هەواڵ

تورگای کەرەمان لە دوای بڕیارەکەی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە بۆ یەکەم جار دەچێتە دادگا

 

تورگای کەرەمان یەکێک لە مامۆستاکانی بزاڤی خزمەت، کە لە وڵاتی مالیزیا لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە ڕفێندرا، لە دوای بڕیاری کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر نەتەوە یەکگرتوەکان، بۆ یەکەم جار دەچێتە بەردەم دادوەر.

 

کۆمیسیۆنەکەی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان، داوا لە تورکیا دەکات “دەستبەجێ” هاوڵاتیەکە ئازاد بکەن و لە هەمان کاتدا داوای قەرەبووکردنەوەی ماددی هاوڵاتیەکە دەکات.

عائیشە کەرەمان هاوسەری ناوبراو، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا داوا لە کاربەدەستانی تورکیا دەکات، کەوا هاوسەرەکەی ئازاد بکەن.

کەرەمان لە ساڵی ٢٠١٧، بێ ئەوەی هیچ ڕێکارێکی یاسایی بگیرێتە بەر، ڕادەستی دەزگای هەواڵگری تورکیا کرا و هەتا ئێستا دەستبەسەرە.

خانەوادەکەشی لە دادگا نێودەوڵەتیەکان، بە تۆمەتی ڕفاندنی تورگای کەرەمان، دۆسیەیەکیان لە دژی حکومەتی تورکیا جوڵاند.

 

لە ماوەی ڕابردوودا، کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان، بڕیاری لەسەر پێشێلی مافەکانی مرۆڤی ناوبراو دەرکرد، داوای لە کاربەدەستانی تورکیا کرد کە لە ماوەی ١٨٠ ڕۆژدا ناوبراو ئازاد بکەن.

ناوبراو ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار دەچێتە بەردەم دادوەر و هاوسەرەکەشی بە ناوی عائیشە کەرەمان، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا داوا لە کاربەدەستانی تورکیا دەکات، کە ڕەچاوی بڕیاری دادگا نێودەوڵەتیەکان بکەن و هاوسەرەکەی ئازاد بکەن.

هەروەها داوای لە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان کرد، کە بە دواداچوون بۆ هەنگاوەکانی کاربەدەستانی تورکیا بکەن.

عائیشە کەرەمان ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەی ٢ ساڵە هاوسەرەکەی بە شێوەیەکی ناحەق و نایاسایی زیندانی کراوە و نیگەرانی خۆی لە مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجەی ناو زیندانەکانی تورکیا دەربڕی.

پێشینەی ڕووداوەکە:

لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، حکومەتی تورکیا داوای ڕادەستکردنەوەی هەندێک لە  هاوسۆزانی خزمەت کرد، کە لە دەرەوەی تورکیا ژیان بەسەر دەبەن. وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، ئینگلتەرا، ئەمەریکا، بە هۆی ناڕاستی بانگەشەکانی تورکیاوە داواکەیان ڕەتکردەوە.

بەڵام چەند وڵاتێکی وەک مالیزیا، کۆسۆڤا، پاکستان، مۆڵدۆڤا، بێ ئەوەی ڕیکارە یاسایەکانی دەستوری وڵاتی خۆیان، سەبارەت بە چۆنیەتی ڕادەستکردنەوەی هاوڵاتیانی بیانی بگرنە بەر، هەندێک لە مامۆستا و هاوسۆزانی خزمەتیان ڕادەستی دەزگای هەواڵگری تورکیا کرد.

تورگای کەرەمان  و عیسمەت ئۆزچەلیک کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە وڵاتی مالیزیا ڕفێندران، لە ماوەی ڕابردوودا دۆسیەیەکیان لە دژی حکومەتی تورکیا جوڵاند و نەتەوەیەکگرتوەکانیش بڕیاری لەسەر ئازادکردنی دوو هاوڵاتیەکە دەرکرد.

 

69 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە