بیروڕاهەواڵ

ئەو هاوڵاتیانەی ٦ مانگە بێسەروشوێنن، بۆچی پارێزەریان ناوێت؟


کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی تورکیا، کە لە نێوانیاندا ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ(IHD)، ژووری پزیشکانی ئەنقەرە(ATO)، وەقفی مافەکنی مرۆڤی تورکیا(TIHV) بوونی هەبوو، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان لەسەر حاڵی ٦ هاوڵاتیە ڕفێندراوە ساز کرد، کە لە ماوەی ڕابردودا لە ئاسایشی ئەنقەرە دەرکەوتنەوە.

هەریەک لە یاسین ئوگان، ئێرکان ئرماک، سالیم زەیبەک، ئۆزگور کەیا، لە بنکەی ئاسایشی ئەنقەرە دەرکەوتن، کە ماوەی ٦ مانگە کەسوکارەکانیان بە دوایاندا دەگەڕێن و، کاربەدەستانی ئاسایشیش دەیانوت زانیاریان نیە.

هەریەک لە ئۆزگور تورکدۆغان، کەرەم ئالتیپارماک، ڤەدات بوڵوت وەک سەرپەرشتیاری ڕێکخراوەکان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ساز کرد.
هاوکات لە ڕێکخراوە مەدەنیەکاندا کەسوکاری هەریەک لە موستەفا یڵماز و گۆکهان تورکمەنیش لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا بەشداریان کرد، کە ئەوانیش بە هەمان شێوەی ٦ مانگە بێسەرشوێنن و هەتا ئێستا چارەنوسیان دیار نیە.
تورکدۆغان ڕوونکردنەوەیەکی هاوبەشی نێوان ڕێکخراوە مەدەنیەکانی خوێندەوە و تێیدا دەڵێن” کاتێک بانگەشەی ئەشکەنجە و پێشێلی مافەکانی مرۆڤ دەکرێت، ئەرکی سەرەکی کاربەدەستانی دەوڵەت ئەوەیە، کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی جددی دەست پێبکەن، بەڵگەکان تۆمار بکەن و بیگەیەنن بە دەستی دادگاکان. تاوانباران بدۆزنەوە و ڕادەستی دادپەروەری بکرێن”.

“لە نێو دەوڵەتی تورکیادا پێکهاتەیەکی تایبەت هەیە و کەس ناتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ ئەواندا بکات”
پاشان لە درێژەی قسەکانیاندا دەڵێن” نامانەوێت لە تورکیادا چیدی تاوانی بکەر نادیاری تر ڕووبدات. ئەم رووداوانە جارێکی تر ئەوەیان سەلماندەوە، کە لە نێو دەوڵەتی تورکیادا، پێکهاتەیەک هەیە هاوڵاتیان دەڕفێنن و کەسی ناتوانێت هیچ قسەیەک بەرامبەر ئەو پێکهاتەیە بکات. چیدی نامانەوێت ڕاپۆرتی نوێ لەسەر تاوانە بکەرنادیارەکان بڵاو بکەینەوە، کاتی ئەوە هاتووە کە دەوڵەتی تورکیا، ئەم جۆرە پێکهاتانە لە نێو خۆیدا پاک بکاتەوە. کەس باسی ئەوەمان بۆ نەکات کە ئەم هاوڵاتیە بە شێوەیەکی ڕۆتینی دەستگیرکراون، گەر تورکیا دەوڵەتی یاسایە، ئەوا دەبێت هەموو کەسێک پابەند بێت بە یاساکانەوە. ئێستا چارەنوسی ٤ لەو هاوڵاتیە رفێندراوەکانمان بۆ ڕوون بۆتەوە، بەڵام هێشتا دوو کەسی تر ماوە کە هیچ شتێک دەربارەی جارەنوسیان نازانین. هیوادارین ئەوانیش بە ساغ و سەلامەتی بگەڕێنەوە ناومان و، داوا لە کاربەدەستانی دەوڵەت دەکەین، کە بە دواداچوونی جددی بۆ چارەنوسیان بکەن. داوا لە داواکاری گشتی ئەنقەرەش دەکەین، کە دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی جددی، بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی ئەو دوو هاوڵاتیەش بکاتەوە”.

تورکدۆغان پاشان بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی” سەر لە ئێوارەی بەرواری ٢٨ ی تەموزی ٢٠١٩، ئاسایش پەیوەندی بە کەسوکاری ٤ لە هاوڵاتیە ڕفێندراوەکان دەکات و ئەوەیان پێ ڕادەگەیەنن کە بە شێوەیەکی ڕۆتین دەستگیر کراون و لە ئاسایشن. کاتێک کەسوکاری هاوڵاتیەکان و پارێزەرەکانیان سەر لە بەیانی دەچنە ئاسایش هەتا چاویان بە هاوڵاتیەکان بکەوێت، هەتا ئێوارە ڕێگەیان نادرێت و، پاشان هەر هاوڵاتیەک بۆ ماوەی ٥ خولەک چاوی بە کەسوکارەکەی دەکەوێت. بەڵام ناهێڵن بە هیچ شێوەیەک پارێزەرەکانیان بڕۆنە ژوورەوە. کەسوکاری هاوڵاتیە ڕفێندراوەکان باس لەوە دەکەن، کە لە کاتی چاوپێکەوتنەکەیاندا زۆر ترساون و هەموویان لاواز و بڕست لێبڕاو بوون. ئیدی دیار نیە کەوا لەم ماوەیەدا لە کوێ بوون و لەلایەن کێوە ڕفێندراون. پێویستە لە لێکۆڵینەوەیەکی جددیدا تەواوی ئەم پرسیارانە ڕوون بکرێنەوە”.

“هەتا ئیستا هیچ هەواڵێک لەسەر دوو هاوڵاتیە ڕفێندراوەکەی تر بوونی نیە”
تورکدۆغان باسی لەوەش کرد کە هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنوسی هەریەک لە موستەفا یڵماز و گۆکهان تورکمەن بوونی نیە و پاشان وتی” کەسوکاری ئەم دوو هاوڵاتیە، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێکیان لەسەر چارەنوسی ئەم دوو کەسە بێسەروشوێنە نیە. کاربەدەستانی دەوڵەت دەڵێن زانیاریان لەسەریان نیە. پێویستە تەندروستی لاشەیی و ڕۆحی ئەم دوو هاوڵاتیەش بپاریزرێت. لێکۆڵینەوەی جددی دەست پێبکرێت و شوێنی مانەوەیان ئاشکرا بکرێت. نەزانین و چاوەڕوانی دەرکەوتنی کەسی ونبوو، خۆی لە خۆیدا ئەشکەنجەیە بۆ کەسوکارەکانیان”.

لەلایەکی ترەوە کەرەم ئاڵتیپارماکیش وتی”سەیرکەن ئەم هاوڵاتیانە ماوەی ٦ مانگە بێ سەروشوێنن، بەڵام وەک لە کەسوکارەکانیان بیستومانە، گوایە وتوویانە کەوا پارێزەریان ناوێت هەتا بەرگریان لێبکات. باشە کەسێک ٦ مانگ بێسەروشوێن بێت، لەبەرچی خوازیاری ئەوە نابێت کە پارێزگاری هەبێت؟ هەروەک پارێزەریان نەویستوە، لە هەمان کاتدا خوازیاری ئەوەش نەبوون کە چاویان بە هیچ پزیشکێک بکەوێت. تەواوی ئەم قسانە گومانەکان زیاتر دەکەن. لە حاڵی ئێستادا؛ گەر پێشتر ئەشکەنجە درابێتن، باشترین کاتە بۆ شاردنەوەی بەڵگەکان و شوێنەوارەکانیان”.

پاشان سومەییە یڵماز وەک هاوسەری موستەفا یڵماز قسەی کرد کە هەتا ئیستا چارەنوسی نادیارە و وتی” ماوەی ١٦٣ ڕۆژە هەواڵم لەسەر هاوسەرەکەم نیە. هێشتا نازانم کەوا هاوسەرەکەم لە ژیاندایە یاخود نا. خۆشم وەک مردوویەکی زیندووم لێهاتووە. بەڵام بە هیچ شێوەیەک توڕەیی و ئازاری خۆم دەرنابڕم. دەمەوێت کاربەدەستانی دەوڵەت بە شێوەیەکی کارا، ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. ئەوەی داواشی دەکەین شتێکی زۆر سەخت نیە. لەبەرچی ئێمە نازانین ئەم مرۆڤانە چییان بەسەر هاتووە. هەتا کۆتایی هەوڵی خۆم دەدەم و دەست هەڵناگرم”.
“داواکاری گشتی ڕێگەی نەدا بەوەی پزیشکی بێ لایەن پشکنین بۆ هاوڵاتیەکان ئەنجام بدات”

ئەمیر سەیدی وەک پارێزەری ئێکرەم ئرماک کە یەکێکە لەو هاوڵاتیە ڕفێندراوەکان وتی” کاتێک هەواڵی ئەوەمان پێگەشت کە هاوڵاتیەکان لەلای ئاسایشن، چووینە لای داواکاری گشتی و پرسیاری ئەوەمان لێکرد، کە ئاخۆ هیچ دۆسیەیەک سەبارەت بە ڕفێنەرانی هاوڵاتیەکان دەکاتەوە یاخود نا. لە وەڵامدا وتی: ئەم هاوڵاتیانە دوێنی شەو دەستگیر کراون، ئیتر من حەقم بە پێشی ئەم رووداوەوە نیە! پاشان داوامان لێکرد کە پزیشکێک بنێرێت هەتا پشکنینیان بۆ ئەنجام بدات و، ڕاپۆرتێک لەسەر بوون و نەبوونی ئەشکەنجە بنوسێت، بەڵام داواکاری گشتی ئەم داوایەشی ڕەت کردەوە”.

24 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە