بیروڕاهەواڵ

 منیان لەبەردەم ئەو هەموو دادوەر و داواکارە گشتیەکان ڕفاند

 

موستەفا جەیهان پیاوێکی کاری تورکیا کە لە وڵاتی ئازەربایجان رفێندرا، سەرەڕای بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکان سەبارەت بەوە مافەکانی پێشێلکراوە، بەڵام لەلایەن دادگاوە سزای ٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

 

پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕژێمەکەی ئاکەپەوە، تا دێت ڕوو لە زیاد بوون دەکات.

 

موستەفا جیهان نزیکەی ساڵ و نیوێک بەر لە ئێستا، لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە، لە وڵاتی ئازەربایجان ڕفێندرا و پاشان هێنرایەوە بۆ تورکیا.

کەسوکاری ناوبراو لە ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان سکاڵایان لە دژی تورکیا تۆمار کرد.

بڕیاری ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوکان، لە تورکیادا دانپێدانراوە و بە گوێرەی ڕێکەوتننامەکانی تورکیا، هەر بڕیارێک لەو ئۆفیسەوە دەربچێت، پێویستە پێوەی پابەند بێت.

 

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان، لە ماوەی ڕابردوودا کاربەدەستانی تورکیا بە شێوەیەکی فەرمی ئاگادار کردەوە و، داوای لێکردن دەستبەجێ ناوبراو ئازاد بکەن و قەرەبویی ماددیشی بکەنەوە.

 

سەرەڕای ئەوەی نەتەوەیەکگرتوەکان بڕیارێکی لەم شێوەیەیان سەبارەت بە ناوبراو دەرکردووە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، جەیهان لە دانیشنی دادگای سزا قورسەکانی ئاکسەرایدا، سزای ٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

تەنیا بەڵگەیەکیش لەسەر تاوانبار بوونی ناوبراو ئەوەیە، لە دوای بەرواری ١٧-٢٥ کانونی یەکەمی ٢٠١٣، لە بانکی ئاسیا لە بەکارهێنانی کرێدی کارتەکەی بەردەوام بووە.

جەیهان نزیکەی ساڵێک لە ئازەربایجان و ماوەی ٢ ساڵە لە تورکیا، بە شێوەیەکی ناڕەوا لە خێزانەکەی دابڕێندراوە.

چیرۆکی ژیانی موستەفا جەیهان، یەکێک لەو دەیان هەزار نمونەیەی، کە دەیسەلمێنێت ئاکەپە مامەڵەی “دەوڵەتی چەتە” لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆی دەکات.

جەیهان لە وڵاتی گورجستان شوێنی کاری تایبەت بە خۆی هەبوو.

بەڵام لە بەرواری ٢٠ ی نیسانی ٢٠١٧، بە پاساوی “کاری قاچاغ لە بەڵگەنامەکاندا” دەستگیرکرا و پاشان لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستبەسەر کردنی بۆ دەرکرا.

بە گوێرەی بانگەشەنامەکانی ناو دۆسیەکەی، پاسپۆرتی ناوبراو ساختە بووە و بەو هۆیەوە دەستبەسەریان کردووە. بەڵام جەیهان چەندن ساڵ بوو کە هەمان پاسپۆرتی بەکار دەهێنا و لەلایەن هیچ وڵاتێکیشەوە ڕێگەی پێنەگیراوە.

هەروەها لە تورکیا گەشتی عومرەی بۆ مەککەی شەریف ئەنجامداوە و هیچ کێشەیەک لە پاسپۆرتەکەیدا بەدی نەکراوە.

ئیدی چۆن دەبێت پاسپۆرتێک کە ماوەی ٨ ساڵ بەکاری هێنابێت، لە پڕێکدا ساختە دەربچێت؟

“ماوەی ساڵێک بە بەلاش لە ئازەربایجان زیندانی کرا”

یەکێک لە هاوڕێ زیندانیەکانی موستەفا جەیهان، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی Tr724، ئەو درۆیانەی ئاشکرا کرد کە سەبارەت بە ساختە بوونی پاسپۆرتی جەیهان بڵاو کراوەتەوە و، لەسەر زاری خۆیەوە باسەکە دەگێڕێتەوە کە  وتوویەتی:

” منیان دەستبەسەر کرد و ئەوەیان پێراگەیاندم کەوا پاسپۆرتەکەم ساختەیە. منیش بەردەوام هەوڵم دەدا کە بیسەلمێنم ساختە نیە و بۆ ئەو مەبەستە بەڵگەی جۆراوجۆرم پشان دەدان. پاش ماوەیەک ئەوەم بیست کە لە تورکیاوە لیستی کۆمەڵیک ناو، بە کاربەدەستانی ئازەربایجان دراوە و ناوی منیش لە هەمان لیستەدا بووە. لەبەر ئەوەی نەیاندەتوانی بە ئاشکرا ئەمە بڵێن، پێویستیان بەوە هەبوو کە خۆیان قسەیەکی ساختە دروست بکەن”.

 

“باڵیۆزی تورکیا لە هۆڵی دادگا ئامادە بوو”

موستەفا جەیهان کە ماوەی ساڵێک لە وڵاتی ئازەربایجان زیندانی بووە، بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکانی ناو دادگا دەکات”لە پڕێکدا  ئەوەیان پێ ڕاگەیاندم کەوا لە بەرواری ٢٦ ی نیسانی ٢٠١٨، دانیشتنی دادگام هەیە. بەڵام لە ڕاستیدا هێشتا ماوەی مانگێک مابوو، بۆ ئەو کاتەی کە پێشتر بۆیان دیاری کردبووم. سەرم سوڕما و وتم : ئاخۆ چی بووبێت. کاتێک چوومە دادگا، چاوم بە باڵیۆزی تورکیا و ٣ کەسی تر کەوت، کە لە کورسیەکانی پشتەوەی هۆڵی دادگا دانیشتبوون. بەسەر دادوەرەکەدا هاوارم کرد و وتم: ئەمانە لێرە چی کارێکیان هەیە؟ ئێوە بە تەمای چین؟ هیچ وەڵامێکی نەدامەوە، لە بەرامبەر ئەمەدا داوای پارێزەرەکەمم کرد، ئیدی بەو هۆیەوە، دانیشتنەکەی دادگایان دواخست”.

“دوای ساڵێک ئازاد کرا”

بە گوێرەی گێڕانەوەکانی موستەفا جەیهان، هاتنی پارێزەری ناوبراو، ماوەی ٢ کاتژمێر دەخایەنێت.

دادگا سەر لەنوێ دەست پێدەکاتەوە و بڕیاری ئازاد کردنی ناوبراو دەردەکەن. بەڵام لەو کاتەدا تێدەگەن لەوەی کە بڕیاری ئازاد کردنەکەی، شتێکی لە پشتەوەیە. سەرەتا پارێزەرەکەی تانە لە بڕیاری دادگا دەدات و دواتر خۆیشی تانە لە بڕیارەکە دەدات. بەڵام دادگا هەر زوو بڕیاری خۆی دابوو. چونکە ئەو ڕۆژە کەسانێک خۆیان بۆ ڕفاندنی ناوبراو ئامادە کردبوو، هەربۆیە لەگەڵ دەرچوونی لە هۆڵی دادگا، ناوبراویان ڕفاند.

“لە باخچەی هۆڵی ادگا دەیڕفێنن”

موستەفا جەیهان سەرەڕای ئەوەی پارێزەرەکەی خۆیی و پارێزەری نەتەوەیەکگرتوەکانیشی لەگەڵدا دەبێت، بەڵام ئۆتۆمبیلێکی جۆری جێپ خۆی دەکات بە حەوشەی دادگادا و، ٧ کەس پێکەوە پەلاماری دەدەن و دەیڕفێنن. پاشان بە فڕۆکەیەکی ئاسایی سەر بە هێڵی ئاسمانی تورکیا، بەرەو تورکیا دەیگوازنەوە. سەرەتا دەیبەنە مەتریس و لەوێشەوە ڕەوانەی سلیڤری دەکەن.

ناوبراو هەتا ئێستا لە زیندان سلیڤریە و هەمیشە دەڵێت” منیان لەبەرچاوی ئەو هەموو دادوەر و داواکارە گشتیە ڕفاند”.

“نەتەوەیەکگرتوەکان بڕیاری لەسەر ئەوە داوە کە ناوبراو ئازاد بکرێت و قەرەبوی ماددی بکرێتەوە”

کەسوکاری موستەفا جیهان، دۆسیەی ناوبراویان بردە بەردەم نەتەوەیەکگرتوەکان و سکاڵایان لەسەر تورکیا تۆمار کرد.

نەتەوەیەکگرتوەکانیش پاش ماوەیەک بڕیاری لەسەر ئەوەدا کە هەریەک لە حکومەتی تورکیا و ئازەربایجان مافەکانی ناوبراویان پێشێل کردووە.

پاشان داوای قەرەبوی ماددی لە حکومەتی هەردوو وڵات کرد و فەرمانی بەوەش کرد کە دەستبەجێ ناوبراو ئازاد بکەن.

سەرەڕای ئەم بڕیارەی نەتەوەیەکگرتوەکان کە لە مانگی نیسانی ئەم ساڵەوە دەرکراوە، کاربەدەستانی تورکیا ملیان بۆ ئازاد کردنی ناوبراو نەدا و، لە بەرواری ٣٠ ی تەموزی مانگی ڕابردوو، لەلایەن دادگای سزا قورسەکانی ئاکسەرایەوە، سزای ٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گروپی تیرۆرستی تاوانبار کراوە و تەنیا بەڵگەیەکیش لەسەر ئەم بانگەشەیە پشان بدرێت ئەوەیە، کە لە دوای بەرواری ١٧-٢٥ کانونی یەکەمی ٢٠١٣، کرێدی کارتەکەی لە بانکی ئاسیای سەر بە بزاڤی خزمەت بەکارهێناوە.

 

 

51 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە