ڕاپۆرتهەواڵ

یەکێتی ئەوروپا توندترین ڕاپۆرتی خۆی لەسەر تورکیا بڵاو کردەوە

یەکێتی ئەوروپا کە لە ساڵی ١٩٩٨ سەبارەت بە هەنگاوەکانی تورکیا بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتیەکەدا ڕاپۆرت ئامادە دەکات، توندترین ڕاپۆرتی ڕەخنەگرانەی خۆی بڵاو کردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا زۆر بە توندی ڕەخنە لە پێشیلکاری مافەکانی مرۆڤ و باری نائاسایی وڵات و چەندین بابەتی تر گیراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕەخنە لە مامەڵەی نامرۆڤانە و ئەشکەنجەدانی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت کراوە،کە لەلایەن کاربەدەستانی تورکیاوە ئەنجام دەدرێت و، بەکارنەهێنانی دەستەواژەی گروپی تیرۆرستی بۆ بزاڤی خزمەت لە ڕاپۆرتەکەدا، کاربەدەستانی تورکیای نیگەران کرد.

ئەمە بەشێکە لە دەقی ڕاپۆرتەکە:

ئەو باری نائاساییەی کە لە دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ ڕاگەیاندراوە  بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گروپی فەتحوڵڵا گولەن، کە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە گروپێکی تیرۆرستی لە قەڵەم دەدرێن، هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کردە تیرۆرستیە یەک لە دوا یەکانەی دووبارە دەبوونەوە، بارودۆخێکی کارەساتباری بۆ تورکیا دروستکردووە.

یەکێتی ئەوروپا کە بە شێوازێکی خێرا و بەهێز ئیدانەی هەوڵی کودەتاکەی کرد، هەروەها  پشتگیری خۆی بۆ دامودەزگا دیموکراسیەکانی ئەو وڵاتە دووپات کردەوە، ڕەوایەتی بەوەش داوە تورکیا بە شێوەیەکی خێرا و سنوردار  ڕووبەڕووی هێرشیکی وەها جددی ببێتەوە، کە ڕووی لەو وڵاتە کردووە.

لە پاڵ ئەمەشدا ئەو هەنگاوە گشتگیرانەی تورکیا هەڵیگرتوون، کە خۆی لە دەرکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و دەستگیر کردن و دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیان دەبینێتەوە، لە ڕووی سنورداری بوونیەوە نیگەرانی جددی بە دوای خۆیدا هێناوە. تورکیا بە بێ هیچ دواکەوتنێک پێویستە کۆتایی بە باری نائاسایی ولات بهێنێت.

 

“ئازادی بیروڕا بەرتەسک کراوەتەوە”

ئەو کەموکوڕیانەی لە کاتی بارینائاسایدا هاتۆتە مەیدان، کاریگەری لەسەر ئەو ٣١ بڕیارەش داناوە کە لە چوارچێوەی باری نائاسایی وڵاتدا دەرکراوە. ئەم بڕیارانە لەلایەن پەڕلەمانی تورکیاوە، بە شێوەیەکی کاریگەر و پڕ بایەخەوە نەخراوەتە ژێر توێژینەوە. لە سەر هەموو ئەمانەشەوە، گرتنەبەری ڕێگای دادگا بە نیسبەت ئەو بڕیارانەوە داخراو بوون و دادگای دەستوریش نەیخستنە ژێر هیچ  هەڵسەنگاندنێکەوە. ئەم بڕیارانەی لە چوارچێوەی باری نائاسای وڵاتدا دەرکراوە، مافی ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە و ئازادی کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی بەرتەسک کردۆتەوە. هەروەها لە بواری دەسەڵاتی یاساداناندا لە هەندێک شوێنی هەستیاردا گۆڕانکاریان ئەنجامداوە و ئەم بارودۆخە لە دوای هەڵگرتنی باری نائاسایی وڵاتیش بەردەوامی دەبێت.

” سەبارەت بەوانەی  هەلومەرجی باری نائاسایی ولات بە شێوەیەکی نایاسایی کاریگەری لەسەریان داناوە، هێشتا پێویست بە ڕێگە چارەیەکی کراوە و کاریگەر هەیە”

 

لە دوای ڕاگەیاندنی باری نائاسایی وڵاتەوە ١٥٠ هەزار هاوڵاتی دەستگیر کراون، ٧٨ هەزار کەس دەسربەسەر کراون و ١١٠ هەزار فەرمانبەری میری لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، بە گوێرەی لێدوانی کاربەدەستانی تورکیا، ٤٠ هەزار لەم هاوڵاتیانە پێداچوونەوە بە بڕیاری دورخستنەوە لە کارەکانیان کراوە و ٣ هەزار و ٦٠٠ کەسیان  بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەر کارەکانیان گێڕدراونەتەوە.

لیژنەی بە دواداچوونی بڕیارەکانی باری نائاسایی وڵات، دەستی بە کارەکانی کردووە و زیاتر لە ١٠٧ هەزار سکاڵای قبوڵ کردووە. ئەم لیژنەیە تەنیا لە مانگی کانونی دووهەمی ساڵی ٢٠١٧ دەستی بە بڕیاردان کردووە، تەنیا بڕیاری قەرەبووی ماددی بۆ چەند کەسێکی دیاری کراو دەرکردووە. بڕیارەکانیش لەلایەن دادگاوە هەڵدەسەنگێندرێت. سەبارەت بەوانەی هەلومەرجی باری نائاسایی وڵات بە شێوەیەکی نایاسایی کاری تێکردوون، هێشتا پێویست بە ڕێگە چارەیەکی کراوە و کاریگەر هەیە.

لە پاڵ ئەم کارانەی لیژنەی بە دواداچوونی بڕیارەکانی قۆناغی باری نائاسایی وڵات، سەبارەت بە گرتنەبەری ڕێگەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و کاریگەری ڕێگە چارەسەرە ناوخۆیەکانی دادگاکانی تورکیا، هەندێک ڕووداوی نەخوازراو وایکرد، کە پێکهاتەی تەندروستی دادگاکانی تورکیا بهەژێت.

 

“لێدوانەکانی دەسەڵات کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی دادگا دانا”

بۆ نمونە: بڕیارێکی دادگای دەستوری تورکیا لە بڕیارێکدا کە دەبووە نمونەی زۆر بڕیاری هاوشێوە، لەلایەن دادگایەکی خوار خۆیەوە نەخرایە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام دادگایەکی تری خوار دادگای دەستوری تورکیا هەمان بڕیاری جێبەجێکرد.

هەروەها چەند بڕیارێکی دادگاکانی سزای تورکیا وەک لە نمونەی دۆسیەی دادگایی چالاکوانەکانی مافی مرۆڤدا بینیمان، کاتێک دادگایەک بڕیارێکی ئەرێنی سەبارەت بەو دۆسیەیە دەرکرد، لەلایەن دادگایەکی ترەوە بڕیاری ئەو دادگایە هەڵوەشێندرایەوە. هەندێک لەم ڕووداوانە لە دوای لێدوانی کاربەدەستانی حکومەتی تورکیا ڕوویدا.

 

” باری نائاسایی وڵات دەبێت بە بێ دواکەوتن هەڵبگیرێت”

ئەو پێشنیارە هەستیارانەی لەلایەن ئەنجومەنی ئەوروپاوە بۆ تورکیا پێشنیار کراوە، هەتا ئێستا  لە ڕۆژەڤی تورکیادا باسی لێوە ناکرێت. سەبارەت بەو بانگەشانەی باس لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەکرێت، دەبێت ڕێگە چارەسەرێکی شەفافانە بگیرێتە بەر و لەسەر ئاستی تاکە کەسی لێپرسینەوەیان لەگەڵ ئەنجام بدرێت. ئەرکی بەرپرسیارێتی کاربەدەستان بە گوێرەی یاساکانی سزادان، تەنیا لە کاتی ڕیزگرتنی تەواوەتی لە جیاوازی دەسەلاتەکان، دادگای سەربەخۆی تەواو و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی هەموو تاکەکانەوە دەتوانرێت بە تەواوی فەراهەم بکرێت. هەر بۆیە پێویستە بە بێ هیچ دواکەوتنێک کۆتایی بە باری نائاسایی وڵات بهێنرێت”.

 

ڕەخنە لە ڕیفراندۆمەکەی ساڵی ڕابردووش گیراوە

لە ڕوی کریتەری سیاسیەوە، تورکیا لە نیسانی ساڵی ٢٠١٧ هەندێک گۆڕانکاری دەستوری خستە ڕیفراندۆمەوە کە شێوازی سیستەمی سەرۆکایەتی لە خۆگرتبوو، بە ڕێژەیەکی کەمی زۆرینە پەسەند کرا. ئەنجومەنی ڤەنەدیک، سەبارەت بە گۆڕانکاریە دەستوریەکان ئەوەی ڕاگەیاند، کە لە پاڵ ئەوەی جیاوازی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دادگا دەخاتە مەترسیەوە، لە هەمان کاتدا میکانیزم و سیستەمێکی کۆنتڕۆلی تێدا نیە بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی.

ڕیفراندۆمەکە لە بارودۆخی نەرێنی باری نائاسایی وڵات ئەنجامدراو، هەلومەرجی یەکسانی بۆ بانگەشەی هەردوولا  فەراهەم نەکردبوو، هەروەها پێشێلکردنی هەندێک لە یاساکانی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە، نیگەرانیەکی جددی دروست کرد.

 

“دەسەڵاتەکانی پەڕلەمان بەرتەسک کرایەوە”

بە هۆی باری نائاسایی وڵاتەوە، دەرکردنی بڕیارەکانی حکومەت بە بێ ئەوەی بە ڕێسای ئاسایی خۆیدا تێپەڕێت لە پەڕلەمان، یەکێک لە دەسەڵاتە سەرەکیەکانی پەڕلەمانی ئەو وڵاتەی بەرتەسک کردەوە.  ناکۆکیە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە کە تا دێت بەرەو خراپتر دەڕوات، وای لە پارتە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە کردووە مەودای دیالۆگ و گفتوگۆیان لە ناو پەڕلەماندا بەرتەسک ببێتەوە. لە مانگی ئایاری ٢٠١٦ پارێزبەندی هەندێک پەڕلەمانتاری هەدەپە هەڵگیراو، لە دوای ئەو بەروارەوە ژمارەیەکی زۆر پەڕلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەر کراون و هەتا ئێستا ئەندامبوونی ٦ پەڕلەمانتاری ئەو پارتە هەڵوەشێندراوەتەوە.

“دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار بە هۆی باری نائاسایی وڵاتەوە زیادی کرد”

بە هۆی باری نائاسایی وڵاتەوە، دەسەڵاتەکانی حکومەتیش گواسترایەوە بۆ سەرۆک کۆمار و هەر بەو هۆیەوە دەسەلاتەکانی زیاتر بووە. دانانی قەیوم لە شوێنی ئەو کەسانەی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتی لۆکاڵیان گرتبووە دەست، بووە هۆی ئەوەی دیموکراسی  بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی لۆکاڵی لاواز ببێت.

ڕێکخراوە مەدەنیەکان، دەستبەسەر کردنی ژمارەیەکی زۆر چالاکوانان، بەرتەسککردنەوەی مافە سەرەکیەکانی گردبوونەوە و خۆپیشاندان، لە ژێر ڕۆشنایی قەدەغەکردنە دووبارەکاندا،  ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووبەرووی فشارێکی زیاتر لە جاران دەبێتەوە. زۆرێک لە ڕێکخراوە مەدەنیەکان کە کاریان داکۆیکردن بوو لە مافی مرۆڤ، لە چوارچیوەی باری نائاسایی وڵاتدا داخران و ڕێگە چارەیەکی یاسایی کاریگەریش بۆ تانەدان لەو بڕیارانە بوونی نیە.

 

” پەڕلەمان هێشتا دەسەڵاتی لێپرسینەوەی تەواوی بەسەر دەزگای هەواڵگری و سوپادا نیە”

حکومەت ئەو چوارچێوە یاسایانەی هەموار کردەوە کە پەیوەندیەکانی نێوان سوپا- هاوڵاتی ڕێک دەخست و دەسەڵاتەکانی حکومەتی بەرامبەر سوپا زیاتر کرد. بەم هۆیەوە دەسەڵاتی مەدەنی بەسەر سوپادا زیادی کرد.    یەکێک لەو کارانەی لەم بوارەدا ئەنجامیاندا هەڵگرتنی دادگا سەربازیەکان بوو، بەڵام هێشتا پەڕلەمان دەسەڵاتی تەواوی بەسەر کارمەندانی دەزگای هەواڵگری و سوپادا نیە.

” سەبارەت بە قۆناغی ئاشتی، هەنگاوێکی سیاسیانەی ڕێزلێگیراو بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەرێکی ئاشتیانە بە شیوەیەک کە کۆتای بە کێشەکان بهێنێت، هەڵنەنراوە”

 

کێشەی ناوچە کوردیەکان، یەکێکە لە بابەتە حەیاتیەکانی ئەو وڵاتە کە هەتا ئێستا پێوەی سەرقاڵە، ئاسایشی ئەو ناوچانە تا دێت سەختتر دەبێت و، پێکدادانەکان تا ڕادەیەک چۆتە دەرەوەی شارەکان. ئەگەرچی حکومەتی تورکیا مافی ئەوەی هەیە بە شێوەیەکی کاریگەر ڕووبەڕووی هێرشە تیرۆرستیەکان ببێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەرکی ئەوەشی لەسەرشانە کە پابەندی مافەکانی مرۆڤ، سەروەری یاسا، مافە سەرەکیەکان بێت و پێویستە بەکارهێنانی هێزیش بە شێوەیەکی سنوردار و ڕێزلێگیراو بێت.

سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی بە هۆی شەڕ و پێکدادانەوە زیانیان بەرکەوتبوو تەواو بووە، بەڵام ژمارەیەکی کەم لەو هاوڵاتیانەی لە شوێن و حاڵی خۆیان کرابوون، قەرەبووی زیانەکانیان پێدراوە. هیچ هەنگاوێکی سیاسی ڕێزلێگراو بە مەبەستی چارەسەری ئاشتیانە و کۆتای هێنان بەم کێشەیە هەڵنەگیراوە.

تورکیا لە بواری چاکسازی شێوازی بەڕێوەبردندا زیاتر ئامادەسازی پشانداوە، هەروەها لە بە ئەلەکترۆنی کردنی کارەکانی حکومەتیشدا هەنگاوی بەهێزی هەڵگرتووە. لە پاڵ ئەمەشدا لە شێوازی بەدەمەوە چوونی هاوڵاتیان لە کاتی زیانبەرکەوتن و داوای مافی قەرەبووکردنەوە، هەنگاوەکان بەرەو دواوە ڕۆشتوون. لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، پێویست بە ڕێگە چارەسەرێکی شەفاف و کاریگەر هەیە، کە هەتا ئێستا فەراهەم نەکراوە.

سیستەمی یاساکانی تورکیا، هێشتا لە سەرەتای ئامادەکاریەکانیدایە. ساڵی ڕابردوو بەرەو دواچوونێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی، بە تایبەتی لە بابەتی سەربەخۆیی دادگاکاندا. چەند گۆڕانکاریەکی دەستوری خرایە بواری جێبەجێکردنەوە کە سەربەخۆی دادگاکانی لە دەسەڵاتی حکومەت زیاتر خستە ژێر پرسیارەوە. ژمارەیەکی زۆر لە دادوەران و داواکاری گشتی لە کارەکانیان دوور خرانەوە و شوێنەکانیان بە کەسانی تر پڕ کرایەوە. سەبارەت بە چۆنیەتی وەرگرتنی دادوەر و داواکارە گشتیەکان، یاخود بەرزکردنەوەی پلەکانیان، هیچ هەنگاوێک بۆ ڕەواندنەوەی ئەو نیگەرانیانە هەڵنەگیرا، کە باسیان لە شیاوی و لێهاتووی دادوەرەکان و ڕەوچاوکردنی مەرجە دیاریکراوەکان بۆ وەرگرتنیان یاخود بەرزکردنەوەی پلەکانیان، دەکرد.

 

هەروەها لە بواری ڕەچاوکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕیندا بەرەو دواچوونێکی بەرچاو بەدیکراوە. لە چوارچیوەی باری نائاسایی وڵاتدا، ئەو هەنگاوانەی هەڵدەگیران لە دژی ئازادی ڕادەربڕینی ناو مێدیاکان و کەسانی ئەکادیمی، بە پێچەوانەی بنەما سەرەکیەکانی ناو یاساکان بوو.

دادگایی کردن و سزادانی ڕۆژنامەنوسان، نوسەران، چالاکوانانی بواری مافی مرۆڤ، کەسانی ڕەخنەگر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کارکردنی ڕۆژنامەنوسان و داخستنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دانانی قەیوم لەسەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن، نیگەرانی زۆری دروست کردووە. تەواوی ئەم کارانەش لە ژێر ناوی هەڕەشە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجام دەدرێت کە یاساکانی شلگیر و ناڕونن. یاسای ڕێکخستنی بڵاوکراوەکانی سەر تۆڕی ئینتەرنێت، بە شێوەیەکە دەسەڵات دەدات بە حکومەت، بە بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری دادگا، هەر ناوەڕۆکێک بە دڵی نەبێت هەڵیبگرێت یاخود سانسۆری بخاتە سەر. لە بواری مافی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەدا، هەروەها پارێزگاری لە مافی موڵکدارێتی لە چوارچێوەی یاسادا، دواکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. ئازادی کۆبوونەوە و گربوونەوە لە ڕێگەی یاساکان و چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاساکانەوە هەتا دێت بەرتەسک دەکرێتەوە. ئەو ڕێکارانەی لە چوارچێوەی باری نائاسایدا گیراوەتەبەر، مافی کەسانی دەستبەسەرکراوی پێشێلکردووە و ڕێگەی بۆ ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ خۆش کردووە و ترسی ئەوەش هەیە بکەرەکانی لە چوارچیوەی یاساکانیشدا سزا نەدرێن.

بە هۆی یاسا کاتیەکانی باری نائاسایی وڵاتەوە، زۆرێک لە مافە سەرەکیەکانی هاوڵاتیان کە لە نێوانیاندا مافی بەرگری لە خۆکردن هەیە، بەرتەسک کراوەتەوە. هەژاری لە ڕادەبەر لە یەکەی نیشتەجێبوونی ناوچەی ڕۆمانەکان بەدی دەکرێت و پێویست دەکات تورکیا مافی کەمینەکانی وڵات بپارێزێت.

 

“ڕووبەرووی گەندەڵیەکان نەبوونەوە”

تورکیا سەبارەت بە ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵیەکان چەند هەنگاوێکی هەڵگرت، بەڵام هەتا ئێستا بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە نەبینیوە. دەبێت یاساکان و دامودەزگاکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە گوێرەی ستاندارتە نێودەوڵەتیەکان بێت و لەم بوارەدا پێویست بە بەرەوپێشچوون هەیە، هەروەها ڕێگەگرتن لە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لەو بانگەشانەی باس لە تێوەگلانی بەرپرسانی باڵا دەکەن لە گەندەڵیەوە هەتا ئیستا بەردەوامە. تورکیا لە بابەتی لێپرسینەوە و سزادانی بەرپرسە باڵاکاندا نمرەی سەر کارتەکەی بەرز نیە. گەندەڵی لە زۆر لایەنی ناو دەوڵەتدا بەربڵاوە و هەتا ئێستا کێشەی گەورە دروست کردووە. هەروەها هەستکردن بە گەندەڵی  ڕێژەیەکی بەرزی هەیە.

 

388 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە