وتار

هەواڵی خۆکوشتنی قوربانیانی باری نائاسایی ترسناکە

بەخامەی: عومەر فاروق گەرگەلیئۆغلو

ئەمڕۆ لەسەر بابەتێکی جیاواز دەمنووسی، بەڵام دوای ئەوەی هەواڵی خۆکوشتنێکم بەدەست گەیشت، بیرۆکەکەم گۆڕی. دوبارە دەبێت لەسەر کارەساتی باری نائاسای و بڕیارە نایاساییەکان بنووسم. چونکە لە کۆتا 15 ڕۆژدا، 3 زوڵملێکراوی باری نائاسای خۆیان کوشتووە. هیچ شتێک وەک ژیانی مرۆڤەکان گرنگ نییە و کاتێک کەسێک خۆی دەکژێت، هیچ بابەتێکی سیاسی لەمە گرنگتر نییە.

هەروەها کاتێک لە دامودەزگای دەوڵەتدا هانی ئەوە دەدرێت کە هاوڵاتی خۆی بکوژێت، باسکردنی ئەمە بەرپرسیاریەتیەکی کۆمەڵایەتییە. خۆکوشتن هەڵمەتێکەی ترسناکە کاتێک ئەو کەسە بەتەواوی ئومێدی لە ژیان نەماوە و دژی ئەو زوڵمە گیانی خۆی لەدەستدەدات.

خۆزگە ئەمانەمان هەر نەنوسییایە، برینەکانمان نوێ نەکردایەتەوە، بەڵام ناکرێت، ناکرێت وەک وشترمرخ سەرمان بخەینە ژێر زەویەوە و نەبیستین و نەبینین و هەستی پێنەکەین.

وەک پلاتفۆرمی حەق و دادپەروەری ڕاپرسییەکمان لەگەڵ مەزڵومانی باری نائاسای و نیزکەکانیان ئەنجاممان داوە و ئەو بارودۆخە ترسناکەمان وێنا کردووە. لە لێکۆڵینەوەکاندا بارودۆخی زۆر ترسناکمان بۆ ئاشکرا بووە و داوامان لە بەرپرسان کردووە کە نابێت باری نائاسای بەم شێوەیە بەردەوام بێت.

لەبەرئەوەی باری نائاسای دەبێت هۆی سەرهەڵدانی کێشەی ئابووری و داڕوخانی دەرونی و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی و لەوەش خراپتر خۆکوژییە.

٪16ی مەزڵومەکانی باری نائاسای بیریان لە خۆکوژی کردۆتەوە، کە ئەمە ڕێژەیەکی زۆر ترسناکە. بەداخەوە ئاگاداریکردنەوەکانمان بە هەند وەرناگیرێت چونکە تا دێت ڕێژەی خۆکوژی زیاتر دەبیت.

یەکەم زنجیرەی ئەم ڕووداوە لە شاری موغڵای بوو لە فەتحییە. مێهمێت کۆشار مامۆستای کۆمپیوتەر بوو، مامۆستا مێهمێت نەخۆشی لەگەڵدا بوو بەڵام کەسێکی سەرکوتوو و بەڕێز و لەلایەن خوێندکارەکانیەوە خۆشدەویسترا. دوای ئەوەی بە بڕیاری نایاسای ژمارە 672 لە کارەکەی دورخرایەوە، نەیدەزانی چیبکات.

دوای ئەوەی هاوڕێکانیان سەبارەت بە نەخۆشییەکەی هاوکارییان کردبوو، بەڵام دوای ئەوە دەستگیر کرا و بۆ ماوەی 3 مانگ لە زیندان مایەوە، کاریگەری زۆری کردە سەری. مامۆستا فەرەیدونی برای کە ئەویش بەهەمان شێوە لە کارەکەی دورخرایەوە باسی دەکات :

“براکەم زۆر مامۆستایەکی زیرەک و خۆشەویست بوو، لەگەڵ خێزانەکەشیدا هاوسەرێکی باش و باوکێکی باش بوو. براکەم کاتێک گیرا حاڵی زۆر تێکچوو، نەمدەناسییەوە، بە تێپەڕبوونی کات لاوازتر دەبوو، رەتی دەکردەوە کە دەرمانەکانی بەکار بهێنێت، تا دەڕۆیشت خراپتر دەبوو.

چەندین جار بە بەرپرسانم دەوت کە براکەم کەسێک نییە کە زیندانی بکرێت، ئەو نەخۆشە و زیندانی ئەوەندەی دیکە باری تێکدەدات، هەستیان دەکرد بەم قسانە دەمانەوێت هەڵیانخەڵەتێنین. دواتر براکەم لە زیندان ویستی خۆی هەڵواسێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دواتر قورگی خۆی بڕی و خرایە ژێر چاودێری وردەوە لە نەخۆشخانە و جەندەرمەش چاوەڕێیان دەکرد، ئایا کەسێک لەم حاڵەتەدا چۆن دەتوانێت ڕابکات؟

دواتر ئازاد کرا بەڵام دادگایکردنی هەر بەردەوام بوو. لەکاتی ئازادکردنیدا، بەڕێژەی ٪70 باری خراپتر بووبوو. ئەگەر لەمن بپرسن کەسێکم پێ پێشان بدە کە دەچێتە بەهەشتەوە، ئەوا براکەم پیشان دەدەم، کەسێکی بەڕەحم و دیندار بوو.

دوای ئازادکردنی زۆر حاڵی خراپ بوو، 30-35 کیلۆ لاواز بووبووو. دواتر توشی گێژاوێک بووبوو، نەمدەتوانی لێی جیاببمەوە بەڵام لە مەجالێکی دەستکەوت و خۆی کوشت.

لەو نامەیەدا کە نوسیبووی، ئاماژەی بەوە کردبوو کە زۆر عەزێتی ئێمەی داوە و بێزاری کردوین و دەشزانێت کە بە خۆکوشتنەکەی ئێمە بێزار دەکات بەڵام چارەی دیکەی نییە. بە منداڵەکەیمان وت کە بەهۆی جەڵدەەوە گیانی لەدەست داوە. هەموو کەسێك دەیزانی کە مامۆستایەکی دڵ گەورە و باشمان لەدەستداوە، هەموو فەتحییە هاتبوون بۆ پرسەکەی.”

مامۆستا فەرەیدوون لە قسانە زۆر بێزار بووبووو کە خۆکوشتنیان لەڕوی دینەوە تەماشا کردبوو. بەداخەوە مرۆڤ کاتێک باری دەروونی تێکدەچێت، تەنانەت هەست دینییەکانیشی ناتوانێت ڕێگر بێت.

منیش پێموت کە کەسێک ئاوا زۆری بۆ هاتووە لەڕوی دینییەوە بەرپرسیار نابێت.

لە 15 ڕۆژی ڕابردوودا دووەم کارەساتی خۆکوژی لە شاری قارەمانمەڕاش ڕویدا. علی ب. ئەفسەری پلەدار کە لە کارەکەی دورخرابۆیەوە، لە ماڵەکەی خۆی لە قارەمانمەڕاش خۆی هەڵواسی و خۆی کوشت.

بەپیی زانیارییەکان، علی ب. ساڵی ڕابردوو لە مانگی تشرینی دووەم لە کارەکەی دورخرایەوە. علی ب. ئێوارەیەک کاتێک کەس لە ماڵەوە نابێت، خۆی بە سەقفی ماڵەکەدا هەڵدەوسێت و خۆی دەکوژێت.

کارەساتی سێهەم یەکێک لە هاوسەرەکانی زوڵملێکراوێکە. عەدالەت بیتول چاغدیری مامۆستا ئینگلیزی کە هاوسەرەکەی دادوەر بووە و لە کارەکەی دورخرابۆیەوە، دوێنێ لە بەشاکشەهیر لە ماڵەکەی خۆی لە نهۆمی 9وە خۆی فڕێدایە خوارەوە و خۆی کوشت.

خاتو عەدالەت بە دراوسێکانی دەوت کە زۆر بیری هاوسەرەکەی دەکات و ڕۆژە خۆشەکانی تەمەنی دوبارە ناگەڕێتەوە. مامۆستا عەدالەت لە خوێندنگەیەکی دواناوەندی مامۆستای دەکرد و توشی زۆر کێشە ببووەوە، لەگەڵ کوڕە 14 ساڵەکەیدا ژیانیان زۆر ناخۆش بوو.

ڕۆژی شەممە قتویەک دەرمانی خواردبوو، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی فریاکەوتنی خێرا بکات، دراوسێکەی دەیگەیەنێتە نەخۆشخانە. لەکاتی ناونوسین لە نەخۆشخانە، دەرکەوت کە بەدوای مێردەکەیدا دەگەرێن و پۆلیس دەگاتە نەخۆشخانەکە و دەڵیت “مێردەکەت سەر بە بزاڤی خزمەتە، تۆش لە کارەکەت دوور دەخرێیتەوە”.

درواسێکەی لەگەڵ پۆلیسەکەدا قسە دەکات و پێی دەڵیت “کەسێک هەوڵی خۆکوشتنی داوە تۆش ئەم قسانەی بۆ دەکەیت، دەبێت شکاتت لێ بکەم”. ئەوەی جێی داخە، لەکاتێکدا مامۆستا عەدالەت هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بەبێ ئەوەی کۆنترۆڵی دەروونی بۆ بکرێت، ڕەوانەی ماڵەوەی دەکەنەوە. لەم حاڵەتەدا نەخۆشەکە ڕەنگە دووبارە هەوڵی خۆکوشتن بداتەوە و نەبینینی پزیشکی دەروونی هەڵەیەکی گەورەیە.

بەڵام ئەو ڕوداوەی کە لە نەخۆشخانەکە ڕویداوە، شتێکی ئاساییە کە بەسەر زوڵملێکراوێکی باری نائاسایدا هاتبێت! کاتێک ڕۆژی دوشەممە دراوسێکانی لاشەیەکیان لە خەڵتانی خوێندا بینی، بۆیان دەرکەوت کە کار لە کار ترازاوە. مامۆستا عەدالەت لە پەنجەرەکەی ماڵی خۆیەوە لە نهۆمی 9 یەمەوە خۆی فڕێداوەتە خوارەوە.

لەکاتێکدا مامۆستا عەدالەت نەیتوانی دەردی خۆی بە دروسێکان بگەیەنێت، بەم مردنەی پەیامێکی زۆری گەیاند و بیری خستەوە. ڕەنگە ئەوانەی کە هەواڵەکەیان بەمن گەیاند نەبوونایە، ئەم ڕوداوە بڵاونەدەبویەوە،و دەبێت بەرپرسان و کۆمەڵگا ڕاستییەکانیان بەبیر بخرێنرێتەوە.

دەبێت هەموو کەسێک لەوە ئاگادار بکرێتەوە کە بەدورگرتنی ئەو کەسانەی لە باری نائاسایدا زوڵمیان لێکراوە چەند ترسناکە. لەکاتێکدا فشاری خێزانی و ئاینی و کۆمەڵایەتی زیاد دەبێت، هیچ هەڵبژاردەیەک لەبەردەست ئەو کەسانەدا نامێنێت جگە لە خۆکوشتن. چونکە ئەوە ڕۆشتنێکە کە هاتنەوەی نییە.

نابێت هەموو شتیک بۆ کۆتا خولەک بەجێ بهێلێن، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە کە نیشانەکانی دەرکەوت، دەبێت بگەینە فریا.

226 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە