەیری کردووە. هەمیشە یادی زیندانی بەو دارە شۆڕەبیەوە دەکرد.

باشە دەبێت لە دارێکی شۆڕەبی و سەیری ئاسمانەوە چی بینیبێت؟ پێموایە هیوا. سەیرکردنی موعجیزەکانی خودا هیوا دەبەخشێت بە مرۆڤ. باشە چۆن دەبێت بەم ئاسانیە مرۆڤەکان هیوابڕاو بکرێن؟

ماوەی ٢ ساڵە هەمیشە هەوڵمانداوە خۆمان بە هیوایەکدا هەڵواسین، زۆریشمان هەوڵدا، ئێمەی کەسوکاری زیندانیکراوەکان کە بەشە لەبیرکراوەکەی ئەم چیرۆکەین، لەگەڵ دروستبوونی هەر هیوایەک و دواتر تێکشکاندنی، هەموو جارێک زیاتر ڕووخاین. وابزانم ئێستاش گەشتووینەتە دوا خاڵی هیوامان.

ئەم هیوایە تەنیا شتێک نیە پەیوەندی بە خۆمانەوە هەبێت، لە هەمان کاتدا هیوایە بەرامبەر ژیان و ئەو داهاتوویەی بۆی دەڕۆین. بە داخەوە ئەم قسەیە دەکەم، من هیچ هیوایەکم بەم وڵاتە نەماوە. ئێستا دەمەوێت باسی ڕووداوەکانی ئەم دوو ساڵە بکەم. نیەتی ئەوەم نیە بکڕوزێمەوە، تەنیا دەمەوێت هاوارێک لە ویژدانی ئەو کەسانە بکەم کە دەتوانن خۆیان بخەنە شوێنی مرۆڤێکی تر و لێیتێبگەن. چونکە دەزانم باوکم شتێک کە هەرگیز حەزی پێناکات لەم ژیانەدا ئەوەیە، کچەکەی بکڕوزێتەوە.

ماوەی ٢ ساڵە گەر کۆسپێکی گەورە لە بەردەممدا نەبوو بێت، هەموو هەفتەیەک سەردانی باوکمم کردووە لە زیندانی سلیڤری. هەموو جارێک بە شێوەیەکی بەهێزتر لە زیندانەوە هاتمە دەر، چونکە ئەو لە ژیانمدا یەکێکە لە بەهێزترین مرۆڤەکان کە بینیبێتم. ئێمە قەت هێزمان بەو نەدا، هەمیشە ئەو هێزی پێداین. تەنانەت چەندین جار سەردانم کرد هەتا هێزم پێبدات.

کاتێک دایکیشی وەفاتی کرد، من چوومە زیندان و هەواڵم پێدا، یەکێک بوو لە ڕۆژە ناخۆشەکانی ژیانم، چونکە ئەو پیاوە بەهێزە لە پڕێکدا ڕووخا و دەستی کرد بە گریانێک کە پێشتر لە ژیانمدا بەو شێوەیە نەمدیبوو، لە نێوان من و ئەودا جامێکی شووشە هەبوو، نەمتوانی باوەشی پێدا بکەم و فرمێسکەکانی بسڕم.

ئەمجارەیان کە ١٨ کاتژمێر بە ئۆتۆمبیل ڕۆشتبوو بۆ مەراسیمی بە خاکسپاردنی دایکی، بە داخەوە وەک ئۆتۆمبیلە سەربازیەکەی ساڵی ١٩٨٠ لەناو ئۆتۆمبیلەکەدا پەنجەرەیەکی تێدا نەبوو، هەتا بتوانێت دارە شۆڕەبیەکە ببینێت. لە کەسێکی نزیکی زیندانیەکی ترم بیست، کەوا  بەو ئۆتۆمبیلە دەڵێن تابوت. من نازانم ئێوە بە زیندووی قەت چوونەتە ناو تابوتەوە، بەڵام تەنیا بیرکردنەوە لێی، تۆقاندمی.

لە ماوەی دوو ساڵدا مەرگێک و ئاهەنگێک. ئەو ڕۆژەی کچە بچوکەکەی شووی کرد لەلای نەبوو. هیوای هەبوو، پێی وتم ” ئێوە ڕۆژی مارە بڕینەکە دیاری بکەن هەتا ئەو کاتە دێمە دەرەوە”. منیان لە باوکم داوا نەکرد، وابزانم ئەمە گەورەترین برینی ژیانی منە. هەرهەنگاوێکم بۆ دڵخۆش هەڵگرت بە نیوەناچڵی مایەوە، هەربۆیە بڕیاری ئەوەمدا ئاهەنگ نەگێڕم. هیوام لە حاڵی ئێستادا ئەوەیە” کە باوکم ئازاد بوو لە گوند ئاهەنگ بگێڕین و پێکەوە هەڵپەڕین”.

وەک پێم وتن هەتا داری شۆڕەبی و ئاسمانمان لێ دیار بێت ئێمە هەر هیوامان هەیە، چونکە ئێمە باوەڕمان بە موعجیزەی الله و دادپەروەریەکەیەتی. ماوەی ئەم دوو ساڵەش هەر سانیەیەک کە لە ژیانی منیان دزیوە، تەواوی ئەوانەی بوونەتە هۆکار، گەردنی کەسیان ئازاد ناکەم!

 

272 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە