ڕاپۆرتهەواڵ

تورکیا پیسەکەی ئێردۆغان. بەشی دووەم. نهێنی ترانسپۆرتە ڕەشەکان (بە ڤیدیۆ)

 

لە بەرواری ٣١ ی ئازاری ساڵی ڕابردوو، کاتێک بە گەڕەکی ئایڤالیدا تێدەپەڕیم بۆ ئەوەی منداڵەکەم لە خوێندنگە بهێنمەوە، یەکێک لە دواوە بانگی کردم. کاتێک ئاوڕم دایەوە سەیرم کرد ئۆندەر ئاسان بوو، مێردەکەم ئەوی دەناسی. پێی وتم” لە شەنتەپە هاوسەرەکەتیان ڕفاند”. هاوڕێی مێردەکەم بوو، بەڵام من زۆر باش ئەوم نەدەناسی. ئیدی نەمزانی کێ مێردەکەمی ڕفاندووە و لەبەرچی ڕفاندوویانە. کاتێک بیستم ئەویش ونبووە، ئیدی هەواڵم بە پۆلیس دا کەوا مێردەکەم و هاوڕێکەی ونبوون.

ئولکو چەپان هاوسەری تورگوت چەپان کە کارمەندی زانکۆی تورگوت ئۆزاڵ بوو، سەرەتا بەم شێوەیە ئاگاداری ڕفاندنی هاوسەرەکەی دەبێت.

وەک لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە، سەرەتا خانمەکە لە ڕێگەی ئۆندەر ئاسانەوە ئاگاداری ڕفاندنی مێردەکەی دەبێتەوە و ڕۆژی دواتریش ئۆندەر ئاسان دیار نامێنیت. سەرەتا تورگوت کرایە ئامانج و، ئۆندەریش دوای ئەوەی بە ڕووداوەکە دەزانێت ئەویش دەکرێتە ئامانج. ئەوەی ئەم دوو هاوڵاتیە ڕفاند هەمان دەستە و تاقم بوون.

ئۆندەر دوای ٤٥ ڕۆژ لە بنکەی پۆلیسی ئەنقەرە دەرکەوتەوە، بەڵام تورگوت لە دوای ئەو ڕۆژەوە هەواڵی لێ نەبیستراوە.

ئەو زانکۆیەی تورگوت کاری تێدا دەکرد، بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران داخرا. چەپان لە دوای داخرانی زانکۆکەوە بێ کار دەبێت و کاتژمێر ١١ ی سەر لە بەیانی ڕۆژی ٣١ ی ئازاری ٢٠١٧ لەلایەن کۆمەڵێک کەسی نەناسراوەوە، لە گەڕەکی شەنتەپەی شاری ئەنقەرە دەڕفێنرێت و هەتا ئێستا بێسەرو شوێنە.

تورگوت چەپانی ڕفێنراو

تورگوت پێش چوونە دەرەوەی لە ماڵ باسی لەوە کردبوو، کە سەرەتا دەچێتە سەرتاشخانە، دواتر نوێژی هەینی  دەکات و هەندێک شت بۆ ماڵەوە دەکڕێت و دەگەڕێتەوە. ئۆندەر ئاسانیش دوا نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە هەواڵی ڕفاندنی تورگوت چەپان دەگەیەنێت بە هاوسەرەکەی. خانمەکە لە کاتی بیستنی هەواڵەکە بە تەواوی سەری لێ دەشێوێت و نازانێت چی بکات. منداڵەکەی لە خوێندنگە دەهێنێتەوە و دەچێتەوە ماڵەوە. پێی وایە مێردەکەی بە هۆی کارێکەوە دواکەوتووە و باوەڕ بەوە ناکات ڕفێندرابێت. ڕۆژی دواتر کاتێک دەبیستێت ئۆندەر ئاسانیش دیار نەماوە، ڕاستەوخۆ دەچێتە بنکەی پۆلیس و هەواڵی ئەوەیان پێ دەدات، کە مێردەکەی دیار نەماوە.

 

“پۆلیس خۆیان لە بابەتەکە دزیەوە، هاوسەرەکانیان بەڵگەکانیان کۆکردەوە”

 هاوسەری هەردوو هاوڵاتیە ڕفێندراوەکە  کارمەندی زانکۆی تورگوت ئۆزاڵ بوون، کاتێک بینیان هێزەکانی پۆلیس ناچن بە دەم داواکاریەکانیانەوە، خۆیان هەستان بە کۆکردنەوەی بەڵگەکان و تۆماری سەرجەم کامێراکانی چاودێری ئەو ناوچەیەیان پشکنی، کە تێیدا ڕفێندرابوون.

دوو خانمەکە توانییان  تۆمارێکی ڤیدیۆیی تورگوت چەپان بدۆزنەوە، کە بە بەردەم یەکەیەکی نیشتەجێبووندا تێدەپەڕێت و، دواتر لە کامێرایەکی تردا ترانسپۆرتەرێکی ڕەش دەبینن، کە لە تورگوت چەپان نزیک دەبێتەوە و دواتر چەپان دەرناکەوێتەوە.

سەرەتا ئۆتۆمبیلەکە کەمێک خۆی خەریک دەکات، دوای ئەوەی تورگوت دەچێتە ناوچەیەکی بێ کامێرای چاودێری، ئیدی جارێکی تر لە کامێراکانەوە دەرناکەوێتەوە.

 

“پیاوێکی گەورە لە ناوەڕاستی شەقامێکدا دیارنامێنێت”

ئولکو چەپان بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکە دەکات” لە کامێرایەکی چاودێری یەکێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوونەوە بینیمان کە مێردەکەم تێدەپەڕێت، بەڵام نابینین لە کامێرای دووهەمی ئەوسەری شەقامەکەیەوە دەر بکەوێتەوە. لە کامێرایەکی ئەوبەری شەقامەکەوە دەبینین کە پاسێکی بچووکی جۆری ترانسپۆرتەر بە خێرایی دێتە نزیک شوێنی ڕۆشتنی مێردەکەم و، سەرەتا ١٥ سانیە لەوێدا دەوەستێت، دواتر کە دەجووڵێت بە هیچ شێوەیەک مێردەکەم دەرناکەوێتەوە، پیاوێکی گەورە لە ناوەڕاستی ئەو شەقامەدا لە ماوەی چەند سانیەیەکدا دیار نەما”.

 

“تورگوت لە دەستماندایە، دەم و لووتیمان شکاندووە”

سەرەتا تورگوت چەپان دیار نەما. ئەو تاقمەی تورگوت چەپانیان ڕفاند، ئۆندەر ئاسانیشیان کردە ئامانجیان، چونکە ئەویش لە نزیکی شوێنی ڕووداوەکە ئامادە دەبێت.

ئۆندەر ئاسان دوای ٤٢ ڕۆژ لە ڕفاندنی، لە بنکەی پۆلیسی ئەنقەرە، لە بەرواری ١٦ ی ئایاری ٢٠١٧ چاوی بە  فاتمە ئاسانی هاوسەری دەکەوێتەوە. دواتر ڕەوانەی زیندانی سینجان کرا.

فاتمە بەم شێوەیە باسی چاوپێکەوتنی خۆی و مێردەکەی دەکات:

“خۆشی باوەڕی بەوە نەدەکرد کە لەو شوێنە ڕزگاری بووە. ڕیشی درێژ بوو بوویەوە و زۆر لاواز بوو بوو، زۆر ترسا بوو. دەستم گرت، ئەویش بە ترسێکەوە دەستی کێشایە دواوە. ئەو ڕۆژە دادگایی هەبوو، وتی پشتیوان بە خودا فەرمانی دەستبەسەرکردنم بۆ دەردەچێت. مێردەکەم نەیدەوسیت ئازاد ببێت، چونکە دەترسا لە دەرەوەی زیندان شتێکی بەسەر بێت. باسی ئەوەی کرد لە ژورێکی ٢ مەتریدا کە بە ئیسفنجی ڕەش پۆشراوە، بە کەلەپچەکراوی و چاو بەستراوی دایانناوە. لە یەکەم ڕۆژەوە تورەکەیەکیان بەسەردا کردووە و هەتا ئەو ڕۆژەی ئازادیان کردووە هەر لێیان داوە. بە هۆی ئازاری فەلاقەکردنەوە گورچیلەکانی ئازاری پێ گەشتووە و توانای خەوتنی نەبووە. بە دەست و چاوی بەستراوەوە براوە بۆ تەوالێت. کەسی نەبینیوە، بەردەوام ناوی کەسانێکی تریان لێ پرسیوە، لە بەرامبەر ژووری مێردەکەمدا ژوورێکی تر هەبووە، کە وەک ژووری ئەشکەنجەدان بووە، بەردەوام گوێی لە هاواری کەسانی تر بووە. لێیان پرسیوە “چی دەزانی؟”، ئەویش نەیزانیوە چی بڵێت، پێیان وتووە ” تورگوت لە ژێر دەستماندایە، هەموو دەموچاویمان شکاندووە.”

بە گوێرەی ئەم قسانەی ئۆندەر ئاسان، تورگوت چەپانیش بە هەمان شێوە لەلایەن تاقمی ترانسپۆرتە ڕەشەکەوە ڕفێندراوە و، لە هەمان شوێندا خراوەتە ژێر ئەشکەنجەوە.

 

” پارێزگاری ئەنقەرە سەیری تۆماری ڤیدیۆیی ڕفاندنی تورگوت دەکات”

هەتا کاتی دۆزینەوەی ئەم زانیاریانە، ئولکو چەپانی هاوسەری تورگوت، بە هەر چوار لادا خەریکی گەڕان دەبێت بە دوای مێردەکەیدا.

لە ڕۆژەکانی ١٠، ٢٢،٢٦ نیسانی ڕابردوو لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت. سەرەڕای ئەوەی مێردەکەی لەلایەن چەند کەسێکەوە ڕفێندراوە، بەڵام هێزەکانی پۆلیس خۆیی و کەسوکاری دەخەنە ژێر فشار و لێکۆڵینەوە.

دوای ئەوەی ئولکو چەپان تۆمارە ڤیدیۆییەکانی دەست دەکەوێت، سەرەتا دەیبات بۆ هێزە ئەمنیەکان، دواتر دەیباتە لای ئێرجان تۆپاجا پارێزگاری ئەنقەرە و تەسلیمی  سکرتێرەکەشی دەکات.

پاشان چاوی بە پارێزگاری ئەنقەرە دەکەوێت و ماوەی یەک کاتژمێر قسەی لەگەڵ دەکات، پارێزگاری ئەنقەرە سوور دەبێت لەسەر ئەوەی نکوڵی لە ڕفاندنی مێردی ئولکو چەپان بکات و،  دەڵێت ڕایکردووە یاخود لە شوێنێکدا خۆی حەشار داوە.

سەرەڕای ئەوەی خانمەکە تۆماری ڤیدیۆیی ڕفاندنی مێردەکەی تەسلیمی پارێزگار و سکرتێرەکەی دەکات، بەڵام گەورەترین بەرپرسی ئەو شارە هیچ دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ڕفاندنی هاوڵاتیەکی شارەکەی ناکاتەوە.

پارێزگاری ئەنقەرە

“پارێزگاری ئەنقەرە بە ئەنقەست چەتەکانی ڕفاندنی هاوڵاتیانی شارەکەی دەپاراست”

تەنیا پارێزگاری ئەنقەرە نەبوو کە وەڵامی خانمەکەیان نەدایەوە، بەڵکو دەزگای هەواڵگری، داواکاری گشتی، هێزەکانی ئاسایش، بنکەکانی پۆلیس، کەسیان بە دەم هاواری خانمەکەوە نەڕۆشتن.

هەموویان گوێی خۆیان لە ڕووداوی ڕفاندنی تورگوت چەپان خەواند. کەسیان بە دەم هاواری خانمەکەوە نەڕۆشتن.

کاتێک خانمەکە سکاڵای خۆی بردە لای ڕێکخراوی داکۆکیکارانی بێدەنگکراوەکانی تورکیا(AST) لەسەر ئاستی نەتەوەیەکگرتوەکان دۆسیەی بە دواداچوون کرایەوە.

کۆمیتەی ڕفاندنی  زۆرەملێی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان، لە بەرواری ٢٤ ی نیسانی ٢٠١٧، لە ژێر کۆدی “بە پەلە” داوای زانیاری لە کاربەدەستانی تورکیا کرد.

حکومەتی ئاکەپە ئەم داوایەی ڕێکخراوەکەی بە هەمان شێوەی هەموو داواکاریەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پشتگوێ خست.

لە ڕاپۆرتی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) ئاماژە بەوە کراوە کاربەدەستانی تورکیا سەرەڕای بەڵگەی بەرجەستە لەسەر ڕفاندنی تورگوت چەپان، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بە دوای ڕووداوەکەدا نەڕۆشتوون و، باس لە هاوسەری ناوبراوی دەکەن، کە پاش ماوەیەک بە ناچاری بێدەنگی هەڵبژاردووە.

ئولکو لە دوای کۆتاییەکانی مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوەوە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هیچ شتێکی بڵاو نەکردۆتەوە. هەروەها لە دوای ئەو بەروارەشەوە هاوسەرەکەی تورگوت هەواڵی لێ نەبیستراوەتەوە و کەس نازانێت لە کوێیە.

“چەتەی ترانسپۆرتەرە ڕەشەکە دووبارە لە کۆڵانی شەنتەپە دەبینرێتەوە”

کاری چەتەکانی ناو ترانسپۆرتەرە ڕەشەکە هەر بەمە کۆتایی نەهات، لە بەرواری ٩ ی ئایاری ٢٠١٧، موستەفا ئۆزبەن پارێزەری زانکۆی تورگوت ئۆزاڵیش بە هەمان شێوە لەلایەن ئەم گروپەوە ڕفێندرا.

ئۆزبەن دوای نیوەڕۆ لە ماڵەکەی دەچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی  کچەکەی بباتە خوێندنگە، ئیدی لەو رۆژەوە نەگەڕاوەتەوە ماڵەکەی.

ئۆزبەن لە زانکۆی تورگوت ئۆزاڵ وانەی یاسایی دەوتەوە. ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی ئەنقەرە بوو.  ٣ ڕۆژ پێش ئەوەی چەتەکان ئۆندەر ئاسان لە نزیکی چەمی “ئەیمیر” فڕێ بدەن، بە ترانسپۆرتە ڕەشەکەیانەوە لە ناو کۆڵانەکانی ئەنقەرە دەسوڕێنەوە. وا دیارە ئاسان و چاپان و هاوڵاتیەکانی ژێر دەستی ئەو چەتانە، لە ڕێگەی ئەشکەنجەدان و فشاری دەروونیەوە ناچار بە دانپێدانان دەکران. یاخود فشاریان لێ دەکردن هەتا دان بە تاوانێکی دیاریکراودا بنێن. ئۆزبەنیش لەم سەروبەندەدا کرایە ئامانجی چەتەکان. شایەتحاڵانی ڕووداوەکە باس لەوە دەکەن کە ئۆزبەنیش لە ڕێگەی هەمان ترانسپۆرتەری ڕەشەوە ڕفێندراوە.

ڕووداوی ڕفاندنی ئۆزبەن لە ڕێگەی سکاڵای هاوڵاتیەکی ناوچەی گیوڤەنتەپە ئاشکرا بوو، کە لە کاتی چوونەوەی بۆ ماڵدا شاهیدی ڕووداوی ڕفاندنی ئۆزبەن دەبێت و، بنکەی پۆلیسی شەنتەپە لە ڕووداوەکە ئاگادار دەکاتەوە.

“ژمارەی تابلۆی ترانسپۆرتە ڕەشەکە دۆزراوەتەوە و لەلایەن بنکەی فریاکەوتنی ١٥٥ تۆمار کراوە”

کەسوکاری ئۆزبەن دوای گەڕانێکی زۆر بە دوای ناوبراودا، لە شەقامی گیوڤەنتەپە گەڕەکی یەنیمەحەلە شەنتەپە، توانییان ئۆتۆمبیلەکەی لە بەردەم دووکانێکی پێڵاوفرۆشتندا بدۆزنەوە. ئۆزبەن لە لقێکی بانکی زیراعەتی تورکیا پارەی دەرهێناوە و، لە دوکانێکیشدا هەندێک شتی کڕیوە. دوای ئەوەی لە دووکانەکە دێتە دەرەوە، ٣ کەسی ماسکدار، پەلاماری دەدەن و دەیخەنە ئۆتۆمبیلەکەیانەوە. خوێندکارە کچەکانی خوێندنگەی ناوەندی مەولانا، شاهیدی ڕووداوەکە دەبن و هەموویان لە ترسی ڕووداوەکە شۆک دەبن. دووکاندارەکانی ئەو ناوچەیە تەلەفۆن بۆ ژمارەی فریاکەوتنی ١٥٥ ی هێزەکانی پۆلیس دەکەن و ڕفاندنی ئۆزبەنیان پێ ڕادەگەیەنن.

“بە ڕۆژی ڕووناک لە ناوەڕاستی ئەنقەرەدا پارێزەرێک دەڕفێندرێت”

دووکاندارەکان ژمارەی تابلۆی سەر ئۆتۆمبیلەکە تۆمار دەکەن و باس لەوە دەکەن  ئۆزبەن لە ڕێگای ئۆتۆمبیلێکی ڤۆلکسواگنی جۆری ترانسپۆرتەری ڕەنگ ڕەش ڕفێندراوە، کە تابلۆی ژمارە ٣٤ ی شاری ئیستەنبولی لەسەر بووە.

ڕووداوەکە کاتژمێر ١٣:٣٠ دوای نیوەڕۆ ڕوویداوە. کاتێک هاوڵاتیەکان دەچنە بنکەی پۆلیس و ئاگاداریان دەکەنەوە، پۆلیسەکان لە وەڵامدا دەڵێن ” خۆی هەر بە بۆنەی پەیوەندی بە جەماعەتی فەتۆوە بە دوایدا دەگەڕاین، باشتر کە ڕفێندراوە!”.

ئیدی نازانرێت کەوا لە بنکەی پۆلیسی شەنتەپە زانیاری پێویست لەسەر ڕووداوەکە تۆمار دەکرێت یاخود نا، خۆ گەر زانیاریەکانیشیان تۆمار کردبێت، ئەوا بەدەمەوە نەچوونی داواکاری گشتی ئەنقەرە بە دوای ڕووداوەکەدا بە ئاشکرا دیارە.

هێزەکانی پۆلیس و داواکاری گشتی سەرەڕای ئەوەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە ئاگادار دەکرێنەوە لەوەی هاوڵاتیەک ڕفێندراوە، بەڵام هیچ لایەکیان بەدەم داواکاریەکەیانەوە ناچن.

بە ڕۆژی نیوەڕۆ دەستانێکی ڕەش بە بەرچاوی منداڵ و گەورەوە،  هاوڵاتیان دەڕفێنن و کەسیش نیە لێپرسینەوە و بەدواداچوونیان لەگەڵدا ئەنجام بدات.

بە تایبەتیش پارێزەرێک دەڕفێنن و کامێرای چاودێری و هاوڵاتیان لە شوێنی ڕووداوە بوونیان هەیە،  سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتیان زانیاری پێویست دەدەن بە هێزەکانی پۆلیس، بەڵام کەس وەڵامیان ناداتەوە و ڕێکاری یاسایی ناگیرێتە بەر.

“لە جیاتی دەستگیرکردنی یاسایی، چەتەکان پیلان بۆ ڕفاندنی هاوڵاتیان دادەنێن”

دوای ماوەیەک لە تێپەڕبوونی کات بەسەر ئەم ٣ ڕووداوەدا، ئەوە دەرکەوت کە ئەم ٣ هاوڵاتیە لە زۆر دۆسیەی لێکۆڵینەوەی دۆسیەی جەماعەتدا ناویان هاتووە و، بەو هۆیەوە ڕفێندراون. دەستێکی شاراوە بڕیاری ئەوەی دابوو کە ئەم ٣ هاوڵاتیە لە جیاتی دەستگیرکردنی یاسایی، بە شێوازی نایاسایی بڕفێنێت و بڕیارەکەشی وەک خۆی خستبوویەوە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمە چەتەیە لە ناو مێدیاشدا یاردەدەریان هەبوو. ترانسپۆرتە ڕەشەکەی ٣ هاوڵاتی ڕفاند، ئەرکێکی تایبەتیان پێ سپێردرابوو. گوایە ئەم ٣ هاوڵاتیە بە هۆی نزیکیان لە چەند کارمەندێکی دەزگای هەواڵگریەوە کرابوونە ئامانج. ئەم بەرگەی بۆ پەردەپۆشکردنی ڕووداوەکە دروستکرا، لەلایەن هەندێک دەستی سەر بە چەتەی ناو هێزەکانی پۆلیس و مێدیا خرایە ناو ڕای گشتی تورکیاوە.

ئەم هەڵمەتانە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی گەورە لە ژێر ناوی “ئیمامە مەحرەمەکان” ئەنجامدرا، کە تێیدا سەدان کەسی دەزگا ئەمنیەکان کرانە ئامانج.

 

“دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا: سەرەڕای زانیارکان چ ڕێکارێکتان گرتە بەر؟”

خانەوادەی ئۆزبەن لە بەرواری ٧ ی تەموزدا سکاڵایان لە دادگای دەستوری تورکیا تۆمار کرد و، لە ٢٨ ی تەموزیش لە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سکاڵایان تۆمار کرد. لە سکاڵاکەیاندا داوایان لە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کرد،  بە گوێرەی ماددەی ٣٩ پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکە، فشار بخەنە سەر حکومەتی تورکیا، هەتا بە شێوەیەکی جددی بەدواداچوون بکەن بۆ دیارنەمانی ناوبراو.

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە بەرواری ٤ ی ئابی ساڵی ڕابردوو، داوای لە کاربەدەستانی تورکیا کرد وەڵامی هەندێک پرسیار بدەنەوە.

دادگاکە داوای وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە و ناردنی کۆپیەک لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەی لە کاربەدەستانی تورکیا کرد، کە دەبوو هەتا بەرواری ١٠ ی ئابی ساڵی ڕابردوو پشانی دادگای بدەن:

یەکەم: هێزەکانی پۆلیس لە دوای ونبوونی موستەفا ئۆزبەن، چ تۆمارێکی فەرمیان لەسەر زانیاری هاوڵاتیان و شاهید حاڵەکان دروستکردووە و چۆن لێکۆڵینەوەیەکیان ئەنجامداوە؟

دووەم: هێزەکانی پۆلیس و لایەنی پەیوەندیدار لە دوای  تۆمارکردنی سکاڵایی یاسایی ئەمینە ئۆزبەنی هاوسەری موستەفا ئۆزبەن، چ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکیان ئەنجامداوە؟

سێهەم: چ لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بەو ئۆتۆمبیلە ڕەشەی لەلایەن شایەت حاڵەکان و هاوسەری موستەفا ئۆزبەنەوە ئاماژەی پێکراوە ئەنجامدراوە و، ئایا هەتا ئیستا دۆزراوەتەوە؟

چوارەم: بۆ دۆزینەوەی کەسانی ڕفێنەر چ جۆرە لێکۆڵینەوەیەک ئەنجامدراوە؟

پێنجەم: ئایا هەموو شایەتحاڵەکانی ڕووداوەکە دیاریکراون و زانیاری پێویستیان لێ وەرگیراوە؟

شەشەم: ئایا تەواوی کامێراکانی چاودێری  ئەو شوێنەی ناوبراوی تێدا ڕفێندراوە، هەموویان دیارکراون و هیچ تۆمارێکیان لێ وەرگیراوە؟

حەوتەم: دوای تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دادگای دەستوری، چ جۆرە هەنگاوێکیان هەڵگرتووە؟

 

“سەرۆک وەزیرانی تورکیا بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە ناداتەوە کە باسی ترانسپۆرتە ڕەشەکە دەکەن؟”

سێزگین تانریکولو پەڕلەمانتاری پارتی کۆماری گەل(جەهەپە)، یەکێکە لەو کەسانەی لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوی ڕفاندنی هاوڵاتیان دەکات.

تانریکولو لە ڕێگەی وتارەکانی لە پەڕلەمانی تورکیا و ئاراستەکردنی  پرسیاری یاسایی بە حکومەت و پۆستەکانی لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان، بە دواداچوون بۆ تاوانبارانی ترانسپۆرتە ڕەشەکە دەکات.

تانریکولو لە ٢٦ ی نیسانی ٢٠١٧ چەند پرسیارێکی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی تورکیا کرد، کە تێیدا داوای وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێک دەکات سەبارەت بە ترانسپۆرتە ڕەشەکە. بەڵام هەتا ئێستا وەڵامی پرسیارەکانی تانریکولو نەدراوەتەوە.

تانریکولو لە پرسیارەکانیدا دەڵێت:

هەتا ئێستا ٧ هاوڵاتی ڕفێندراون کە یەکێکیان پێش هەوڵی کودەتای ١٥ ی تەموز بووە و ٦ ڕووداوی ڕفاندنی تریش دوای هەوڵی کودەتاکە ئەنجام دراوە، ئەم هاوڵاتیانە هەتا ئێستا بێسەروشوێنن. کەسواری ئەم هاوڵاتیانە هەرچەندێک زانیاری و بەڵگە و تۆماری کامێراکانی چاودێریان سەبارەت بە ڕووداوی ڕفاندنیان کۆکردبێتەوە، لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە بە هەند وەرنەگیراوە و پشت گوێ خراون. ڕووداوی ڕفاندنی هاوڵاتیەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و ماڵپەڕە جیهانیەکان باسی لێوە دەکرێت، خاڵی هاوبەشی کەسە ڕفێندراوەکان ئەوەیە بە هۆی پەیوەندیان بە جەماعەتەوە، بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە. هەروەها بە گوێرەی لێدوانی کەسواریان هەر ٧ هاوڵاتیەکە بە ئۆتۆمبیلێکی ترانسپۆرتەری ڕەنگی ڕەش ڕفێندراون …

سێزگین تانریکولو ٢٣ پرسیاری ئاڕاستەی سەرۆک وەزیران کردووە کە لە نێوانیاندا ٢ پرسیاری گرنگ و سەرەکی بوونی هەیە:

یەکەم: سەرەڕای ئەوەی شایەتحاڵ و تۆماری ڤیدیۆیی ڕووداوەکە بوونی هەیە، لەبەرچی لێکۆڵینەوەیەکی جددی لەسەر ڕووداوەکە ناکرێت و دۆسیەی لێۆڵینەوە نەجوڵێنراوە؟

دووەم:

خاڵی هاوبەشی نێوان هاوڵاتیەکان ئەوەیە لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی جەماعەتدا ناویان هەیە و بە دەمەوە نەچوونی هێزەکانی پۆلیس بە دوای ڕووداوەکە ئەوە دەردەخات کە هێزە ئەمنیەکان ئەم کارەیان ئەنجامداوە، ئایا ڕفاندنی هاوڵاتیەکان لەلایەن چ هۆبەیەکی هێزە ئەمنیەکانەوە ئەنجامدراوە؟  

http://www.tr724.com/125618-2/

 

 

 

 

 

 

 

473 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە