بیروڕاهەواڵ

داوەشین بۆ پیاوە بێ غیرەتەکانی ئەم سەردەمە

وەک حەزرەتی بەدیعوزەمانیش ئاماژەی پێداوە، بۆ ڕزگار بوون لەو نەفرەت و سوکایەتیەی کە دەشێت لە داهاتوودا بەرمان بکەوێت، واتە لەو کاتەی دەڵێن “دداوەشین بۆ پیاوە بێ غیرەتەکانی ئەم سەردەمە”، بۆ ئەوەی تفەکە بەر دەموچاومان نەکەوێت، یان بۆ ئەوەی تفەکە بسڕینەوە، ئەمەی لێرەدا دەیبینن عەرزوحاڵێکە، دەیخەمە بەردەم بێ ویژدانەکانی ئەم سەردەمە کە هەستی بەزەییان لە دەستداوە. هەروەها ئەو دیندارانەی خۆیان کردووە بە شەیتانی بێ زمان  و، تەواوی ئەو هاوڕێیانەی سەرەڕای ئەو هەموو ئاگاداریەی پێیان دراوە، بەڵام هێشتا بە ئاگا نەهاتوونەوە…

ئەمە داوایەکە پێشکەش بەو دادگا گەورەی ڕۆژی مەحشەر کراوە…

زۆرن ئەوانەی دەڵێن : موسوڵمانم و هومانیستم و بەرگریکارم لەمافی مرۆڤ…

با پێش هەموو کەسێک گوێی کەڕی ئەوانە بزرگێتەوە کە دەڵێن : “پێش هەموو شتێک خاوەنی دڵین” و، لە ژێر ئەو ماسکەی لە دەموچاوی کردووە، یاری ٣ مەیمونەکە دەکات.

هاواری دایکان و منداڵەکانیان، ئەو هاوسەرانەی لە یەک دادەبڕدرێن، هەتا عەرشی مەزن دەگات و هێناویەتە لەرزە. دەنگەکان لە قوڕگەکاندا بوونەتە هەنسک،  خۆشیەکان لە سینەکاندا خنکاوە و لە هەموو لایەکەوە هاتوهاواری نەغمەکانی ئەم قەدەرە دەبیسترێت.

مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێت، بەها گەردونیەکان لە ژێر پێ دەنرێت، زوخاو دەرخواردی کەسانی مەزڵوم دەدرێت.

 

لە سەر زەویشدا تەرازویەک بوونی نیە کە ئاخ و هاواری هاوڵاتیانی ناو ژوورە تاریکونوتەکەکان، دەستگیرکراوان و ئەوانەی بە نەخۆشیەوە دەناڵێنن، بکێشێت.

بەڵام ئەمانە هێشتا گوێکانیان ئەم دەنگانە نابیستێت. وەک ئەوەی چاوەکانیان کوێر بووبێت وەهایە.

نە توانەوەی مرۆڤە بێ تاوانەکان لە بێ چارەیدا، نە فرمێسکی چاوەکانیان کە وەک دەریایی جەیهونی لێهاتووە، نە سوتانی جەرگەکان و، نە گریانی دایکان و سنگ کوتانیان، نە کزەی جەرگی باوکان، ناتوانێت ویژدانی ئەمانە بجوڵێنێت و، تەنانەت کەمێکیش دڵەکانیان بەرەو ئینساف هەڵنانێت. هەموو جۆرە خراپەیەک لەسەر تەختەی ئەم شانۆیە پشان دەدرێت، کە هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدانی زیندوو بە هۆیەوە دەخاتە ناڵە و نرکاندن.

ئەگەرچی  دیمەنی ئەم ئازارانە، پێش هەموو شتێک هەر مرۆڤێک کەوا بە هۆی مرۆڤ بوونیەوە خاوەنی ئەقڵ بێت، هەندێک ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخاتە سەر شان.

ئەو سۆز و بەزەییەی بەرامبەر بەچکە بەتریقێک پشان دەدرێت کە لە نێوان سەهۆڵی سەر دەریادا گیری خواردووە، یاخود ئەو مەرحەمەتەی بەرامبەر بێچوە پشیلەیەک پشان دەدرێت، کە لەسەر لقی دارێک گیری خواردووە و ناتوانێت بێتە خوارەوە، نابێت منداڵێکی ساوای گیرخواردوو لە چوار دیواری ساردی زیندان، یاخود دایکە بێ چارەکانیانی، لێ بێ بەش بکرێت…

خۆ گەر جگە لە مرۆڤایەتی خاوەنی ئیمانیش بیت، ئەوا ئەرک و بەرپرسیارێتیت قات قات زیاد دەکات.

 

هەربۆیە پیغەمبەری خوداش فەرمویەتی” هەریەکێک لە ئێوە خراپەیەکی بینی با بە دەستی هەوڵی گۆڕینی بدات، خۆ گەر بە دەستی ئەوەی بۆ نەدەکرا، با بە زمانی خراپەی ئەو کارە پشان بدات، گەر بە زمانیش ئەمەی پێ نەدەکرا، ئەوا با لە دڵیەوە پێی ناخۆش بێت، بە ڕاستی ئەوەی کۆتاییان لاوازترین جۆرەکانی ئیمانە”.

کەسانێک کەوا درۆ و بوختان و سوکایەتی پێکردن دەبینن و گوێیان لێی دەبێت، بەڵام بە هۆی دەمارگیری و هەستی لایەنگری و بەرژەوەندیەوە بێدەنگی لێدەکەن و پشتی تاوانبار دەگرن، تەنانەت هەڵبژاردنی بێ لایەنیش لە حاڵێکی وەهادا، بە گوێرەی قورئان بریتیە لە بەجێهێشتنی ئەرک و بەرپرسیارێتی حەق و، مەیل کردنە بە لای شەیتان و نەفسدا، هەروەها بریتیە لە داکۆکیکردن لە خائینان و گرتنە ئەستۆی ئۆباڵی ئەوان…

“هەرگیز هەوڵی پاکانەکردن بۆ ئەو کەسانە مەدە کە خیانەتیان لە گیانی خۆیان کرد، هەرگیز بەرگری لەو کەسانە مەکە! چونکە الله هەرگیز ئەوانەی خۆشناوێت کە خیانەتکارن و خۆیان لە تاوان ناپارێزن، هەرگیز پارێزگاری لە موجرمگەلێک مەکە کە لە خیانەتی خۆیاندا ڕۆچوون”.

لە مرۆڤایەتیدا، بە تایبەت لەم سەردەمی ئازادی و لە تەواوی بازنەکانی مەدەنیەتدا، ئەوەی فەرمانرەوایی دەکات” مافە سەرەکی و ئازادیەکانە”. هەربۆیە ئەو هێز و دەسەڵاتەی کە هەوڵی شکاندنی ئەم دەستورە و بە سوک گرتنی دەدات،   سەرچاوەی هێز و جورئەتی لە کوێوە پەیدا بووە و پشتی بە چی بەستووە؟

بە گوێرەی کام یاسا مامەڵەیەکی لەم شێوەیە ئەنجام دەدەن؟ هەتا ئێستا دیار نیە…

سەردارمان تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا ئامۆژگاریمان دەکات بەوەی کە چۆنی پەیڕەوی لە مرۆڤایەتی خۆمان بکەین و لە یەکێک لە فەرموەدکانیدا دەفەرموێت” لە کاتی جەنگدا هەرگیز دەست بۆ ئەوانە نەبەن کە پەنایان بردۆتە بەر پەرستگاکان و هەرگیز دەست بۆ ژن و منداڵ نەبەن”.

دین و مافەکانی مرۆڤیش بە هەمان شێوەیە. هەربۆیە بێدەنگی بەرامبەر ئەو شتانەی ڕوو دەدەن و خۆ تێنەگەیاندنمان، بە ناوی مرۆڤایەتیەوە لە خەسارەیەکی زۆر گەورەیە.

 

گەر چەشنی کەسێکی وەک عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغلو کە بە واتا ڕاستەقینەکەی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکات، گەر وەکو ئەو یەک دوو هەنگاو هەڵبگرن، ئەوا تەواوی رووداوەکان بە ئاقارێکی تردا دەڕۆن.

 

هیچ نەبێت هێندەی المطعم بن عدي خاوەنی هەڵوێست بوونایە، کە سەرەڕای ئەوەی باوەڕی بە سەردارمان نەبوو، بەڵام لە دژی ناحەقی وەستایەوە و بەرگری لە سەردارمان کرد.

لەو کاتەی سەردارمان سەفەری کرد بەرەو تائیف و دواتر ویستی بگەڕێتەوە ناو مەککە، بە هۆی ڕێگری موشریکەکانەوە، هەتا ماوەیەک نەیتوانی بچێتەوە ناو مەککە. هەواڵی نارد بۆ هەندێک لە سەر گەورەکانی قوڕەیش و داوای پاڵپشتی لێکردن.

سەردارمان کە بە “فرید الکون و الزمان” ناو دەبرێت، بە هۆی پاڵپشتی المطعم بن عدي توانی

 بچێتەوە ناو مەککە.

سوڵتانی هەموو پیغەمبەران، لەو کاتەی ئیمانداری خاوەن هێز و دەسەڵات بوونی نەبوو، چووە ژێر سایەی موشریکێک کە دەیزانی لە بەرامبەر هەموو ڕەشەبایەکی پێچەوانەدا خۆراگر دەبێت و بابەتەکە ناکاتە بابەتی سازش و دانوستاندن.

واتە ڕەزامەندی بەرامبەر پاراستنی کەسێکی موشریک پشاندا، کە خاوەنی سیفاتی مرۆڤانە بوو.

سەردارمان ئەو شەوە لە ماڵی ئەو موشریکە دەمێنێتەوە و کاتێک بەیانیان لێ دێت، خۆیی و کورەکانی چەک هەڵدەگرن و سەردارمان لەگەڵ خۆیان دەبەنە نێو مەککە و ئەوە ڕادەگەیەنن، کە بە هەموو شێوەیەک ئامادەن لە بەرامبەر هەموو هێرشێکدا پارێزگاری لێبکەن.

 

فەخری کائیناتیش سوڵتانی وەفا بوو، ئەم چاکەیەی موطعیمی هەرگیز لە بیر نەدەکرد و لەسەر دڵی وەک نەخشێک هەڵکەندرابوو.

بەڵێ موطعیم کەسێکی موشریک بوو، بەڵام هەمیشە پارێگزاری لە حەق و چاکە دەکرد.

٥ ساڵ لە دوای ئەم ڕووداوە، جەنگی بەدر روو دەدات و موسوڵمانان هەندێک کەسیان لە موشریکانی مەککە بە دیل گرتبوو.

لەو کاتەدا موطعیم دەمێک بوو وەفاتی کردبوو. پیغەمبەری خودا، دیلەکان پشانی جوبەیری کوڕی دەدات و دەفەرموێت” گەر ئێستا باوکت لە ژیاندا بووایە و داوای ئەوەی لێبکردمایە کە بێ بەرامبەر هەموویان ڕزگار بکەم، یەک و دووم لە قسەکانی نەدەکرد و یەکسەر هەموویانم ڕزگار دەکرد”.

 

بەڵێ، وەک چۆن موطعیمی کوڕی عەدی لەبیرنەکراوە، ئەوانەی خۆیان بۆ مرۆڤایەتی تەرخان کردووە و ئەو چاکانەی لەگەڵ هاوسۆزانی خزمەتدا ئەنجامی دەدەن، هەرگیز لەبیر ناکرێت.

 

لە پاڵ ئەمەشدا ئەو خراپانەی ئەنجام دەدرێن، لەم دونیا و لەو دونیاش، لە کاتی ئەو دادگاییە گەورەدا هەمیشە یاد دەکرێنەوە.

 

گەر لە بەرامبەر ناحەقیدا بێدەنگیت هەڵبژاردبێت و خۆتت کردبێت بە شەیتانی کەڕ و لاڵ، گەر چەپڵەت بۆ زوڵمە لێدابێت کە ئەنجام دەدرێت، لەو دادگاییە گەورەدا چی پاساوێکت هەیە هەتا پێشکەشی بکەیت؟

الله کاتێک هۆکاری ئەمە لە ئێوە دەپرسێت، چۆنی وەڵامی دەدەنەوە؟

ژمارەیەکی زۆر لە هاوسۆزانی خزمەت هەن کە لە ئیستادا بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاو بوونەتەوە و هەندێکیشیان کۆچیان بەرەو ئەو دونیا کردووە، ئایا لەوە ناترسن ناحەقیان بەرامبەر ئەنجام بدەن؟

زۆرێک لەو خاوەن سەودایانە ئێستا لە مەغۆلستان، سینگاپورە، یابان، کازاخستان، روسیا ژیان بەسەر دەبەن… هەندێکیشیان لە بنی ئاوی دەریاچەی مەریچ و ئیجەدان!

سەدان کەسی تریان کە لە خاکەکانی تر گیانیان لە دەستداوە و چوونەتە ژێر خاکەوە، چۆنی دەیاندۆزنەوە و داوای گەردن ئازادیان لێدەکەن؟

لەو مەحشەرەی کە هەوو کەس خەریکی وتنەوەی ” نفسی، نفسی”یە، کاتێک ڕوو بە ڕووی ئەوان دەبنەوە، چییان پێدەڵێن؟!

 

چونکە حەقی ئەوانیش لەم کارانەدا هەیە،  لە پاڵ ئەوانیشدا حەقی خودا، پێغەمبەر و شوێنکەوتوانی و بەدیعوزەمان و چەندین واریسی تری ڕیگای پێغەمبەر هەیە…

ئەوەی تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی وەک “ئامانجێکی میسالی” بۆ ئێمەی وێنە کردووە، واتە ئەو ئامانجەی لە بارەیەوە دەفەرموێت: “ناوی من دەگات بە هەر شوێنێک کە خۆری لێ هەڵدێت و لێی ئاوا دەبێت”.

 کەسانێک بەرامبەر ئەم ئامانجە جەنگیان ڕاگەیاند و ڕێگری کرد لەو هاوسۆزانەی خزمەت کە لە پێناو ئەو ئامانجەدا گیان و ماڵی خۆیان تەرخان کرد. کۆت و پێوەندتان کردە قاچیان و لە ترسی ئەوەی  پێوەندەکەش نەشکێنن، بەردێکی گەورەتان خستە سەر پێوەندەکەش. ئێوەی سبەینێ بەرامبەر خاوەنی ئەم کارە(سەڵات و سەلامی خودای لەسەر بێت) چی دەڵێن و چۆنی حسابی لەگەڵدا دەکەن؟ چۆنی حەقی قورئان دەدەنەوە؟

 

ئەوانەی بە تیرۆرست ناویان دەبەن، هەندێک جار بە هۆی بێ پارەییەوە، ٣ خێزان لە ماڵێکدا دەژین، یاخود هەندێکیان لەگەڵ ئەنجامدانی هاوسەرگیریدا، پێش ئەوەی ماڵەکەیان بە تەواوی ڕێک بخەن، بەرەو خوێندنگەکانیان ڕادەکەن. هەندێکیشیان بۆ ماوەی ٦ مانگ تەنیا پەتاتەیان خوارد و قارەمانێتیگەلێکیان ئەنجامدا، کە تەنیا لە داستانەکاندا چاوت پێیان دەکەوێت. تەواوی ئەم مەردانە لە ڕۆژی ئەو دادگاییە گەورەدا چاوەڕیی ئێوە دەکەن.

ئەم کەسە نامۆیانە کە ئێوە بوونەتە هۆی لەناوچوونیان، بە داخەوە؛ لەو ڕۆژەدا هەلی ئەوەتان نابێت بچنە بەردەمیان و بڵێن ” گەردنمان ئازاد بکەن”.

ئەم گوناحانەی ئەنجامی دەدەن و لە هەمان کاتدا بریتیە لە خواردنی حەقی نەوەکانی داهاتووش، ئایا هیچ کەسێکی ئاقڵ هەیە بە باشی بزانێت و خۆی بکات بە هاوبەشی ئەنجامدەرانیان؟

 

قورئانی کەریم دەفەرموێت سەرەڕای ئەوەی گوناحەکانیان دەزانن، بەڵام بە هۆی ڕاڤەکانیان و ئارەزوی بەرژەوەندیەکانتانەوە، گەر پارێزگاری لە کەسانێکی موجریم بکەن، ئەوا ناتوانن ڕزگاریان بکەن.

بە پێچەوانەوە وەک ئەوەی بە تەواوی دەیانسوتێنن، لە هەمان کاتدا دەبنە هاوبەشی تاوانەکانیان، بەم شێوەیە خۆتان دەخەنە ڕیزی ئەوانەی خیانەتیان لە خۆیان کردووە و لە شەفاعەتی پێغەمبەرێکی خاوەن بەزەیی خۆیان بێ بەش کردووە.

” دەی گریمان ئێوە لەم دونیا پشتگیریتان لەوان کرد و مناقەشەتان لەسەر کردن، ئەی لە ڕۆژی قیامەتدا لە بەرامبەر پەروەردگارتاندا، کێ بەرگری لەوان دەکات. یاخود کێ دەبێتە بریگرتەی ئەوان و حسابی کارەکانی ئەوان دەدات”.(النساء، ١٠٩).

 

مادام بە هۆی پەیامەکانی نورەوە کە بانگەشەی وابەستەبوونتان پێوەیان دەکەن، حوکم بەسەر هاوسۆزانی خزمەتدا دەدەن، کەواتە سوودێک لەوەدا هەیە بیری فەرمایشتەکانی ئوستاد بەدیعوزەمانتان بخەینەوە، کە باس لەوە دەکات هەرگیز سەرتان لە بەرامبەر زوڵمدا نەوی نەکەن و خۆتان وەک شەیتانی بێ زمان لێنەکەن.

ئەو هەمیشە هەر سەرئەنجامێکی هەبووبێت هەر بەرگری لە حەق کردووە و دەڵێت:

سروشتی من وەهایە هەرگیز بەرگەی سوکایەتی و سەرشۆڕی ناگرێت. سەربەرزی و شەهامەتی ئیسلامیەتیم ڕێگری دەکات لەوەی لە حاڵێکی پێچەوانەدا بژیم. کاتێک بیر لەمانە دەکەمەوە، ئیدی لە بەرامبەرمدا گەر گەورەترین زاڵمی خۆ سەپێن، یاخود دوژمنی خوێنڕێژ بوونی هەبێت، هیچ کاتێک سازش ناکەم. زوڵم و خوێنڕێژی دەدەمەوە بە سەروچاویدا. ئیدی فڕێم دەداتە زیندان یاخود بە پەتی سێدارەدا هەڵمبواسێت، بەلامەوە هیچ گرنگیەکی نیە. هەر بەو شێوەیەش بوو. چونکە تەواوی ئەمانەم بە چاوی خۆم بینی. گەر تەنیا چەند خولەکێکی تر دڵ و ویژدانی ئەو فەرماندە خوێنڕێژە بەرگەی زۆرداری خۆی بگرتایە، ئێستا سەعید لە ڕیزی کەسە هەڵواسراوەکاندا بە کاروانی کەسانی بێ گوناح گەشتبوو”.

لە دوای تەواوی ئەمانە دەڵێین:

ئەی ئەوانەی دوژمنایەتی مرۆڤە بێ گوناحەکان دەکەن، چاو و دەم و گوێتان داخستووە و، ئەو زوڵمەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت بە ڕەوا دەبینن. خۆتان خستە هەڵە  و گوناحێکی گەورەوە.

بە ئامانج گرتنی کۆمەڵێکی بێ گوناح کە ملیۆنان کەسی لە خۆ گرتووە، تەنیا لە پێناو لە دەستنەدانی   بەرژەوەندی کاتی دونیایی،  ئێوەی توشی جینایەتێکی گەورە کردووە.

خێزانەکانتان پەرتەوازە کرد و هێلانەکانتان شێواند. تۆوەکانی قین و نەفرەتتان چاند و گەورەتتان کرد.

ئێوە تەنیا لە دژی هاوسۆزانی خزمەت نەجەنگان، بەڵکو جەنگتان لە دژی تەواوی بەها گەردونیەکان و مەدەنیەت و مرۆڤایەتی ڕاگەیاند.

هەتا پەروەردگارمان مۆڵەتی خۆی تەواو نەکردووە، وەرن و دەست لەم کارانەتان هەڵبگرن. هەتا هەلە مێژووییەکانتان لە کیس نەچووە، خۆتان لەم هەڵە گەورانە ڕزگار بکەن.

بگەڕێنەوە بۆ کرۆکی مرۆڤایەتیتان.

گەر لەسەر ئەم خاکە کە بۆ ٩ سەدە خزمەتی بە ئیسلام کردووە، دەنگێکی بەهێز بەرامبەر زوڵم بەرز ببێتەوە، زاڵمان هەروا بە ئاسانی ناتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن، بەها گەردویەکان بە ئاسانی ژێر پێ ناخرێن و، زوخاو ناکرێت بە قوڕگی مەزڵوماندا.

چیدی لەمە زیاتر چاوپۆشی مەکەن لەوەی زوڵم بەرامبەر هاوسۆزانی بێ گوناحی خزمەت ئەنجام بدرێت.

تەنیا بە هۆی نەفرەتێکەوە کە لە هەڵپەکردنەوە سەرچاوەی گرتووە، داهاتووی مرۆڤایەتی بە فیڕۆ مەدەن. بە پێچەوانەوە ئەوەی ئەنجامی دەدەن هەرگیز لەبیر ناکرێت و، کردەوەکانتان بۆ هەزاران ساڵ لە پەڕە ڕەشەکانی مێژوودا تۆمار دەکرێت و هەمیشە بە زوڵمەکانتانەوە یاد دەکرێنەوە.

لەوە دەچێت لە کابوسی خەوێکی پڕ رەزالەتدا، خۆتان بە بەهێز و لەسەر حەق بێتە پێش چاو، کە پڕە لە نەڕەی “ئامان فرسەتیان مەدەن و لە بێخەوە هەڵیان بکێشن”، بەڵام کاتێک لەو خەوە بە ئاگا دێن، ئینجا دەبینن کە ئاڵای شەیتانتان بە دەستەوەیە یاخود ڕەحمان!؟

لەلایەکی ترەوە بە هاوڕێکانی خۆشمان دەڵێین:

مرۆڤ هەر بەڵا و موسیبەتێکی بەسەر بێت، دەبێت بۆ نەفسی خۆی بگێڕێتەوە و ئەمەش بریتیە لە پێگەشتوویی ئیمانی کەسەکە. هەروەها جەنابی حەق لە قورئانی کەریمدا دەفەرموێت:

هەر چاکەیەکت توش دەبێت لە الله وە توشت بووە، توشی هەر خراپەیەکیش دەبیت لە نەفسی خۆتەوە سەرچاوەی گرتووە”.(النساء، ٧٩)

کاتێک سەیری ئەم ئایەتانە دەکەین و دەچینە بنج و بناوانی دیڕ بە دێڕی ڕووداوەکانی ناو گەردونەوە، ئەوە دەبینین  ئەم تاقیکردنەوە سەختانەی توشمان بووە،  ئیمکانی ئەوەمان پێنادات بیر لە کۆمەڵێک ڕووداوی ڕێکەوت و پوچەڵ و خۆسەریانە بکەینەوە.

چونکە لە پشتی تەواوی ئەو ڕووداوانەوە دەسەڵاتدارێک هەیە کە حوکمیان دەکات و، بچوکترین وردەکاری ئەو ڕووداوانەی بە دانستی خۆی داڕشتووە و هێناویەتە مەیدانی بوونەوە.

هەربۆیە بەدیعوزەمانیش وەک مرۆڤێکی کامڵ مامەڵەی دەکرد و، تەواوی ئەو ئازار و جەفایانەی توشی دەبوو، لە جیاتی هۆکارە دەرەکیەکان، بۆ نەفسی خۆی دەگێڕایەوە و، بە دەربڕینێکی تر، بە پەیوەندی نێوان خۆیی و جەنابی حەقەوە دەیبەستەوە.

 

هەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە، کەسی ئیماندار دەبێت خاوەنی هەست و هزری لێپرسینەوە بێت و، ڕوو بەڕووی خۆی ببێتەوە و موحاسەبەی نەفسی خۆی بکات، ئەمەش یەکێکە لەو تەڵقینە گرنگانەی کە قورئان و سونەت بە شێوەیەکی بەردەوام ئاماژەی پێدەدەن.

 

حەزرەتی بەدیعوزەمانیش بە شێوەیەکی جوان ئەم دینامیکانەی بەکاردەهێنا، لە بەرامبەر بەڵا و موسیبەتە جۆراوجۆرەکاندا، خۆڕاگرانە  بە پێوە دەوەستا و،  هەتا کۆتایی ژیانی هەر لەسەر خزمەتی ئیمان و قورئان بەردەوام بوو. هەربۆیە لە وڵاتی خۆیدا ناچار بە ژیانی غوربەت و نەفی کردن کرا.

لە زیندانە تاکە کەسیەکاندا ژیانی بەسەر بردووە. لەم دادگاوە ڕەوانەی ئەو دادگا دەکرا. لە هەموو مافێکی هاوڵاتی بوون بێ بەش کرا. لە هەموو مافێکی ئازادی و دین و هزر و ویژدان بێ بەشیان کرد… لە زیندانەکانی دیلێتیدا ژەهرخواردیان کرد. تەنانەت ڕێگە نەدەدرا لەگەڵ نزیکترینی کەسەکانیشی قسە بکات. لە دادگا سەربازیەکاندا وەک کەسێکی تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد.

 لە یەکێک لە وتەکانیشیدا دەڵێت” ئەگەر دینەکەم منی لە خۆ کوشتن قەدەغە نەکردایە، ئەوا ئێستا سەعید دەمێک بوو لە ژێر خاکدا ڕزی بوو”. واتە هێندەی ئەوەی ئەم قسەیە بکات، توشی جەفا و ئازاریان کردبوو.

بەڵێ ئەو ژیانەی بەسەری برد شایەتە لەسەر ئەوەی کە هیچ کاتێک شتێکی بە ناوی چێژی دونیاوە نەچەشتووە و نەبینیوە و نەیبیستووە، بە پێچەوانەوە ژیانی لەناو هەزار دەرد و ناسۆردا بەسەر برد.

هیچ گومانیش نیە لەوەی تەواوی ئەم مامەڵانە، بە شێوەیەکی ئەنقەست، ناحەق و زاڵمانە بەرامبەری ئەنجام دراوە.

بەڵام لە بەرامبەر ئەم هەموو زوڵم و زۆرەشدا، لە جیاتی  قسەگەلێکی وەک ” لەبەرچی ئەم شتانە بەسەر من دێت؟”، “لەبەرچی ئەم زاڵمەنە بە شێوەیەکی بەردەوام زوڵمم لێدەکەن؟”، بە شێوەیەکی زۆر قوڵ موحاسەبەی نەفسی خۆی دەکرد و دەیوت” کەواتە تاوانی من ئەوەیە خزمەتی ئیمانی و قورئانیم لە پێناو پێشخستنی باری ماددی و مەعنەوی خۆم بەکارهێناوە”.

 

بەم شێوەیە ڕووی لە خۆی دەکرد و بە تەواوی مامەڵە و هەڵوێستێکی پڕ پشتبەستن(توکل) و خۆڕادەستکردن و خۆ دانە دەست پەروەردگاری، پشان دەدا.

لەم جۆرە مامەڵە و هەڵوێستەدا، هەرگیز تاوانبارکردنی کەسانی تر و شەڕکردن لەگەڵیان و، – پەنا بە خودا- تانە دان لە قەدەر بوونی نیە، کە موسیبەتەکان دوو هێند زیاد دەکات.

 

 بە پێچەوانەوە لەم هەڵوێستەدا متمانەی ئەوە هەیە کە بە شێوەیەکی دروست بەرەو داهاتوو هەنگاو هەڵبگریت.

ئەو هیچ کاتێک حەقیقەتە باڵاکانی نەکردە ئالەت بە دەستی خۆیەوە و، لە بەرامبەر خزمەتی ئیمانی و قورئانیەکاندا لە چاوەڕوانی هیچ شتێکی ماددی و مەعنەوی نەبووە. هەر ئەمەش وایکرد کە ئیخلاسی لەکەدار نەبێت و ئەو حەقیقەتە پاک و بێگەردەی نوێنەرایەتی دەکرد، لە سایەی  هەندێک تێبینی کەسێتیەوە زیانی بەر نەکەوت و، لە پێناو ئەمەشدا ئیرادەیەکی ناوازەی پشاندا و، عەشقێکی وەهای خستە ڕوو، کە بۆ کەسانی دوای خۆی ببێتە نمونە و ڕێنیشاندەر.

هەربۆیە ئەو ڕۆحانەی خۆیان بۆ خزمەتی دینی ڕەوانی ئیسلام تەرخان کردووە، خزمەتەکانیان تەنیا بە ڕەزامەندی جەنابی حەقەوە دەبەستنەوە و، تەنیا ئەو ساتەی نەفسی خۆیان لە یاد دەکەن، دەتوانن لەسەر ڕێگای حەزرەتی بەدیعوزەمان و  مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن، ببنە تەرجومانی حەق  و حەقیقەت.

بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین بەوەی کە یەکتری بشکێنینەوە، پێویستە لە هەموو دانیشتن و هەستان و گەڕانێکماندا، کاتەکانمان بە سوحبەتی گیانی گیانانەوە بەسەر ببەین.

لە جیاتی کۆمەڵێک قسەی فزوڵی، باشتر وەهایە کتێبێک بکەینەوە و پێکەوە بیخوێنینەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین. بەم شێوەیە خۆمان لە ئیسرافکردنی کاتەکانمان ڕزگار دەکەین.

بێ ئەوەی پێ بە دەماری یەکتردا بنێین، بە هەڵە و کەموکورتیەکانماندا بچینەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ خۆماندا بکەین و هەوڵی خۆ پێگەیاندن بدەین.

گەر بە هەوڵ و تێکۆشانەکانمان، دەستمان بە چمکێکی خزمەتەوە گرتبێت، هەر ئەم ئیحسانە بۆ ئێمە بەسە.

وەک هەموو لایەک دەزانن، کاتێک سەردارمان هەندیک مەڕ و ماڵای دابەش کرد بەسەر ئەو کەسانەی تازە موسوڵمان بوو بوون و بە “دڵ ڕاگیراوەکان” ناوزەند کرابوون، نیگەرانی ڕووی لە هەندێک لە گەنجەکانی سەر بە چینی ئەنسار کرد.

هەندێک لەوان وتیان” هێشتا خوێنی ئەوان بە شمشێرەکانی ئێمەدا دەچۆڕێتە خوارەوە، بەڵام ئەوان بەشێکی زیاتریان بەرکەوت”. سەرداریشمان دوای ئەوەی ئەم قسانەی بیستەوە، هەموو ئەنساری کۆ کردەوە و بێ ئەوەی ئەم قسانە بداتەوە لە ڕووی ئەوانەی کردبوویان، وتارێکی پێشکەشی هەموویان کرد.

 

 پێش هەموو شتێک ئەوەی بە بیر هێنانەوە کە جەنابی حەق وەک نیعمەتێک ئەوی بۆ ڕەوانە کردوون و فەرمووی” کاتێک من هاتمە ناوتان ئێوە لە گومڕایدا نەبوون؟ الله لە ڕێگەی منەوە هیدایەتی ئێوەی دا یاخود نا؟ کە من هاتم ئێوە لە ناو هەژاری و نەداریدا نەدەتلانەوە؟ الله بە بۆنەی منەوە ئێوەی دەوڵەمەند نەکرد؟ کاتێک من هاتم ئێوە دوژمنی یەکتر نەبوون؟ بە بۆنەی منەوە دڵەکانی ئاشت نەکردنەوە؟”، سەردارمان لەگەڵ ئاماژە کردن بەم بابەتانەدا، هەموو ئەنسار پێکەوە هاواریان دەکرد و دەیانوت ” بەڵێ هەموو منەتێک بۆ خودا و پیغەمبەرەکەیەتی”، ئەو ڕابەرە کامڵە لەم بابەتەشدا، بەردی لە شوێنی خۆیدا دانا و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا:” ئەی کۆمەڵانی ئەنسار، کاتێک کەسانێک بە حوشتر و مەڕوماڵاتەوە دەڕۆنەوە ماڵەکانیان، ئێوە ڕازی نین بەوەی لەگەڵ پێغەمبەری خودا بگەڕێنەوە ماڵەکانتان؟”. ئەنساریش بە فرمێسکی چاوەکانیانەوە وتیان” ڕازین ئەی پیغەمبەری خودا” و بەم شێوەیە بە تەواوی خۆیان ڕادەستکرد و، مەمنون بوون بەوەی پێغەمبەری خودا حوکمی لەسەر کرد.

بەڵێ، ئەی براکانی خزمەتی قورئانی، کاتێک دەبینن کەسانێکی زۆر لەناو ئەم رووداوە سەختانەدا ڕاماڵدران و سەراوژێر بوون و تیاچوون، ڕازی نین بەوەی جەنابی حەق بێ ئەوەی بهێڵیت لە هزرتاندا لێڵی دروست ببێت، پێکانی ئێوەی لە خزمەتی قورئاندا جێگیر کرد؟!

مادام ڕازین، کەوایە با ژیانمان لە تێفکرین و قوڵبوونەوە و یاد کردنەوەدا ببەینە سەر. هەمیشە هەوڵ و کۆششمان بۆ ئەوە بێت کە کتێب بخوێنینەوە و لەناو زیکر و فیکردا بین، بەم هۆیەوە بە پشتیانی خودا هەمیشە بە زیندوویی خۆمان بهێڵینەوە.

لە ڕێگەی ئەوەی هەموو بابەتێک بەوەوە بەستینەوە، بەرەو ئاسۆی نزیکێتی لەوەوە هەنگاو هەڵبگرین. بەم شێوەیە ناهێڵین غوربەت و تەنیایی و هەتیوێتی بەسەر دڵەکانماندا بهێنین.

 

 

 

141 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە