گۆڤار

شێرکۆ؛ شێری شاخەکان

بەخامەی/ کەرەم ئوممار

 

شێرکو، مامی سوڵتانی بە شەوکەتی ڕۆژهەڵات؛ سەڵاحەددینی ئەییوبیە. کەسێکە کە لە پێگەیاندنی سەڵاحەددیندا شوێنێکی گرنگی هەبوە. باوکی ناوی شاد بووە، باپیریشی مەروان. خۆشی ناوی؛ ئەسەدوددین بووە، واتە شێری ئایین. نازناویشی شێرکۆ، واتە شێری شاخەکان…

 

کات بەرەو کاژێر حەوت دەڕۆیشت، دەمووت ئیتر وردە وردە بڕۆم. درەنگیش کەوتبووم. جانتاکەم کۆکردەوە، دەرگاکەم داخست و بە ڕاڕەوە درێژەکەدا تێپەڕیم و هاتمە لای دەرگای سەرەکی. هەندێک لەولاترەوە، لە ژێر دەرگای ژووری مامۆستا بەڕێزەکەمەوە ڕووناکی دەهاتە ناو دەورووبەرە تاریکەکەوە. ئای ئەم دۆخە چەندە لەگەڵ باری گشتی مامۆستادا یەک دەگرێتەوە؛ ئەو هەمیشە چواردەوری خۆی ڕووناک دەکردەوە.

کاتێک ئەم بیرکردنەوانە بە هۆشمدا دەهاتن، دەستم چوو بەرەو دەسکی دەرگاکە، بە هێواشی دەرگاکەم کردەوە و سەلامم کرد. تەواو بەو شێوە بوو کە چاوەڕوانی بووم؛ ئەنیشکی لەسەر مێزەکە و دەستی لە ژێر چەناکەیدا سەرقاڵی خوێندنەوە کتێبێک بوو.

بە ئەسپایی وەڵامی سەلامەکەمی دایەوە. خەریک بوو بڵێم: “نەمدەویست بێزارتان بکەم”؛ چونکە هەم بیری خۆیم کردبوو هەمیش ئەو ئاماژەی دا بە قۆرییە چا فەخفوورییەکەی سەر مێزەکە و منی بانگهێشتی ژوورەوە کرد. منیش چوومە سەر کورسیەکە و هەواڵیم پرسی.

وتم: “خێرە مامۆستا، لەم کاتەدا خەریکی چین؟ دووبارە کەوتوونەتە بیر کردنەوە لە کتێبێک!” بەدەم زەردەخەنەوە وتی: “ئامادەکاری ڕێگایە…”. هەموومان دەمانزانی مامۆستا ‘سێزایی’ مەبەستی چییە کاتێک دەیووت: “ئامادەکاری ڕێگا..”. واتە پەرتووکێکی نوێ دەنووسێت.

ئارەزووم دەکرد بزانم چی دەنووسێت؛ بەڵام نەمپرسی. کاتێک چاکەمم تێ دەکرد، لەسەر چاویلکەکەیەوە سەیری کردم و پرسی: “تۆ ئارەزووی مێژووت ئەکرد، وا نەبوو؟ ئایا شێرکۆ دەناسیت؟”

وەک ئەوەی ئەم ناوەم بیستبێ؛ بەڵام نەمدەزانی کێیە؟ لە پڕدا وام بە بیردا هات کە ڕەنگە مامۆستا لەسەر ئەم کەسە شتێکی خوێندبێتەوە یاخود شتێکی لەسەری دەنووسێت. هەستی بە ڕووانینەکانم کرد و وەک ئەوەی تێگەشتبێت لەو شتەی بیرم لێدەکردەوە. کاتێک ڕوانیمانە یەکتر وتی:” بەڵێ لەم ڕۆژانەدا لەگەڵیدا هاو ئاهەنگ بووم. وتم با لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکەم و بیناسم. بەڵام شتێکی زۆرم لە بارەیەوە نەدۆزییەوە. بەشێکی ئەو شتانەشی دۆزیبوومەوە بریتی بوون لەو یادەوەریانەی بە بیانووی هێرشی خاچ پەرستەکانەوە نووسرا بوون.”

کاتێک مامۆستا ئەمەی وت، من زۆر ئارەزووی بابەتەکەم کرد. مامۆستاش دەستی کرد بە گێڕانەوە:

“شێرکو، مامی سوڵتانی بە شەوکەتی ڕۆژهەڵات؛ سەڵاحەددینی ئەبیووبیە. کەسێکە کە لە پێگەشتنیدا شوێنێکی گرنگی هەیە. باوکی ناوی شاد بووە، باپیریشی مەروان. خۆشی ناوی؛ ئەسەدوددینە، واتە شێری ئایین. نازناویشی شێرکۆیە، واتە شێری شاخەکان…

لە بنەمادا خەڵکی دێیەکی کوردنشینی لای قەفقاسیایە. سەر بە تیرەی ‘حەزبانییە’ لە قەزای ‘دێڤین’ی ئێریڤان.

ئەمانە کاتێک لە 1130دا شەدادییەکان رووخان، چوونە بەغداد و دواتریش چوونە تکریت. لەوێ لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بەشداریان کردووە. لە دواتردا ‘نەجمەددین ئەیووب’ لە شوێنی باوکی بووە بە سەرۆکی تکریت. ڕۆژگار دێت، ئەو و براکەی واتە؛ شێرکۆ لە ساڵی 1138دا تکریت جێ دەهێڵن.

لەو سەردەمەدا ‘زەنگی ئەتابێی’ هەبووە. ئایا دەزانیت زەنگییەکان هێرشی دووهەمی خاچ پەرستەکانیان بڵاوە پێ کردووە و دونیای ئیسلامیان لە داگیرکاری خاچ پەرستەکان پاراستووە؟. ئیتر لە دواتردا شێرکۆ لەگەڵ نەجمەددین ئەیووبدا بوونە یەکێک لە فەرماندەکانی بە ناوبانگ ترین سوڵتانی ئەم دەوڵەتە کە نوورەددین زەنگییە. نەجمەددین، باوکی سەڵاحەددینی ئەیووبییە”.

بە پێی گێڕانەوەکانی مامۆستا، لە زیهنمدا ئاسۆی جەنگاوەرێکی ئازا و بەهێز بەدەر کەوت. کاتێک بیرم لەمە دەکردەوە، ئەویش سەری ڕاوەشاند و پشت گیری کردم. وادیار بوو هێشتا شتی مابوو بیگێڕێتەوە:

“لە ساڵی 1167دا لە میسرشەڕی دەسەڵات دەستی پێ کرد. هەندێک لە خەڵکی میسر لە دژی وەزیر شاوەر داوای یارمەتیان لە نوورەددین زەنگی کرد. نوورەددینیش شێرکۆی کردە فەرماندەی ئەو سوپایە و ناردی بۆ میسر. نوورەددین زەنگی کە دژایەتی هاوەڵانی پیغەمبەری لە لایەن فاتمییەکانەوە پێ قەبووڵ نەدەکرا، لەدواتردا بڕیاری هەڵگیرسانی شەڕی دا لە دژیان؛ واتە شێرکۆ فەرماندەی ئەو سوپایە بوو کە نێردرایە سەر میسر.

شاوەر کە شێرکۆی وەک مەترسی بۆ سەر خۆی دەبینی رازی بوو بە مانەوەی ژمارەیەکی دیاری کراوی سەربازی خاچ پەرستەکان لە میسر. ئیتر خاچ پەرسەکان بەم هۆیەوە بۆیان دەرکەوت دەوڵەتی فاتیمییەکان چەن لاوازە، هەر بۆیە ‌‌‌هێرشیان کردە سەریان.

ئەم جارە کارەکە پێچەوانە بوویەوە، شاوەر داوای یارمەتی لە نوورەددین زەنگی کرد. نوورددینیش بە فەرمانداری شێرکۆ سوپایەک نارد. سوپاکەی شێرکۆ ئەو یەکانەی ڕووبەڕووی بوونەوە پەرێشان کرد و بەم شێوەیە گەیشتە قاهیرە. شێرکۆ لە دووەم جاری هاتنیدا بۆ ئەم زەویانە، برازاکەی واتە؛ سەڵاحەددینی لەگەڵ خۆی هێنابوو.

لەو بارودۆخەدا، لەبەر ئەوەی شاوەر ڕووبەڕووی شکستی بەڕێوەبردن بووبوویەوە، هەوڵی دا داو بۆ شێرکۆ و سەڵاحەددین بنێتەوە و بیان کوژێت. سەڵاحەددین لەسەر ئامادەکارییەکانی ئەم پلانی کوشتنە، سوڵتانی فاتمییەکانی ئاگادار کردەوە، کاتێ زانرا باردوخەکە جدییە، شاوەر لە سێدارە دراو لە جێیدا شێرکۆ وەک وەزیر دەست نیشان کرا. سەڵاحەددینیش لە بەرێوەبردنی وڵاتدا هاوکاری شێرکۆی دەکرد.

بەڵام ڕۆژەکانی شێرکۆ لە میسر زۆری نەخایاند. بە مردنێکی گوماناوی بەرەوە ژیانی ئەولا کەوتە ڕێ لە(22ی شوباتی 1169). لەگەڵ بوونی دەنگۆی ژەهراوی کردنی لەلایەن فاتمییەکانەوە لە کاتی ڕاودا، بەڵام ڕووداوەکە پەردەپۆش کرا.

دوای ئەوەی شێرکۆ وەفاتی کرد، سەڵاحەددینیان لە شوێنی دانا و ئیتر لەم زەویانەوە ڕێبواری ئەو لە وەزیرییەوە بەرەوە سوڵتانی دەستی پێ کرد.

کەسێک کە گرنگی بە بیروڕاکانی دەدەم، ڕۆژێکیان وتی: “زۆر ئەو بێناوییەی هەواڵانی پێغەمبەری خوام خۆش دەوێت”. ئەوان لە کاتێکدا هەر یەکێکیان ئەستێرەی ئاسمانی ویلایەتن؛ بەوەش کە وەک کەسێکی بێ ناو ڕۆشتن و سەردەمی گوڵیان نەبینی لە نمایندە کردنی ئاسۆیەکی جیاوازدان. ئەو پاڵەوانە بێناوانەش کە نەیانهێشت بەیداخی ئەوان لە زەوی بکەوێت و بە درێژایی مێژووی ئیسلامی لەو شوێنانەدا کە بۆی چوون بە عەشق و شەوق و نواندن بەرەو ئاسۆ نوێکان هەمیشە لە شەقەی باڵدا بوون. شێرکۆش یەکێک بوو لەوانە. با ئەو پەرتووکە لاتینیانەی بە “سیراکۆنوس” ناویان هێناوە و بە چوار پێنج دێڕ زانیاریان لەسەر داوە لە ڕەفە تۆزاوییەکاندا بمێننەوە؛ ئەوەی ئەوان بەرز دەکاتەوە پیا هەڵدانە لاتینییەکان نییە بەڵکو ئەو خێرە بەردەوامانەیە کە لە دەفتەری کردەوەکانیاندا نووسراون”.

مامۆستا بۆ ماوەیەک نوقمی ناو بیرکردنەوە بوو، دواتر بەردەوام بوو:

لە ئەدەبیاتدا بۆ ئەوەی گرنگی کەسێک یان بەرهەمێکی ئەدەبی دووپات بکرێتەوە، دەربڕینێک بەکار دەهێنرێت. بە دەستەواژەی هاوشێوەی ‘ئەگەر ئەوەی بکردایە بەس بوو، ئەگەر ئەو بووایە پێویست بە کەسی تر نەبوو’ دووپات لە گرنگی باسەکان دەکرایەوە. وەک ئەو وتەی لە بارەی حەزرەتی ئیبن-مەشیش وتراوە: “بەسە بۆ ئەو کە کەسێکی وەک حەسەن شازەلی پێگەیاندووە”، یان لە بارەی سەعید نوورسییەوە دەوترێت: “تەنها نووسینی وتەی 25ی بەس بوو”.

بەڵێ، شێرکۆش کە لە مێژوودا تەنها ناوی جێ هێشتووە و بێ دەنگ و سەدا بەرەو ماڵی ئەو دونیای کۆچی کردووە، ڕەنگە گەورەترین چاکەکاری ئەو بوونە هۆکاری بوو بێ بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی میسر لەسەر خولگەی سونێتی و بەجێهێشتنی ڕووی سپی ئیسلام “سەڵاحەددین” وەک میراتگری خۆی.

 لە ڕاستیدا ئەو کەسەی لە چوارچێوەی بازنەی هۆکارەکاندا دەرگای بوون بە “سوڵتانی بەشەوکەتی ڕۆژهەڵات”ی بۆ سەڵاحەددینی ئەیووبی خستە سەر پشت، شێرکۆ بوو. کاتێک شێرکۆ ئەوی بۆ سوپاکەی بانگ هێشت کرد و پێی وت: “پێویستم بە تۆیە”، سەڵاحەددین لەو کاتەد گەنج بوو وە سەرقاڵی خوێندن بوو، هەر بۆیە پۆزش دەهێنێتەوە. لەسەر ئەمە شێرکۆ پەنا دەباتە بەر برا گەورەکەی “ئەیووب” تا سەڵاحەددین ڕازی بکات. باوکی “ئەیووب” پێ وت: “ئیتر ئەوەندەی خوێندووتە بەسە، ئێستا کاتی کردارە!”.

سەڵاحەددین لەو شوێنەی شێرکۆ لە میسر لە ژێر ناوی نوورەدیندا ڕزگاری کردبوو، وەک نوێنەری مامی فەرمانڕەوایی بەردەوامی پێ دا. خەڵک تا زیاتر سەڵاحەددینیان بناسیایە خۆشەویستیان بۆی زیاد دەبوو، تەنانەت لە سوڵتانە فاتمییەکانیش زیاتر بوو بووە خۆشەویستیان. لەگەڵ بەهێزکردنی سەربازگەکەیدا چاکەی لەگەڵ خەڵکەکەشدا دەکرد، بە پێی کات زەمینەسازی دەکرد بۆ خەڵک تا بە پێی مەزهەبی ئیمام شافعی خودا پەرستی خۆیان بکەن. دەستی کرد بە کارەکانی لە بواری پەروەردە و بیناسازیدا، خوێندنگە و نەخۆشخانەی دەکردەوە. هانی زانایانی دەدا تا بیروباوەڕی سوونی فێری خەڵک بکەن. زیندانەکانی گۆڕی بۆ خوێندنگە، لە ماوەڕائونەهرو خۆراسانەوە زانایانی سوونی هێنایە میسر. خۆی سەرقاڵی بژێوی ژیان و شوێنی مانەوەی خوێندکاران کردبوو. دەسەڵاتی شیعی بەسەر ئەزهەرەوە نەهێشت. دواتر کە گەڕایەوە میسر خوێندنگەی نوێی بنیات نا و هەوڵی گەورەی دا تا خوێندکاران لەسەر بیروباوەڕی ئەهلی سوونی پێبگەن. شان بەشانی ئەنجام دانی ئەم کارانە، زەمینە سازی دەکرد تا قودس لە دەستی خاچ پەرستەکان دەربهێنێت.

پرسیم: “ئایا هەر بەڕاستی ئەوەندە گرنگە؟”. ئاخاوتنی مامۆستا وەک ئەوەی لەسەر بڵندگۆی وتاردانەوە قسە بکات کاریگەری لێ کردم.

وتی: “مەڵێ چاکسازی ئەزهەر و تێپەڕی بەسەریدا”. زۆرێک لە سەرچاوە گرنگەکانی زانستە ئیسلامییەکان لەو شارە کۆنەدا نووسراون کە شێرکۆ کەسانی باشی تێدا ئامادە کرد.

نازناوی ‘شاخی موکەتتەم’ کە یاڤوز سەلیم بەدەوریدا سوڕابوویەوە و دواتر هاتبووە ناو شارەکەوە سەردەمانێک ‘شاخی ئەولیا’ یاخود ‘شاخی پیاوچاکان’ بووە. چالاکییە زانستییەکانی شارەکە بێ سنوور بوون.

ئەمڕۆ هەندێک کەس دەچنە میسر. هەندێک لەمانە خەریک دەبن بە زانستە دینییەکانەوە، بەڵام نازانن کە ئەو ژووری میوانخانە بەرزانەی تێیدا ماونەتەوە لە دەوروبەری ڕووباری نیل لە کەرافە، دەڕوانێتە شاخی موکەتتەم. بێ هەواڵن لەوەی کەسانی هاوشێوەی “ئیمام شافعی، ئیبن حەجەر ئەسقەلانی، عیز بن عەبدولسەلام، جەلالەدینی سیووتی و ئیبراهیم گولشێن” لەو شوێنانەدا ماونەتەوە.

بە هۆی شێرکۆ و سەڵاحەددینی جێگرییەوە، لە جێی ئەو شێوە تێگەشتنە لە دین کە بە گریان لەسەر ئارامگەی حەزرەتی حوسەین دەردەبڕدڕێت، قاهیرە کرایە قەڵایەکی 1000 ساڵەی نەریتی کۆنی سوونی.

ئەم ڕاستییە نەک لە ڕووانگەی تێکگەشتنی وشکی دونیای ئەکادیمییەوە، بەڵکو ئەگەر لە ڕووانگەی خاوێنی ڕۆحی ئیسلامەوە سەیر بکرێت ئەوا بۆت دەردەکەوێت کە ئەم کەسایەتییە چ خێرێکی بەردەوامی بەجێ هێشتووە و پاشان ڕووەو ئەو دونیا کەوتۆتە ڕێ.”

کاتێک مامۆستا قسەی دەکرد، چاوم کەوتە سەر ئەو لاپەرە کراوەی ئینسایکلۆپێدیای سەر مێزەکە: نوسرابوو؛ شاخەکانی شێرکۆ. کاتێک پرسیاری ئەمەم لە مامۆستا کرد، وتی: “شاخەکانی دەورووبەری شاری یەزدن لە ئێران” و بەردەوام بوو: “نازانم ئەگەر پەیوەندی هەبێت بەم کەسەوە یان نا؛ بەڵام ئەم پیاوە شاخ ئاسایە کاتێک ڕۆیشت ناوی خۆی بە پیتی ئاڵتوونی لە نێو مێژوودا نووسییەوە”.

‘سوورلو ویلیام’ کە ئەگەری زۆرە بەهۆی هێرشی خاچپەرستەکانەوە هاتبێتە ناو ئەم زەویانەوە، لە یادەوەریەکانەیدا کە لە ساڵی 1163دا نووسیوویەتی تێیدا باسی شێرکۆ دەکات. ئەو وەک سەربازێکی کارامە، بە وزە، شەڕکەر، خەمخۆر و ئەزمووندار دەناسێنێت. هەروەها وەک کەسێکی دەوڵەمەند، سەخاوەت مەند و خۆش ویستراو لە لایەن شوێنکەوتووانییەوە باسی دەکات. شێرکۆ کەسێکی بە هەیبەت نەبووە، بەڵام ئازا و نەبەرد و سەرەڕۆ بووە. کاتێکیش بەنێوبانگ بووە تەمەنی تێپەڕی بوو. لە خێزانێکی مامناوەند بوو. کەسێکی بێ فیز و سادە بووە. بەرزبوونەوەی، ئەوی لە خۆ بایی نەکرد. پیاوێکی خۆ گر بوو لەبەردەم ناڕەحەتییەکاندا…

پوختەی قسە، دەست نوێژی شەهیدی شێرکۆ بووە سەرەتای نوێژی دامەزراوێتی لە میسردا. کاتێک مامۆستا لە وتەکانی بوویەوە وتی: “خوا لێی ڕازی بێت. لە دونیای ئێمەدا چ پیاوانێک دروست بوون. جەنابی حەق کاری ساڵێکی لە ڕۆژێکدا بە هەندێکیان ئەنجام داوە”.

چاکان و وتەکانیشمان تەواو بوون. کاتێک مۆڵەتم خواست و مامۆستام جێ هێشت، هەستم کرد ئەوم وەک شاخێکی دەورەدراو بە دووکەڵ بەجێ هێشتووە. فێری کردم کە مرۆڤەکان دەبێت بەو کارانەشی بوونەتە هۆکاری ڕوو دانیان هەڵبسەنگێندرێن نەک تەنها بەو کارانەی ئەنجامی دەدەن.

شێرکۆ…خودای گەورە ئەو جوانیانەی بۆتە هۆکاریان هەم لە گۆڕەکەیدا هەمیش لەو دونیا بێنێتەوە ڕێی.

404 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

تاگەکان
زیاتر نیشاندە