بیروڕاهەواڵوتار

تالیدۆمیت و فیترەت!

بەخامەی عەبدوڵڵا ئایماز

لە ساڵی ١٩٦٨ بزاڤێکی گەنجان هەبوو ناوی نەوەی ٦٨ بوو. بە هەموو دونیادا بڵاو بوویەوە. ئێمەش یەکێک بووین لەوان. هەتا کودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠ و تەنانەت دواتریش، زۆر مناقەشە و مێزگردمان ڕێکدەخست لەگەڵ ئەو کەسانەی نکوڵیان لە بوونی خودا دەکرد.

لە هەموو شتێکدا هەوڵی دروستکردنی بابەتێکی نکوڵی لە بوونی خودا و دروستکردنی مشتومڕیان دەدا.

جارێکیان ئەم گروپە سەبارەت بە بێزوی ژنان لە کاتی دوو گیانی و  ڕشانەوە و دڵ ‌هەڵشێوانیان وتیان” باشە ئێوە دەڵێن خودا هەموو شتێکی لە گەردووندا بە ڕێک و پێکی و کامڵی دروست کردووە، باس لە خودایەک دەکەن کە هەموو شتێکی بە یاسا و ڕێسا ڕێکخستووە، باشە پێمان بڵێن حیکمەتی ئەو هەموو ناسۆری و ناڕەحەتیە چیە بەسەر ژناندا دێت لە کاتی دوو گیانیدا؟ لەبەرچی وایان لێبەسەردێت؟”.

لەم کاتەدا کۆمپانیاکانی دەرمانیش توێژینەوەیان لەسەر ئەم بابەتە دەکرد.

تەنانەت کۆمپانیایەکی بەناوبانگ، دەرمانێکی بە ناوی تالیدۆمیتەوە دۆزیەوە کە چارەسەری حاڵەتی دڵ هەڵشێوانی ژنانی دەکرد لە کاتی سک پڕیدا.

هەر ژنێک بەکاری دەهێنا لە کێشەکە ڕزگاری دەبوو، ئیدی لە هەموو دونیا بڵاو بوویەوە. لە هندستان و وڵاتانی جیهانی سێهەم بە شێوەیەکی بەربڵاو خرایە بازاڕەوە و لەگەڵ کەوتنە بازاڕی بە خێرایەکی زۆر دەفرۆشرا.

بەڵام پاش ماوەیەک زۆر منداڵی داماو و سەقەت کە دەستیان لە لا ملیانەوە دەرچوو بوو، یاخود ئەندامەکانیان نوسقان بوو، هاتنە دونیاوە.

پاش توێژینەوەیەکی زۆر ئەوە دەرکەوت کە هۆکاری ئەمە دەرمانی تالیدۆمیتە. کۆمپانیاکە بێ ئەوەی  توێژینەوە لەسەر کاریگەریە لاوەکیەکانی بکات و لەسەر ئاژەڵان تاقی بکاتەوە، بە مەبەستی قازانجی ماددی خستبوویە بازاڕەوە.

بە پەلە قەدەغە کرا و لە هەموو دەرمانخانەکاندا کۆکرایەوە. خەڵکانێکی زۆر سکاڵای یاساییان لەسەر کۆمپانیاکە تۆمار کرد و سزایەکی گەورەی ماددی بەسەر کۆمپانیاکەدا سەپێنرا.

ئەم دەرمانە چونکە سروشتی نیە، بە شێوەیەکی پێچەوانە کاریگەری لەسەر سروشتی منداڵەکان دانابوو. دوای ماوەیەک لە توێژینەوە، ئەوە دەرکەوت هۆکاری بێزووکردن و هەڵشێوانی دڵی ژنی دوو گیان ئەوەیە، هەندێک خواردنی ئاسایی بۆ کەسانی گەورە کە بگرە سوودیشی هەیە، کاریگەریەکی ژەهراوی هەیە لەسەر توخم و جیناتی  ئەندامەکانی لاشەی کۆرپەلەی ناو ڕەحم کە هێشتا بە تەواوی پێ نەگەشتووە…

هەر بۆیە جەنابی حەق لە ڕێگەی بێزوو کردنی ژنانەوە، وایان لێدەکات هەرچی خواردنێک سوودی هەبێت بۆ کۆرپەلەکە و پێداویستی لاشەی بێت، دایکەکە حەزی لێ بکات و بیخوات، هەرچی خواردنێکیش زیانی هەبێت و کاریگەری ژەهراویبوون لەسەر کۆرپەلەکە جێبهێڵێت، بێزی لێبکاتەوە و دڵی پێی هەڵبشێوێت هەتا لێی دوور بکەوێتەوە و نەیخوات.

ئەو نادانانەی لەم حیکمەت و داناییە وردەی جەنابی حەق تێنەدەگەشتن، هەوڵیان دەدا ئەم بابەتە بکەنە ئامرازێک بۆ نکوڵیکردن لە بوونی خودا.

ئێمەش لە وەڵامدا پێمان وتن:

با ببینین مەولام چی دەکات

مەولا هەرچی بکات جوان دەیکات

بەڵێ ” قەدەری ڕێگە” ی ئێمە وەهایە هەندێک شتێکی ناڕەحەتکەر بێنە بەردەمت، ئێمە دەبێت بە ئارامگریەوە بە دوای حیکمەت و دانایی خودادا بگەڕێین لەو شتانەی بەسەرمان دێت. وەک لە سورەتی بەقەرەدا دەفەرموێت” ئێوە هەندێک شتتان پێ خۆش نیە و ڕقتان لێیەتی، بەڵام ئەو شتە خێری تێدایە و ئێوە نایزانن”.

ئوستاد نورسی لە بەشی “زەڕە” ی کتێبی مەسنەوی نوریەدا دەڵێت” تەمبەڵی، دەستەوسانی، بێ کاری، بێدەسەڵاتی و بەردەوام بوون لەسەر یەک شێوازی بوون، بە نیسبەت بوونەوەرێکەوە کە تەنیا لە ڕێگەی گۆڕانکاریەوە هاتوونەتە بوون، بە واتای نەبوونی و تیاچوونی چۆنیەتی و چەندێتی ئەو بوونەوارانە دێت. نەبوونیش  بریتیە لە ئازار و شەڕ. بەڵام بزاڤ و چالاکی چێژ و لەزەتێکی گەورە بە مرۆڤ دەدەن. تەنانەت گەر ئەم چالاکیە ئازار و بەڵاش بە دوای خۆیدا بهێنێت، خێرێکی گەورە لەوەدایە بچیتە چەندین دۆخی جیاواز و لێی دەرچیت. خەم و ئازارەکانیش گەر لە زۆر لاوە ناشرین بێننە بەرچاوممان، لە زۆر لایەنی ترەوە جوانن. خۆ هەر نوری بوونیش کە بریتیە لە ژیان، لە ڕێگەی ئازار و ناسۆرەوە بێگەرد و پاڵفتە دەبێت و، بە هۆی ئەو ئازار و دەردەسەریانەوە زیاتر دەدرەوشێتەوە. ژیان بێ ئەمانە نابێت. تۆ ئەم ئازارانە بە تەرازوو و پێودانگی ئەوەی خۆت لە ژیاندا بمێنیتەوە مەپێوە، بەڵکو ئەمانە بە تەرازووی ئەوەی دەرخەری کار و حیکمەتی جەنابی حەقە، کە دروستکەری ژیانە پێوانە بکە و، هەوڵ بدە ژیانی تۆ ببێتە پشاندەری ئەم حیکمەتە خوداییە و تێیدا عەکس ببێتەوە بۆ کەسانی تر. چونکە گەر بەشی ژیانت لەوەی خودا دروستی کردووە ئەمەی ئێستا بێت، بوونی تۆ لە چاو خاوەنی هەموو پشکەکانی بووندا، تەنیا بوونێکی لاوەکیە و دەبێت شوێنکەوتەی خاوەنی هەموو پشکەکانی ژیان بێت کە خودایە. هەندێک بڵقی سەر ئاو کە بەرامبەر خۆر دەڕۆن، تیشکی خۆریان تێدا دەردەکەوێت و بە شیوەیەکی کاتی جوانی خۆر لە خۆیاندا بەرجەستە دەکەن. ئەم بارەش لە بەرامبەر خۆر کە پڕە لە دەرکەوتەی حیکمەتی خودایی، حەقی ئەوەیان پێنادات لە دژی خۆر بوەستنەوە و داوای بەشی لێ بکەن.  هەروەها شتێکی تریش کە دەبێت ئاماژەی پێ بدەین، بڵقی مرۆڤیش تەنیا لە کاتێکدا باوەڕی هێناندا، بە هۆی ئەو ئیمان و باوەڕەوە وەک مرواریەک وێنەی ئەستێرەمان دەداتێ و وەک فانۆسێکی لێ دێت کە بە گورزی تیشکی گڵۆپی ئەزەلی خۆر هەڵگیرسابێت”.

گەر ئەم باوەڕە بە هیجرەتکردن لە پێناو خوداشدا تاجی لەسەر بنرێت، ڕێگەکەش لە ژێر ئاگربارانی زوڵم و غەدردا بێت، ئەمە شتێک نیە ئێمە بتوانین هەڵیسەنگێنین و پاداشتی بدەینەوە. ئێمە تەنیا بەو موهاجیرە مەغدور و ستەملێکراوانەی بە ئەهلی بەیتی مەعنەوی خۆمانیان دەزانین دەڵێین “موژدەتان لێ بێت”.

http://www.shaber3.com/talidomit-ve-fitrat-haberi/1300445/

 

484 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە