بیروڕاهەواڵ

دوای ٣ ساڵ لە جێهێشتنی کچە ٧ مانگەکەی، ئارزو یڵدزی ڕۆژنامەنوس بە کچەکەی شاد بوویەوە

 

ئارزو یڵدز یەکێک لەو ڕۆژنامەنوسانەی بە هۆی فشارەکانی ئاکەپەوە بە ناچاری تورکیا بەجێهێشتووە، لە دوای ٣ ساڵ لە جێهێشتنی کچە ٧ مانگەکەی، بەیەک شاد بوونەوە.

یڵدز کە ئێستا لە وڵاتی کەنەدا ژیان بەسەر دەبات، لە پەیجی فەیسبوکی خۆی، نوسینێکی سەبارەت بە ساتی شادبوونەوەی بە کچەکەی بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی نوسینەکەیدا دەڵێت” ئەوم هەر بە مەمکە مژەکەیەوە وەرگرتەوە، کە پێوەی جێمهێشتبوو”، پاشان دەڵێت” شەوی یەکەم کاتێک خەبەری بووە، داوای ڕۆشتنەوەی بۆ لای باپیری دەکرد و شەقی لەسەر سنگم هەڵدا”.

یڵدز باس لەوە دەکات لەگەڵ هەموو شەقێکدا کە کچە بچوکەکی لێیداوە، خۆشەویستی لە دڵیدا زیاتر بووە و پاشان دەڵێت” ئەو نازانێت لە زەلکاوی کام بێ ویژدانی ڕزگاری بووە. ئیدی نازانم چەند منداڵ بەم شێوەیە بە دایک و باوکیان گەشتوون. چەند منداڵیان ناچار بەوە کرد کە تەعاروف لەگەڵ دایکی خۆی بکات!”.

ئەمەی خوارەوە بەشێکە لەو نوسینە پڕ سۆزەی ئارزو یڵدز،کە بە بۆنەی شاد بوونەوەی بە کچەکەی خۆی نوسیوێتی:

زۆر جار لە فیلمەکاندا ئەوە دەبینین، مرۆڤێک کەوا یادگەی خۆی لە دەستدابێت، بۆ ئەوەی یادگەی بخەنەوە کار، گۆرانیەک، دەنگێک، دەموچاوێکی پشان دەدەن کە لە ڕابردوودا کاریگەریەکی قوڵی لەسەر ئەو کەسە دانابێت.

من لەو ساتەی تورکیام بەجێهێشتووە، هیچ شتێکم سەبارەت بە ڕابردووم بیرنەماوە. تەنیا ئەو ڕۆژەم لە یادە کە بە فرمێسکی چاوەکانمەوە ئەو وڵاتەم بەجێهێشت. کەواتە تورکیا بە نیسبەت منەوە تەنیا یەک ڕۆژە، لەوە زیاتر نیە، هەروەها مەمکە مژەیەکی منداڵان.

 

دایکێک چۆن دەتوانێت جگەرگۆشەکەی خۆی کە لەناو بێشکەدایە، بەجێبهێڵێت. هەربۆیە بێ ئەوەی سەیری دواوەی خۆم بکەم و ئاوڕی لێبدەمەوە، بەجێمهێشت.

کاتێک چوومە بەر دەرگای ماڵەکەمان، خۆم پێنەگیرا و ئاوڕم لێدایەوە، سەیری کچەکەمم کرد کە لەسەر فەرشەکە گاگۆڵکێی دەکرد و مەمکە مژەیەکی لە دەمدا بوو.

باجی بە ویژدان بوونی خۆمم دەدا، بە بەجێهێشتنی بێ ویژدانانە و ناچارانەی، کچە بچوکەکەم.

لەو کاتەدا بیرم لەو مرۆڤانە کردەوە کە هەواڵم لەسەر دروست دەکردن، بە خۆمم وت : تۆ بڵێیت ئەوانیش بەم شێوەیە ماڵ و منداڵی خۆیان بەجێهێشتبێت؟

ئیدی هیچ کاتێک وێنەی ئەو منداڵەی بە مەمکە مژەیەکەوە لەسەر فەرشەکە گاگۆڵکێی دەکرد، لە یادگەمدا نەسڕایەوە.

کاتێک گەشتمە کەنەدا، هیچ شتێک لە ئەقڵمدا نەما سەبارەت بە تورکیا. لە ڕاستیشدا مومکین نەبوو، شتێکی تێدا بمێنێتەوە. هەرکەس و شتێک بە ئەقڵمدا دەهات، هەموویان یەکە یەکە ڕۆشتن و نەمان. هەموویان لە ڕەشەبایەکدا بێ دڵ و بێ ویژدانانە خۆیان دا بە دەم ڕەشەبایەکەوە.

مەگەر ئەوان تەنیا کابوسێکی ناو خەیاڵ/بیرکردنەوەکانی من بوون.

 

لێرە ماوەی ئەو ٣ ساڵەی ژیانم گوزەراند، هەمیشە بیرم لەوە دەکردەوە، کە تۆ بڵێیت جارێکی تر بە کچە ٧ مانگانەکەم دەگەمەوە یاخود نا.

مرۆڤ پێویستە هەموو کاتێک خۆی بە ژیاندا هەڵبواسێت و، نەمویست دایکێکی بێ هێز و نەخۆش لە چیرۆکەکانی کچەکەمدا بەجێبهێڵم. ڕۆژێکیان لەسەر پردێک دەڕۆشتم و مەمکە مژەیەکم گرت بەدەستمەوە، چەندین کاتژمێر بەو مەمکە مژەیەوە لەسەر ئەو پردە وەستام و گریام. زۆر ئاسانی فڕێدانی مەمکە مژەیەک لەسەر ئەو پردەوە، مرۆڤ لە هیچ ناترسێت کاتێک هیچی نەما بۆ لە دەستدان! بەڵام نامەوێت وەک ترسنۆکێک لەم ژیانە بڕۆم. دایکێک کەوا چۆکی دادابێت، دەتوانێت چی نمونەیەک بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی لە دوای خۆی بەجێی دەهێڵێت؟!

 

ئیدی ئەو مەمکە مژەیەوە بووە یەکێک لە وێنە گرنگەکانی ژیانی من. ئیدی ئەو مەمکە مژەیە، وەک مەکینەیەکی لێهات، کە هەموو ئەو شتانەی لە یادم کردووە، بیرم بخاتەوە.

هەفتەی ڕابردوو لە دوای ٣ ساڵ بە کچەکەم شاد بوومەوە. ئەوم هەر وەک چۆن بە مەمکە مژەیەکەوە جێهێشت، هەر بەو شێوەیەش وەرمگرتەوە.

کاتێک چاوم پێی کەوتەوە، حەزم نەکرد بگریم و بیترسێنم. خۆ تێدەگەن لەوەی مرۆڤ چۆنە کاتێک لەگەڵ منداڵی خۆیدا تەعاروف بکات؟

کاتێک لە فڕۆکەخانە چاوەڕێی هاتنیم دەکرد، سەیری هەموو منداڵە بچوکەکانم کرد و دەموت: تۆ بڵێیت کامیان منداڵەکەی من بێت.

پاشان چاوم پێکەوت لە پشتی جانتای ژنێکەوە، ئەو هەر زوو منی بەدی کردبوو، چاوە گەورەکانی لە من بڕیبوو، سەیری دەکردم. ئیدی ناتوانم بە هیچ وشەیەک گوزارشت لەو تێڕوانینە بکەم.

تێڕوانینێک بوو کە گوزارشتی لێناکرێت. بە گوێرەی ئەو لاشە بچوکەی ئەو، تێڕوانینێکی زۆر قوڵ و واتاگەلی گەورەی هەڵگرتبوو. وەک ئەوەی بڵێت” ئەو منداڵەی بە دوایدا دەگەڕێیت منم، تۆ دایکی منیت؟”. لەو کاتەی هەستی بەوە کرد کە منیش ئەوم بینی، بە تەواوی خۆی لە پشت جانتای یەکێک لە گەشتیارەکانەوە شاردەوە.

بەڵام دیسان هەر لە سوچێکەوە تەماشای دەکردم. تێڕوانینێک بوو کە تا کۆتایی تەمەنم ناتوانم لە بیری بکەم. کاتێک باوەشم پێدا کرد، لە شوێنی خۆی وشک بوو، هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو. شەرمی دەکرد. کاتێک کەمێک پێکەوە ڕۆشتین، پرسیاری ئەوەی لێکردم کە جلەکانیم بە دڵە یاخود نا؟

کاتێک بە ئۆتۆمبیلێک هاتینەوە ماڵەوە، بە درێژایی ڕێگاکە لە ئاوێنەکەوە ئەو سەیری منی کرد و، منیش سەیری ئەو.

هەردووکمان سەیری یەکترمان دەکرد. وەک ئەوەی بڵێین: با دەموچاوی یەکتر دەرخ بکەین.

ئەوەی پێیدەڵێن ژیان، هەندێک جار دەشێت لە بەیانیەکدا وەک کەسێکی تر بەئاگات بهێنێتەوە. کچەکەشم بەو منداڵیەی، هەستی بەمە کردبوو.

کاتێک گەشتینە ماڵەوە، هەوڵمدا کەمێک قسەی لەگەڵدا بکەم، لە ڕاستیشدا نیوەی شەو بوو، ئەویش هەر زوو خەوی لێکەوت. ئەوە یەکەم جار بوو، لە دوای ٣ ساڵ، لە پاڵ یەکدا بخەوینەوە.

شەو لە پڕێکدا شەقێک کێشای بەسەر سنگمدا و بەو شێوەیە خەبەرم بوویەوە. “ئێرە ماڵەکەی خۆمان نیە، لاچۆ با باپیرەم بێتەوە”. بە هاوارەوە لە خەو ڕاپەڕی و، سەرینەکەی هەڵگرت و وتی ” من نامەوێت لەگەڵ تۆدا بخەوم”.

مرۆڤ زۆر خەفەت ناخوات بەو شەقەی، گەر لە بەر خاتری وەفا تێیهەڵدرابێت، منداڵێک گەر لە شەوێکدا ئەو کەسە لەبیر بکات کە ئەو هەموو ڕەنجەی لەگەڵدا داوە، کاتێک گەورە بوو، لە جیاتی ئەو شەقە لە سنگت هەڵبدات، دەشێت  لە سمتتی هەڵبدات. هەربۆیە منیش زیاتر خۆشم ویست.

ئەمڕۆ ١٠ ڕۆژی ڕێکە بە یەک شاد بووینەتەوە، بەڵام وەک ئەوە وەهایە لە یەکەم ڕۆژەوە شەقم لێبدات. ناتوانم لەسەر ئەژنۆکانم دابنیشم، هەموو لایەکی گیانم دەئێشێت. بێ حاڵ و ماندووم. وابزانم ئەمە ماندوویەتی چاوەڕوانی و ساتی بەیەک گەشتنەوەیە. ئەژنۆکانم؛ بەرگەی قورسایی ئەو دڵخۆشیە ناگرێت کاتێک بیر لەو مرۆڤانە دەکەمەوە کە هێشتا بە منداڵەکانیان شاد نەبوونەتەوە. ئیدی لە ویژدانی ئەو کەسانە تێناگەم، کە چۆنی ئەم کارانە ئەنجام دەدەن.

ماڵێکی نوێ، دایکێکی نوێ، وڵاتێکی نوێ، زمانێکی نوێ، پێخەفێکی نوێ، ئەم کچە بچوکە کە تەواوی دونیای نوێ بۆتەوە، ئاگای لەوە نیە لە کام زەلکاوی بێ ویژدانی دەرچووە. ئیدی نازانم ژمارەی ئەو منداڵانە چەندە کە بەم شێوەیە تەعاروفیان لەگەڵ دایک- باوکیاندا کردووە. ئیدی نازانم چەند مرۆڤیان ناچار کردووە بەوەی بەم شێوەیە تەعاروف لەگەڵ دایک و باوکیاندا بکەن.

یاخود چەند دایک لەلایەن منداڵەکەیەوە شەق لەسەر سنگی هەڵدراوە و بەو شێوەیە بە ئاگا هاتۆتەوە. بەڵام ئەوانە دەزانم، کە لە جیاتی شەق، سەریان دەخەنە سەر ئەو سنگە.

من بەو شەقی وەفایە خەم ناخۆم…

یاخود ئەوەی لە ماڵی خۆیدایە و کەچی چاوی بە دوای ماڵی خۆیدا دەگەڕێت!

شەقەکەی ئەو وەک تفێکە لە ڕووی گەشتیارانی ئەو کەشتی بێ ویژدانییە.

ئەو کەشتیە بە تفی منداڵانی ساوا نغرۆ دەبێت.

ئیدی بۆ ئەوەی کچەکەم سواری کەشتی کەس نەبێت، بۆ ئەوەی خۆی بتوانێت ڕێگە تەی بکات لە دەریا پان و بەرین و بێ بنی ژیاندا، یەکەم وانەی من و کچەکەم، بە فێربوونی مەلە دەست پێدەکات…

 

48 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە