بیروڕاهەواڵ

فیلمێکی دۆکۆمێنتاری لەسەر ژیانی ئەو مامۆستایەی لە ژێر ئەشکەنجەدا شەهید کرا: چاویلکەی شکاو

 

 

مامۆستا گۆکهان ئاچککۆڵو، ئەو مامۆستایەی لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموز دەستگیر کرا و، لە قاتی سێهەمی گرتوخانەی پۆلیسی ئیستەنبول گیانی لە دەستدا، لە فیلمێکی دۆکۆمێنتاریدا وردەکاریەکانی ڕووداوەکە دەخرێتە ڕوو.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی شەبنەم کۆرور فینانجی، کە شارەزایەکی بواری پزیشکی دادوەریە، ناوبراو بە هۆی ئەشکەنجە و پێنەدانی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشی شەکرە، جەڵتەی دڵ لێیداوە و پاشان گیانی لە دەستداوە.

لە دوای گیان لە دەستدانی مامۆستا گۆکهان، خانەوادەکەی سکاڵایان لەسەر ئەشکەنجەدەران تۆمار کرد.

بەڵام داواکاری گشتی لە وەڵامی داواکەیاندا وتی “پێویست بە بەدواداچوون ناکات” و بەم شێوەیە دۆسیەکەی ناوبراوی داخست.

 

پارێزەرانی مامۆستا گۆکهان، لە ماوەی ڕابردوودا داوای بڵاوکردنەوەی وێنەکانی کامێرای چاودێری ناو زیندانیان کرد، لە ماوەی ئەو ١٣ ڕۆژەی لە گرتوخانەی بنکەی پۆلیسی ئیستەنبول بووە.

بەڵام داواکاری گشتی تەنیا وێنەی ١ کاتژمێر و ٢٥ خولەکی کۆتایی ژیانی مامۆستا گۆکهانی خستە دۆسیەکەیەوە.

تەنانەت ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لەلایەن ماڵپەڕی بۆڵد مێدیا بڵاو کراوەتەوە، بەسە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە مامۆستا گۆکهان بە هۆی کەمتەرخەمی پۆلیسەکانەوە گیانی لە دەستداوە.

 

وەک لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا دەبیندرێت، مامۆستا گۆکهان لە سەرەتای هاتنی جەڵتەکەیدا، لە شوێنی خەوتنی هەڵدەستێت و بانگی پۆلیسەکان دەکات. بەڵام پۆلیسەکان وەڵامی نادەنەوە و ئەویش بە ناچاری لە جێگاکەیدا ڕادەکشێتەوە. پاش چەند خولەکێکیش لە ڕاکشانەوەی، لە جێگاکەیدا گیان لە دەست دەدات.

 

“١٥ ی تەموز یادی لە دایک بوونی کوڕەکەمان بوو”

موئمینە ئاچککۆلو کە دەکاتە هاوسەری گۆکهان ئاچککۆلو، هاوشێوەی هاوسەرەکەی، لە چوارچێوەی باری نائاسایی وڵاتدا،  بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران، لە کارەکەی دوور خراوەتەوە.

دوای وەفاتی هاوسەرەکەی، سەرەڕای ئەوەی لە تورکیادا فشارێکی زۆری خرایە سەر، بەڵام هەر بەردەوام بوو لەوەی داکۆکی لە مافەکانی هاوسەرەکەی بکات.

ناوبراو لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی بۆڵد مێدیا، باس لەوە دەکات کە لەلایەن داواکاری گشتیەوە فشارێکی زۆری خراوەتە سەر، هەتا بێدەنگی لە وەفاتی هاوسەرەکەی بکات.

ئەویش لە ترسی ئەوەی کوڕەکەیان لە دوای باوکی، بێ دایکیش نەکەوێت، لە ڕێگەی ڕووباری مەریچەوە تورکیا بەجێدەهێڵێت و ئێستا لە وڵاتێکی ئەوروپا ژیان بەسەر دەبات.

موئمینە لە دوای ٣ ساڵ لە وەفاتی هاوسەرەکەی، هێشتا فرمێسکەکانی چاوی وشکیان نەکردووە و باس لەوە دەکات کە شەوی ١٥ ی تەموز، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا یادی لە دایک بوونی کوڕەکەیان کردۆتەوە.

موئمینە بەڵێنی ئەوەی داوە کە هەرگیز دەست لە بەدواداچوونی کەیسی هاوسەرەکەی هەڵنەگرێت و ئەشکەنجەدەران بباتە بەردەم دادگا.

 

 

 

36 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە