هەواڵ

یادەوەرییەکانی ناو زیندان: “چییە ئەوە، ئێستاش بە نیازیت بە چاوە کوێرەکانت تەماشای تەلەڤیزیۆن بکەیت…”

 

ڕۆژنامەنووس جونەیت ئارات کە خاوەن پێداویستی تایبەت (نابینایە) دوێنێ شەو ئازاد کرا: “کاتێک ئازاد کرام نیوەشەو بوو. دەموت ‘ئێوە خۆتان بارودۆخی من دەبینن، من نابینام، یان لە وێستگەی پاسەکان یاخود لە وێستگەیەکی تەکسیدا دامبەزێنن’، بەڵام نە کارمەندانی گرتووخانەکە و نە ئەو ئەفسەرە پلەدارەی کە منی گواستەوە گوێیان بە قسەکانم نەدا. ئەو شتانەش کە لە گرتووخانە بەسەرمدا هات ڕێک نمونەیەکی ناحەقی و نایاساییە لەم وڵاتەدا.”

لە هەواڵێکی ئاژانسی کرۆنۆسدا باس لەو ناحەقی و نایاساییانە کراوە کە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسی خاوەن پێداویستی تایبەت – نابینا جونەیت ئارات کراوە هەم لە زینداندا و هەم لە کاتی ئازادکردنیدا.

هەواڵەکەی ئاژانسی کرۆنۆس بەم شێوەیەیە:

شەوی ڕابردوو دوای کاتژمێر ١٠ هەواڵ درا بە ڕۆژنامەنووسی نابینا جونەیت ئارات کە ئازاد دەکرێت، و جونەیت ئارات لە بەرامبەر ئەو هەواڵەدا سەری سوڕما و نەیدەزانی بەو شەوە چی بکات. دوای نزیکەی کاتژمێرێک ڕێکارە پێویستەکان جێبەجێ کران و برایە دەرەوە لە زیندان. زیندانییەکان کرانە ناو ئوتومبێلی گواستەنەوەی زیندانییەکان و لە باخچەی نەخۆشخانەی حکومی تارسوس دابەزێندران. جونەیت ئارات دەیوت ‘ئێوە خۆتان بارودۆخی من دەبینن، من نابینام، یان لە وێستگەی پاسەکان یاخود لە وێستگەیەکی تەکسیدا دامبەزێنن’، بەڵام نە کارمەندانی گرتووخانەکە و نە ئەو ئەفسەرە پلەدارەی کە ئەوی گواستەوە گوێیان بە قسەکانی نەدا.

 کات گەیشتبووە نیوەشەو، جونەیت ئارات تەماشای چواردەوری دەکرد و نەیدەزانی چی بکات. بێ ئەوەی بزانێت بۆ کوێ دەڕوات کەمێک بە ڕێگەدا ڕۆشت. لە ناکاو گوێی لە دەنگی پێی کەسێک بوو و دوای لێکرد یارمەتی بدات. ئەو کەسەش پێشتر بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە زینداندا بوو، و کە ئەوی بەو شێوەیە بینی زانی کە لە زیندان ئازاد کراوە و یارمەتیدا. پێکەوە ڕاوەستان و چاوەڕێیان دەکرد. دوای ماوەیەک تەکسییەک هات و گەیاندییە ئەو شوێنەی خانەوادەکەی لەوێ چاوەڕێیان دەکرد.

جونەیت ئارات دوای شادبوونەوەی بە خانەوادەکەی دەڵێت “کەسێک کە لەم بارودۆخەی مندا بێت چۆن دەکرێت بەو شێوەیە لە نیوەشەودا لە ناوەڕاستی ڕێگەدا وازی لێ بهێندرێت. دەبوو یان منیان ڕادەستی خانەوادەکەم بکردایە یان لانی کەم تا وێستگەی پاس یاخود وێستگەیەکی تەکسی منیان بگەیەندایە. زۆر تکام لە ئەفسەرە پلەدارەکانی ناو ئوتومبێلەکە کرد بەڵام هیچ گوێیان لێ نەگرتم. سەرەڕای ئەوە کاتێک لە زیندان دەرچووم نزیکەی ٥ هەزار لیرەم پێبوو کە بۆ خەرجی ناو زیندان هەڵمگرتبوو، دەکرا ڕێگەم پێبگرن و ڕووتم بکەنەوە، یاخود زیانم پێ بگەیەنن.”

جونەیت ئارات دەڵێت: “بڕیاری ئازادکردنم شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو بۆ من، بەڵام من هیچ کاتێک نائومێد نەبووم. من سزای ٨ ساڵ و یەک مانگ و ١٤ ڕۆژ زیندانیم بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو پارێزەرەی بۆم دانرابوو لە لایەن سەندیکای پارێزەرانەوە بەشداری لە دانیشتنەکەی دادگادا نەکرد، و بەو هۆیەوە تانە لە بڕیارەکە نەدرا و مافی تێهەڵچوونەوەی دۆسییەکەم بەکارنەهێنرا، لەبەر ئەوە دواتر ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەسەر داوای تێهەڵچوونەوەی من بە دۆسییەکەدا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردم.”

جونەیت ئارات بەم شێوەیە باسی ئەو ڕووداوانە دەکات کە لە پرۆسەی دادگایی و لە زینداندا بەسەریدا هاتووە:

“سەرەتا ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئاداناوە دەستگیر کرام. دواتر لە یەکی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن دادگاوە بە تۆمەتی ستایشکردنی تاوان و تاوانبار سزای ١١ مانگ زیندانیم بەسەردا سەپێنرا بەڵام سزاکەم بۆ ماوەی ساڵێک دواخرا.

دواتر لە بەرواری ٢٢ی شوباتی ٢٠١٧ لە لایەن دادگاوە سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی بە تۆمەتی ئەندامبوون و ساڵێک و ١٠ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی بە تۆمەتی پروپاگەندە بەسەرمدا سەپێندرا. دواتر وەک مافێکی ئاسایی خۆم لە ماوەی ٧ ڕۆژی دوای ئەو بڕیارەدا تانەم لە بڕیارەکە دا. دواتر لە بەرواری ١٠ی تەموزی ٢٠١٧ لە هەندێک سەرچاوە هەواڵییەکانەوە بۆم دەرکەوت کە یاری بە دۆسییەکەم کراوە و ڕەوانەی گرتووخانە دەکرێم، هەر لەبەر ئەو هۆکارە ئەو شەوە ڕۆشتم و لە بنکەی پۆلیسی مێرسین خۆم ڕادەستی پۆلیس کرد. ڕۆژی دواتر لە بنکەی پۆلیس برام بۆ ژوورێک کە پێیان دەوت ژووری چاوپێکەوتن و کۆمەڵێک جنێوی ناشرینیان پێدام و سوکایەتییەکی زۆریان پێکردم. هەر ئەو ڕۆژە ڕەوانەی گرتووخانە کرام و دوو ڕۆژ دواتر کرامە قاوشێکەوە کە هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت تێیدا دەستگیر کرابوون.

لە بەرواری یەکی ئابی ٢٠١٧ بە شێوەیەکی کەلەپچەکراو لە گرتووخانەی مێرسینەوە گوازرامەوە بۆ گرتووخانەی تارسوس. سەرەڕای ئەوەی کەسێکی نابینام بەڵام لە زیندانی تاکەکەسیدا هێڵدرامەوە. کاتێک داوای کۆنتڕۆڵی تەلەڤیزیۆنەکەم دەکرد پاسەوانی قاوشەکە گاڵتەی پێ دەکردم و دەیوت چییە ئێستاش بە نیازیت بە چاوە کوێرەکانت تەماشای تەلەڤیزیۆن بکەیت و کۆنتڕۆڵەکەی پێ نەدەدام.

سەرەڕای ئەوەی من بە هیچ شێوەیەک نەمدەتوانی هەڵبێم بەڵام لە هەموو چوونە دەرەوەیەکدا کەلەپچە دەکرایە دەستم. چەندین نامەم بۆ دەهات بەڵام زۆربەی بە بیانووی ئەوەی شیاو نییە دەستی بەسەردا دەگیرا.

 

http://www.shaber3.com/cezaevini-anlatti-ne-o-simdi-de-kor-gozlerinle-televizyon-mu-izleyeceksin-haberi/1327929/

11 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە