بیروڕاهەواڵ

چەند تێبینیەکی پەند ئامێز لە خواجە ئەفەندییەوە!

سەفوەت سەنیح

لێرەدا هەندێک لەو تێبینیە پڕ پەندانەی مامۆستا دەخەینە ڕوو، کە لە وتار و وانەکانیدا ئاماژەی پێداون:

” قەستەلانی یەکێک لە ڕاڤەکارانی کتێبی سەحیحی بوخاری، باس لە ناوی ١٧ هاوەڵی پیغەمبەر دەکات، کە هەمیشە خۆیان لە کەموکورتیدا بینیوە و بە درێژایی ژیانیان نیگەرانی ئەوە بوون کە لە ناو دووڕوویدا ژیان بەسەر ببەن.

حەزرەتی عائیشە و سیدنا حەزرەتی عومەر تەنیا دوو کەسن لەو کۆمەڵە هاوەڵەی بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ نەفسی خۆیان کردووە. ئەم جۆرە مامەڵەیەی ئەم دوو زاتە لەگەڵ خۆیاندا دەکرد، کە لە ڕاستیدا لەسەری هەموو مرۆڤێکی ترەوە بوون، پێویستە بە نیسبەت ئێمەوە پێودانگێکی زۆر جددی بێت. هەربۆیە ئێمەش لە روانگەی عیبادەتە شەخسیەکانمان و،  عیبادەتی ناو ژیانی کۆمەڵایەتیمان، واتە ئەوەی بە خزمەت ناوی دەبەین، پێویستە هەمیشە لێپرسینەوە لەگەڵ نەفسی خۆماندا بکەین و ڕێگەی نەدەین بەوەی بەرەو ملهوڕی سەر بکێشێت. لە ڕاستیشدا ئەمە دەستورێکە لەلایەن ئیمامی ڕەببانی و حەزرەتی بەدیعوزەمان و حەزرەتی عەلییەوە ئاماژەی پێدراوە. حەزرەتی بەدیعوزەمان لە یەکێک لە قسەکانیدا دەڵێت: دەبێت ئەوە بزانیت کە خودا هەندێک جار لە ڕێگەی پیاوێکی خراپەکاریشەوە پاڵپشتی ئەم دینەی خۆی دەکات. هەربۆیە گەر پێت وەهایە خزمەتێک ئەنجام دەدەیت، ئەوا لە خۆت بایی مەبە و خۆت بەو پیاوە خراپەکارە بزانە کە خودا پاڵپشتی دینەکەی خۆی پێدەکات”.

ئیمامی ڕەببانیش لە یەکێک لە وتەکانیدا دەڵێت: کاتێک لە روانگەی نەفسمەوە تاماشای خۆم دەکەم، هەرگیز هێندەی گوێدرێژێکیش حسابم بۆ خۆم نەکردووە.

واتە لەم روانگەیەوە سەیری لاشە و ژیانی جسمانیەتی خۆیان کردووە.

بەڵام کاتێک دێینە سەر ئەنجامدانی ئەو ئەرکەی لەسەرشانمانە، دەبێت بە دەستوری ” نەفسی خۆم لە هەموو کەس کەمترە، لە ڕووی بەجێگەیاندنی ئەرکەوە دەبێت لە پێش هەمووانەوە بم”، کار بکەین.

جەنابی حەق زۆر جار کارگەلێکی زۆر بە تەختە و داریش ئەنجام دەدات. وەک چۆن هەندێک لە دار و تەختەکان دەبنە سەوڵ، پەرژینی باخ و بێستانەکان، هەندێکیشیان هەیە کە لە زێراب و ئاوەڕۆ پیسەکان وەر دەدرێن. گەر ئێمە بووبیتینە ئامێری ئەوەی کاری چاکەمان پی ئەنجام بدەن، ئەوا گیانمان بە قوربانی ئەوە بێت، کە لەو کارەدا بەکاریبردووین. هەموو سوپاس  و ستایشێک لەم بابەتەدا هەر بۆ ئەو دەگەڕێتەوە. بەڵێ، هەموو شتێک هەر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو جوانیانەی لەم کارانەشدا بەدی دەکرێن، هەر لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە”.

“حەزرەتی عەلیش بە درێژایی ژیانی، هەر خەباتێک لە پێناو ئیسلامدا ئەنجام درابێت، هەمیشە لە ناویدا بووە و بەشداری تێدا کردووە. بەڵام هەندێک جار گەر سەردارمان ئەوی لە مەدینە بەجێهێشتبێت و ئەرکی پارێزگاری لە کەسوکارەکەی پێدابێت، ئەوا چەشنی منداڵێک دەستی بە گریان کردووە و هۆکاری ئەمەی بۆ نەشیاوی و لێنەوەشاوەیی نەفسی خۆی گێڕاوەتەوە. هەربۆیە پێیان دەڵێت: ئێوە هەمووتان دەڕۆن بۆ جیهاد و منیش لیرە بە ماڵ و منداڵەوە خەریکم. بەڵێ، هەر هەمان عەلی، بەم نیەتە ڕاستگۆیانەی خۆیەوە لە ڕۆژی خەیبەردا  جارێکی تر دێتەوە پێشەوە. کاتێک دەرگای قەڵاکەی خەیبەری بۆ ناکرێتەوە، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی هەواڵی عەلی دەپرسێت؟ حەزرەتی عەلیش لەو کاتەدا بە چاوی پڕ ئازارەوە دێتە حزوری سەردارمان و، کاتێک سەردارمان نزای خێری بۆ دەکات، ئەمجارەیان دەچێتەوە بەردەم هەمان دەرگا و لە بێخەوە دەری دەکێشێت. لە ڕێگەی ئەم تێبینیەوە دەمەوێت ئەوەتان عەرز بکەم، کە مرۆڤ نابێت دواکەوتن لە خزمەتدا دەرخواردی غروری خۆی بدات و دەبێت وەک سوکایەتیەک ئەژماری بکات، کە لە دەموچاوی دراوە”.

***

 

” پێویستە هەموو کەسێک رەچاوی دەستوری ڕاوێژکردن بکات، کە وەک یەکێک لە پایەکانی ئیسلام وەهایە.

سەرەڕای هەموو شتێک، نەفس، خێزان، ماڵ و منداڵ، کار و تەنانەت فەلسەفەی خزمەتی خۆی، پێویستە بە ناوی ئەوەی لەناو قودوسیەکانی ئەم سەردەمە جێگایەک بۆ خۆی بگرێت، هەمیشە ئاماژە و تامەزرۆ بێت… هەر ڕۆژێک ئەرک و بەرپرسیارێتیەکیشی پێ درا، بێ ئەوەی توشی هیچ دەستەوسانی و دوودڵیەک ببێت، بڵێت “بەسەر سەر و چاو” و بەرەو شوێنی ئەرکەکەی ڕابکات”.

 

“بە کورتی پێویستە هەموو کەسێک لە ناوەوە دەرەوە خۆی ئامادە بکات و، هەرکاتێکیش کاتی خۆی هات، بێ ئەوەی سەیری دواوەی بکات، ئامادەی ڕۆشتن بێت. لێرەدا با باسی یادەوەریەکی خۆمتان بۆ بکەم، لەو کاتەی لە ئیزمیر سەرپەرشتیاری خوێندکارەکانم دەکرد. گومانی باشم بەرامبەر هەندێک لە خوێندکارەکانم هەبوو. هەندێک لەمانە لە شوێنێکی وەک ئیزمیر، کە کەشتی غەفڵەت و نەفسانیەت خۆی داوە بە دەم ئاوەوە دەسوڕێتەوە، لەوە دەچێت لە کاتی هاتوچۆیاندا بۆ خوێندنگە، چاویان بە هەندێک شتی حەرام کەوتبێت. هەربۆیە دووان لەم خویندکارانە دەچنە لای یەکێک لە براکانی ئێمە و ئەوەی لە دەستیاندایە دەیبەخشن و دەڵێن: کاتێک بە ناو بازاڕدا رۆشتین، بێ ئەوەی ئاگامان لە خۆمان بێت، چاومان کەوتە سەر هەندێک شتی حەرام. لەبەر خاتری خودا ئەم شتانەمان لێ وەربگرە و وەک سەدەقە بیدە بەو کەسانەی پیویستیانە، هەتا تۆبەکەی ئێمەش قبوڵ ببێت.

هەربۆیە منیش زۆر جار کاتێک بیرم لەو بەڵێنانەی ئوستاد دەکردەوە کە سەبارەت بە داهاتوو ئاماژەی پێداوە، کاتێک بیر لەو بەڵێنەی دەکردەوە کە باسی لە نوێنەرایەتی کردنی ئیسلامم دەکرد، بە تەواوی یەکەکانی خۆیەوە، هەمیشە بە هیواوە سەیری ئەو گەنجانەم کردووە و دەموت تۆ بڵێیت جەنابی حەق ئەم ئەرکە بەوان ڕابسپێرێت. دەموت پشتیوان بە خودا دەبنە مرۆڤی ئاسۆیەکی لەو شێوەیە و هەمیشە بەو تێبینیەوە ژیانم بردۆتە سەر و زۆر جاریش بە خۆمم وتووە: گەر ڕۆژێک ئەوە دەرکەوت کە ئەمانە مرۆڤی ئامانجێکی لەو شێوەیەن، ئێستا کە وەک خوێندکار لە بەردەمی تۆدا وەستاون و گوێت لێدەگرن و ئامۆژگاریان دەکەیت، گەر ئەو ڕاستیە ئاشکرا بوو کە ئەوان مرۆڤی ئەو ئاسۆیەن، ئایا تۆ ئامادەی ئەوە دەبیت لە بەردەمیاندا دابنیشیت و گوێیان لێبگریت؟!”.

“هەمیشە بە خۆمم وتووە: پێویستە گوێیان لێبگریت، چونکە ئەمە واجبە. کەم نیە ژمارەی ئەو ساتانەی تێیدا ئەمەم بە خۆم وتووە”.

بەڵێ ئەمە ڕاستیەکەیە. هەتا خۆت بە تاکێک و رەنجبەرێک نەزانیت، گەر خۆت بە ئامادەی هەموو ئەرک و خزمەتێک نەزانیت، ئەوا ناتوانیت ئەم خزمەتە گەورە و گشتی و پیرۆزە ئەنجام بدەیت.

 

88 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە