هەواڵوتار

بەکارهێنانی فەتۆ هەتا دوا ڕادە

یەکێک لە خەونە گەورەکانی ئیسلامیە سیاسیەکان ئەوەیە کەلەپچە لە دەستی ئەندامێکی خانەوادەی کۆچدا ببینن. ئەمەشیان نەشاردۆتەوە، لە ئارشیڤدا زۆر نوسینی هاوشێوەیان هەیە وەک شایەت لەسەر  ئەم بابەتە.

لە نێوان ئاکەپە و ڕۆژنامەی ئەکیت- ڕۆژنامەیەکی فاشیستی توندڕەوە- هێڵێکی باریک ماوە، کاتێک ئەو هێڵەش نەما، ئەو کارەش ئەنجام دەدەن.

مەڵێن شتی وەها نابێت، ئای چەند خەیاڵیان هەبوو وەک تەیارە دەهاتە بەرچاویان، بەڵام هەمووی هاتە دی. من بەش بە حاڵی خۆم حەز ناکەم ئەمە بەسەر هۆڵدینگێک بێت، کە نانی هەزاران هاوڵاتی تورکیا دەدات، بەڵام ئەوەش لە بیر مەکەن، ئەمە وەک سێوە سوورەکە وەهایە بە نیسبەت ئیسلامی سیاسیەوە.

گریمان شتێکی لەو جۆرە ڕوویدا، ئیدی ئەم شتانە بە چاوی خۆمان دەبینین:

ئەوەی پارەی لە بانکی یاپیکرێدی دانبێت، بە تۆمەتی ئەندامی گروپی تیرۆرستی، یاخود یارمەتی دارایی گروپی تیرۆرستی، مەحکوم دەکرێن. ئەوەی کتێبێکی لە بڵاوکراوەکانی یاپیکرێدی کرێبێت، خێرا فڕێی دەدات یاخود دەیسوتێنێت. ئەوەی ئەمە نەکات دەستبەسەر دەکرێت. بریکارانی کۆمپانیای ئارچەلیک و کڕیارەکانی بە تۆمەتی ئەندامی گروپی تیرۆرستی دەستگیر دەکەن.

قەیوم دەخاتە سەر ڕۆژنامەی جمهوریەت/ یاخود حوڕیەت.

ئینجا گەر ژمارەیەکی زۆر ئابۆنەی ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی هۆڵدینگی کۆچیان دەستنەکەوێت، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن هەواڵ لەسەر لایەنگرانی هۆڵدینگی کۆچ بدەن. هەندێک لەوانەی دەستبەسەر دەکرێن لەبەردەم دادگادا دەڵێن” نە ئابۆنەداری بانکی یاپیکرێدیم، نە لە ئارچەلیک شتم کڕیوە”. هەندێکیشیان دەڵێن “ئەوانەی ئەم شتانەیان کردووە هەموویان لە دەرەوەی زیندانن و تەنیا من لە ژوورەوەم”، بەم شێوە ناڕەزایی خۆیان دەردەربڕن.

 

ئینجا ئێستا لەوانەی سەرەوە باسمان کرد ئەم ناوانە بگۆڕن، یاپیکرێدی بکەن بە بانکی ئاسیا، ئارچەلیک بکەن بە سوراتکارگۆ، ڕۆژنامەی جمهوریەت بکەن بە ڕۆژنامەی زەمان، بە چاوی خۆتان دەبینن  سیناریۆکە بەو ڕادەیەش ناماقول نیە، کە هەرگیز ڕوو نەدات.

تەنانەت شتی لەمە سەیرتریشمان بینی، گەر لە سینەما سەریمان بکردایە دەمانوت شتی وەها نابێت. پێش دوو ڕۆژ ڕۆژنامەی حوریەت، باسی لە جیابوونەوەی ژن و مێردێک کرد، کە پیاوەکە بە بەکارهێنانی ترسی “دەستگیرکردن بە تۆمەتی فەتۆ” فێڵی لە ژنەکەی کردووە.

پیاوەکە بە ژنەکەی وتووە ” گەر یەکێکمان بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی “فەتۆ” بگیرێین، دەست دەگیرێت بەسەر سەروەت و سامانماندا، جا با لەبەردەم دادگا جیابینەوە هەتادەستنەگرن بەسەر سەروەت و سامانی هەردووکماندا”.  ژنەکەش باوەڕ بە مێردەکەی دەکات کە ٢٩ ساڵە هاوسەرێتی و، بێ ئەوەی داوای مارەیی و نەفەقەی لێ بکات، لەیەک جیا دەبنەوە.

بەڵام پیاوەکە پاش ماوەیەک دەچێت ژنێکی تر دەهێنێت، کە ماوەی ٥ ساڵە پەیوەندی ناشەرعیان  هەیە.

حوڕیەت لە مانشێتی هەواڵەکەیدا دەڵێت” فێڵێک پشتی سیناریۆی فیلمە سینەماییەکان دەشکێنێت”.

 

“هەموو لایەک فەتۆ بەکار دەهێنێت”

هەموو کەس بە پاساوی فەتۆ هەوڵی ئەنجامدانی کارەکانی خۆی دەدات. زۆریش هەن ئەم بابەتە بۆ خۆ پاراستن لە توڕەیی ئێردۆغان بەکار دەهێنن.

دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی تایبەتی بەشاران هۆڵدینگ لە ئێران کەوتە خوارەوە، لەو هەواڵانەی سەبارەت بە مەلیکە کووەت فڕۆکەوانی دووهەمی ناو فڕۆکەکە بڵاوکرایەوە، بە ئاشکرا پڕوپاگەندەی “فەتۆ”یان بەکارهێناوە.

ئەم خانمە فڕۆکەوانەی پێشتر لە سوپای تورکیادا نەقیب بووە، بەڵام دواتر لە کارەکەی دوور خراوەتەوە.  ڕۆژنامەی جمهوریەتیش وەک عادەتی هەمیشەیی، بابەتەکەی بەستەوە بە “فەتۆ” وە.

بە گوێرەی هەواڵەکانی جمهوریەت، ئەم خانمە لەلایەن کاربەدەستانی ناو سوپا، کە سەر بە بزاڤی خزمەت بوون، لە سوپا دوور خراوەتەوە.

بەڵام ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکانن دەزانن کە ” کاتێک مەلیکە لە کارەکەی دوور خراوەتەوە، مەهمەت ئێرتان سەرۆکی هۆبەی کاروباری کارمەندان نەبووە و، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوپای تورکیاش لە زیندان نەبووە”.

 

کاتێک مەلیکە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، مەهمەت ئۆزلو سەرۆکی هۆبەی کاروباری کارمەندان بووە و جەمال کادیئۆغلوش سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوپا بووە، کە ئێستا هەردووکیان بە پلەی فەریق لە سوپای تورکیا دەستبەکارن.

لەوەش سەیرتر، ئەم خانمە لە دوای ١٥ ی تەموزیش نەگەڕێندراوەتەوە سەر کارەکەی.

بە گوێرەی بڕیاری ٦٩٣ ئەنجومەنی وەزیران، دەبوو هەموو ئەو فڕۆکەوانانەی سوپای تورکیا کە لە ١٨ ساڵ خزمەتیان کەمتر هەیە، بگەڕێنەوە بۆ خزمەتی سەربازی؛ بە گوێرەی هەمان فەرمان، ئەوەی لە کەرتی تایبەتیشدا کار بکات و نەگەڕێتەوە بۆ خزمەتی سوپا، بۆ ماوەی ٤ ساڵ مۆڵەتی کارکردنی لێ دەسێندرێتەوە. بەڵام مەلیکە سەرەڕای ئەوەی پەیوەندی بە سوپاوە دەکاتەوە، لەلایەن سوپاوە قبوڵ ناکرێت، کاربەدەستانی سوپاش بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە فەتۆیە وەریناگرنەوە.

لەبەر ئەوەی مەلیکە دەرچووی خوێندنگەیەکی سەربازی بووە، کە دوای ١٥ ی تەموز داخراوە، سوپای تورکیا وەریان نەگرتۆتەوە. لە هەواڵەکاندا هیچ کەسێک ڕەخنە لەوانە ناگرێت، کە ئەم خانمەیان لە سوپای تورکیادا وەرنەگرتۆتەوە.

هیچ کەسێکیش ڕەخنە لەم قسە بێ واتایەی ناو هەواڵەکە ناگرێت: لە هەواڵەکەدا دەڵێت هەندێک کەسی سەر بە “فەتۆ” لە سوپا دەریان کردووە، دواتر لە هەمان هەواڵدا دەڵێت لە خوێندنگەیەکی سەربازی سەر بە “فەتۆ” فێری بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەت کراوە، ئێ باشە چۆن دەبێت هەمان ڕێکخراو لە سوپا دەریبکات و دواتر لە خوێندنگەیەکی خۆشی فێری بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەتی بکات؟

 

کەسمان چاومان بە دادپەروەری ناکەوێت

ڕۆژنامەی سۆزجوش بە هەمان شێوەی جمهوریەت، هەواڵی بێ سەروبەرەی زۆرە. سۆزجو لە یەکێک لە هەواڵەکانیدا دەڵێت ” سەربازێکی دێرین لەلایەن پەکەکەوە پەلاماری درا ئینجا فەتۆ”.

ئەم هەواڵە وا لە مرۆڤ دەکات بێزی لە خوێندنەوە هەواڵ بێتەوە، سەربازەکە پێش ١٥ ساڵ پێی بە بۆمبێکدا ناوە و هەردوو قاچی لە دەستداوە، دوو منداڵیشی بە بێ بەرامبەر لە خوێندنگەیەکی خزمەت خوێندوویانە. دوای ١٥ ی تەموز بە هۆی ئەوەی منداڵەکانی لە خوێندنگەیەکی خزمەت بووە، لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە.

ڕۆژنامەکە لە جیاتی ئەوەی ڕەخنە لە دەرونی نەخۆشی دەسەڵات بگرێت، کە سەربازێکی دێرینی لە کارەکەی دوور خستۆتەوە، ڕەخنە لە خزمەت دەگرێت کە بێبەرامبەر منداڵی سەربازێکی دێرینی کەمئەندامی لە خوێندنگەیەکی وەرگرتووە.

ئایا تەواوی ئەمانە ئەو نا مەعقولیەی لە سەرەتاوە ئاماژەم پێکرد، بە ئاشکرا دەریناخات؟

کارەکە بەوەوە نەوەستاوە پیاوێکی فێڵباز ژنەکەی تەڵاق بدات بە بەکارهێنانی ترسی فەتۆ، زۆرێک لە کەسانی تەڵەکەبازی ناو زیندانەکان، داوای دووبارە دادگایی کردنەوە دەکەن. بۆ نمونە ئەو پۆلیسەی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی پارکی گێزیدا،  گازی فرمێسکڕێژی ڕشت بە خانمە جل سوورەکەدا، خۆی بە “مەغدوری دەستی فەتۆ” دەزانێت. ئەو پۆلیسەی بە هۆی گازی فرمێسکڕێژەوە خانمێکی بریندار کرد، زیندانی ٢٠ مانگی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام ئێستا داوا دەکات لە زیندان بێتە دەرەوە و دووبارە دادگایی بکرێتەوە. پاساوی پۆلیسەکە ئەوەیە، ئەو دادوەرەی سزاکەی بەسەردا داوە، ئێستا بە تۆمەتی فەتۆ لە زینداندایە.

سەرەتا وتیان ئەم پۆلیسە سەر بە فەتۆیە و بە ئەنقەست گازی فرمێسکڕێژی بە ژنەکەدا کردووە، هەر بۆیە دادگا سزای بەسەردا سەپاند، بەڵام ئێستا دادوەرەکان تۆمەتبار دەکرێن بە پاساوی ئەوەی سەر بە فەتۆن.

هەتا ئەمە زیهنیەتی ئێمە بێت، نەک مەلیکە کووەت، هیچ کەسێکمان چاومان بە دادپەروەری ناکەوێت.

http://www.tr724.com/feto-istismari-tamgaz/

 

316 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە