هەواڵ

زیندانییەکی نەخۆشی تەمەن ٧٥ ساڵ کە تەنانەت ناتوانێت خانەوادەکەشی بناسێتەوە ئازاد ناکرێت

ئەحمەد سیلیکی تەمەن ٧٥ ساڵ بە بارودۆخێکی تەندرووستی زۆر خراپەوە لە گرتووخانەی ئیزمیر دەمێنێتەوە. هەموو ڕاپۆرتە پزیشکییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەحمەد بارودۆخی تەندرووستی زۆر خراپە و ناتوانێت بە تەنها ژیان بەسەر بەرێت، بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵەکان ئازاد ناکرێت. بینەفش سیلیکی هاوسەری ئەحمەد سیلیک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی تەندرووستی هاوسەرەکەی لە زینداندا زیاتر بەرەو خراپ بوون دەڕوات و داوای دادپەروەری دەکات. بینەفش باس لەوە دەکات کە کاتێک لەگەڵ منداڵەکانی دەچن بۆ بینینی هاوسەرەکی لە زیندان هاوسەرەکەی نایانناسێتەوە، لەبەر ئەوە داوا دەکات بە زووترین کات هاوسەرەکەی ئازاد بکرێت.

ئەحمەد سیلیک لە بەرواری ٤ ی تشرینی دووەمی ٢٠١١ بە هۆی هەواڵ لێدانەوە دەستگیر کرا و دواتر لە لایەن دادگاوە بە تۆمەتی ‘یارمەتیدانی ڕێکخراو’ سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا و ڕەوانەی گرتووخانە کرا. دوای مانەوەی بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک لە گرتووخانەدا لە بەرواری ١٩ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ ئازاد کرا. دوای ٢ مانگ لە ئازادکردنی جارێکی تر لە لایەن دادگاوە بە تۆمەتی ‘یارمەتیدانی ڕێکخراو’ بڕیاری دەستگیر کردنی بۆ دەرچوو و سزای زیندانی بۆ ماوەی ٦ ساڵ و ٦ مانگ و ٢٢ ڕۆژ بەسەردا سەپێندرا. دواتر لە بەرواری ٢١ی شوباتی ٢٠١٧ لە لایەن دادگای باڵاوە سزاکەی کۆتایی پێ هێنرا. دواتر لە بەرواری ٩ ی ئازاری ٢٠١٨ هەر لە گەڕەکەکەی خۆیاندا بە بیانووی ئەوەی فەرمانی دەستگیر کردنی هەیە، دەستگیر کرا.

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئەحمەد سیلیک لە ئێستادا بەدەست چەندین نەخۆشی قورسی وەک ئیفلیجی بەشێک لە جەستەیی و پرۆستات و شەکرە و نەخۆشی دڵ و بەرزی فشاری خوێنەوە دەناڵێنێت، بەڵام سەرەڕای هەموو نەخۆشییەکانی و هەبوونی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن نابێت لە زینداندا بمێنێتەوە، ئەحمەد سیلیک ئازاد ناکرێت.

بینەفش سیلیک دەربارەی بارودۆخی هاوسەرەکەی دەڵێت: “کاتێک لە جەژندا چووین بۆ سەردانی هاوسەرەکەم پاسەوانەکان لەسەر کورسییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت هێنایان بۆ لامان. هاوسەرەکەم لە بارودۆخێکدا نییە کە بتوانیت لە ماڵەوە هەڵبێت و بڕوات بۆ شوێنێکی تر. ئەو کەسێک نییە بتوانێت لە گرتووخانەدا بژی. هەر شتێکی نەرێنی بەسەر هاوسەرەکەمدا بێت وەزارەتی داد و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دادگای کۆماری ئیزمیر لێی بەرپرسیارە. پێویستە بەرپرسانی پەیوەندیدار ساتێک زووتر شتێکمان بۆ بکەن. تا چەنی تر زیندانییە نەخۆشەکان پشتگوێ دەخرێن.”

 

http://www.shaber3.com/ailesini-bile-taniyamayan-75-yasindaki-hasta-tutuklu-tahliye-edilmiyor-haberi/1330320/

43 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە