ڕاپۆرتهەواڵ

ژیانێکی سەرلەنوێ لە یۆنان دەست پێدەکاتەوە

حەسەن ی. کە لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزەوە بە بڕیاری ٦٧٥ ی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوورخرایەوە ، ئێستا لە یۆنان هەوڵی دەسپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ دەدات و دەڵێت” من ساڵانێکی زۆر خزمەتی وڵاتەکەمم کرد، نەدەبوو پاداشتی کارەکانم بەم شێوەیە بێت، دەبوو باجی کارەکانم بەم شێوەیەی ئێستا نەبوایە”.

وێنەکانی هاوڕێی خۆشەویستم گیۆرگۆس مۆتەفیس، کە یەکێکە لە وێنەگرە بە تواناکانی وڵاتی یۆنان، سەرەداوێکی باشمان سەبارەت بە کارەساتەکانی دەریاچەی مەریچ پێ دەدات. وێنەی هەندێک لەو بەلەمانەی شەپۆلی بەرزی دەریاکان هەڵیگێڕاونەتەوە و فڕێی داونەتە ناو گژو گیای چواردەوری دەریاچەکە، هەندێکیشیان لە کەناری دەریاچەکەدا کەوتوون، لیانا سپیرۆپۆلۆ لە ڕۆژنامەی بیلدی ئەڵمانیەوە باسی ڕەهەندە سامناکەکانی شەوانەی ئەو وێنانەمان بۆ دەکات کە بە چاوی ڕۆژ تۆمار کراون:

بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوانەی لە ناوچەکەدا ئەنجام دراوە، هەتا ئێستا ١٣٠٠ لاشە لە ژێر ئاوی دەریاچەکەدایە نقوم بووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٧ هاوڵاتی سەر بە بزاڤی خزمەت لە کاتی پەڕینەوەیان بە ئاوی دەریاچەی مەریچدا بەلەمەکەیان هەڵگەڕایەوە و سەرجەمیان نقوم بوون، تا ئێستا لاشەی ٣ کەسیان دۆزراوەتەوە و ٤ هاوڵاتیەکەی تریش چوونە سەر ژمارەی ئەو کەسانەی لە بنی دەریاچەکەدا ون بوون.

بەڵێ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی  ئەوهاوڵاتیانە تەواوی ڕابردوو، یادەوەری، خەیاڵەکانی خۆیان لە پشتیانەوە جێدەهێڵن و، لە پێناو ئەوەی هەنگاو بەرەو ژیانێکی ئازادانە بنێن، ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە، ڕووی لە زیادبوونە. حەسەن ی. و خانەوادەکەی نمونەی یەکێکە لەو خانەوادانە…

ئەم خانەوادەیە چەند مانگێکە لە وڵاتی یۆنان ژیانێکی سەخت بەسەر دەبەن و هەموویان پێکەوە لە تاقە ژوورێکدا ژیان بەسەر دەبەن. ” ماوەی ٢٥ ساڵ وەک کارمەندی تەندروستی لە تورکیا کارم کرد. هیچ کاتێک لێپرسینەوەم لەگەڵدا نەکراوە. هەموو کات بە ڕێز و سوپاسەوە باسیان کردووم. خاڵەکانی خزمەتی چەند ساڵی ڕابردووم زۆر زۆربوو. وتیان بڕۆ ڕۆژهەڵات چووم و کارم کرد، وتیان ڕۆژئاوا هەروا چووم و کارم کرد، بۆ من جیاوازی لە نێوان ئیزمیر، دیاربەکر، بیتلیس  نیە. ئەی ئێستا؟” ئەمە قسەکانی حەسەن ی. کە لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموز، بە فەرمانی ٦٧٥ ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور خرایەوە.

ناوبراو بە دەستە لەرزۆکەکانیەوە دەڵێت” ئەوەی من و هاوسەرەکەمی زۆر بریندار کرد، ئەوە بوو مامەڵەی تیرۆرستیان لەگەڵ دەکردین”. پاشان دەڵێت” ساڵانێکی زۆر خزمەتی وڵاتەکەمم کرد، نەدەبوو پاداشتم بەم شێوەیە بدەنەوە، نەدەبوو باجی کارەکانم ئاوەها بێت”.

حەسەن بیر لەو ڕۆژانە دەکاتەوە کە لە کارەکەی دوور خراوەتەوە و هەموو  کەسە نزیکەکانی خۆیان  لە سڵاو لێکردنیش دوور خستۆتەوە، بیر لە نوێژە هەینیەکانی تورکیا دەکاتەوە و پاشان دەڵێت” مزگەوتەکە پڕ پڕ بوو لە نوێژخوێن. لەگەڵ مرۆڤە ئاساییەکانی ناو تورکیا ٥٠ جۆر جەماعەتی ئیسلامی بوونی هەیە. کاتێک مەلاکە وتاری دەدا، لە ناخمەوە قوڵپ قوڵپی گریان دەهات، زۆر بێ تاقەت دەبووم، چونکە ئەو وتارانەی بە ” ئەی ئیماندارەکان” دەست پێ دەکات و، بە باسی ” برایەتی و دڵسۆزی” کۆتایی دەهات، لە ژیانی ڕاستەقینەی نوێژخوێنەکاندا ڕەنگدانەوەی نەبوو. گەر ئێمەش دز یاخود پیاوکوژ بووینایە، دەمانتوانی لە تورکیادا بژین. بەڵام جێگامان نەبوویەوە. بە ڕای من کودەتای ڕاستەقینە بەسەر ئەخلاقدا ئەنجام درا”.

حەسەن خاوەنی خێزانێکی ٥ کەسیەو دوای لە دەستدانی کارەکەی بە ناچاری ئۆتۆمبیلەکەی فرۆشتووە. پاش ئەوەی پارەکەی دەستی بەرەو تەواوبوون دەڕوات، بڕیاری جێهێشتنی وڵات دەدات. چونکە هەر دەرچوونێکی ئەوان لە ماڵی خۆیان، هیچ جیاوازی نامێنێت لەگەڵ ئەوەی بکەویتە ناو فیلمێکی ترسناکەوە. لە بەقاڵەکەی بەردەم ماڵیانەوە هەتا کامێراکانی چاودێری و دراوسێکانیان، هەموو هەنگاوێکیان لە ژێر چاودێریدا بووە. هەر شەوێک سەریان خستۆتە سەر سەرینەکەیان تا بخەون، بە ترسی ئەوەوە خەوتوون بەیانی کەسێک لە دەرگایان بدات و دەستگیریان بکات. هەموو کاتێک ئەو هاوڕێیانەی خۆیی هاتۆتە پێش چاو، کە بەبێ هۆ لە ماڵەکەیان براون و چەندین ڕۆژ بێسەر و شوێن و هەواڵ بوون.

سەرئەنجام دەگاتە ئەو بڕوایەی کە حکومەتی تورکیا کاریان بەسەر یاسا و مافی هاوڵاتیانەوە نەماوە و، پێی وابووە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نادادپەروەریەکان بەرەو زیاد بوون دەڕۆن و، هەتا ڕۆژێک لەگەڵ خانمەکەی بە ناوی فەزیلە  بە یەکیان وتووە ” لەبەرچی لێرە  دەمێنینەوە؟ نە دەتوانین بە ئارەزوی خۆمان لەگەڵ خەڵکدا قسە بکەین. نە دەتوانین سەردانی خزمەکانمان بکەین. نە دەتوانین منداڵەکانمان لە خوێندنگە بهێنینەوە. تەنانەت کاتێک دەچین بۆ سەردانی دایک و باوکمان لە ڕێگەی جیاواز جیاوازەوە دەڕۆین و دێین. کەواتە…”

ئەو پرسیارەی کە زۆر ناخی بریندارکردوون “ئەی ئێستا چ کارێک دەکەن؟”، چونکە هیچ وەڵامێکیان نەبووە بۆ ئەو پرسیارە. بەڵام لە ڕابردوودا بەو پەڕی خۆشحاڵیەوە دەیوت “من کارمەندی تەندروستیم”، دواتر بە درێژی باسی کارەکەی خۆی دەکات و دەڵێت” من یەکێک بووم لە بەناوبانگترین ئەو کەسانەی لە شاری ئیزمیردا خەتەنەی منداڵانیان دەکرد. تەلەفۆنیان بۆ دەکردم  و لە هەر شوێنێک بوومایە دەیاندۆزیمەوە. زیاتر لە ١٠ هەزار منداڵم خەتەنە کردووە. گەرچی ئێستا ئەو کەسانەی لەلای من منداڵەکانیان خەتەنە کردووە، وەک تیرۆرست لە قەڵەمیان دەدەن”.

دوو هاوسەرەکە دەڵێن” ئێمە ئەمەمان پێ قبوڵ نەدەکرا، ئەوەمان قبوڵ نەدەکرد پێمان بوترێت تیرۆرست”. پاشان وتیان ” هەر هەنگاومان نایە دەرەوەی تورکیا، هەستمان بەوە کرد دووبارە بووینەوە بە مرۆڤ. چونکە بە گوێرەی یاسا گەردوونیەکان، کەس ناتوانێت مرۆڤگەلێکی وەک ئێمە بە تۆمەتێکی وەها سوک ناو ببات”.

حەسەن لە قسەکانی بەردەوام دەبێت و دەێت” ماوەی ٤٢ ساڵی ژیانم تەنانەت یەک جاریش چوومەتە بنکەیەکی پۆلیس و دەستگیر بکرێم؟ یەک جار لە دادگا لێکۆڵینەوەم لەگەڵدا کراوە؟ یەک سکاڵای یاساییم لەسەر تۆمار کراوە؟ نەخێر… ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هاوڵاتیەکی باش بووم و لە هێڵی مرۆڤایەتی نەچوومەتە دەرەوە. زۆر خۆشحاڵم بەوەی هاتووینەتە یۆنان و لێرە دەژین. لێرە مرۆڤین”.

 

“باوکە دیاریەکەت ئەوە بوو بمانهێنی بۆ زیندان؟”

حەسەن و هاوسەرەکەی ئەو پلانەی لە منداڵەکانی خۆیانیان شاردبوویەوە، پێش یەک کاتژمێر لەوەی لە تورکیاوە بەرەو یۆنان بکەونە ڕێ، لە نزیک ئێدیرنە بۆیان ئاشکرا دەکەن.

حەسەن بە منداڵەکانی دەڵێت” کوڕم، کچم، بیرتانە هەموو کاتێک دەموت گەر بە باشی فێری ئینگلیزی ببن دیاریتان بۆ دەکڕم، پێم نەوتن گەر لە فێربوونی زماندا باش ببن دەتان بەم بۆ پشووی دەرەوەی وڵات. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە باسم دەکرد بۆتان. ئێستا دەڕۆین بۆ پشوویەک لە دەرەوەی وڵات، بەڵام تۆزێک سەرکەشی تێدا دەبێت ئەم گەشتەمان. سەرەتا تۆزێک بە پێ دەڕۆین. بە بەلەمێک لە دەریاچەیەک دەپەڕینەوە. بەڵام دەبێت بێدەنگ بن و هاوار نەکەن. چونکە ئەو ڕێگایەی بەلای دەڕۆین، باڵندەی لێیە و بەچکەکانیان خەوتووە. نابێت بەچکەکانیان  لە خەو هەستێنین”.

چاوی منداڵەکانی لە تاریکی شەودا وەک بەردی فاڵگرەوەکان گەورەبوو بوو، بە ناوی پشووی دەرەوەی وڵاتەوە ئامادەی جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە پڕ سەرکەشیە بوون کە لەگەڵ باوکیاندا لەسەری ڕێکەوتبوون،  هەموو قسەکانی باوکیان وەک خۆی جێبەجێ کرد. بەڵام بێ ئاگا بوون لەو ناڕەحەتیانەی چاوەڕێی دەکردن. چونکە ئەوان خۆیان بۆ وەرگرتنی پاداشتی کۆشش و سەعیەکی زۆری فێربوونی زمانی ئینگلیزی ئامادە کردبوو…

یەکێک لە شەوەکانی پایز دەبێت، کاتێک خێزانێکی ٥ کەسی لە بەرامبەر ٩ هەزار یۆرۆ، لە ئاوی مەریچەوە دەپەڕنەوە کەناراوەکانی یۆنان. گەرچی دوو کەسی تریان لە بەلەمەکەدا لەگەڵ دەبێت، بەڵام ئەو شەوە چەند کاروانێک بێ کێشە دەگەنە ئەوبەری یۆنان. دوای ئەوەی ماوەی ٢ کاتژمێر و نیو بە پێ ڕۆشتن ڕێگایەکی سەخت دەبڕن، دەگەنە شوێنێکی بچوکی نیشتەجێبوون، دەچنە ناو هۆتێلێکی هەرزان بەهاوە. بەڵام پێش ئەوەی بێن، پۆلیسەکان هاتوونەتە بەردەم دەرگای هۆتێلەکە و، بۆ ئەوەی ناڕەحەتیان نەکەن،  هەتا ڕۆژ دەکەنەوە لەبەردەم دەرگای هۆتێلەکە چاوەڕێیان دەبن. یەکەم قسەی پۆلیسەکان ئەوە بووە ” نیگەران مەبن، خەمی هیچتان نەبێت”. دواتر حەسەن دەچێتە ژووری هۆتێلەکە و بە هاوسەرەکەی دەڵێت” دەی منداڵەکان، شکاتم لە خۆم و ئێوەش کردووە، پۆلیسەکان هاتوون بمانبەن، لە خوارەوە چاوەڕێمانن”.

حەسەن هیچ کاتێک قسەی کوڕە بچکۆلەکەی بە ناوی مەهمەت عاکیف لەبیر ناکات کە لە کاتی چوونە ناو کەمپی ئاوارەکان پێی وتووە” باوکە دیاریەکەت لە پاداشتی فێربوونی ئینگلیزی و سەعی کردنی زۆر ئەوە بوو ئێمە بهێنیت بۆ زیندان؟”.

 

ژیانی ئازادی  لە بەندیخانە!

هاوسەرەکەی حەسەن دەڵێت ” کاتێک چوونە بنکەی پۆلیس وامانزانی زوو ڕزگارمان دەبێت، بەڵام وا دەرنەچوو، شوێنێکە قەت نەمان دیوە و پێی ڕانەهاتبووین”.

هاوسەرەکەی حەسەن لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت” لە قاوشێکی دوور و درێژ دایانناین کە قەرەوێڵەیەک و بەتانیەکی پیسی لەسەر بوو. هیچی تری لەسەر نەبوو. هەموو لایەک بنە جگەرەی فڕێدراو بوو. پیسی تا سەر ئەژنۆمان گەشتبوو. داوای گسکمان کرد وتیان نیە. بە دەستمان پاکمان کردەوە شوێنی دانیشتنەکەمان. سوپاس بۆ خودا شەوەکەی بردینیان بۆ کەمپی ئاوارەکان”.

گەشتەکەیان بەرەو کەمپی ئاوارەکان لەو شەوەدا خێزانەکەی نیگەران کردووە. ترساون لەوەی بیانبەنەوە بۆ تورکیا و تەسلیمیان بکەن. کاتێک دەرگای ئۆتۆمبیلەکە کراوەتەوە و سەربازە یۆنانیەکانیان بینیوە، ئاهێکیان بە بەردا هاتۆتەوە. پۆلیسەکان کاتێک بینیویانە منداڵەکان برسیانە، بە پارەی خۆیان لە ساردکەرەوە ئۆتۆماتیکیەکەی ناو کەمپەکە هەندێک شتیان بۆ کڕیون.

بەڵام کاتێک دەچنە ناو کەمپەکە، منداڵەکان زۆر بە زووی تێدەگەن لەوەی کەمپەکە لە بنکەی پۆلیسەکە باشترە. لە هەموو گەلێک مرۆڤی لێیە و هەموو شوێنێک تاریکیە.

کاتێک لە نێوان خۆیاندا قسەیان کردووە، یەکێک بە تورکی پێی وتوون ئەمانەش لە خۆمانن. خانمێک بە ناوی ئەلیفەوە، کە هاوقەدەری خۆیان بووە، پێشوازی لێکردوون، پێی وتوون “ئێمە هەموو شوێنێکمان پاک کردۆتەوە”، ئیدی فەزیلە و منداڵەکانیان بردۆتە لایەکی کەمپەکە. ئەوەی زۆر کاریگەری لەسەر فەزیلە داناوە قسەی خانمەکە بووە کە پێی وتووە” خەمتان نەبێت، ئێمە لێرەین”. چونکە ماوەیەکی زۆر بوو گوێیان لە قسەیەکی پڕ بەزەیی بەو شێوەیە نەبوو بوو.

هاوسەرەکەی حەسەن بەم شێوەیە باسی یەکەم شەوی کەمپەکەیان دەکات” ئێوارە هەموومان نانمان خوارد. ئیدی هەموومان حەزمان لە چا بوو. ئەلیف خانم و ئەوان قاپێک میوەیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو. چای ناو پاکەتیشی هێنابوو. ئامێرێکی ئاو گەرمکەرەوەی سادەی لەگەڵ خۆی هێنابوو. بەڵام پەرداخی کەممان لەبەردەستدا بوو. یەکەم جار خانمەکان چایان خوارد  دواتر پیاوەکان. دواتر چامان بەسەر هەموو ئەوانەی ناو قاوشەکەدا دابەش کرد. چا خواردنەوە لە نێوان چوار دیواردا لەگەڵ دۆستە تازەکانمان، قسەکردن بە شێوەیەکی سەربەستانە، خۆشیەکی چەندە گەورەیە لەوێدا هەستمان پێکرد”.

دوای ٤-٥ ڕۆژ ژیانی ناو کەمپ و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، لە ڕێگەی گومولچینە و سەلانیکەوە چوونەتە ئەسینا. لە شوێنێکی ناوەندی شاردا نیشتەجێبوون، کە کرێی ڕۆژانەی ١٠ یۆرۆیە. دووەم سوپرزی فەزیلە خانم و منداڵەکانی ئەوە بووە چاویان بە یەکێک لە خوشکەکانی ناو بزاڤی خزمەت کەوتووە لە ئەسینا.

بینینی دۆستێکی لەو شێوەیە لەسەر هەمان ڕێگا کە ماوەیەکی زۆر لێیان دوور بووە، هەم سەری سوڕماندووە، هەم دڵخۆشی کردووە.

لە یەکەم هەوڵی گەشتکردنیان لە فڕۆکەخانەی ئەسیناوە بەرە ئەوروپا شکستی هێناوە و بە ناچاری گەڕاونەتەوە. لە دووهەم هەوڵیاندا بۆ ڕۆشتن بەرەو ئەوروپا لە شاری سەلانیکەوە، پۆلیسەکان دەستیان بەسەر پاسەپۆرتە سەوزەکەیاندا گرتووە. ئەمەش هەمووی بە هۆی نەزانی وەرگێڕە ئۆزبەکیەکەوە دەبێت، کە وەک ڕێپیشاندەر لەگەڵیان بووە، ئێستا تەنیا فەزیلە پاسپۆرتەکەی لەلا ماوە.

ئێستا پارەیان پێ نەماوە و پاسەپۆرتەکانیشیان دەستی بەسەردا گیراوە.

خێزانەکەی حەسەن دەڵیت” هەر جارێک هەوڵی ڕۆشتنمان دابێت ٥ هەزار یۆرۆمان لێ سەندراوە چونکە ٥ کەسین. ئێستا چووینەتەوە قاوغەکەی خۆمان”.

شتێک کە زۆر ناڕەحەتی کردوون، ناچاربوونیانە بە خۆ خستنە بەر دەستی قاچاغچیەکان. چونکە چارەیەکی تریان نیە. ئاوارە واتە کەسێک کە پاسەپۆرت و ناسنامە و پارەی پێی نیە…

حەسەن سەبارەت بە قاچاغچیەکان دەڵێت” زۆر مرۆڤم بینی موحتاجی دەستی قاچاغچیەکانە. زۆریان کەسانی ئەکادیمی بوون. ناچاریت بە دەستی ئەوان. ئەم سیستەمە زەمینەی تاوان بۆ مرۆڤە نەخوێندەوارەکان خۆش دەکات”.

فەزیلەی هاوسەری حەسەن دەڵێت” ئەسینا زۆر خۆشە، کەشوهەوایەکی خۆشی هەیە.مرۆڤەکان باشن و دەتوانین زمانەکەشیان فێربین. بەڵام لێرەش قەیرانی ئابوری هەیە. ئەوەی لە دەستماندایە بەرەو تەواو بوون دەڕوات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بێ هیوا دەبین. نازانیت لێرە چیت بەسەر دێت”.

گەرچی ئەو ڕۆژانەی خزمەکانیان خۆیان لێ دوور دەخستنەوە و پشتیان تێکردن لە دوای خۆیان لە تورکیا بەجێهێشتووە، بەڵام کێشەکانی ڕێبواری ڕێگای هیوا، کۆتایی نەهاتووە. هەموو ڕۆژێک پرسیارێک لە خۆیان دەکەن و دەڵێن “مانەوە لەو وڵاتەی هەموو ڕۆژێک ئەشکەنجەی مرۆڤەکانی تێدا دەدرێت و مرۆڤەکانی تێدا دەخرێتە زیندانەوە، یاخود جێهێشتنی وڵات و گەڕان بە دوای هیوایەکدا” هاوسەرەکەی حەسەن دەڵێت هەموو جارێک بە دڵنیایەوە بژاردەی دووهەم هەڵدەبژێرن.

ئەو جانتا سورەی لەگەڵ خۆیان هێنابوویان، بەخشیویانە بە مۆزەخانەی تەنکیل کە تازەیی دروست دەکرێت. چونکە شتەکانی ناوی بیری تورکیایان دەخاتەوە. یەکی دەستێک جلی زیادەیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە، ئەو ترخێنە وشکەی لەگەڵ خۆیان هێنابوویان بۆ ڕێگەی دوور و درێژ، هەمووی تەواو بووە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە لەبەر خۆیانەوە دەڵێن ” ئەمانە هیچی کێشە نیە”. زۆر دڵیان لە سیاسەتمەدارانی تورکیا شکاوە و دەڵێن ” خودا بە کردەوەی خۆیان لەگەڵدا بکات، لەم دونیایەدا هەرچی هەیە پێیان بچێژێت و لەو دونیاش خراپتریان بەسەر بێت”.

حەسەن و فەزیلە لە کاتی کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزدا منداڵێکی ١٥ ڕۆژیان دەبێت، فەزیلە هەندێک جار دەڵێت”  باشە خوێندنگەکان دادەخرێن و بەشە ناوخۆیەکان مۆریان لێدەدرێت. گەر تورکیا بەمە ئاسوودە دەبێت قەیناکە، گرنگ نیە دەستیان گرتووە بەسەر ماڵ و موڵکی ئێمەدا”.

‘Beni ve eşimi en çok bize yapılan terörist muamelesi yaraladı’

 

 

 

 

  

 

307 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە