بیروڕاهەواڵ

هاواری مامۆستایەک کە دوو کچ و باوکی لە دەستداوە!

 

خەدیجە جیڤەلەک، ئەو خانمەی لە کارەساتێکی هاتوچۆدا لە کاتی سەردانی هاوسەرەکەی لە زیندان،  دوو کچی و باوک و خەوسی لە دەستدا، نامەیەک بۆ ڕای گشتی تورکیا دەنێرێت.

خەدیجە لە نامەکەیدا باس لەوە دەکات کە پێنچشەممەی ڕابردوو، لە زیندان چاوی بە ئێڤرەن جیڤەلەکی هاوسەری کەوتووە. ناوبراو ئاماژە بە تێکچونی باری دەرونی هاوسەرەکەی دەکات.

 

خەدیجە لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت” من وەک ژنێک کەوا دوو کچ، باوک و خەسوی لە دەستداوە و ئێستاش هاوسەرەکەی لە زیندان باری دەرونی بە تەواوی داڕماوە، داوای یارمەتی لە ئێوە دەکەم. دەمەوێت هاوسەرەکەم ببردرێتە نەخۆشخانەیەک و چارەسەری پزیشکی وەربگرێت”.

” هاوسەرەکەم تەنیا پایەیە منە کە منی  بە ژیانەوە بەستۆتەوە و بە نیسبەت ئەویشەوە منیش بە هەمان شێوەم، هاوسەرەکەم بە هۆی بارودۆخی سەختی ناو زیندانەوە بە تەواوی باری دەرونی تیكچووە و خەریکە ئەقڵی لە دەست دەدا. بە هۆی کێشە ڕۆحیەکانیەوە کێشە لە تەندروستی فیزیکیشیدا دروست بووە و، نەخۆشیەکانی شەکرە و کۆڵسترۆڵ، بە تەواوی پەرێشانیان کردووە”.

 

ئەمەی خوارەوە نامەکەی خەدیجە جیڤەلەکە:

من خەدیجە جیڤەلەک لە ساڵی ١٩٨٦ لە دایک بووم. من مامۆستایەکی خوێندنگەی سەرەتاییم کە لە دوای بەرواری ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، بە بڕیاری ٦٧٢ ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەم دەرکراوم.

هاوسەرەکەشم بە ناوی ئێڤرەن جیڤەلەک، لە بەرواری ٥ ی نیسانی ٢٠١٧ زیندانی کراوە، کە لە خوێندنگەیەکی دواناوەندی سەر بە دەوڵەت، وانەی ئاین و ئەخلاقی دەووتەوە. هاوسەرەکەم لە ٧ ی نیسانی ٢٠١٧ لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکرا و لەو کاتەوە ڕەوانەی زیندانی سینجانی شاری ئەنقەرە کراوە. دوای ٤٠ ڕۆژ، پاش ئەوەی داوامان کرد کە ناوبراو ڕەوانەی زیندانی دوزجە بکرێت، کە لە شوێنی مانەوەی ئێمە نزیکە، بەڵام بە پێچەوانەوە ڕەوانەی زیندانی کەسکینیان کرد، کە زۆر لە ئێمەوە دوورە. پاش ئەوەی ٣ مانگ لەم زیندانە مایەوە، یەکەم دانیشتنی دادگایی کردنی ئەنجام درا.

لە یەکەم دادگادا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە لە زیندانیشدا سکاڵایەکی تریان لەسەر تۆمار کراوە و هەردوو دۆسیەکەیان کرد بە یەک دۆسیەی دادگایی کردن. پاشان هاوسەرەکەمیان ڕەوانەی ژووری تاکە کەسی کرد. ئیدی ٦ دانیشتنی دادگایکردنی ئەنجامدرا و سەرەڕای ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی تۆمەتبارکردنی بەردەست نەبوو، بەڵام بە هۆی دانپێدانانی کەسانێکی ترەوە، هەموو دانیشتنەکان بۆ بەروارێکی تر دوا دەخران.

لەم ماوەیەدا هاوسەرەکەم بە شێوەیەکی بەردەوام داوای ئەوەی دەکرد کە بەرەو زیندانی دوزجە بیگوازنەوە.

لە بەرواری ٧ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨، هەریەک لە من و باوکم(ئەمین بالکچی)، خەسوم( حەوا جیڤەلەک)، کچەکانم بە ناوی نەعیمە و بەتول، سەردانی زیندانی کەسکینمان کرد، هەتا چاومان بە هاوسەرەکەم بکەوێت. لە کاتی گەڕانەوەمان بۆ دوزجە، لەسەر ڕێگای مەماک ئەنقەرە توشی ڕووداوی هاتوچۆ بووین و، دوو کچەکەم و باوکم و خەسوم گیانیان لە دەستدا. منیش چەند شوێنێکی لاشەم شکا و دوای ئەوەی نەشتەرگەریم بۆ یەکێک لە بڕبڕەکانی پشتم ئەنجامدا، لە نەخۆشخانە هاتمە دەرەوە.

لە کاتێکدا مرۆڤەکان یەکێک لە خۆشەویستان و منداڵەکانیان، یان کەسێکی نزیکیان توشی برینداری دەبێت، یاخود ئازادی و هەلی کارکردنیان لە دەست دەدەن،  توشی کێشەی دەرونی سەخت دەبن. بەڵام مێردەکەی من تەواوی ئەم شتانەی بە یەکەوە لە یەک کاتدا بەسەر هاتووە.

هەربۆیە بە نیسبەت مێردەکەمەوە داڕمانی باری دەرونی و جەستەیی، شتێکی حەتمی بوو.

هاوسەرەکەم پێشتریش نەخۆشی شەکرەی لەگەڵدا بوو، دوای ئەوەی توشی ئەم رووداوانەی دوایش هات، نەخۆشیەکەی بە تەواوی پەرەی سەند.

دوای مانگ و نیوێک لە ڕووداوەکە، لە بەرواری ٢٨ ی کانونی دووهەمی ٢٠١٩، دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە لە دوو دۆسیەی جیاوازدا، سزای ١٢ ساڵ لە دۆسیەی یەکەم و سزای ١٣ ساڵ و ٦ مانگی لە دۆسیەی دووهەمدا بەسەردا سەپاند. هەروەها لە بەرواری ١٧ ی کانونی دووهەمی هەمان مانگدا، دۆسیەیەکی تریش لەلایەن دادگای کرکەلەوە لەسەر کرایەوە، کە هەمان بانگەشە و بابەتی دۆسیەی دووهەمە و ئەو دادگایی کردنەشی هەتا ئێستا بەردەوامی هەیە.

 

من وەک ژنێک کەوا دوو کچ، باوک و خەسوی لە دەستداوە و ئێستاش هاوسەرەکەی لە زیندان باری دەرونی بە تەواوی داڕماوە، داوای یارمەتی لە ئێوە دەکەم. دەمەوێت هاوسەرەکەم ببردرێتە نەخۆشخانەیەک و چارەسەری پزیشکی وەربگرێت.

هاوسەرەکەم تەنیا پایەیە کە منی  بە ژیانەوە بەستۆتەوە و بە نیسبەت ئەویشەوە منیش بە هەمان شێوەم، هاوسەرەکەم بە هۆی بارودۆخی سەختی ناو زیندانەوە بە تەواوی باری دەرونی تیكچووە و خەریکە ئەقڵی لە دەست دەدات. بە هۆی کێشە ڕۆحیەکانیەوە کێشە لە تەندروستی فیزیکیشیدا دروست بووە و، نەخۆشیەکانی شەکرە و کۆڵسترۆڵ، بە تەواوی پەرێشانیان کردووە.

من و هاوسەرەکەم کە لە کاتی لە دەستدانی دوو کچەکەماندا نەمانتوانی بە شێوەیەکی ڕاستەقینە باوەش بە یەکتردا بکەین و لە خەمی یەکتر بڕەوێنینەوە، بە ڕاستی بە ڕۆژانێکی سەختدا تێدەپەڕین. دەمەوێت هاوسەرەکەم ساتێک زووتر لە زیندان بێتە دەرەوە و چارەسەری دەرونی وەربگرێت. لەم بابەتەدا داوای یارمەتی لە ئێوە دەکەم.

85 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە