بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

ژیانێکی تەرخانکراو بۆ مرۆڤایەتی: چەند شایەتێک لەسەر ئاستی جیهان

د.قودرەت ئوناڵ

 

 

 

ئێلا غاندی یەکێک لە نەوەکانی مەهاتما غاندی،  لە ڕێپۆرتاژێکیدا کەلە شاری دوربانی باشوری ئەفەریقا ئەنجامیداوە دەڵێت:” لە دونیای ئەمڕۆدا زۆرن ئەو مرۆڤانەی قسە دەکەن، بەڵام ئەوانەی قسەکانیان جێبەجێ دەکەن ژمارەیان زۆر کەمە. ئەوەی لە م.فەتحوڵڵا گولەن و بزاڤەکەیدا سەرنجی منی ڕاکێشاوە، ئەمانە مرۆڤگەلێکن کەوا قسەکانیان بە شێوەی کردەییش ئەنجام دەدەن”.

 

ئەم چەندە دێڕەی سەرەوە لە کتێبەکەی فاروق مەرجاندا هاتووە کە باسی ژیانی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن دەکات و ناوی “ژیانێک لە پێناو ڕێگای الله” دا لێناوە.

 

بەڕاستی ناوی “ژیانێک لە پێناو ڕێگەی الله” دا بۆ کتێبێک کەوا باسی ژیانی مامۆستا بکات، ناوێکی زۆر ناوازەیە…

هەروەک هەزاران کەس شایەتی لەسەر ئەمە دەدات و دەستورێکی پێغەمبەرانەشمان هەیە کە دەفەرموێت” باشترینی ئێوە ئەو کەسەیە، کە باشترینە لەگەڵ مرۆڤەکاندا”،  هەربۆیە  ٨٠ ساڵ تەمەنی مامۆستاش ژیانێکی پڕ بەرەکەتە کە بۆ ژیانی مرۆڤەکان تەرخان کراوە.

 

**

 

بەختیار وەهابزادە کە یەکێکە لە شاعیرە میللیەکانی ئازەربایجان، لەو کاتەی خزمەت تازە دەست دەکات بەوەی لە دەرەوەی تورکیا بڵاو ببێتەوە، لە ئیزمیر چاوی بە مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن دەکەوێت و دەڵێت” ئەو خزمەتانەی ئێوە و خوێندکارەکانتان ئەنجامی دەدەن، ٢٠ ساڵی دەوێت هەتا ئەو واتایەی بە ناوی مرۆڤایەتی و جیهانی ئیسلامەوە هەڵیگرتووە، ئاشکرا ببێت”.

هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٩، چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی وەفات بکات، لە میانەی سەردانی چەند هاوسۆزێکی خزمەتدا لە شاری باکو دەڵێت” ئەو شتانەی من خەوم پێوە دەبینی و خەیاڵم دەکرد، ئێوە ئەنجامتاندا”.

 

**

با بەردەوام بین لەسەر هەڵدانەوەی پەڕەکانی کتێبی ژیانێک لە پێناو ڕێگەی الله:

مارتین مارتی وەک سەرنوسەری ئەو کتێبەی لەلایەن زانکۆی کالیفۆرنیاوە بڵاو کراوەتەوە و تێیدا باسی خزمەت دەکات، لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ پرۆفیسۆر سکۆت ئەلێکساندەر سەردانی مامۆستا دەکەن. کاتێک لە چیکاگۆ چاوی بە فاروق مەرجان دەکەوێت دەڵێت:

کاتێک ڕوو بە ڕوو چاوم بە گولەن کەوت، هەستم بە ئارامیەک کرد، زۆر کەسێکی خاکییە…گولەن ڕۆحێکی بەخشندەی هەیە. هەمیشە ئامادەی ئەوەیە کەسانی تر سوودی لێ ببینن. من زۆر کتێبم خوێندۆتەوە، کە تەواوی دەکەم دەڵێم ئەوە ئەمیشم تەواو کرد. بەڵام لە کتێبەکانی گولەندا چاوت بە دیالۆگی ڕووبەڕووی نێوان دوو لا دەکەوێت، تەنانەت لە کۆتایشدا دەڵێت، دەی با پێکەوە دەست بکەین بەوەی قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین”.

**

 

عەلی کاتیرجیئۆغلو کە یەکێک لە شۆڕەسوارە ڕیش سپیەکانی وڵاتەکەمان، نیەتی ئەوەی دەبێت کەمپێک دروست بکات، کە مزگەوت، خوێندنگە و بەشی ناوخۆیی خوێندکارانی لە خۆ گرتبێت. مامۆستاش پێشنیاری ئەوە دەخاتە بەردەمی، کە ئەم کارەی لە وڵاتی ئەفەریقای باشور ئەنجام بدات. ناوبراو بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی ٢٠١٠، لە شاری جوهانسبۆرگ چاوی بە نیلسۆن ماندێلا دەکەوێت… ماندێلا لە میانەی چاوپێکەوتنەکەیدا دەڵێت” هاوڵاتیانی ئێمە زۆر پێویستیان بە نەخۆشخانە هەیە، نەخۆشخانەیەکیش بکەنەوە”.

کاتیرجیئۆغلو نەخۆشخانەیەکیش داخڵی پرۆژەکەی دەکات و لە ساڵی ٢٠١٢ کولیەی نیزامیەی کردەوە، کە خوێندنگەیەک و بەشێکی ناوخۆیی بۆ ٨٠٠ خوێندکار و نەخۆشخانەیەکی تێدا بوو. نەخۆشخانەکە ڕۆژانە ٨٠ هاوڵاتی بە بێ بەرامبەر چارەسەر دەکات.

**

 

پرۆفیسۆر لاورەنس کارتەر سەرۆکی ناوەندی مارتن لوتەر کینگ کە لە ویلایەتی ئەتلانتای ئەمەریکایە، لە مانگی نیسانی ٢٠١٥، بە مەبەستی ئەوەی خەڵاتی ئاشتی نێودەوڵەتی پێشکەشی مامۆستا بکات، سەردانی ویلایەتی پەنسیلڤانیا دەکات.

ناوبراو سەبارەت بە سەردانەکەی دەڵێت” ئەم هەموو خوێندنگەیەی لە دونیادا کردۆتەوە، تەنانەت ناوی خۆی لە یەک خوێندنگەیان نەناوە. لەو شوێنەی ژیانی تێدا بەسەر دەبات، تەنانەت یەک وێنەی خۆی هەڵنەواسیوە”.

هەروەها لاورەنس لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا، لە وتارێکیدا کە لە وەقفی نیلسۆن ماندێلا لە جوهانسبۆرگ پێشکەشی دەکات، دەڵێت:

١٥ ساڵە بە دونیادا دەگەڕێم. هەتا ئێستا سەردانی ٣٨ وڵاتم کردووە. لە دونیای ئیسلامدا بە دوای کەسێکدا دەگەڕام کە چەشنی غاندی و مارتین لوتەر کینگ و ماندێلا، ژیانی خۆی بۆ خزمەتی کۆمەڵگا تەرخان کردبێت و نوێنەرایەتی ئاشتی بکات. لە کۆتایی ئەم ١٥ ساڵەدا لەوە تێگەشتم ئەو کەسەی بە دوایدا دەگەڕام، م.فەتحوڵڵا گولەنە. گولەن لە ڕێگەی ئەو مەعنەویەتەی لە ئیسلامەوە وەریگرتووە و پرۆژەی خزمەتیش کە هەتا ئێستا هاوشێوەی نیە، بیروباوەڕی ئیسلامی بەو کەسانەش قبوڵ کرد کە تەنانەت لە دژی دەوەستانەوە. هەڵوێستەکانی دژ بە توندوتیژی و تیرۆر، وایان لێکردووە  وەک نوێنەرێکی ئاشتی، ڕوویەکی جوانی ئیسلامی سوننی پشان دەدات”.

لەبەر ئەوەی گولەنم بۆ خەڵاتی ئاشتی هەڵبژاردووە، شانازیی بە خۆمەوە دەکەم، ئێمە وێنەیەکی گولەنمان، لە ناوەندی مارتن لوتەر کینگی زانکۆی مۆرهاوس هەڵواسیوە”.

**

پرۆفیسۆر عەبدوسەلام گیوسەینۆڤ کە مامۆستای فەلسەفەیە لە زانکۆی مۆسکۆی سەر بە دەوڵەت،  لە هەمان کاتدا ئەندامی کۆنگرەی فەلسەفی نێودەوڵەتیشە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ نوسەرێکی وڵاتەکەیدا دەڵێت:

“من سەرم سوڕ نامێنێت لەو شتانەی بەسەر گولەندا هاتووە. لە مێژوودا هەمیشە هەر بەم شێوەیە بووە.  غاندی و مارتن لوتەر کینگیش ژیانی خۆیان بۆ ئاشتی تەرخان کرد. بەڵام ئەوانەی لە دژی غاندی و لوتەر کینگ وەستانەوە، هەمیشە بە تیرۆر و توندوتیژی تۆمەتباریان دەکردن و هەر بەو هۆیەشەوە هەوڵی کوشتنی ئەوانیان دەدا”.

**

 

هەروەها نۆم چۆمسکی یەکێک لە فەیلەسوف و زاناکانی زمان، کاتێک ئەوە دەبیستێت کە ئێردۆغان مامۆستای بە تیرۆرست بوون تۆمەتبار کردووە، دەڵێت:

ئەمە یەکەم جار نیە، سەردەمانێک هەمان شتیان بە نیلسۆن ماندێلاش دەوت.

**

زلاتکۆ لاگومزیجا پرۆفیسۆر لە بواری ئابوری،  کوڕ و کچێکی لە خوێندنگەکانی خزمەت بووە لە سەرایبۆسنا و لە هەمان کاتدا پۆستی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەشی وەرگرتووە،  سیاسەتمەدارێکی سۆسیال دیموکراتە، دەڵێت:

“سیستەمی پەروەردەی وڵاتەکەمان، یەکێکە لە قوربانیەکانی ئەو جەنگەی ڕوویدا. ئێستا بۆ هەریەک لە بۆسنەیی، سربی، کرواتیەکان سیستەمێکی جیاوازی پەروەردە دانراوە، هێشتا خوێندکارەکانمان لە خوێندنگەی جیاوازدا دەخوێنن. بەڵام کاتێک دێینە سەر ئەو خوێندنگەیی کە منداڵەکانی منیشی لێیە، لە هەر چواردەوری وڵاتەوە خوێندکارە سەرکەوتووەکان کۆ دەکەنەوە و دەرماڵەیان بۆ دابین دەکەن، دەشێت ئەم خوێندکارانە ئەندازیار و ئابوریناسێکی باشیان لێ دەربچێت، بەڵام زۆر گرنگە لە هەمان کاتدا مرۆڤێکی باشیان لێ دروست ببێت. هەربۆیە ئەم خوێندنگانە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئەم وڵاتە، من ئەمەم لە کوڕەکەی خۆمدا بەدی کردووە”.

**

جەنگیز ئایتامۆڤ یەکێک لە وێژەوانە گەورەکانی وڵاتی کرغزستان، لە ژیانیدا تەنیا یەک جار ئەوەی قبوڵ کردووە ناوی لە یەکێک لە دامودەزگاکانی وڵات بنرێت، ئەویش خوێندنگەیەکی خزمەتە لە شاری بیشکەک و ١٠ ڕۆژ پێش ئەوەی وەفات بکات، سەردانی خوێندنگەکە دەکات  و بە مامۆستاکانی خوێندنگەکە دەڵێت” ئێوە لە قارەمانی ناو ڕۆمانەکان دەچن”.

هەروەها سەبارەت بە خوێندنگەکانی خزمەتیش دەڵێت:

“ئەو مامۆستایانەی لەم خوێندنگانە کار دەکەن، بیری قارەمانی یەکێک لە ڕۆمانەکانم دەخاتەوە کە ناوی مامۆستا دوشەنە. ئەم مامۆستایانە بە دوای نەوەیەکدا دەگەڕین کە لە ئاسیای سپیدا ون بوون. کەس نازانێت ئەو منداڵە لە کوێیە کە لە کەشتیە سپیەکەدا ون بوو. بەڵام دەتوانم شوێنی ئەو نەوە نوێیەتان پێبڵێم کە لە ئاسیای سپیدا ون بوون. ئەوەتان لەم خوێندنگەیە”.

 

**

ئێردۆغان ساڵی ٢٠١٥ سەردانی کرغزستان دەکات، لە میانەی سەردانەکەیدا چاوی بە نەزەربایەڤی سەرۆکی دەوڵەت دەکەوێت و داوای لێدەکات خوێندنگەکانی خزمەتی ئەو وڵاتە دابخات.

بەڵام وەڵامی نەزەربایەڤ بۆ ئێردۆغان زۆر سەرنجڕاکێشە” پێشتر هەموو وەزیرەکانی تۆ، کاتێک دەهاتنە ئێرە سەردانی ئەو خوێندنگانەیان دەکرد، ئەو کاتە تیرۆرست نەبوون، ئێستا بوونە تیرۆرست؟ ئایا مرۆڤ لە شەوێکدا دەگۆڕێت بە تیرۆرست؟”.

ئێردۆغان لە ساڵی ٢٠١٧ جارێکی تر سەردانی کرغزستان دەکاتەوە و هەمان داوای پێشووی دووبارە دەکاتەوە.

نەزەربایەڤ بە هەمان شێوە داواکەی ئێردۆغان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت:

گەر تۆ دەڵێیت ئەم مامۆستایانە تاوانبارن ئەوا پێویستە بەڵگەم بۆ بهێنن. ئەم مامۆستایانە هیچ تاوانێکیان نیە و من ناتوانم خراپەیان بەرامبەر بکەم. ناتوانین ئەم مامۆستایانەتان ڕادەست بکەین”.

 

 

**

هەروەها ئالمازبەک ئەتامبایەڤ کە لە ساڵی ٢٠١٤ سەرۆکی کرغزستان دەبێت، لە میانەی سەردانێکی بۆ ئەنقەرە، ئێردۆغان نزیکەی یەک کاتژمێر قسەی بۆ دەکات، هەتا قەناعەتی پێبکات کەوا خوێندنگەکانی خزمەت دابخات و دەڵێت” ئەمانە دوژمنی منن، تۆ نایانناسی، ڕۆژێک دێت ئەمانە کودەتا بەسەر تۆشدا دەکەن”.

ئاڵمازبەک لە وەڵامدا دەڵیت” ناتوانم خوێندنگەکان دابخەم، ناتوانم ئەمە لە خەڵکی خۆم بگەیەنم، خەڵکی کرغزستان شتی وەها قبوڵ ناکەن، بەڕای من پێویستە ٧٥ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا لە ئامێزت بگریت”.

**

 

ئێردۆغان لە ساڵی ٢٠١٧، بۆ جاری دەهەم سەردانی وڵاتانی ئەفەریقا دەکات هەتا سەرۆکەکانی ئەو وڵاتانە بە داخستنی خوێندنگەکان ڕازی بکات…

 

 جۆن ماگوفیلی سەرۆکی تانزانیا بە ڕاشکاوانە ئەوە بە ئێردۆغان ڕادەگەیەنێت کە خوێندنگەکانی خزمەت داناخات.

ئێردۆغان لە تانزانیاوە دەچێتە مۆزەمبیق و، لە میانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە،  لیستێکی پێدەدات کە ناوی ٢٠ کەسی داواکراوی تێدا دەبێت.

ئەوانیش ناوی چەند هاوسۆزێکی خزمەت دەبێت کە چەندین ساڵە لەو وڵاتە دەژین و ئیش و کاریان هەیە و خزمەتی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دەکەن. داوای لێدەکات ئەو هاوڵاتیانە ڕادەستی تورکیا بکاتەوە یاخود سنورداشیان بکات.

سەرۆکی مۆزەمبیقیش کە کوڕەکەی تازە لە خوێندنگەکانی خزمەت دەرچووە، لە وەڵامی ئێردۆغاندا دەڵێت” لە نێوان ئێمەدا ڕێکەوتننامەی ڕادەستکردنەوەی تاوانباران بوونی نیە، تەنانەت گەر هەشمان بووایە، ئەم مرۆڤانەم ڕادەست نەدەکردیتەوە”.

ئێردۆغان پاشان سەردانی مەداغاسکار دەکات و لەوێش بە هەمان شێوە، هەمان وەڵامی پێشوو لە سەرۆکی ئەو وڵاتە دەبیستێت و بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە.

**

ئەو ڕووداوانەی بەسەر ئێردۆغان هاتوون لە میانەی گەشتەکانی بۆ وڵاتانی ئەفەریقا، کە بە مەبەستی داخستنی خوێندنگەکان ئەنجامی دەدان، زۆر پەندئامێزە…

ئێردۆغان لە ساڵی ٢٠١٤ سەردانی کەنیا دەکات و، لە میانەی چاوپێکەوتنی بە سەرۆکی ئەو وڵاتە، لە بەرامبەر داخستنی خوێندنگەکانی خزمەتدا، بەڵێنی ئەوەی پێدەدا، کە ئایپاد بەسەر هەموو خوێندنگەکانی ئەو وڵاتەدا دابەش بکات.

بەڵام سەرۆکی کەنیا داواکەی ڕەت دەکاتەوە.

ئێردۆغان لە ساڵی ٢٠١٦ جارێکی تر سەردانی کەنیا دەکاتەوە و ئەمجارەیان بەڵێنی ئەوە دەدات، کە پڕۆژەیەکی ١.٥ ملیار دۆلاری لەو وڵاتەدا جێبەجێ بکات.

بەڵام سەرۆکی کەنیا لە وەڵامدا دەڵیت” پێشتر باسی ئەمەمان کرد، دوای قسەکانمان، ئێمە چەند ڕاپۆرتێکمان ئامادە کرد، ئەم خوێندنگانە سەرکەوتوون، ناتوانین دایانبخەین، با لێرەدا ئەم بابەتە کۆتایی پێبهێنین”.

 

پاشان ئێردۆغان دەچێتە ئۆگاندا و هەمان وەڵامی پێشوو لە سەرۆکی ئۆگانداوە دەبیستێتەوە.

سەرۆکی ئۆگاندا لە وەڵامی ئێردۆغاندا کە هاوۆسزانی خزمەت بە تیرۆرست ناوزەند دەکات دەڵیت:

ئێوە بەڵگەتان چییە لەسەر ئەو قسانەتان، بڕیاری دادگاکانتان بنێرن، منیش لە ڕێگەی یاساناسەکانمەوە بە دواداچوونی بۆ دەکەم، هەرچیەک پێویست بکات ئەوە ئەنجام دەدەین”.

ئێردۆغان بە هەمان شێوە لە ساڵی ٢٠١٦ چاوی بە سەرۆکی ئەفەریقای باشوریش دەکەوێت و، بە هەمان شێوە بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە.

هەروەها سەرۆکی ئەفەریقای باشور لە ساڵی ٢٠١٧ کاتێک چاوی بە وەزیری پەروەردەی تورکیا دەکەوێت دەڵێت:

بە منیشیان دەورت تیرۆرست، زیندانیشیان کردم. نەفی کرام. ئەو دامودەزگایانەی ئێوە بە هێلانەی تیرۆر ناوی دەبەن، بە دەستی خۆم کردومەتەوە، جارێکی تر بەو کەسانە مەڵێن تیرۆرست کە من بە براکانم بانگیان دەکەم. جارێکی تر بەم جۆرە داوایەنەوە مەیەن بۆ ئێرە، چونکە ئیرە وڵاتێکی دیموکراسیە”.

 

موحەمەدو بوخاری سەرۆکی نێجیریاش لە ساڵی ٢٠١٧ سەردانی تورکیا دەکات و ئێردۆغان داوای ئەوەی لێدەکات، ئەو هەزار هاوسۆزەی بزاڤی خزمەت کە لە وڵاتەکەیدا دەژین، ڕادەستی تورکیا بکاتەوە.

بەڵام وەزیری دەرەوەی نێجیریا لە بەرواری ٢٣ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، لە وەڵامی تورکیادا دەڵیت” سەبارەت بەو هەزار هاوڵاتیەی بزاڤی خزمەت کە لەلایەن تورکیاوە داوای سنورداشکردنەوەیان کراوە،  بڕیاری ئەوەمان داوە کە ڕادەستیا نەکەینەوە. لە نێجیریا هەرکەسێک بە شێوەیەکی یاسایی هاتبێتە ئەم وڵاتەوە، لە ژێر پارێزگاری  یاساکانی نێجیریا و یاسا نێودەوڵەتیەکاندایە. هەروەها نێجیریا داخستنی خوێندنگە و نەخۆشخانەکانی سەر بەو هاوڵاتیانەش ڕەت دەکاتەوە”.

ئێردۆغان لە ساڵی ٢٠١٨، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ وڵاتی ئینگلتەرا، چاوی بە سیریسا مایە دەکەوێت و داوای ڕادەستکردنەوەی هەندێک هاوسۆزی خزمەتی لێدەکات. لەو کاتەدا ڕێکخراوە مەدەنیەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لە شوێنی کۆبوونەوەکەی ئێردۆغان کۆ دەبنەوە و، خۆپشاندانێک لە ژی سەردانەکەی ئێردۆغان ئەنجام دەدەن.

**

نمونەی شایەتەکانی ناو کتێبی “ژیانێک لە پێناو ڕێگەی الله” بەم شێوەیە درێژەیان هەیە.

سەرۆکی زانکۆی نیجەری سەر بە دەوڵەت، وەک یەکێک لە وڵاتە هەژارەکانی بیابانی ئەفەریقا، لە ساڵی ٢٠٠٨ بە هاوسۆزانی خزمەت دەڵێت” ئێمە سەرەتا سوپاسی خودا دەکەین ئینجا سوپاسی ئێوە، چونکە الله ئێوەی بۆ ئێمە ناردووە”.

وابزانم ئەم دەربڕینەی سەرۆکی زانکۆکە وەک کورتەی کتێبەکە وەهایە.

شوێنی خۆیەتی بە وتەیەکی مامۆستا کۆتایی بە قسەکانمان بهێنین، کە لە ساڵی ٢٠١٨، لە میانەی سەردانی دوو میوانی ئوستورالی دەڵێت” ئەوانەی ڕێبواری ڕێگەی الله ن، تەنانەت ئەو کاتەی ئیسرافیل فوو بە بوقەکەشیدا دەکات ناوەستن و، هەر بەردەوام دەبن لە خزمەتی مرۆڤایەتی”.

 

 

 

 

 

79 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە