پەرتووک

لە ناوکەوە تا چنار

بابەتی پەروەردەكردنی منداڵان و گەنجان و نەوەی نوێ، بابەتێكی گەرموگوڕە و لە دونیای ئێستادا گرنگییەكی زۆری پێ دەدرێت و چەندین پەڕاو و لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەنووسرێت. هەڵبەتە هەركەسێك ئارەزووی دەستخستنی ئەم بەرهەمانەی هەبێت، دەتوانێت زۆر بەئاسانی دەستی بكەوێت. بەڵام گرنگ ئەوەیە كە هەموو بوارەكانی ژیانمان، بەتایبەت پەروەردە و فێركردن، “خۆمانە” بن و، هەڵقوڵاوی دەنگ و ڕەنگی ئێمە بن و، ڕەنگدانەوەی بیر و، هەست و، جیهانبینی و كلتووری ئێمە بن.
خوێنەری بەڕێز!
ئەم كتێبەی بەردەستت پێكهاتووە لەو زنجیرە وتارانەی كە زانای بەڕێز “موحەممەد فەتحوڵڵا گولەن” لە سەرەتای ساڵانی هەشتاكاندا و، لەسەر مینبەری مزگەوتەوە و، لەژێر ناونیشانی “پەروەردەی منداڵ”دا پێشكەشی ئامادەبووانی كردووە. دواتر كراوە بە كتێب و مامۆستا خۆی پێداچوونەوەی بۆ كردووە. هەرچەندە وا نزیكەی سی ساڵ بەسەر تەمەنی ئەم دانراوە بەپێزەدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا تازەیی و پاراوییەكەی وەك خۆی ماوەتەوە و زۆرێك لە داخوازی و پێداویستییەكانی تایبەت بە بواری پەروەردە دەهێنێتە جێ.
چەندین لایەنی زۆر گرنگ لەم كتێبەدا هەن كە دەكرێت هێڵیان بە ژێردا بهێنین و تیشكیان بخەینە سەر. لێرەدا بە ئامانجی یارمەتیدانی خوێنەر لە خوێندنەوەكەیدا، تەنها چەند خاڵێكی كورت و پوخت باس دەكەین:
– ئەم كتێبە سادە و ساكارە و زۆربەی خەڵكی دەتوانن لێی تێ بگەن.
– یەكێك لە گرنگترین تایبەتمەندییەكانی ئەم دانراوە ئەوەیە كە تەنها لەژێر ڕۆشنایی ئایەت و فەرموودە پیرۆزەكاندا مامەڵە لەگەڵ بابەتەكە دەكات. لەم ڕووەوە ئەم بەرهەمە گەلێك بەنرخ و باوەڕپێكراوە، بەتایبەت بۆ ئەو دایك و باوكە هەستیار و دڵسۆزانەی كە دەخوازن منداڵەكانیان بە سەرچاوە خۆماڵییەكان پەروەردە بكەن و نایانەوێت بە تیۆرییە گوماناوی و باوەڕپێنەكراوەكانی بواری پەروەردە خۆیان و منداڵەكانیان سەرقاڵ بكەن.
– شێوەیەكی سیستەماتیكی هەیە. ئەوەتا كراوە بە چەند بەشێكی جیاوازەوە و، بە “جیهانبینیی ڕەوشت لای ئێمە” دەست پێدەكات و، بە “هاوسەرگیری” و “خێزان” و “هەستیاری لە پەروەردەدا” و “پەروەردەی ئایینیی منداڵ” و “پێویستە چۆن پایە ئیمانی و ئیسلامییەكان ڕوون بكەینەوە؟” و “ڕەهەندەكانی پەروەردە” بەردەوام دەبێت و پاشان بە “بەراوردكردنی نێوان پەروەردەی قورئانی و ناقورئانی” كۆتایی بە باسەكە دەهێنێت.
– دانەر جەختێكی زۆر لەسەر گرنگی و پیرۆزیی خێزان دەكاتەوە. هەربۆیە هاوسەرگیرییەكی تەندروست بە بناغەی خێزانێكی تەندروست دادەنێت و گرنگییەكی بێهاوتای پێ دەدات.
– لە ڕوانگەی دانەرەوە هاوسەرگیری بابەتێكی كەسی نییە هەتا خەڵكی بەهەڕەمەكی دەستی بدەنێ، بەڵكو وەكو خۆی دەڵێت “ئەگەر سوود و قازانجەكانی هاوسەرگیری بۆ تاك یەك بێت، بۆ نەتەوە هەزارانە.” بێگومان پێچەوانەكەشی هەر ڕاستە.
– لەم دانراوەدا بایەخێكی زۆر بە “چۆنێتی” دەدرێت و لایەنەكانی سەركەوتنی بەسەر “چەندێتی”دا ڕوون دەكرێنەوە. لە بابەتی پەروەردەی منداڵ و ژمارەی منداڵی نێو خێزانیشدا، “چۆنێتی” دەكرێت بە پێوەر و هەموو شتەكان بەم پێودانگە دەپێورێن.
– زۆرێك لە پسپۆڕانی بواری پەروەردە و پەروەردەناسی تەمەنی حەوت ساڵییان وەك كاتی پەروەردە و فێركردنی منداڵ داناوە. بەڵام بە پێچەوانەی ئەمەوە لەم دانراوەدا مامۆستا سەرنجەكان بۆ كاتێكی زۆر لەوە پێشتریش ڕادەكێشێت و، ئاماژە بە گرنگیی هەڵبژاردنی هاوسەر و، ئامانج لە هاوسەرگیری و، ئامانج لە وەچەخستنەوە دەكات. هەربۆیە شتێكی سەرنجڕاكێشە كە تەنانەت پێش هاوسەرگیری باس لە پەروەدەی منداڵ دەكات.
– ئەگەر ئەم كتێبە ناوی “پەروەدەی دایكان و باوكان”ی لێ بنرایە، ئەوا شتێكی نەشیاو نەدەبوو. چونكە دانەر زیاد لە چەند جارێك لەسەر هەڵوێست و ئاكار و ڕەفتاری بەخێوكاران و مامۆستایان و پەروەردەكاران هەڵوێستە دەكات و، پێداگری لەسەر كاریگەریی “زمانی حاڵ” دەكاتەوە و، دووپاتی دەكاتەوە كە هەر سیفەتێكی جوان و باش كە دەخوازن لە منداڵەكانتاندا بیبینن، سەرەتا دەبێت لە خۆتاندا هەبێت و نمایان بێت. بەڵێ، لەوانەیە گەورەكان بە زانیارییە نەزەرییەكان بتوانرێت پەروەردە بكرێن، بەڵام سەبارەت بەو منداڵەی كە بە سروشت چاولێكەرە و تەنها ئەو شتانە دەڵێتەوە كە لە چواردەوری دەیبیستێت، ئەوا “پیشاندان بە كردار” گرنگترین كۆڵەكەی پەروەردەی منداڵە.
– یەكێكی تر لەو تایبەتمەندییانەی كە نووسەر داوای هەبوونی دەكات لە پەروەدەكاراندا بریتییە لە “هەستیاری” و “بەردەوامی”. بەڵێ، ئەو دایك و باوكانەی كە هەستیار نین و بێباكن لە چۆنێتیی گەورەبوونی منداڵەكانیان، یاخود سیفەتی “بەردەوامی”یان نییە لە پەروەردەكردنی منداڵەكانیاندا، ئاشكرایە كە زیان بە خۆیان و كۆمەڵگاكەشیان دەگەیەنن.
– لە بابەتی پەروەردەی منداڵدا، دانەر هانی پەروەردەكاران دەدات كە ڕەچاوی تەمەن و، ئاست و، توانای تێگەیشتن و ژینگەی منداڵ بكەن و، هەروەك چۆن لە پەروەردەی ماددیی منداڵدا خۆراكی منداڵێكی پێنج ساڵی نادرێت بە كۆرپەیەكی ساوا، بە هەمان جۆر پێویستە خۆراكی مەعنەوی و زانیارییەكی وا بدرێت بە منداڵ كە لەگەڵ تەمەن و ئاستیدا دەگونجێت. ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە ئەوەیە كە دانەر هەنگاوێك زیاتر دەچێتە پێش و ئامۆژگاریمان دەكات كە ئەو پەروەردەیەی دەیدەین بە منداڵەكانمان با هی قۆناغی داهاتوو بن. واتە منداڵ هەرچۆنێك بێت لە قۆناغی ئێستای تێدەگات و لەناویدا دەژی، بەڵام ئەگەر لە ئێستاوە كۆمەڵێك زانیاریی بەسوودی تایبەت بە قۆناغی داهاتووی پێ بدرێت، بێگومان ئەمەیان باشترە. هەر ئەمەشە كە پێی دەوترێت ئامادەكردنی منداڵ بۆ داهاتوو.
– لە بابەتی پەروەدەی ئایینی منداڵدا، نووسەر ئاماژە بۆ گرنگی و كاریگەریی ڕۆڵی “زانستە سروشتییەكان” دەكات لە تێگەیاندنی بابەتە ئایینی و ئیسلامییەكان لای منداڵ و چەسپاندنی لە دڵ و ژیریدا.
ماوەتەوە بڵێین خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین كاتێك ئەم كتێبە بەنرخ و بەپێزە بە زمانی شیرینی كوردی پێشكەش بە خوێنەران دەكەین. هیوادارین جێی شایانی خۆی بگرێت و سوود و قازانجێكی زۆر بە خوێنەرانی كوردزمان بگەیەنێت.

348 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە