بیروڕاهەواڵوتاری هەفتانەی م.فەحوڵڵا گولەن

تاقیکردنەوە، سوکنایی و ڕزگاری

وتاری هەفتانەی م.فەتحوڵڵا گولەن 29.07.2019

 

 

دەبێت حاڵی ستەملێکراوان و غەدر لێکراوان لەبەرچاو بگرین و، هاوبەشی ئەو دەرد و ناڕەحەتیانەیان بین کە پێوەی دەناڵێنن…

لێرەدا بە سیغەی ئیسمی مەفعول ناوی دەبەین، واتە هاوبەشی ئەو مەزلومیەت، مەغدوریەت، مەحکومیەت، یاخود هەرچی خەم و تاسەی جیاوازە کە پێوەی گیرۆدە بوون.

کاتێک بیر لە تەواوی ئەمانە دەکەینەوە، بێگومان توشی ناسۆری چەشتن دەبین. بە تایبەت گەر پەیوەندیمان بە کاروباری گشتیەوە هەبێت، لەگەڵ خزمەتدا پەیوەندیەکی جددیمان هەبێت، گەر ڕۆحی برایەتی بە تەواو تێماندا شکۆفەی کردبێت، ئیدی هاوبەشیان دەبین لەو ئازار، موسیبەت و کارەساتەی بەسەریان هاتووە.

هەندێک لەوان ئێستا لە زیندانە و، هەندێکیان لە منداڵ، هاوسەر، هاوڕێ، دۆست و دایک و باوکیان دابڕاون، بە حەسرەت و هیجرانی دووری لەوانەوە دەژین.

ئێمەش لە ڕوانگەی ئەوەی کە یەکێکین لەو دەستەیە، چەشنی پارچە، توخم و گەردیلەی هەمان پێکهاتە، هاوبەشیمان لە هەمان خەم و ناڕەحەتیدا.

لە کەوانەیەکیشدا قسەیەک دەکەم، هەستکردن بەم بابەتەش، وابەستەی قوڵبوونەوەیە لەو هەستی برایەتیەی کە باسمان کرد.

دەشێت هەموو کەس لە هەمان ئاستدا هەستی پێنەکات.

هەندێک هێندەی ئەوەی لە جێگادا بیخات و توشی ئیفلیجی بکات، هەستی پێدەکات.

زۆر جار ئەو ژیانەش، لەبەر ئەوەی ویست و ئیرادەی جەنابی حەقی لەسەرە، وەک ڕێزێک لەو ویستەی جەنابی حەق، حەقی ئەو ئیرادەیە دەدات و بەرگەی ئەو ژیانە دەگرێت.

بەڵام هەرچیەک بێت سەرئەنجام مرۆڤین و وەک چۆن زۆر جاریش ئاماژەم بە شیعرەکەی عیزەت موڵا داوە کە دەفەرموێت:

من بێزار نابم لە جەفا نوری چاوم

بەڵام هەرچیەک بێت ئەمەش گیانە و بێزار دەبێت

 

بەڵێ شەقێکی خواردووە توشی شڵەژان بووە، یاخود بە گورزێکی توند وەک ئەوەی بە پیک  یاخود لە ڕێگەی خیانەتەوە لێیبدرێت و بکەوێت بە زەویدا، هەڵنوتیوە و بە سنگەخشکی دەڕوات بە ڕێوە،  هەست کردن بە تەواوی ئەمانە  لە قوڵایی ویژدانماندا،  پەیوەندی ڕاستەوانەی لەگەڵ گەرموگوڕی هەستی برایەتی نێوانمان هەیە.

هەربۆیە هەستی پێدەکەین و بەشداری خەمی ئەوان دەبین، هەر لەبەر ئەمەشە کاتێک داوای دەرچە و دەروویەک لە جەنابی حەق دەکەین، هەم بۆ ئەوانی داوا دەکەین هەم بۆ خۆمان، گەر جەنابی حەق دەرویەک لەوان بکاتەوە، ئەوا بە نیسبەت ئێمەشەوە جەژن دەبێت، چەشنی ئەو هۆنراوەیەی ئیمامی ئاڵڤار کە دەڵێت؛ ئەم دوو دێڕەی خۆم خستومەتە سەر هۆنراوەکەیی و تایبەت بە منی هەژارە:

 

گەر ئیسلام سەرلەنوێ لەدایک بێتەوە، جەژن ئەو جەژنە دەبێت

 

“جەژن ئەو جەژنە دەبێت” قسەی ئیمامی ئاڵڤاریە.

گەر تیشک تاریکی بخنکێنێت، جەژن ئەو جەژنە دەبێت.

گەر ڕەحمەت بەسەر هەموو لایەکدا ببارێت، جەژن ئەو جەژنە دەبێت.

دەتوانن شتی زیاتریش بخەنە سەر ئەمە، پاشان شێوازی “مستزات” بەکار دەهێنێت، بەڵام مەرجە لەم شێوازەدا دێڕەکان درێژ نەبنەوە.

بۆ نمونە دەڵێت” ببینە چ عیدێکی جوان دەبێت”، لە جیاتی جەژن، عید بەکار دەهێنێت.

ئیدی کاتێک ئەوان لە نێو خۆیاندا ئەو خۆشی جەژنە دەبینن، ئەو خۆشیەی بە ئێوەش دەگات، لەوەی ئەوان کەمتر نیە.

 ئیدی ئێوەش خۆتان لە نێو نەشوەی جەژنێکدا هەست پێدەکەن.

بەڵام پێویستە لە سەرەتاوە ئەم هەست و هزرە لە مرۆڤدا بوونی هەبێت، پاشان بۆ ئەوەی جەژنێکی لەو شێوەیە بە تەواوی بەدەرکەوێت، بۆ ئەوەی ئەو ڕزگاری و دەرووە بە تەواوی بێتە ئاراوە، پێویستە لە عیبادەت و گوێڕایەڵیماندا بە تەواوی ڕووی لە جەنابی حەق بکەین، هەروەها وابەستەی ئەوەیە کە هەردەم داوای هەمان شت لە پەروەردگار بکەین.

 

سیدنا یونسی کوڕی مەتتا فەرموی:

لاَ إِلَهَ إِلاَّ أَنْتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنْتُ مِنَ الظَّالِمِينَ

 

دەتوانن لە کتێبی بریسکەکاندا سەیری ڕاڤەی ئەم ئایەتە بکەن.

لاَ إِلَهَ إِلاَّ أَنْتَ، واتە جگە لە تۆ پەرستراو و ویستراوێکی تری ڕاستەقینە و شایستە بوونی نیە.

تەنیا تۆ هەیت، کاتێک دەڵێین تۆ، هەر بە ڕاستی تەنیا تۆ هەیت، تەواوی بوون بریتیە لە سێبەری سێبەری سێبەری بوونی تۆ…

ئەوەی پێی دەڵێن زانست، لە ڕاستیدا سێبەری سێبەری سێبەری زانستی تۆیە.

ویستەکان سێبەری سێبەری سێبەری ویستی تۆن.

ناڵێین ویست بوونی نیە، بەڵام شتێکە وەک سێبەر.

وەک زانایانی ئوصولی دین بە بوونی پلە دوو(اثنینيت) ناویان بردووە.

واتە هەیە، بەڵام یەکێکیان بوونێکی سەرەکیە و ئەوەی تر وەک سێبەر و  زیادەیەک(اضافی) وەهایە.

هەربۆیە بە جەنابی حەق دەڵێین :

لاَ إِلَهَ إِلاَّ أَنْتَ سبحانک

 

واتە پاک و بێگەردی لە هەموو نەنگیەک بۆ تۆ دەردەبڕم، سبحانک لێرەدا بە واتای دەربڕینی هەموو سیفاتێکی باڵایە بۆ جەنابی حەق، هەم لە هەموو سیفاتێکی نوقسانیش بە دووری دەگریت.

هەروەها لە ناوی “القدوس” ی جەنابی حەقیشدا هەمان واتا هەیە، ئوستادیش لە کتێبی بریسکەکاندا ئاماژەی بە ٦ ناوی جوانی کردووە کە ئەمیش یەکێکە لەوان، کاتێک دێتە سەر باسی ناوی “القدوس”، دەفەرموێت: بریتیە لە پاکی و بێگەردی و هەماهەنگی و ئێکۆ سیستەم لەسەر ڕووی زەوی، هەروەها بە واتای بێگەردی زاتی جەنابی حەق دێت، ئەگەرچی ئەو لەوێدا ئاماژەی بەو بابەتە نەداوە.

بە واتای بێگەردی”التنزیه” یش دێت.

 

هەربۆیە سەبارەت بە جەنابی حەق وتوویانە:

ناخوا و ناخواتەوە و کاتی بەسەردا تێناپەڕێت

بەرییە لە تەواوی ئەمانە الله

لە گۆڕان وەرچەرخان و شکڵ و شێوە دوورە

ئەمانەن سیفاتە سلبیەکانی الله

نە لە ئاسمان و نە لە زەوی نە لە ڕاست و چەپدایە

واتە کاتێک دەڵێین سبحانک، مەبەستمان لە تەواوی ئەم شتانەیە.

واتە کاتێک لە ئاسۆی پێغەمبەرێکەوە لەم شتانە دەڕوانیت، بەم شێوەیە تێیدا قوڵ دەبیتەوە و دەڵێیت:

لا إِلَهَ إِلاَّ أَنْتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنْتُ مِنَ الظَّالِمِينَ

پاش ئەوەی بە شێوەیەکی شایستە لەگەڵ سیفاتەکانی زاتی ئولوهیەتدا، سیفاتەکانی دووپات دەکاتەوە، ئینجا دێتە سەر باسی خۆی، سەر دەخاتە بەر دەرگای ئەو، پاشان دەفەرموێت:

پەروەردگارا سەرم لە بەردەم دەرگای تۆیە، بۆ ئەوەی لە دەربڕینی ئەم بابەتەدا توشی کێشەیەک نەبین، دەتوانین بڵێین :

سەرم لەبەردەم ڕەحمەت، رەئفەت، شەفقەتی تۆدایە…

هەتا توشی هیچ لێکچواندن و تەشبیهدانە پاڵ ئەو نەبین.

بەڵێ زۆرێک بەم شێوەیە گوزارشت لەم بابەتانە دەکەن و ئێمەش پێمان باشترە کەوا بەو شێوەیە گوزارشتی لێبکەین.

 

سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنْتُ مِنَ الظَّالِمِينَ

 

دەفەرموێت:

خودایە بوومە یەکێک لە زاڵمان!

جەنابی حەقیش لە بەرامبەر ئەم نزایەی کە بەردەوام دووبارەی دەکردەوە، ماسیەک لە سکیدا هەڵیدەگرێت و لە کەناری دەریایەک فڕێی دەدات، لە قورئانی کەریمدا لە دوو شوێندا بە شێوەیەکی دوور و درێژ باسی لێوە دەکات.

بەم شێوەیە لە ڕێگەی ڕزگارکردنی ئەو مرۆڤەوە، زیاتر لە ١٠٠ هەزار مرۆڤی تریش ڕزگاریان دەبێت، لە ڕێگەی ئیمان هێنان بەوەوە، کە حەزرەتی یونس بووە هۆی ئیمان هێنانیان،  بەم شێوەیە ڕەزامەندی خودای هێنایە جێ.

ئێستا ئێمە ئەم ئایەتەمان خوێندەوە، سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنْتُ مِنَ الظَّالِمِينَ

پاشان دەڵێین:

اَللَّهُمَّ اجْعَلْ لَنَا فَرَجًا وَمَخْرَجًا

پەروەردگارا دەرچە و دەروویەکیش لە ئێمە بکەرەوە.

  با لێرەدا لە کەوانەیەکدا شتێکتان عەرز بکەم:

زۆرێک لە هاوڕێکانی ئێوە لە زیندان، خەوی زۆریان بینیوە، هەندێک جار سەردارمان ڕاستەوخۆ لە کاتی نیمچە بێداریاندا بە ڕوویاندا دەرکەوتووە، هەندێک جاریش حەزرەتی ئەبوبەکر، هەندێک جاریش حەزرەتی خالید، ئەم زاتە گەورانە، ئەگەر چی وشەی “گەورە” ناتوانێت گوزارشت لە گەورەیی سەردارمان بکات، بەڵام  پێویست ناکات بابەتەکە ببەستینەوە بە ڕێژەوە، هەربۆیە تەنیا دەڵێین “گەورەیە”! وەک فەقیریش پێشتر ئاماژەی پێداوە، ئامراز و خواستەیەکە هێندەی ئامانجەکە ، هەربۆیە لەوێدا نوسراوە:

لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ، مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللهِ

 

هەردووکیان پێکەوە یاد دەکرێنەوە.

هەربۆیە هەندێک جار چاویان بە سەردارمان کەوتووە، یان بە حەزرەتی خالید، ئەمەش بە گوێرەی کەسایەتی ئەو کەسانەیە، بە گوێرەی ئەو ناڕەحەتیانەیە کە لەو کاتەدا پێیدا تێدەپەڕن، بە گوێرەی چۆنیەتی ناڕەحەتیەکەیە.

یەکێکیش لەوان لە خەویدا چاوی بە حەزرەتی یونسی مەتتا دەکەوێت، بەڵام هێندە بە ئاشکرا چاویان پێی دەکەوێت، لەوە دەچێت هەندێکی تریش لەوانەی لەوێ ئامادەن، چاوی پێیکەوتبێت.

یونسی مەتتاش سەلامی خودای لەسەر بێت، لە خەوەکەیدا پێی دەڵێت:

تۆ زۆر ئەم نزایەت خوێند کە دەڵێت:

 

لا إِلَهَ إِلاَّ أَنْتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنْتُ مِنَ الظَّالِمِينَ

 

جەنابی حەقیش ڕزگاری و دەرووی لە تۆ کردەوە.

پاشان دەڵێت:

بەڵام من ئەمەم لەناو سکی حوتەکەدا وت…

 واتە دەبێت ناڕەحەتیەکان هێندە بێزارت بکەن، کە گیانت بێتە بینەقاقات، بە گوزارشتێکی تر، هۆکارەکان بە تەواوی کول و کوێر دەبن.

بەڵام هەرگیز پەیوەندی خۆت بەوەوە ناپچڕێنیت، سەرەڕای هەموو شتێک، چەشنی حەزرەتی یوسف تەنانەت لە بنی بیرەکەدا، جەنابی حەق لەوێدا وەحی بۆ دەکات، سەرەڕای ئەوەی هێشتا منداڵە، لەوێدا  بەڵێنی پشاندانی سەرئەنجامی ئەو کارانەی  پێدەدات.

 

هەربۆیە ئیمانێکی زۆر جددی لە دڵدایە و بە هیچ شێوەیەک سکاڵای نیە، هەربۆیە پاش کەمێک سەتڵێکی ئاو دێتە خوارەوە، کاتێک دەیبەنە سەرەوە، لە جیاتی ئاو منداڵێکی هێندە جوان دێتە دەرەوە، کە جوانیەکەی مرۆڤ دەبورێنێتەوە.

چەشنی ئەم ڕووداوە، کاتێک هۆکارەکان بە تەواوی کول و کوێر دەبن، لە نێو نوری یەکتاپەرستیدا، نهێنی تاکێتی ئەو خۆی بەدەردەخات.

 هەربۆیە کاتێک ئەم نزایە دەکەین:

لا إِلَهَ إِلاَّ أَنْتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنْتُ مِنَ الظَّالِمِينَ

بە ناوی هەموو براکانی تریشمانەوە بڵێین:

اَللَّهُمَّ اجْعَلْ لَنَا فَرَجًا وَمَخْرَجًا

  زیاتر لەمەش، بابەتی ئەوەی کە دەبێت لە ڕووی کردار و هەڵسوکەوتیشمانەوە هەمیشە لەبەردەم ئەو دەرگایە بین تایبەتمەندیەکی ترە، بەڵام دەبێت لە ڕوونکردنەوە و قسەکانیشماندا گوزارشتی لێبکەین.

کاتێک بەم شێوەیە بوو، ئیدی قسەکان هەر لە دەم و زمانمانەوە نایەنە دەرەوە. لە ڕۆژگاری ئێستاماندا، هەموو شتێکی هەر قسەی سەرزارەکیە، ئەو شتانەی لە مزگەوتەکاندا دەیبیستن و بە ناوی دینەوە دەیڵێن، هەموویان قسەی سەرزارەکین.

دەنگی دڵ نین!

یەکێک لە بیرمەندەکانی ئێمە، لەوە دەچێت زۆریش حەزتان پێی نەیەت، بەڵام من ئەوم زۆر خۆش دەوێت.

یەکێکە لەو بیرمەند و ئەکادیمیانەی کە بە گریانەوە نوێژ دەکات.

تا ڕادەیەکیش بە خەڵکی هەمان شوێنی ئەم فەقیرە ئەژمار دەکرێت.

لە فەڕەنسا دکتۆراکەی تەواو کردبوو، کاتێک لە دەنیزلی دەبێت، چاوی بە حەزرەتی پیری موغان شەمعی تابان دەکەوێت، مرۆڤێک بوو کەوا لە کاتی نوێژدا بە هەنسکەوە دەستی بە گریان دەکرد.

با لە کەوانەیەکدا شتێک بپرسم:

ئێوە لە مزگەوتەکاندا هیچ کەسێکتان دیوە لە نوێژدا بگریت و لە هۆش خۆی بچێت؟

خودی خۆم لە دوای سەردەمێکی دیاریکراوەوە، چاوم بە کەشێکی لەو شێوەیە نەکەوتووە.

سەردەمانێک گەنجەکان لە کاتی نوێژدا لە هۆش خۆیان دەچوون، بەڵام بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئەو حاڵەتە ڕۆحیەیان کوشت، تێزابیان بەسەر کرد، بە خۆیانیان چواندن!

هەربۆیە گەنجان لە نوێژ دوور کەوتنەوە، فێری ماددە هۆشبەرەکان بوون، خوویان بە جگەرەوە خواردنەوە گرت، خوویان بە خواردنەوەوە گرت…

هەندێکیان بە حسابی خوێندکاری بەشی زانستە شەرعیەکانن، بە حساب دینیان دەخستە ناو هەموو گۆشەیەکی ژیانیانەوە، نیازی ئەوەیان هەبوو کەوا کەسانێکی چەشنی خۆیان پێبگەیەنن، ڕاستە! کەسانێکی وەک خۆیان پێگەیاند!

 

نیفاق  و دووڕوویش هەر ئەمەیە کارەکەی!

بەو جۆرە کەسانەیان دەوت” ئاغای قوڕگ”، هەروەها هەندێک جار گوزارەی “هونەرمەندی دەنگ”یان بۆ بەکار دەهێنان.

ئەمەیان بەو کەسانە دەوت کە لە کاتی مەولودا سرود دەخوێننەوە، ئەوانەی لە کاتی تەعزێکاندا نزا دەخوێننەوە، یاخود ئەوانەی لە تەعزێکاندا قورئان دەخوێننەوە، ئەمانە لە بناغەدا خەمی گەیاندنی شتێکیان بە کەسانی تر نیە، بەڵکو خەمی ئەوەیانە کە گوزارشت لە خۆیان بکەن و، لە ڕێگەی ئەم کارەی ئەمڕۆ ئەنجامی دەدەن، دەیانەوێت سبەینێش کارێکی تریان دەست بکەوێت.

بیر لەوە دەکاتەوە گەر لە فڵان شوێن بە جوانی قورئان بخوێنێت، لە فیسار شوێنی تریش بانگی دەکەن.

گەر لێرە ٥ ی دەست بکەوێت، لە فیسار شوێنیش ١٠ ی دەست دەکەوێت.

هەمیشە هەر کارێک دەکەن، بە مەبەستی وەبەرهێنانە لە کارێکی تردا.

هەربۆیە بەکارهێنانی زاراوی “ئاغای قوڕگ” یاخود “هونەرمەندی دەنگ” یش لە بەرامبەر ئەم جۆرە کەسانەدا، سوک دەکەوێتەوە.

گرنگ لێرەدا ئەوەیە: شتەکانی سەر زمانمان، تەرجومانی ئەوەی ناو دڵمان بێت.

ئەمەش کاتێکە کە دڵ چەشنی ئەوەی بە ڕمی ئیمان پێکرابێت، دابخورپێ و لەرز بیگرێت، دەم و زمانیش بڵێن:

کورە پەلە مەکە، با تەرجومەی ئەوە بکەم کە دەیڵێیت!

بەم شێوەیە گەر دەم و زمان، پێکهاتەیەک چەشنی ئەوەی دەڵێن کاڵا بە قەد باڵایە، بخاتە ڕوو، ئینجا دەتوانێت کاریگەریەکی وەهای هەبێت کە مرۆڤەکان لە بەرامبەریدا ببورێنەوە و بمرن!

بۆ نمونە کاتێک ژیانی ئەو کەسانە ەدخوێنینەوە کە فەرمودەکانی سەردارمانیان ڕیوایەت کردووە، کەسێکی وەک قوتەیبەی کوڕی سەعید، کاتێک لە شوێنێک قورئانی کەریم دەخوێنێتەوە، چوار کەس بە جارێک لەوێدا گیانیان دەردەچێت!

قەت لە یادی ناکەم، من لە کاتی خزمەتی سەربازیدا، لە بەشی پەیوەندیە بێ تەلەکان بووم، تەسجیلێکم لەلا بوو، هەمیشە گوێم لە دەنگی عەبدولباسط دەگرت، کاتێک قورئانی کەریمی دەخوێند، بە سورەتی “التکویر” کۆتایی پێدەهێنا. هێندە جوان دەیخوێندەوە، هەتا ئێستا کەسی وەکو ئەوم نەدیوە.

بە ڕاستی بە شێوەیەکە کە مرۆڤ دەبورێنێتەوە.

دواتر بۆیان گێڕامەوە، کاتێک یەکێک لە سەربازەکان گوێی لەو دەنگە دەبێت، هەر لەوێدا دەبورێتەوە و بە زەویدا دەکەوێت و گیانی دەردەچێت.

ئەمەش پەیوەندی بە جۆری خوێندنەوەکەوە هەیە، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە تا چەندە دەنگی دڵە، بمبورن کە وەها دەڵێم، خۆ دەمبورن؟

بە فڵتە فڵتی دەم و زمان نابێت…

پێموایە گەر مرۆڤ بتوانێت دەنگی نەی دەربکات، چ پیویستی بەوە هەیە فڵتە و مڵتەی لە دەم بێتە دەر؟!

چی پێویستی بەوە هەیە دەنگی دروستکراوەکانی تر دەربکات!

بەڵێ، با بگەڕێینەوە دواوە، لێرەدا کەوانەکەمان داخست…

رَبَّنَا اِجْعَلْ لَنَا مِنْ أَمْرِنَا فَرَجًا وَمَخْرَجًا

مرۆڤ گەر بەم شێوەیەی کرد، ئیدی لە ڕووی حاڵ و کردار و ڕەفتارەوە، پێگەیەکی وەهای دەست دەکەوێت، خۆی دەخاتە پێگەیەکی وەهاوە، ئیدی هەرچیەک لە دەم و زمانی دەڕژێتە خوارەوە، کاتێک  لە ڕووی قوڵایی و پانیەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەیت و دەیخەیتە ژێر شیکاریەوە، وەهات لێدێت کە بڵێیت” وەڵڵاهی ئەمە لە قسەی دەمو زمان ناچێت، ئەمە جگە لەدەنگ و هەناسەی دڵ شتێکی تر نیە!”.

وەک شاعیریش دەڵێت:

دڵ ماڵی خودایە پاکی بکەوە لە “بێجگە ئەو”

با ڕەحمان دابەزێتە سەر کۆشکەکەت لە شەواندا

بەڵێ، دڵ جێدەرکەوتی درەوشانەوەی دەرکەوتی ئیلاهیە…

الله درەوشانەوەی دەرکەوت لە دڵدا دەبێت، بە تایبەت لە شەواندا.

پێویستە حاڵێکی لەو شێوەیە بەدەست بهێنین. هەروەها نزای رَبَّنَا اِجْعَلْ لَنَا مِنْ أَمْرِنَا فَرَجًا وَمَخْرَجًا بەم بابەتەوە ببەستینەوە.

پێویستە هەر بەو شێوەیەش لە وتەکەی یونسی مەتتا تێبگەین.

کاتێک هەر بە ڕاستیی، تەواوی هۆکارەکان کول و کوێر دەبن، شتێکی لەبەردەستدا نامێنێت، بە تەواوی دڵیەوە ڕوو لە جەنابی حەق دەکات، تەواوی هۆکارەکان بە لەپی دەستی توڕ دەدات، دەڵێت:

تەنیا تۆ هەیت و پێویست بە گەڕان بە دوای هیچ شتێک ناکات.

جەنابی حەقیش دەفەرموێت: مادام من هەم و بابەتەکە ڕاسپاردەی من دەکەیت، منیش کاری خۆم ئەنجام دەدەم.

بەو شێوەیە لە سکی ماسیەکە دەری دەکات.

 

هەربۆیە زۆر جار دەڵێم:

پەروەردگارا، ئەم قیتمیرە و ئەوانەی لەناو بازنەی ئەم خزمەتەدان، هەروەها ئەم خزمەتەش و، تەواوی خودی خۆم، ئەمانەتی دەستی تۆ دەکەم…

 

چونکە گەر ئەمە ڕاسپاردەی دەستی حکومەت، دەوڵەت و سیاسیەکان بکەین، گیانی دەردەهێنن.

 

چونکە تۆ ئەمینیت، بە ناوی “المؤمن” وەسف کراویت. یاخود ناوت لە خۆت ناوە.

هەربۆیە هەر هەموویان ڕاسپاردەی دەستی تۆیە.

ئەمانەتی لای نزیکی خۆت دەکەم لە مۆڵگە پیرۆزەکەتدا(حظيرة القدس)…

هانام بۆ هێناویت. چونکە تۆ خیانەت لە ئەمانەت ناکەیت. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە بابەتەکە ڕادەستی جەنابی حەق بکەین. ئێوە گەر بە تەواوی بوونتانەوە بابەتەکە ڕادەستی ئەو بکەن، ئەویش بەو لوتف، بەخشندەییە فراوانەی خۆیەوە، بێگومان وەڵامی دەداتەوە.

وَأَوْفُوا بِعَهْدِي أُوفِ بِعَهْدِكُمْ وَإِيَّايَ فَارْهَبُونِ

ئێوە پەیمانەکانتان ببەنە سەر، با منیش وەڵامی پەیمانەکانی ئێوە بدەمەوە.

دەفەرموێت بە وەفا بن، با منیش لە بەرامبەریدا وەفاتان پشان بدەم.

بەڵام ئەمانە لێرەدا بە واتای وەڵامدانەوە دێت.

واتە بە گوێرەی وەفای خۆتان وەڵامتان دەدەمەوە.

بۆ نمونە چی دەکەن؟

بەندە بە گوێرەی لایەنی بەرتەسکی خۆی، بستێک دەچێتە پێشەوە، وەک لە حەدیسێکی قودسیدا ئاماژەی پێدراوە، جەنابی حەق لە وەڵامیدا یەک هەنگاو دەچێتە پێشەوە.

ئێوە هەنگاوێکتان هەڵگرت، منیش بەرەو ڕووتان هاتم.

گەر ئێوە بەرەو من بێن، منیش بەرەو ئێوە ڕادەکەم، پاشان دەبێتە دەم و زمان و لە جیاتی بەندەکەی قسە دەکات.

واتە گەر مرۆڤ بە ڕادەی بچوکی خۆی، نزیکیەک لەوەوە پشان بدات، ئەو بە گوێرەی گەورەیی خۆی، وەڵامێکتان دەداتەوە کە پەیوەندی ڕاستەوانەی لەگەڵ گەورەیی خۆیدا هەیە.

پشتیوان بە خودا بە حاڵێکی ڕۆحی لەم شێوەیە، گەر بە ناوی خۆمان و براکانمانەوە، داوای ڕزگاری و کردنەوەی دەروویەک لە براکانمان بکرێت، پێموایە نزایەک نابێت کە بکەوێتەوە سەر زەوی و گیرا نەبێت. جەنابی حەق قبوڵی دەکات، ئەو ڕزگاری و کردنەوەی دەرووەمان پێ ئیحسان دەکات.

لە ڕاستیدا بە تاقیکردنەوەیەکدا تێدەپەڕین، ئەمەش کاتی دیاریکراوی خۆی هەیە، هەر کە کاتە دیاریکراوەکەی خۆی تەواو دەبێت، مرۆڤ بە پاک و بێگەردی لەو تاقیکردنەوەیە دێتە دەرەوە.

لایەنی دووهەمی بابەتەکەش ئەوەیە، لەبەر ئەوەی ئیمکانیەتەی جەنابی حەق لە سەردەمێکی دیاریکراودا خستیە بەردەممان و نەمانتوانی بە شێوەیەکی سوودهێنەر هەڵیبسەنگێنین، ئێستا جەنابی حەق پێمان دەفەرموێت: مادام لە کاتی خۆیدا فریای ئەم شتانە نەکەوتن، ئێستا پێویستە چەندین قات بە قەزا بیگێڕنەوە.

ئەوەش ئاشکرایە، کاتێک نوێژێک قەزا دەکەیتەوە، بۆ نمونە نوێژی عەسر، سەرەتا فەرزەکە ئەنجام دەدەیت و پاشان ئەوەی فەوتاندوتە، دووبارەی دەکەیتەوە.

واتە دەبێت ئەمجارەیان گێڕەکەتان بەرز بکەنەوە، گەر هەتا ئێستا لە گێڕی چوار ڕۆشتبێتن، لەمەودوا دەبێت بە گێڕی هەشت بڕۆن.

خۆ گەر ٤ گێڕی  تەمکینیشی بۆ زیاد بکەن، ئەوا دەبێتە دوانزە.

دەبێت بەم شێوەیە قەرەبووی بکەنەوە.

ئەمەش بابەتێکی جیاوازترە.

لەبەر ئەوەی لە کاتی خۆیدا فریای ئەو شتانە نەکەوتن کە دەبوو فریای بکەون، بۆ نمونە لە کاتی خۆیدا پەیوەندیتان بە کەسانی ترەوە نەکرد، چەشنی ئەوەی لە ئێستادا ئەنجامی دەدەن.

بۆ نمونە وەک پێویست کاتەکانی بەربانگی ڕەمەزانتان هەڵنەسەنگاند، لەسەر ئاستێکی بەرز کەوا پەیوەندی لەگەڵ هەزاران مرۆڤ بگرن، نەتانتوانی نزیکی دروست بکەن.

گەر بەو شێوەیەتان بکردایە، ئەوا دەنگ و هەناسەتان چەشنی ئەوەی شانازی مرۆڤایەتی ئاماژەی پێداوە، دەگەشت بە هەر شوێنێکی زەوی کە خۆری لێهەڵدێت و لێی ئاوا دەبێت. بەم شێوەیە سەرداری ڕۆحی مرۆڤایەتیش مەمنون دەبوو.

گەر بە هۆی کارەکانتانەوە بهاتایەتە خەووەکانتانەوە، لە ڕێگەی ئەوەی زەردەخەنەی بەسەرتاندا ببارێنێت، مەمنونی خۆی بە ئێوە دەگەیاند. لەم بابەتەشدا هیچ گومانێکم نیە.

چونکە ئەو جگە لەمە ئاوات و خواستێکی نیە.

تەنیا خواستێک هەیبێت ئەوەیە کە حەقیقەتی ” لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ، مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللهِ” لە هەر چوار دەوری دونیا شاباڵ بگرێت.

وەک ئەوەی یەحیا کەمال لە هۆنراوەیەکیدا ئاماژەی پێدەکات:

گەر ئەجەل سوڵتان سەلیمی یەکەمی ڕام نەهێنایە

دەبوو شانوشکۆی محمدی هەموو جیهانی فەتح کردایە

 ئاسمان لە نوری سەدان هەزار منارەدا غەرق دەبوو

کاتێ ڕۆحی ڕەوانی محمدی شاباڵی دەگرت

پێکرا هەموو ڕۆحەکان دەیانبینی الله اکبر

کاتێ زوبانی محمدی لەسەر عەرش عەکس دەبوو

 

بەڵێ ئەمە ئەو ئامانجەیە کە ئەو پشانی ئێوەی داوە.

 بە چاوی غەیب زانی خۆی ئەمەی بینیوە و وتوویەتی: ڕۆژێک دێت ئەمە ڕوو دەدات.

 

هەروەها لە هەمان کاتدا ئامانجێکی پشانی ئێوە داوە و، فەرمویەتی ئێوە لە ڕووی نەوەی خۆتانەوە هەوڵی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بدەن.

بەڵام لەوەش دەچێت بە نسیبی ئێوەش نەبێت، خۆ گەر ئێوە ڕێبواری ئەو رێگەیە بن، ئەوا هەر پاداشتێک لەسەر ئەنجامەکەی بێت، الله بە گەورەیی خۆی بە ئێوەشی دەبەخشێت.

چونکە ئێوە بە گوێرەی ئامانجەکە پلانەکانی خۆتان داڕشت.

هەربۆیە دەبێت بپرسین: جەنابی حەق ئیمکانی زۆر فراوانی بە ئێمە بەخشی، ئایا ئەمانەمان بە شێوەیەکی سوودهێنەر بەکارهێنا؟

هەربۆیە بابەتی ڕزگار بوون و کرانەوەی دەروویەک  لایەنی زۆر جیاوازی هەیە.

لایەنێکی تری بابەتەکە، هەڵکردن لەگەڵ کەسانی زاڵم بە شێوەیەکی شیاو، بۆ نمونە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، ماوەی ١٣ ساڵ لە مەککە لەگەڵ زاڵمان و کافران و موشریکاندا هەڵیکرد. پاشان  تەواوی ئەو مرۆڤانەی – بمبەخشن  – خواروخێچن، هەموویان لە ئەزیەتدان و زوڵم لێکرندا، پێشبڕکێیان لەگەڵ یەک دەکرد.

 

پێغەمبەری خوداش لەو کاتەدا هەرچیەک پێویست بوو ئەنجامی بدات، ئەنجامی دابوو.

هەتا ئەو ساتەی هیجرەتی کرد.

ئەگینا ئەو مرۆڤانە دەستیان لێ هەڵنەدەگرت.

تەنانەت ئەو کاتەی هیجرەتی کرد، هەتا سوڵتانیەتی سەور دوای کەوتن و، شمشێر لێ سواندنیان لەو کاتەدا، ئەوە پشان دەدات کە بیریان لە شتی زۆر خراپ دەکردەوە.

چەشنی ئەو شتانەی هەندێک تاغوتی جیهانی ئیسلامی ئەمڕۆ بیری لێدەکەنەوە، ئەوانیش بیریان لە هەمان شت دەکردەوە.

 

منداڵ لە دایکی جیا دەکەنەوە و پێیان دەڵێن بەم شێوەیە دەمرێت! لە وەڵامدا دەڵێت: ئینجا با بمرێت بە من چی.

گەر سەڵتەنەتەکەم لە ژێر چنگ دەرنەچێت، چی دەبێت با ببێت.

سەیری جیهانی ئیسلام بکەن، سیمایان تاریکونوتەک کردووە، بە کۆشکە تاریکونوتەکەکانیان کە بیری تاریکونوتەکی تێدا دەکەنەوە.

ئەم مرۆڤانەی لەناو دوکەڵدا مرۆڤەکانیان پێش خۆیان داوە.

بەڵێ حاڵی ئێستای بەم شێوەیەیە، بەڵام بە پشتیوانی خودا، پێغەمبەری خودا هەرچی لەسەر شانی بوو ئەنجامیدا، لە تەواوی ئەو کۆسپانە ڕزگاری بوو کە خرایە بەردەمی، بەڵام لە ماوەی ١٣ ساڵی مەککەدا سەرەڕای تەواوی ئەو شتانەی توشی بوو، بە شێوەیەک چەشنی ئەوەی داواکەی وەک ئاڵا بشەکێنێتەوە، یەسریبی کرد مەدینە و وەک ناوەندی مەدەنیەتی لێکرد، وەک توخمێکی ناو هاوکێشەکانی لێهات، بە تایبەت لە سەردەمی حەزرەتی عومەردا، ئەمەش هەمووی چەند ساڵی خایاند؟

سەردارمان ماوەی ١٠ ساڵ لە مەدینە مایەوە، حەزرەتی ئەبوبەکریش نزیکەی ٣ ساڵ، حەزرەتی عومەریش ١٠ ساڵێکی خایاند، لە ماوەی ٢٣ ساڵێکدا، لەسەر پشتی ئەسپ و هێستر، نەک بە تۆپ و تانک و فڕۆکە.

نەوەیەکی پێگەیاند کە ئەو کارانە ئەنجام بدەن.

هەربۆیە لە کاتی نزای ڕزگاری و کرانەوەی دەروویەکدا، دەبێت ئەوە بزانن کە دەشێت وابەستەی کاتی دیاریکراوی خۆی بێت.

هەربۆیە بە گوێرەی ئەمە یان پێویست بەوە دەکات کە خۆمان بە پاڵفتە کردندا ببەین، یاخود کاتێکی دیاریکراوی قەدەر هەیە.

 

یاخود ئەوەتا جەنابی حەق دەیەوێت بە پاڵفتەکراوی و پاکوبێگەردی بمانباتەوە بۆ لای خۆی.

 

دەیەوێت بە پاکوبێگەردی بڕۆینەوە، هەتا لە ڕیزی ئەو کەسانەدا ڕیز بگرین کە سەردارمان بە هاوەڵی خۆی ناویان دەبات و دەفەرموێت:

أَصْحَابِي كَالنُّجُومِ، بِأَيِّهِمْ اِقْتَدَيْتُمْ اِهْتَدَيْتُمْ

بۆ ئەوەی بگەین بەو خاڵە، دەیەوێت قاڵبێکی شایستەمان پێبدات و خۆڕاگر بین.

لە ڕاستیدا بە پشتیوانی خودا، دەبێت قاڵبێکی شایستەی وەها بەدەستبهێنین کە دەنگ و هەناسەی ئەو بە هەموو دونیا بگەیەنین.

 

خۆ گەر جەنابی حەق ویستی لەسەر شتێکی لەو شێوەیە بێت، تەنانەت گەر لە ڕواڵەتدا وەک عەزاب و ناسۆری و تاسە ببینرێن، بەڵام لە ڕاستیدا چەشنی شەپۆلێکی درەوشانەوەی دەرکەوتی ڕەحمەتی خۆیەتی.

دەتوانن وەک شەبەنگی رەحمەتی ئەو لێکی بدەنەوە، بێ ئەوەی هیچ دوو دڵیەکتان هەبێت.

هەربۆیە پێویست بەوە دەکات کە پێداگری لەسەر بکرێت و پەلەی لێ نەکرێت.

لاَ تَحْزَنْ إِنَّ اللهَ مَعَنَا فَأَنْزَلَ اللهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ

حەزرەتی ئەبوبەکر لە سوڵتانیەتی سەوردا توشی هەیەجانی ئەوە بوو کە شتێک بەسەر سەردارمان دێت.

بەڵام لەوێشدا وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت، ئەوان لە بەردەمیاندا دێن و دەڕۆن، قاچی ئەوانیان دەبینی، لەوە دەچێت دەنگی پێکانیشیان بیستبێتن، چونکە ئەشکەوتێکی هێندە قوڵ نیە، بەڵام الله بە تاڵە داوی جاڵجاڵۆکەیەک، بەردەمی ئەحمەقەکانی گرت.

 

 

 

 

 

 

 

أَصْحَابِي كَالنُّجُومِ، بِأَيِّهِمْ اِقْتَدَيْتُمْ اِهْتَدَيْتُمْ

بە دوو کۆتر، الله بەردەمی دووڕووەکانی گرت.

لاَ تَحْزَنْ إِنَّ اللهَ مَعَنَا

خەم مەخۆ دۆستەکەم، الله لەگەڵ ئێمەیە.

 

فَأَنْزَلَ اللهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ وَأَيَّدَهُ بِجُنُودٍ لَمْ تَرَوْهَا وَجَعَلَ كَلِمَةَ الَّذِينَ كَفَرُوا السُّفْلَى وَكَلِمَةُ اللهِ هِيَ الْعُلْيَا

وشەی الله ی بەرز کردەوە و وشەی کافران و ئەو شتانەی دەیانویست ئەنجامی بدەن، نزم کردەوە.

نیگەران مەبن، حەق هەمیشە لەسەرەوە دەبێت و هیچی بەسەردا سەرناکەوێت.

 دابەزینی سوکنایی(السکینة) بەسەر سەردارماندا، لەسەر شێوازی واتا دەبێت، لە دڵیدا شێوازێک لە خەمڕەخسان دروست دەبێت.

لە ڕوانگەی دڵیەوە لە خەمڕەخسیوە، تەواوی ئەمانەش وابەستەی ئەوەیە کە جەنابی حەق بە شێوەیەکی تەواو ڕووی لەو کردووە.

گەر ئێوەش ڕوو لەو بکەن، ئەوا لە ڕووتێکردنەوە ڕووتێکردنی تر لە دایک دەبێت.

ڕووی تێبکەن هەتا ڕووتان تێبکات.

 

جەنابی حەق هەمیشە ئاگاداری ئێمە و ئێوەش بێت.

خۆی پاڵی پێوە ناوین و لە شوێنێکی باشدا گیرساوینەتەوە.

دەگونجا سەرمان لێ بشێوێت و لە ڕیزی زاڵماندا خۆمان ببینینەوە، دەگونجا ئێمەش وەک هەندێک لە ئەحمەقەکان، لە ژێر دەستی ئەحمەقترینی فەرمانڕەواکاندا ئەحمەق بووینایە و، لە کەسانێکی ئاست نزم زیاتر ئەحمەق بووینایە!

دەگونجا وەک مێگەل دوای ئەوان بکەوتینایە.

بە شێوازی جیاواز ئێمەی لەوان تەرا کرد، هەندێک لە هاوڕێکانمانی خستە زیندانەکانەوە، هەندێکیشیان وەک ئێوە هیجرەتی کرد، الله لەم ڕێگەیەوە، ئەو هەواڵ و مژدەیە کە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی داوێتی” ناوی من دەگات بە هەر شوێنێک کەوا خۆری لێ هەڵدێت و لێی ئاوا دەبێت”، دەهێنێتە دی.

 

ئێستا لە دونیادا مرۆڤێک نیە کە ئێوەی نەبیستبێت، بۆ نمونە ئێستا لە ئەمەریکا دادگاییەک بەڕێوە دەچێت، هەندێک چوون و نزیکەی ٢٠ کۆمپانیای بەهێزیان بە کرێ گرتووە، پارێزەرەی بەهێزیان گرتووە هەتا ئەندامەکانی ئەم بزاڤەی پێ قۆڵبەس بکەن، هەروەها هاوڕێیەکی ئێوە هەیە کە ناوی قیتمیرە، لە پێش هەموویاندا دەیانەوێت ئەو قۆڵبەست بکەن.

دەڵێن گەر ئەو قۆڵبەست بکرێت، ئیدی ئێرە وەک کەنار و بەندەرێکی لێدێت کە مرۆڤەکانی لێوە بگوازنەوە بۆ تورکیا.

دەڵێن ئیدی یەکە بە یەکە دەستگیریان دەکەین و دەیانبەینەوە.

ئیدی لە کونجی زیندانەکان دایان دەنێین هەتا دەمرن!

بۆ ئەم کارەش ٢٠ هەتا ٣٠ پارێزەر دەگرن، کار لەگەڵ ٢٠ هەتا ٣٠ کۆمپانیا دەکەن، بە تەن پارە خەرج دەکەن، ئێستا مێدیاکان تەنیا ناوی یەک دانەیان دەزانن، بەڵام داواکارە گشتیەکان ناوی هەموویان دەزانن.

هەروەها ١٥ ملیۆن دۆلاریان داوە بە تەنیا یەک کەسیان، هەروەها دوو کەسیش لە ناوچەی کەپادۆکیا، کە ئەم مامەڵە و تەکلیفانەیان خستۆتە بەردەم کەسەکانی ئێرە، ئێستا گەر ناوەکانیان بڵێم دەبێت بە غەیبەت، دوو دانە وەزیر، وەزیر!

ئەوانەی تەماشا دەکەن و نابینن!

ئێ گەر بۆ تەنیا کەسێک ئەم کارانە ئەنجام بدەن و، کارەکەیان سەر بگرێت، ئەوا ناتوانیت پێشبینی ئەوە بکەیت کە بۆ کەسەکانی تر چی ئەنجام دەدەن.

لە بەرامبەر هەستێکی تۆڵەی لەم شێوەیەدا، الله بە گەورەیی خۆی، ئێوە دەپارێزێت.

هێشتا هەموو ڕۆژێک مرۆڤەکان دێن و پەنا دەبەنە بەر ئەوێ، استغفرالله، وشەی پەنابردن گونجاو نیە، باشترە بڵێین:

بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان، شوێنی خۆیان دەگۆڕن و هیجرەتی جەبری ئەنجام دەدەن.

هیجرەتی جەبری و هیجرەتی ئیختیاری، لە ڕووی باش و باشترەوە، ئەمیان هەندێک لایەنی لەو باشترە و ئەویش هەندێک لایەنی لەم باشترە.

ئەوانەی دوێنێ بە ویستی خۆیان هیجرەتیان کرد، پاداشتی هیجرەتی ئیختیاریان دەستکەوت.

ئەوانەی ئەمڕۆش ماڵ و موڵک و نیشتیمانی خۆیان بەجێهێشت، بە شێوەیەک لە شێوەکان ئازاری ئەمە لە سینەیاندا هەیە، بەڵام دەڵێن قەیناکە، گرنگ ئەوەیە لە هەر چوار دەوری دونیا ڕۆحی ڕەوانی محمدی شاباڵ بگرێت! ئیدی هەرچیەک دەبێت با ببێت!

اَللَّهُمَّ أَعِنَّا عَلَى ذِكْرِكَ، وَشُكْرِكَ، وَحُسْنِ عِبَادَتِكَ * اَللَّهُمَّ انْصُرْنَا عَلَى أَعْدَائِنَا كُلِّهِمْ أَجْمَعِينَ؛ مِنَ السِّيَاسِيِّينَ، وَالْعَسْكَرِيِّينَ، وَالشُّرْطِيِّينَ، وَاْلاِسْتِخْبَارِيِّينَ، وَالْعَدْلِيِّينَ، وَالْمُلْكِيِّينَ، فِي كُلِّ أَنْحَاءِ الْعَالَمِ وَفِي  كُلِّ نَوَاحِي الْحَيَاةِ * يَا عَزِيزُ يَا جَبَّارُ، يَا جَلِيلُ يَا قَهَّارُ، اِسْتَجِبْ دَعَوَاتِنَا، وَلاَ تُخَيِّبْ رَجَاءَنَا، وَلاَ تَرُدَّنَا خَائِبِينَ، وَإِنْ لَمْ نَكُنْ أَهْلاً، فَأَنْتَ أَهْلٌ لِذَاكَ، يَا أَرْحَمَ الرَّاحِمِينَ، يَا ذَا الْجَلاَلِ وَاْلإِكْرَامِ

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

61 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە