بیروڕاهەواڵ

تاقیکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی!

 

ساڵی ڕابردوو، شارەوانی کۆجائێلی، بە مەبەستی سەرنج ڕاکێشان بۆ بابەتی قۆرغ کردنی منداڵان لە لەلایەن گەورەکانەوە، تاقیکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ئەنجامدا.

لە یەکێک لە پاسەکانی شارەوانیدا،  منداڵێکی تەمەن ٧ تا ٨ ساڵان، دەغیلەیەکی بە دەستەوەیە و وەستاوە.

منداڵەکە لە پڕێکدا دەڵێت” وەستا ماندوو بووم، دەغیلەکە دادەنێم”. بەڵام شۆفێرەکە لێی توڕە دەبێت و قبوڵی ناکات. کاتێک منداڵەکە دەغیلە قورسەکە لە دەستی دەخاتە خوارەوە، شۆفێرەکە بەر شەپازلەی دەدات.

ئەم تاقیکردنەوەیە کە لەلایەن دەستەی شانۆکارانی کۆجائێلیەوە ساز کرا، لەلایەن زۆرینەی سەر نشینانی ناو پاسەکەوە بە “حەیرەتەوە” تەماشا دەکرا، تەنیا چەند خانمێک داوایان لە شۆفێرەکە کرد، کە دەست لە لێدانی منداڵەکە هەڵبگرێت.

 

لە تاقیکردنەوەیەکی تردا یەک دوو منداڵ خۆیان کردووە بە ونبوو، کەسێکیش لە پڕێکدا پەیدا دەبێت و دەڵێت ” من برای گەورەیانم” و دەیەوێت بیانبات.

 بەڵام زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەو شوێنە، لە جیاتی ئەوەی ڕێگری بکەن لە بردنی منداڵەکان لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە، بە “حەیرەتەوە” تەماشای بردنی منداڵەکان دەکەن.

 

هەروەها تاقیکردنەویەک لەلایەن ڕێکخراوی منداڵپارێزی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە ئەنجام درا. منداڵێکی بچوک لە ناوەڕاستی قەرەباڵغی خەڵکدا جێدەهێڵدرێت و سەرنج لە کاردانەوەکانی خەڵک دەدرێت.

گەر منداڵەکە جلوبەرگێکی ڕێکوپێکی لەبەردا بێت، زۆرینەی خەڵکەکە دەچن بە دەمیەوە و دەیانەوێت یارمەتی بدەن.

بەڵام گەر منداڵەکە جلوبەرگی شڕوپڕی لەبەردا بێت، کەس ناچێت بە هانایەوە.

هەمان تاقیکردنەوەیان لە چێشتخانەیەکی گەورەشدا ئەنجامدرا و هەمان سەرئەنجامیان بەدی کرد.

هەروەها لە پارکێکدا کەسێکی گەورە لە چەند منداڵێکی بچوک دەدات، سەدان کەس تێدەپەڕن و هیچ کاردانەوەیەک پشان نادەن.

سەدان تاقیکردنەوەی هاوشێوە لە وڵاتانی دونیا ئەنجام دەدرێت، کە مرۆڤەکانی تێدا تاقی دەکرێنەوە.

 بەڵام ئێستا گەورەترین تاقیکردنەوە لە تورکیا ئەنجام دەدرێت.

 

تاقیکردنەوەکەی تورکیا

٨٠ ملیۆن کەس لەم تاقیکردنەوەیەدا بەشدارن.

 

سەدان هەزار مرۆڤ بە بێ هیچ لێپرسینەوە و بەدواداچوونێک لە کارەکانیان دوور خرانەوە و نانبڕاو کراون.

٨٠ ملیۆن کەس بە بێ هیچ کاردانەوەیەک سەیری ئەم کارەیان کرد.

سەدان هەزار مرۆڤ، بە پاساوی دابینکردنی دەرماڵەی خوێندکارە هەژارەکان، دانانی پارە لە بانک، ناردنی منداڵەکەی بۆ خوێندنگەکانی خزمەت، لە کونجی زیندان قەتیس کراون.

٨٠ ملیۆن کەس سەیریان کرد!

سەدان خوێندکاری کۆلیژە سەربازیەکان، بە بێ ئەوەی ئاگایان لە کودەتا بێت و بە پاساوی ئەوەی، کە مەشقیان پێ ئەنجام دەدرێت، کرانە پاسەوە و لەسەر پردی ئیستەنبول فڕێ دران، پاشان دادگا سزای هەتا هەتایی بەسەردا سەپاندن بە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی تاوانبار بوونیان لەسەر بێت.

٨٠ ملیۆن کەس سەیریان کرد!

 

دەیان هەزار ژن بە پاساوی ئەوەی خواردنیان بۆ  خوێندکارە هەژارەکان دابین کردووە، ئێستا لە زیندانن.  لە قاوشێکی ٢٠ کەسیدا، ٤٠ کەس پێکەوە ژیان بەسەر دەبەن.

٨٠ ملیۆن کەس سەیر دەکات و نادیدە دەیانگرێت!

 

هەروەها ٨٦٤ منداڵی بچوک، سەرەڕای ئەوەی یاسا کار پێکراوەکانی تورکیاش ڕێگەی نادەن، بەڵام لە زیندان ژیان بەسەر دەبەن.

 

ئەم منداڵانە لە دوای بەسەر بردنی زستانێکی سارد و سڕ، ئێستا لەو گەرما پڕوکێنەی وەرزی هاویندا کە پلەی سەدی گەشتۆتە ٤٠ پلە، لە ناو میکروب و پیسی زیندانەکاندا گاگۆڵکێ دەکەن.

٨٠ ملیۆن کەس سەیریان کرد!

 

بە بەرچاوی خەڵکەوە دەیان هاوڵاتی لەسەر شەقامەکان دەڕفێندرێن و لە شوێنی نادیار ئەشکەنجەیان دەدرێت.

 

٨٠ ملیۆن کەس سەیر دەکەن!

 

ئەی نوێنەرەکانی خەڵک چی دەکەن؟

لە پەڕلەمانی تورکیا ٥٨٩ نوێنەری خەڵک بوونیان هەیە. واز لە چەند کەسێکی دیاریکراوی ئاراوتەی ناو پەڕلەمان بهێنن. ئیدی هەموویان لە یەک ڕیزدا دادەنێیت، یاخود بیانخەیتە سەر یەک و لە تایەکی تەرازودا دایادەنێیت، هەر ٥٨٠ پەڕلەمانتارەکە کۆ بکەینەوە، یەک دانە فاروق گەرگەلیئۆغلو ناهێنێت.

هەموویان ئاگایان لە بارودۆخەکەیە، دیکتاتۆرە زانراوەکە، زمانی هەموویانی قوتداوە!

پەڕلەمانتارەکان، لە بەرامبەر وەرگرتنی ٢٢ هەزار لیرەی تورکیدا، وەک ئەوەی لە یاریگایەک دانیشتبن، تەماشای گەمەی ڕووداوەکان دەکەن.

 

نوسەرەکان بە هەمان شێوە، هونەرمەندەکان، ڕێکخراوە مەدەنیەکان، ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی ژنان و منداڵان، هەموویان بە هەمان شێوە تەماشا دەکەن.

 

“زمانیان دیکتاتۆرەکە قوتی داوە”

هەروەها “پێشانگاکانی ویژدان” چینی نەریتپارێزەکانی کۆمەڵگاش بە هەمان شێوە خەریکی سەیر کردنن.

سەدان نەخۆشی پەکەوتە هەیە، لە زیندانەکاندا گیان لە دەست دەدەن. هەموو هەفتەیەک، هاوڵاتیەک لە ژوورە تاکە کەسیەکانی زینداندا گیان لە دەست دەدات.

هەموویان سەیری دەکەن.

سەدان ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنوس، کاتێک کەسێکی سەر بە خۆیان کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، وتار و سەرمانشێتی لەسەر دەنوسن.

 

بەڵام ئێستا؛ دیکتاتۆرەکە زمانی هەموویانی قوتداوە.

 

خەڵکی تورکیا، کە بە ٨٠ ملیۆن کەسەوە بەشداریان لەم تاقیکردنەوە کۆمەڵایەتیە کردووە، لە پێگەی بینەرێکی بێ هەڵوێستدا خۆیان بینیوەتەوە.

 

ژمارەی “مرۆڤەکان”

ئیدی بمانەوێت یاخود نا، ئەو پرسیارە بە ئەقڵماندا دێت کە بڵێین : تۆ بڵێیت ژمارەی “مرۆڤە” ڕاستەقینەکانی تورکیا چەند کەس بێت؟

پێش ماوەیەک لە دۆکۆمێنتاریەکی تایبەت بە ژیانی ئاژەڵاندا چاوم پێکەوت، تیمساحێک ئاسکێکی گرتووە و کاتێک دەزانێت ئاسکەکە دوو گیانە، وازی لێدەهێنێت.

 

ئێستا ئەو هاوڵاتیانەی لە بەرامبەر زیندانی کردنی منداڵانی ساواشدا بێدەنگیان هەڵبژاردووە، دەبێت بە کام جۆر لە زیندەوەر ئەژماریان بکەین؟!

 

لە یەکێک لە تاقیکردنەوە کۆمەڵایەتیەکانی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، کچێکی بچوک جلوبەرگی جوانی لەبەر دەکرێت و دەنێردرێتە یەکێک لە چێشتخانە گەورەکان، زۆربەی هاوڵاتیان دەیبەنە سەر مێزەکەی خۆیان و لە خواردنەکانی خۆیان بەشی دەدەن.

بەڵام هەمان کچ کاتێک بە جلوبەرگی شڕوپڕەوە دەچێتە ناو چێشتخانەکەوە، زۆرینەی هاوڵاتیان بە لەپی دەستیان لە خۆیانی دوور دەخەنەوە.

 

بە مەعسومترین گوزارشت دەتوانین بەم شێوەیە پێناسەی کاردانەوەکانیان بکەین.

تەنانەت دەترسن لەوەی بە هانای منداڵە ساواکانیشەوە بچن.

کاتێک پشیلەیەک لەسەر دارێک گیر دەخوات، یاخود بێچووە سەگێک دەکەوێتە چاڵێکەوە، هەموویان خۆیان لێ دەبێتە پەپولەی خۆشەویستی.

یاخود بۆ مانگایەکی قوربانی کە لە دەستی خاوەنەکەی ڕای کردووە، هەموویان خۆیان دەکەن بە قارەمانی خۆشەویستی و بەخێوکردنی ئاژەڵەکە دەگرنە ئەستۆی خۆیان.

بەڵام کاتێک منداڵانی ساوا لە زیندانەکاندا دەبینن، ڕوویان گرژ دەکەن و بە فیکە لێدان لەو ناوچەیە دوور دەکەونەوە!

 

دەڵێن ” ئامان یەک قسە بکەین ئێمەش دەکەن بە جەماعەت” و لە ترسی ئەمە هەڵدەلەرزن بە لەرزین.

 

تاقیکردنەوە کۆمەڵایەتیەکانی سەرەوە لەلایەن مرۆڤەکانەوە ئەنجام دەدرا.

بەڵام ئەم تاقیکردنەوە گەورەیە، لەلایەن جەنابی حەقەوە لەسەر شانۆی هەموو جیهان پێشکەش دەکرێت.

کاتێک “دەرهێنەر” دەڵێت: ئەمە تاقیکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بوو، کۆتایی هات؛ بزانین ئەو کاتە چی دەکەن!

 

 

113 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە