بیروڕاهەواڵ

وەفایەک  بۆ ئەبوبەکر ئەفەندی لە کولیەی نیزامیەی ئەفەریقای باشور!

مزگەوتی نیزامیە کە لە شاری جوهانسبۆرگی ئەفەریقای باشورە و بە کوللیەی نیزامیە ناودەبرێت، بە بۆنەی سەری ساڵی کۆچیەوە، ئێوارەخوانێکی لە ژێر ناوی ” یەکێتی و برایەتی موسوڵمانان”، بۆ هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە ساز کرد.

 نزیکەی ٥٠٠ کەسایەتی چالاکی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی ئایەتی ” بە توندی دەست بە ئاینی الله وە بگرن و پەرتوبڵاو مەبنەوە”، بانگهێشتی مزگەوتەکە کران و هەموویان لە حەوشەی گەورەی مزگەوتەکەدا کۆبوونەوە.

مەراسیمەکەی کولیەی نیزامیە کە وەک گەورەترین مزگەوتی ئەفەریقای باشور ناسراوە، لە ڕێگەی تیلاوەتی عەبدوڕەحمان سادیەن، کە یەکێکە لە قورئان خوێنە بەناوبانگەکانی ئەفەریقای باشور و خەڵکی شاری کاپتاونە، دەستی پێکرد.

 

دەستپێکی مەراسیمەکە بە وتارێکی تەلحە پایا وتەبێژی وەقفی نیزامیە دەستی پێکرد و، تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە موسوڵمانانی ئەفەریقای باشور، نزیکەی ١٥٠ ساڵە بەرگری لە ئاینەکەیان دەکەن و ڕێگەیان نەداوە بەوەی لە ژێر فشاردا توشی توانەوە ببن.

پایا لە بەشێکی قسەکانیدا وتی
” ئەبوبەکر ئەفەندی؛ کە یەکێکە لە زاناکانی سەردەمی عوسمانی و لە ساڵی ١٨٦٢ وەک مامۆستا ڕەوانەی ئەفەریقای باشور کراوە و ئێستاش گۆڕەکەی لە شاری کاپ تاونە، لە ڕێگەی کردنەوەی مەدرەسە و حوجرە لە دوورەدەستترین شوێنەکانی ئەفەریقای باشور، لە بابەتی پاراستنی یەکگرتوویی و تەبایی نێوان موسوڵمانانی ئەم وڵاتەدا خزمەتی گەورەی ئەنجامداوە. نیزامیەش لە ڕێگەی ئەم پڕۆگرامەوە وەفای خۆی بەرامبەر ئەبوبەکر ئەفەندی پشانداوە. ئێمە هەموو هەنگاوەکانمان لە پێناو یەکخستنی مرۆڤەکاندایە”.

 

“ئەوانەی سەردانی کولیەی نیزامیە دەکەن ٪٨٠ موسوڵمان نین”

لەلایەکی ترەوە بەرپرسی پەیوەندیەکانی کولیەی نیزامیە، کە لە هەمان کاتدا خوێندنگە و نەخۆشخانەیەکیشی تێدایە ، ئاماژەی بەوەدا کە لە ٪٨٠ ئەوانەی سەردانیان دەکەن، کەسانی موسوڵمان نین.

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەدا  کەسانی دەرەوەی ئاینی ئیسلام، بە مەبەستی سەیرکردنی تەلارسازی مزگەوتەکە و چالاکیەکانی سەردانیان دەکەن و سەبارەت بە ئاینی ئیسلام زانیاری وەردەگرن.

مەولانا عەباس سەرۆکی دەستەی زانایانی ئەفەریقای باشور کە یەکێکە لە کەسایەتیە خۆشەویستەکانی ناو هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە، لە بەشێکی قسەکانیدا وتی” پێش ٧ ساڵ بۆ یەکەم جار ئەم مزگەوتەمان کردەوە. هەروەک دوێنێ لەبیرمە، لە ماوەی ئەم ٧ ساڵەی ڕابردوودا، مەسافەیەکی زۆر گەورەمان بڕیوە، کە زۆر زیاتر لە ٧ ساڵی دەوێت”.

“یارمەتی براکانمان دەدەن؟”

شێخ عەباس لە درێژەی قسەکانیدا وتی” سەردارمان دەفەرموێت: باشترینی ئێوە ئەو کەسەیە کە باشترینە بۆ مرۆڤەکان”، ئایا ئێوە ئامادەی ئەوەن یارمەتی برا تورکەکانمان بدەن؟”. شێخ عەباس بە دەنگێکی بەرز دوو جار ئەمەی دووبارە کردەوە و ئامادەبوانیش بە دەنگێکی بەرز لە وەڵامدا وتیان: بەڵێ…

شێخ عەباس ئاماژەی بەوەدا کە هەموو موسوڵمانان برای یەکترن و پاشان وتی ” پێویستە بە هانای برا تورکەکانمانەوە بچین”.

 

ئیسماعیل وادیش وەک وەزیری پێشووی گواستنەوە و گەیاندن لە ویلایەتی گاتەنگ، ئاماژەی بەوەدا کە کولیەی نیزامیە، موسوڵمانانی ئەفەریقای باشوری لە چواردەوری یەکتری کۆکردۆتەوە.

ئەنوەر سورتی جێگری پێشووی وەزیری پەروەردەی ئەفەریقای باشور، لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە تەنیا زانستی دینی لەلایەن خوداوە نەهاتووە و زانستەکانی تریش هەر لەلایەن خوداوە هاتوون، پاشان پەسنی خوێندنگەکانی خزمەتی کرد لە وڵاتەکەیان، کە هەردوو جۆرە زانستەکە پێکەوە دەخوێنن.

ئیبراهیم ئیبراهیم، جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەفەریقای باشور کە ماوەیەک لە وڵاتی خۆی نەفی دەکرێت و پاشان لەلایەن ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئەپارتایتەوە دەڕفێندرێت و ماوەی ١٥ ساڵ زیندانی دەکرێت، لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە پەرتەوازەیی موسوڵمانان کرد و وتی” من لەو کاتەی لە وەزارەتی دەرەوە کارم دەکرد، سەردانی زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامم کرد و پەرتەوازەیی زۆرێک لە موسوڵمانانم بەچاوی خۆم بینی. پێویستە موسوڵمانانی سەر بە نەتەوە جیاوازەکان یەک بگرنەوە. هەروەها ئەرکێک کەوا لەسەر شانی ئەو زانایانە کە لە دژی توندوتیژی کار دەکەن، پێویستە گوزارشت لە ڕێگاکانی گەشتن بە دیموکراسیەت و پاراستنی بەها دیموکراسیەکان بکەن”.

 

هەروەها لە بەشێکی مەراسیمەکەدا، پێشانگایەکی تابلۆ خرایە ڕوو، کە وێنەی موسوڵمانانی ستەملێکراوە ئەمڕۆی جیهانی ئیسلامی لە خۆ گرتبوو.

بەشداربووان لە ڕێگەی وێنەکانەوە، لە حاڵی خراپی هەندێک لە موسوڵمانانی جیهانی ئیسلام ئاگادار بوونەوە.

بەشداربووان دوای ئەوەی پێکەوەی نوێژی خەوتنانیان ئەنجامدا، مەراسیمەکە کۆتایی هات.

 

49 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە