هەواڵ

ڕووداوێکی دیکەی ڕفاندن لە ناو جەرگەی ئەنقەرەدا

ڕووداوەکانی ڕفاندن لە دوای ١٥ تەموزەوە لە شاری ئەنقەرە بەردەوامی هەیە. پێشتر لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی ڕفاندن لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ڕوویانداوە و زۆرێک لە سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو کەسانە لە لایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی سەر بە حکومەتی تورکیاوە ڕفێندراون. لە ئێستادا ڕووداوێکی دیکە بۆ سەر ئەو ڕووداوی ڕفاندنانە زیادی کرد. یوسف بیلگە کارمەندی پێشووی وەزارەتی پیشەسازی تورکیا، لە ڕۆژی سێشەمەی ڕابردووەوە تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە بارەیەوە نازاندرێت. جگە لەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەنقەرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هیچ زانیارییەک دەربارەی دەستگیر کردنی یوسف لە لای ئەوان نییە.

عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەسەر پارتی هەدەپە و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تویتەر ئەو بابەتەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:

“دیسان ئەنقەرە، دیسان ڕفاندن..! یوسف بیلگە تونچ کارمەندی پێشووی وەزارەتی پیشەسازی تورکیا کە لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکایەتی لە کارەکەی دوور خرابووەوە، لە ڕۆژی سێشەمەی ڕابردووەوە تا ئێستا هیچ هەوالێک لە بارەیەوە نازاندرێت، و کاتێک خانەوادەکەی سەردانی بنکەی پۆلیسیان کرد پێیان وترا کە هیچ زانیارییەک لە لای ئەوان نییە سەبارەت بە دەستگیر کردنی. یوسف بیلگە تونچ کە بەردەوام هەواڵی دەدا بە خێزانەکەی لە کوێیە؟ و چی ڕوو دەدات؟”

شایانی باسە چوار کەس لەو شەش کەسانەی پیشتر ڕفێندرابوون کە بریتین لە گۆکهان تورکمەن، ئۆزگور کایا، یاسین ئوگان، ئێرکان ئرماک، سالم زەیبەک و موستەفا یڵماز لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕادەستی بنکەی پۆلیس کران، و دوای شەش مانگ لە ڕفاندنیان قۆناغی دەستبەسەربوونیان لە بنکەی پۆلیس و دواتر دادگایی کردنیان دەستی پێکرد. هەر بە پێی زانیارییەکانی عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو ڕێگە نەدراوە هیچ پارێزەرێکی تایبەت یاخود پارێزەری سەر بە حکومەت لە دانیشتنی دادگایی کردنی ئەو کەسانە بەشدار بێت. جگە لەوە ڕێگە نەدراوە پارێزەرەکانی بەشی ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە سەندیکای پارێزەرانی ئەنقەرە بەشداری لە دانیشتنەکەی دادگادا بکەن.

سەرەڕای ئەوە موستەفا یڵماز و گۆکهان تورکمەن تا ئێستا بێسەروشوێنن و هیچ هەواڵێک لە بارەیانەوە نازاندرێت.

http://m2.shaber3.com/ankarada-bir-kacirilma-vakasi-daha-haberi/1329984/

 

 

41 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە