هەواڵ

پرۆفیسۆرێک کە چارەسەری بۆ ڕێگری لە خانە شێرپەنجەییەکان دۆزیبووەوە لە زینداندا بەرەو مەرگ ڕاپێچ دەکرێت

 

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی بۆڵد مێدیا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئۆغوز ئاسلان ئۆزەن کە یەکێکە لەو کەسانەی ڕەگ و ڕیشەی زانستی پزیشکی لە تورکیادا دامەزراندووە و چەندین خوێندکاری لە بەشی پزیشکیدا پێگەیاندووە، و لەسەر ئەرک و پارەی خۆی چەندین خوێندکاری ناردووەتە دەرەوە بۆ توێژینەوە، وە سێ مانگ دوای دەستگیر کردنی بە هۆی ئەو دەرمانەی دۆزیبوویەوە بۆ ڕێگری کردنە لە تەشەنە کردنی خانە شێرپەنجەییەکان لە لایەن ڕێکخراوی (world intellectual property organization) WIPO خەڵات کرا، ماوەی سێ ساڵە لە گرتووخانەدا بەند کراوە.

ئۆزەن لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموز، لە بەرواری ٢٨ ی تەموزی ٢٠١٦ دەستگیر کرا و ڕەوانەی گرتووخانەی موراتلی لە شاری تەکیرداغ کرا و نەیتوانی ئەو خەڵاتە ببینێت کە لە بەرواری ٢٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ بە هۆی داهێنانەکەیەوە بۆی دیاری کرا. ئەگەر دەستگیر نەکرایە، و دوور نەخرایەوەتەوە لە کار و چالاکییە زانستییەکانی بەردەوام دەبوو.

لە دوای ١٥ ی تەموزەوە تا ئێستا سەدان پرۆفیسۆر و زانا و کەسانی ئەکادیمی دەربەدەر کراون و ناچار کراون وڵاتی خۆیان جێبهێڵن. چەندین کەسیان لە کارەکانیان دوور خرانەوە و ئەزموونی دەیان ساڵەیان بە هیچ دانرا و لە زانکۆکان دوور خرانەوە، هەندێک کەسی دیکەش وەک پرۆفیسۆر دکتۆر ئۆغوز ئاسلان ئۆزەن ڕاگری بەشی زانستی پزیشکی لە زانکۆی نامق کەمال فڕێدراوەتەوە زیندانەوە بۆ ئەوەی لەوێدا بۆ خۆی لەناو بچێت. هەزار و ٧١ پرۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ لەبری ئەوەی واژۆ کۆبکەنەوە بەرەوپێشچوونی توێژینەوە زانستییەکان، بێدەنگبوونیان لە بەرامبەر هەموو ئەو شتانە هەڵبژارد کە بەسەر هاوپیشەکەیاندا هێنرا.

ئۆزەن نامەیەکی ٨ لاپەڕەیی بۆ خانەوادەکەی ناردووە و دەیەوێت ئەو نامەیەی بە هەموو کەسێک بگات و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هیچ کەسێک باوەڕ بەوە ناکات ناسناوی تیرۆریست یاخود هەر جۆرە ناسناوێکی دیکەی نەشیاو بدرێتە پاڵ ئەو و پێی وایە لە ماوەیەکی کەمدا هەموو ئەو هەڵانە ژێراوژوور دەبنەوە.

ئەمەش نامەکەی ئەو پرۆفیسۆرەیە کە باس لەو ڕووداوانە دەکات کە بەسەریدا هێنراوە:

“دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١ بەشی زانستی پزیشكیم لە زانکۆی ئوڵوداغ تەواو کرد لە بری یەک ساڵ خزمەت بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە ناوچەی ئشکتەپەی سەر بە شاری ئوردو خزمەتم بە زیادەوە ئەنجامدا. دوای ئەوەی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٦ بۆ ٢٠٠١ لە زانکی فرات پسپۆڕێم لە بواری زانستی ئەناتۆمی تەواو کرد، لە ساڵی ٢٠٠١ وەک پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی زانستی پزیشکی لە زانکۆی زۆنگولداک کارائێلماس کە ئێستا ناوی زانکۆی بولەنت ئەجەڤیتە دامەزرام و لەوێ بەشی زانستی ئەناتۆمیم کردەوە. ئەو خوێندکارانەی لەوێ دەرچوون لە سەرانسەری وڵات خزمەت دەکەن. دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٤ بووم بە پرۆفیسۆر وەک ڕاگری بەشی زانستی پزیشكی لە زانکۆی ئافیۆن کۆجاتەپە دەستبەکاربووم و لەوێش بەشی زانستی ئەناتۆمیم کردەوە و دیسان ئەو خوێندکارانەی لەوێ دەرچوون لە سەرانسەری وڵات لە ئێستادا خزمەت دەکەن. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٨ گوازرامەوە بۆ زانکۆی نامق کەمال لەوێش وەک پرۆفیسۆر لە بەشی زانستی پزیشکی دەستبەکار بووم. لەو زانکۆیەش چەندین خوێندکاری سەرکەوتوومان پێگەیاند.

وەک مامۆستای زانکۆ و کەسێکی ئەکادیمی لە چەندین بەشی تەندرووستی و پزیشکی وەک بەشی پزیشکی گشتی و پەرستاری و بەشە تەندرووستییەکانی دیکە وانەی ئەناتۆمیم بە خوێندکاران وتووە. تا ئێستا نزیکەی ٢٠٠ بەرهەمی تایبەت بە خۆم یاخود وەرگێڕدراوم بڵاو کراوەتەوە. بە هۆی کار و چالاکی و سەرکەوتنەکانمەوە تا ئێستا چەندین خەڵاتم پێدراوە. لە چەندین کۆنفرانس و کۆبوونەوەی زانستی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە نوێنەرایەتی ئەو زانکۆیانەم کردووە کە کارم تێدا کردووە.

پێش ئەوەی دەستگیر بکرێم لەگەڵ توێژەرێکی هاوڕێم بە ناوی دکتۆر موستەفا ئۆزگول توێژینەوەمان لەسەر بابەتی نانۆ مێدیسن و بەکارهێنانی ئەنجام دەدا. ئامانجی ئێمە ئەوە بوو کە لەو ڕێگەیەوە بە بەکارهێنانی دەرمانی خۆمان و بێ ئەوەی هیچ زیانێکی بە خانەکانی جەستە بکات ڕێگری لە تەشەنەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان بکەین و چەندین تێزمان لەو چوارچێوەیەدا ئامادە کرد. من لەسەر ئەرکی خۆم خوێندکاری دکتۆراکەم بە مەبەستی توێژینەوە لەسەر ئەو بابەتە نارد بۆ زانکۆی ڕیڤەرساید لە ئەمریکا. تێزەکەمان لەوێ لە لایەن ئەندامانی هەڵسەنگاندنەوە ستایشێکی زۆری بەدەستهێنا و پێشنیاری دابین کردنی پشتیوانی بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەکەمان خرایە بەردەممان. کاتێک دوای هەوڵ و ماندوو بوونێکی زۆر تەواوی کارەکانمان ئەنجامدا لە بەرواری ١٨ ی تەموزی ٢٠١٦ پرۆژەکەمان پێشکەش کرد بەڵام لە بەرواری ٢٢ی تەموزی ٢٠١٦ لە کارەکەم دوور خرامەوە. پێویستە دەستبەجێ ئەو هەڵانە چارەسەر بکرێت و بگەڕێمەوە بۆ سەر کارەکەم.”

تورکان ئۆزەن هاوسەری پرۆفیسۆر ئۆغوز ئاسلان ئۆزەن سەبارەت بە دوورخستنەوەی هاوسەرەکەی لە کارەکەی و دەستگیر کردنی دەڵێت: “ئەو شەوەی کودەتاکە ئەنجام درا ئێمە لە گەشتەکەمان لە مارماریسەوە دەگەڕاینەوە. ڕۆژی ٢٢ی تەموز بۆمان دەرکەوت کە هاوسەرەکەم لە کارەکەی دوور خراوەتەوە. لە زانکۆوە ئیمەیڵێکی بۆ هاتبوو. ئێمە زۆر گرنگیمان پێ نەدا، و پێمان وابوو ئەوە تەنها بابەتێکی چەند مانگییەوە و چارەسەر دەبێت. دواتر لە ڕۆژی هەینی ٢٤ی تەموزی ٢٠١٦ کاتژمێر نزیکی ١٠:٣٠ ی شەو هێزەکانی پۆلیس هاتن بۆ ماڵمان. تا نزیکی کاتژمێر ٢:٣٠ ی شەو ماڵەکەمانیان پشکنی. تەنانەت تەماشای ناو مەنجەڵ و عەلاگەی نانە کۆنەکانیشیان کرد. لە ماڵەوە ڕۆشتن و ئۆفیسەکەی چوون بۆ ئوفیسی هاوسەرەکەم. هاوسەرەکەم چوار ڕۆژ بە دەستبەسەری مایەوە. دوای چوار ڕۆژ برایە بەردەم دادوەر و بە تۆمەتی ئەندام بوون لە بزاڤی خزمەت بڕیاری زیندانی کردنی بۆ دەرچوو و ڕەوانەی گرتووخانە کرا.”

 

 

http://aktifhaber.com/m/15-temmuz/kanserli-hucreleri-onaran-ilaci-bulan-prof-oguz-aslan-ozen-cezaevinde-olume-surukleniyor-h136420.html

63 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە