بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

یەکەم بازنەی خزمەت کە بە دونیادا بڵاو بوویەوە

تارق بوراک بەشی ٢٨

 

 

 

 

یەکەم بازنەی خزمەت: بۆزیەکا

 

مامۆستا ساڵانێکی دوور و درێژ لە ڕێگەی ئەو وتارانەی لە ئیزمیر پێشکەشی کرد، ئەوەی پشانی خەڵکدا کە کەسانی خێرخواز و خاوەن ئیمکان، دەتوانن چۆنی  خزمەت بە هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە بکەن.

کۆمەڵێک کاسپکار هەبوون کە هیچ کام لەم وتارانەی مامۆستایان نەفەوتاندبوو. مامۆستاش هانی ئەم مرۆڤە جوامێرانەی بۆ ئەوە دەدا، کە لە ئیزمیردا بەشی ناوخۆیی بۆ خوێندکارە هەژارەکان بکەنەوە.

هەروەها بانگەوازی بۆ ئەوە دەکرد کە دامودەزگایی پەروەردیی بکەنەوە، ئەو چینە کاسپکارەی وەڵامی ئەم داواکاریەی مامۆستایان دایەوە، نوێنەرایەتی چینی مامناوەندی کۆمەڵگایان دەکرد.

 

هەرچەندە ئیمکانیەتی ماددی ئەم کۆمەڵە مرۆڤە زۆر سنوردار بوو، بەڵام شانیان خستە ژێر باری ئەم ئەرکە قرسە مێژووییە. ئیدی کاسپکارانی ئیزمیر دەستیان کرد بە گەڕان بە دوای عەرزەیەکی باش، بۆ ئەوەی بەشی ناوخۆیی لەسەر دروست بکەن، بەم شێوەیە لە ناوچەی بۆزیەکا عەرزەیەکی باشیان دۆزیەوە.

-ساڵی ١٩٤٣ کاتێک سەرۆکی دادگای دەنیزلی بە ناوی عەلی ڕەزا ئەفەندی، بڕیارێکی شایستەی سەبارەت بە بەدیعوزەمان دەرکرد و ئازادی کرد، ئوستاد سەعید نورسی، کۆمەڵێک لە پەیامەکانی نوری بە دیاری بۆ نارد.

 

ئەویش پاش ئەوەی دەیانخوێنێتەوە، بە دیاری پێشکەشی دۆستێکی خۆی دەکات لە ئیزمیر. ئەو زاتەی ئەم دیاریەی وەرگرت، خەزوری حاجی نەفیع ئاکیازیلی بوو. ئەم زاتەش بۆ ئەوەی کچەکانی لەو کەشوهەوا نەرێنیە بپارێزێت کە لە ئیزمیر بوونی هەبوو، لە دیوی دەرەوەی خانوەکەی، چوار دیواری بەرزی وەک شورا دروست کردبوو.

 

لەم شوێنەی کە بڕیار بوو بینای بەشە ناوخۆیەکەی لێ دروست بکرێت، ئەو کۆشکە دوو قاتیەی لێبوو کە رەشاد نوری گیونتەکین لە ڕۆمانی “چالیکوشو”دا باسی کردووە”.

هەربۆیە ئەم شوێنەی بڕیار بوو بەشە ناوخۆییەکەی لەسەر دروست بکەن، هی کەسێکی خێرخوازی ئیزمیر بوو، کە ناوی نەفیع ئاکیازیلی بوو. ئاکیازیلی لە هەمان کاتدا لە ناوچەی کارشییەکای ئیزمیر چەند شوقە و خانوویەکی هەبوو.

نەفیع و هاوسەرکەی بە ناوی زەهرا پەمبە، منداڵیان نەبوو، یەکێک لە خانوەکانیان بە کرێ دابوو بە هەندێک لە خوێندکارەکانی مامۆستا. نەفیع کاتێک ئەخلاق و پەروەردەی خوێندکارەکانی ماۆستا دەبینێت، تەواوی سەروەت و سامانەکەی دەبەخشێت بەو وەقفەی ناوی “ئاکیازیلی” لێنابوو.

هەندێک لە کاسپکارەکانی بۆزیەکا، بە هۆی بچوکی شوێنەکەوە، ئەم عەرزەیەیان بە گونجاو نەدەزانی بۆ دروستکردنی بەشە ناوخۆیەکە…

بەڵام لەو کاتەدا ئۆتۆمبیلەکەی ئوستاد بەدیعوزەمان، کە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە هێنابوویان بۆ ئیزمیر، وەک ئەوەی عینادی بکات لەوەی لەو عەرزە بچێتە دەرەوە، هەرچەندە لەگەڵیدا خەریک دەبوون،پاڵیان بۆ پێوە نەدەنرا و لە عەرزەکەدا چەقی بوو.

مامۆستاش لە ڕوانگەی ڕاڤەی ڕووداوەکانەوە(تأویل الاحادیث) ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆحیانەتی ئوستاد لەو شوێنە ئامادەیە و نایەوێت لەو عەرزەیە بچنە دەرەوە. دوای ئەوەی هەموو لایەک دەگەنە سەر بڕیارێکی هاوبەش لەسەر ئەوەی ئەو شوێنە بکەن بە بەشی ناوخۆیی، ئۆتۆمبیلەکە بێ ئەوەی هیچ پاڵێکی پێوە بنرێت، لە شوێنی خۆی دەکەوێتە جوڵە و لە عەرزەکە دەچێتە دەرەوە.

لەوکاتەی دەستکرا بە دروستکردنی بینای بەشە ناوخۆییەکە، یەکێکی تر لە خێرخوازەکانی ئیزمیر، عەرزەیەکی تری پەنای بەشە ناوخۆییەکەی وەک خێر کڕی و، بەم شێوەیە مەودای بەشە ناوخۆیەکە فراوانتر بوو.

بەم شێوەیە لە ساڵی ١٩٧٢، یەکەم بناغەی بەشە ناوخۆیی خوێندکاران لە شاری ئیزمیر لێدرا.

لە ساڵی ١٩٧٦، یەکەم بەشی ناوخۆیی خوێندکاران، بە ٢٠٠ خوێندکارەوە دەستی بە کارەکانی کرد.

لە ئیزمیردا یەکەم بینا کە بە وزەی خۆر گەرمایی ناوەوەی دەست دەخست، ئەم بەشە ناوخۆییەی ناوچەی بۆزیەکا بوو.

پاشان ئەم شێوازە لە بەکارهێنانی وزەی خۆر، لە تەواوی ناوچەی ئەگە بڵاو بوویەوە.

تەنانەت لەو سەردەمەدا کەسانێک هەبوون پرسیاری ئەوەیان دەکرد ” تۆ بڵێی ئاوێک بە وزەی خۆر گەرم کرابێت دەستنوێژەکەی دروست بێت؟”، بەڵام ئەم هەنگاوەی مامۆستا لە تەواوی ناوچەی ئەگە بڵاو بوویەوە و ئیدی هەموو بەشە ناوخۆیەکانی ئەو ناوچەیە، لە ڕێگەی سوود وەرگرتن لە وزەی خۆرەوە، ئاوی ناو بیناکانیان گەرم دەکرد.

پاشان لە ساڵی ١٩٨٢، ئەم بەشە ناوخۆییە گۆڕا بە کۆلیجی یەمانلەر و باوکی هونەرمەند سەزەن ئاکسوش، کە ناوی سامی یڵدرم بوو، وەک یەکەم بەڕێوەبەری کۆلیجەکە دەست بەکار بوو.

 

ئەم بەشە ناوخۆییە، لە ڕووی ئەوەی بوویە یەکەم بناغەی کۆلیجەکانی تورکیا لە ساڵانی ١٩٨٠، پاشان بناغەی کۆلیجەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە ساڵی ١٩٩٠، وەک یەکەم ئەڵقەی دامودەزگاکانی بزاڤی خزمەت، کە بە هەموو دونیادا بڵاو بوویەوە، گرنگی خۆی هەبوو.

 

لە ڕاستیشدا مامۆستا لە ساڵی ١٩٦٦، کاتێک بۆ یەکەم جار دێتە ئیزمیر، هۆنراوەی دونیایەکی نوێ(یەنی بیر دونیا) دەنوسێت. ئێستا ئەم گۆرانیە لە فێستیڤاڵی زمان و کەلتوردا(IFLC) لە سەرتاسەری دونیا، لەلایەن منداڵانی خوێندگەکانی خزمەتەوە دەوترێتەوە.

بەڵێ، ئاوی ئەو ئاشەی خوێندنگەکانی خزمەتی لە ساڵانی ١٩٩٠ لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا دامەزراند و پاشان  بە هەموو دونیادا بڵاوی کردەوە، لەلایەن هەردوو خێرخوازی ئیزمیر، نەفیع ئاکیازیلی و هاوسەرکەی بە ناوی زەهرا پەمبەوە، هەڵسوڕێندرا.

ئەو بەخشینەی لەو ڕۆژگارەدا ئەم دوو هاوسەرە ئەنجامیاندا، زۆر گرنگ بوو.

هێندە گرنگ بوو ئەم ڕووداوە، مامۆستا هەمیشە لەو نزایانەیدا کە بە فرمێسکی چاوەکانی ئاوی دەدات، ئەوان لە بیر ناکات و نزای خێریان بۆ دەکات.

یەکەم بەڕێوەبەری وەقفی ئاکیازیلی،  وەک تۆوی یەکەم بەشە ناوخۆیی و خوێندنگەکانی بزاڤی خزمەت کە دواتر بە هەموو دونیادا بڵاو بوونەوە، ئەفسەرێکی خانەنشین کراو بوو بە ناوی جەمالەدین گیورلەک.

گیورلەک لە ساڵی ١٩٧٣، کاتێک لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغای ئەنقەرەوە دەیەوێت بچێتە سەردانی مەککە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، لە مزگەوت چاوی بە مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن دەکەوێت.

هەم خۆیی و هەم هاوسەرەکەی بە ناوی فاتمە گیورلەک، کەسانێکی دیندار بوون. تەنانەت فاتمە گیورلەک هێندە لە نرخ و بەهای خوێندنگەکان تێدەگات، لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا بە هاوسەرەکەی دەڵێت” با ئێمە لەم خانووەی خۆمان بڕۆین و لە خانە بە ساڵاچووان بمێنینەوە، لە جیاتی ئێمە با خوێندکارەکان لەم خانوەدا ژیان بەسەر ببەن”.

گیورلەک لە پاش دامەزراندنی وەقفی ئاکیازیی، دەستپێشخەری لە دامەرازراندنی وەقفێکی تری هاوشێوە کرد بە ناوی “ئاک یەکا”. چونکە بە تایبەت لە دوای قۆناغی کودەتای ١٢ ی ئەیلولی ١٩٨٠، سوپا هەندێک تێبینی نەرێنیان لەسەر وەقفی ئاکیازیلی لەلا دروست بوو بوو.

لەبەر ئەوەی لە سەرەتاکانی دروستبوونی کۆماری تورکیادا، لە ناوچەی ئاکیازی شاری سەکاریا، کۆمەڵێک سەرهەڵدان و شۆڕشی دژ بە کۆماری تورکیا دروست بوو بوو، هاوڵاتیان بە هۆی ناوەکەیەوە، وایاندەزانی ئەم وەقفەش سەر بە هەمان ناوچەیە. لە ڕاستیشدا وەقفەکە هیچ پەیوەندیەکی بە ناوچەی سەکاریاوە نەبوو.

تەنیا ئەوە بوو نازناوی دامەزرێنەری وەقفەکە، ئاکیازیلی بوو. گیورلەک بە هۆی دیسپلین و جددیەتی خۆی لە کارەکانیدا، خزمەتێکی گەورەی بە وەقفەکە پێشکەش کرد.

گیورلەک لە وەرزی هاوینانیشدا، بە شێوەیەکی خۆبەخش سەردانی کەمپە ڕێکخراوەکانی ناوچەی ئەگەی دەکرد و، یەکە بە یەکەی ئەو خێمانەی کۆنتڕۆڵ دەکرد کە لەلایەن خوێندکارانەوە لێدرا بوون، بەم شێوەیە خزمەتی کردەیی خۆی پێشکەش بە کەمپەکان دەکرد.

مامۆستا هەمیشە حەزی بە نوێگەری دەکرد، لەو کاتەدا کردنەوەی بەشە ناوخۆیی لەلایەن کەسانی دیندارەوە، لە تورکیادا شتێکی نوێ بوو. بەڵام هزری مامۆستا چەندە گەورە بوو، ئیمکانیەتەکانی بەردەمی هێندە بەرتەسک بوون.

هەربۆیە ئەوانەی خۆیان دەکرد بە ژێر باری ئەو پرۆژانەی کە مامۆستا سەرچاوەی ئیلهامیان بوو، سنوورێکیان لە فیداکاریدا نەدەزانی…

لە کاتێکدا وڵاتی ئێمە بە قۆناغێکی گرنگی خزمەتدا تێدەپەڕی، دونیا بە هۆی جەنگی ٦ ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٣، شڵەقابوو.

هەریەک لە سوریا و میسر کە لە جەنگی ساڵانی ١٩٦٧ کۆمەڵێکی زۆر خاک و خاڵی ستراتیژیان لە دەستدابوو، لە پڕێکدا بە شێوەیەکی زۆر ئاسان، لە هێڵی پێشەوەی خاکی ئیسرائیل، چەند ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیژیان کۆنترۆڵ کرد. پاش ئەوەی هەریەک لە سوپای عێراق و ئوردونیش بەشداریان لە جەنگەکە کرد، دەوڵەتی ٢٥ ساڵەی ئیسرائیل، بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا، لە لێواری مەرگ نزیک بوویەوە.

“مۆشە دەیان” کە لەو کاتەدا وەزیری بەرگری ئیسرائیل بوو، پاش ئەوەی بەسەر سەنگەرەکانی پێشەوەی جەنگدا گەڕا، بە شێوەیەکی بێ هیوایانە باسی لەوە کرد کە ئەگەری ڕووخانی “سێهەم پەرستگا” – واتە ئیسرائیل- لە ئارادایە. لە سێهەم ڕۆژی جەنگەکەدا، سوپای ئیسرائیل بەرانبەر هێزە یەکگرتوەکانی عەرەب، لە دۆڕان و پاشەکشێیەکی سەربازی و سیاسی بەرچاودا بوو.

 

بەڵام بە هۆی یارمەتی سەربازی ئەمەریکاوە بە بڕی ٢.٢ ملیار دۆلار، جەنگەکە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل هەڵگەڕایەوە.

ئیسرائیل لە بەرواری ٢٦ ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٧، دوای ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی جەنگەکە کۆتایی هات، هەناسەی ئاسودەیی لە ناوچەکەدا هەڵکێشا.

هەرچەندە میسر لە بەرواری ٦ ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٧، سەرکەوتنێکی بەرچاوی لە دژی ئیسرائیل بەدەستهێنا، بەڵام عەرەبەکانی ئەو ناوچەیە، لە جیاتی هەوڵدان بۆ چارەسەکردنی کێشەی فەڵەستین، زیتر هەوڵی ئەوەیاندەدا کە کێشەکە لە بەرژەوەندی خۆیان بەکار بهێنن و ئەمەش سەرنجی هەموو لایەکی راکێشا بوو.

واتە هەموو لایەک لەم بابەتەدا، لە پێناو قایمکردنی کورسیەکانی ژێریان هەنگاویان هەڵگرت.

هەروەها لە بەرواری ٢٠ ی شوباتی ١٩٧٠، بناغەی پردی ئیستەنبول(بۆغاز) لێدرا و، لە ٢٦ ی ئازاری ١٩٧٣ بۆ خزمەتی هاوڵاتیان کرایەوە، هەروەها یەکەم هەڵبژاردن لە دوای کودەتاکەی ١٢ ی ئازاری ١٩٧٠، لە بەرواری ١٤ ی تشرینی ١٩٧٣ ئەنجام درا.

پاشان لە ٢٦ ی کانونی دووهەمی ١٩٧٤، یەکەم حکومەتی هاوپەیمانی مەدەنی، لە نێوان ئەجەوید و ئەربەکان(جەهەپە-مەسەپە) پێکهێنرا.

 

ئەشرەف پاشاییەکان:

ئەشرەف پاشاییەکان لە ناو ئیزمیردا بەو کۆمەڵ شەقاوەیە ناسراو بوون کە هەمیشە خەریکی خواردنەوە و قومار و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بون. بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵانی ١٩٧٠ مامۆستایان لە ئیزمیر ناسی، وازیان لە قومار و خواردنەوە هێنا.

شتێک کەوا زۆر کاریگەری لەسەر دانان و وای لێکردن کە هەرگیز لە مامۆستا جیا نەبنەوە، بریتی بوو لەو گەرموگوڕیەی مامۆستا بەرامبەر ئەوان پشانی دەدا، بۆ نمونە ڕۆژێکیان کاتێک یەکێک لە برادەرە سەرخۆشەکانی خۆیان دەهێنن بۆ لای مامۆستا، مامۆستا لە بەری هەڵدەستێتەوە و بە گەرمی پێشوازی لێدەکات.

هەروەها ڕۆژێکیشیان کاتێک لەسەر خوانی نان خواردن لەگەڵ هەندێک لە میوانە جیاوازەکانی دادەنیشێت، کەسێک بە ناوی ئۆزجان هاسیگیتی بانگ دەکاتە لای سەرەوەی خوانەکە و دەڵێت: فەرموو شوێنی ئێوە لێرەیە.

هەربۆیە جەماعەتی ئەشرەف پاشاش بە زمانی خۆیان دەڵێن” ئێمە مامۆستامان وەک کەسێکی پیاو ناسی. بە مەردیەکی ئەو ڕام هاتین. پاشان ئەوەمان بیست کە زانایەکی گەورەیە، ئیدی ئەوەشمان وەرگرت و خستمانە گیرفانمانەوە”.

چیرۆکی یەکترناسینی ئەم گروپە لەگەڵ مامۆستا بەم شێوەیە بوو:

لە ساڵی ١٩٧٣ ئۆزجان هاسیگیتی و هاوڕێکانی، لە ناوچەی کۆناکی ئیزمیر، لە “قاوەخانەی مونیر” کە لە  گەڕەکی ئەتیلایە، کۆ دەبوونەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەم قاوەخانەیە ئەوەیە بوو، هەموو حەشیشە کێشەکان لەوێ کۆ دەبوونەوە، ئیدی ئەوە شوێنی یەکتر ئەوان بوو. کاتێک لای خەڵک دەتوت ئەشرەف پاشاییەکان، یەکسەر ئەو قاوەخانەیان بە ئەقڵدا دەهات کە حەشیشەی تێدا دەکێشرا و چەقۆیان لە یەک ڕادەکێشا و سەری خەڵکیان دەبڕی.

بەڵێ ئەم شوێنە کە لە چاوی پۆلیسەکانی ئەو کاتەشدا وەک شوێنی حەشیشەکێشان ناوبانگی دەرکردبوو، هەریەک لە ئەحمەد کەرا و هارون تۆکاک، کە دوو خوێندکاری مامۆستا بوون، سەردانی ئەو شوێنەیان دەکرد و قسەیان بۆ دەکردن.

پاشان مامۆستاش دەست دەکات بەوەی سەردانی ئەو شوێنە بکات و قسەیان بۆ بکات.

ڕۆژێکیان کاتێک مامۆستاش لەوێ دەبێت، پۆلیس بەسەریاندا دەدات و ئەحمەد کەرا دەناسنەوە. پۆلیسەکان بە ئەحمەد کەرا دەڵێن” ئێمە ئەمانە دەناسین، هەموویان حەشیشە کێشن، تۆ گەنجێکی پاکیت، لەناو ئەمانەدا چی کارێکت هەیە”.

هاسیگیتی و هاوڕێکانی لەولاوە وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن” ئەوە مامۆستای ئێمەیە”.

پۆلیسەکانیش سەریان دەسوڕمێت و دەڵێن “مامۆستای چی؟”.

یەکسەر لە وەڵامدا دەڵێن” کورە ئەوە باسی خودا و پێغەمبەرمان بۆ دەکات، ئێمەی فێری نوێژ کردووە”.

پۆلیسەکان فەرمان دەکەن کە هەموویان دەستیان بەرز بکەنەوە، ئەمجارەیان سەریان زیاتر دەسوڕمێت لە گیرفانی زۆربەیاندا لە جیاتی تلیاک، کڵاوی سپی نوێژکردن دەدۆزنەوە.

پۆلیسەکان لەو کاتە ڕوو دەکەنە نوعمان ناوێک کە لەناو حەشیشەکێشەکاندا ناوبانگی هەیە و دەڵێن “تۆش نوێژ دەکەیت؟”، لە وەڵامدا دەڵێت بەڵێ.

 

فەرماندەی پۆلیسەکان دەڵێت” باشە پێم بڵێ نوێژی بەیانی چەند ڕکاتە، گەر زانیت، ئیتر جارێکی تر سەر ناکەمەوە بەم قاوەخانەیەدا”.

نوعمانیش لە وەڵامدا دەڵێت” من نازانم نوێژی بەیانی چەند ڕکاتە، چونکە من لە پشتی مامۆستاوە نوێژ دەکەم، ئەو هەرچیەک بکات دەیکەمەوە، هەڵدەستێت منیش هەڵدەستم، دادەنیشێت منیش دادەنیشم، کە سەلامی دایەوە، منیش سەلام دەدەمەوە. کە سەلامیش درایەوە نوێژ تەواو دەبێت، لەوە زیاتر هیچ نازانم”.

پۆلیس پاش تێپەڕینی ماوەیەک کاتێک ئەوە دەبینن کە مرۆڤەکانی ئەو قاوەخانەی وازیان لە قومار و خووە خراپەکانیان هێناوە، ئیدی واز لەوە دەهێنن کە بەسەر ئەو قاوەخانەیەدا بدەن.

بەڵێ ئەم گروپە کاتێک وازیان لە خووە خراپەکانی خۆیان هێنا، ئیدی هەفتانە لە جیاتی ڕێکخستنی کۆڕی کێشانی حەشیشە، لە نێوان خۆیاندا کۆڕی دینییان ساز دەکرد.

لە ساڵی ١٩٧٥ کاتێک ئۆزجان هاسیگیتی و هاوڕێکانی لە ماڵی یەکێک لە خۆیان دانیشتنێکیان بۆ باسی دینی ساز کردبوو، پۆلیس دەدەن بەسەر ماڵەکەیاندا.

لە ماڵی یەکێک لە هاوڕێکانیان دەبن کە ناوی قومجو ئیبراهیم دەبێت، کاتێک پۆلیسەکان کەلەپچە لە دەستیان دەکەن و دەیانبەنە دەرەوە، ڕۆژنامەنوسان لە دەرەوە چاوەڕێیان دەکەن و وێنەیان دەگرن. هەواڵەکەیان زیاد لە حەدی خۆی گەورە دەکەن. لە مانشێتی ڕۆژنامەکاندا دەنوسن” لە ژوورەوە کاتێک بە مێزەرەکانیانەوە خەریکی چالاکیی ئاینیی بوون دەستگیر کران”.

 

کاتێک مامۆستا ئەوە دەبیستێت کە بەو شێوەیە دەستگیر کراون، یەکسەر دەچێتە بنکەی ئاسایش. مامۆستا بە تایبەت خەفەتی بۆ قومجو ئیبراهیم دەخوارد، چونکە ئیبراهیم بە ئۆتۆمبیلەکەی خۆڵی دەگواستەوە و چەندە لە ژوورەوە بمایاتەوە، هێندە لە ئیش و کار دەبوو، خێزانەکەشی بەم هۆیەوە مەغدوور دەبوون. کاتێک مامۆستا لە کۆریدۆری ئاسایش دەبینن، هەموویان خەفەتەکەیان لە یاد دەکەن.

یەکێک لە ئەفسەرەکانی ئاسایش ناوی چەند کتێبێکی دینیان لێدەپرسێت و دەڵێت “ئەم کتێبەتان خوێندۆتەوە؟”…

 

هەربۆیە یەکێک لە جەماعەتی ئەشرەف پاشاییەکان لە وەڵامی پۆلیسەکەدا دەڵێت”  برادەر ئێمە هەموو کتێبێک دەخوێنینەوە، تۆش کتێبێک بنوسە، ئەویش دەخوێنینەوە”. کاتێک ئەوان لە زیندان مانەوە، مامۆستا بە شێوەیەکی بەردەوام، نان و خواردنی بۆ ماڵەکانیان ڕەوانە دەکرد.

کاتێک لە زیندان هاتنە دەرەوە، لە نێوان خۆیاندا دەڵێن” ئەم مامۆستایە کەسێکی غەریبە نابێت پارەی لێ وەربگرین”. ئیدی هەموویان دەچن پارەکانی بدەنەوە، بەڵام مامۆستا قبوڵی ناکات و دەڵێت” ئێمە هاوڕێی یەکترین، پارە لەبەر ئیحتیاجی نادرێت، ئەوەی دراوە وەرناگیرێتەوە”.

مامۆستا کاتێک باسی ئەشرەف پاشاییەکان دەکات، بەم شێوەیە باسیان دەکات:

ئەوان بەڕاستی کەسانێکی شەقاوە بوون. کاتێک یەکێک لەوان هاواری دەکرد، خەڵک لە ترساندا زەندەقیان دەچوو. ئیدی بە هەر هۆیەکەوە بێت، چەند کەسێک لەوان دێنە مزگەوت و گوێ لە هەندێک وتار دەگرن، ئیدی دوای ئەوە ناگەڕێنەوە سەر ژیانی پێشوویان و هەموو کاتێک ئامادەی وتارەکان دەبن. هەندێک جار دەهاتنە سەردانی من و لەلام دادەنیشتن، منیش هەندێک جار دەچوومە لایان و بە زمانێکی تایبەت قسەم لەگەڵدا دەکردن”.

دۆستێکی بە وەفا:

سەبارەت بە وەفابوونی مامۆستا، یەکێک لەو ڕووداوانەی مامۆستا سەعید یڵدرم دەیگێڕێتەوە، لێرەدا گرنگیەکی تایبەتی هەیە. هەر خۆی باسەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت:

لە ساڵی ١٩٧٤ بە نیاز بووم بە شەمەندەفەرێک بەرەو پاریس بڕۆم. ئیدی کاتێکم زانی مامۆستا بە مەبەستی ماڵئاوایی لێکردنم، بەرەو تێرمیناڵی سیرکەجی هاتووە. لەو کاتەی لە پاریس بووم، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە موسوڵمانان لەو وڵاتە نەدەژیان، ئەستەم بوو گۆشتێکت دەست بکەوێت کە بە گوێرەی ئادابی ئیسلامی سەربڕدرابێت. هەربۆیە چوار مانگی یەکەمی مانەوەم لە پاریس، هیچ گۆشتێکم نەخوارد. منیش لە نامەیەکدا کە بۆ مامۆستام ناردبوو، باسی ئەم حاڵەتەم بۆ کرد. پاش ماوەیەک لە ئەڵمانیاوە یەک دەستە گۆشتی باسترمەم بە دەست گەشت. مامۆستا لوتفی پشاندابوو، داوای لە یەکێک لە ناسیاوەکانی ئەڵمانیای کردبوو، کە لە ئەڵمانیاوە گۆشتم بۆ ڕەوانە بکات. ئەمەی باسم کرد مشتێکە لە خەروارێک و ئێستا مامۆستا لە جیاتی چەند هاوڕێیەک، کە وەفا، ڕاستگۆیی، فیداکاری بەرامبەر پشان بدات،  دەیان، سەدان، هەزاران و دەیان هەزار هاوڕێی هەیە. ئێستا بە شێوەیەکی ماددی، مەعنەوی، فکری و وتەیی، پاڵپشتی هەموویان دەکات”.

 

دامەزراندنی مامۆستا لە مانیسا(٢٩ ی حوزەیرانی ١٩٧٤)

دوای ئەوەی مامۆستا ٢ ساڵ و ٤ مانگ لە ئێدرەمیت خزمەتی کرد، لە ٢٩ ی حوزەیرانی ١٩٧٤ لە ناوەندی شاری مانیسا دامەزرێندرا. مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەو کاتە دەکات:

“وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، بە شێوەیەکی نابەدڵ ڕووم لە ئێدرەمیت کردبوو، تەنانەت بیرم لەوە کردەوە کە دەست لە کارەکەم بکێشمەوە و نەچمە ئەو شارە.

دەتوانین ئەم نابەدڵیە بەرامبەر ئێدرەمیت،  بە هۆی بوونی هەندێک بۆشایی مرۆیی لێک بدەینەوە. مرۆڤ کاتێک بە شوێنێک ڕادێت، زۆر سەختە لەو شوێنە داببڕێت و ڕوو لە شوێنێکی تر بکات.

منیش لەو کاتەدا تەواوی دۆست و ناسیاوەکانم لە ئیزمیر بوون، جیابوونەوە لەوان و جێهێشتنیان، وەک هیجرانێک بوو بەلای منەوە، کە توانای بەرگە گرتنیم نەبێت.

بەڵام مورادی ئیلاهی بە شێوەیەکی تر بوو، هەربۆیە چوومە ئێدرەمیت و نزیکەی ٣ ساڵ لەوێ کارم کرد. ئیدی لەم کاتەدا، خزمەتی خوێندکارەکان گەشتە ئاستێک کەوا دڵ و چاویان تێر دەکردم. هەروەها بە هۆی کەمپەکانەوە، ئێدرەمیت توانایەکی وەهای خوێندکاری تێدا دروست بوو، کە چیدی توانی بەراوردکردنی بە شوێنەکانی تری تورکیا نەمابوو.

بەڵێ، بە بێ ئەوەی زێدەڕۆیی بکەم ئەمانە باس دەکەم. لەو کاتەدا و دەتوانم بڵێم دواتریش، نە لە ئیستەنبول، ئیزمیر، ئەنقەرە و هیچ شوێنێکی تریش لەسەر ئەو ئاستە خزمەت بە خوێندکاران پێشکەش نەکراوە.

بەڵام الله ئەمەی بە نسیبی شارۆچکەیەکی بچوکی وەک ئێدرەمیت کرد. لە ڕێگەی شتی بچوکەوە کاری گەورەی ئەنجامدایەوە و بەم هۆیەوە گەورەیی خۆی جارێکی تر پشانی ئێمە دایەوە. لەگەڵ تەواوی ئەمانەشدا، ئێدرەمیت شوێنێکی وەها نەبوو کە زیاتر لەمەی پێ هەڵبگیرێت.

بۆ نمونە زۆرێک لەوانەی بەشدارییان لە وتارەکاندا دەکرد، لە دەرەوە دەهاتن و پێویستی بەوە دەکرد کە ئەمانە میواندارییان لێبکرێت.

هەربۆیە ئەوانەی لە شوێنی زۆر دوورەوە دەهاتن، ئازاری ویژدانی منیان دەدا.

ئەوانەی دەهاتن، لە ڕووی ماددی و کاتی تایبەتی خۆیانەوە، فیداکارییان دەکرد، ئەوەم پێ قبوڵ نەدەکرا کە قسەکانی من شایەنی ئەوە بێت، ئەوان ئەو هەموو فیداکاریەی لە پێناودا بکەن… بەڵام نەشمدەتوانی پێیان بڵێم ئێوە مەیەن. ئەوانەی لە دوورەوە دەهاتن، زیاتر لە ئیزمیر و چواردەورەکەیەوە دەهاتن. هەروەها لە ویلایەتەکانی ئایدن و دەنیزلیش، کە دراوسێی ئیزمیر بوون، ئەگەر کەمێکیش بووایە، هەر کەسانێک بە میوانی دەهاتن.هەربۆیە گواستنەوەی ئەرکەکەم بۆ شوێنێکی ناوەندی، وەک پێویستیەکی حەتمی لێهاتبوو، هەروەها لەم بڕیارەمدا، لەوە دەچێت هەندێک ناڕەحەتی شەخسی خۆشم کاریگەری هەبووبێت، چونکە ماوەی ٣ ساڵ بوو هەر لە ئیزمیرەوە دەهاتم و دەڕۆشتم و، هەمیشە ئامرازەکانی گواستنەوەی هێڵی گشتیم بەکار دەهێنا. ئەمەش بە نیسبەت منەوە کارێکی سەخت و ماندووکەر بوو. ڕێگاکان وەک ئێستا ڕێکوپێک و ئامرازەکانی گواستنەوەش وەک ئێستا رەحەت نەبوون. هەروەها کاتێک سەرنشینەکان وەک ئەوەی لەگەڵ یەکتردا پێشبڕکێ بکەن، جگەرەیان دەکێشا، ئیدی ڕێگاکە بە شێوەیەک نەبوو کە بتوانیت بەرگەی بگریت.

ئیدی من بمەوێت نەمەوێت، ناچار بووم بەوەی لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانەدا گەشت بکەم.

لە دڵی مندا ئیزمیر هەبوو، بەڵام ئەوەیان پێ وتم کە زەحمەتە لەوێ دابمەزرێم، چونکە هەر لە سەرەتاوە ئێمەیان بە مەبەستی ڕاگواستن  لە ئیزمیر دوور خستەوە. هەربۆیە لە ٢٩ ی حوزەیرانی ١٩٧٤، مامۆستا لە شاری مانیسا دەست بەکار بوو.

سڵاوێک لە بەکر بێرکەوە بۆ مامۆستا(١٩٧٤)

بەکر بێرک لە دوای دۆسیەکەی کەیسی ئیزمیرەوە، بە هۆی ئەو تۆمەت و بوختانانەی بۆیان هەڵبەست، وازی لە پیشەی پارێزەرێتی هێنا و لە بەرواری ٨ ی کانونی یەکەمی ١٩٧٣ چوو بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

بەڵام بڕیاری ئەوەی دابوو کە جارێکی تر نەگەڕێتەوە. لە ساڵی ١٩٧٤، دوای ئەوەی پەیوەندی بە ڕادیۆی جددەوە کرد، لە بەشی زمانی تورکی ڕادیۆکە وەرگیرا. لە ڕادیۆکەدا وەک بەڕێوەبەر و دەرهێنەر کاری دەکرد. پەیامەکانی نور و حەقیقەتەکانی ئیمانی بە هەر چوار دەوری دونیادا بڵاو دەکردەوە.

بەکر بێرک لە نامەیەکدا کە لە بەرواری ٥ ی تەموزی ١٩٧٤ نوسیوێتی، پاش ئەوەی سڵاو بۆ تەواوی دۆستانی دەنێرێت، بە تایبەت سڵاو بۆ مامۆستا دەنێرێت و داوا لە جاهید ئێردۆغان دەکات کە کاسێتی وتارەکانی مامۆستای بۆ بنێرێت.

بەکر بێرک کە لە ساڵانی ١٩٧١ لەگەڵ مامۆستادا پێکەوە زیندانی کرابوون و، هێشتا تامی ئەو نوێژانەی لەگەڵ مامۆستادا ئەنجامی دابوو لە بیر نەکردبوو، هەربۆیە لە نامەیەکدا لە پێش ئەوەی وەفات بکات، وەک یادکردنەوەی ئەو ڕۆژانەی زیندان و سوپاسکردنی مامۆستا دەڵێت:

مامۆستای ئازیز،

ئەو نوێژانەی لە دوای ئێوە و لە ئێمامەتی ئێوەدا کردوومە، هەرگیز ناتوانم چێژ و حزوریان لە یاد بکەم. جەژنی ئێوە و برایانی چوار دەوری ئێوە پیرۆز دەکەم. هیوای تەندروستی و باشی و بەردەوامی لە خزمەت و بەختەوەری هەردوو دونیاتان بۆ دەخوازم. بێ هیوایی و تێکشکان هەرگیز بە لای ئێوەدا تێناپەڕێت…

سوپاسی تەواوی ئەم یارمەتیانە دەکەم کە لە کاتی نەخۆشی و ساغیمدا پێشکەشت کردم. هیوادارم ئەم بێ چارەیە لە نزاکانتان بێ بەش نەکەن”.

 

بەکر بێرک، جددە، سعودیە…

 

 

 

 

 

 

 

136 جار بینراوە 4 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە