بیروڕاهەواڵ

ڕێکخراوێک ناوی ٢٤٨ بەرپرسی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی تورکیا ئاشکرا دەکات

 

دیاردەی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی تورکیا لە ڕۆژەڤی ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکاندایە و ڕۆژانە زانیاری نوێی لەسەر ئاشکرا دەبێت.

 

ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ(HRD) لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ناوی ٢٤٨ بەرپرسی دامودەزگاکانی ناوخۆی تورکیای ئاشکرا کرد، کە بەرپرسن لە ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان.

ڕێکخراوەکە لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت” لێرەدا ئاماژەمان بە ناوی ئەو کەسانە کردووە کە لە بنکەکانی ئەشکەنجەدان کار دەکەن، یاخود هەر پارێزگارێک کە چاوپۆشی لە بوونی ئەم جۆرە بنکانە دەکات، لەگەڵ بەڕێوەبەری بنکەکانی پۆلیس، داواکاری گشتی، شارەزای پزیشکی دادوەری، کارمەندی پۆلیس، لە ڕاپۆرتەکەدا ناوی هەموویان و شوێنی کاریان دیاری کراوە”.

ڕێکخراوەکە کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی پشتگیری قوربانیەکانی ئەشکەنجەدان، کە لە ٢٦ ی حوزەیرانی هەموو ساڵێکدایە،  ڕاپۆرتەکەیان بڵاو کردۆتەوە و، ئاماژە بە ٥٤ حاڵەتی مردنی گوماناوی لە زیندانەکانی تورکیا، دەکات.

ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە لە داواکاری گشتی حکومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا، داوایان لەسەر تورکیا تۆمار کردووە و پاشان دەڵێت:

 ئەشکەنجە، تاوانێکی گەردونییە و بە هیچ شێوەیەک کات بەسەر دۆسیەی ئەو تاوانەدا تێناپەڕێت. بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی پاڵپشتی لە قوربانیەکانی ئەشکەنجەدان، سەبارەت بە تورکیا و تەواوی قوربانیەکانی ئەشکەنجەدان لە وڵاتانی دونیا، بە پێویستمان زانی ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەین:

 

ئەشکەنجەدان تاوانێکە کە مافی تاکە کەسی نادیدە دەگرێت، کەسەکان بۆ ئاستی شتەکان دادەبەزێنێت، تاوانێکی تۆقێنەرە کە جێگەی لێ تێگەشتن نیە.

ئەشکەنجە تاوانێکی شەرم ئاوەرانەی مرۆڤایەتیە و، زۆر جار لەلایەن کارمەندانی دەوڵەتەوە، بە مەبەستی گەشتن بە دان پێدانان و پەیدا کردنی زانیاری بەکار دەهێنرێت. ئەم تاوانە لە یاسا نێودەوڵەتیەکاندا بە شێوەیەکی ڕەها قەدەغەیە و هەرگیز کاتی بەسەردا تێناپەڕێت.

لە ماوەی ڕابردودا وەک ٥ ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، پەیوەندیمان بە کۆمیسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدانی(CAT) سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان کرد. ئەمرۆش لێرە لەگەڵ ڕێکخرای پەیامنێرانی نێودەوڵەتی، پلاتفۆرمی پارێزەرانی تاراوگە، سەبارەت بە مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی ناو زیندانەکانی تورکیا،  لەسەر بنەمای دادگایی گەردونی دادگاکانی ئەڵمانیا، ڕێکارێکی یاساییمان لە دژی ئەشکەنجەدەرانی تورکیا جوڵاندووە.

جگە لەو بەڵگە و زانیاریانەی لە دۆسیەکەماندا پێشکەشمان کردووە، دۆسیەی ٥ هاوڵاتی تورکیامان پێشکەش بە دادگا کردووە، کە لە تورکیادا ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجەدان بوونەتەوە و ئێستا ڕوویان لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە.

هەروەها لە دۆسیەکەماندا ناوی تەواوی ئەو کەسانەمان تۆمار کردووە کە بانگەشەی ئەشکەنجەدان و چاوپۆشیکردنیان لەو تاوانانەیان لەسەرە”.

“هەر لەم چوارچێوەیەشدا ناوی ٢٤٨ کەسمان تۆمار کردووە،  کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، دادگاکان، دەزگای هەواڵگری(میت) و دامودەزگاکانی تری ناوخۆی تورکیان.

بە تایبەت  بەرپرسانی هەریەک لە شارەکانی ئافیۆن، ئەنقەرە،  ئەنتالیا، ئەماسیا، بالیککەسیر، بارتن، بایبورت، دەنیزلی، دیاربەکر، ئێلازیغ، هەکاری،ئیستەنبول، ئیزمیر، کارس، قارەمان مەراش، کرککەلە، کۆنیا، نێڤشەهیر  و چەندین شاری تری ناوخۆی تورکیا”.

 

ڕژێمەکەی ئێردۆغان بە تایبەت لە دوای ئاشکرا بوونی دۆسیەی گەندەڵی ١٧/٢٥ کانونی یەکەمی ٢٠١٣، تەواوی چینەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتی کردە ئامانج؛ بێ هیچ گومانێکیش، بزاڤی خزمەت و هاوسۆزانی کردە ئامانجێک کە قورسترین گورزەکانی خۆی لێیان بوەشێنێت.

هەروەها  لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، کە خۆی بە لوتفی خودا ناوی برد، هەنگاوەکانی بە ڕووی دامەزراندنی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆریەی لە مێژ بوو بە نیازی دامەزراندنی بوو، بە شێوەیەکی خێرایانەتر خستە بواری جێبەجێکردنەوە”.

ڕژێمی ئێردۆغان کە جیاکاری دەسەڵاتەکان و بێ لایەنی و سەربەخۆیی دادگاکانی پێشێل کردووە، خوازیاری ئەوەیە کە تەواوی چینەکانی کۆمەڵگا بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

لەلایەکی ترەوە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەواوی ئیمکانیەتی دەوڵەت و  ناوەندە تایبەتەکان، پڕوپاگەندەی لە دژی هاوسۆزانی خزمەت دەست پێکرد و، بە هۆی ڕق و کینەی تایبەتی خۆیەوە، مرۆڤە بێ گوناحەکانی تورکیا و وڵاتانی دونیای کردە قۆچی قوربانی”.

لە نوێترین دیاردەکانی ئەم بابەتە، ئەشکەنجەدانی دیپلۆماتکارەکانی وەزارەتی دەرەوە و تورکیا، لەگەڵ ئەو زانیاریانەی کە دەنیز یوجەلی ڕۆژنامەنوس ئاماژەیان پێداوە، بە داخەوە ئەوە ئاشکرا بووە کە تورکیا بە شێوەیەکی سیستەماتیکی و بەربڵاو، تاوانی ئەشکەنجەدان ئەنجام دەدات.

هێشتنەوەی هاوڵاتیان بە دەستبەسەری بۆ ماوەیەکی دوور  درێژ، ڕێگری لە مافی وەرگرتنی ڕاوێژی یاسایی، هەروەها پێشێلکردنی مەحرەمیەتی ئەم بابەتە وبە هیچ دانانی، لە کارخستنی میکانیزمەکانی بە دواداچوونی ئەشکەنجەدان، پێنەدانی ڕاپۆرتی پزیشکی، لە تورکیادا بوونەتە بەڵگە لەسەر تاوانی ئەشکەنجە.

ئەم بابەتەش لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی پێدراوە.

 

چەند تاوانێکی ئەشکەنجەدان لە تورکیا کە پێمان وەهابوو لەبیرکراون، چەشنی خنکاندن لە ئاودا، لێدانی کارەبا، دەستدرێژی سێکسی و بەکارهێنانی لایەنی سێکسی، سەرلەنوێ سەریان هەڵداوەتەوە.

 

“فەرمانی شاردنەوەی شوێنەواری ئەشکەنجە”

بە گوێرەی فەرمانی ژمارە ٦٦٨-٦٩٦ ئەنجومەنی وەزیران، کە هێزی یاسایی هەیە  و لە چوارچێوەی باری نائاسایی وڵاتدا دەرکراوە، بە بیانوی پاراستنی کارمەندانی دەوڵەت، ڕێگە بۆ ئەنجامدانی هەموو جۆرە تاوانێکی ئەشکەنجەدان خۆش کراوە و تاوانبارانیش بە بێ سزا دەهێڵێتەوە. هەروەها ئەم بڕیارانە دواتر لەلایەن پەڕلەمانیشەوە قبوڵکران و وەک یاسای هەمیشەییان لێهات. لە دوای دەرچوونی ئەم یاسایانەوە، هەریەک لە داواکاری گشتی ترابزۆن و ئیستەنبول، تەواوی سکاڵاکانی هاوڵاتیان سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی  ڕەت کردۆتەوە.

 

دادگاکانی تورکیا؛ تەنیا دامودەزگای ئەو ولاتە نین کە لە بابەتی بەدوادانەچوونی بانگەشەکانی ئەشکەنجەداندا کەموکورتیان هەیە، بەڵکو حکومەتیش هەوڵێکی زۆر بە خەرج دەدات کە شوێنەواری ئەشکەنجەدان لە ناو زیندانەکاندا بشارێتەوە.

 

بە گوێرەی بەڵگەیەک کەوا لە مێدیاکانی ئەو وڵاتەدا بڵاو بۆتەوە، لە میانەی سەردانی کۆمیسیۆنێکی یەکێتی ئەوروپا، کە تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی تورکیا سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هێزە ئەمنیەکان، لە ڕێگەی نوسراوی نهێنیەوە، ٨١ بەڕێوەبەری بنکەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە ئاگادار دەکاتەوە و داوای شاردنەوەی شوێنەواری ئەشکەنجەدانیان لێدەکات.

 

هەریەک لە ڕێکخراوەکانی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان، لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بەوە داوە، کە لە میانەی بەدواداچوونیاندا بۆ بە بەڵگەکردنی تاوانەکانی  ئەشکەنجەدان،  ترس و فشاری حکومەتی تورکیایان بەسەر هاوڵاتیانەوە بەدی کردووە.

هەروەها حکومەتی تورکیا ڕێگرە لەوەی کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدانی سەر بە یەکێتی ئەوروپا، ڕاپۆرتەکانی ساڵی ٢٠١٦، ٢٠١٧، ٢٠١٨ بڵاو بکاتەوە.

 

“٢٦ هاوڵاتی ڕفێندراون”

 

لە دوای ساڵی ٢٠١٦، ٢٦ هاوڵاتی بە زۆر لە شوێنی مانەوەیان ڕفێندراون. بە داخەوە لە ساڵانی ١٩٩٠ خەڵکیان بە ئۆتۆمبیلێکی سپی ڤۆلکسڤاگێن دەڕفاند و ئێستاش ترانسپۆرتێکی ڕەش لەو کارەیاندا بەکار دەهێنن. ئەم هاوڵاتیانە چەند مانگ بێ سەروشوێن دەکرێن و کەس نازانێت لە چۆن بارودۆخێکدا ژیان بەسەر دەبەن. هەموو لایەکیش ئەوە دەزانێت کە ئەم هاوڵاتیانە لە دوای ڕفاندنیان دەخرێنە ژێر مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجەدانەوە.

دیاردەی ڕفاندنی هاوڵاتیان لە ڕژێمەکەی ئێردۆغاندا، تەنیا هاوڵاتیانی ناوخۆی تورکیا نەگرتۆتەوە و بە هەمان شێوە هاوڵاتیانی بێ گوناحی دەرەوەی تورکیاشی کردۆتە ئامانج.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە لێدوانێکیدا بە ئاشکرا شانازی بەوەوە دەکات، کە لە دەرەوەی تورکیا ١٨ وڵاتی دونیا ١٠٠ هاوڵاتی سەر بە بزاڤی خزمەتیان ڕفاندووە.

هەموو لایەک ئەوە دەزانن ئەم هاوڵاتیانە لە تورکیا دەخرێنە ژێر ئەشکەنجەدانەوە و لە دۆسیەکەماندا ئاماژەمان بە ناوی دیپلۆماتکارە دێرینەکانی وڵاتانی وەک ئەفغانستان، ئازەربایجان، ئەڕنەوت، بوڵگارستان، گابۆن، یونان، ئەندەنوسیا، کازاخستان، کۆسۆڤا، مالیزیا، مەیانمار،  تایلەند، پاکستان، قەتەر کردووە، کە ماوەیەک بەر لە ئێستا خرابوونە ژێر ئەشکەنجەدانەوە و سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە.

 

هێشتنەوە لە ژووری تاکە کەسی و هێشتنەوە بە دەستبەسەرکراوی بۆ ماوەیەکی دوور  درێژ، خۆی لە خۆیدا سزایەکی سوکایەتی پێکردنە، بەڵام لەمەش گرنگتر، هاوڵاتیان لەو کاتانەدا زیاتر ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ دەبنەوە.

 

هەتا ئێستا لە زیندانەکانی تورکیادا ٥٤ حاڵەتی مردنی گوماناوی هەیە کە بە هۆی مامەڵەی خراپ و ڕێگری لە دەستخستنی پێداویستیە پزیشکیەکان ڕوویانداوە.

” بە شێوەیەکی سیستەماتکی ژنانی دوو گیان، نەخۆش، بەساڵاچوو دەکرێنە ئامانج”

 

ڕژێمەکەی ئێردۆغان، بە تایبەت ژنانی دووگیان و زەیستان، هاوڵاتیانی نەخۆش و بەساڵاچوو، هەروەها خاوەن پێداویستی تایبەتی  بە ئامانج گرتووە.

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان، لە راپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بە زیندانیکردنی ٥٠ ژن داوە، کە ماوەیەکی زۆر کەم بەر لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵبوون، یاخود ڕاستەوخۆ لە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەستبەسەریان کردوون و رەوانەی زیندانەکانی تورکیا کراون.

هەروەها پێشبینی ئەوە دەکەن کە نزیکەی ٦٠٠ خاتون لەگەڵ منداڵە ساواکانیان لە زیندانەکانی تورکیا ژیان بەسەر ببەن.

 

لە زۆرینەی حاڵەتەکانی زیندانی کردنی ئەم خانمانەدا، بنەمای “خۆیی بوونی تاوان” پێشێل کراوە و بە تۆمەتی یارمەتیدانی هاوسەرەکانیان دەستبەسەر کراون و خراونەتە زیندان.

 

تەواوی ئەم مامەڵانەی تورکیاش ئەوە دەسەلمێنیت کە پاکتاوی ڕەگەزی هاوسۆزانی خزمەت بە ئامانج گیراوە.

 

 

 

 

75 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە