هەواڵ

ئەو چوار کەسەی ڕفێندرابوون بە شێوازێک زیندانی کران کە پێشتر هاوشێوەی لە مێژوودا نەبینراوە

ئەو چوار کەسەی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە لایەن کۆمەڵێک چەکداری نەناسراوەوە ڕفێندران و هیچ هەواڵێک لە بارەیانەوە نەدەزانرا تا سەرەنجام لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە شێوازێکی پڕ لە نهێنی لە بنکەی پۆلیسی ئەنقەرە دۆزرانەوە، لە لایەن دادگاوە بە شێوازێکی کە پێشتر هاوشێوەی لە مێژوودا نەبینراوە بڕیاری زیندانی کردنیان بۆ دەرچوو و ڕەوانەی گرتووخانە کران.
ئەو چوار ڕفێندراوە کە بریتیین لە سالم زەیبەک، یاسین ئوگان، ئۆزگور کایا، و ئێرکان ئرماک، لە دادگای ئەنقەرە برانە بەردەم دادوەر، بەڵام لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاییەکەیاندا ڕیگە نەدرا هیچ ئەندامێکی خانەوادەکانیان یاخود هیچ پارێزەرێکی تایبەت یان پارێزەری حکومی یان هەر پارێزەرێکی دیکەی سەندیکای پارێزەران لە دانیشتنەکەدا ئامادە بێت و تەنانەت ڕێگەیان پێ نەدرا لە ڕاڕەوەکانی دادگاشدا بوەستن و کرانە دەرەوە. دانیشتنەکەی دادگا بە تەواوی بە شێوازێکی دوور لە یاسا و بە نهێنی ئەنجام درا.
بەرپرسانی دادگا ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە ‘پارێزەری تایبەت’ بۆ ئەو کەسانە دابین کراوە بەڵام هیچ کەسێک زانیاری دەربارەی ئەو پارێزەرانە لە لا نییە و باس لەوە دەکرێت کە ئەو پارێزەرانە لە دەرگای پشتەوەی دادگاوە براونەتە نێو هۆڵی دادگا و دواتریش دوای تەواوبوونی دانیشتنی دادگا لە دەرگای پشتەوەی دادگاوە بە خێرایی براونەتە دەرەوە.
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەسەر پارتی هەدەپە و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا لە ڕیگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تویتەر پەیامێکی لەو بارەیەوە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند “بە هیچ شێوەیەک ئەو شانۆگەرییە قبوڵ ناکەین…! ئەو چوار کەسەی ڕفێندرابوون ڕەوانەی زیندان کران. ڕێگە نەدرا هیچ یەکێک لە پارێزەران یاخود ئەندامانی خانەوادەکانیان لە ژووری داواکاری گشتی نزیک ببنەوە، پێیان وترا ‘پارێزەری تایبەت’ دابین کراوە، بەلام ناوی هیچ پارێزەرێک دیار نییە. لە دەرگای پشتەوە ئەو پارێزەرانە ڕفێندران. تا ئێستا نازانرێت هۆکاری زیندانی کردنی ئەو کەسانە چییە. بە ڕاستی ئەوە ئابڕووچوونە! “
کەرەم ئاڵتیپارماک سەرۆکی ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە سەندیکای پارێزەرانی ئەنقەرە ناڕەزایی لە دژی ئەو کارانەی بەرپرسانی دادگا و داوەران پیشاندا و ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە ڕێگە نەدراوە ئەو چوار کەسە نە چاویان بە ئەندامانی خانەوادەکانیان بکەوێت و نە چاویان بە هیچ پارێزەرێک بکەوێت.

http://aktifhaber.com/m/15-temmuz/kacirilan-4-kisi-dunya-yargi-tarihinde-gorulmemis-uygulamayla-tutuklandi-h136044.html

85 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە