بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

یەکەم حەج و یەکەم ماڵی خزمەت

مامۆستا لەو کاتەی لە کۆرسی فێربوونی قورئان وەک مامۆستای سەرپەرشتیار دەست بەکار بوو بوو، لوتفو دۆغان یاریدەدەری سەرۆکی کاروباری ئاینی ئەو کاتە، بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوە دەکات و، ئەوەی پێ ڕادەگەیەنێت، کە وەک ڕێبەری حاجیان ڕەوانەی مەککەی موکەرەمەی دەکرێت. بەم شێوەیە ئەو ساڵە بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا فەریزەی حەجی ئەنجامدا.

١٠ ی ئازاری ساڵی ١٩٦٨ وەرزی ئەنجامدانی قوربانی و فەریزەی حەج بوو.

مامۆستا بەم شێوەیە باسی ڕۆشتنەکەی دەکات” بابەتی ئەوەی نەمدەتوانی بچمە حەج و دەموچاوم لە ڕەوزەی شەریفە بسوم، گەورەترین سەرچاوەی ناسۆری چەشتنی هیجرانی من بوو. هەتا ئەو کاتە هەرکەسێکم ببینیایە کە دەڕۆشت بۆ حەج، لە دڵمەوە ئیرەیم پێدەبرد و هەندێک جاریش پارچە هۆنراوەیەکی خۆمم دەدایە دەستی ناسیاوەکانم، هەتا بیخەنە ناو ڕەوزەی تاهیرەی سەردارمانەوە. چونکە هێندەی ئەوەی کە چیدی بەرگەی نەگرم، بیری سەردانی ئەو شوێنەم دەکرد. بە یەک دوو کۆپلە هۆنراوە هەوڵی گوزارشت کردن لە حەسرەتی خۆمم دەدا و بەو نیەتەی کە پێغەمبەری خودا لە ژیاندایە، نامەم ڕەوانە دەکرد. هیوای ئەوەم هەبوو بە هەر ئامرازێک بێت دەستی یارمەتیم بۆ درێژ بکات و لە حزوری خۆی قبوڵم بکات.

ئەو ساڵە یەکێک لە خوێندکارەکان، ئەگەرچی بە باشی بیرم نەماوە، بەڵام ئەگەر زۆرە ئیبراهیم چالشکان بوو بێت، وتی : مامۆستا بیر لەوە دەکەیتەوە بڕۆیت بۆ حەج؟

 بە شێوەیەکی وەها خوێی خستە سەر برینەکەم، بە شێوەیەک نەبوو کە بتوانم بەرگەی بگرم.

منیش لە وەڵامدا وتم” من لە کوێ  و ڕۆشتن بۆ ئەو شوێنانە لە کوێ”.

ئیدی بە گریانەوە لە پۆلەکە چوومە دەروە.

 

لە ژووری بەڕێوەبەر سەرم خستە سەر مێزەکە و دەستم بە گریان کرد. لە ژێر شووشەی مێزەکەشدا چەند وێنەیەکی ڕەوزەی تاهیرە بوونی هەبوو، هەر بۆیە ڕاستەوخۆ گوزارشتم لە هەستەکانم کرد.

نازانم چەند کاتژمێر بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕی، تەنیا ئەوەم لە بیرماوە کە فرمێسکەکانم وەستانیان بۆ نەبوو. من کاتێک بەم حاڵەوە دانیشتبووم، یەکێک لە کارمەندەکانی ئەو شوێنە خۆی کرد بە ژوردا و وتی مامۆستا بە تەلەفۆن بانگی تۆ دەکەن. منیش پرسیم کێیە؟ لە وەڵامدا وتی وابزانم مامۆستا لوتفی دۆغانە.

لەو کاتەدا ئەو یاریدەدەری سەرۆکی کاروباری ئاینی بوو. یەکسەر ڕامکردە سەر تەلەفۆنەکە و بینیم هەر بە ڕاستی لوتفی دۆغانە، بەو دەنگە شیرین و نەرمەی خۆیەوە وتی:

لەگەڵ برایان بڕیارمان داوە، ٣ کەسمان بۆ سەرپەرشتی حاجیان دیاری کردووە. موفتی شاری دەنیزلی بە ناوی ئیبراهیم دەگیرمەنجی، ئەحمەد باڵتەجی موفتی شاری ئێسکیشەهیر، سێهەم کەسیش تۆیت”.

ئەوە یەکەم ساڵ بوو کەوا کەسانێک بە ناوی سەرۆکایەتی کاروباری ئاینیەوە ڕەوانەی حەج بکرێن. وا هەستم دەکرد لە خەودا بم، ئەو حاڵەی پێش کەمێک لە کوێ و ئێستا لە کوێ کە ئەم قسانەی تێدا دەبیستم.

یەکسەر چوومە ئەنقەرە و ڕێکارە یاسایەکانم تەواو کرد. لەوێ ئەوەم بۆ دەرکەوت کە ئەمەش هەر کاری مامۆستا یەشار توناگۆر بووە، زۆر نزای خێرم بۆ کرد.

یەکەم چوونم بۆ حەج، زۆر بەرەکەتدار بوو، ئیدی نازانم لەلای جەنابی حەق چۆنی بووە. بەڵام لە ڕووی جیهانی ناوەوەم زۆر سوودم لێبینی.

کاتێک بۆ یەکەم جار کەعبە و رەوزەی تاهیرەم بینی، حاڵەتێکی ڕۆحی وەهام بەسەردا هات، کە پێناسەکردنی مومکین نیە.

 

ئەگەرچی بەهەشت شوێنی کەسانێکی وەک منیش نەبێت، بەڵام گەر تەواوی دەرگاکانیان لەو کاتەدا بۆ بخستمایەتە سەر پشت و لە جیاتی کەعبە بانگهێشتی ئەوی بکرامایە، ئەوا چوونە بەهەشتم بە سەردانی کەعبە نەدەگۆڕیەوە. سەردانی حەرەمی شەریف و ڕەوزەی تاهیرە بەو ڕادەیە چێژ و تامێکی لەدوننی بە من بەخشی.

 

هەمیشە بە چاوێکی جیاوازەوە سەیری خوێندکارەکانی کەستانەپازاریم دەکرد. لەو باوەڕەدا بووم کە لایەنی کەم بەشێک لەو ڕزگاریەی جیهانی ئیسلام پێی دەگات، لەلایەن ئەوانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. کاتێک چوومە حەج، لیستی ناوەکانی ئەوانم لەگەڵ خۆمدا برد. لەوێ یەکە بە یەکە نزام بۆ هەموویان کرد. هەروەها نزام بۆ زۆر کەسی ناسیاوی خۆم کرد. لەو سەردەمەدا کەسە ناسیاوەکانم لە سەرتاسەری تورکیادا، بە ڕادەیەک ژمارەیان کەم بوو، کە لەگەڵ ڕۆژگاری ئێستامدا بەراورد ناکرێت. هەر لەبەر ئەوەش بوو ناوی هەموویانم یاد کردەوە.

جگە لە یەک دوو جار، بە هیچ شێوەیەک لە ماڵی خودا نەدەچوومە دەرەوە، شەو و ڕۆژ لەوێ دەمامەوە، تەنیا لە کاتی تازە کردنەوەی دەستنوێژدا دەچوومە دەرەوە. تەنانەت گەر برسێتی زۆریشی بۆ بهێنامەیە، بە شتانێکی وەک خورما و پسکیت دەمڕەواندەوە و بەردەوامیم بە عیبادەتەکانم دەدا.

 

 هەموو ڕۆژێک ٣ عومرەم ئەنجام دەدا. بێگومان لەو کاتەدا گەنج بووم، هەر بۆیە بەرگەی ئەو جۆرە کارانەم دەگرت.

لە سەردارمانەوە دەستم پێدەکرد و پاشان بەسەرە عومرەم بۆ هەریەکێک لە خولەفای ڕاشیدین دەکرد. ئیدی بیرم لەوە نەدەکردەوە کە عومرەی کەسێکی وەک من بۆ ئەوان دەبێت یاخود نا. چونکە من لە هەموو شتێکدا خۆم بە قەرزاری ئەوان دەزانی و خۆم بە مەجبوری ئەوە دەزانی کە عومرەیەک بۆ هەریەکێک لەوان ئەنجام بدەم. ئەم هەستی مەجبوریەتە وای لێدەکردم کە زۆر لە خۆم بکەم و پاداشتی ئەو عومرەیەی ئەنجامم دەدا، پێشکەش بە ڕۆحیانەتی ئەوان دەکرد. هەروەها عومرەم بۆ کەسە نزیکەکانی خۆشم کرد.

لە پێش هەموواندا عومرەم بۆ ئوستاد(بەدیعوزەمان سەعید نورسی) بەجێگەیاند، پاشان بۆ دایکم و باوکم و نەنکم و باپیرەکانم عومرەم کرد.

زۆر سەیر بوو لەو کاتەی عومرەم بۆ باپیرە شامیلم دەکرد، لە پڕێکدا گۆڕانکاری بەسەر حاڵمدا هات. کاتێک لە نێوان سەفا و مەروەدا دەهاتم و دەچووم، وەک ئەوە وەهابوو، کە پێکانم لە زەوی دابڕابێت و بە ئاسماندا بفڕم.

وەک چۆن هەموو کەسێک لە مەککەدا توشی حاڵەتی دەراسا دەبێت، هەندێک حاڵی لەو شێوەیە بەسەر منیشدا هات. لەوە دەچێت ئەم جۆرە حاڵەتانە ئەو ساتانە بێت کە سەردارمان بە ساتە تایبەتەکان ناوی بردووە. ئەو قاڵ بوونەوە و دەستکەوتانەی لەو کاتەدا دەستم کەوت، مومکین نەبوو لە هیچ کاتێکی تردا بەدەستم کەوێت.

 

بە حاڵی وەهادا تێپەڕیم کەوا لە رووی ئەرێنیەوە خەریک بوو شێتیان دەکردم. بەڵام لەو کاتەی عومرەم بۆ باپیرە شامیلم ئەنجامدا، بە حاڵەتێکی وەهادا تێپەڕیم کە لە سەرو هەموو حاڵەکانی ترمەوە بوو، هەربۆیە مومکین نیە کە بتوانم پێناسەی بکەم.

 

بەرواری ئەو ڕۆژەم تۆمار کرد. لە ڕاستیشدا بە شێوەیەک نەبوو کە بتوانم لەبیری بکەم. کاتێک گەڕامەوە بۆ ئێرزروم، دایکم خەوێکی بینی بوو. ئەوەی بەدی کردبوو کە باپیرە شامیلم چەشنی فریشتەکان لەناو هەورەکاندا فڕی بوو. ئەو کاتەی خەوەکەی تێدا بینیبوو، ڕێک ئەو بەروارە بوو کە منیش تێیدا هەستم بە هەمان حاڵەت کرد.

عومەر کیرازئۆغلوی ڕەحمەتیش لە نامەیەکیدا کە بۆ منی ناردووە دەڵێت” لەو ساتەی کە لە پاڵ ماڵی خودا عومرەم بۆ ئێوە ئەنجام دەدا، لە پڕێکدا حاڵێکی سەیرم بەسەردا هات. کەواتە ئەو تەواف و عومرانەی لە غیابی کەسەکاندا ئەنجام دەدرێت، وەک ئەو نزایانە وەهایە کە زۆر جددین، هەربۆیە جەنابی حەق حاڵێکی لەو شێوەیەت پێ ئیحسان دەکات. هەربۆیە باپیرە شامیلم، یادەوەریەکی لەم شێوەیەی لەگەڵ مندا هەیە، کە هەرگیز لەبیری ناکەم”.

 

لێرەدا دەشێت ئەوە بپرسین کە بۆچی لە کاتی ئەنجامدانی عومرەدا بۆ باپیرەی ئەم حاڵەتەی بەسەر هاتووە.

مامۆستا خۆی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت” لە ڕاستیدا حاڵێکی لەو شێوەیە دەکرێت ئاماژە بێت بە قبوڵ بوونی عەمرەکە، تەنانەت گەر من شایەنی ئەوەش نەبم کە حەجەکەم لێ قبوڵ بکرێت،  لوتف و کەرەمی پەروەردگارم زۆر بەر فراوانە.

خاڵی دووهەمیش ئەوەیە ئەمە بابەتی فرێکانسە. لە ڕووی حاڵەتی ڕۆحیەوە، ئەو کەسەی فرێکانسەکەم ڕەوانە کردووە، وەک وەرگرێک ئامادەی وەرگرتنی بووە، ئەوە دەگەیەنێت کە هەردوولامان هەمان حاڵەتی ڕۆحیمان هەبووە.

 

سێهەم باپیرەم کە هەمیشە بە ڕووی دەرەوەدا وەک کەسێکی داخراو بوو، پەیوەندیەکی زۆر توند و تۆڵی لەگەڵ یەکێک لە نەوەکانی هەبوو. هەروەک ئەوە وەهابوو کە ئاوێتەی یەکتری ببن”.

هەروەها یەکێکی تر لە یادەوەریەکانی تری حەج کە هەرگیز لەبیری ناکەم، بریتیە لە:

لە حەرەمی شەریف، بە تایبەت لەو کاتەی نوێژی جەماعەتمان دەکرد، ئامادەبووانی جەماعەتەکە هەریەکە و بۆ من چەشنی گوڵە ڕەنگاو ڕەنگەکان وەهابوون لە کاتی سوجدە و رکوعدا، لەوێ هەموو کەس بە جلە تایبەتەکانی خۆیەوە، چەشنی گوڵێکی پشکوتوو دەهاتنە بەرچاوم. حەرەمی شەریفیش چەشنی باخچەیەکی گوڵان وەهابوو، کە هەموو وەرزێک گوڵی جیاوازی تایبەت بە خۆی تێدا شکۆفەیان دەکرد. بۆ ئەوەی چاوم بەم دیمەنە بکەوێت، تۆزێک درەنگتر لەوان دەچوومە سوجدە و ڕکوعەوە. نەمدەتوانی دەست لە سەیرکردنی ئەو دیمەنەش هەڵبگرم.

ئەو ساڵە بڕیاری ئەوەمدا، کە دیاریەکی بۆ تەواوی خوێندکار و دۆستەکانم ببمەوە، ئەگەرچی بچوکیش بێت. هەروەها دەبوو ئاوی زەمزەم بۆ هەموویان ببەم.

جەنابی حەق لەم نیەتەمدا یاریدەدەری من بوو. بە تایبەت مستیلەیەکی زیوم بە دیاری بۆ هەموو خوێندکارەکانم هێنا. خورما و ئاوی زەمزەمم پێشکەش بە هەندێکی تریان کرد. ئەمەش لەو ڕۆژگارەدا رووداوێک بوو کە زۆر دڵی منی خۆش کرد. چونکە خوێندکارەکانی خۆمم زۆر خۆش دەویست”.

 جەنابی حەق جگە لەمجارە، دوو جاری تریش چوونە حەجی بە نسیب کرد.

جاری دووهەمیش لەبەر پێداگری هاوڕێیەکی زۆر نزیکی ناچار بە ڕۆشتن دەبێت، کە دەبوو لە جیاتی باوکی هاوڕێکەی حەج ئەنجام بدات. لە ڕاستیدا خۆی هەرگیز حەزی بە ئەنجامدانی حەجێکی لەو شێوەیە نەبوو.

چونکە حەزی بە ئەنجامدانی حەج نەبوو بە ناوی کەسێکی لەو شێوەیەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، زۆر بیری ئەو شوێنانەی کردبوو. بەم شێوەیە بۆ جاری دووهەمیش ڕووی لەو شوێنە پیرۆزانە کردەوە. حەجی دووهەمی لە ساڵی ١٩٨٦ ئەنجامدا.

 

هەروەها لە درێژەی گێڕانەوەکانیدا دەڵێت” لەو کاتەی لەوێ بووم، ئەوەم بیست کە هەندێک کەسیان لە زیندانی ناو چادرەکاندا داناوە بە پاساوی هەندێک هەڵەی بچوک. ئیدی مومکین نەبوو بتوانیت سەردانیان بکەیت، چونکە گەر هەوڵی نزیک بوونەوەت لەو کەسانە بدایە، ئەوا تۆشیان بە هەمان پاساو زیندانی دەکرد. هەروەها لە ڕەوزەی شەریفی سەردارمان، بینیم دەزگایەکی تایبەتیان بە فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە داناوە، بەلامەوە دانانی دەزگایەکی لەو شێوەیە، لە شوێنێکدا کە خەڵک بە مەبەستی دەربڕیی عەشق و تامەزرۆیی خۆیان بۆ ئەو شوێنە دێن، شتێک بوو کە نەمدەتوانی واتایەکی پێبدەم.

هەروەها ئەوەش لە یاد ناکەم، هەمان دەزگا بە هۆی ئەوەی چەند تەسبیحێکم لە دەستدا بوو، یاخود بە هۆی ئەوەی نزام دەکرد و قورئانم دەخوێندەوە، یان بە هۆی ئەوەی چەند کەسێک هاتن و باوەشیان پێدا کردم و خۆشەویستی خۆیان پشاندام و حاڵ و ئەحواڵیان پرسیم، منیشیان قۆڵبەست کرد و لەگەڵ خۆیان بردمیان.  وەک ئەوەی بەسەر تاوانێکەوە گیرابێتم لەگەڵ خۆیان پەلکێشیان کردم.

سەیرم لەوە دەهات کە خۆیان بازرگانیان بە فرۆشتنی تەسبیحەوە دەکرد و ملیۆنان تەسبیحیان دەفرۆشت، بەڵام گەر تەسبیحەتەکەت بەکاربهێنایە قبوڵیان نەدەکرد، بێگومان زۆر سەرم سوڕما…

 

هەروەها شتێکی سەیرتری ئەم بابەتەس ئەوە بوو کە ناتوانیت هیچ شتێک لەم جۆرە کەسانە بگەیەنیت. چەندە باسی ئەوەیان بۆ بکەیت کە تۆش موسوڵمانیت، ناتوانیت لە دەستیان ڕزگار ببیت و، تەنیا ڕێگەیەک بۆ ئەوەی لە دەستیان خۆت قورتار بکەیت، ئەوەیە واژۆ لەسەر بەڵێننامەیەک بکەیت کە هەمان شت دووبارە ناکەیتەوە.

بە پێچەوانەوە یەکسەر سنورداشت دەکەنەوە بە بێ ئەوەی بهێڵن فەریزەی حەجەکە ئەنجام بدەیت…

یەکەم ماڵی خزمەت

ساڵی ١٩٦٨ کاتێک مامۆستا لە حەج گەڕایەوە، ئەحمەد کەرەکولوکچو کە موفتی ئەو کاتەی ئیزمیر بوو، لەگەڵ برادەرێکی ئیمامیدا دەچنە لای مامۆستا هەتا پێکەوە سەردانی ئەنقەرە بکەن.

لەو سەردەمەدا چەند ماڵێک هەبوو کە گەنجانی زانکۆی تێدا دەمانەوە.

لەو سەردەمەدا کۆبوونەوەی ئەو ژمارەیە لە گەنجان لە ماڵێکدا، بە مەبەستی ئەوەی خۆیان بە گوێرەی دین پەروەردە بکەن، ڕووداوێکی زۆر گەورە بوو.

ئەحمەد کەرەکولوکچوش کاتێک ئەوان بەم شێوەیە دەبینێت، زۆر بە پەرۆش دەبێت بۆیان و زۆر دڵی خۆش دەبێت.

کاتێک لە ڕێگە دەڕۆن، بە مامۆستا دەڵێت” با ئێمەش لە ئیزمیر خانوویەکی لەو شێوەیە دروست بکەین. خانوویەک بە کرێ دەگرین و هەر خوێندکارێکتان پێ خۆش بوو، با لەوێ بمێنێتەوە، کرێی خانوەکەش من دەیدەم”.

بەم شێوەیە یەکەم ماڵی خزمەت لە ناوچەی تەپەجیک دروست بوو.

ئەم خزمەتەی ئەحمەد کەرەکولکچوش بە شێوەیەک نیە کە لەبیر بکرێت. ئەو کاتێک ئەم قسانە دەکات، ئیدی مامۆستا هێندەی هەموو دونیا دڵی خۆش دەبێت.

لەو سەردەمەدا خانوویەک بە ٥٠٠ لیرە دەگرن و هەتا ساڵێک ئەو کرێکەی دەدات. بەم شێوەیە یەکەم تۆوی دروست بوونی ئەو جۆرە ماڵانە لە ئیزمیر دروست بوو.

ئەمە خانوویەکی دوو قات بوو. مامۆستا هەرکاتێک مەجالی هەبووایە سەردانی ئەو ماڵەی دەکرد.

عەبدوڵا ئایماز، عەلی جاندان، مەهمەت ئەتەڵای، حوسەین ڕەچبەر بە شێوەیەکی بەردەوام لەو ماڵە دەمانەوە.

ئەو گەڕەکەی ئەم ماڵەی تێدا بوو، شوێنێکی زۆر خراپ بوو، بەڵام مامۆستا بە شێوەیەک کەوا خۆیشی حیکمەتەکەی نەدەزانی، هەستی بە ڕۆحانیەتیەکیۆزۆر گەورە دەکرد. هەتا درەنگانێکی شەو لەو ماڵە پڕ نورە دەمایەوە و، جێهێشتنی ئەو ماڵەی زۆر بەلاوە سەخت بوو. بەڵام بە هۆی بەرپرسیارێتیەکانی ناوچەی کەستانەپازاری، دەبوو بگەڕێتەوە.

“ئەی حەبیبی شەفیق”

مامۆستا لەم یەکەم ماڵەی خزمەتدا، چەشنی ئوستاد بەدیعوزەمان کە بۆ یەکەم جار دەچێتە بارلا، هەست بە شتێکی دەراسا دەکات.

خۆی بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژانە دەکات” لەو ماڵەدا یادەوەریەکم هەیە کە هەرگیز لە یادی ناکەم. یەکێک لە ڕۆژە موبارەکەکانی ساڵ بوو. لەگەڵ هاوڕێیاندا کتێبی “اشارة الاعجاز” مان دەخوێندەوە. شەو هەندێک لە هاوڕێیانمان خەوتن. من و کاک موعەزەم بەردەوام بووین لە خوێندنەوەی کتێبەکە. ڕێک لەو شوێنەی کە گەشتینە سەر دێڕی” ئەی حەبیبی شەفیق، ئەی شەفیقی حەبیب”، ڕێک لە دیوارەکانی ئەو ماڵەوە دەنگی ناڵە ناڵ هات. من ٥ جار هەمان دەنگی پڕ هجران و ناڵەم بیستەوە. دەنگەکە دەیوت “ئۆف، ئۆف” و بە ناڵەی ئەو دەنگە دیوارەکەش دەلەریەوە. کاک موعەزەمیش ئاماژەی بەوەدا کە تەنیا ٣ جار گوێی لەو دەنگە بووە، بەڵام من ٥ جار گوێم لە هەمان دەنگ بوو”.

مامۆستا بەدیعوزەمانیش، لە ١ ی ئازاری ١٩٢٧، ٣ ڕۆژ پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان، کاتێک نەفی ناوچەی بارلای و شاری ئیپسارتە دەکرێت، هەست بە هەمان شت دەکات. ئەویش لە ماڵی موهاجیر حافز ئەحمەد نیشتەجێ دەبێت.

شەو کاتێک مامۆستا دەست بە زیکر و ویردەکانی خۆی دەکات، هەموو ماڵەکە بە زیکرەکانی مامۆستا دێتە لەرزین و لەگەڵ ئەودا وەک ئەوەی زیکرەکان بڵێنەوە، دەنگیان لێ بەرز دەبێتەوە.

هاوسەرەکەی حافز ئەحمەدیش بەهۆی ئەو دەنگانەوە لەخەو خەبەری دەبێتەوە و بەم شێوەیە لەوە تێدەگەن کە ئەو زاتەی بۆتە میوانی ماڵەکەیان، کێیە.

موهاجیر حافز ئەحمەدیش بە هەیەجان و سەرسوڕمانەوە بە هاوسەرەکەی دەڵێت:

 

ژنەکە، خودا باڵندەی بەختی بەسەر سەرمانەوە نیشاندۆتەوە، پێویستە نزای خێری ئەم زاتە وەربگرین، ئەگینا لە ماڵەکەمان دەڕوات و لەم بەرەکەتە بێ بەش دەبین.

“شوێنە نوێکانی خزمەت”

بە هۆی هەوڵ و تێکۆشانی زۆری مامۆستاوە، لە پێش کودەتاکەی ١٢ ی ئازار، لە ناوچەکانی بوجا و بۆرنۆڤا، ماڵی نوێی خزمەت کرایەوە.

ماڵەکەی بۆرنۆڤا لەلایەن موستەفا بیرلیکەوە سەرپەرشتی دەکرا.

دوکانەکانی باوکی فرۆشت و ٨٥ هەزار لیرەی بۆ مابوویەوە. ١٥ هەزار لیرەی لە هاوڕێیەکی تری قەرز کرد و بە ١٠٠ هەزار لیرە، خانویەکی تری کڕی. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە خۆیان خاوەنی خانوەکی ئەو تۆ نەبوون. بەڵام لە جیاتی ئەوەی خانوو بۆ خۆیان بکڕێت، کردنەوەی ماڵێکی خزمەتی بەسەر خۆیاندا پێش خست.

مامۆستا لە درێژەی گێڕانەوەکانیدا دەڵێت” ئەو کاتەی من لە حەج بووم، خانوویەکی تریان بە ١٨ هەزار لیرە فرۆشت. پاشان هەندێک پارەی تریان خستە سەر و لە ناوچەی فەتتاح خانوویەکی تریان کڕی. ئەو خانووە ساڵۆنێکی ٥٠ مەتری تێدا بوو. لەوێ دەمانتوانی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێیان کۆ بکەینەوە و پێکەوە گفتوگۆ بکەین. بەڵام پاشان ئەم شوێنە وەک “HYDE PARK” ی لێهات. هەرکەسە و دەهات بە هەوەسی خۆی وتاری دەدا. لەبەر خێری گەورە، شەڕێکی بچوکمان هەڵبژارد و خانوەکەمان فرۆشت”.

پاشان خوێندکارەکانی مامۆستا لە ناوچەی هەتای خانوویەکی تر دەکڕنەوە.

“ناحەزی”

لەو کاتەی مامۆستا بە جۆش و خرۆشی ئەنجامدانی خزمەتەوە قوڵپە قوڵپی دەهات، کەسانێکیش لەولاوە بە ئاشکرا ناحەزی و حەسودی خۆیان بەرامبەری دەردەبڕی.

مامۆستا بەو شێوەیە باسی ئەو ڕۆژگارە دەکات:” ساڵی پێنجهەمی مانەوەی من بوو لە کەستانە پازاری، سەرپەرشتیارەکانی کەستانەپازاری سەنگەریان لێگرتم. لەوە دەچێت لەلایەن دەزگای هەواڵگریوە فشاریان خرابێتە سەر، ئیدی من نازانم. بەڵام دەنگۆیەکی لەو شێوەیەم بەر گوێ کەوت. پاشان مامۆستایەکی نوێیان کردە سەرپەرشتیاری خوێندکارەکان و وتیان: تۆ نابێت پەیوەندیت بە خوێندکارەکانەوە هەبێت. تەنیا وانەی خۆتیان پێ دەڵێیتەوە و دەچیتە دەرەوە. هەندێک مامۆستاشیان هێنابوو کە نەمدەتوانی قبوڵیان بکەم. صدقی شەنبابایشیان کردە بەڕێوەبەر. ئەمە زاتێک بوو کە خۆشم دەویت. تەنانەت ئەو کاتەی باوکم سەردانی کردم، بردیە ماڵەوە و میوانداری لێکردین. بەڵام ئەو بەڕێوەبەرە، بێ ئاگا بوو لە ئامانج و مەبەستی سەرپەرشتیارەکانی تر. بە نیەتێکی پاکی پڕ ئیخلاسەوە بۆ خزمەت کردن هاتبوو. ئاگای لەوە نەبوو کە دەیانویست من لەو شوێنە دەرپەڕێنن.

ئەو ساڵە لە ناوچەی گەدیزی ئیزمیر، بومەلەرزەیەک ڕوویدا، من و هەندێک هاوڕێشم بە مەبەستی ئەوەی هەندێک کەلوپەل بە خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچەیە بگەیەنین، سەردانی گەدیزمان کرد.

ڕۆژی یەک شەممە بوو، خوێندکارەکانیش لەو ڕۆژەدا لە سدقی شەنبابا هەڵدەگەڕێنەوە و هەندێک قسەی پێدەڵێن کە وەک سوکایەتی دەبێت. ئەویش کاتێک ئەم هەڵسوکەتەی خوێندکارەکان دەبینێت، دڵی زویر دەبێت و جارێکی تر نەگەڕایەوە. بەڵام خودا ئاگادارە من ئاگام لە هیچ کام لەو ڕووداوانە نیە. کاتێک هاتمەوە و ڕووداوەکەم بیست، بە ڕاستی زۆر دڵگران بووم.

 

سوکایەتی کردن بە مرۆڤێکی وەها پاک و ڕاستگۆ، ستێک نەبوو کە جێگەی قبوڵ بێت. سەرەڕای ئەوەی کە من هیچ پەیوەدنیەکم بەم ڕووداوەوە نەبوو، بەڵام دەستەی سەرپەرشتیاران، ئەمەشیان لەسەر من حساب کرد و وایان دەزانی لەلایەن منەوە ڕێکخراوە.

 

لە دوای شەنبابا، کەسێکی تریان بە ناوی سوعاد بولبول هێنا.

مەبەستەکەیان ئاشکرا بوو، دەیانویست من کەستانەپازاری بەجێبهێڵم.

منیش بە دوای خانوویەکدا دەگەڕام هەتا تێیدا بمێنمەوە. زیاتر لەوەش دەیانویست خوێندکارەکان لە من داببڕێنن. هەر بۆیە سوور بوون لەسەر ئەوەی خوێندکارەکان بۆ ئەو بینایە بگوازنەوە کە لە پاڵ خوێندنگەی زانستە شەرعیەکان دروست کرابوو.

هەرگیز بیرم لەوە نەکردبوویەوە کە خوێندکارەکان هان بدەم،  تەنیا ئاواتم ئەوە بوو، لە کەستانەپازاری بمرم و لە گۆڕەکەمدا گوێم لە دەنگی خوێندکارەکانم ببێت. بەڵێ لەم ودنیایەدا تەنیا هیوا و ئارەزوم هەر ئەوە بوو.

هەندێک لە مامۆستاکان دژایەتی ئەو شێوازە لە خزمەتیان دەکرد کە من بیرم لێدەکردەوە.

لە ماوەی ئەو ٥ ساڵەی لەوێ مامەوە، هەموو ڕۆژێک وەک ئەوە وەهابوو کە دڕکەزی(کاکتوس) قوت بدەم. هەرگیز بیرم لەوە نەدەکرەوە کە ببنە لایەنگری من، تەنیا حەزم بەوە دەکرد کە بە شێوەیەکی سادەتر دژایەتی من بکەن. بەڵام هەموو کات بە شێوەیەکی زۆر توند دژایەتیان دەکردم.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، خزمەت کردن بەلامەوە لە هەموو شتێک گرنگتر بوو. هەمیشە دەموت چەند کەس لەم لافاوە ڕزگار بکەم، بە قازانج ئەژمار دەکرێت.

یەک کەس نەبوو کە قسەیەکی پشتگیری بۆ من بکات، تەنانەت گەر هیچیشیان نەوتایە و تەنیا وازیان لێبهێنامایە کە کاری خۆم بکەم، بۆ من بەس بوو. مرۆڤ کاتێک بە تاقی تەنیا دەمێنێتەوە، هێندە لە بایەخیش بە زۆر دەزانێت. تەنیایی زۆر سەختە، هیچیش لە دەست نایەت، دیارە ئەمە قەدەری ئێمە بووە”.

 

384 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە