بیروڕاهەواڵ

هاوسەری مامۆستا شەهید کراوەکە قسە دەکات

 

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زانیاری زیاتر سەبارەت بە ڕووداوەکانی پشت شەهید کردنی مامۆستا گۆهنا ئاچککۆلو ئاشکرا دەبێت.

مامۆستا گۆکهان ئاچککۆلو، پێش ٣ ساڵ، لەلایەن پۆلیسی ئیستەنبولەوە دەستگیر کرا، دوای ئەوەی ١٣ ڕۆژ لە ژێر ئەشکەنجەدا مایەوە، بە هۆی پێنەدانی دەرمانەکانیەوە توشی جەڵتە دەبێت و گیان لە دەست دەدات.

هاوسەری ناوبراو بە ناوی موئمینە ئاچککۆلو، ئێستا سکاڵای لەسەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا تۆمار کردووە و، باس لە ئەشکەنجەدانی ناوبراو دەکات بە بەکارهێنانی تێڵا.

هاوسەرەکەی لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی بۆڵد مێدیا دەڵێت” سەیری یەکە بە یەکە ڕاپۆرتی پزیشکەکانم کردووە، ئیدی پێوامیە ئەوەی نوسیاویانە، تەنیا ئەوانەیە کە توانیویانە بینوسن، نازاةم چیتریان دیوە و نەیاننوسیوە. بەڵام وتەی پارێزەرەکەی لە ڕاپۆرتەکەدا سەرنجی ڕاکێشام، باس لە ئەشکەنجەدانی ناوبراو دەکات، بە بەکارهێنانی تێڵا”.

 

خانەوادەی ئاچککۆلو لە بەرواری ٢٢ ی ئابی ٢٠١٧، بە مەبەستی قەرەبوی ماددی و مەعنەوی، سکاڵایەکیان لەسەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا تۆمار کرد.

وەزارەتیش لە بەرواری ١٨ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧، وەڵامی داوا ١٣ لاپەڕەییەکی دایەوە و، داوای کەسوکارەکەی ئاچککۆلویان رەت کردەوە.

 

پارێزەرەکەیان لە دوای ئەمە، داوایەکی ٥ لاپەڕەیی تری بۆ وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕەوانە کرد و تێیدا لە کەسێک دەکەن، کە لە زینداندا لەگەڵ مامۆستا گۆکهان بووە و، لە بەردەدم دادگا شایەتی لەسەر ئەشکەنجەدانی مامۆستا گۆکهان داوە.

 

 

“دەمەوێت باسی ئەشکەنجەکان بکەم”

موئمینە ئاچککۆلو سەبارەت بەو کەسەی لە دادگا شایەتی لەسەر ئەشکەنجەدانی مامۆستا گۆکهان داوە دەڵێت” دەرونناسێکی تایبەت بە کێشە خێزانیەکان، لە هەمان بنکەی پۆلیسی مێردەکەم دەستبەسەر بوو. ئەم پیاوە پاش ساڵێک لە وەفاتی مامۆستا گۆکهان دەچێتە بەردەم دادوەر. ئیدی لەبەردەم دادگا پێش ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات، یەکەم قسەی ئەوە دەبێت کە دەڵێت:

دەمەوێت باسی ئەو ئەشکەنجەدانە بکەم کە دەرحەق بە مامۆستا گۆکهان ئەنجام درا. ئیدی لەوێدا باسی هەموو ئەشکەنجەکان دەکات. ئیدی نازانم قسەکانی لە دۆسیەکەی خۆیدا تۆمار کراوە یاخود نا. واتە بۆ ئەوەی قسە لە مێردەکەم دەربهێنن، بە هەموو جۆرە ئەشکەنجەدانێک هەستاون.

 

دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە وەفاتی مامۆستا گۆکهان، هەتا ئێستا لە دادگای سوڵح و سزاکان بەردەوامی هەیە و دۆسیەکە بە شێوەیەکی نهێنی بەڕێوە دەبردرێت. دۆسیەکە هەتا ئێستا نەچۆتە پێشەوە و لە بەرواری ١٦ ی ئازاری ٢٠١٨، بڕیاریان لەسەر وەستاندنی داوای قەرەبووکردنەوەی خانەوادەکە دەرکردووە.

 

“چی ڕوویدا”

 

مامۆستا گۆکهان لە بەرواری ٢٣ ی تەموزی ٢٠١٦، لەلایەن چەند پۆلیسێکەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر دەکرێت و، هەر لەو ساتەوە مامەڵەی خراپە و ئەشکەنجەدان لەلایەن پۆلیسەکانەوە دەست پێدەکات.

بە گوێرەی گێڕانەوەی دراوسێکانی، هەر لەو ساتەی لە ماڵەوە دەیبەن، شەکرەکەی لێیدەدات. لە ماوەی ئەو ١٣ ڕۆژەی لە بنکەی پۆلیس دەستگیر کرابوو، بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دەرزی ئینسولین و دەرمانەکانی تایبەت بە نەخۆشی شەکرەی پێنەدرا.

بە هۆی لێدانی سەختەوە، شوشەی چاویلکەکەی دەشکێت کە لەو جۆرانەیە ناشکێت و، لە هەمان کاتدا چەند پەراسویەکی دەشکێنن.

کاتێک دەبرێتە بەردەم پزیشک،  ئەوە بە پزیشکەکان ڕادەگەیەنێت  کە سەدان شەق  و زلـلەی تێهەڵدراوە. هەروەها ئەوەشیان پێڕادەگەیەنێت کە نەخۆشی شەکرەی لەگەڵدایە. بەڵام کەس گوێی لە قسەکانی نەگرت و هاوسەرەکەشی چەندین ڕۆژ هەوڵی ئەوەیدا کە دەرمانەکانی پێبگەیەنێت.

لە ماوەی ١٣ ڕۆژدا، دوو جار شەکرە لێیدەدات و دەبرێتە نۆرینگەی تایبەت بە نەخۆشانی شەکرە لە زیندان.

سەرەڕای ئەوەی موئمینە ئاچککۆلو هەموو ڕۆژێک  دەرزی شەکرە دەبات بۆ ناوبراو، بەڵام پۆلیسەکان لە کۆی ١٠٠ دەرزی،  تەنیا ٤ دەرزی پێدەدەن. هەربۆیە لە دوای مردنی، تەواوی دەرزیەکان دەگێڕنەوە.

مامۆستا گۆکهان تەنیا ١٣ ڕۆژ بەرگەی ئەشکەنجەی گرت و، سەرئەنجام لە بەرواری ٥ ی ئابی ٢٠١٦، لە زیندان جەڵتەی دڵ لێیدەدات و گیان لە دەست دەدات.

هاوسەرەکەی باس لەوە دەکات کە ئەو شەوەی مامۆستا گۆکهان تێیدا وەفاتی کردووە، لەلایەن چەند پۆلیسێکەوە براوە بۆ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەیان داوە.

پاشان دوو پۆلیس چوونتە ژێر باڵی و هێناویانەتەوە بۆ قاوشەکەی، ئەویش لەبەر ئازاری زۆر، بەردەوام دەستی بە سەر سنگیەوە گرتووە و، هاوڕێکانی لە زیندان شایەتیان لەسەر ئەم ڕووداوە داوە.

مامۆستا گۆکهان لە بەرواری ١٧ ی تەموزی ٢٠١٦، لە چوارچێوەی باری نائاسای وڵاتدا، بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور خرایەوە و، پاشان لە بەرواری ٢٠ ی شوباتی ٢٠١٨ ، واتە دوو ساڵ لە دوای گیان لە دەستدانی، گەڕێندرایەوە سەر کارەکەی!

75 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە