بیروڕاهەواڵ

دەوڵەت، ئەنەدۆڵو و دایکان!

محمود ئاکپنار

 
 
باسی دوو دایک، چیرۆکی پڕ ئازاری دوو ئارزوتان بۆ دەگێڕمەوە. یەکەمیان ئارزو یڵدزی ڕۆژنامەنوس و، دووهەمیان مامۆستا ئارزو ئەکچەکەیایە.
 
ئارزو یڵدز زۆر زیاتر لە ژنە ڕۆژنامەنوسێک، ژنێکی بەغیرەت و چاو نەترسی وەهایە، کە تەنانەت زۆر بە دەگمەن دوو سیفەتی لەو شێوەیە لە چالاکوانە مەدەنیەکانی ناوخۆی تورکیادا بەدی دەکەین.
لە تورکیا لە ڕێگەی سیمینارێکەوە ناسیم. هەتا ئەو کاتەی خودی ئەم ژنە مەردەم ناسی، لە ڕێگەی نوسینەکانی و قسەکانی لە مێدیاکانەوە، زۆر ستایشم دەکرد.
لە بەرامبەر ناحەقیدا نەدەچوەوە قاوغەکەی خۆیی و هەمیشە دەنگی هەڵدەبڕی. دەسەڵات و هێز و فشارەکانی، هەرگیز چۆکیان پێ دانەدەدا و، ڕێگر نەبوو لەوەی هاوار نەکات لەو زوڵمەی بە چاوی خۆی دەیبینی.
هەروەها کاتێک ئەوەم بیست کە ئارزو یڵدز دایکی دوو منداڵە، ئەو ڕێزەی بەرامبەری هەمبوو، دوو هێند زیادی کرد. چونکە بوونە دایک، لە پاڵ ئەوەی دەتکاتە خاوەنی شەفقەت و بەزەیی، لە هەمان کاتدا یەکێکە لە پیرۆزترین پیشەکانی دونیا، کە پێویست بە تەمکین و بە دیقەت بوونیش دەکات.
جگە لە دایکان، هیچ بوونەوەرێک لە دونیادا نیە، جگە لە خۆی بیر لە کەسانی تر بکاتەوە.
جگە لە دایکان، هیچ زیندەوەرێک بە بێ چاو تروکان، لەبەر خاتری زیندەوەرێکی تر خۆی فڕێ ناداتە ناو مەترسیەوە.
بەڵام ئارزو سەرەڕای خێزانەکەیی و منداڵە بچوکەکانی کە تەمەنێکی کەمیان هەبوو، هەستی داکۆکی لە دادپەروەری و حەقانیەت بەسەریدا زاڵ بوو، خاوەنی کەسایەتیەکی قارەمانی وەها بوو، کە لە پێناو حەق و حەقیقەتدا هەموو شتێکی لەبەر چاو دەگرت.
لە پێش ١٥ ی تەموز، بە ئاشکرا لە دژی زوڵمی ئاکەپە دەوەستایەوە و، مەردانە ڕوونکردنەوەی دەدا. سەرەڕای ئەوەی ناسنامەیەکی سیکولاری هەبوو، بەڵام وەک ژنێکی خاوەن دڵ، بێ ئەوەی هیچ دوو دڵیەک بیگرێت، بەرگری لەو کۆمەڵە دیندارە دەکرد کە دووچاری زوڵم و زۆرداری بوو بوون.
لە دوای سیناریۆکەی ١٥ ی تەموزیش، بە ناچاری خێزان و وڵاتەکەی بەجێهێشت.
جگە لەو ناڕەحەتی و مەشەقەتانەی تر کە توشی بوون، ناچار بوونی دایکێک بەوەی لە منداڵە ساواکەی جیا ببێتەوە، یان ئەوەی هەستی دایکایەتی و حەسرەتی منداڵەکەی بخواتەوە، پێویستی بە سەبرێکی لە ڕادە بەدەر هەیە.
ئەو ڕژێمە مافیاییەی لە تورکیاشدا بوونی هەیە، بە باشی هەست بە هێزی دایکایەتی و باوکایەتی دەکات و، هەربۆیە هیچ کاتێک لەوە نەسڵەمیتەوە، کە لە ڕێگەی هاوسەر و منداڵی مرۆڤەکانەوە، هەڕەشە و چاوترسێنییان لێبکات.
لە تەلەفۆنی هاوسەر و منداڵەکانەوە، تەلەفۆنیان بۆ باوکان دەکرد و پێیان دەوتن” گەر ئێوە خۆتان تەسلیم بکەن، ئەوا واز لە هاوسەر و منداڵەکانتان دەهێنین و ئازادیان دەکەین”. واتە سیاسەتی بە بارمتە گرتن پەیڕەو دەکەن.
سنورەکانی دڕندەییان فراوانتر کردووە و لە پاڵ ئەشکەنجەدانی فیزیکی وەها کە بە خەیاڵی مرۆڤدا نایەت، ئەشکەنجەی مەعنەوی و سۆزداری مرۆڤەکانیش دەدەن.
گوایە بە مەبەستی قسە پێکردنی کەسی ناو زیندان، هاوسەر و کچەکانیشی دەستگیر دەکەن.
 
هەروەها لە کاتی لێپرسینەوەدا، ژن و کچی هاوڵاتیانیان لە کامێراکانەوە پشانی کەسی زیندانی کراو دەدا و، هەڕەشەی دەستدرێژیان دەکرد، لە حاڵی ئەوەی دان بەو شتانەدا نەنێت کە ئەوان دەیخوازن.
ئەو چیرۆکەی ئارزو یڵدز لە فەیسبوکی خۆیەوە بڵاوی کردەوە، کاتێک باس لە ناچاربوون بە جێهێشتنی کچە ٧ مانگانەکەی دەکات و دوای ٣ ساڵ چاوی پێی کەوتۆتەوە، زۆر خەفەتی پێدام و گریاندمی. لە کاتێکدا وەک باوکیش زۆر سەختە بەرگەی حەسرەتی جیابوونەوە لە پارچەیەکی جەرگت بگریت و چەندین ساڵ نەتوانیت چاوت پێی بکەوێتەوە، ئیدی ئەمە بە نیسبەت دایکێکەوە، ئازارێکە کە بەرگە گرتنی بۆ نیە.
 
وەک ئارزو یڵدز خۆیشی ئاماژەی پێداوە، لە دوای ٣ ساڵ لە نەبینینی منداڵەکەی، سەر لەنوێ تەعاروفیان دەکردەوە. هەروەها کچە ٣ ساڵ و ٦ مانگەکەی، دایکی خۆی نەدەناسیەوە، وەک کەسێکی بیانی و نەناس سەیری دەکرد و بەرامبەری نیگەران بوو.
دەوڵەت کەوا ئەرکی پاراستن و فەراهەم کردنی ئەمن و ئاسایش و متمانەیە بۆ مرۆڤەکان، بە تایبەت لەو کاتەی تەمەنیاندا کە زۆر پێویستیان بە چاودێری چواردەورەکەیانە، بەڵام لە تورکیادا دایکێک ناچار دەکات بەوەی کۆرپەکەی بەجێبهێڵێت.
 
ئەوەی لێردا جێگەی داخە، ئەم مامەڵەی دەوڵەت، تەنیا تایبەت نیە بە ئارزو یڵدزی ڕۆژنامەنوس، کە بە نوسین و وتارەکانی کاربەدەستانی دەوڵەتی ناڕەحەت کردووە.
لەو کۆماری تورکیای کە ئێردۆغان تێیدا سیستەمێکی تاکڕەوانەی دامەزراندووە و کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی کردووە، دەیان هەزار دایک و منداڵ و هاوسەری لە یەک جودا کردۆتەوە و، زیندانەکانی لێ پڕ کردوون.
هەزاران منداڵی ساوای ناچار بەوە کردووە لە ژوورە تاریکونوتەک و دیوارە سارد و سڕەکانی زینداندا ژیان بەسەر ببەن.
 
مامۆستا ئارزو لەگەڵ داملەکەی
 
چیرۆکی دووهەمیان وەک پوختەی ئەو چیرۆکانەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردووی تورکیادا ڕوویانداوە.
بە بیانوی ئەوەی جێ پەنجەی لەسەر یەکێک لەو کتێبانە هەیە کە بە ناچاری فڕێی داوەتە ناو تەنەکەی خۆڵەوە، مامۆستا ئارزو لەگەڵ دامڵەی کچە ١٠ مانگانەکەی، ڕەوانەی زیندان کران. تەنیا ئەم ڕووداوە بەسە بۆ پشاندانی ئەو زوڵم و کارەساتەی لە تورکیادا ڕوو دەدەن. ئیدی مرۆڤ لەم حاڵەتانەدا نازانێت خەفەت بە کام زوڵم و کاری بێ واتا بخوات.
تەنیا لە یەک ڕووداودا چاوت بە چەندین زوڵمی یەک لەسەر یەک، ئەزیەتدان، کاری نایاسایی، بێ هەڵوێستی و بێ مەعنایی دەکەوێت.
بۆ نمونە لە ڕووداوی زیندانی کردنی مامۆستا ئارزو لەگەڵ منداڵە تەمەن ١٠ مانگەکانەکەیدا:
نازانیت خەفەت بۆ مامۆستایەک بخۆیت کە لە شەوێکدا ئەو کتێبانەی وەک وانە دەیوتنەوە، وەک “شتێکی قەدەغە کرا” و “ئامرازی تیرۆر” ی لێهات، یاخودد خەفەت بۆ ئەوە بخۆیت کە بە ناچاری فڕێی داونەتە ناو تەنەکەی زبڵەوە.
یاخود خەفەت بۆ دەرکردنی ئەو مامۆستایە لە کارەکەی و دوور خستنەوەی لە خوێندکار و پیشە خۆشەویستەکەی، بخۆیت.
یاخود خەفەت بۆ ئەو داماویە بخۆیت کە دەوڵەت خۆی تێخستووە و لە کتێبی دینیەوە بەڵگەی “تاوانبار” بوونی هاوڵاتیانی خۆی دەسەلمێنێت.
یاخود خەفەت بۆ پێشێلکردنی ئەو یاسا و دەستورە، هەروەها یاسای شەریعەتی ئیسلام و بەها گەردونیانە بخۆیت کە بە ئاشکرا زیندانی کردنی دایکانی خاوەن منداڵی ساوا قەدەغە دەکات.
یاخود خەفەت بۆ ئەو ڕۆشنبیرانە بخۆیت کە لە بەرامبەر ئەم زوڵمانەی بەرامبەر دایکان و منداڵان ئەنجام دەدرێت، لاڵ بوون و قسەیان پێناکرێت.
یاخود خەفەت بۆ ئەو کۆمەڵگایەی بەزەیی لە دەستداوە و ئەم جۆرە کارانە قبوڵ دەکات.
 
یاخود خەفەت بۆ ئەو کۆمەڵگایە بخۆیت، کە زاڵمی گەڕەکەی خۆی نابینێت و، تەنانەت چەپڵە بۆ زوڵمەکانیشی لێدەدات.
یاخود خەفەت بۆ ئەو کۆمەڵگا پارچە پارچە بووەی، کە تەنیا داوی مافی کەسانی سەر بە گەڕەکەکەی خۆیان دەکات.
یاخود خەفەت بۆ ئەو زیهنیەتە دەخۆت، کە تەنانەت لە کاتی زوڵمکردن لە دایکان و منداڵانی ساواشدا، هێشتا دەوڵەت بە پیرۆز دەزانێت و دەڵێت “دەوڵەت شتێک دەزانێت بۆیە وا دەکات، گەر تاوانێکیان نەکردبێت ناینخاتە زیندانەوە”.
کۆمەڵگای تورکیا پێویستە بە خۆیدا بچێتەوە و بە چاوی ڕەخنەوە سەیری خۆی بکات.
دەوڵەت چەمکێکی ئەبستراکتە، ڕاستە گرنگ و پێویستە، بەڵام پیرۆز و سەرو لێپرسینەوە و ڕەخنە نیە.
پێکهاتەیەکی ئیلاهی نیە کە هەموو شتێکی بە قسە بکەیت و بەیعەتی پێبدەیت.
بە پێچەوانەوە، دەوڵەت پێویستە لە ڕوانگەی ئیسلام، مرۆڤایەتی، یاسا، ویژدانەوە بە لێپرسینەوە و ڕەخنەکاریدا ببردرێت.
بە داخەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، کاتێک تاک و دەوڵەت ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، زۆرینەی کات بە هۆی ترس، یاخود ئەو دەرخیاتە هەڵەیەی سەبارەت بە دەوڵەت هەیە، هاوڵاتیان لایەنی دەوڵەت دەگرن و، بەم شێوەیە دەوڵەت تاک دەکات بە قوربانی خۆیی و حەق و دادپەروەری دەکرێتە فیدای هێز و دەسەڵات.
بەڵام هەندێک جار خۆشیان پێناگیرێت و پەنا بۆ قسەیەکی ئێرتوغرول غازی دەبەن کە دەڵێت” مرۆڤەکان بژیەنە هەتا دەوڵەت بژی”.
بە تایبەت کەسانی نەریت پارێز و دیندار، پێویستە تێڕوانینیان بۆ دەوڵەت بگۆڕن.
ئەو هزرەی لە ناسیۆناڵی سۆسیالیزم و فاشیستەوە سەبارەت بە دەوڵەت بە میرات وەرگیراوە، شتێک نیە پیرۆز بکرێت و لەگەڵ ئیسلامدا پەیوەندی نیە.
لە ئیسلامدا ئەوەی پیرۆزە، مرۆڤ و تاک، گیان، حەق، موڵکیەت، ئازادیەکانە. لە هەموو قورئان و حەدیسدا، شتێک بە ناوی پیرۆز ڕاگرتنی دەوڵەتەوە نابینیت.
بەڵام چاوت بە هەزاران حەدیس و ئایەت دەکەوێت، کە بایەخ بە پاراستنی مافی مرۆڤەکان دەدات.
ئیسلام دەوڵەت پیرۆز ڕاناگرێت، بەڵکو بەهەشتیش لە ژێر پێی دایکاندا دادەنێت.
هەروەها فەرمان بەوە دەکات کە بەرامبەر دایکان و باوکان، تەنانەت وشەی ئۆفیش بەکار نەهێنین. هەروەها چاوت بە زۆر حەدیس و ئایەتی تریش دەکەوێت، کە دایکایەتی بەرز و پیرۆز ڕادەگرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەم زوڵمە لەلایەن گروپێک چەتەوە ئەنجام دەدرێت، کە تەواوی دەسەڵاتەکانی دەوڵەتیان گرتۆتە دەست، بە شێوەیەکی ناحەقانە بەکاری دەهێنێت.
گەر ڕووبەڕووی ئەم جۆرە کەسانە ببیتەوە، بە واتای دژایەتی دەوڵەت و ڕوخاندنی نایەت.
ئەی دیندار، نەتەوەپەرستان، جەماعەت، تەریقەتەکان، تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا، دەست بۆ ژن و منداڵی ساوا نابردرێت. ئێوە کاتێک زوڵم لە دایکان و منداڵانی ساوا دەکرێت، بە گوێرەی کام پێودانگی ویژدان و یاسا، پاڵپشتی لە دەوڵەتێکی زاڵم دەکەن و، گوێ لە ئاخی دایکان ناگرن.
ئەی خەڵکی ئەنەدۆڵو، کە بەشێک لە ناوەکەتان بە دایک”ئەنە” دەست پێدەکات، لە کاتێکیشدا کە لە بەرچاوتاندا ئەم هەموو زوڵمە لە دایکان و منداڵان دەکرێت، هێشتا قسەیەک ناکەن و هەڵوێستێک دەرنابڕن؟ هێشتا پاڵپشتی لەو کەسانە دەکەن، کە دەوڵەتیان کردووە بە ئامرازی زوڵم کردن؟
https://twitter.com/tr724com/status/1158111830662930433
 
 
28 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە