وتار

ڕووداوەکانی کۆسۆڤۆ ڕووی ڕاستی دەوڵەتێکی مافیایی دەردەخات

بەخامەی: ئێرمان یاڵماز

 

فڕاندنی پێنج مامۆستا و پزیشکێک بە هاوبەشی لە نێوان دەزگای هەواڵگری کۆسۆڤۆ و دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) پیشانی هەمووانیدا کە تورکیا لە لایەن کۆمەڵێک کەسەوە بووە بە دەوڵەتێکی مافیایی. تورکیا لەسەردەمی دەسەڵاتی ئێردۆغاندا بۆتە دەوڵەتێکی مافیایی و دەزگا هەواڵگرییە مافیاییەکانی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکی نایاسایی هاوڵاتییانی بێتاوان دەڕفێنن و پاشان ئەشکەنجەیان دەدەن و بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.

بە ڕاستی ئەو خاڵەی کە پێی گەیشتووین زۆر مەترسیدارە. سەرەڕای ئەوەی پێشتر دەزگای میت لەو وڵاتانەی هێزی سیاسی باڵادەستن و بەرتیل بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاوە وەک پاکستان و کۆمەلیک وڵاتی دیکە هەوڵی ڕفاندنی مامۆستایان و خۆبەخشانی بزافی خزمەتیان دەدا، بەڵام لە ئێستادا کارە پیسەکانیان گەیشتۆتە وڵاتانی ئەوروپا. کۆسۆڤۆ وڵاتێکە لە ئێستا لە ژێر چاودێریدایە بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپا، چەندین نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لەو وڵاتە بوونیان هەیە، یەکێکە لەو وڵاتانەی بە هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەی باڵکان دادەنرێت. فڕاندنی پێنج مامۆستا و پزیشکێک لە وڵاتێکی لەم شێوەیەدا مامەڵەی ئەو مافیایانەمان بۆ دەردەخات.

 

کێشەکانی حوکومەتی کۆسۆڤۆ پاش ڕووداوەکە

ئەنجامدانی چالاکییەکی لەم شێوەیە لە لایەن میتەوە کە هێندە بە ئاسانی بەڕێوەچوو، ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە. با تۆزێ وردببینەوە. ڕووداوی ڕفاندنەکە لە توڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی کۆسۆڤۆوە بە تەواوی جیهاندا بڵاوکرایەوە. لە سەرەتادا هاشم تاچی سەرۆککۆماری کۆسۆڤۆ ئیدانەی ڕووداوەکەی کرد و بێئاگایی خۆی لە ڕفاندنەکە ڕاگەیاند، بەڵام یەک ڕۆژ دواتر زاراوەکانی ئێردۆغانی بەکارهێنا و ڕایگەیاند ‘بە هۆی کێشەی ئاسایشەوە بۆ سەر وڵات’ ئەو کەسانەمان ڕادەست کردووەتەوە و ئاگاداری هەموو پێشهاتەکان بووین. ڕاموش هارادینای هەوڵێکی زۆریدا بەر بە ڕفاندنە مافیاییەکە بگرێت، بەڵام بە داخەوە سەرکەوتوو نەبوو. بەڵام پاش ڕووداوەکە هارادینای ڕایگەیاند دەربارەی ڕفاندنەکە ئاگادار نەکراومەتەوە بۆیە بڕیاریدا وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی هەواڵگری لە پۆستەکانیان دووربخاتەوە. بە تەواوی مانا کێشەیەکی گەورە لە حوکومەتی کۆسۆڤۆدا ڕوویدا.

سەرۆکی پەرلەمانیش ڕەخنەی لە سەرۆککۆمار گرت

پێویستە وتەکانی کادری ڤەسەلی سەرۆکی پەرلەمانی کۆسۆڤۆش لەبەرچاو بگیرێت کە دوێنێ ڕایگەیاند “فڕاندنی ٦ هاوڵاتی تورک و دواتر ڕادەستکردنەوەی بە ولاتی تورکیا بە بێ هیچ ڕێکارێکی یاسایی و ئاگادارکردنەوەی سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ کارێکی تەواو نایاساییە، چەند بەرپرس بە هۆی ئەم ڕووداوە دووخراونەتەوە پێویستە دادگایی بکرێن و بە تەواوی لە هەموو دامودەزگاکانی حوکومەت دووربخرێنەوە”. ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆککۆمار لە هەمان پارتی سیاسین بەڵام دوو تێڕوانینی جیاوازیان بۆ ڕووداوەکە هەیە. سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان پشتگیری لە سەرۆکوەزیران دەکات لە دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسانەی تێوەگلاون لە هەوڵی ڕفاندنەکە، بەڵام تا ئێستا سەرۆککۆمار پشتگیری خۆی بۆ دوورخستنەوەی بەرپرسەکان دەرنەبڕیوە. دەسەڵاتدارانی کۆسۆڤۆ نەیانتوانی تاقیکردنەوەکە بە سەرکەوتوویی تێبپەڕێنن. بەڵام میدیا و مافناسانی وڵات هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ڕفاندنەکە کارێکی مافیاییە و دوورە لە هەموو بنەما یاسایی و ئەخلاقییەکان و پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی مرۆڤە. هاوکات مافناسان ئاماژەیان بەوەدا کە ئەم ڕووداوە بە ئاسانی بەسەر کۆسۆڤۆدا تێناپەڕێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیان لە پێگەی کۆسۆڤۆ دەدات.

هاشم تاجی، سەرۆک کۆماری کۆسۆڤۆ

کێ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کرد؟

ڕفاندنی ئەو ٦ ئەندامەی بزافی خزمەت کارێک نییە کە لە پڕ ئەنجام درابێت. بە پێی ئەو هەواڵانەی میدیاکانی کۆسۆڤۆ بڵاویانکردۆتەوە، پێشتر وەزارەتی دادی تورکیا نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دادی کۆسۆڤۆ کردووە و داوای ڕادەستکردنەوەی پێنج مامۆستا و پزیشکێکیان لێ کردوون. بەڵام وەزارەتی دادی کۆسۆڤۆ داواکەی بە نایاسایی لە قەڵەمداوە و ڕەتی کردووەتەوە. دواتر لە هەوڵێکی مافیاییدا نورەدین جانای بەرپرسی دەزگای میت لە کۆسۆڤۆ بە هاوکاری گروپێک لە ئەندامانی میت کە لە تورکیاوە هاتبوون سەرپەرشتی ڕفاندنەکەی دەکرد. بێگومان لەم کاتەدا بەرپەرسە باڵاکانی باڵیۆزخانەی تورکیا لە کۆسۆڤۆ بێکار نەوەستان و ئەوانیش بەشدارییان لە چالاکییەکاندا کرد و باڵەخانە دیپلۆماتییەکانیان بۆ مەرامی خۆیان بەکارهێنا. لە سەرەتادا لە ترسی کاردانەوەی خێزانەکانی ئەو مامۆستایانە و دەزگا میدیاییە سەربەخۆکان ڕفێندراوەکان دەبەنە باڵەخانەی باڵیۆزخانە. هەواڵە درۆینەکانی ئاژانسی ئەنادۆڵیش کە لە باڵیۆزخانە بە ئاڵای تورکیاوە تۆماری کردبوو، وە وای پێشاندەدا کە مامۆستاکان گێڕدراونەتەوە بۆ تورکیا دەیانویست زیاتر ڕاستییەکان بشێوێنن و کارەکە ئاسانتر بکەن. سەرەنجام دوای ٣ رۆژ چالاکییە مافیاییەکەیان سەرکەوتوو بوو وە توانییان مامۆستاکان بگێڕنەوە بۆ تورکیا.

 

پەیوەندییەکانی هاشم تاچی لەگەڵ تورکیا

بێرات بوژالا لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووسی دیاری کۆسۆڤۆ ڕایگەیاند ئەو مامۆستایانە لە ساتی فڕاندنەکەدا خێزانەکانیشیان لەگەڵدابوو. تەنانەت سەرۆککۆماریش شوێنی ئەو مامۆستایانەی دەزانی. دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم کە کوڕێکی سەرۆککۆماریش خوێندکاری ئەو خوێندنگەیەیە کە مامۆستاکانی ڕفێندراون.

هاشم تاچی یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکانی کۆسۆڤۆ. یەکەم سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ بوو. لە سەردەمی ئازادکردنی کۆسۆڤۆدا سەرۆکی باڵێکی بەهێزی ناو سووپا بوو. یەکێکە لەو کەسانەی لە سەردەمی جەنگدا زۆرترین هاتووچۆی تورکیای دەکرد. لەو سەردەمەدا لەگەڵ گروپێک لە ڕۆژنامەنووسان چاوپێکەوتنی ئەنجامدا و خۆی وەک وەزیری تەندروستی کۆسۆڤۆ و یەکێک لە سەرکردەکانی سوپا ناساند. لەو سەردەمەدا کە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ئەو بریندارانەی لە تورکیا چارەسەر دەکران هاتووچۆی تورکیای دەکرد، لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی دەزگای میت و دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکەدا پەیوەندی دروستدەکرد.

 

نەمانی متمانە لە لای سەرۆکوەزیران

هارادینای سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ پاش کۆبونەوە بەپەلەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کە ڕۆژی شەممە ئەنجامدرا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند “فلامور سەفاژ وەزیری ناوخۆ و شێفی دریتۆن بەرپرسی دەزگای هەواڵگری لە پۆستەکانیان دوور دەخرێنەوە بە هۆی ئەوەی ‘زانیارییان بە سەرۆکوەزیران نەداوە’. ئەوان متمانەیان لەدەستداوە و پێویستە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت”.

نوینەری میت لە کۆسۆڤۆ

هەوڵەکانی تری دەزگای هەوالگری میت

پێویستە سەرەتا باسێکی ناوخۆی تورکیا بکەین. لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ی تەموزەوە هێزە ئەمنییەکان و میت هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ سەرکوتکردنی ئەندامانی بزافی خزمەت دەستپێکردووە و تەنها بە بیانووی هاوسۆزی بۆ بزافی خزمەت هەزاران هاوڵاتی خراونەتە زیندانەوە و ئەشکەنجە دەدرێن. لە لایەکی دیکەوە بە فەرمانی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و پشتیوانی هاکان فیدان ڕاوێژکاری میت، پلانی گەورەترین هەوڵی ڕفاندن لە لایەن مەولود چاشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا و بێرات ئاڵبایراک وەزیری وزەی تورکیا و زاوای ئێردۆغان و چەند کەسێکی دیکەوە داڕێژرا بۆ ڕفاندنی فەتحوڵڵا گولەن لە ئەمریکا. بەڵام بەرپرسی پێشووی CIA زانیارییەکانی بڵاوکردەوە و هەوڵەکەی پوچەڵکردەوە. هەریەک لە مایکڵ فللین ڕاوێژکاری ئەوکاتی دۆناڵد ترەمپ و باڵیۆزی ڕووسیا لە ئەمریکا بەشداربوون لە پلانەکەدا. پاش ئەوەی لە لایەن دادوەر ڕۆبێرت مۆلەرەوە دۆسییەی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا، ئاشکرا کرا کە لە بەرامبەر ڕفاندنی فەتحوڵڵا گولەن و ڕادەستکردنەوەی بە تورکیا هەریەک لە میشێل فلاین و کوڕەکەی لە لایەن دەسەڵاتەکەی ئێردۆغانەوە ١٥ ملیۆن دۆلاریان پێ دەدرا.

هەرچەندە لە ڕواڵەتدا هەوڵی ڕفاندنەکان وەک چالاکی دەزگای هەواڵگری میت دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو چالاکییەکان بە فەرمانی ئێردۆغان و لە لایەن گروپێکی تایبەتەوە ئەنجامدراوە. پێشتر لە چەندین وڵات وەکو پاکستان، مالیزیا، کازاخستان، سعودیە، کۆسۆڤۆ، جۆرجیا و وڵاتانی ئەفریقا چالاکی هاوشێوەیە ئەنجامدراوە.

 

سەرچاوە: TR724

229 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە