بیروڕاهەواڵ

سزای ٩٠ ساڵ زیندانی بۆ کاری خێرخوازی!

 

داواکاری گشتی، لە دۆسیەی دادگایی کردنی گومانلێکراوانی دۆسیەی هۆڵدینگی کۆزا ئیپەکدا، بڕی سزاکەیانی بە دادگا ڕاگەیاند.

داواکاری گشتی، داوای ٩٠ ساڵ زیندانی بۆ جەعفەر تەکین ئیپەک و ٢٠ ساڵ زیندانی بۆ مەلەک ئیپەک دەکات.

ئەو مەلەک ئیپەکەی، کە هەر وەک ناوەکەی ژنێکی فریشتەیە. چەندین خوێندنگەی بە دەوڵەت بەخشیوە، هەمیشە دەستی یارمەتی بۆ کەسانی لێقەوماو درێژ کردووە.

ئەو بولەنت ئارنچەی کە هەتا دوێنی لە بەردەرگای خانەوادەی ئیپەک بوو، ئاخۆ بۆ داوای ٢٠ ساڵ زیندانی خاتوو مەلەک ئیپەک چی بڵێت.

 

”مرۆڤگەلێک کەوا ئەزیەتی مێرولەشیان نەداوە، وەک تاوانباری گەورە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت”

     لە ماوەی ڕابردوودا دادگای تورکیا، لە یەکەم دانیشتنی دادگادا، ئەو دوو پاقلاوەچیەی ئازاد کرد، کە ئۆتۆمبیلی ژنێکی دوو گیانیان بەر شەق دا، بەڵام مرۆڤگەلێک کە ئەزیەتی مێروولەشیان نەداوە، وەک تاوانباری گەورە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

 

ئەو سادات پێکەرەی سەرۆکی دەستەیەکی مافیایە و لە بەردەم جەماوەرەکەیدا وتی ” چەک هەڵبگرن، بە خوێنیان خۆمان دەشۆین”، لەلایەن داواکاری گشتیەوە لەبەردەم دەرگای دادگا پێشوازی لێکرا و، پاشان بڕیاری “پێویست بە لێپرسینەوە ناکات” دەرکرد. بەڵام خانەوادەی ئیپەک کە بە خێرخوازیان ناوبانگیان دەرکردووە، وەک ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆرستی دادگایی دەکرێن.

بە گوێرەی داواکاری گشتی دادگای ٢٤ هەمینی سزا قورسەکانی ئەنقەرە، جەعفەر تەکین یەکێکە لە تیرۆرستە گەورەکانی تورکیا و بەو هۆیەوە داوای سزای ١٥ ساڵی بۆ کردووە و، هەروەها بە هۆی ١٤ جار پێشێلکردنی یاسای باجەوە، داوای سزای ٧٠ ساڵ و، بە گوێرەی پێشێلکردنی یاسای بازاڕی سەرمایە داوای ٥ ساڵ زیندانی کردووە؛ واتە کۆی گشتی سزا داوا کراوەکان خۆی دەدات لە ٩٠ ساڵ.

“قەرزی خۆیان دەدەنەوە”

لەم سەردەمی زیلەتەدا کە دادگا وەک “سەگی دەسەڵات” ناوبانگی دەرکردووە، ئەو داواکارە گشتیانەی داوای سزای لەم شێوەیە دەکەن، قەرزی خۆیان بەو دەسەڵات دەدەنەوە کە لەسەر ئەو کورسیانە دایناون.

ماوەی ٣ ساڵە دادگایی کردنی خانەوادەی ئیپەک بەردەوامی هەیە و هیچ بەڵگەیەک لەسەر تێوەگلانی خانەوادەی ئیپەک لەو تۆمەتانەی بۆیان هەڵبەستراوە، پشان نەدراوە.

خۆ گەر یاسا لەم وڵاتەدا کارا بووایە، ئەوا ئەم دۆسیەیە هەر زوو بڕیاری داخستنی دەردەکرا و جەعفەر ئیپەک و تەواوی دەستبەسەرکراوەکانی تریش ئازاد دەکران.

هەربۆیە لە پێناو ڕازی کردنی دەسەڵات، ئەو سزایانەی بۆ بکوژە گەورەکانیش ناوێرن باسی لێوە بکەن، بۆ کەسانێک داوای دەکەن کە تەنانەت ئەزیەتی مێروولەیەکیشیان نەداوە.

داواکاری گشتی لە پێناو خۆ بردنە پێشەوە، هەر بەمەوە نەوەستا و داوای دەستبەسەراگرتنی پشکی ٢٠ هاوڵاتیشی دەرکرد، کە هیچ پەیوەندیەکیان بە خانەوادەی ئیپەکەوە نیە و، بە شێوەیەکی یاسایی، لە بۆرسەی ئیستەنبولدا پشکەکانیان کڕیوە.

“هۆلدینگێک کەوا پشکەکانی بە ڕووی هاوڵاتیاندا کراوە بێت، چۆنی بڕی باجەکەی دەشارێتەوە؟”

 

ئەو داواکاری گشتیەی کە باسی پێشێل کردنی یاسای باجدان دەکات، پێدەچێت ئەوەیان بیر چووبێتەوە، ئەو کەسەی ڕاپۆرتی دارایی لەسەر کۆزا ئیپەک نوسی و پاشان وەک بەڵگەی دانانی قەیوم پێشکەشیان کرد، لە ڕاپۆرتەکەیدا وتوویەتی” پەڕاوێکی بەم شێوەیە بێ عەیب لە شوێنێکی وەک تورکیا، کە گەندەڵی تێیدا بەربڵاوە، جێگای گومانە!”.

واتە خودی دەوڵەت کاتێک ڕاپۆرت لەسەر کارەکانی ئەم هۆڵدینگە دەنوسێت، دان بەوەدا دەنێت کە هێندە بێ عەیب و کەموکورتیە، مرۆڤ سەری لێی سوڕ دەمێنێت، هەم لە بەردەم دادگا باسی قاچاغچێتی و کاری ساختە دەکەیت؟

 

باسکردنی داواکاری گشتی لە کاری قاچاغی هۆلدینگێک کەوا پشکەکانی لە بۆرسەی ئیستەنبول، لە بەردەم هاوڵاتیاندا کراوەیە، قسەی کەسێکە کەوا لە حەق و دادپەروەری تێبگات؟

هۆڵدینگە گەورەکان کە پشکەکانیان بۆ هاوڵاتیان کراوەیە، بە پێچەوانەی کۆمپانیا ئاسایەکانەوە کە ساڵانە تەنانەت جارێکیش پشکنینی داراییان بۆ ئەنجام نادرێت، هەموو ٣ مانگ جارێک بە پشکنینی دەستەی چاودێری دارایدا تێدەپەڕن و حسابی یەکە بە یەکەی قڕوشەکانیان لەگەڵدا دەکەن.

 

ئەو هۆڵدینگەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا خەڵاتی “ڕیکۆرد شکاندن لە بەخشینی باج” ی پێدرا، ئێستا تۆمەتباری دەکەن بەوەی لە باجداندا کاری یاساغی کردووە؟

“پارە ڕەشەکە و ئەو ئاڵتونانەی کە نەنێژرابوون چییان لێ بەسەر هات؟”

لە ماوەی ڕابردوودا قەڵەمشۆڕەکانی سەر بە دەسەڵات باسیان لە پارەی ڕەش و سپیکردنەوەی دەکرد، ئەی داواکاری گشتی بۆ هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئەو تاوانە پشان نەداوە.

وەک چۆن ئاکن ئیپەکی خاوەنی کۆزا ئیپەکیش لە وەڵامی ئەو بوختانەیاندا وتی” گەر یەک قڕوش پارەی ڕەش بدۆزنەوە، ئەوا هەموو سەروەتەکەمیان پێدەدەم”.

تەنانەت ئەو دادگایانەی کە بە دەستی خۆیان دروستیان کردووە، ناتوانن ئەم بوختانەی ڕۆژنامەکانی سەر بە دەسەڵات بسەلمێنن و پشت ڕاستی بکەنەوە.

 

گوایە  ئاکن ئیپەک، لە نیوەی شەودا کامێراکانی چاودێری داخستووە و هەندێک لە ئاڵتونە دۆزراوەکانی شاردۆتەوە. دەی کوا بۆ نەتاندۆزیەوە؟!

لە ڕاستیدا بانگەشە بەرزکراوەکانی داواکاری گشتی، ئەوە دەسەلمێنێت کە تەواوی بوختانەکانی ڕابردوو، هەموویان بێ بنەما بوون.

تەواوی ئەوانەی دەتوانین بە ئەهلی ویژدان ناوی ببەین، ئەوە چاک دەزانن کە تەنیا تاوانی خانەوادەی ئیپەک بریتیە لە خێرخواز بوونیان.

 

ئەم مرۆڤانە کە لە وڵاتانی مەدەنی دونیا، لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکانەوە خەڵاتی کەسی نمونەییان پێدەدرێت، لەلایەن سەرۆکی ئاکەپەوە سزا دەدرێن.

ئێردۆغان بەم شێوەیە تۆڵەی خۆی لە هاوسۆزانی خزمەت دەسەنێت. ئەو خێرخوازانەی دەرماڵەی خوێندکارە هەژارەکانیان دابین کردووە، وەک تیرۆرست مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

 

“ئاکن ئیپەک لە دادگای ئینگلتەرا بریاری بێ گوناحی بۆ دەرچوو لەو دۆسیەی کە لەلایەن ئاکەپەوە ئامادە کرابوو”

دانیشتنی دادگا لە ١٤ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، دەست پێدەکاتەوە، ئەگەریش زۆرە لەو دانیشتنەدا بڕیاری کۆتایی دەربچێت. با هیوای ئەوە بخوازین کە دادوەری دادگا، بە گوێرەی سەرلێشێواویەکانی داواکاری گشتی بڕیار نەدات و گوێ لە دەنگی ویژدان و حقوق بگرێت.

ئاکن ئیپەک بە هەمان دۆسیە و بانگەشەکانی ناوی لە ئینگلتەرا دادگایی کرا. دادگا وەک بڕیاری بێ گوناحی ناوبراوی دەرکرد، لە هەمان کاتدا داوای ڕادەستکردنەوەی ئاکن ئیپەکی بە تورکیا ڕەت کردەوە.

لە کاتێکدا بڕیاری بێ لایەنانەی دادگاکانی ئینگلتەرا وەستابێت، بڕیاری دادگاکانی سەر بە ئاکەپە، هیچ کاریگەریەک لەسەر خانەوادەی ئیپەک و بۆیداک دانانێت.

لە سێکتەری کاری پیشەسازی و کانزایی کە ئێردۆغان و هاوبەشەکانی خۆیانی لێ بە دوور دەگرن، هەتا دان بە مەغدوریەت و حەقی کەسانێک نەنرێت، کەوا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کارامەیی خۆیان سەلماندووە، تورکیا ناتوانێت پشتی خۆی ڕاست بکاتەوە.

وەک موستەفا بۆیداکی خاوەنی ڕاستەقینەی هۆڵدینگی بۆیداکیش لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەی پێدا” هەتا ئەو کاتەی ڕەچاوی مافی موڵکدارێتی دەکرێت و پیاوانی کار لە زیندانەکان ئازاد دەکرێن، تورکیا ناتوانێت پشتی لەم قەیرانە ئابوریەی تێیکەوتووە بەرز بکاتەوە”.

دەسەڵات هەر کەسێکی بە دڵ نەبێت و حەز بە چارەی نەکات، لە ڕێگەی دادگاوە دەست بەسەر سەروەت و سامانیدا دەگرێت و مافی موڵکدارێتی پێشێل دەکات.

لە ئابوریەکی لەم شێوەیەدا، تەنیا کەسانێکی قۆڵبڕی وەک جێت فازڵ، غالب ئۆزتورک، سەدات پێکەر و دامەزرێنەرەکەی بانکی جووتیاران، خۆیان وەک پیاوی کار پشان دەدەن و خەڵکی داماو دەڕوتێننەوە.

دەسەڵاتی ئاکەپە هەتا دوێنێ، خزمەتێکی گەورەی بەو کەسانە گەیاند کە کاریان یاریکردنەوە بە نرخی دراوەکان و ئێستاش خزمەت بە لۆبی سوو خۆران دەکات. بەڵام پیاوانێکی کار کە خەڵاتی شکێنەری ژمارە پێوانەییەکانیان پێدراوە لە بەخشینی باجدا، ئێستا لە دادگاکان وەک ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆرستی دادگایی دەکرێن. بەم شێوەی سەرنجی هەموو کەسێک لەسەر ئەو تاڵانیە گەورەیە لادەبەن، کە خۆیان ئەنجامی دەدەن.

 

ئەم سەردەمە تاریکە، درەنگ یاخود زوو، بە کۆتایی دەگات. ئیدی ئەو ڕۆژە، ئەو داواکارە گشتیانەی داوای سزای ٩٠ ساڵ زیندانی بۆ کەسانێکی خێرخواز دەکەن، ڕووی چوونە ناو خەڵکیان نامێنێت.

دووبارەی دەکەمەوە: خانەوادەی ئیپەک تەنیا یەک تاوانیان هەیە: ئەویش ئەوەی کەسانێکی زۆر خێرخواز بوون.

 

 

 

53 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە