هەواڵ

لە بنکەی پۆلیس بە زۆر لەچکەکەی لەسەر لابرا، بەرەو لێپێچینەوەی نایاسایی پەلکێش کرا

بوشرا ئینان کچە خوێندکارێکی تەمەن ٢٣ ساڵە لە زانکۆی نەجمەدین ئەربەکان لە شاری کۆنیا. بوشرا لەگەڵ ٨٠ هاوڕێی خوێندکاری زانکۆی لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کران و بران بۆ بنکەی پۆلیس. لە بنکەی پۆلیس ئەو کەسانەی لەچکیان لەسەردا بوو بە زۆر لەچکەکانیان پێ لابرا و بە شێوازی نایاسایی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کرا.

بوشرا بە تۆمەتی هاوسۆزی بۆ بزاڤی خزمەت دۆسییەی لێپێچینەوە لە دژی کراوەتەوە. بە پێی بڕیارەکەی دادگای کۆنیا سزای ١٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەر بوشرادا سەپێندراوە. بوشرا لە بەرواری ٢٠ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ دەستگیر کرا و لە ئێستادا لە گرتووخانەی کایسەری بەند کراوە.

بوشرا لە نێو ١١ خوشک و براکانیدا لە هەموویان بچووکترە و ساڵی ٢٠١٤ دوای ئەوەی خوێندنی ئامادەیی لە خوێندنگەی هونەرە جوانەکان لە شاری وان تەواو کرد بە مەبەستی خوێندنی زانکۆ ڕووی لە شاری کۆنیا کرد. کاتێک بوشرا لە قۆناغی سێیەمی زانکۆ بوو، نازیمە ئینانی دایکی بە تۆمەتی بەکارهێنانی بەرنامەی بایلۆک بۆ پەیوەندی کردن لە ساڵی ٢٠١٧ دەستگیر کرا، بەڵام لە بنکەی پۆلیسی وان پێیان وتن کە ئەو کەسەی بەرنامەکەی بەکارهێناوە خۆی نەبووە بەڵکو بوشرای کچی بووە. کاتێک ئەو شتانە ڕوویاندا بوشرا لە کۆنیا سەرقاڵی تاقیکردنەوەکانی زانکۆ بوو، بەڵام لەسەر داوای داواکاری گشتی گەڕایەوە بۆ شاری وان بۆ وتە لێوەرگرتن.

بوشرا لە لێدوانەکەیدا لە بنکەی پۆلیس وتی: “برا گەورەکەم پێی وتم نزای جوانت بۆ دەنێرم و ئەو بەرنامەیەی بۆ دابەزاندم. منیش خۆم نەمدەزانی ئەوە چییە، و من ئەوکات خوێندکاری دوایین پۆلی خوێندنی ئامادەیی بووم”. بەو هۆیەوە بوشرا ئازاد کرا بە مەرجی ئەوەی هەموو هەفتەیەک سەردانی بنکەی پۆلیس بکات و واژۆ بکات.

لە بەرواری ١٣ی نیسانی ٢٠١٨ لە کۆنیا پۆلیس ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر خوێندکارانی زانکۆ ئەنجامدا. لە بنکەی پۆلیس تۆمەتی ئەوە درایە پاڵ بووشرا کە ئەو ماڵەی تێیدا دەمێنێتەوە وەک “حەشارگە” بەکارهێنراوە. ئیرۆڵ ئینان برا گەورەی بوشرا ئینان بەم شێوەیە باسی لەو ڕووداوانە کرد کە ڕوویاندا:

“ئەو ماڵەی بوشرا تێیدا دەمایەوە ماڵێکی فەرمی بوو کە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی پێکەوە بە کرێ گرتبوویان. ئەو ماڵەی تێیدا دەمایەوە هەم لە بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و هەم لە بنکەی پۆلیس تۆمار کراوە بە هۆی ئەو دۆسییەی لێپێچینەوەی لە دژی هەبوو بەردەوام لە بنکەی پۆلیس واژۆی دەکرد. بە هیچ شێوەیەک ئەوە ماڵێکی نهێنی یاخود حەشارگە نەبووە. لەگەڵ سێ چوار هاوڕێی پێکەوە دەمانەوە. ئەوە شوێنێک بوو کە خۆیان بە گری گرتبویان. خۆی لە خۆیدا خاوەن ماڵەکەش ئاشکرایە و دراوسێکانیش ئاشکران. کاتێک ئەو ئۆپەراسیۆنە ڕوویدا خوشکەکەم لەگەڵ هەشتا هاوڕێی دەستگیر کران. ئەو ڕووداوە بە شێوەیەکی زۆر خراپتر تێپەڕی. هەموویان لە بنکەی پۆلیس کۆکرانەوە و دوای ئەوەی لەچکەکانیان لێکرایەوە، سوکایەتیان پێکردن و پێیان دەوتن ئێوە هەمووتان تیرۆریستن و منداڵی تیرۆریستن. دواتر ئەو خوێندکارانە بە شێوەیەکی نایاسایی لێپێچینەوەیان لەگەڵ کرا و فشاری دەروونییان لەسەر درووست کرا”.

ئەو خوێندکارانەی بەردەوام هەفتانە سەردانی بنکەی پۆلیسیان دەکرد و واژۆیان دەکرد، یەکەم دانیشتنی دادگایان لە بەرواری ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو. دواتر لە ٢٠ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ بڕیار درا زیندانی بکرێن و بوشرا لەو کاتەوە تا ئێستا لە گرتووخانەدا دەمێنێتەوە.

بوشرا ئەو نەخۆشییانەی پێشتر هەیبوو لە نێو زینداندا زیادیان کرد. بارودۆخی دەروونیشی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر تێکدەچێت. براکەی بووشرا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پێشتر دوو جار نەشتەرگەری چاو بۆ بوشرا کراوە و پزیشکەکان وتوویانە کە پێویست دەکات بۆ جاری سێیەمیش نەشتەرگەری بۆ بکرێتەوە، جگە لەوە نەخۆشی گەدەی هەیە و ناتوانێت هەموو جۆرە خواردنێک بخوات.

ئیرۆڵ ئینان باسی لەو ڕووداوانە کرد کە لەو ماوەیەدا بەسەر خێزانەکەیاندا هاتووە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە باوکی پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ کاری کردووە بەڵام لە کارەکەی دوور خراوەتەوە و وتی “دایکم هەم نەخۆشی فشاری خوێن و هەم نەخۆشی جگەری هەیە، لەبەر ئەوە زۆر دەترسین ئەو شتێکی لەسەر بێت. دایکم بارودۆخی زۆر خراپە. نە دایکم و نە بوشرا هێزی ئەوەیان نەماوە کە چیتر بەرگەی ئەو بارودۆخە بگرن.”

هاوڕێیەکی ناو زیندانی بوشرا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بەم شێوەیە باسی لە بارودۆخی بوشرا کرد:

“لە ڕاستیدا بارودۆخی بوشرا زۆر خراپ بوو. چاوەکانی بەردەوام مۆر دەبووەوە. هەمیشە خواردنەکانی ناو زیندان ئازاری گەدەی بۆ ئەو درووست دەکرد. سکی زۆر ئازاری هەبوو. زۆر کەم خەوی لێدەکەوت. لە ڕووی دەروونیشەوە بارودۆخی زۆر خراپ بوو. یەک جاریش سەردانی پزیشکی ناو گرتووخانەی کرد بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو. پزیشکەکەی ئەوێ زۆر خراپ مامەڵەی لەگەڵ کردبوو. ئەویش لە دوای ئەو جارەوە نەیدەویست سەردانی ئەوێ بکاتەوە. بەردەوام بارودۆخی بەرەو خراپتر دەچێت و کێشی زیاتر دادەبەزێت. بە هیچ شێوەیەک ناکرێت بووشرا بتوانێت لەو هەلومەرجە سەختەی ناو زینداندا بژی.”

هاوڕێکەی بوشرا بەم شێوەیە باس لەو گرتووخانەیە دەکات کە پێشتر تێیدا مابوونەوە: “شوێنێک بوو هێندەی دوو ژوور دەبوو. نزیکەی ٢٥ کەس بە بەردەوامی لەوێدا دەماینەوە. لە ژێر هەلومەرجێکی زۆر سەختدا بووین. ژوورەکەی شێی هەبوو و بۆنێکی زۆر ناخۆشی لێ دەهات. بەتانییەکان زۆر خراپ بوون. لە ژوورەکەی تر چێشتخانە هەبوو. تەوالێت و گەرماوەکەی زۆر خراپ بوو. ئەو ڕۆژە هەرچەندە قەدەغە بوو بەڵام دووجار بە ڕووتی پشکنراین.”

http://www.shaber3.com/emniyette-zorla-basortusunu-aldilar-yasa-disi-sorguya-cektiler-haberi/1329918/

 

 

114 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە