هەواڵ

وێنەی دوا ساتەکانی ژیانی مامۆستا گۆکهان ئاچککۆلو بڵاو کرایەوە

 

گۆکهان ئاچککۆلو ئەو مامۆستایەی لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ لەلایەن پۆلیسی ئیستەنبولەوە دەستگیر کرا و بە هۆی پێنەدانی دەرمانەکانیەوە جەڵتەی دڵ لێیدا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی دوا ساتەکانی ژیانی بڵاو کرایەوە.

 

بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە ماڵپەڕی بۆڵد مێدیا بڵاو کراوەتەوە، مامۆستا گۆکهان لە ژووری زیندان دەردەکەوێت کە ٥ کەسی تری لەگەڵدایە و، دوای ئەوەی لە شوێنی خۆی هەڵدەستێت و پۆلیسەکان بانگ دەکات دەرگای زیندانی لێبكەنەوە، پۆلیسەکان وەڵامی نادەنەوە.

ئەویش بە ناچاری دەگەڕێتەوە سەر جێگاکەی خۆیی و پاش کەمێک جەڵتەی دڵ لێیدەدات.

ناوبراو لە بەرواری ٢٣ ی تەموزی ٢٠١٦، لەلایەن ١٥ پۆلیسەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستگیر کرا و بە درێژایی ١٣ ڕۆژ ئەشکەنجە درا.

مامۆستا گۆکهان سەرەڕای ئەوەی نەخۆشی شەکرەی لەگەڵدا بوو، بەڵام  دەرمانەکانیان پێنەدرا و بەو هۆیەوە لە بەرواری ٥ ی ئابی ٢٠١٦، کاتژمێر ٤:٣٥ خولەکی سەر لەبەیانی گیانی لە دەستدا.

ئەو زوڵمانەی لە مامۆستا گۆکهان کرا تەنیا لە کاتی ژیانیدا نەبوو، بەڵکو لە دوای مردنیشی بەردەوامی هەبوو.

کاربەدەستانی پزیشکی دادوەری سەرەتا ڕازی نەبوون بەوەی تەرمی ناوبراو بە کەسوکارەکەی بدەنەوە و، باسیان لەوە دەکرد کە پێویستە لە گۆڕستانی خائینانی نیشتیمان بنێژرێت.

بەڵام پاش ماوەیەک بە مەرجی بردنە دەرەوەی لە شاری ئیستەنبول، تەرمی ناوبراویان ڕادەستی کەسوکارەکەی کردەوە و، ئەوانیش لە شوێنی لە دایک بوونی خۆی بە خاکیان سپارد.

پاش ساڵێک لە وەفاتی مامۆستا گۆکهان، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دانی بە بێ تاوانی مامۆستاکەدا دەنێت و بۆ سەر کارەکەی گێڕایەوە!

 

بەڵام بەرپرسانی مردنی مامۆستا گۆکهان، هەتا ئێستا هیچ لێپرسینەوەیەکی جددیان لەگەڵدا ئەنجام نەدراوە.

 

59 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە