بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

ئەو کەمپانەی لە قەدپاڵی سەردەمی بەختەوەریدا ڕێک دەخران!

تارق بوراک- بەشی ١٩

 

 

 

 

یەکێک لە چالاکیە پڕ بەرەکەت و لەبیرنەکراوەکانی مامۆستا لە سەردەمی ساڵانی ژیانی لە کەستانەپازاری، بریتیە لەو کەمپانەی لەگەڵ خوێندکارەکانیدا ڕێکیان دەخست.

 

سێ ساڵی یەک لەسەر یەک، لە کاتی پشوی هاویندا ئەم کەمپانە ڕێک دەخران، لە نێوان بوجا و گوندی کایناکلار، لە شوێنێکی سەوزایدا کە بە کێڵگە چواردەوری گیرابوو، ئەنجام دەدرا.

لەو شوێنە کە ساڵانی دواتر ئاوەکەی کەمی کردەوە و بەشی نەدەکردین، کارگەیەکی دروستکردنی پەنیری لێبوو.

گوندنشینەکانی ئەو ناوچەیە کە خەریکی وەبەرهێنانی توتن بوون، جگە لەو چارداخە بچوکانەی ژیانیان تێدا دەبردە سەر، شوێنێکی تری ژیانیان نەبوو. شوێنێکی بێدەنگ و هەوایەکی خۆش، لە ناو ئیمکانیەتی ئەو ڕۆژگارەدا، شوێنێکی زۆر خۆش و جوان بوو.

ئامانجی کەمپەکە ئەوە بوو کە خوێندکارەکان، پشووی هاوینەکەیان بە باشی هەڵبسەنگێنن.

واتە ئامانج ئەوە بوو کە خوێندکارەکان نەگەڕێنەوە گوند و شارەکانیان لە وانە و خوێندنەکەیان دوور نەکەونەوە.  ئامانجی ڕێکخستنی چالاکیەکە ئەوە بوو کە دڵ، ڕۆح، ئەقڵی خوێدکارەکان لە چوارچێوەی دیسپلینێکدا بمێنێتەوە و، لە ڕووی هزر و هەستی دینیەوە زیاتر قوڵ ببنەوە.

یەکەم کەمپ

مامۆستا لە ساڵی دووهەمی هاتنی بۆ ناوچەی کەستانەپازاری، بڕیاری ئەوەیدا کە لەگەڵ خوێندکارەکانیدا کەمپێک ڕێک بخات.

هەر لەو سەردەمەشدا چاوی ئیسماعیل چەلەبی کەوت و ناسی. بە کەسێکی زۆر جددی و تێکۆشەر دەهاتە پێش چاوی.

هەروەها قسەیەکی کە هەرگیز مامۆستا لە بیری نەدەکرد بریتی بوو لە “کاک عەبدوڵا ئەم شتانەشی دەزانی بەڵام هەرگیز لەلای من باسی نەکردووە”.

 

بابەتی کەمپەکە بە تەواوی مێشکی مامۆستای داگیر کردبوو. زۆر گرنگ بوو کە کەسێک بۆ دابینکردنی خەرجیەکانی کەمپەکە بدۆزێتەوە. هەروەها پێویستی بەوە دەکرد کە چەند چادر و خێمەیەک بکڕن. چۆنی ئەم هەموو مەسرەفە دابین دەکرا؟ لەو ڕۆژانەدا دابینکردنی هێندە خەرجیش کارێکی زۆر سەخت بوو. هەرچەندە خەرجیەکەی زۆر کەم بوو، بەڵام هێشتا مرۆڤگەلێکی وەها نەبوو کە خۆیان بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی ئاڵتونی تەرخان کردبێت.

 

سەبارەت بە چۆنیەتی تێپەڕاندنی ئەم کێشانە، مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژانە دەکات:

“چوومە ئەنقەرە و لەوێ چەند کەسێکی لێبوو کە دەمناسین، لە پڕێکدا چارەیەک بە مێشکمدا هات. لە دوای کودەتاکەی ٢٧ ی ئایار، سوپا پارەی لە خەڵک کۆکردەوە و چەکی دانەوەی قەرزەکەی پێدەدان. ئەم چەکانە هەر کاتێک بتویستایە، دەتتوانی بیکەتەوە بە پارە. ڕۆشتم و نزیکەی ٣ هەزار لیرە چەکی قەرزم کۆکردەوە. ئەمانەم بردە کەستانەپازاری و ئەوانیش کردیان بە پارە.

بەم شێوەیە بە زووترین کات دەستمان کرد بە دامەزراندنی کەمپەکان. ساڵی یەکەم نزیکەی ٧٠ کەس دەبووین.

لە یەکەم کەمپماندا، دوو چادری گەورە لەگەڵ چادرێکی بچوکی تایبەت بە خۆم هەبوو. هەروەها بینایەکی ئەو ناوچەیەشمان وەک مەتبەخ بەکاردەهێنا. هیچ پەیوەندیەکی ترمان نەبوو، عەلی ڕەحمەتی بە ماتۆڕەکەی دەهات و هەندێک لە پێداویستیەکانی بۆ دەهێنانین.

مامۆستا شەعبانیش بۆ وتنەوەی وانەی عەرەبی دەهات و دەڕۆشت.

ئەو ساڵانە توانمان زۆر کەم بوو. هەندێک شەو گەردەلول هەڵدەستا و، حەسیرەکانی ژێرمانی چەشنی چرای کەشتیەوانەکان دەبرد بە ئاسماندا، بەڵام ئێمە هەر بەردەوام بووین لە کتێب خوێندنەوەی خۆمان.

بە کۆمەڵ کتێبمان دەخوێندەوە، یەکەم کەمپ کە ڕێکمان خست، ڕێک بە دڵی خۆم بوو.

هەموو کەس بە ڕەوانی تەسبیحاتەکانیان لەبەر کرد. کاتێک ئەم حاڵەی خوێندکارەکانم بینی، باشتر هەستم بە پێویستی کارێکی لەم شێوەیە کرد. قاتێکی تر ئیمانم بە ئاتاجیمان بۆ ئەو جۆرە چالاکیانە زیادی کرد.

ئێستاش کە تەسبیحاتەکان ئەنجام دەدەین و وەک کۆرس پێکەوە دەیڵێینەوە، عادەتێکە لەو سەردەمەوە بۆمان ماوەتەوە.

هەمیشە دەموت لە ناوجەرگەی سروشت و، بە ڕووی سروشتدا دەبێت بە ئاشکرا تەسبیحاتەکانمان ئەنجام بدەین، بەڵام بە ڕووی ڕۆح و دڵماندا بە شاراوە و نهێنی ئەنجامی بدەین.

یەکەم کەمپ بەم شێوە سادە و هەژارانە بەڕێوە چوو. ئەوانەی بەشداریشیان کرد، هەموویان بە دڵیان بوو.

کاک عەلی رەزا گیوڤەن سەردانی کردین، هەروەها تەواوی کارمەندەکانی خۆیشی دەنارد. هەروەها ئەمیری حەرەمی شەریف، مەحمود مەحدومیش سەردانی کردین. زۆر بە دڵی بوو. ساڵی دووهەمیش دیسان سەردانی کردین، بەڵام لە ترسی ئەو کەوا سەیرەی لەبەریدا بوو، داوامان لێکرد بگەرێتەوە. حاجی کەمال بە شێوەیەکی جوان بە بێ ئەوەی بهێڵێت دڵی لێمان زویر بێت، باسی بارودۆخەکەی بۆ کرد و، ئەویش بێ ئەوەی دڵی لێمان زویر بێت، حەقی پێداین و گەڕایەوە. حاجی ئەحمەد تەتەریش یەکێک بوو لەوانەی سەردانی کردین و زۆر بە دڵی بوو.

 

ماوەی ٣ مانگ لەو شوێنە ماینەوە. ڕۆژێکیشیان منداڵەکانی موستەفا بیرلیک و خوشکە مونتەها هاتن. ئەوان لە دوورەوە چادرێکیان بۆ خۆیان لێدا. خواردنیان بۆ ئێمە ئامادە دەکرد.  ئابرا خولوسی و ئابرا سونگوریش یەکێک بوون لەوانەی سەردانی کەمپەکەیان کردین.

هەموو کارەکانی کەمپەکە بەسەر شانی منەوە بوو، وانەم بە خوێندکارەکان دەوتەوە و پاشان هەڵدەستام خواردنم بۆ ئامادە دەکردن. هەندێک جار شیرینی سوتلاچیشم بۆ دروست دەکردن. دیسان خۆم بەسەریاندا دابەشم دەکرد. تەنانەت ئەوەش بە گوێرەی خۆی، چێژێکی تایبەتی هەبوو. لەسەر کورسیەک دادەنیشتم و کەوگیرێکم دەگرت بە دەستمەوە و سەرەیان دەگرت و منیش دەموت” یەک کەوچک حەلیب، سەڵاوات لەسەر حەبیب”، هەریەکە و سوتلاجی خۆی وەردەگرت و دەڕۆشت.

لاشەی تەندروست و هزری تەندروست

 

لە کەمپەکەدا، لە پاڵ ئەوەی جیمناستیکی ڕۆح و هزر ئەنجام دەدرا، بە گوێرەی کات، هەندێک چالاکی وەرزشیش ئەنجام دەدرا. هەمیشە باسم لەوە دەکرد، کە نەوەیەکی ئایدیاڵ، پێویستە لە ڕووی لاشە و کەلتورەوە کامڵ بێت. بە هۆی ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە، ئەم کارانەمان دەکرد.

یەکەم کامپ زۆر ناڕەحەت بووم، چونکە هەموو شتێک بەسەر شانی منەوە بوو.

ئیدی لە چەقاندنی چادرەکانەوە هەتا ئامادەکردنی خواردن، هەروەها لە کاتی تێکچوونی چادرەکاندا دەبووم هەر خۆم چاکیان بکەمەوە.

پەمپی بیرە ئاوەکە زوو زوو تێک دەچوو، هەمیشە خۆم چاکم دەکردەوە، ئەو ساڵە کارەبا نەبوو، بەڵام پاش ماوەیەک مۆلیدەیەکی ٣ هەزار کیلۆ واتیمان پەیدا کرد، ئەویش دیسان زوو زوو تێک دەچوو، بێگومان چاکردنەوەی ئەویش هەر لەسەر شانی خۆم بوو.

ساڵانی دواتریش کەمپی زۆرمان ئەنجامدا. بەڵام کەمپەکانی سەرەتا، ئەو چێژە ڕۆحانیە قوڵە و ئەو حەزەی لە سەرەتادا بینیم، زۆر بەرەکەتدار بوو. هیچ کاتێک ئەو کەمپانە لەبیر ناکەم.

خوێندنەوەی تەسبیحات و جەوشەن و ویردیە قودسیەکان، جوانییەکی تر و ڕەهەندێکی جیاوازی کەمپەکەمان بوو. بەڵام لەگەڵ بەکارخستنی دڵدا پێویستمان بە بەکارخستنی مێشکیش هەبوو.

ئەو کتێبانەی لە کەمپەکە دەمانخوێندەوە و ئەو وانەی عەرەبیانەی لەوێ پێشکەشمان دەکرد، کەمپەکەی وەک حوجرەیەک لێکردبوو.

کاتێک کەمپەکە بەم شێوەیە بوو، ئیدی دیسپلینی سەربازی و ئەدەبی ناو حوجرە و زانستی ناو خوێندگەکان پێکەوە ئاوێتە دەبوون؛ بەم شێوەیە یەکەم هەنگاومان بەرەو ئەو دونیا جوانە هەڵنا، کە لەناو خەیاڵماندا بە تەواوی جوانی و ڕەنگ و هێڵ و خاسیەتەکانیەوە بوونی هەبوو…

لە ڕاستیدا گەر زۆر ناچار نەبوومایە، هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە کە لە کەمپەکە جیا ببمەوە و بڕۆمە ناو شار. تەنیا ڕۆژانی هەینی، بە مەبەستی وتاردان دەچوومەوە بۆ ئیزمیر. ساڵی داهاتوو، مۆڵەتم وەرگرت و هیچ کاتێک لە کەمپەکە جیا نەبوومەوە. ساڵی سێهەم، دیسان بە مەبەستی وتاردان، کەمپەکەم جێدەهێشت و دەڕۆشتم.

هەستان لە سەرەتاکانی شەو و ئەنجامدانی عیبادەت، لەو شەوگارە کورتەدا هەڵدەستاین و خۆمان بۆ نوێژی بەیانی ئامادە دەکرد، هەروەها هەتا درەنگانێکی شەو کتێبمان دەخوێندەوە، بە ڕاستی ئەمە ژیانێک بوو کە لەسەر ڕووی زەویدا بوونی نەبوو.

من سەبارەت بەم هەستانەم کە لە کاتی ڕێکخستنی ئەو کەمپانەدا هەمبوو، لە هۆنراوەیەکدا جێمکردەوە، ئەگەر چی زۆر بە هۆنراوەش ئەژمار نەکرێت.

ناتوانم بڵێم بە گوێرەی هەستەکانم گوزارشتم لێیان کردووە، بەڵام هەتا بتوانم، هەوڵی ئەوەمدا ئەو حەز و چێژە لەدونییەی لە کەمپەکەدا چەشتم، بیگەیەنم.

بە ئاشکرا ئەوە دیار بوو کە لە ژێر چاودێری و پاراستنی ئەودا بووین. ئەمەش لە روانگەی زۆرینەمانەوە وەها بوو. فکر و هزری جیاواز لە داواکەماندا نەبوو. هاوڕێکانمان لە هەر چوار دەوری تورکیاوە، هەر خوێندکارێکیان بویستایە، دەیوانتوانی ڕەوانەی کەمپەکەی بکەن.

تەنانەت لە ئورفا و دیاربەکریشەوە خوێندکارمان بۆ دەهات.

لە کەمپی دووهەم و سێهەمماندا، هێندەی توانامان هەبوو، هەرکەسێک بیویستایە بەشداری بکات، وەرمان دەگرت.

هەروەها کەسانێک کەوا بە مەبەستی دوو یان سێ ڕۆژ سەردانیان دەکردین، بە شێوەیەکی بەردەوام ڕوویان لە زیاد بوون دەکرد.

 

ئەگەرچی شعور و ئیرادەمان بە تەواوی درکی بە بابەتەکە نەبردبوو، بەڵام بە شێوەیەکی جەبری(زۆرلێکراوی) بەرەو کارێک پاڵمان پێوە نرابوو، هەر ئەم کارەش کە بە شێوەیەکی جەبری ئاڕاستەی کرابووین، بەناوی بەئاگا هاتنەوە و کەلتوری گەلەکەمانەوە، بەڵێنی خزمەتگەلێکی گەورەی دەدا.

بەڵێ، بە ناوی خزمەتی دینیەوە، دەتوانین بڵێین ئەم کەمپە هێندەی هەموو چالاکیەکانی ناو تورکیا خزمەتی بە دین دەکرد. لەو ڕۆژانەدا هەموو کەسێک هەموو هەناسەیەکیان بەو کەمپەوە هەڵدەکێشا. کەمپەکە وەک داستانی سەر زاری هەموو کەسێکی لێهاتبوو.

هەندێک جار هەتا گوندی کایناکلار، یاخود زیاتریش دەڕۆشتین. هەندێک جار دەچووینە سەر سەرچاوەی کانی گوندەکە، خەڵکی گوندەکەش بە ڕاستی ئێمەیان خۆش دەویست و ئەوەی لە دەستیان بهاتایە بۆ یارمەتیدانی ئێمە، ئەنجامیان دەدا.

بەڕێوەبەرانی بەشە ناوخۆییەکەی کەستانەپازاریش بە چالاکیەکانی کەمپەکە دڵخۆش بوون. هەرگیز گوزارشتیان لە شتێک نەدەکرد کە وەها دیار بێت نیگەران بن.

ساڵی دووهەم ژمارەی خویندکارەکان بۆ دوو سەد کەس بەرز بوویەوە. ساڵی سێهەم، بۆ سێ سەد کەس بەرز بوویەوە. بێگومان ئەمە تەنیا ژمارەی ئەوانەیە کە هەموو ڕۆژێک لەوێ ئامادە دەبوون. هەندێک کەسیش ٥ تا ٦ ڕۆژ ئامادە دەبوون و دەڕۆشتنەوە. کەمپەکە وەک سەربازگەیەکی لێهاتبوو کە بەردەوام هاتوچۆی بەسەرەوە بوو.

 

هەتا ژمارەیان زۆر دەبوو، ناڕەحەتیەکانیش زیاتر دەبوون.

بە تایبەت ساڵی سێهەم، کێشەیەکی زۆری کەمی ئاومان بۆ دروست بوو. لە گوندە دوورەکانی چواردەورمانەوە، بە ئۆتۆمبیل ئاومان دەهێنا.

 

هەم خەریکی ئاو هێنان بووم، هەم ئۆتۆمبیلم لێدەخوڕی، هەم وانەم دەوتەوە، بە ڕاستی هێزم هێندەی تەواوی ئەم کارانە پێنەبوو، هەربۆیە فشارێکی زۆرم لەسەر بوو. بەڵام هەوڵی ئەوەم دەدا بە هەموو کارەکان ڕابگەم”.

 

لە کاتی ئەنجامدانی کەمپەکەدا، هەندێک لە کەسایەتی سیاسی پەیوەندیان پێوە کردم و داوای چاوپێکەوتنیان دەکرد. یەکەم چاوپێکەوتنم لە ساڵی ١٩٦٩، لەگەڵ نەجمەدین ئەربەکان ئەنجامدا، کە تازە پارتی میلی نیزامی دامەزراندبوو”.

مامۆستا سەبارەت بە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ نەجمەدین ئەربەکان دەڵێت:

” لەوێ بە شیوەیەکی دوور درێژ قسەمان لەگەڵ یەکتر کرد. یاخود ڕاستر وەهایە بڵێین ئەو باسی هەندێک شتی بۆ کردین و ئێمەش گوێمان لێگرت.

لە یەکەم چاوپێکەوتنماندا، لەگەڵ نەجمەدین ئەربەکاندا کاک سولەیمان کەرەگوڵیش هاتبوو. ئەو لە جیاتی ئێمە وەڵامی هەندێک لە پرسیارەکانی ئەربەکانی دایەوە.

باسی ئەوەی کرد کە ئەمە خزمەتێکی کەلتورییە ئەنجام دەدرێت و وڵاتەکەمان پیویستی بە پێگەیاندنی کەسانێکی خاوەن کەلتورە. کەرەگوڵ بە درێژی باسی کارەکانی ئێمەی کرد و یەکێک بوو لەو کەسانەی لەو ڕۆژگارەدا پاڵپشتی ئەم چالاکیەی ئێمەی دەکرد.

جارێکیشیان کە نەخۆش کەوتم، ئەو زاتە هاتە سەردانم. لەو ماوەیەدا هێندە نەخۆش بووم، نەمدەتوانی هەڵبستمە سەر پێ.

کاتی نوێژی بەیانی هاتە سەردانی من و پاشان ڕۆشت. ئەم سەردانەش تەنیا وەک سەردانی نەخۆشێک ئەنجامدرا. بێگومان کاتێک سیاسیەکان دەیانویست چاویان بە ئێمە بکەوێت، تەنیا لەبەر خودی من نەبوو. ئەوان کاتێک هاوڕێکانی ئێمەیان دەبینی، هەستیان بە هێز و توانای ئەوان دەکرد و دەیانویست ئەمە وەک دەنگ بۆ خۆیان لێبکەن.

لە ڕاستیدا ئەمەش بۆ کەسێکی سیاسی وەک کارێکی سادە و ئاسایی تەماشا دەکرێت، بەڵام هەر لە کۆنەوە بیرکردنەوەیەکی تایبەت بە خۆم هەبوو، کە بەسەر ڕۆحمدا باڵا دەست بوو.

هەمیشە دەموت ئەمانە پیاوی سیاسین، هەموو چاوپێکەوتنێکیان هەر بە مەبەستی سیاسیە. ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمەدا دادەنیشن و ئەم جۆرە قسانەمان لەگەڵدا دەکەن، سبەینێ دەڕۆن و لە شوێنێکی تر، ئەم قسانەیان لەگەڵ ئێمە بەکاردەهێنن. پاشان ئەم قسانەیان لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو دەبێتەوە و چیدی ناتوانین بە درۆشی بخەینەوە. چونکە من هەمیشە خەمی ئەوەم هەبوو، کە پێویستە چالاکیەکانی ئێمە وەک شتێکی سەرو سیاسەت سەیر بکرێت و دەترسام ئەمەش بە پێچەوانەوە بکەوێتەوە”.

 

ئەربەکان کاتێک ئەم ژیانە سەختەی ناو کەمپەکە بە چاوی خۆی دەبینێت، بە مامۆستا دەڵێت:

تۆ بەم منداڵانەوە خۆت خەریک مەکە، کاریگەرترین ڕێگا بۆ خزمەت لەم وڵاتەدا بریتیە لە سیاسەت. ئەم کارانەی ئێوە وەک هەڵکەندنی بیری ئاوە بە نوکی دەرزی…

 

بەڵام مومکین نەبوو ئەم قسانە قەناعەت بە مامۆستا بکات. ئەو هەر لە مێژەوە بڕیاری خۆی دابوو، سیاسەت کاری ئەو نەبوو.

چونکە بارودۆخی وڵات و ڕزگار بوون لەو کێشانەی پێیدا تێدەپەڕی، تەنیا لە ڕوانگەی تێڕوانینێکی سەر و سیاسەت دەبوو، کە بتوانێت هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لە ئامێز بگرێت.

هەروەها هەمان تەکلیف لە ڕێگەی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی و پارتی دادپەروەریەوە خرایە بەردەم مامۆستا، بەڵام ئەو هەموویانی ڕەت کردەوە.

چونکە سیاسەت وای دەخواست کە بە گوێرەی ڕۆژگار گەمە بکەیت، کۆمەڵگا فریو بدەیت و بێ ئاگایان بکەیت، لە پێناو دەسەڵات و بەدەستهێنانیدا تەواوی شتە نا مەشروعەکان بە مەشروع پشان بدەیت.

هەربۆیە لە پێناو ژیانی دڵ، مانەوە لەسەر ئاڕاستەی هزری و بەردەوامیدان بە پەیوەندی لەگەڵ جەنابی حەق، خۆ دوور گرتن لە هەموو چالاکیەکی سیاسی، بە پێویست دەزانی.

ئەو شتانەی ئەو چێژی لێدەبردن جیاواز بوو.

بەدیعوزەمانیش لەم بابەتەدا دەڵێت:

” با ئەوەی خۆشتان دەوێت لەبەر خاتری الله بێت و، ئەوەی خۆشتان ناوێت هەر لەبەر خاتری الله بێت، با دەستورێکی سیاسی وەک خۆشەویستی لەبەر سیاسەت و ڕق و کینە لەبەر خاتری سیاسەت، بەسەر ئێوەدا زاڵ نەبێت.

بەڵێ سیاسەت دڵەکان دەشێوێنیت، ڕۆحە توندڕەوەکانیش لە ناو ئازاردا دەهێڵێتەوە. هەکەسێک سەلامەتی دڵ و ئاسودەیی ڕۆحی دەوێت، با خۆی لە سیاسەت بە دوور بگرێت”. (پاشکی کاستەمۆنو).

” لەبەر ئەوەی سیاسەت شتێکی سەرنجڕاکێشە بۆ نەفس، هەرکەسێک زۆر مەراقی بێت، بە لای خۆیدا ڕایدەکێشێت. ئەرکە ڕاستەقینە و گەورەکانیش(خزمەتی ئیمان و قورئان) لە بیر مرۆڤ دەباتەوە و بە نوقسانی دەیانهێڵێتەوە. لە هەموو حاڵەتەکاندا شێوەیەک لە لایەنگری تێدا دروست دەکات و، ئەمەش وا دەکات زوڵمی ئەو لایەنە نادیدە بگرێت کە خۆشی دەوێت”.

(پاشکۆی ئەمیرداغ).

 

بە چێژترین ساتەکان

مامۆستا ئەگەرچی توشی زۆر ناڕەحەتی و مەشەقەتیش بووایە، لە پێناو پێگەیاندنی نەوەیەکی ئاڵتونی، ئامادە بوو بە نوکە دەرزی خەریکی هەڵکەندنی بیرە ئاو بێت.

لە درێژەی باسکردنی ئەو ڕۆژگارەدا دەڵێت:
“مۆلیدەکە زۆر کۆن بوو، هەموو ڕۆژێک دەبوو هەڵیبوەشێنم و دیسان چاکی بکەمەوە، ڕێک وەک وەستای مۆلیدەم لێهاتبوو. پاشان بیرە ئاوەکەی لە بەردەستماندا بوو، پێویستی بەوە دەکرد کە زیاتر هەڵی بکەینین. هەموومان پاچ و خاکەنازمان گرت بە دەستمانەوە و، پێکەوە لەگەڵ هاوڕێکانمان ئەو کێشەیەشمان چارەسەر کرد.

هەر خۆیشمان بینای تەوالێت و شوێنی دەست شۆرینمان ساز کرد، چاڵی تایبەت بە ئاوەڕۆی تەوالێتەکانیش، هەر بە دەستی خۆمان هەڵمانکەند. هەرگیز وا بیر نەکەنەوە کە ئەمە وەک شتێکی گرنگ باس دەکەم. بەڵکو لەبەر ئەوەی بە چێژترین ساتەکانی ژیانم بووە، بۆیە باسیان دەکەم!

تەنانەت یەکێک لە هاوڕێکانی ئەو سەردەمەم، باسی شتێکی بۆ گێڕامەوە کە لەو کاتەدا زۆر بە لایەوە سەیر بووە.  ڕووداوەکە بەم شێوەیە بوو:

لە کاتێکدا من پاچێکم بە دەستەوەیە و هەوڵی هەڵکەندنی چاڵی تەوالێتەکان دەدەم، یەکێک لە خوێندکارەکان هاوارم لێدەکات و دەڵێت: مامۆستا ئا دوو پاچیش بدە لەو شوێنە با بە باشی قوڵ ببێت…

هاوڕێکەم بەم قسەیەی خوێندکارەکە ناڕەحەت دەبێت.

بەڵام من لەو ڕۆژگارەدا ئەم کارانەم وەک ئەرکی سەرشانم ئەنجام دەدا. هیچ بیریشم لەوە نەدەکردەوە کە هەڵسوکەتی من ببێتە نمونە بۆ کەسانی تر. ئەو کارەی ئەنجامم دەدا، چێژم لێوەردەگرت، بۆیە پێیان هەڵدەستام. بێگومان ئەمەش بەو واتایە نیە کە توشی هیچ گرفتێک نەبووین. بێگومان ڕۆژانێکی زۆر پڕ گرفتمان بەڕێکرد.

هەرگیز قسەکانی جەنابی مامۆستا مەحمود مەمدوح لەبیر ناکەم. جارێکیان پێی وتم” ئێستا لەسەر ڕووی زەویدا، هیچ شوێنێک هێندەی ئێرە ڕۆحانیەتی تێدا باڵا دەست نیە”.

 

کارەکانمان هەمووی بە گوێرەی ڕێسا و یاسایەک بوو(دیسپلین)، بەڵام لەمەشدا تەنیا ئامانج و مەبەستمان ئەوە بوو کە کۆمەڵێک مرۆڤی ڕۆحانی پێبگەیەنین.

هەربۆیە کتێبمان دەخوێندەوە، بە دەنگی بەرز تەسبیحاتەکانمان ئەنجام دەدا، سونەتەکانمان ئەنجام دەدا و نوێژە فەرزەکانمان بە سونەتەکانەوە ئەنجام دەدا. لە هەمان کاتدا هەندێک وەرزشم پێ ئەنجام دەدان کە فیری دیسپلینی دەکردن.

لە هەموو هەڵسوکەتەکاندا، بە دوای ژیانی دڵ و ڕۆحی دەگەڕاین، بە دوای ڕێگاکانی گەشتن بەو ژیانە دەڕۆشتین، هەموو کارەکانمان لە چوارچێوە دیسپلینێکدا ئەنجام دەدا.

 

کۆتا کەمپ کە ئەنجامماندا، بە نیسبەت منەوە زۆر سەخت بوو، چونکە بە هۆی هەڵسوکەوتی بێ تەگبیرانەی هەندێک لە براکانمانەوە، ڕۆژانە بە لێشاو خەڵک ڕوویان لە کەمپەکە دەکرد و ئەمەش چواردەوری بێزار کردبوو.

ئیدی سەرپەرشتیارانی کەستانەپازاری سەبارەت بە کەمپەکە جۆرێک لە سارد بوونەوە ڕووی تێکردن. خاوەنی شوێنەکەش داوایان لێکردین کە چیدی لەو شوێنەدا کەمپەکەمان ئەنجام نەدەین. چەند کەسێکیش بە تەورەوە دەهاتنە سەر ڕێگاکەمان و هەوڵی ئەوەیان دەدا، کە چاوترسێنیمان بکەن.

لە ترسی ئەوەی شتێک بەرامبەر خوێندکارەکان ئەنجام نەدەن، منیش ئەوەم پێ باش بوو کە کەمپەکە لە شوێنێکی تر ئەنجام بدەین.

ماوەی یەک مانگی ڕێک، لە ناوچەی چەتاڵکەیا، لە شاخەکانی نیف بە دوای شوێنێکی باشدا دەگەڕام. ئێستا وەک ناو لەپی دەستم شارەزای ئەو شاخانە بووم. بەڵام شوێنێکی گونجاوم بۆ نەدۆزرایەوە. ساڵی سێهەم کاتێک لەوێ کەمپەکەم دانایەوە، تەنیا لەبەر ئەوە بوو کە شوێنێکی ترم دەست نەکەوتبوو، ئەگینا منیش حەزم بەو شوێنە نەمابوو.

هەموو شتێکمان لەبەرچاو گرت و ساڵی سێهەمیش لە هەمان ناوچە کەمپەکەمان ڕێک خستەوە. بەڵام کەستانەپازاری بە تەواوی یارمەتیەکانی لێگرتینەوە. گەر هەندێک لە برادەران پشتگیریان نەکردینایە، ئەوا زۆر کێشەی تر دروست دەبوو.

لەبەر ئەوەی لە کەمپەکەدا هیچ شۆفێرێکمان لەگەڵدا نەبوو، من خۆم ئۆتۆمبیلم بەکاردەهێنا. پاسێکی سەر بە لیژنەی فەتوامان بە ئەمانەت هێنابوو. خوێندکارەکانی بوجام لەگەڵ خۆم هەڵدەگرت و دەمهێنان بۆ ناو کەمپەکە،ڕۆژێکیان پاسەکەم وەرگەڕاند. نازانم چۆن لە ڕێگاکە دەرچووم، ئاگام لە خۆم نەبوو. یوسفم بینی لە ژێر قاچمدا بوو، ساجیدی کوڕی کاک مەولودیش کە لە لیژنەی فەتوا کاری کاتیبێتی دەکرد، سەری بریندار بوو بوو. نزیکەی ٣ تا ٤ هەزار لیرە مەسرەفمان بۆ دروست بوو، بە تەلەفۆن کاک مەولودم لە ڕووداوەکە ئاگادار کردەوە.

کاتێک بە تەلەفۆن  ئەوەم پێ ڕاگەیاند کە کوڕەکەی بریندار بووە، وەڵامێکی دامەوە کە هەرگیز لە بیری ناکەم:” مامۆستا سەدان کەسی وەک کوڕەکەی من بە قوربانی تۆ بن. بەس نیە خۆت هیچت لێنەهاتووە”.

ساڵی سێهەم، برادەران سەیارەیەکی سکۆدایان پەیدا کرد، دیسان خۆم لێمدەخوڕی. لە ڕاستیشدا جگە لە من کەسێک نەبوو بتوانێت لێی بخوڕێت.

تەنیا حاجی موعەمەرمان تێدا بوو کە تازە خەریک بوو فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبیل دەبوو. هەمیشە کاک عیسام لەلاوە دادەنیشت، دەڕۆشتین و خوێندکارەکانی بوجامان دەهێنا بۆ کەمپەکە. هەمیشە شریتێکی قورئانی لەسەر بوو. کاتێک خەریکی شریتەکە بووم، ئۆتۆمبیلەکەم وەرگەڕاند. دیسان توشی یەک دونیا مەسرەف بووینەوە.

گەر هەلی ئەوە بە هەریەکێک لە ئێمە بدرایە کە یادەوەریەک لەگەڵ خۆی ببات بۆ ئەو دونیا، ئەوا لەگەڵ خۆمدا ئەو یادەوەریە قەشەنگ و تەلیسماوی و خولیاویانەی ساتەکانی سەرەتای کەمپەکەم دەبرد، کە چەشنی گوڵێکی جوان بوون.

 

ئەگەرچی زۆر سەختە باس کردنی ئەو ڕۆژانەی ژیانمان بۆ کەسانێک کەوا لەگەڵ ئێمەدا نەبوون، بەڵام دیسان هەوڵی باسکردنی ئەو ڕۆژانەم دەدا.

 

کێ دەزانێت؟ لەوە دەچێت ئەم هەستەی من بۆ باسکردنی ئەو ڕۆژانە، کەمی توانستی من لە گێڕانەوەی ئەو ڕۆژانە، وا لە کەسانێک دەکات لە ژیانی کەمپەکە بکۆڵنەوە و بە تەواوی ڕەهەندەکانیەوە بیگێڕنەوە.

 گەر لەو بابەتەدا سوودێکم گەیاندبێت ئەوا خۆم بە بەختیار دەزانم.

هیچ کاتێک ئەوەم بە خەیاڵێیشدا نەهاتووە کە شایەنی خزمەتێکی لەو شێوەیە بم. بە درێژایی تەمەنم وتوومە” کەواتە جەنابی حەق، بە بی ئەوەی گوێ بدات بە پێگەی کەسەکان، هەر خزمەتێکی بوێت پێیان ئەنجام دەدات”.

کاتێک لەم ڕوانگەیەوە سەیری بابەتەکە دەکەین، ناتوانین ئەوە بڵێین کەوا خزمەتێکی گەورەمان ئەنجام داوە. بەڵام گەر جەنابی حەق ئەم خزمەتەی بە ئێمە ئەنجام دابێت لە جیاتی کەسانێکی تر، ئەوا ئەرکی سەرشانمانە کە سوپاسی بکەین، هەموو منەتێکیش هەر بۆ پەروەردگاری جیهانیانە…

62 جار بینراوە 4 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە