هەواڵ

پارێزەرەکانی گولەن: ئێمەش داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی کودەتاکە دەکەین

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەریەک لە پارتەکانی ئاکەپە، مەهەپە، جەهەپە، ئیی لە ڕوونکردنەوەیەکی هاوبەشدا داوای ڕادەستکردنەوەی م.فەتحوڵڵا گولەن و هاوسۆزانیان ئاراستەی کاربەدەستانی ئەمەریکا کرد، پارێزەرانی مامۆستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، وەڵامێکی یەک لاپەڕەییان سەبارەت بە داواکەیان بڵاو کردەوە.
پارێزەرانی مامۆستا لە بەشێکی ڕوونکردنەوەکەیاندا دەڵێن” ئێمەش داوای ئەوە دەکەین کە کودەتای ١٥ ی تەموز لەلایەن لیژنەیەکی نێودەوڵەتیەوە لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت و، ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان و ڕەوانە کردنیان بەرەو مەرگ لە زیندانەکانی تورکیا کۆتایی پێ بهێندرێت و، هەروەها داوای ئەوە دەکەین کە بۆ سەر لە نوێ بونیاد نانەوەی دادپەروەری، هەنگاوی جددی هەڵبگیرێت”.
دەقی ڕوونکردنەوەی پارێزەرەکان بەم شێوەیەیە:

هەریەک لە پارتەکانی ئاکەپە، مەهەپە، جەهەپە، ئیی لە داوایەکی هاوبەشدا بۆ کاربەدەستانی ئەمەریکا، داوای ڕادەستکردنەوەی بەڕێز مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن و هاوسۆزانی دەکەن.

پێش هەموو شتێک، بەڕێز گولەن هەر دوا بە دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموز، لە ڕوونکردنەوەیەکیدا بۆ هەریەک لە نیویۆرک تایمز، فاینانشیال تایمز، سکای نیوز، گاردیان و زۆر دەزگای مێدیایی تری ناسراوی سەر ئاستی جیهان، داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموز و، لە هەمان کاتدا ئەوەشی ڕاگەیاند کە لیژنەکە هەر بڕیارێک بدات، تەنانەت ئەگەر درۆ و بوختانیش بێت، هەر لە ئێستاوە قبوڵی کردووە.
بەڵام ئەو پارتانەی کە بەم داوایە هەستاون، هەتا ئێستا لەم بارەیەوە هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە.

دووهەم، ئەو ڕاپۆرتەی لەلایەن لیژنەی پەڕلەمانی تورکیا بۆ بە دواداچوونی کودەتای ١٥ ی تەموز ئامادە کرا، لەلایەن پارتی جەهەپە ئۆپۆزسیۆن ڕەخنەی لێگیراوە و، کاربەدەستانی تورکیاش هەتا ئێستا هیچ شتێکیان سەبارەت بە ڕەخنەکانی پارتی ئۆپۆزسیۆن نەکردووە.

هەر لەم چوارچێوەیەشدا، لەو تێبینیانەی لەلایەن ئەندامانی جەهەپەی ناو لیژنەی پەڕلەمانی تورکیا بۆ بە دواداچوونی کودەتای ١٥ ی تەموز لەسەر ڕاپۆرتەکە نوسراوە هاتووە” ئامادە کردنی ڕاپۆرتی کودەتای ١٥ ی تەموز لەلایەن ڕەشات پەتەک کە خۆی یەکێکە لە هاوسۆزانی “فەتۆ”، بە مەبەستی ئەوەیە ئەو چیرۆکەی لەلایەن کۆشکەوە سەبارەت بە ١٥ ی تەموز سازکراوە، بە بەرژەوەندی خۆیان کۆتایی پێ بهێندرێت و، ئێمە وەک جەهەپە ڕێگە بە کارێکی لەم شێوەیە نادەین، ئێمە ڕێگە بەوە نادەین کە کودەتای ١٥ ی تەموز لەسەر شتی دروستکراو هەڵبچندرێت، بەڵکو دەمانەوێت وەک داخوازێکی سەرکەوتنەکەی ڕێپێوانی دادپەروەری، لەسەر بنەمای ڕاستیەکان هەڵبچندرێت”.
ئێمەش داوا لە جەهەپە دەکەین سەرەتا بە دوای ئەم قسانەی خۆیاندا بڕۆن.
سێهەم، لە کاتێکدا مرۆڤەکان بە ڕۆژی نیوەڕۆ دەڕفێندرێن و لە ناو ناوەندەکانی جەرگەی ئەنقەرە ئەشکەنجە دەدرێن، لە بنکەکانی ئاسایش گیان لە دەست دەدەن، زۆرێک لە هاوڵاتیە دەستبەسەر کراوەکان بە هۆی پێنەدانی دەرمانەکانیانەوە گیان لە دەستداوە، هاوڵاتیان لە ژوورە تاکە کەسیەکاندا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان بێ بەش کراون، ژنانی دووگیان لە بەردەم دەرگای نەخۆشخانەکان دەستگیر دەکرێن، منداڵانی ساوا سەرەڕای ئەوەی یاساکان ڕێگەی نادەن لەگەڵ دایکیاندا ڕەوانەی زیندانەکان دەکرێن، زیاتر لە ٥٠٠ هەزار مرۆڤیش وەک تیرۆرست ناوزەند کراوە، هەموو کەسێکی ڕەخنەگر بە ئەندامانی پارتی ئۆپۆزسیۆنیشەوە وەک تیرۆرست ناوزەند دەکرێن، مرۆڤگەلێک کەوا داوای ئاشتی دەکەن وەک تیرۆرست مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، هەروەها لەو دادگایانەی کە دادگایی دادپەروەرانەیان تێدا ئەنجام نادرێت و سەربەخۆیی و بێ لایەنی خۆیان لە دەستداوە، باسکردن لە دادپەروەری لە شوێنێکی لەم شێوەیە، کە دادگاکانی لەلایەن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاوە وەک دادگا ئەژمار ناکرێن، جێگەی باس نیە. پەڕلەمانی تورکیاش لە جیاتی داواکردنی دادپەروەری لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، پێویستە بۆ سەر لە نوێ بونیاد نانەوەی دادپەروەری لە دادگاکانیدا هەنگاو هەڵبگرێت.
لێرەوە سەرلەنوێ داوای خۆمان سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە کودەتای ١٥ ی تەموز دووپات دەکەینەوە و، هەروەها ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان و ڕەوانە کردنیان بەرەو مەرگ لە زیندانەکانی تورکیا کۆتایی پێ بهێندرێت و، پاشان داوای ئەوە دەکەین کە بۆ سەر لە نوێ بونیاد نانەوەی دادپەروەری، هەنگاوی جددی هەڵبگیرێت.

لەگەڵ ڕێزماندا…

94 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە