بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

قبوڵنەکردنی بەرامبەر!

تارق بوراک بەشی ٢٤

 

 

 

 

“لە زیندان ڕشتنی خۆڵ بەسەرە بوو، هەموو ڕۆژێک سەرەی کەسێک بوو، هەموو کەسێک بە چوار چاو چاوەرێی سەرەی خۆی دەکرد، چونکە بەو هۆیەوە دەچووینە دەرەوە و لە دەرەوەی زیندان هەوایەکی پاکمان هەڵدەمژی. ڕۆژێکیان سەرەی کاک بەکر بوو. هاواریان کرد “خۆڵڕێژەکان بێن”. ئەویش لەو کاتەدا خەوتبوو، ئامانجم لەو کارەش ئەوە بوو کە کاک بەکر قسەی پێنەوترێت. کاتێک من دەچمە دەرەوە، کاک بەکر بەمە دەزانێت و زۆر دڵتەنگ دەبێت. وابزانم کاتێک ئەم کارەم ئەنجامدا کە تایبەت بەو بوو، ئەزیەتی دڵی ئەو مرۆڤەی دا کە دڵی هێندەی کریستاڵێک ناسک و هەستیار بوو”.

کاک بەکر لەبەر ئەوەی مرۆڤێکی زۆر هەستیار بوو، ڕۆژێک پێی وتم” ئەم خورپەی دڵەم، دەزانی بە چی دەشوبهێنم؟ بە شێرێک… ئەها چۆن شێرەکان دەخەنە قەفەسەوە و ئەوانیش نازانن چی بکەن، ئاوڕ بە لای ڕاستدا دەدەنەوە و دەڵێن مڕڕڕ، ئاوڕ بە لای چەپدا دەدەنەوە و دەڵێن مڕڕڕ”.

کاک بەکر هەندێک کاری هەبوو کە شایانی ستایش بوو، بۆ ئەوەی بەرگریەکانمان بۆ بەردەم دادگا ئامادە بکات، شەو و ڕۆژ خەوی لێنەدەکەوت. تەنانەت ئەو ڕۆژانەی دەیانبردین بۆ دادگا، شەوەکەی کاتژمێرێک یاخود دوان خەوی لێدەکەوت. هەتا بەرەبەیان کتێبی دەخوێندەوە و بە دوای ڕوونکردنەوەکانیاندا دەڕۆشت و لە شتێک دەگەڕا کەوا دادوەرەکانی دادگای پێ ببەستێتەوە. زۆر جاریش گەر شتێکی گرنگی بدۆزیایەتەوە، ئەوا لە نیوەی شەودا منی هەڵدەستاند و بۆی دەخوێندمەوە و دەیوت” دایکی دادوەرەکان دەخەمە گریان”. هەندێک جار ١٠ جار هێڵی دەهێنا بە ژێر شوێنە گرنگەکانی ئەو کتێبانەی دەیخوێندەوە. ئەو پیاوی هەیەجان و چالاکی بوو. کەسێکی زۆر تێکۆشەر بوو. بە هۆی ئەم هەستیاریەی خۆیەوە، جارێکیان لێی پرسیم “من لە کام هاوەڵی پێغەمبەر دەچم”، منیش بۆ ئەوەی نەڵێم لە حەزرەتی عومەر دەچیت، چەند ناوێکی ترم پێدەوت.

جارێکیشیان بە هۆی بەشداریم لە کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژدا کە پێشتر ئەویش بەشداری تێدا کردبوو، جۆرێک لە ناخۆشی دروست بوو. بەشداری کردنی من لەو کۆبوونەوەیە، بە تەواوی پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە وەختی خۆی لە ئیزمیر بووم. ئەگینا منیشیان بانگهێشت نەدەکرد.

منیش لە نێو قسەکانماندا وتم” گەر کەسێکی وەک ئابرا خولیسی لە ئێلازیغ، محمد فەیزی ئەفەندی لە کاستامۆنو، ئابرا خوسرەو بانگهێشت بکرێن، دەستەی راوێژ هێزی زیاتر پەیدا دەکات”.

کەسێکیش لە ناو ئەواندا زۆر بە خوێن ساردیەوە وتی” هەموو کەس با سنوری خۆی بزانێت، کەس خۆی لە کاری کەسانی تر هەڵنەقورتێنێت”.

کاک بەکریش لە گفتوگۆیەکی هاوشێوەدا لەگەڵ کەسێکی تر، بە شێوەیەک لە شێوەکان ناخۆشی لە نێوانیاندا دروست دەبێت.

هەردووکیان لە دژی یەکتر قسەیان دەکرد و پاشان هەردوکیان ئاماژەیان بەوە دەدا کە بەرامبەرەکەی غەیبەتی دەکات. تەواوی ئەمانە لە ڕێچکەی برایەتی و مرۆڤایەتی ڕوویان دەدا. منیش ڕۆژێکیان وتم” کەسێک غەیبەتی براکەی بکات، پێویستە زیخ بگریتە دەموچاوی”.

 

لەم قسەیەشمدا مەبەستم لە کەس نەبوو. بەڵام کاک بەکر پێی وەهابوو کە ئەم قسەیەم بە خۆی وتووە. ئەویش وەک برایەک کە کاردانەوە بەرامبەر براکەی پشان بدات وتی” من قەت بیرم لەوە نەکردبوویەوە کە قسەیەکی وەها بە من بڵێت، چونکە لای من ئەو کەسێکی تایبەتە”. بەم شێوەیە گلەیی لە من کردبوو. منیش نامەیەکم بۆ نوسی و بیرمە لە نامەکەدا وتم” من سەبارەت بە بەرگریکارێکی قارەمانی پەیامەکانی نور، هەرگیز بیرم لە شتێکی لەو جۆرە نەکردۆتەوە. سەرەڕای ئەمە؛ گەر پێداگری لە هەمان ڕای پێشووی خۆت بکەیت، ئامادەی ئەوەم لە بەردەم پەروەردگاردا حسابی قسەکانم بدەم”.

من لەو کاتەدا وەڵامی ئەو نامەیەم دەست نەکەوتەوە، ئەویش دواتر وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێت مامەڵەی کرد.

 

کاتێک کاک بەکریان هێنا بۆ بادەملی، پەیوەندی مامۆستا و کاک بەکر بەم شێوەیە بوو.

دادپەروەری جەنابی حەقیش بەو شێوەیە بوو، کە کەسانێکی لەو شێوەیە، پێکەوە لە زینداندا کۆ بکاتەوە. مامۆستاش لەو ماوەیەدا هەوڵی ئەوەیدا لە ڕێز و بە گەورە زانیندا، بەرامبەر کاک بەکر کەموکورتی نەنوێنێت.

“لە ڕاستیدا مومکین نەبوو کەوا بە شێوەیەکی تر مامەڵەی لەگەڵدا بکەم. چونکە لەو ڕۆژەی ئەوم ناسی، هەمیشە وەک بەرگریکارێکی حەق و ڕاستی ناسیم. ئەو پارێزەر نەبوو؛ بەڵکو دەنگ و هەناسەی هەژار و ستەملێکراوان بوو”.

لە زیندان هەندێک لە برایان، خۆشیان لە هەندێک برای تر نەدەهات. ئەمەش وای دەکرد چێژ و تامی تایبەت بە مەدرەسەی یوسفی تێک بدات. لەو ماوەیەی کە دەستگیر کرابووین، لە بەرامبەر تەواوی ئەو سوکایەتی و فشار و بە سووک سەیرکردنەی لەوێ دەمانبینی، تەنیا شتێک کەوا دڵی دەداینەوە ئەوە بوو؛ ئێمە بە ناوی دینەوە زیندانی کرابووین و هەموو ڕۆژ، کاتژمێر و خولەکێک کەوا لەوێ بەسەرمان دەبرد، بە نیسبەت ژیانی ئاخیرەتەوە پاداشتی دەست دەخستین و هەریەکەیان دەیان و سەدان قاتی خۆی لێدێت و لە دەفتەری چاکەکانماندا تۆمار دەکرێن. هەروەها بە هۆی ئەو ئیمان و دەسکەوتەی لە سینەماندا شنەبای ئاسودەیی و لە خەمڕەخسانی دروست کردبوو، توانای بەرگەگرتنمان هەبوو”.

ئەگەرچی ئەم چێژە ڕۆحانی و حەزە لەدونیە لە زینداندا هەبوو، هەندێک شنەبای نەرێنی ناوخۆ و دەرەوەی زیندان، وای دەکرد ئەم شنەبا ئەڕێنیانە بپچڕێنێت و لێڵی بکات و لایەنی کەم تامەکەی لە دەست بدات.

خۆزگە ئەو ساتانەی زیندانمان کە هەموو لایەکانی بۆنی ئاخیرەتی لێدەهات و تۆمار تۆمار هەتا قەد پاڵەکانی بەهەشت دەڕۆشت، بە تێر و تەسەلی سوودمان لێ وەربگرتایە. دیسان هیوامان وەهایە ئەوەی خاوەنی ڕەحمەتی بێ کۆتایە، بەم شێوەیە لێی قبوڵ کردبێتین.

لە ڕاستیدا ئەم پەردە ناسکە، جار جارە بە هۆی کێشەی جیاوازەوە کونی تێکرا. بەم هۆیەوە هیواکانمان لە ژێر دڵشکاویماندا دەپلیشانەوە. ئایا دەمانتوانی ئەمانە تێپەڕێنین، لە داهاتوودا ئەوانەی ئەم بابەتانە هەڵدەسەنگێنن، ئاماژە بەوە دەدەن کە نەمانتوانیوە تێیانپەڕێنین. خۆ گەر وەهاش بێت، ئەوا واتای ئەوەیە کە ئێمە هەر هێندە بووین”.

لە نێو کەسە نزیکەکاندا، تەنانەت لە نێوان ئەو کەسانەی کە خاوەنی هەمان بیروڕا بوون، کەسانێکی نالێبوردە، قبوڵنەکەری کەسانی تر، جگە لە بیروڕای خۆی کەس بە ڕاست نەزان و کەسانێکی زۆر بیرتەسک بوونیان هەبوو. لە نێوان ئەم مرۆڤانەدا، ئیدی بە هەر هۆ و پاڵنەرێک بێت، کەسانێک هەبوون کە ڕقیان لە یەکتر بوو. ئەم حاڵەش کە ئامادەیی و کراوەیی تێدایە بە ڕووی هەموو نەفرەت و کینە و دوژمنایەتیەکدا، لە بچوکترین ڕووداویشدا ئەگەری پێکدادانی دروست دەکرد، توانای ئەوەی تێدابوو کە شنەبا دۆزەخیەکان بۆ قەدپاڵە فیردەوسیەکانی دڵمان بهێنێت”.

باری دەرونی ناو زیندان و، ڕەهەندە جیاوازەکانی فشار و سوکایەتی، کە لاوازی لە ڕۆحی مرۆڤدا دروست دەکەن، توڕەیی و دڵشکاوی و باری ناچاری ئەوەی لەگەڵ دەرزەنێک شێت و دێوانە ژیان بەسەر ببەیت، “بادەملی” لێکردین بە زیندانێکی چوار ڕەهەندی”.

٣ مانگ بەسەر دەستبەسەر کردنی مامۆستادا تێناپەڕێت، کۆمەڵێک شێت و شویر دێنن بۆ قاوشەکەی ئەو. هەر لە دوای ئەو ڕۆژەشەوە بوو، کە مێژوویەکی تاڵ جارێکی تر خۆی دووبارە کردەوە.

چەشنی ئەو کەسانەی لە مێژوودا بە خۆشەویستی حەزرەتی عەلی دێوانە بوو بوون، بەڵام لە هەمان کاتدا پێوانەکانی قورئان و سونەتیان نەدەزانی و هەوا و ئارەزوی خۆیان بە سەرچاوەی دین لێک دەدایەوە، ئیدی لە قەناعەتیەکانەوە هەتا دەگاتە ڕافیزەکان، ئەمانیش بە خۆشەویستی زاتێکی گەورە سەرمەست بوو بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی شارەزای مەنهەجی محمدی نەبوون و بیانی بوون بەو مەنهەجە، جگە لە خۆیان، بەرامبەر هەموو کەسێک، هەستیان بە دڕەندەیی و بیانی بوون دەکرد.

ئیدی دەبوو لەگەڵ ئەم مرۆڤانەدا هەستین و دانیشین، پێکەوە نان بخۆین، لە هەمان ڕیزدا پێکەوە نوێژ بکەین. هەستان و دانیشتن و نانخواردن قەیناکە، ئەی چۆن بە یەکەوە نوێژ بکەین. ئەوان چونکە ئێمەیان وەک موسوڵمان قبوڵ نەبوو، لەوە نەدەچوو بەوە ڕازی ببن کە لە پشتی ئێمەشەوە نوێژ بکەن.

خۆ گەر ئێمەش لە دوای ئەوانەوە نوێژ نەکەین، ئەوا ئەمجارەیان دووبەرەکی لە نێوانماندا دروست دەبوو.

ئێمە ڕازی دەبووین بەوەی لە دوای ئەوانەوە جەماعەت بکەین، کە دەڵێم “ڕازی” دەبووین، دەبێت ئەوەش بزانن، کە تەنانەت سورەی کەوسەریشیان بە ڕەوانی لەبەر نەبوو، هەروەها مەرج و پایەکانی تری نوێژیشیان وەک خۆی بەجێنەدەگەیاند. بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک من لە دوایانەوە بۆ نوێژکردن دەوەستام و، لە بەرامبەر فەوتاندانی هەر پایەیەکی نوێژدا دڵم کسپەی لێهەڵدەستا و، کاتێک گوێم لە خوێندنەوەی شێواوی ئایەتەکانی قورئان دەبوو، دەبووم بە دوو کەرتەوە و بە هۆی لە دەستدانی پاداشتی نوێژی جەماعەتیشەوە، لە ناخەوە دەمناڵاند بە ناڵاندن. بەڵام دیسان لە دوای ئەوانەوە نوێژەکانم دەکرد. قبوڵ کردنی ئەمەش بە ناچاری بوو، چونکە فیتنە لە هەموو شتێکی خراپەی زیاترە. لەگەڵ ئەوان نوێژم ئەنجام دەدا و پاشان لە شوێنێکی گونجاودا نوێژەکانی خۆمم دووبارە دەکردەوە.

هەموو کەسێکیش ئەمەی بۆ ئەنجام نەدەدرا، هەربۆیە دەستکرا بەوەی کە دوو جەماعەت لە قاوشەکەی ئێمە ئەنجام بدرێت. ئەم بارودۆخە بارگژیەکانی زیاتر کرد. ئەوەشم بۆ دەرکەوت کە ئەو ئیدارەکردن و لەگەڵ رۆشتنەی هەتا ئەو ساتە ئەنجامم دابوو، بە کەڵکی هیچ نەهاتبوو. نەشیدەتوانی کەڵکی هەبێت، چونکە لایەنی بەرامبەر هیچ پێودانگێکی دینییان پەیڕەو نەدەکرد. باسی قورئانت بکردایە ڕوویان گرژ دەکرد، خۆ گەر باسی سونەتت بکردایە، واقیان وڕ دەما بە دیارتەوە و سەیری دەموچاویان دەکردی.

بە کورتیەکەی هیچ شتێکیان سەبارەت بە چەمکی “ئومەت” نەدەزانی. لە بەیانیەوە هەتا ئێوارە هەر باسی “جنۆکە”یان دەکرد، لەگەڵ هەموو هەستان و دانیشتنێکدا هەر باسی “جنۆکە” بوو.

پەیوەندی ئەمانەش بەو “جنۆکانە” ی باسیان دەکرد، لە پێش هاتنیان بۆ زیندانەوە بوو.

ئەمانە پێش ئەوەی کودەتاکەی ١٢ ی ئازاری ١٩٧٠ ڕوو بدات، هەموو بەرە بەیانیەک لەگەڵ لە خەو هەستانیان، یەکەم شت ڕایانکردووە بۆ لای ڕادیۆکانیان و گوێیان لەوە گرتووە کە ئاخۆ “جنۆکە” کان دەستیان بەسەر حکومەتدا گرتووە یاخود نا.

ئەم چاوەڕوانیە نامۆ و نائومێدانەی ئەوان، چەندین مانگ و هەفتە دەخایەنێت. ڕۆژێکیان کاتێک دەستیان لەوە شۆردووە جنۆکەکان دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن، بۆ دڵنەوایی دانەوەی خۆیان، ئاماژەیان بە ئێمە کردووە و وتوویانە” جنۆکەکان دیسان دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا دەگرتەوە، بەڵام بە هۆی ئەمانەوە، نەیانتوانی ئەو کارە ئەنجام بدەن”. ئیدی بە تەواوی نائومێد بوون و وازیان لە گوێگرتن لە ڕادیۆ هێناوە. لە ژووری زیندانیش بەردەوامیان بە هەمان حەقایەت دەدا.

بۆ نمونە یەکێکیان هەڵدەستا و دەیوت” جنۆکەیەک بە ناوی موحدینەوە، بە سوپایەکی چل ملیۆن کەسیەوە، لە ئێسکیشەهرەوە بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوت. یاخود جنۆکەیەکی تر بە ناوی ئاتڵگان، بە تایەفەیەکی یەک ملیار جنۆکەییەوە، لە فڵان شوێن هەواری هەڵداوە و چاوەڕێی فەرمان دەکات.

ئیدی ئەم جۆرە حەقایەتانە کۆتاییەکیان بۆ نەبوو، چەندین جار گوێمان لە هەمان شت گرتەوە و بە هۆی  ئەم سەرلێشێواویەی بە ناوی ئیسلامەوە توشی خۆیان کردبوو، چەندین جار توشی هەژان بووین و توڕەیی خۆمان خواردەوە و لە ناخەوە ناڵاندمان. ئەوەشمان لە دەست نەدەهات کە گوێ ڕادێری نەبین، چونکە هەموومان لە هەمان قاوشدا بووین، لەسەر هەمان مێز دادەنیشتین و لە بەیانیەوە هەتا ئێوارە پێکەوە بووین.

دەسەڵاتی ئەوەشمان نەبوو کە ڕاستیەکانیان بۆ باس بکەین و هەڵەکانیان بۆ ڕاست بکەینەوە. چونکە باوەڕیان بە ئێمە نەبوو. وەک ئێستا لەبیرمە کە چەندین جار بە ڕووی خۆمدا وتوویانە “سەگ”. وەهایان بە من دەوت و ئەو برایانەشی کە وەک منیان دەکرد، بە مەیمون ناویان دەبردن.

لە هەمان کاتدا ئەم سوکایەتیانەی کە پێیان دەکردین تەنیا بانگەشە و قسە پێوتنی خۆیان نەبوو، ئەمانە پەیوەندیان بە بینین و هەواڵهێنانی جنۆکەکانەوە هەبوو، ئیدی ئەمانە ڕاستیگەلێک بوون کەوا مەجالی ڕاڤە و لێکدانەوەی تێدا نەبوو!

ئەم زیهنیەتە کەوا ئاسمانی یەکەمیان بە کۆگای مێزەر و ئاسمانی دووهەمیان بە وەرشەی سیواک دەزانی، ئیدی نازانم باسکردن لە ناسۆری و ئازاری هەڵکردن لەگەڵ ئەم جۆرە مرۆڤانە، پێویست بە باسکردن دەکات؟!

 

هەروەها لەم نێوەندەدا، هەستیاری لە ڕادەبەدەری هەندێک لە براکانی خۆشمان، ئیشەکەی بە تەواوی لە شیرازە پچراندبوو. ڕۆژێکیان شتێک ڕوویدا، وەک وتوویانە کە جام پڕ بوو لێی دەڕژێت.

کەسێک کەوا پێشتر لەوان جیا بوو بوویەوە، کەسێکی چەپڕەوی هێنایە قاوشەکەی ئێمە، کە تا ڕادەیەک بە جوانی لە ئیسلامی دەڕوانی. ئەمەش شتێک بوو کە پێشتریش ڕووی دابوو. کەسانێک دەهاتنە قاوشەکەی ئێمە و، لە مامۆستا عیزەدینەوە، چەند شتێکیان بە ناوی قورئان و سونەتەوە، دەخوێند. هەندێک لە برا بەڕێزەکانی خۆشمان بە هۆی ئەوەی پێیان وەها بوو ئەم ماستە بێ موو نیە و بۆ کاری جاسوسیە، خۆیان لەم جۆرە کەسانە نەدەگەیاند.

ئەو ڕۆژە لە دوای نانی نیوەڕۆ، کاتێک سەرەی ئەوە هات کە دەست بکرێت بە خوێندنەوە و فێربوونی قورئان، لە پڕێکدا دەستیان کرد بە تانە و تەشەر لەیەکدان. بارگرژیەکان بە تەواوی پەرەیان سەند و کاک بەکری پارێزەریش، بە ئاساپیی دانەیەکی کێشا بە مەهمەت ناوەکەدا.

دواتر بۆمان دەرکەوت کە جەماعەتی شێتەکان، بۆسەیان بۆ کاک بەکر دانابوو، کە لە حاڵێکی وەهادا بیبینن. هەموویان لە جێگاکانیانەوە دەڕپەڕین و پەلاماری کاک بەکریان دا. ڕووداوەکان هێندە بە خێرایی ڕوویان دەدا، مومکین نەبوو، کە فریای بکەویت و ڕێگری لێبکەیت.

هەتا من و موستەفا بیرلیک فریای کەوتین، تەختەیەکیان کێشا بەسەریدا و تەختی زەویان کرد. هەتا ئەو ساتە ئەوەم بە خەیاڵدا نەهاتبوو، کەوا کەسێکی ئیماندار هێندە ڕق لە دڵ بێت بەرامبەر کەسێکی ئیمانداری تر و بە قەستی کوشتن لێی بدات. من و کاک موستەفا کەوتینە نێوانیانەوە و لە یەکمان جودا دەکردنەوە، بەڵام وا دیار بوو کە خواردنی کورسیەکیش لە قەدەری منیشدا بێت. هەربۆیە ڕامکردە بەردەم پەنجەرەکە و سەربازەکانم بانگ کرد. بەم شێوەیە جەنابی حەق یارمەتیداین و ڕێگریمان لە جینایەتێکی حەتمی کرد.

ئیدی نازانم ئەو جنۆکانەی ئەوان بە ناوی ئەتڵگان و موحیدین بانگیان دەکردن سوپایان هەیە یاخود نا، بەڵام لەوە دڵنیام کە جنۆکە و شەیتانەکان، بەڕێزترین دروستکراوی خودا کە مرۆڤەکانە، بە شێوەیەکی زۆر جددی کردبوو بە گژ یەکتردا.

 

هێشتا ئەم شۆکەی جنۆکە و شەیتانەکانمان بەسەردا تێنەپەڕیبوو، لەبەردەم دەرگای قاوشەکە گوێمان لە دەنگی پاسەوانە بۆڵە بۆڵکەرەکە بوو کە وتی” تف لە ئێوە کە خۆتان بە موسوڵمانیش دەزانن”.

ئەم قسانەم هەرگیز لە یاد ناچێت و، هەم تەریق بوومەوە، هەم خەفەتم خوارد، هیچیشم لە دەست نەدەهات لەگەڵ ئەو هەموو مرۆڤە بۆش و لاوازە. ئیدی بەو هۆیەوە توشی شڵەژانێکی گەورە بووم”.

مامۆستا لەو ڕۆژگارەوە هەتا ئێستا، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە نمونەیەکی بەهێز و ڕاستەقینەی ئیسلامی میانەڕەو و لێبوردە و پر خۆشەویستی پشانی دونیای مۆدێرن بدات.

 

ئیماژی دواکەوتووی و جەهالەت و ئاوێتەنەبوون لەگەڵ دونیای مۆدێرندا کە بەسەر هەموو موسوڵماناندا بڕابوو، بە هۆی ئەو خزمەتانەی مامۆستا دەستی بە ئەنجامدانیان کرد، تا ڕادەیەک ڕەوییەوە و موسوڵمانانی لێ پاککردەوە.

بابەتی ئەوەی موسوڵمانی ڕاستەقینە هێندەی ئەوەی ئەزیەتی مێروولەیەکیش نەدات خاوەنی هەستیاریە، لە کەسایەتی نوری نەمردا(درود و سەلامی خودای لەسەر بێت)، بە هەموو دونیا ناساند.

 

خزمەت لە هەمان کاتدا ئەوەی پشانی هەموو دونیا دا، کە بێ ئەوەی پێویست بە هیچ ترس و دادوەریەکی پێش وەختە بەرامبەر موسوڵمانان بکات، دەتوانن سەرکەوتوو بن لەوەی بە هەموو شێوەیەک ئاوێتەی دونیای مۆدێرن ببن.

 

 لە ڕێگەی نمونەکانی خۆیەوە ئەوەی پشان کە ئیسلام هیچ کێشەیەکی لەگەڵ زانست و مۆدێرنەدا نیە.

ئاسۆیەکی بە گەنجانی تورکیا و وڵاتانی ئیسلام بەخشی، کە گەنجەکانی بە بێ ئامانج و مەبەست و ئاسۆ دەژیان.

لایەنە ئەرێنی و ڕاستەقینەکانی ئیسلامی پشانی ڕۆژئاوا دا، “نەوەیەکی ئاڵتونی” پێگەیاند کە بتوانێت سوود بە جیهانیبوون بگەیەنێت و توانای ئەوەی هەبێت پەیوەندی لەگەڵ هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوی دروست بکات و هەتا دوا ڕادەش کەسانێکی خاوەن پەروەردە و ئەرک و بەرپرسیارێتی بن.

لە ڕێگەی کەسانێکی سەرشێتەوە، ناتوانرێت شتێک بە ناوی ئیسلامەوە پێشکەش بە دونیا بکرێت.

 

مامۆستا بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی رووداوەکانی زیندان:

ئیدی ئەوەی بە ئەنقەست و نائەنقەست بەشداری لە شەڕەکەدا کردبوو، هەموویان فڕێ درانە ژوورە تاکە کەسیەکانەوە. ئێمەش لە قاوشەکەمان دانیشتبووین و بە قوڵی بیرمان دەکردەوە. شتانێکمان بەسەر هات، کە لەسەر ئاستی پلانی بچوک، ئەو هیجرانەی جیهانی ئیسلامی پشانی ئێمە دا، کە لە چوار سەدەی ڕابردوو پێیدا تێپەڕیبوو. لەبەر خۆمانەوە دەمانوت” مێژوو دیسان دووبارە بوویەوە” و خۆمان دەخواردەوە.

هەروەها لە نێوانیاندا کەسێک بە ناوی عارف هەبوو، بە گوێرەی ئەوان کەسێکی نەرمونیان بوو. لە دوای زیندان، ڕۆژێک لە کۆڵانی هاڤرا منی بینی و بە ڕاکردن هاتە لام و وتی: “ئێمە لە زیندان زۆر خراپەمان لەگەڵ ئێوە کرد، گەردنمان ئازاد بکەن”.

هەروەها عارفی شۆرباچی هەبوو، دەست و دڵێکی کراوەی هەبوو. سیمایەکی پاکی هەبوو. کەسێکی نەرمونیان بوو. بەڵام دوانیان بە ناوەکانی (ئا.، م.) زۆر توند بوون. ئەو برایەش کە ناوی ها. بوو، ئەگەرچی بە نەرمونیان ئەژماریان دەکرد، بەڵام لە دوانەکەی تر توندتر بوو. گەر مەهمەدیش بخەینە سەر ئەوان، بە هەموویان ٦ کەس دەبوون.

هەریەکە و بە تەنیا کتێبی دەخوێندەوە، هەموو هەوڵێکم بۆ ئەوە بوو، کە لایەنی کەم، بەشە هاوبەشەکانی ناو ئەو کتێبانە بە یەکەوە بخوێنینەوە. بەڵام هەرگیز لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبووین.

نەک لەگەڵ ئەوان، بەڵکو لەگەڵ ئەو برایانەش کە زۆر قەدرگران بوون، وەک پیویست نەماندەتوانی دیالۆگ دروست بکەین. بە هەرحاڵ لەوە دەچێت خەتای خامێتی خۆمانیش بوو بێت.

بۆ نمونە لە دوای مامۆستا هارونە ڕەشید، دوو دوو گەنجی جوانی خوێندکاری مامۆستا “س.” هاتنە زیندان، کە ناویان ئەنوەر و ئەحمەد بوو. چوومە لایان وتم: ئێوە سەر بە ڕێبازی نەقشیبەندین، وەرن با بەیەکەوە زیکر و ویردەکان بکەین، هەتا هەموو ساتێکی ئەم زیندانە بە نزا کردن ببەینە سەر.  وتیان ئێمە خوێندەوار نین و بەم شیوەیە تەکلیفێکی زۆر مەعسومانەی منیان ڕەت کردەوە. لە کاتێکدا زۆر پیویست بە یەکگرتنێکی دڵی لەو شێوەیە هەبوو.

لە ڕاستیشدا جگە لەوان، دروستکردنی هاوبەشیەکی لەو شێوەیە لەگەڵ ئەو برادەرانەی کە پێش کەمێک ئاماژەم پێدا، جێگەی باس نەبوو، دڵنیا بووین لەوەی کە هیچ تەکلیفێکی ئێمەیان قبوڵ نەدەکرد. ئەمەش بە هۆی ئەو کەلتور و پەروەردەیەوە بوو کە وەریان گرتبوو، هەروەها بە هۆی کەشوهەوای تایبەت بە زیندانەوە.

 

کەشوهەوای زیندان، هەر خۆی لە خۆیدا مرۆڤەکان بێزار دەکات. بە تایبەت کاتێک دەچیتە دادگا و بڕیاری ئازادکردنت بۆ دەرناچێت، یاخود ئەو ساتەی قسەکانی دادگات گوێ لێدەبێت.

دادگاش خۆی لە خۆیدا قۆناغێکی ترە، هەندێک دەهێنن و بە زۆر لە دژت شایەتی پێدەدەن، هەندێکیشیان خۆبەخشانە دێن و لە دادگا شایەتیت لەسەر دەدەن.

کەسنێکیش بە قارەمانێتیەکی گەورەوە باسیان لە کتێبەکان دەکرد و دەیانوت” خوێندکاری ڕاستەقینە بەم شێوەیە مەرد و بێ پەروا دەبێت” و پۆزیان بەسەر ئێمەدا لێدەدا. ئێمەشیان بە خیانەتکردن تاوانبار دەکرد کە بەو شێوەیە قسەمان نەدەکرد. پاشان لە دادگا پێچەوانەی قسەکانیان دەکرد و ڕەوانەی ماڵەوە دەکران. ئێمەش کاتێک لە دادگا بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنمان بۆ دەردەکرا، ئیدی بتەوێت و نەتەوێت، هەندێک لە براکان بەم حاڵە زویر دەبوون و کاریگەری لەسەر دادەنان.

لەگەڵ برا چەپڕەوەکاندا، بە هۆی ئەو کەشوهەوا نەرمونیانەی لە ڕەفتارەکانی ئێمەوە سەرچاوەی گرتبوو، کەشوهەوای سوڵح لە نێوانماندا باڵادەست بوو. سەرەڕای ئەوەی جار جار هەڕەشەیان لێدەکردین، بەڵام ئێمە هەوڵی ئەوەمان دەدا کە لەگەڵیاندا بسازێین.

نوێژ و دەستنوێژ و بابەتی ئەوەی لە کاتی نوێژدا ئەژنۆکانمان بە زەویدا دەدا، دەکران بە بیانوو بەسەرمانەوە،. بەڵام سوپاس بۆ خودا، تەنانەت لە زیندانیش، ئیمان کەوا سیفاتی متمانە و ئاسایش بە کەسی ئیماندار دەبەخشێت، لە ئێمەوە سەرچاوەی دەگرت.

لە نێویاندا کەسانێکی وەک سەڤاش ئاڵ هەبوو، کە سەرەڕای ئەوەی کەسێکی ئیماندار نەبوو، بەڵام مەرد بوو. هەروەها کوڕێکی خەڵکی مەنەمەن هەبوو، ئەویش بە ڕاستی کەسێکی مەرد بوو. چاوەکانی چەشنی هەڵۆ دەیڕوانی، هەمیشە هەر سەیرم دەکرد و لەبەر خۆمەوە دەموت: گەر ئەم کوڕە ئیمان بهێنێت، کەسێکی چەشنی هاوەڵانی لێدەردەچێت”.

قادر کایمازیش یەکێک بوو لەو کەسە پاکانەی لە کۆتایەکاندا هاتە زیندان، هەرچەندە هزر و خەیاڵێکی پاکی هەبوو، بەڵام لە هەموو ژیانیدا ئیمان نەبوو بوویە میوانی دڵی.

 

“گەر الله یان بناسیایە، چەشنی هاوەڵانی پێغەمبەریان لێدەردەچوو”

ئەو ٧ مانگەی مامۆستا لە نێوان چوار دەوری زینداندا بەسەری برد، هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساند کە لە نزیکەوە گەنجانی سەر بە ڕەوتی چەپڕەو بناسێت. بە چاوی خۆی ئەوەی بینی، کە سەرەڕای ئەوەی ئەم گەنجانە ئیمانیان نیە، بەڵام بە هۆی ئەو ئایدیاڵەی دوای کەوتوون، دەیانەوێت شتێک بۆ کۆمەڵگا بکەن.

هەربۆیە لە پەسنی هەندێکیاندا دەڵێت” زۆر گەنجی نیشتیمانپەروەر، مەرد، ڕاستگۆ و منداڵی ڕاستەقینەی ناوچەی ئەنەدۆڵو هەبوو، کەدەیانوت ئێمە ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوامان قبوڵ نیە”.

“بەڵام ئەم گەنجانە بە هۆی هەڵەیەک لە هەڵبژاردنەکەیاندا، هزری کۆمۆنیستیان پەیڕەو دەکرد. لەگەڵ ئەواندا هاوبەشی قەدەرمان هەبوو. زۆر دۆستی گیانی بە گیانیمان بۆ دروست بوو. گەنجانێکی وەها بێ ڕیام تێدا بەدی کردن، گەر الله بخەیتە دڵ و  سەری هەریەک لەوانەوە، ئەوا کەسانێکیان چەشنی هاوەڵانی پێغەمبەر لێدەردەچێت. هەموویان کەسانێکی ڕاستگۆ بوون”.

هەربۆیە مامۆستا لە دوای هاتنە دەرەوەی لە زیندان، ساڵانی دواتر بە بێ ئەوەی جیاوازی بکات لە نێوان گەنجانی سەر بە چینی ڕاست و چەپ، هەمیشە لە وتارەکانیدا ئاماژەی بەوە دەدا کە ڕژانە سەر شەقامەکان هیچ گۆڕانکاریەک دروست ناکات. بە گوێرەی مامۆستا، هەموو گەنجان لە نێو گێژاوی کێشەکاندا گیریان خواردووە.

“ئەوانەی سنوری خۆیان دەبەزاند”

بێگومان لە نێو چەپرەوەکاندا کەسانێکیش هەبوو کە جار جار سوکایەتیان بە دین دەکرد.

مامۆستا باسی ئەو گەنجانەش دەکات و دەڵێت” ئەوان لە ژوورەکەی تەنیشمان دەمانەوە، کاتێک ئێمە نوێژمان دەکرد، ئەوان یەک لەسەر یەک دەیانکێشا بە دیوارەکە، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە خۆیان لە بەیانیەوە هەتا ئێوارە، بە بێ وەستان سازیان لێدەدا و گۆرانیان دەوت. هەروەها لە گۆرانیەکانیاندا قسانێکیان دەکرد کە سوکایەتی بوو بە هەستە میلیەکانمان. لەگەڵ ئەمەشدا لە کاتی نوێژدا دەیانکێشا بە دیوارەکاندا و دەیانوت: مامۆستایان دەنگە دەنگ مەکەن، بێدەنگ بن. بەم شێوەیە هاواریان دەکرد. بە تایبەت لە کاتی نوێژی بەیانی، هەمیشە ئاگاداریان دەکردینەوە و دەیانوت کەوا ئێمە خەویان دەزڕێنین. لەوە دەچێت بە گوێرەی دونیای خۆیشیان لەسەر حەق بووبێتن، چونکە شەوانی هاوین زۆر کورتە، ئەوانیش هەتا یەک و دووی شەو نەدەخەوتن، کاتێک ئەوان خەریک بوو خەویان لێدەکەوت، ئێمە بۆ شەو نوێژ یاخود نوێژی بەیانی هەڵدەستاین. ئیدی دەبوو بە دەمەقاڵە…

لە زینداندا بووین کاتێک ٣ مانگە پیرۆزەکەماندا بەسەر هات. لەگەڵ نزیک بوونەوەی مانگی ڕەمەزاندا، ئارەزوی ئازاد بوون ڕووی لە زیاد بوون دەکرد.  بە تایبەت لەگەڵ ئازاد بوونی هەندێک لە هاوڕێکاندا، ئارەزوی ئەوانەی لە زیندان دەمانەوە، زیاتر جۆشی دەسەند.

لە ڕاستیدا زیندانیش شتانێکی دڵخۆشکەری تایبەت بە خۆی هەبوو، ئەم هەموو هاورێیە لەگەڵ یەکتریدا کۆ بوونەتەوە و لە گوناحی ناو بازاڕەکان دوور کەوتبوونەوە.

هەروەها هەلی ئەوەی کە لە ڕێگەی یەکەوە دەتوانین هەزار پاداشت دەستی خۆمان بخەین، یەکێک بوون لەو لایەنانەی کە دڵنەواییان دەکردین.

لە کۆتا ڕۆژەکانی زینداندا بووین، ئێمە و چەپڕەوەکان لە قاوشی جیا لە یەک دەماینەوە.

پێش من گیونەری نوێنەری قاوشەکەی ئێمە بوو، کاتێک ئەو ڕۆشت، منیان کردە نوێنەری قاوشەکە…

قادر کایمازیشیان هێنایە قاوشەکەی ئێمە، منیش ئەوم لە شوێنێک لە نزیک لە ڕەنزەکانی خۆمان نیشتەجێ کرد.

هەندێک لە برادەران بە هاتنی ئەو ناڕەحەت بوو بوون. پێیان وتم کەوا لە بەشی پشتەوەی قاوشەکەی نیشتەجێی بکەم، چونکە گومانیان لەوە هەبوو کە ئەویش جاسوس بێت.

هەموویان وەها بیریان دەکردەوە، بەڵام من پێم وەهابوو کە ئەم منداڵە تەنیا ئالەتێکە بە دەستیانەوە. توشی دزیکردنی ئایدۆلۆژیانەیان کردبوو، هەر بەو هۆیەوە لە دزینی پارەی بانکێکدا بەشداری کردبوو.

ئەو کارەی ئەنجامیان دابوو شتێکی زۆر قێزەون بوو، بەڵام ئەمانە شتانێک نەبوون کەوا لە مێشکی ئەو منداڵە ١٩ تا ٢٠ دروست بوو بێت.

پێش ئەوەی قادر کایماز بێتە قاوشەکەی ئێمە، لە ڕۆژنامەکانەوە چاومان بە ڕووداوەکەی کەوت. لە ڕێگەی قادرەوە، بڕی ٤ ملیۆن و نیو پارەی ئەو کاتە لە بانکەکە دزرابوو. قادر لە کاتی دزیەکەدا جلی ئافرەتان لەبەر دەکات و قژی دەستکرد بە سەریەوە دەکات.

کاتێک دەستبەسەر کرا و هێنرایە زیندان، هەندێک هەبوون کەوا گاڵتەیان پێدەکرد. بە “خوشکە قادر” بانگیان دەکرد. ئەمانەش شتانێک بوون کە سنورەکانی ئەدەبی ئێمەی تێدەپەڕاند.

بۆ ئەوەی لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە فێری شتی تر نەکرێت، ئەو منداڵەیان بۆ لای ئێمە هێنابوو.

هەندێک کەسی تریشی لەگەڵدا گیرا بوون. بەڵام تەنیا قادریان بۆ لای ئێمە هێنا.  ئەوانەی پیلانی دزینی پارەی بانکەکەیان داڕشتبوو، کەسانێکی تر بوون. بەڵام لەبەر ئەوەی قادر خۆی لە بانک کاری دەکرد، بەشێکی گرنگی پیلانەکە لەلایەن ئەوەوە جێبەجێ کرابوو.

بە گوێرەی گێڕانەوەکانی خۆی، ئۆتۆمبیلی بانکەکە لەلایەن کەسێک بە ناوی سەلچوقەوە ڕاگیراوە. لە ڕێگەی دەرزی بەنجەوە پاسەوانەکانیان خەو لێخستووە و بەو شێوەیە دەستیان بەسەر هەموو پارەکەدا گرتبوو. پاشان دێنە ناوچەی گیوزەلیاڵی لە ئیزمیر و لەوێ شوقەیەک بە کرێ دەگرن. بە شێوەیەکی زۆر گرانبەها شوقەکە دەڕازێننەوە. سەرەڕای ئەوەی هاوڕێ کچەکانیان لەگەڵدا دەبێت، دەست دەکەن بەوەی لەوێ بمێننەوە.

ڕۆژێک پۆلیس لە شوقەکەی ئەوان پشکنین ئەنجام دەدا و کاتێک دەگەنە سەر ماڵەکەی ئەوان، یەکێک لە کچەکان دەرگا دەکاتەوە، کاتێک لێی دەپرسن کەوا کەسی  تری لێیە، لە وەڵامدا دەڵێت نەخێر، بەڵام لە پڕێکدا یەکێک لە کوڕەکانی ژوورەوە، – کە کوڕی ئەفسەرێکی پۆلیس دەبێت و کەسێکی قەبە و زل دەبێت- جوڵەیەک دەکات و پۆلیسەکانیش لە پەنجەرەی ژوورەوە چاویان پێی دەکەوێت. ئیدی دەچنە ژوورەوە و ئەویش بە گژ پۆلیسەکاندا دەچێت. لەو کاتەدا دەرگای یەکێک لە کەنتۆرەکان دەکەنەوە و قادر قایماز لە ناوەوە دەبێت، کاتێک لێی دەپرسن ناوت چیە؟ لە وەڵامدا دەڵێت: قادر. دەڵێن کایمازیشی پێوەیە؟ دەڵێت بەڵێ…

 

ئیدی هەموویان کۆ دەکەنەوە و دەستگیریان دەکەن.

ئەگەرچی ئێمە ئاگاداری تەواوی وردەکاریەکانی ڕووداوەکە نەبووین، بەڵام کاتێک قادر هاتە قاوشەکەی ئێمە، یەکسەر خۆم چووم بە دەمیەوە.

لە بەرامبەر تەواوی ئەو شتانەی بە ناوی دینەوە ئاگادارمان دەکردەوە لێی، کەسێکی نەرمونیان بوو. باسی لەوە دەکرد کە تەنانەت لە هەموو ژیانیدا یەک جاریش نوێژی نەکردووە. لەگەڵ ئێمەدا دەستی کرد بە نوێژ و ڕۆژوو. لەبەر ئەوەی دەمزانی بەرگەی نوێژی تەراویح ناگرێت، پێموت کەوا بە گوێرەی مەزهەبی شافعی ٩ ڕکات بکات.

ڕۆژێکیان خۆی هاتە لام و وتی: مامۆستا با ئەمڕۆ ئێوەش بە گوێرەی ئیمامی شافعی نوێژ بکەن.

ئیدی هێواش هێواش شارەزای زاراوەناسیەکانی ئێمەش دەبوو.

ئەگەرچی تاوانێکی ئەنجامدابوو، بەڵام لە زیندان زۆر کەسێکی غەریب بوو. کاتێک لە زیندان چوومە دەرەوە، هەموو جلەکانی خۆمم پێدا. هێندەی پێمکرا خۆم کرد بە خاوەنی…

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

150 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە