بیروڕا

هەستی خزمەت و عیبادەتی مامۆستا سەعیدی نورسی

بەخامەی: سەفوەت سەنیح

 

“مامۆستا سەعیدی نورسی شەوان زوو هەڵدەستا و شەونوێژی بەجێ دەگەیاند. زیکر و ویردەکانی دەخوێند هەموو نزاکانی تا کاتژمێرێک پێش نوێژی بەیانی تەواو دەکرد. دەستەکانی بۆ دەرگای ئیلاهی دەکردەوە و بە دوورودرێژی نزای دەکرد. ئەو نزایانە یەک کاتژمێر بەردەوام دەبوو.”

مامۆستا بایرام یوکسەل کە یەکێکە لە تەلەبە بەڕێزەکانی مامۆستا سەعیدی نورسی (بەدیعوزەمان) لە یادەوەرییەکانیدا بەم شێوەیە باس لە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی بەدیعوزەمان دەکات:

“مامۆستا سەعید لە پەیامەکاندا خۆی سەرقاڵ نەکردووە بە دوژمنایەتی لایەنگیرانە و ئەو مشتومڕانەی دەبنە هۆی درووستکردنی دووبەرەکی و درووستبوونی پەرتەوازەیی بە تایبەت لە بابەتە فیقهییەکاندا، بەڵکو هەموو ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ ئەوەی ڕوکنەکانی ئیمان کە گرنگترین بابەتی مرۆڤەکانن و حەقیقەتە ئیمانییەکانی قورئان کە هۆکاری سەرەکی برایەتی نێوان موسوڵمانانە بدۆزێتەوە و بۆ ئەو خەڵکەش ڕوون بکاتەوە کە پێویستی پێیەتی.”

“کاتێک کەسێک دەهات بۆ سەردانی مامۆستا سەعید، مامۆستا پێی دەوت ‘برام تۆ دووعا بۆ من بکە و منیش دووعا بۆ تۆ دەکەم. لە فەرموودە پیرۆزەکاندا باس لەوە کراوە کە ئەو دووعایانەی بە غائیبی دەکرێن زیاتر وەرگیراوترە. تۆ بە زاری منەوە تاوانت ئەنجام نەداوە. منیش بە زاری تۆوە تاوانم ئەنجام نەداوە. لەبەر ئەوە ئەو دووعایانەی بە غیابی دەکرێن زیاتر وەرگیراوترە. تۆ بە ناوی خۆمەوە دووعا بۆ من بکە و منیش دووعا بۆ تۆ دەکەم’. ئەو کەسانەش دەهاتن بۆ سەردانی دەیانوت ‘مامۆستا دووعا بۆ ئێمە بکە’. مامۆستاش دەیوت ‘ئەو کەسەی دووعا بۆ ئێمە بکات لە دووعاکانی ئێمەدا بەشدار دەبێت’. “

“کاتێک گەشتی دەکرد یاخود کاتێک بە ڕێگەیەکدا دەڕۆشت دووعای بۆ ئەو گۆڕانە دەکرد کە دەهاتنە ڕێگەی. ئەو گۆڕانە بە زمانی حاڵیان وانەیان پێ دەوتین وەک بڵێیت ڕۆژێک ئێوەش دێن بۆ ئێرە. بەڵام ئێستا ئەهلی دونیا بە هۆی نەمانی هەستیانەوە گۆڕەکان دەبەنە دەرەوەی شارەکان. بۆ ئەوەی مردنیان بیر نەکەوێتەوە. پێشتر هەموو کەسێک گۆڕەکەی لە بەردەم ماڵەکەیدا بوو. بەیانیان کاتێک بەئاگا دەهاتەوە و گۆڕەکەی دەبینی فاتیحایەکی دەخوێند. ئەو گۆڕانە ڕۆڵی مامۆستایەکی زیندوویان دەبینی لە ئاگادارکردنەوەی خەڵکیدا. وەک ئەوەی بڵێن ‘ڕۆژێک ئێوەش دێن بۆ ئێرە’ وانەیان بە مرۆڤەکان دەوتەوە.”

“مامۆستای بەڕێز و پایەبەرزمان کاتێک دەچووینە نێو سێ مانگە پیرۆزەکەوە جوزئەکانی قورئانی پیرۆزی بە مەبەستی خەتم کردن بەسەر تەلەبەکانی نووری لە شاری ئیسپارتا دابەش دەکرد و هەر کەسەو جوزئێکی وەردەگرت و خەتمیان دەکرد. بەو شێوەیە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا هەموو ڕۆژێک خەتمێک تەواو دەکرا. ئەوکات تەواوی دووعاکان بە ناوی تەلەبەکانی نوورەوە لە لایەن مامۆستا سەعیدەوە دەخوێندرایەوە. دواتر پێشکەشی دەکرد بە پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) و هەموو ئەهلی بەیت و هاوەڵە بەڕێزەکان و ئەهلی ئیمان و تەلەبەکانی نوور.”

“مامۆستا سەعیدی نورسی شەوان زوو هەڵدەستا و شەونوێژی بەجێ دەگەیاند. زیکر و ویردەکانی دەخوێند هەموو نزاکانی تا کاتژمێرێک پێش نوێژی بەیانی تەواو دەکرد. دەستەکانی بۆ دەرگای ئیلاهی دەکردەوە و بە دوورودرێژی نزای دەکرد. ئەو نزایانە یەک کاتژمێر بەردەوام دەبوو. لەو کاتانەدا ئێمە نەماندەتوانی بچینە ژوورەوە بۆ لای. تەنها لە دوای تەواو کردنی دووعاکانی دەمانتوانی بچینە ژوورەوە بۆ لای. دەیوت ‘من کاتێک تایبەتم هەیە بۆ دووعا کردن لەو کاتەدا تەنانەت ئەگەر فریشتەش بێت بۆ لام قسەی لەگەڵ ناکەم’. دەیوت بەردەوام دووعا بۆ تەلەبەکانی نوور دەکەم لە سەردەمی داهاتوودا.”

“مامۆستا سەعید کاتێک نوێژی خەوتنانی بەجێ دەگەیاند زۆر نەدەمایەوە و ڕاستەوخۆ دەنووست.”

“مامۆستا سەعید لە شوێنی مانەوەکەی لە شاری ئیسپارتا شەجەرەیەکی گەورەی هەبوو کە پانییەکەی مەترێک و بەرزییەکەی نزیکەی پێنج مەتر بوو. لەو شەجەرەیەدا بە تیر تەواوی ئالوبەیتی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) و ئەو زاتە بەڕێزانەی دیکە کە لە ویردەکاندا ناویان هاتووە دیاری کردبوو. هەرچەندە زۆر ئارەزووم دەکرد بەڵام سەرکەوتوو نەبووم لە بژاردنی ئەوانەدا. مامۆستا سەعید کاتێک دووعای دەکرد زۆر گرنگی بە ناوەکان دەدا. کاتێک هەندێک لە تەلەبەکانی نوور سەردانی مامۆستایان دەکرد، مامۆستا ناوەکانیان لای خۆی دەنووسی. لای سەرییەوە دایدەنا و تا ئەو ناوەی بە تەواوی لەبەر دەکرد ئەو نووسینەی لای خۆی دەپاراست. بەم شێوەیە نموونەی بۆ دەهێناینەوە: ‘هەروەک چۆن کاتێک نامەیەک بۆ شوێنێک دەنێریت ئەگەر بە جوانی لەسەر زەرفی نامەکە بنووسیت ئەوا بە جوانی دەگات بەو شوێنەی کە دەتەوێت، بە هەمان شێوە کاتێک دووعا بۆ کەسێک دەکەیت ناوی بهێنیت باشتر دەبێت”.

“مامۆستا هەمیشە دەیوت: دووعا ئیکسیرێکە خۆڵ دەکات بە زیو و زیو دەکات بە ئاڵتون”

“مامۆستا سەعید هێندە کەم نانی دەخوارد وو دەنووست کە لە ڕێژەی خەو و خواردنی کەسێکی ئاسایی کەمتر بوو. بە ئێمەشی دەوت ‘خەوی فیتری پێنج سەعاتە’. شەوەکانی هەتا بەیانی بە دووعا و پەرستش و ڕاز و نیاز لەگەڵ پەروەردگاری بەسەر دەبرد. هاوین و زستان هیچ کات عادەتەکانی نەدەگۆڕی و بەردەوام شەونوێژەکانی بەجێ دەگەیاند و هەرگیز موناجات و زیکر و ویردەکانی واز لێ نەدەهێنا. هەم لە ئیسپارتا، و هەم لە بارلا، و هەم لە ئەمیرداغ دراوسێکان پێیان دەوتین ‘هەر کاتێک شەوان تەماشای ماڵەکەی مامۆستا بکەین دەبینین ڕووناکییەک لە ژوورەکەی مامۆستا دەگڕێت و گوێمان لێ دەبوو کە بە دەنگە غەمگینەکەیەوە دووعای دەکرد’. مامۆستا سەعید بەردەوام دەستی بە دەستنوێژ بوو. جگە لەوە مامۆستا هیچ کات نوێژی چێشتەنگاوی پشتگوێ نەدەخست. هەموو کات نزیکەی ٤٥ خولەک دوای ئەوەی ڕۆژ هەڵدەهات نوێژی چێشتەنگاوی دەکرد.”

هیچ کات کاتە پیرۆزەکانی بە شتی پڕوپووچەوە بەسەر نەدەبرد، یان دەیخوێندەوە یان بە خەڵکێکی دەوت شتێک بخوێنێتەوە و خۆشی گوێی دەگرت.”

“مامۆستا سەعید خزمەت کردنی پەیامەکانی نووری بەسەر هەموو شتێکدا هەڵدەبژارد. ئەم وانەیەی فێری ئێمە دەکرد: حەقیقەتەکانی پەیامەکانی نوور کە لە حوکمی خواردن و خۆراکدان دەکرێت هەموو هەستەکان هەم عەقڵ، هەم دڵ، هەم نەفس و هەم هەستەکان دابین بکات.”

پێویستە ئێمەش زۆر بە باشی گوێ لەو وانەیە بگرین و ئەو کارانەی کە پێویستە ئەنجام بدرێن، ئەنجامیان بدەین.

 

http://m2.shaber3.com/ustadin-hizmet-ve-ibadet-suuru-haberi-1330131.html

46 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە