هەواڵ

باوکی ئەو کەسەی لە ئەنقەرە ڕفێندرا: لە هاوشێوەی ڕووداوەکانی ساڵانی نەوەدەکاندا دەژین

 

لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا شەش کەس لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە کە زۆرێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەر بە دەزگای هەواڵگری تورکیا بوون، ڕفێندران و دوای ئەوەی بۆ ماوەی شەش مانگ بێسەروشوێن بوون و هیچ هەواڵێک لە بارەیانەوە نەزاندرا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چواریان پێکەوە دۆزرانەوە و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەنقەرە ڕایگەیاند لە لای ئێمە دەستگیر کراون. ئەو چوار کەسە دوای مانەوەیان بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ بە دەستبەسەری دواتر بڕیاری زیندانی کردنیان بۆ دەرچوو و ڕەوانەی گرتووخانە کران، بەڵام هەر لە هەمان ڕۆژدا کەسێکی دیکە لە شاری ئەنقەرە ڕفێندرا. یوسف بیلگە تونچ کارمەندی پێشووی وەزارەتی پیشەسازی تورکیا کە پێشتر لە چوارچێوەی بڕیارێکی سەرۆکایەتیدا لە کارەکەی دوور خرابووەوە، ڕفێندرا.

عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەسەر پارتی هەدەپە و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا، یەکێکە لەو کەسانەی هەر لە سەرەتاوە زۆرترین بەدواداچوونی بۆ بابەتی ڕفێندراوەکان کردووە و لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەیدا کە لە ڕێگەی هەژمارەکانی خۆیەوە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بڵاوی دەکاتەوە میوانداری موستەفا تونچ باوکی یوسف بیلگە تونچی کرد و باسیان لە ڕووداوای ڕفاندنی یوسف بیلگە تونچ کرد. موستەفا تونچ وتی “سەردەمانێک دیسان هاوشێوەی ئێستا دەگوزەرا، لە ناکاو خەڵکی دەڕفێندران. ئێستا لە هاوشێوەی ڕووداوەکانی ساڵانی نەوەدەکاندا دەژین”.

موستەفا تونچ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کوڕەکەی وەک شارەزا لە ڕاوێژکاریی وەزارەتی پیشەسازی تورکیا کاری کردووە و دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ لە کارەکەی دوور خراوەتەوە. موستەفا تونچ باسی لەوە کرد کە لە بەرواری ٦ ی ئابەوە هیچ هەواڵێکیان لە بارەی کوڕەکەیانەوە پێنەگەیشتووە و ڕایگەیاند: “سەرەتا وامانزانی دەستگیر کراوە. سەردانی بنکەی پۆلیسمان کرد. بەڵام لە بنکەی پۆلیس پێیان وتین کە کەسێکی لەو شێوەیە لای ئێمە دەستگیر نەکراوە. دواتر سەردانی جەندەرمە و داواکاری گشتیمان کرد بەڵام هیچ ئەنجامێکمان دەست نەکەوت. دواتر ئوتومبێلەکەیمان لە بەردەم مۆڵێکدا دۆزییەوە.”

موستەفا تونچ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “ئێمە کاتێک ئوتومبێلەکەمان دۆزییەوە ڕاستەوخۆ هێزەکانی پۆلیسمان ئاگادار کردەوە، بەڵام پۆلیس بێ ئەوەی هیچ لێکۆڵینەوەیەک بکات پێیان وتین خۆی ئوتومبێلەکەی لێرەدا بەجێ هێشتووە. ئێمە ویستمان لێکۆڵینەوەی ورد لە شوێنی ڕووداوەکە بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت جێپەنجە لەسەر هیچ شتێک بەجێماوە بەڵام پۆلیس بە هاوسەری کوڕەکەمیان وتبوو هاوسەرەکەت ئوتومبێلەکەی داخستووە و لێرەدا بەجێیهێشتووە، لەوێدا خۆتانی بۆ مەڵاس بدەن هەر دێتەوە بۆ ئێرە. کوڕەکەم بێ ئەوەی هەواڵ بە من یاخود بە هاوسەرەکەی بدات بۆ هیچ شوێنێک ناچێت. لە ڕێگەی سویچی یەدەگی ئوتومبێلەکەوە دەرگای ئوتومبێلەکەمان کردەوە، هەموو کەلوپەلە تایبەتییەکانی لە ناو ئوتومبێلەکەدا بوو. بە پێی پێشبینییەکانی من کەسێکی دیکە ئەو ئوتومبێلەی لەوێدا ڕاگرتووە. من قەناعەتم وایە کە کوڕەکەم لە لایەن کەسانێکەوە ڕفێندرابێت.”

موستەفا تونچ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: “ئێمە هیچ زیانێکمان نەبووە بۆ ئەم مەملەکەتە و ناشتوانین زیان بەم مەملەکەتە بگەیەنین. دەمەوێت بەرپرسانی پەیوەندیدار ساتێک زووتر کوڕەکەم بۆ بدۆزنەوە. ئەگەر تاوانێکی هەبێت دادگا سزای دەدات. ناکرێت ئێمە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بین کە زیان بەم مەملەکەتە دەگەیەنن. من هیچ کات سکاڵام لەوە نەکردووە کە هاوڵاتییەکەی ئەم مەملەکەتەم. ئەم ڕووداوە ژیانی کردووە بە زیندان بۆ ئێمە. سەردەمانێک دیسان هاوشێوەی ئێستا دەگوزەرا، لە ناکاو خەڵکی دەڕفێندران. ئێستاش لە تەلەڤیزیۆنەکاندا دایکانی شەمە دەبینین کە هەتا ئێستا منداڵەکانیان نەدۆزیوەتەوە. دیسان لە تورکیا لە هاوشێوەی ڕووداوەکانی ساڵانی نەوەدەکاندا دەژین. ئەگەر تاوانبارێک لە ئارادا هەبێت دەبێت دەستگیر بکرێت و دادگا سزای بدات. ناکرێت شتێکی وا هەبێت کە لە ناکاو خەڵکی دیار نەمێنێت. هەمووان پەرێشان بوون.”

 

http://m.haberdar.com/gundem/kacirilan-khk-li-yusuf-bilge-tunc-un-babasi-90-lardaki-olaylarin-bir-benzerini-yasiyoruz-h144430.html?mnst=57677

 

31 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە