هەواڵوێنە

ڕەنگەکانی دونیا لە واشنگتۆن کۆبوونەوە

شانزەهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی زمان و کەلتور(IFLC) کە ئەمساڵ لە واشنگتۆنی پایتەختی ئەمەریکا سازدەکرێت، بەردەوامی بە چالاکیەکانی دەدات.

فیستیڤاڵەکە لە ناوەندی هونەری هیلتۆنی سەر بە زانکۆی جۆرج ماسوون بەڕێوەدەچێت و، ژمارەیەک کەسایەتی ناوداری ویلایەتی ڤیرجینیا لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا ئامادە بوون. ئەنەس کانتەر یاریزانی یاری باسکەی خولی NBA   ئەمەریکی سپۆنسەری مەراسیمەکەیە و تێری کریوس ئەکتەری بەناوبانگی ئەمەریکی پێشکەشکاری بەرنامەکانی فێستیڤاڵەکەیە.

“پێشوازی لەم خوێندکارانە شەرەفێکی گەورەیە”

باربارا کۆمستۆک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا کە یەکێک بوو لە ئامادەبووانەی فێستیڤاڵەکە، پێشوازیکردنی کاربەدەستانی ویلایەتی ڤیرجینیا لە خوێندکارانی بەشدار لە فێستیڤاڵەکەدا، بە شەرەفێکی گەورە لە قەڵەمدا.

کۆمستۆک لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە هاوڵاتیانی ڤیرجینیا لە دانیشتوانی زۆر شوێنی جیاوازی دونیاوە پێکهاتووە و   پاشان وتی” زۆر گرنگە بە نیسبەت ئێمەوە میوانداری فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی بەم شێوەیە بکەین. کۆبوونەوەی ئەم  هەموو خوێندکارە بەهرەمەندەی لە شوێنە جیاوازەکانی دونیاوە هاتوون، هەستێکی جیاوازمان پێ دەبەخشێت سەبارەت بە ڕەنگاڵەترکردنی ویلایەتەکەمان”.

“دەستخۆشی لەو مامۆستایانە دەکەم کە ئەم خوێندکارانەیان پێگەیاندووە”

پەڕلەمانتارە ئەمەریکیەکە لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتی” لە چاوانی خوێندکارانی بەشدار لە فێستیڤاڵەکەدا بە ئاسانی جۆش و خرۆشیان دەبینین. من دەستخۆشی لەو مامۆستایانە دەکەم، کە هونەریان کردۆتە ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی ئەم هەموو خوێندکارە.من دەسخۆشی لە مامۆستا و پێگەیەنەری ئەم خوێندکارانە دەکەم”.

مارتی نۆحا بەڕێوەبەری ئیداری ناوچەی پرینس ویلیام ،کۆکردنەوەی گەنجان لە چواردەوری چالاکی هونەری و کەلتوری هاوشێوەی IFLC بە نیسبەت داهاتووە بە گرنگ لە قەڵەمدا و پاشان وتی ” بۆ دروستکردنی ئەم ساڵۆنە قەشەنگەی کە ئێستا تێیداین زۆر کۆششمان کرد، بە تایبەتی دروستمان کردووە بۆ ئەوەی مەراسیمی گرنگی وەک ئەوەی ئیستای تێدا بەڕێوەبەرین”.

نۆحا لە درێژەی قسەکانیدا وتی ” شەرەفێکی گەورەیە بۆ من کە لەگەڵ ئەم منداڵانەی لە هەموو دونیاوە هاتوون لەسەر یەک ستەیج وەستاوم. هیچ هۆکارێکی لەمە جوانتر نەدەبوو کە هەموومان بەهۆیەوە لە یەک شوێندا کۆ ببینەوە. من سوپاسی هەمووتان دەکەم کە ئەم فێستیڤاڵەتان لەم شوێنەدا ساز کرد”.

 

“پێویستە دایکان و ساوایانی زیندانیکراو ئازاد بکرێن”

تێری کریوس پیشکەشکاری بەرنامەکەش کۆبوونەوەی گەنجان و لاوانی لە چواردەوری فێستیڤاڵێکی هونەری و کەلتوری کە تواناکانی خۆیانی لە ڕوی موزیک و هونەرەکانی سەر شانۆوە تێدا پشان بدەن بە گرنگ لەقەڵەمدا و پاشان وتی” ئەم منداڵانە لەم کەشە ئاشتیانەدا زۆر شت لە یەکەوە فێر دەبن”.

 

کریوس پێش دەستپێکردنی گۆرانیەکی تایبەت بە دایکان و ساوایانی ناو زیندانەکانی تورکیا وتی ” لە تورکیا هەندێک ژن و منداڵ بە بێ ئەوەی مافی بەرگریکردنیان لە خۆیان پێبدرێت، هەموو مافەکان لێ زەوت کراوە  خراونەتە زیندانەکانەوە، دەبێت هەموویان ئازاد بکرێن”.

کریوس زوو زوو لەسەر تەختەی شانۆ بە پەسنەوە باسی لە چالاکیەکانی خوێندکارانی بەشدار لە فێستیڤاڵەکە دەکرد و دەیوت” دەتوانین شتی باش و خراپیش فێری منداڵان بکەین، لەم پڕۆگرامەدا ئەوە پشان دەدرێت کە چۆنی گەنجەکانمان باش دەبن، بەڕاستی پەروەردەی شیاو بەم جۆرە ئەنجام دەدرێت”.

“ئەمشەو شەوی وەفایە”

ئەنەس کانتەریش وەک سپۆنسەری فێستیڤاڵەکە سوپاسی هەموو ئامادەبووانی کرد و وتی ” ئەمشەو بە نیسبەت ئێمەوە شەوێکی زۆر گرنگە، سوپاسی هەر هەمووتان دەکەم کە بە هاتنتان ئەم ساڵۆنەتان پڕ کردۆتەوە. ئامادەبوونتان لێرە نیشانەی وەفاداریتانە”.

 

“چیرۆکەکانی حەزرەتی یوسف، نیلسۆن ماندێلا، غاندی”

زیاتر لە ١٠٠ خوێندکار کە لە چواردەوری هەموو دونیاوە هاتبوون، لەسەر تەختەی شانۆ گۆڕانی و هەلپەڕکێی لۆکاڵی وڵاتانی خۆیان پشاندا. دواتر چەند دیمەنێکی شانۆیی پشاندرا کە باس لە ژیاننامەی حەزرەتی یوسف و فڕێدانی بۆ ناو بیرە ئاوە دەکرد لەلایەن براکانیەوە و، هەروەها چەند دیمەنێکی تری شانۆیش کە باسی لە خەباتی ئازادیخوازانەی نیلسۆن ماندێلا و ڕێپێوانی ئاشتیخوازانەی ماهاتما غاندی دەکرد.

ئەم دیمەنە شانۆییانە سەرنجی هەموو ئامادەبووانی بە لای خۆیدا ڕاکێشا.

“ڕەنگەکانی هەموو دونیا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆبوونەوە”

ئەو خوێندکارانەی بە مەبەستی بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی زمان و کەلتور هاتبوونە واشنگتۆنی پایتەختی ئەمەریکا، لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، چالاکیەکی تایبەتیان پێشکەش کرد. دوای ئەوەی خوێندکارەکان لە ساڵۆنی کانۆنی کۆنگرێسی ئەمەریکا چالاکی خۆیان پێشکەش کرد، سەردانی ئۆفیسی هەندێک لە پەڕلەمانتارەکانیشیان کرد. خوێندکارەکان لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ پەڕلەمانتارەکانی ناو کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد.

دانا ڕۆچراباچەر پەڕلەمانتار لەسەر بازنەی کالیفۆرنیا، لە نزیکەوە قسەی لەگەڵ یەکە بە یەکەی خوێندکارەکان کرد. ناوبراو لەگەڵ خوێندکارەکاندا باسی ئەوەی کرد کە کاتێک منداڵان لەم سەردەمەدا پێ دەنێنە تەمەنی ٢٠ ساڵیەوە، دەتوانن ببنە خاوەنی چ تەکنەلۆژیایەکی گەورە. ڕۆچراباچەر باسی لەوە کرد کە تەکنەلۆژیا زۆر ئاسانکاری بۆ ژیانی مرۆڤەکان کردووە و گەنجان دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ دروستکردنی دۆستایەتی لەگەڵ یەکتری. ڕۆچراباچەر کە وێنەی لەگەڵ هەموو منداڵە بەشداربووەکان گرت، باسی لە یادەوەریەکانی خۆی کرد لەگەڵ وڵاتی هەریەک لە منداڵە بەشداربووەکان.

 

 

 

 

 

277 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە