بیروڕا

حەسەن جەمال: دۆستانی ناو زیندان؛ زۆر بیری هەمووتان دەکەم… ژیان بریتییە لە بەرهەڵستی!

 

حەسەن جەمال کە یەکێکە لە دیارترین نووسەر و ڕۆژنامەنووس و کەسایەتییە دیارەکانی تورکیا، لە نامەیەکیدا پیرۆزبایی جەژنی لە هەموو ئەو ڕۆژنامەنووس و نووسەر و کەسە ڕۆشنبیرانە کرد کە لە ئێستا لە گرتووخانەکاندا بەند کراون، و لە نامەکەیدا دەڵێت “زۆر بیری هەمووتان دەکەم”.

 

  • نازلی ئیلیجاک…
  • سەڵاحەدین دەمیرتاش…
  • گولتان کشاناک…
  • ئەحمەد ئاڵتان…
  • فیگەن یوکسەکداغ…
  • عوسمان کاڤالا…
  • سەباحەت تونجەل…
  • سری سوریا ئۆندەر…
  • ئایسەل توغلوک…
  • ئێرەن ئێردەم…
  • ئیدریس بالوکەن…
  • موسا کارت…
  • گورای ئۆز…
  • سەلچوک کۆزاغاچلی…
  • حوسەین ئایکۆل…
  • هاکان کارا…
  • ئێمرە ئیپەر…
  • موستەفا کەمال گونگۆر…
  • ئۆندەر چەلیک…
  • موستەفا ئونال…
  • سەدات لاچینەر…

 

حەسەن جەمال لە درێژەی نامەکەیدا نووسیویەتی:

پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە هەمووتان دەکەم.

خۆزگە لە پشت دیواری زیندانەکانەوە نەبوونایە.

خۆزگە ئازاد بوونایە.

خۆزگە ڕۆژانی جەژنتان بە لە ئامێزگرتنی خۆشەویستانتان بەسەر ببردایە.

بەڵام بە داخەوە لە زیندانەکاندان.

ئەوە شتێکی زۆر ناخۆشە.

ئەو کەسانەی لە ئازادی و دیموکراسی و یاسا و دادپەروەری دەترسن ئێوەیان لە گرتووخانەکاندا بەند کردووە.

هیچ چارەیەکی دیکە نییە جگە لە بەرهەڵستی.

ئێوەش زۆر باش ئەوە دەزانن.

 

ژیان بریتییە لە بەرهەڵستی لە هەر شوێنێک بێت.

ئەو کەسانەی ناڕەحەت دەبن بەوەی وتەکان و بیروبۆچوونەکان بە ئازادی لە شەقەی باڵ بدەن، لە هەموو ئازادییەک دەترسن هیچ کات لەم دونیایە نابڕێن.

ئەوانە دیکتاتۆری بیروبۆچوونەکانن.

ڕقیان لەو کەسانەیە کە وەک خۆیان بیر ناکەنەوە.

ئەو کەسانەی وەک ئەوان بیر ناکەنەوە و بە هەمان شێوازی ژیانی ئەوان ناژین هەندێک جار وەک تیرۆریست و هەندێک جار وەک خائین و هەندێک جار وەک کودەتاچی لە قەڵەم دەدرێن.

دیسان مەملەکەتەکەمان بە قۆناغێکی تاریکی لەو شێوەیەدا تێدەپەڕێت.

ئەوە تراژیدیای زەمان و ڕاستییەکانییەتی. و ئێوە ئەو کەسانەن کە زۆر بە باشی لەو تراژیدیایە تێدەگەن و لە هەموو کەس زیاتر لە ناو دیواری گرتووخانەکاندا هەست بە ئازار و ناڕەحەتییەکانی ئەم تراژیدیایە دەکەن…

زۆر بیری هەمووتان دەکەم.

بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە منیش جگە لەوەی چەند دێڕێک بۆ ئێوە بنووسم هیچ شتێکی دیکەم لەدەست نایەت.

دەتوانم چیتر بکەم؟

هەندێک جار لە خۆم دەپرسم:

مرۆڤ بۆچی دەنووسێت؟…

دەزانم ئەو پرسیارە چەند جار کراوە و چەند جاریش وڵام دراوەتەوە. بەڵام یەکێک لە وەڵامەکانم بە لاوە جوانە:

(ڕەنگە مرۆڤ لە پێناو ئەوەدا بنوسێت کە ناچار بێت دونیایەک درووست بکات کە بتوانێت تێیدا بژی.

من لە هیچ کام لەو دونیایانەدا نەژیام کە تێیدا بووم.

نە لە دونیای خێزانەکەم و نە لە دونیای جەنگ و نە لە دونیای سیاسەتدا.

دەبوو خۆم دونیایەک بۆ خۆم بنیاد بنێم.

پێویستم بە کەشێک هەبوو کە بتوانم بە خۆمی تێدا نوێ بکەمەوە و بتوانم بە ئازادی هەناسەی تێدا هەڵبمژم.

لە پێناو بەزاندنی سنوورەکانی ژیانمان و چوون بەرەو ئەودیوی سنوورەکان دەنووسین.

لە پێناو فراوانکردنی دونیاکەمان دەنووسین لە کاتێکدا هەست بەوە دەکەین کە بە تەنهاین و دونیا لەبەرچاومان تەسک دەبێتەوە و خەریکە دەمانخنکێنێت. لەو کاتانەی نانووسم هەست دەکەم دونیا لەبەرچاوم تەسک دەبێتەوە. هەست بەوە دەکەم کە لە زینداندام.)

بەڵێ بەو شێوەیەیە، نووسین بۆ هەندێک کەس بریتییە لە ژیان، یاخود ژیان و نووسین هەمان واتای هەیە.

شتێکی خۆشە کە مرۆڤ بتوانێت لە ڕێگەی وشەکانییەوە دونیایەکی تایبەت بۆ خۆی درووست بکات.

خەریکە قسەکان درێژ دەبێتەوە، باشتر وایە بە کورتی بیبڕینەوە.

دۆستانی ناو زیندان؛

زۆر بیری هەمووتان دەکەم.

هەمووتان بە حەسرەتەوە لە ئامێز دەگرم.

باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە ئازادی و دادپەروەری پێش ئەوەی زۆر درەنگ ببێت لە دەرگای ئەم مەملەکەتە دەداتەوە.

ژیان بریتییە لە بەرهەڵستی!

 

https://www.tr724.com/hasan-cemal-hapisteki-dostlar-hepinizi-cok-ozledim-yasamak-direnmektir/

29 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە