بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

کەلتوری بەیعەت

م.فەتحوڵڵا گولەن

 

پرسیار: کەسانێک کەوا لە چییەتی بابەتەکە نەگەشتوون، سەبارەت بەو کەسانەی دڵیان بە خزمەت داوە دەڵێن” ئەقڵی خۆیان لای کەسانێکی تر بە بارمتە داناوە”، “بێ قەید و شەرت بەیعەتیان بە کەسانێکی تر داوە”، بەم شێوەیە تاوانباریان دەکەن. ڕاستی ئەم جۆرە بانگەشانە تا چەندە دروستە؟

 

 

وەڵام: ئاشکرایە، گەر بەیعەت لەگەڵ ئیسلامیشدا لە دایک نەبووبێت، یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی ئیسلام.

وەک لە قورئان و سونەتدا،  زۆر ئایەت و حەدیس سەبارەت بە بابەتە دەبینین، لە ژیانی پێغەمبەری خودا و خەلیفە ڕاشیدەکانیشدا، بەیعەت بە شێوازی جیاواز پەیڕەوی لێکراوە.

بەیعەت بریتیە لەو پەیمانەی کەسێک بە دینێک، سیستەمێک یاخود نوێنەری سیستەمێک دەدات، کە وابەستەی ئەو بێت و بە گوێرەی داخوازیەکانی ئەو هەنگاو هەڵبگرێت.

بەیعەت لە کەلتوری ئیسلامیدا، لە ڕوانگەی واتا فراوانەکەیەوە، بریتیە لەو پەیمانەی لە نێوان هاوڵاتیان و ئەو کەسەدایە، کە وەک سەرۆکی دەوڵەت هەڵدەبژێردراوە.

بە گوێرەی ئەو پەیمانە، سەرۆکی دەوڵەت هەتا ئەو کاتەی شیاوێتی خۆی بپارێزێت و ئەرکەکانی سەرشانی ئەنجام دەدات، هاوڵاتیانیش بەردەوام دەبن لە گوێڕایەڵی کردنی و بە پەیمانی خۆیانەوە وابەستە دەبن.

 

بەیعەت لە ئیسلامدا:

لە قورئان و سونەتدا شێوازی جیاوازی پەیڕەوی کردن لە بەیعەت هەیە. بۆ نمونە لە قورئانی کەریمدا خودای گەورە دەفەرموێت:

 

وَإِذْ أَخَذَ اللَّهُ مِيثَاقَ النَّبِيِّينَ لَمَا آتَيْتُكُمْ مِنْ كِتَابٍ وَحِكْمَةٍ ثُمَّ جَاءَكُمْ رَسُولٌ مُصَدِّقٌ لِمَا مَعَكُمْ لَتُؤْمِنُنَّ بِهِ وَلَتَنْصُرُنَّهُ قَالَ أَأَقْرَرْتُمْ وَأَخَذْتُمْ عَلَى ذَلِكُمْ إِصْرِي قَالُوا أَقْرَرْنَا قَالَ فَاشْهَدُوا وَأَنَا مَعَكُمْ مِنَ الشَّاهِدِينَ…

” بە یادیان بهێنەوە کەوا الله بەم شێوەیە پەیمانی لە پێغەمبەران وەرگرتبوو:

کاتێک کتێب و داناییم بە ئێوە بەخشی و، پاشان پێغەمبەرێکم ڕەوانە کرد کە پشتڕاستی شتە نێردراوەکانی لای ئێوەی دەکردەوە، ئیمانی پێدەهێنن و بە ڕەهایی پشتیوانی لێدەکەن؟ ئایا ئەمەتان قبوڵە و بەڵێنێکی ڕاستگۆیانە بە من دەدەن؟ ئەوانیش وتیان قبوڵیانە، خوداش پێی فەرموون: دەی ئێوە شایەت بن و منیش لەگەڵ ئێوە لە شایەتیدەران دەبم”.

(ال العمران، ٨١).

بەم شێوەیە لەم ئایەتەدا ئاماژە بەوە دەکات کە الله پەیمانی لە پێغەمبەرانی پێش محمد وەرگرتووە و ئەمەش بەیعەتێکە کەوا لەلایەن الله وە داوا کراوە.

لە ڕاستیشدا ئەو پێغەمبەرانەی کە ئەم بەیعەتەیان لێوەرگیراوە، وەک چۆن پێغەمبەرە ڕەوانەکراوەکانی دوای خۆیشیان نەبینیوە، بە هەمان شێوە چاویان بە محمد-سەڵات و سەلامی خودای لەسەر بێت – نەکەوتووە. هەربۆیە گەر لە ڕواڵەتدا پێغەمبەرانیش وەک دوێنراوی یەکەمی ئەم بابەتە دەربکەون، لە ڕاستیدا پەیامێکە بۆ ئومەتەکانی دوای خۆیان؛ کە لە ڕێگەی شەخسی ئەوانەوە ئاڕاستەیان کراوە.

بەڵێ، خودا بە گەورەیی خۆی لەم ئایەتەدا باس لە پەیماننامەیەک دەکات کەوا لەگەڵ پێغەمبەران و دواتر لە ڕێگەی شەخسی ئەوانەوە لەگەڵ ئومەتەکانیاندا بەستوویەتی.

بە گوێرەی ئەم پەیماننامەیە، داوای ئەم شتەیان لێکراوە” ئێوە لە دوای ئەم پێغەمبەرە، بە هەر پێغەمبەرێکی تر گەشتن باوەڕی پێ بهێنن و قبوڵی بکەن. گەر گەشتن بە موسا قبوڵی بکەن، گەر گەشتن بە داود قبوڵی بکەن، گەر گەشتن بە عیسا قبوڵی بکەن، گەر گەشتن بە محمد المصطفی قبوڵی بکەن”.

لە بەرامبەر ئەمەدا تەواوی پێغەمبەران ئەمەیان قبوڵ کردووە و دانیان پێدا ناوە. هەربۆیە دوای بەستنی ئەم پەیماننامە و بەیعەت دانە، هەموو جۆرە پاشگەزبوونەوەیەک، دەبێتە ئۆباڵ و گوناحێکی گەورە کە بەرامبەر الله پشاندراوە.

ئەگەر پاشگەزبوونەوەکە سەبارەت بە هەندێک بابەتی تایبەتمەند بێت ئەوا بە گومڕایی ئەژمار دەکرێت و، گەر لەسەر ئاستی عەقیدە بوو، ئەوا بە مورتەد بوون ئەژمار دەکرێت.

 سەرداریشمان سەبارەت بە پەیڕەو لێکردنی لە حەقیقەتی بەیعەت؛ کە لە الله وە وەری گرتووە و، پاشان لە تەواوی پێغەمبەرانی پێش خۆیشیدا دامەزراو و چەسپاو بووە، لە زۆر قۆناغی جیاوازی تەمەنیدا ڕەنگی داوەتەوە.

بۆ نمونە لە یانزەهەمین و دوانزەهەمین ساڵی پێغەمبەرایەتیدا، بەیعەتی لە موسوڵمانانی مەدینە وەرگرت؛ کە لە عەقەبە لەگەڵیان کۆ بوویەوە.

سەردارمان لە عەقەبە دەستی یەکە بە یەکیان گرت و پەیمانی ئەوەی لێ وەرگرتن کاتێک کۆچ بەرەو مەدینە دەکات، دەبێت وەک گیانی خۆیان پارێزگاری لێبکەن و بۆ خزمەتکردنی ئاینی ئیسلام هەموو ئامادەییەکیان تێدابێت.

ئەوانیش کاتێک پرسیاری ئەوەیان لێکرد کە لە بەرامبەر ئەم بەیعەتەدا چی دەستکەوتێکیان دەبێت، سەردارمان لە وەڵامدا فەرمووی “بەهەشت”؛ ئەوانیش ڕەزامەندی خۆیان بۆ ئەم وەڵامە دەربڕی و قبوڵیان کرد.

لەم کاتەدا حەزرەتی عەباس کەوا لەلای پێغەمبەری خوداوە دەبێت، پێیان دەفەرموێت” ئێوە دەزانن بەیعەتتان بە چی داوە و چۆن ئەرکێکی خستۆتە سەرشانتان؟”؛ بەم شێوەیە سەرنجیان بۆ گرنگی و قورسی  بابەتەکە ڕادەکێشت و ئاگاداریان دەکاتەوە.

بە هەمان شێوە کاتێک سەردارمان تەشریفی هێنایە مەدینەی ڕۆشن، یەکە بە یەکەی خەڵکی مەدینە هاتنە خزمەتی و بەیعەتیان پێدا.

هەروەها لە دوای چەندین ساڵ لە هیجرەتی بۆ مەدینە، کەسانێک کەوا تازەیی موسوڵمان دەبوون، دەهاتنە لایی و بەیعەت و بەڵێنی ڕاستگۆیی خۆیان بۆ دووپات دەکردەوە.

هەروەها لە کاتی پەیمانی حودەیبیەدا، کاتێک حەزرەتی عوسمانی وەک نوێنەری خۆی ناردە لای موشریکانی مەککە و  پاشان دەنگۆی شەهیدکردنی هاتەوە، جارێکی تر هاوەڵانی لە چواردەوری خۆی کۆ کردەوە و سەرلەنوێ بەیعەتی لێوەرگرتنەوە؛ کە پێشتریش لەسەر هەمان بابەت لێی وەرگرتبوون.

ئەم بەیعەتانەی سەردارمان لە هاوەڵانی وەردەگرت، بە واتای پەیمانی پەیڕەوی کردن لە سیستەمی ئیسلام و ئەو زاتەی نوێنەرایەتی ئەو سیستەمەی دەکرد، دەهات.

دواتر بەیعەت لە نێو هاوەڵانیشدا وەک سیستەمی لێهات و، پاشان وەک نەریتێک پەیڕەوی لێدەکرا.

هەربۆیە ئەم جۆرە مامەڵەیە لە نێو خەلیفە ڕاشیدەکانیشدا پەیڕەوی لێکراوە. هەریەک لە حەزرەتی ئەبوبەکر، عومەر، عوسمان، عەلی لەو کاتەی وەک خەلیفە هەڵبژێردران، لەلایەن هاوەڵانەوە بەیعەتیان پێدرابوو.

ئەگەرچی لە شێوازی جێبەجێکردنی ئەم بابەتەدا ڕێکاری جیاواز گیرابێتە بەر و، جار جاریش لە شیرازەی خۆی دەریان هێنابێت، لە سەردەمەکانی دواتریشدا موسوڵمانان هەر پەیڕەوییان لێکردووە.

واتە موسوڵمانان لە ڕێگەی بەیعەتەوە، دانیان بە قبوڵکردنی فەرمانڕەواکانی خۆیاندا ناوە.

پاشان بەیعەت هەر لە نێوان فەرمانڕەوا و هاوڵاتیاندا قەتیس نەبووە و، شێخی تەریقەتە جیاوازەکانیش بەیعەتیان لە شوێنکەوتووانی خۆیان وەرگرتووە.

 

 

هاوبەشێتی لە ئیمان و ئایدیاڵدا

 

پاش ئەوەی ئەم ڕوونکردنەوە کورتەمان لەسەر بابەتەکە پێشکەش کرد، ئێستا کاتی خۆیەتی لە ڕوانگەی خزمەتەوە سەیری بابەتەکە بکەین.

 

پێش هەموو شتێک ئەوانەی دەڵێن ” شوێنکەوتوانی خزمەت بێ قەید و شەرت بەیعەتیان بە کەسانی سەروی خۆیان داوە”، لە چیەتی بابەتەکە بێ ئاگان. بانگەشەی ئەم جۆرە کەسانە، ئەوە دەگەیەنێت کە لە بزاڤی خزمەت تێنەگەشتوون.

چونکە ئەوەی هاوسۆزانی خزمەتی لە چواردەوری یەکتر کۆکردۆتەوە، نە سیستەمێکی هەڕەمیە، نە زنجیرەیەکی پێکەوە بەستراوی فەرماندار و فەرمانبەرداریە، نە پەیمان و بەیعەتێکە کەوا بە کەسێک درابێت.

بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەوەی ئەوانی لە چواردەوری یەکتری کۆکردۆتەوە، ئەو ئیمان و مەفکورە و ئامانجە هاوبەشەیە، کە هەموویان بەرەو ئامانجێکی هاوبەش ئاڕاستە کردووە.

دەتوانین ئەمەش بە حاڵی ئەو کەسە بچوێنین، کە بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی یاخود جەژن لە یەک مزگەوت کۆ دەبنەوە، یاخود بە حاڵی ئەو کەسانەی بە چواردەوری کەعبەدا تەواف دەکەن و پێکەوە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی یەکێک لە فەریزەکانی حەج، لە شاخی عەرەفە کۆ دەبنەوە.

 

وەک چۆن ئەم ئیمان و ئامانجە هاوبەشە کەسانێکی لە چواردەوری یەکتری کۆ کردۆتەوە و هەمان عیبادەتیان پێ ئەنجام دەدات، بە هەمان شێوە هاوسۆزانی خزمەتیش، بە هۆی ئەو باوەڕ و ئایدیاڵە هاوبەشەی هەیانە، هەموویان پێکەوە کۆبوونەتەوە و بە هاوبەشی هەنگاو هەڵدەگرن.

ئەم ئامانجە هاوبەشانە چیە؟

بۆ نمونە ئەو ٣ دەردە کوشندەیەی کە حەزرەتی پیریش ئاماژەی پێداوە و، بریتیە لە بەرەنگاربوونەوەی جەهالەت، هەژاری، ناکۆکی؛ لە ئامانجە گرنگە هاوبەشەکانی هاوسۆزانی خزمەتە.

هەر بەم هۆیەشەوەیە، هاوسۆزانی خزمەت هەتا ئێستا، هەڵمەتێکی زۆر جددیان لە سەرتاسەری دونیا لە دژی جەهالەت بەرپا کردووە و، هێندەی ئیمکانیان هەبێت و لە دەستیان هاتبێت، بەشی ناوخۆیی، خوێندنگە، دەرسخانە، ناوەندی سەعی کرد، زانکۆیان کۆکردۆتەوە.

هەروەها لە پێناو ڕەواندنەوەی ناکۆکی نێوان مرۆڤەکانیش بەردەوام ئاماژەیان بە خۆشەویستی، لێبوردەیی و دیالۆگ داوە و، لە ڕێگەی چالاکیەکانیشیانەوە هەموو لایەکیان لە ئامێز گرتووە و، پاشان لە ڕێگەی ڕێکخستنی چەندین مەراسیمەوە، هەلی ئەوەیان بۆ پیاوانی کار ڕەخساندووە، کە دەستی یارمەتی بۆ هاوڵاتیانی هەژار و لێقەوماو درێژ بکەن.

 

گەر زیاتر بابەتەکە ڕوون بکەینەوە، ئەو فاکتەرە سەرەکیەی مرۆڤەکانی لە ژێر ناوی جەماعەتێک یاخود بزاڤێک کۆکردۆتەوە، بریتیە لەو بیر و هزرەی خراوەتە ڕوو، لەگەڵ شیاوێتی چالاکی و پرۆژەکان و، گونجانیان لەگەڵ یاساکانی ئاین و مەرجەکانی سەردەم، لە هەمان کاتدا وەڵامدانەوەیان بۆ پێداویستی مرۆڤەکان لە ڕۆژگاری ئێستاماندا.

هەربۆیە بۆ بەردەوامیدان بەم خزمەتانە، نە پێویستیان بە بەیعەتی فڵان و فیسار هەبووە، نە پێویستیان بەوە هەیە کە سەر بە فڵان و فیسار کەس بن.

هەر لەم ڕوانگەیەشەوە وەک چۆن مرۆڤەکان لە کاتی نوێژی هەینیدا بۆ مزگەوتەکان ڕادەکەن، بەیانی ڕۆژی جەژن لە مزگەوتەکان کۆ دەبنەوە و، لە نۆهەم ڕۆژی مانگی زیلحەجەشدا لە شاخی عەرەفات کۆ دەبنەوە، کەسانێکیش کەوا ئەو هزر و بیرۆکەیەی بە ناوی خزمەتەوە خراوەتە بەردەمیان و، لەگەڵ   ئامانج و ئایدیاڵی خۆیاندا هاوتا دەیبینن، بەرەو ئەم خزمەتە ڕادەکەن.

بە دەربڕینێکی تر، لەبەر ئەوەی خزمەتە ئەنجامدراوەکانیان لە چوارچێوەی ماقولیەتی قورئاندا بینیوەتەوە و، باوەڕیان بەوە هەیە کە ئەو ڕێگەیەی لەسەری دەڕۆن ڕێگەی پێغەمبەرە و، پێیان وایە ئەو خزمەتانەی ئەنجام دەدرێت یەکێتی و تەبایی، ئاشتی و سەقامگیری دەهێنێتە دونیاوە، پاڵپشتی ئەم کارە دەکەن.

 

هەر بۆیە بە هەمان شێوە، حەزرەتی بەدیعوزەمانیش داوای بەیعەت پێدانی لە کەس نەکردووە و، پەیوەندی نێوان خۆیی خوێندکارەکانیشی وەک پەیوەندی شێخ و موریدەکان نەبووە، بە پێچەوانەوە  پەیوەندی نێوانیان، تەنیا پەیوەندیەکی برایانە بووە.

 

هەر لەم ڕوانگەیەشەوە ئەوانەی لە نێو خزمەتدا بوونیان هەیە، بابەتی ئەوەی لە ڕوانگەی تەمەن و ئەزمون و ئاستی زانستیەوە، بەیعەت بە کەسێکی سەروی خۆیان بدەن، جێگەی باس نەبووە و نابێت.

 

بەیعەتی مەجازی: فیداکاری و خۆبەخشی

کەسانێکی کەوا بە هەستی فیداکاری و خۆبەخشیەوە ژیانی خۆیان بۆ خزمەت تەرخان کردووە، دەتوانن لەو بابەتەدا پەیمان و بەیعەتێک بە خۆیان بدەن.

بۆ نمونە کەسێک دەتوانێت پەیمانێکی لەم شێوەیە بە خۆی بدات و بڵیت” بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، هەتا ئەو کاتەی تەمەن یارم دەبێت، خۆم بۆ ئەم ڕێگایە تەرخان دەکەم کە بە ڕاستی دەزانم. لە پێناو گەیاندنی ناوی جەلیلی ئیلاهی و ڕۆحی رەوانی محمدی بە هەر چوار دەوری دونیا، هەتا لە ژیاندا مابم بە هەناسە بڕکێوە خەریکی ڕاکە ڕاک دەبم. جگە لە خزمەتکردن بەم ئامانجەش، خۆم وابەستەی هیچ تێبینیەکی تر ناکەم. لە هەموو هەستێکی زیادەی دونیایی و ئاخیرەتی خۆمدا فیداکاری دەکەم. هەتا دەمرم لەسەر ئەم ڕێگایە جودا نابمەوە و بەم شێوەیە دەچمەوە حزوری پەروەردگارم”.

لەبەر ئەوەی بانگەواز و گەیاندنی پەیامەکەش، یەکێکە لەو فەرمانە گرنگانەی قورئان و سونەتیش فەرمانیان پێکردووە، وابەستە بوونی کەسەکان بە پەیمانێکی لەم جۆرەوە زۆر پێویستە. چونکە هەر کارێک بنەماکەی لەسەر دین هەڵچنرابێت و خۆت نەزری ئەو کارە کردبێت، پێویستە بە گوێرەی ئەو نەزرەی خۆت هەنگاو هەڵبگریت.

 

هەربۆیە گەر لە ڕوانگەی خزمەتەوە باسی بەیعەتێک بکرێت، بابەتی ئەوەی کەسێک وەک ئیماندارێک، بەڵێنی ڕاستگۆیی و وەفای بەرامبەر ئەنجامدانی خزمەتەکانی سەر شانی بە خۆی دابێت، دەتوانرێت ئەمە بە بەیعەت ناو ببرێت.

ئەمەش بەیعەتێکی ڕاشکاوانە نیە و دەتوانین بە بەیعەتی مەجازی ناوی ببەین.

چونکە گەر ئەو بەیعەتانەی لە سەردەمی سەردارماندا ئەنجامدراوە، لە پلانی بەیعەتی ئەسڵی و ڕاستەقینە ناو ببەین، دەبێت بەیعەتەکانی دواتر   لە پلانی سێبەر و مەجازدا ناو ببرێن.

هەربۆیە گەر لەمڕۆدا لەسەر ئاستی وڵاتانی جیاوازی دونیا خزمەتی جوان ئەنجام بدرێت و، لەو وڵاتانەی بۆی ڕۆشتوون سەودایەکی جددی گۆڕینەوەی کەلتوریان لەگەڵدا ئەنجام بدرێت، لە پێناو فەراهەمکردنی ئاشتی لەسەر ڕووی زەوی هەنگاوی گرنگیان هەڵگرتبێت، تەواوی ئەم خزمەتانە لە سایەی ئەو پەیمانەوەیە کە کەسانی خۆبەخش بە خۆیانیان داوە و پاشان جێبەجێیان کردووە.

 

 ئەوان بێ ئەوەی چاوەڕیی هیچ پاداشتێکی ماددی و مەعنەوی بن، زۆر جار لە ڕێگەی موچەیەکی کەم لەسەر ئاستی دەرماڵە، بەردەوامییان بەم جۆرە خزمەتانەی خۆیان داوە.               

هەر لە سایەی ئەم فیداکاری و خەمخۆریەی ئەوانە، لە قوڵایەکانی ئەفەریقاوە هەتا دەگاتە ناوئاخنی ڕۆژهەڵای ئاسیا، مرۆڤگەلێکی زۆر ناخی بە هەستی سوپاس و پێزانینی ئەوان پڕ بووە.

بە تایبەت ئێمە کاتێک بیر لە بەیعەتی سەردەمی پێغەمبەری خودا و خەلیفە ڕاشیدەکان دەکەینەوە و لە چوارچێوەی پلانی سەرەکی چەپڵەڕێزانی دەکەین، بەیعەتێکی لەم شێوەیەش کە لە پلانی سێبەردا بە واتای خۆ بەخشی دێت، ناکرێت نادیدە بگیرێت و بە ستایشەوە باسی لێوە نەکرێت.

 

کاتێک بیر لەو هاوڕێیانە دەکەمەوە کە خۆیان بۆ خزمەت تەرخان کردووە و بە ناوی بەدیهێنانی مەفکورەکەیانەوە بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاو بوونەتەوە، لە دڵی خۆمدا دەڵێم:

نازانم لە ژیانی ئەولا ڕزگارم دەبێت یاخود نا، یاخود ئیمکانی ئەوەمان پێدەدرێت کە شایەتی چاکەیان بۆ بدەین یاخود نا. بەڵام هیچ کاتێکیش لە ڕەحمەتی پەروەردگارم هیوابڕاو نەبووم.  بەڵام گەر لەوێ هەلێکی لەو شێوەیەمان پێبدەن، ئەوا دەڵێم: پەروەردگارا شایەتی لەسەر ئەوە دەدەم کە ئەم هاوڕێیانەمان، بە ناوی گەیانندنی ئەو بەهایانەی لە ڕەگی ڕۆح و واتاکانی ئێمەوە سەرچاوەیان گرتبوو، بە شێوەیەکی فیداکارانە بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاو بوونەوە”.

 

ئیدی ئەم هەلەمان پێدەدرێت یاخود نا، یان ئەوەی من مرۆڤی ئاسۆیەکی لەو شێوەیە بم کە قسەی وەها بکەم، ئەمانە شتانێکن تەنیا الله دەیزانێت، بەڵام هەستەکانی من بەو شێوەیەیە.

 

پابەندی بە ئەقڵی دەستەجەمعیەوە

 

لەلایەکی ترەوە لەبەر ئەوەی کارەکانی ناو خزمەت، لە ڕێگەی ئەقڵی دەستەجەمعی و ڕاوێژەوە بەڕێوە دەچن، شتێک بە ناوی ” بە بارمتە دانانی ئەقڵ لەلای کەسانی تر” جێگەی باس نیە و ناشبێت.

ئێمە وەک چۆن هەتا ئەمڕۆ پێداگریمان لەسەر ئەنجامدانی ڕاوێژ کردووە، لەمەودواش شتێکی جیاوازتر لەمەی وتوومانە ناڵێین.

هەتا ئەمڕۆ چەندین جار ئەم بیروڕایەی خۆمم دەربڕیوە و وتوومە: گەر مرۆڤێک ١٠ هێندەی سێزار، ناپلیۆن، ئەسکەندەریش بلیمەت بێت، بەم هۆیەوە بە گوێرەی ڕای شەخسی خۆی هەنگاو هەڵبگرێت، ناتوانێت بگات بە ئاستی ئەو مرۆڤەی ڕاوێژ بە ٣ مرۆڤی تر دەکات لە کاتی بڕیارەکانیدا.

هەربۆیە خستنە ڕووی تێبینی جیاواز لە بابەتێکی دیاری کراو و، چڕکردنەوەی بیرکردنەوە لەسەر ئەو بابەتە و بە ناوی گەڕان بە دوای چارەسەری گونجاوی ئەو کێشەیەدا، زۆر گرنگە. هەربۆیە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیش فەرموویەتی: هەرکەسێک لەکارەکانیدا ڕاوێژ بە کەسانی تر بکات، توشی زیان و دۆڕان نابێت.

 

سەرداریشمان سەرەڕای ئەوەی پێغەمبەری خودا بوو، گەر لە کارێکدا لەلایەن خوداوە وەحی بۆ نەهاتایە، تەواوی کارەکانی لە ڕێگەی ڕاوێژی هاوەڵانیەوە ئەنجامداوە.

ئەو هەمیشە بیروبۆچوونی خۆی خستۆتە ڕوو، پاشان ڕێگەی بە هاوەڵانیش داوە بیروڕای خۆیان دەرببڕن و، دواتر بە گوێرەی قەناعەتی گشتی بڕیاری وەرگرتووە.

تەنانەت هەندێک جار سەرەڕای ئەوەی بە پێچەوانەوەی ئەوەوە بیروڕایان دەخستە ڕوو، تەنیا لەبەر ئەوەی حەقی ڕاوێژکردن بدات و دیسپلینی ڕاوێژکردن بۆ ئێمە دابمەزرێنێت، بە گوێرەی بیروڕای خۆی نەکردووە و ڕای هاوەڵانی پێش خستووە.

 

هەربۆیە لە کاتی جەنگی ئوحوددا، سەرەڕای ئەوەی پێ باش بوو کە جەنگی بەرگری ئەنجام بدەن و لە مەودایەکی کراوەدا نەجەنگن و، سەرئەنجامی کارێکی لەو شێوەیەشی باش دەزانی، بە گوێرەی ڕای هاوەڵانی بڕیاری وەرگرت کە بووە شەهید بوونی ٧٠ کەس لە هاوەڵان.

هەربۆیە نەهێشتنەوەی ئەم دیسپلینە لە بواری نەزەری و خستنە بواری کردەییەوە لەلایەن خودی پێغەمبەری خوداوە، گرنگیەکی زۆری هەیە.

هەربۆیە مرۆڤێک  تا  چەندە باوەڕی زۆریشی بە ڕایەکی خۆی هەبێت، گەر ڕایەکی پێچەوانەوە لە ڕاوێژدا قورسایی دانا، پێویستە واز لە ڕایەکەی خۆی بهێنێت.

 

لەم بابەتەشدا ئەنجامدانی هەوڵ و کۆشش بۆ دۆزینەوە ڕاستی، وەک چۆن نوێژ و ڕۆژوو پاداشت دەستی مرۆڤ دەخەن، گەڕانەوە لە ڕای خۆی لە کاتی ڕاوێژیش، چەشنی ئارامگری لەسەر بەڵا و موسیبەتەکان، لە ڕوانگەی نەرێنی بوونیانەوە پاداشت دەستی مرۆڤ دەخەن. بابەتی ئەوەی کەسێک متمانەی بە ئەقڵی خۆی هەبێت و پێی وابێت هەموو شتێک دەزانێت و بە گوێرەی ئەمە هەڵسوکەوت بکات، یەکێکە لەو تایبەتمەندیانەی مرۆڤ توشی دۆڕان دەکەن.

تەنانەت گەر مرۆڤێک لە ڕووی تەمەن، ئەزمون، زانست و ئەو پێگەیەی تێیدا هەیە، مرۆڤەکان ڕێزی لێبگرن و نەتوانن لە قسەی ئەو دەربچن، پێویستە فکرەکانی خۆی هەرگیز بەسەر کەسانی تردا نەسەپێنێت و، ئەو ڕێز و متمانەیەی کەسانی تر بەرامبەری هەیانە، وەک ئامرازی فشار و خۆ سەپاندن بەکار نەهێنێت.

کاتێک بیروڕای خۆی دەڵێت، پێویستە ڕاشکاوانە و ئاسودانە دەریان ببڕێت. گرنگی بدات بە هەڵسەنگاندنی ئەو مرۆڤانەی لەگەڵ ئەودا ملی ڕێگەیان گرتووە.

بیرورا و بڕیارەکان، پێویستە بە گوێرەی پێگەی کەسەکە قبوڵ نەکرێن و، ڕاستی و ماقوڵ بوونی بیروڕاکە بکرێتە بنەمای هەڵسەنگاندنی.

هیچ گومانیش لەوەدا نیە کە جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە وەک خۆیی و بە بێ پشاندانی کەموکورتی، وابەستەی ئەوەیە کە تا چی ڕادەیەک تەربیەتی ئیسلاممان پێ هەزم کراوە.

سەرئەنجام لە شوێنێکدا کە کارەکان لە ڕێگەی ڕاوێژەوە بەڕێوە دەبرێن، هیچ ئەقڵێک لەلایەن کەسانی ترەوە ناخرێتە ژێر بارمتەوە. لە شوێنێکدا کە پرس و ڕای هەموو کەسێک وەردگیرێت، ناکرێت باس لە ” بەیعەت پێدانی بێ قەید و شەرت” بکرێت. بەڵکو بە پێچەوانەوە لەو شوێنەدا ئازادی بیروڕاکان بوونی هەیە.

 

48 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە