بیروڕاهەواڵ

“دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەروپا بە ١٠ڕۆژ وەڵامیان دامەوە، تورکیا هەتا ئێستا وەڵامی نیە”

 

نیلوفەر ئیرماک هاوسەری یەکێک لەو ٦ هاوڵاتیەی لە ماوەی ڕابردوودا ڕفێندرا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فاروق گەرگەلیئۆغلوی ئەندامی لیژنەی مافەکانی مرۆڤی پەڕلەمانی تورکیا دەڵێت” دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، لە ماوەی ١٠ رۆژدا وەڵامی داواکەیان دایەوە، بەڵام تورکیا هەتا ئێستا وەڵامی نەداوینەتەوە”.

ئێرکان ئیرماک و ٥ هاوڵاتی تری تورکیا، نزکەی ٥ مانگە بێ سەر و شوێنن و کاربەدەستانی تورکیاش هەتا  ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نیە.

نیلوفەر لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ گەرگەلیئۆغلو، کە لە کەناڵی یوتیوبی گەرگەرلیئۆغولو ئەنجامیدا، باس لەوە دەکات کە لە تورکیادا هیچ شوێنێک نەماوە سەری پێدا نەکات و هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی دەست نەکەوتووە. بەڵام دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا  وەڵامی دۆسیەکەی ناوبراویان داوەتەوە.

ئێرکان ئیرماک پێش ١٣٦ ڕۆژ، لە کاتی دەرچوونی لە ماڵەکەیدا چەند کەسێک پەلاماری دەدەن و دەیڕفێنن.

گەرگەرلیئۆغلو لە بەشێکی دیمانەکەدا وتی” لە دەوڵەتی یاسادا ماوەی دەستگیرکردنی هاوڵاتیان دیاری کراوە. جگە لەمە هەر حاڵەتێکی نایاسایی ڕووبدات، دەبێت ڕوونکردنەوەی لەبارەوە بدرێت. هەموو سوچێکی ئەم وڵاتە کامێرای چاودێریە، بۆیە دۆزینەوەی ئەم کەسانە کارێکی زۆر ئاسانە. هەربۆیە پێویستە هەنگاوی پیویست هەڵبگیردرێت. ناوی هەر ٦ هاوڵاتیەکە لە دۆسیەیەکدا کۆکراوەتەوە. گۆکمان تورکمەن پێش ٥ مانگ بەر لە ئێستا، لە ئەنتالیا ڕفێندرا. ئۆزگور کەیا پێش ٥ مانگ بەر لە ئێستا لە ئەنقەرە ڕفێندرا. یاسین ئۆغانیش لە هەمان بەروارەوە ڕفێندراوە. موستەفا یڵمازیش ماوەی ١٢٨ ڕۆژە دیار نیە. چەندین جار ئەم وێنانەم لە پەڕلەمانی تورکیا، پشانداوە و هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نیە. دەڵێم ئەم مرۆڤانە لە کوێن، ڕوونکردنەوە بدەن، بەڵام دەنگ و سەدایان نیە. ئیدی ئەمە چۆن وڵاتێکە، تێگەشتن لێی مومکین نیە. سەلیم زەیبەکیش ماوەی ١٢٦ ڕۆژە دیار نیە. بە داخەوە هەموو فشارە نێودەوڵەتیەکانیش هیچ ئەنجامێکیان نیە. ئەم بابەتە وەک ناموسی ئێمەیە. بابەتی مافی ژیانی مرۆڤەکان، سەرەکیترین مافەکانی مرۆڤە. ئەوەی لە دەستمان بێت هەتا کۆتایی ئەنجامی دەدەین”.

نیلوفەر ئیرماکیش بەم شێوەیە باسی دیارنەمانی هاوسەرەکەی کرد” هاوسەرەکەم خۆی هەر نەیدەوێرا لە ماڵەوە بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی دەیزانی کە لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە و لێدان هەیە، نەیدەوێرا بێتە ماڵەوە. ئەو ئێوارەیە هاتە ماڵەوە، لەگەڵ منداڵەکاندا یاری کرد، شەو کاتژمێر ١١ لە ماڵ چووە دەرەوە. هەتا نزیک ئەو شوێنەی خوێندنگەیەکی ناوەندی لێیە سەیرم کرد، دوو کەس بە خێرایی پەلاماریان دا و منیش لە پەنجەرەکەوە سەیرم دەکرد. هەتا بەیانی خەومان لێنەکەوت. پاشان چووینە لای پارێزەرێک و ئەویش پێی وتین کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئاگادارمان دەکەنەوە. بەڵام هەتا ئێستا هیچ کەسێکی پەیوەندی پێوە نەکردووین. ئێمەش لە بنکەی پۆلیسەوە هەتا ئاسایش، داواکاری گشتی، دادگای دەستوری، هیچ شوێنێک نەماوە کەوا سەری پێدا نەکەین. سەرەتا بە شێوەیەکی جوان مامەڵەیان لەگەڵدا کردین، پاشان پارێزەرەکە ئەوەی پێ ڕاگەیاندین کەوا بە شێوەیەکی توند مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە چیدی ناتوانن بە دوای ئەو دۆسیەیەدا بڕۆن. هەروەها پێیان ڕاگەیاندووە کە دۆسیەکە لە ژێر باری “نهێنی” بەڕیوە دەچێت و هاوڵاتیە ڕفێندراوەکانی تریش هەمان ژمارەی دۆسیەیان هەیە. دۆسیەکەشیان ڕەوانەی ئەنقەرە کراوە. بەڵام دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، لە ماوەی ١٠ رۆژدا وەڵامیان داینەوە. پێویستە وەزارەتی دادی تورکیا وەڵامی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بداتەوە، هەتا ئێستا وەڵامی ئەوانیشیان نەداوەتەوە”.

38 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە